وڵاتە پێشکەوتووەکان، وەکو سەرمایەیەکی کۆمەڵایەتی و سەرچاوەیەکی مرۆیی گرنگ و کاریگەر تەماشای گەنج دەکەن، هەربۆیە ئەوان گەنج وەکو کێشە نابینن، گەنج بەرمیلە باروت نییە و سەربار و زیادە نییە، بە پێچەوانەوە گەنج پاڵنەر و هێزی گۆڕانکاریی و پێشکەوتنە، ئەوان رەچەشکێن و پێشەنگی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و کەلتوورییەکانن.
بە گۆێرەی دواهەمین سەرژمێریی دانیشتووان لە عیراق و هەرێمی کوردستاندا ئەوە دەرکەوتووە کە عیراق و هەرێم کۆمەڵگەیەکی گەنجن و بەشی زۆری دانیشتووانەکەیان ئەو تەمەنەن کە توانای کارکردنیان هەیە، ئەمەش خاڵێکی ئەرێنی بەهێزە بۆ هەر کۆمەڵگەیەک و بە زیندوویی دەیهێڵێتەوە. ئەوەی پێویستە بوترێت ئەوەیە چی بکرێت بۆ گەنج؟ چۆن بتوانین سوود لەو سەرچاوە مرۆیی و سەرمایە نیشتمانییە ببینین کە بەشداربن لە گەشەپێدانی کۆمەڵگەدا و ببنە ئاسانکار نەک کێشە و بەڵا بەسەر کۆمەڵگەوە.
لەمبارەیەوە ئەنجوومەنی ئەوروپی (Council of Europe) سەبارەت بە کارکردن لەگەڵ گەنجان لەو باوەڕەدایە کە گەنجان ئامرازێکن بۆ گەشەپێدان. بە بڕوای ئەنجوومەنی ئەوروپی کارکردن لەگەڵ گەنجاندا، پانتاییەکی فراوانە و چەندین بوار دەگرێتەوە کە خۆی دەبینێتەوە لە تواناسازی گەنجان بۆئەوەی بتوانن کاریگەربن بە شێوەیەکی ئەرێنی لە کۆمەڵگەکەی خۆیاندا، چونکە گەنج سەرمایەیەکی کاریگەرە و هەموو کۆمەڵگەیەک دەتوانێت سوود لە گەنجەکانی ببینێت. هاوکات پاڵپشتیکردنی گەنجان بە بەشدارییکردنیان لە پرۆسەی بڕیاردان وا لە گەنج دەکات، کە هەست بە بایەخی خۆی بکات و ئینتیمای بۆ نیشتمان زیاتر بێت. جگە لەوە ئەنجوومەنەکە لەو باوەڕەدایە، کە رەخساندنی هەلی یەکسان لەسەرجەم بوارەکانی خوێندن و کارکردن وا لەگەنج دەکات، متمانەی زیاتر بەخۆی و چواردەور و کۆمەڵگەکەی هەبێت و زیاتر بیر لە داهێنان بکاتەوە.
پاڵپشتییکردنی گەنجان چ لە لایەن دەوڵەتەوە بێت، یان لەلایەن کۆمەڵگەوە، یارمەتیدەرە لە دروستکردنی کەسایەتی گەنجێکی راستەقینە، وا لەگەنج دەکات خۆی داهێنان بکات و خۆی بە شێوەیەکی سروشتی دوور لە نواندن بەناوبانگ بێت نەوەک پەنابردن بۆ ناوبانگی ساختە، وەکو ئەوەی دنیای تازەی تەنیوە.
لەمبارەیەوە (ئالان دۆنۆ) دەڵێت: «مرۆڤ لەم سەردەمەدا هەرچەندە زیاتر خۆی سووك و رەزیل و ریسوا بكات، ئەوەندە زیاتر جەماوەر و ناوبانگ بە دەستدێنێ.» لە راستیدا گەنج بۆ سەلماندنی خۆی و گەشەپێدانی خود بۆ دۆزینەوەی توانا شاراوەکانی زۆر پێویستی بە پرۆسەی لێ تێگەیشتن هەیە، تێگەیشتن لە گەنج، خاڵی وەرچەرخانییەتی لە ئەکتەرێکی پاسیڤەوە بۆ بکەرێکی ئەکتیڤ و لێهاتووییەکی بلیمەت.
بە پێی دەروونناسی بێت، هەموو مرۆڤێک توانای هەیە بەڵام ئەم توانایە، یان نەدۆزراوەتەوە، یان پەرەی پێنەدراوە، هەربۆیە کاری لە پێشینەی دەوڵەت و حێزان و زانکۆ و قوتابخانەکان گەشەپێدانی تواناکانی گەنجە، بۆئەوەی کۆمەڵگە بەرەو پێشەوە بڕوات و بە هێزێکی کاریگەر و زیندوو بمێنێتەوە. هەربۆیە لە ساڵی
2014دا، کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان 15ی تەمموزی وەک رۆژی جیهانی کارامەیی و لێهاتوویی گەنجان ناساند، ئەم یادکردنەوەیە دەرفەتێکە بۆ بیرکردنەوە لە گرنگیی ستراتیژیی پاڵپشتییکردنی گەنجان بەو لێهاتووییانەی کە پێویستن بۆ بەگەڕخستن و کاری شایستە و بەڕێوەبردنیان.
کەشەپێدانی تواناکانی گەنج، پرۆسەیەکی بەردەوامە و پەرەپێدانی توانا ئەکادیمی و پیشەیی و کەسییەکانیان لەخۆدەگرێت، بۆئەوەی بتوانن بەشدارییەکی کاریگەر لە کۆمەڵگە و بازاڕی کاردا بکەن. ئەم پرۆسەیە پشت بە تێکەڵەیەک لە پەروەردەی رەسمی و نارەسمی، راهێنانی پراکتیکی، پەروەردەکردنی بیرکردنەوەی رەخنەگرانە و داهێنان، پێشخستنی بەها مەدەنییەکان و رەخساندنی دەرفەت بۆ ئەزموون و بیرکردنەوە دەبەستێت. بەرنامەکانی گەشەپێدانی تواناکانی گەنج لە رێگەی وۆرک شۆپ و چالاکییە جۆراوجۆرەکانەوە ئەنجام دەدرێت کە متمانە بەخۆبوون و بیرکردنەوەی داهێنەرانە بەرەوپێشەوە دەبەن.
زۆر گرنگە گەنجان لە رووی دەروونی و جەستەییەوە بنیات بنرێن، بۆئەوەی بناغەیەکی بەهێزی پەروەردەکردنیان تێدا بچێنرێت. ئەمەش وایان لێدەکات ببنە تاکێکی باش و ورد، کە توانای جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتیەکانیان لە ناو خێزان و کۆمەڵگەکانیاندا هەبێت و ئامادەبن بۆ پەیوەندییکردن لەگەڵ هاوتەمەنەکانیان لە ئاستی ناوچەیی و جیهانییدا.
دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی گەنجی لێهاتوو، سەرپێخستنی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتووە، چونکە گەنجان ئامادەن بۆ پێشکەوتن و مێشکیان کراوەیە، تواناکانی فێربوونیان بەرچاوە و توانا و ئارەزووی سروشتییان بۆ فێربوون هۆکارە بۆ بۆئەوەی بە دوای زانستی پراکتیکی قووڵتردا بگەڕێن، کاتێک ئازادیی و دەرفەتیان پێدەدرێت.