بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەمیانەی بەشداریکردنی لە دیداری مێری لە  هەولێر، باسی لە چەندین پرسی گرنگی تایبەت بە پەیوەندییەکانی یەکێتی لەگەڵ لایەنە کوردستانی و عیراقییەکان و وڵاتانی ئیقلیمی و جیهان کرد و ئامادەیی یەکێتی-شی بۆ رێککەوتن دەربڕی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەکرد کە ناکۆکییەکان لەو بارەیەوە گەورە نین. جەختیشی لەسەر پێویستیی یەکڕیزیی ناو هەرێمی کوردستان کردەوە چ بۆ پێکهێنانی حکومەت و چ بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا.

مەترسییەکان تەنها لەسەر هەرێم نییە
سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و کاریگەری و مەترسییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان، سەرۆک بافڵ، وتی: ئێمە دەبێت چاو لە وڵاتانی تر بکەین و فێربین و خۆمان ئامادەبکەین و رێککەوتنیش لەگەڵ چەندین لایەن بکەین، مەترسیش تەنها لەسەر هەرێمی کوردستان نییە، بەتایبەت لە رووی ئابوورییەوە، بارودۆخی بەغداش زۆر خراپە و مەترسیی ئەمنی و ئابووریش هەیە، لە ئەمریکاش هەروایە و بارودۆخی ئابووریی خراپە، وتیشی: «پێویستە پێکەوە چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزینەوە، ئەگەر لەگەڵ لایەنە کوردییەکاندا بە شێوازێکی تر ئیش بکەین، دەتوانین بەرامبەر بەم تەحەددیاتانە بووەستین. 
سەرۆکی یەکێتی، ئاماژەی بەوەشکرد کە «قەیران و مەترسی، هاوکات دەرفەتیشە و ئەو دەرفەتەش دەبینم بۆ کورد».
روونیشیکردەوە ئەو پرۆسەی ئاشتییەی لە تورکیا هەیە دەبێت لەلایەن هەمووانەوە پشتیوانی لێبکرێت و وتی: لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانیشدا قسەمان کردووە و پێشنیازیان ئەوە بووە بۆ ئێمە کە هاوکاربین لە پرۆسەیەکی ئاشتیی گشتیدا لەم ناوچەیە، ئێمەش ئامادەین کە لەهەر کوێیەک بێت هاوکار دەبین بۆ ئاشتی».
من دووجار گەشبینم
سەبارەت بەوەی کە بارودۆخەکە بەرەو کوێ دەڕوات، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، وتی: «من دوو جار گەشبینم، بە سروشت و بە جیناتیش، سەرۆک مام جەلالیش هەر گەشبین بوو، ئێستا دەرفەتی ئاشتی دەبینم بۆ کورد لە ناوچەکەدا».
 لە وەڵامی پرسیارێکیشدا سەبارەت بە هەنگاوەکانی یەکێتی و سەرکردایەتیی کورد بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دەرفەت و ئاڵنگارییە هەنووکەییەکاندا، جەختیکردەوە لەوەی هەنگاوەکانی یەکێتی زۆر روونە و وتی: چەند ساڵێکە کار لەسەر پەیوەندییە مێژووییەکانمان دەکەین لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەردا، کە مام جەلال دروستیکردوون و توانیومانە زیندووی بکەینەوە، وتیشی شانازی بە کوردبوونی خۆمانەوە دەکەین و خەباتێکی زۆرمان کردووە بۆ هەرێمی کوردستان و ئەو خەباتەش بەردەوام دەبێت.
پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا
جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە  کە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ زۆربەی لایەنەکاندا لە بەغدا زۆر باشە و  ئەگەر رێککەوتنیشمان نەبێت، لێکتێگەیشتنی جەنتڵمانیمان لەگەڵیاندا هەیە و راشیگەیاند: سەرۆک وەزیرانی ئێستا لە بەغدا، هیچ جۆرە راسیستییەکی بەرامبەر گەلی کورد نییە و کەسێکی بزنسمانە و دەیەوێت وڵاتەکەی باش بەڕێوەببات، دەیەوێت گۆڕانکاریی قورس و جددی بکات. ئاماژەی بەوەشکرد کە دەرفەتێکی زێڕین هەیە لەبەردەم حکومەتی هەرێمدا «ئەگەر پێکبهێنرێت»، قازانج لە بوونی عەلی زەیدی بکات، ئەگەر کەمێک سیاسەت و زمانی خۆمان بگۆڕین، ئەوا سەرکەوتوو دەبین لەبەغدا.
عیراقی ئێستا عیراقی 2003 نییە
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەبارەت بە عیراقیش وتی: ئێستا 2003 نییە، کە عیراقێکی لاواز واتای کوردستانێکی بەهێزی دەگەیاند، ئێستا پێچەوانەکەیەتی، ئێستا عیراقێکی ئارام و بەهێز و دەوڵەمەند، واتا کوردستانێکی ئارام و بەهێز و دەوڵەمەند. ئەگەر لەم سیاسەتە تێبگەین و ئیشی لەسەر بکەین، دەتوانین قازانج بکەین لەم حکومەتەی ئێستای بەغدا.
هۆکاری نەگەیشتن بە رێککەوتن
لەگەڵ پارتی
سەبارەت بە هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەت و هۆکاری ئەوەی بۆ دانوستاندن و دانیشتن ناکرێت لە نێوان یەکێتی و پارتیدا، سەرۆک بافڵ وتی: تێناگەم لە بۆچوونی هەندێک لایەن، ئێمە رێککەوتنێکمان لەگەڵ نەوەی نوێ هەیە و جددییە، ئەمەش دەرفەتە بۆ پارتی پێش یەکێتی، کە گەورەترین ئۆپۆزسیۆن تێگەیشتووە لە بارودۆخەکە و دەیەوێت بەشێک بێت لە پرۆسەکە، یارمەتیدەر بێت و رەنگە بیەوێت بێتە ناو حکومەتیشەوە، بەڵام ئەوان لەجیاتی ئەوەی بە باش بیبینن، دێن لە راگەیاندن قسەیان پێ دەڵێن و دەڵێن دان بەو رێککەوتنەدا نانێین، ئاخر تۆ کێیت دان بە رێککەوتنی یەکێتیدا نەنێیت؟ ئیتر چۆن پێکدێین؟ یان دێن شەڕیان پێ دەفرۆشن و دەڵێن: «یەکێتی، فێڵیان لێدەکات».
سەرۆکی یەکێتی، جەختی لەوەش کردەوە کە یەکێتی، هەرگیز دەرگای گفتوگۆی دانەخستووە و ئامادەیە بۆ هەموو رێککەوتنێک، بەڵام رێککەوتنی دادپەروەرانە و کەس نییە ئەوە نەزانێت کە حکومەتی پێشوو کەموکوڕیی هەبووە. وتی: من کە بووم بە سەرۆکی یەکێتی، لە سەرەتاوە و تا زیاتر لە ساڵ و نیوێکێش دەیان هەڵەم کرد، بەڵام دەبێت لە هەڵەکانمانەوە فێربین، دەبێت دیراسەی بارودۆخەکە بکەین، بزانین ئەمە هەڵە بووە بۆئەوەی بە جۆرێکی تر کاربکەین، ئەم هەڤاڵانەش کە دەیانەوێت حکومەتی هەرێم دروست بکەن، با بزانین کامیان جددین،  کێشەکانمان زۆر نین لەگەڵ یەکتری، با دانیشین پێکەوە، کێشەی ئەمنیمان هەیە کە تائێستا ئەوان تێنەگەیشتوون چەند جددییە، کێشەی پرەنسیپی حکومەتمان هەیە، ئەگەر هەروا بمێنێتەوە ئیتر بەم کەشە چۆن ئێمە دەتوانین رێبکەوین لەگەڵیاندا؟
لە کۆبوونەوەکانماندا 
نەگەیشتووین بە ئەنجامێکی دیاریکراو
لەبارەی کۆبوونەوەکانی پێشووی نێوان یەکێتی و پارتیشەوە وتی: ئێمە چەندینجار کۆبوونەوەمان کردووە لەگەڵ پارتی و 16 جار هاتووم بۆ هەولێر هەر بۆ لای یەکێک لە جەنابەکان، نەگەیشتین بە هیچ ئەنجامێک، بۆچی؟ خۆ ئەوەندە دوور نین لەیەکتری، لە سیاسەت و ستراتیژ جیاواز نین لەگەڵ یەکتر، بابەتی ناکۆکییەکانمان شتی بچووکن، ئەوەش نابێت وابکات بارودۆخەکە خراپ بێت و بەرەو دواوە بچێت. ئاماژەشی بەوەدا  کە ئامادەن بۆ هەموو رێککەوتنێک، وتیشی: بەڵێنمانداوە بەم میللەتە، کە ئامادەین لە مافی خۆمان وەک یەکێتی تەنازول بکەین بەسەرچاو، هەموو جارێکیش ئامادەبووین،  بەڵام نەخێر لە مافی میللەتەکەمان بەهیچ شێوەیەک تەنازول ناکەین، ئێمە ئامادەین لە کوێوە دەتانەوێت گفتوگۆ و دانیشتنەکان دەستپێدەکەینەوە، جا دووقۆڵی دەتانەوێت با دانیشین، ئەمریکییەکان یان ئینگلیزەکان دەیانەوێت ئامادەبن با ئامادەبن و دانیشن، ئەگەر گروپێکی ئەکادیمیش دەیەوێت با بێن دانیشن لەدانوستاندنی نێوانماندا بەشداربن، لەو رووەشەوە  وتی: مەعقولە ئێمە بتوانین لەگەڵ بەغدا و ئێران و تورکیا و ئەمریکادا رێبکەوین، بەڵام نەتوانین لەگەڵ خوشک و برایانمان لە پارتی رێنەکەوین؟.
ئاماژەی بەوەشکرد کە رێککەوتنی یەکێتی  لەگەڵ نەوەی نوێ-دا پۆزەتیڤە بۆ کوردستان و بۆ پارتیش و بۆ دروستکردنی حکومەتێکیش کە باشتربێت نەک هەر لەم کابینەیە، بەڵکو لە کابینەکانی دیکەش.
لەبارەی دەنگۆی ئەوەشەوە کە دەگوترێت وڵاتانی دەوروبەر ناهێڵن یەکێتی و پارتی بگەنە رێكکەوتن، سەرۆک بافڵ، جەختیکردەوە لەوەی ئەوانەی وا دەڵێن هیچ لە سیاسەت نازانن، ئەوەشی کە دەوترێت، زیاتر بیانوو هێنانەوەیە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان شانازی بە پەیوەندییەکانییەوە دەکات لەگەڵ ئەمریکا و ئێران و روسیا و بەریتانیا و چەندین وڵات، بەڵام هەرگیز پیاوی کەس نەبووە و نابێت، بوونی پەیوەندیی دیپلۆماسیش جیاوازە.
سەبارەت بە هیواکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆک بافڵ، وتی: دەتوانین بە 24 سەعات حکومەت پێکبهێنین، بەڵام مەسەلەکە کات نییە و چەند کێشەیەک هەیە، ئەگەر چارەسەر بکرێن، زۆر دەچینە پێشەوە لە مەسەلەی پێکهێنانی حکومەت، پرەنسیپ هەیە رێبکەوین لەسەری، پرۆسەکە خێراتر دەبێت، دانیشتنی باشیش هەبووە لەم رۆژانەدا کاک قوباد لەگەڵ کاک مەسرور دانیشتووە، دانیشتنی زۆر زۆر باشیان کردووە. منیش لەگەڵ کاک شاسوار زوو زوو دادەنیشم و رۆژانەش بە تەلەفۆن قسەدەکەین. 
سەرۆکی یەکێتی، ئاماژەی بەوەشکرد کە لە هەندێک شوێنی گرنگ و لە قۆناغی قورسدا هاوئاهەنگیمان هەبووە لەگەڵ پارتیدا، کە شەڕی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل بەرپابوو، توانیمان کورد رزگاربکەین و بپارێزین و ئاگر بکوژێنینەوە.
هاوکاری رۆژئاڤای کوردستان بووین
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەبارەت بە رۆژئاڤای کوردستان وتی: رۆژئاڤای كوردستان هەر داواكارییەكیان لێمان هەبێت، ئێمە ئامادە بووین و ئامادەش دەبین هاوكارییان بكەین، گەشبینم بە داهاتووی كورد لە سوریا و داوایان لێدەكەم تۆزێك لە كارەكانیاندا پەلە بكەن. جەختی لەوەش کردەوە کە یەکێتی پەیوەندی لەگەڵ توركیا باشە و پەیوەندییەكان ئاساییبوونەتەوە و پێویستمان بە یەكترییە، توركیاش گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی كە مەسەلەی كورد و پەكەكە بە دیالۆگ و دیپلۆماسی چارەسەر دەبێت و وەک هەمیشە ئێمە هاوكار دەبین.
پەیام بۆ پارتی
سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە كۆتایی قسەكانیدا پەیامێکی تایبەتی ئاڕاستەی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد و وتی: پەیامێكی تایبەتم هەیە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان ״هەڤاڵانی ئازیزی پارتی، باسی حزبایەتی ناكەم، باسی چەند کەسایەتییەک دەكەم لەناو پارتی، كە بە هاوڕێی خۆمیان دەزانم، چەند كەسایەتییەکی دیكە هەیە كە بە هاوڕێی سەرۆك مام جەلال و هێرۆخان و كاك كۆسرەت و بەڕێزەکانی ناو یەکێتییان دەزانم، کە ئێمە شانازییان پێوەدەکەین. دڵنیابن لەوەی كە یەكێتی نە دەیەوێت بەبێ ئێوە حوكم بكات، نە پێی دەكرێت، ئێمە ئامادەین بۆ هەموو جۆرە رێككەوتنێك لەگەڵ ئێوە و ئەمە دەرفەتە بۆ ئێمە، وەرن بە رەسمی و بە نیەتێكی باشەوە دانیشتنەكانمان دەستپێبكەینەوە و ئێمە دڵمان پاكە.
ئامادەکردنی، گۆران فەتحی

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved