(1)
وادەی سیاسی و بەڵێنی هەڵبژاردن، ئەگەر لەلای هەندێک هێزی سیاسی وەکو تەکتیک، تەنها بریتی بێت لە فۆڕمێك بۆ راكێشان و بەدەستهێنانی  دەنگی دەنگدەران و رای گشتی، ئەوا بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەڵێنەكانی هەڵبژاردن ستراتیژ و نەخشەڕێگای پراكتیزەکردن و بەكرداریكردنی ئەو بەڵێنانەیە كە بە خەڵك دەدرێت، هەر ئەوەشە نهێنیی سەرکەوتنی یەكێتی و سەرۆكە بەهێزەكەی کە هەڵبژاردن لەدوای هەڵبژاردن رێژەی کورسی و دەنگەکانی زیاد دەکات و هەر لە لووتكەی متمانەی  جەماوەردا دەمێننەوە و بەرەو لووتکەیەکی بەرزتر و گەیشتن بە ئامانجێکی گرنگتر هەنگاو دەنێت .
بۆ حزبی سیاسی بەڵێندان گرنگە و بەشێكی سەرەكییە لە ستراتیژی دوورمەودای ئەو لایەنە بۆ بە جێگەیاندن و دیاریكردنی ئەركەكان و گەیشتن بە ئامانجە دیاریکراوەکان، بەڵام واقیعیەت لە جۆر و شێوەی بەڵێنەكان و توانای جێبەجێكردنیان گرنگترە، چونكە ناكرێت هێزێكی سیاسی خۆی بە دروشمی قەبە و ناواقیعی ئەركدار بكات كە جێبەجێكردنیان نزیك دەبێتەوە لە مەحاڵ، بەڵكو رێگای راست هەر ئەوەیە كە سروشتی ئەو بەڵێنانە لەگەڵ سەنگی حزبەكە و ئەزموون و توخمەكانی دیكەی هێز، یەكبگرێتەوە، بە كورتی و كوردی دەبێت لە توانایدا بێت جێبەجێیان بكات.
لە هەرێمی کوردستان حزب هەبووە کە بە بەڵێنگەلێک و بە دروشمی سەرنجراکێش، توانیویەتی لە هەڵبژاردنێکدا دەنگێکی زۆر بەدەست بێنێت، بەڵام لەدوای هەڵبژاردنەکان کاتێ جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانە بوونەتە مەحاڵ، هەر زوو قەڵای متمانەی جەماوەر بەو لایەنە بەتەواوەتی داڕوخاوە، چاوەڕوان دەکرێت لەم هەڵبژاردنەشدا هەمان ئەزموون بۆ هەندێک هێز دووبارە ببێتەوە.
یەكێتی، چونکە هێزێکی نیشتمانی و بەرپرسیارە، بۆیە  هەمیشە بەهزر و دیدێکی بەرپرسیارانەوە بەڵێن و دروشمەکانی خۆی خستۆتە بەردەم دەنگدەران و رای گشتی و لەدوای هەڵبژاردنیش یەکسەر هەوڵی جێبەجێکردنی داوە .
لەسەر ئەو شەنگستە و بنەمایە، ئەگەر بەراوردێک لەنێوان یەکێتی و حزبەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات بکەین، لەسەر ئەوەی لەهەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی عیراقدا  کامە لایەن توانیویەتی زۆرترین بەڵێن لە بەغداد و ناوچە دابرێنراوەکان جێبەجێ بکات؟ بەدڵنیاییەوە ئەم پرسیارە ئاراستەی هەرکەسێک بکرێت دەزانێت کە یەکێتی نەک هەر لەپێش لایەنەکانی دیکەوەیە، بەڵکو تاکە لایەنە لەم بانگەشەیەدا راشکاوانە لەبەردەم جەماوەرەکەی خۆی، بەداتا و ژمارەوە باس لەو دەستکەوتانە دەکات کە لە ناوچە دابڕێنراوەکان و بەغداد بەدەستیهێناون و بەشێک بوون لەو بەڵێنانەی لە هەڵبژاردنی پێشوو بە جەماوەری دابوو. 
حزبەکانی دیکە نەک باس لە روڵ و دەستکەوتەکانی خۆیان لە بەغداد و ناوچە دابرێنراوەکان ناکەن، بەڵکو پشت دەکەنە بەغداد و بەناچاری باس لە هەرێمی کوردستان دەکەن و جەماوەر بەوەوە سەرقاڵ دەکەن وەک ئەوەی ئەم بانگەشەیە بۆ پەرلەمانی کوردستان بێت نەک پەرلەمانی عیراق!
لەم سۆنگەیەوە هەوڵ دەدەین رۆژانە لە گۆشەیەكدا دوانەی یەكێتی و بەڵێنەكان بخەینە بەردەم شیكاری و راڤەكارییەكی زانستی و رۆژ بە رۆژیش بە شێوەیەکی بابەتیانە و بەپشتبەستن بەداتا و ژمارەکان، لە چەندین بواردا دەیسەلمێنین كە یەكێتی جیاوازە لە حزبەکانی دیکە و جددییە لە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی کە بە جەماوەری دەدات.
(2)
لە بانگەشەی هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراقدا، زۆرترین ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەكان لە شاری كەركوك بووە، بەشێكی سەرەكی پەیامی بانگەشەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بۆ كەركوك و پرسی ناوچە دابڕێنراوەكان تەرخان كرابوو.
تاڕادەیەكی زۆر بەڵێنی هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لەسەر پرسی كەركوك هاوشێوە بوون كە بریتین لە:
ـ كۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی خۆسەپێن و تاكڕەوانەی پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك.
ـ دانانی پارێزگارێكی كورد كە نوێنەرایەتی هەموو پێكهاتەكان بكات بەبێ جیاوازی.
ـ پێكهێنانی ئیدارەیەكی نوێ.
ـ هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو بڕیارانەی كە پێچەوانەی بنەما دەستووری و یاساییانەن کە لەلایەن پارێزگاری بەوەكالەتەوە بەسەر خەڵكی رەسەنی شارەكەدا سەپێنرابوون.  
ـ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان پێكهاتەكان و دابەشكردنی پۆستەكان لەنێوان پێكهاتەكان بەشێوەیەكی دادپەروەرانە. 
ـ دوورخستنەوەی هێزە سەربازییەكان بۆ دەرەوەی شار و ئەركی پاراستنی ناو شار بە پۆلیس و هێزە ناوخۆییەكان بسپێردرێت.
ـ دەستی ئاوەدانی بۆ سەرجەم گەڕەكەكان درێژ بكرێت بەبێ جیاوازی.
ـ ئێستاش كە گەرمەی بانگەشەی هەڵبژاردنە بۆ خولێكی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، دەكرێ‌ بەراوردێك لەنێوان هێزە سیاسییەكانی كوردستاندا بكرێت لەسەر ئەوەی كام لایەنی سیاسی توانیویەتی بەڵێنەكانی خۆی بەرامبەر بە جەماوەری كەركوك جێبەجێ بكات؟  
 بەبێ سێ و دوو ئەنجامەکە ئەوەیە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تاكە هێزی كوردستانییە بە كردەیی بەڵێنەكانی خۆی لە كەركوك جێبەجێ كردووە و 100 % ئەو خاڵانەی سەرەوەی جێبەجێ كردووە. لەبەرامبەردا لایەنەكانی دیكە بە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتەوە نەیانتوانیوە تاكە بەڵێنێكی خۆیان لەو شارە جێبەجێ بكەن، بۆیە بۆ ئەوان لە کەرکوک بانگەشەیەكی زۆر سەخت دەبێت و گیرۆدەی ئەوە دەبن بۆ ئەم هەڵبژاردنە چ جۆرە پەیامێكیان هەبێت؟ چۆن بتوانن سەرنجی جەماوەر بۆ لای خۆیان رابكێشن. 
بۆیە هەندێكیان هەوڵی ئەوە دەدەن یەكێتی و جەماوەری كەركوك بە هەندێک پرس و بابەتی لاوەكییەوە سەرقاڵ بكەن كە هیچ پەیوەندیی بە هەڵبژاردنی عیراقەوە نییە و رەنگە هەوڵی  ئاڵۆزکردنی دۆخی شارەکە بدرێت.
لە بەرامبەردا گەڕەكە یەكێتییەکان دان بەخۆیاندا بگرن و بەردەوامبن لەسەر جێبەجێکردنی بەرنامەی حزبەکەیان و بەڕێوەبردنی بانگەشەیەكی هێمنانە و نەکەونە ژێر كاریگەریی هیچ پەیامێكی دیكەوە و سەركردە و كادرانی یەكێتی لە سەردانەکانیاندا بۆ گەڕەك و كۆڵان و گوندەكانی پارێزگاكە بە جەماوەری دەڤەرەكە بڵێن خاوەن بەڵێنی خۆمان بووین، ئەوەی وتمان جێبەجێمانكرد. 
ئێستا كەركوك لە دەستێكی ئەمین و خزمەتگوزاردایە و دڵنیابن بەیەكەوە دەتوانین بەردەوام بین لەسەر كاروانی خزمەتكردنی زیاتری كەركوك و دەنگدانی ئێوە بە لیستی 222، بەردەوامبوونی ئێمە لەسەر خزمەتكردنی كەركوك بەهێزتر دەكات، گرنگیشە ئەو دەنگدەرانەی کە لە هەڵبژاردنی پێشوودا دەنگیان سووتاوە، یان دەنگیان بەو لایەنە داوە کە لە دوای تێپەڕبوونی چوار ساڵ، هێشتا هیچ بەڵێنێکیان جێبەجێ نەکردووە، ئەوانیش لەم هەڵبژاردنەدا دەنگی خۆیان لەجیاتی سووتاندن و فەوتاندن بە لیستی ژمارە ٢٢٢ی یەکێتی بدەن و شانبەشانی یەکێتییەکان خزمەتی شارەکەیان بکەن و هەر ئەوەشیان لێ چاوەڕوان دەکرێت.
(3)

لە وڵاتانی جیهانی سێیەم، هێشتا تێگەیشتن و هۆشیاریی زۆربەی لایەنە سیاسییەکان بۆ پرۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردن، نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی كە ئەو لایەنانەی لە هەڵبژاردنەكاندا سەركەوتنی پێویست بەدەستناهێنن و دەنگ و كورسییەكانیان بەپێی حەز و چاوەڕوانییان نابێت، قبووڵی ئەنجامەكە بكەن و دان بە شكستی خۆیاندا  بنێن و بەڕەسمی داوای لێبووردن لە جەماوەر و دەنگدەرانی  خۆیان بكەن و پیرۆزبایی لە لایەنی سەركەوتوو بكەن، یان بەرپرسیاریەتی ئەو ئەنجامە نەخوازراوەی خۆیان هەڵبگرن، بۆیە لەجیاتی ئەوەی لێکۆڵینەوەیەکی زانستی و بنکۆڵکاری بۆ هۆکارەکانی شکستی خۆیان بکەن، هەمیشە لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، بەدوای بیانوویەکدا دەگەڕێن بۆ پەردەپۆشکردن و پینەکردنی شکستی خۆیان و یەكسەر لە پەیامێكی توند و رەسمیدا، دەڵێن «پێشوەختە ئەم هەڵبژاردنە دیزاینكراوە و ئەنجامەكەی رەتدەكەینەوە».
 ئەمە لەكاتێكدایە كە بەپێی ئەنجامی هەندێک راپرسیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و بەپێی قەبارەی كەرنەڤاڵە جەماوەرییەکان و کاریگەریی پەیامی بانگەشەی لایەنە سیاسییەکان، هەر حزبێک لەكاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی بانگەشەدا كەم تا زۆر، پێگە و سەنگی جەماوەر و دەنگدەرانی خۆی دەزانێت.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرۆكایەتیی هەڤاڵ بافڵ تاڵەبانی لە سنووری هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی كوردستان، چوار كەرنەڤاڵی جەماوەریی كەموێنەی ئەنجامدا و ئاپۆرای جەماوەریی ئەو كەرنەڤاڵانە، بەڵگەی ئەوەبوون كە دەنگەكانی یەكێتی هەڵكشانێكی زۆر بە خۆیەوە ببینێت و سەرکەوتنێکی گەورە بەدەست بهێنێت، دواجار ئەنجامی هەڵبژاردنەكان هەر وادەرچوون  و رێژەی دەنگەكانی یەكێتی نزیكەی 95 % زیادیكرد.
لەم بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەشدا، كەرنەڤاڵە جەماوەرییە فراوانەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان و گەشتە مەیدانی و پەیامە کاریگەرەکانی سەرۆکەکەی و ئەو پێشوازییە گەرمەی کە جەماوەر لە یەکێتی دەکات، ئاماژەیەکی زەقە کە لەم هەڵبژاردنەشدا یەکێتی سەركەوتنێکی باش لە هەرێمی كوردستان و ناوچە دابڕێنراوەكان بەدەستدەهێنێت. بۆیە  دیزاینی پێشوەختەی یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، ئاپۆرای جەماوەرەكەیەتی و كەرنەڤاڵە جەماوەرییەكانی ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان و ناوچە دابڕێنراوەكانیش بناغەیەكی پتەوی ئەو دیزاینە پێشوەختەیەیە و هەر لایەنێك نەتوانێت لە رۆژانی بانگەشەدا چەند نمایشێکی فراوانی جەماوەریی ئەنجامبدات، ئەوا دەبێ لەو راستییە رانەکات کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لەئاست خواست و چاوەڕوانیی ئەواندا نابێت.

 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved