سلێمانی لە دیداری ماڵی مام جەلال و کۆبوونەوەی هاوبەشی سەرۆک بافڵ تاڵەبانی و تۆم باراک و مەزڵوم عەبدی زیاد لە ئاماژە و پەیامێکی تێدایە، بەسەرێکدا پێگەی یەکێتی لە پشتیوانی سیاسی و دیپلۆماتی بۆ سەرخستن و هێشتنەوەی ڕۆژئاڤا دووپات دەکاتەوە، بەسەرێکی دیکەشدا دەیسەلمێنێت، سلێمانی و دەباشان چەقی دیپلۆماسیەتی نەرم و هێمن و لەسەرخۆیە و هەنگاوە چارەسەرەکان خێراتر دەکات، چونکە بە شێنەیی و دوور لە هوتاف و بانگەشەی میدیایی بۆ ئامانجە باڵا نەتەوەییەکان کاردەکات و بە چەکی ئاشتی و چارەسەر دەجەنگێت.
ئامادەبوونی بەڕێز تۆم باراک لە سلێمانی و دیداری لەگەڵ سەرۆک بافڵ تاڵەبانی، ئاماژەی روونی رۆڵ و حیکمەتی سەرۆکە گەنجەکەی یەکێتییە لەسەر ئاستی کوردستانی و عیراقی و ناوچەکە بۆ کردنەوەی گرێکوێرەکانی ناکۆکی و بەریەککەوتنە سیاسییەکان، لەمەشدا نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا نەک هەر خۆی، بەڵکو فیگەرێکی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رەمزێکی رووبەڕوونەوەی تیرۆر و خەمخورێکی دۆزی رەوای گەلەکەی (مەزڵوم عەبدی)ش ئامادەیە، ئەمەش بەڵگەیەکی ترە لەوەی یەکێتی و سەرۆک بافڵ وەک چۆن هاوبەشێکی سەرەکی و راستەقینەی جەنگ بووە لەدژی تیرۆر و توندڕەوی، لە ئێستاشدا کارەکتەرێکی سەرەکییە لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا یەکێک لەو کێشانە رۆژئاوای کوردستانە.
بوونی جەنەڕاڵ مەزڵوم لە سلێمانی، شتێکی نوێ نییە، چونکە لە رۆژگاری بەهاری عەرەبییەوە یەکێتی هەر چاو و دڵ و دەستی لە رۆژئاڤا بووە و بە هەموو رێگاکان سیاسەتی یەک ماڵیی لە بەرامبەریان بەکارهێناوە، هەروەک چۆن لە خۆپیشاندان و چالاکییە جەماوەرییەکانی ئەم دواییەش هێزی پشتیوانی بووە و بۆ هەمووانی سەلماندووە، سلێمانی وانەی یەکخستنەوەی نەتەوەی کوردی بە دنیا ناساندەوە. سەبارەت بە ئەنجامی کۆبوونەوە سێ قوڵییەکەش پێویست بە هیچ روونکردنەوە ناکات چونکە وێنەکان و خەندەی سەر لێوی بەشداربووان هەموو شتێکمان پێدەڵێن.