ده‌ستوور بۆ رێكخستنى ژيانى سياسیى وڵاتان گرنگيیه‌كى بێئه‌ندازه‌ى هه‌يه، به‌تايبه‌ت له‌و وڵاتانه‌ى ديموكراسين و له‌خه‌مى سه‌روه‌ربوونى ياسا و هێنانه‌كايه‌ى ده‌وڵه‌تى ياسا ده‌بن، ئه‌م تێڕوانينه گه‌ر بۆ هه‌موو ده‌وڵه‌تان راست و دروست بێت، ئه‌وا بۆ ده‌وڵه‌تانى فیدراڵى گرنگيیه‌كى بێئه‌ندازه‌ى هه‌يه، چونكه دەستوور له‌مجۆره وڵاتانه ده‌بێته بناغەی یاسایی و چوارچێوەی سەرەکیی کارکردنی دەوڵەته‌كه، به‌تايبه‌ت ده‌ستوورى ده‌وڵه‌تانى فیدراڵى سه‌ربارى رێكخستنى بابه‌ته ده‌ستورييه باوه‌كانى، ئه‌م بابه‌ته گرنگانه‌ش له‌خۆده‌گرێت، كه وه‌ك تایبەتمەندیی جياكه‌ره‌وه‌ى دەستووری دەوڵەتی فیدراليش ته‌ماشا ده‌كرێن:
* دیاریکردنی پەیوەندییەکان: دەستوور پەیوەندیی نێوان حکومەتی فیدراڵ و یەکە فیدراڵییەکان دیاری دەکات و دەسەڵاتی هەریەکەیان روون دەکاتەوە، بەبێ دەستوور، ئاژاوە و ململانێی دەسەڵات دروست دەبێت.
* پارێزگاريكردن له یەکێتيیه‌كه و مافى سه‌ربه‌خۆيى هه‌رێمه‌كان: دەستوور له‌يه‌ك كاتدا پارێزگارى له ئاستى حوكمڕانى فیدراڵيیه‌كه ده‌كات و مافی خۆبەڕێوەبەری هەرێمەکانيش دەسته‌به‌رده‌كات، ئەم هاوسەنگییە بنەمای سەرکەوتنی سیستمی فیدراڵییە.
* دابینکردنی سەقامگیری: دەستوور دەبێتە پشتیوانی سەقامگیریی سیاسی و یاسایی، چونکە یاسایەکی بەهێز و جێگیرە و بە ئاسانی ناگۆڕدرێت.
* پاراستنی مافەکان: دەستوور مافە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتیان لە هەموو بەشەکانی دەوڵەتی فیدراڵیدا دەپارێزێت و دڵنیایی لە یەکسانیی نێوان هاووڵاتيان دەدات.
* سەروەریی دەستوور: دەستوری فیدراڵی بەرزترین یاسایە لە وڵات‌دا، هەموو یاسا و بڕیارێک دەبێت لەگەڵیدا بگونجێت، چ لە ئاستی فیدراڵ بێت یان هەرێمی.
*چه‌قبه‌ستوويى لە هه‌مواركردن: دەستووری فیدراڵی بەشێوەیەکی گشتی چه‌قبه‌ستووه لە گۆڕین و پێویستی رێکارگه‌لێکی تایبەتی هەیە بۆ دەستکاریکردنی، وەک رەزامەندیی زۆرینەیەکی تایبەت لە پەرلەمان و هەرێمەکان.
*نووسراو: دەستووری فیدراڵی بە شێوەیەکی نووسراو و روون دەبێت، ناگونجێت ئه‌م جۆره وڵاتانه پشت به ده‌ستوورى عورفى ببه‌ستن.
پێگەی دەستووریی هەرێمەکان بەرامبەر دەستورە فیدرالییەکە
لە سیستمی فیدراڵیدا، پەیوەندیی نێوان دەستووری فیدراڵی و دەستووری هه‌رێمه‌كان به‌زۆرى بەم شێوەیە ده‌بێت:
- سەروەربونى دەستووری فیدراڵی: دەستووری فیدراڵی لە پلەيه‌كی باڵاتر دێت به به‌راورد به دەستووری هەرێمەکان، به جۆرێك ئه‌مانه‌ى دوايى نابێت پێچەوانەی ده‌ستووره فیدراڵييه‌كه بێت و ئەگەر ناکۆکی هەبێت، ئه‌وا پێشينه بۆ دەستووره فیدراڵيیه‌كه لەپێشترە، وه‌ك ئه‌وه‌ى له مادده (13)ى ده‌ستوورى كۆمارى عیراقی ساڵى 2005 دا هاتووه.
- سنووردارکردنی ده‌ستوورى هەرێمەکان: هەرێمەکان دەتوانن دەستووری خۆیان هەبێت، بەڵام نابێت لە چوارچێوەی دەستووره فیدراڵییه‌كه ده‌ربچێت، به‌و مانايه‌ى ده‌ستوورى هه‌رێمه‌كه چه‌ند كۆتوبه‌ندێكى له‌سه‌ر ده‌بێت به‌پێى ده‌ستوورى فیدراڵى، به واتايه‌كى ديكه ده‌ستوورى هه‌رێمه‌كان ده‌ستوورى وڵاتێكى سه‌ربه‌خۆ نين، به‌ڵكو ده‌ستوورى قەوارەیەكن كه به‌شێكى زۆرى تايبه‌تمەندى و ده‌سه‌ڵاته‌كانى وازلهێناوه بۆ ئاستى حوكمڕانى فیدراڵى.
-مافی خۆبەڕێوەبەری: هەرێمەکان مافی خۆبەڕێوەبەرییان هەیە له‌ناوخۆى وڵاته فیدراڵيیه‌كه‌دا و ده‌توانن لە بوارە دیاریکراوەکاندا، ده‌ستوور و یاسا و رێنماییەکانی خۆیان دابنێن کە لەگەڵ تێڕوانين و پێداویستییەکانیان بگونجێت.
رۆڵی دادگای فیدراڵی
لە پاراستنی دەستووری فیدراڵیدا
دادگای فیدراڵی (یان دادگاى باڵا، دادگای دەستووری) گرنگترين رۆڵ ده‌گێڕێت له ده‌وڵه‌تى فیدراڵيدا بۆ نموونە:
پێداچوونەوەی دەستووری: دادگا دەسەڵاتی پێداچوونەوەی یاساکانی هەیە، بۆ دڵنیابوون لەوەی کە لەگەڵ دەستووردا دەگونجێن، هەروەها دەتوانێت یاسایەک هەڵوەشێنێتەوە ئەگەر دژی دەستوور بێت، چ ياساى فیدراڵى بێت يان ياساى هه‌رێمه‌كان.
چارەسەرکردنی ناکۆکی: کاتێک ناکۆکی لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمەکاندا دروست دەبێت، يان له‌نێو هه‌رێمه‌كاندا، دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتایی له‌سه‌ر دەدات و بۆ ئه‌وه‌ش پشت به‌دەستوور ده‌به‌ستێت وه‌ك سه‌رچاوه‌ى يه‌كلاكردنه‌وه‌ى ناكۆكييه‌كان.
پاراستنی مافەکان: دادگا دڵنیایی دەدات کە مافە دەستوورییەکانی هاووڵاتیان لە هەموو ئاستەکاندا پارێزراون و هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت پێشێلیان بکات.
جێگیرکردنی راڤه‌كردن: دادگای فیدراڵی راڤه و لێکدانەوەی پێويست لە دەستوور و دڵنیایی لە جێبەجێکردنی یەکسانیی یاسا لە هەموو هەرێمەکاندا دەدات.
بەم شێوەیە، دەستوور و دادگای فیدراڵی، پێکەوە بناغەی سیستمی فیدراڵی پێکدەهێنن و سەقامگیری و دادپەروەری دابین دەکەن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نابێت راستييه‌ك ناديده بگرين، ئه‌ويش سه‌ركه‌وتنى ده‌ستووره‌كه و نموونه‌ى حوكمڕانى فیدراڵى، پێويستى به رێزگرتن و پابه‌ندبوونى ته‌واوى پێكهاته رامياريى و ياساييه‌كانه به‌ده‌ستوره‌وه، هه‌روه‌ك ئه‌وانه‌شى بڕياربه‌ده‌ست و بڕيارده‌رن له هه‌ردوو ئاستى حكومڕانى، باوه‌ڕى ته‌واويان هه‌بێت به‌شێوازى فیدراڵيبوونى ده‌وڵه‌ته‌كه.
بابەتی زیاتر