لە سیستمی پەرلەمانیی عیراقدا، بەپێی مادده‌ى (76)ى دەستوور و راڤه‌ى دادگاى باڵاى فيدراڵى بۆ ده‌قى ئه‌و مادده‌يه، گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانیی مافی پێکهێنانی حکومەتی پێدەدرێت، ئەم میکانیزمە، لە سەرەتادا وەک گوزه‌ر و چارەسەرێک بۆ دەستنیشانکردن و راسپاردنى سەرۆک وەزیران و كابينه‌ى وه‌زارى دانرا، به‌ڵام دواتر بووه یەکێک لە خاڵه جێ مشتومڕه‌كانى پرۆسەی سیاسیی له عیراقدا، له په‌نجه‌ره‌ى ئه‌م هه‌فته‌يه‌دا هه‌وڵده‌ده‌ين شیکارییەک بخه‌ينه‌ڕوو لەسەر ئەوەی ئایا ئەم میکانیزمە دەستوورييه بووەتە هۆی چارەسەرکردنی کێشەى پێكهێنانى حكومه‌ت، یان خۆی بووەتە کێشەیەکی سەرەکی لە پێکهاتەی سیاسیی عیراقدا به‌تايبه‌ت پێكهێنان و كارايى حكومه‌ت.
لەبەرئەوەی هاوپەیمانییەكانی دوای هەڵبژاردنەکان لەسەر بنەمای دابەشکردنی پۆست و دەسەڵات و ده‌ستكه‌وت پێکدێن، نەک لەسەر بەرنامە و پرۆگرامێكی حوكمڕانی هاوبەش، بۆیه حکومەتە پێکهاتووەکان زۆرجار تێروانینیان ناڕوون ده‌بێت و ناتوانن بەرنامەیەکی یەکگرتوو جێبەجێ بکەن
يه‌كه‌م: پاشخانی مێژوویی و یاسایی بابه‌ته‌كه
دوای ساڵی 2003 و دامەزراندنی سیستمێکی نوێی سیاسی لە عیراقدا، دەستووری ساڵی 2005 میکانیزمێکی تایبەتی دانا بۆ پێکهێنانی حکومەت، بەپێی ئەم دەستوورە، سەرۆکی کۆمار دواى هه‌ڵبژاردنى له په‌رله‌مانه‌وه و له ماوه‌ى پانزه رۆژدا به‌ربژێرى گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانیی (خاوه‌ن زۆرترين كورسى په‌رله‌مانيى) دیاری بکات بۆ پێکهێنانی حکومەت، لە سەرەتادا ئەم دیاردەیە روون بوو، بەڵام له دواى 2010 ە‌وه و به‌هۆى ده‌ركردنى بڕيارێكى راڤه‌كارى له‌لايه‌ن دادگاى باڵاى فيدرالييه‌وه كێشه‌يه‌ك بۆ پرۆسه‌ى پێكهێنانى حكومه‌ت هاته‌پێش، لايه‌نگران و سوودمه‌ندانى ئه‌و راڤه دەستوورييه به ده‌ستكه‌وت و ئه‌وانى ديكه به له‌مپه‌ڕ و گرفت وێنايان كرد.
خودى راڤه‌كردنه‌كه‌ش به‌بۆنه‌ى يه‌كلاكردنه‌وه‌ى گرنگترین خاڵى جێگەی مشت‌ومڕ خرايه‌ڕوو، ئه‌ويش ئه‌وه بوو، ئایا «گەورەترین فراکسیۆن» ئاماژەيه بە گەورەترین لیستی براوه‌ى هەڵبژاردن، یان ئەو هاوپەیمانییەی کە دوای هەڵبژاردنەکان پێکدێت و زۆرترين كورسى په‌رله‌مانى ده‌بێت؟ دادگای باڵاى فیدراڵی عیراق لە ساڵی 2010دا به بڕيارى (25/ فيدرالى/2010) له 25-3-2010، گه‌ورترين فراكسيۆنى په‌رله‌مانيى به‌دوو جۆر فراكسيۆن دياريكرد؛
*ئه‌و فراكسيۆنه‌ى دواى هه‌ڵبژاردن پێكهات له‌ڕێگه‌ى يه‌ك ليستى هه‌ڵبژاردنه‌وه، كه به‌شداریى هه‌ڵبژاردنى كردووه به‌ناو و ژماره‌يه‌كى دياريكراوه وە زۆرترين كورسى په‌رله‌مانى به‌ده‌ستهێناوه.
*يان ئه‌و فراكسيۆنه‌ى له كۆكردنه‌وه‌ى دوو ليست يان زياترى ليسته‌كانى هه‌ڵبژاردنه‌وه پێكدێت، كه به‌شداریى هه‌ڵبژاردنيان كردووه به ليست و ژماره‌ى جياوازه‌وه دواتر كۆبونه‌وه‌ته‌وه له‌يه‌ك فراكسيۆندا و يه‌ك كيانى هه‌يه له ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌راندا.
*ئه‌و دوو جۆر ليسته‌ى سه‌ره‌وه، كاميان زۆرترين ژماره‌ى كورسيان هه‌بێت له‌يه‌كه‌م دانيشتنى ئه‌نجومه‌ندا، ئه‌وه‌يان ده‌بێته ( گه‌وره‌ترين فراكسيۆنى په‌رله‌مانى) و ئه‌وكات سه‌رۆك كۆمار، كانديدى ئه‌و فراكسيۆنه راده‌سپێرێت بۆ پێكهێنانى كابينه‌ى حكومه‌ت.
دووه‌م : ئاريش و كێشه‌كانى ئه‌م بڕياره
1: ناسەقامگیری سیاسی:
گەورەترین کێشەی ئەم میکانیزمەى دادگاى باڵاى فيدرالى بۆ دياريكردنى گه‌وره‌ترين فراكسيۆنى په‌رلەمانى ئەوە بووە، کە دواخستنێکی درێژخایەنی پێكهێنانى كابينه‌ى حكومه‌تى بەدواى خۆدا هێناوە و هەموو جارێک دوای هەڵبژاردنەکان، لایەنە سیاسییەکان بۆ ماوەی چه‌ند مانگێك و هەندێکجار بۆ ساڵێکیش، دەچنە ناو مامەڵە و دانوستانەوە بۆ پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆن، ئەو باره‌ش بێگومان کاریگەریی نەرێنیی هەبووە لەسەر پرۆسه‌ى حوكمڕانى له عیراقدا، له‌ڕووى ئابوورى و خزمەتگوزارییەوە، لەسەر جێبەجێکردنی پرۆژەکان و وه‌رگرتنى بڕياره سياسييه گرنگه‌كان.
لە هەڵبژاردنی ساڵی 2010دا، له‌سه‌روبه‌ندى ده‌ركردنى ئه‌و بڕياره‌ى دادگا پێكهينانى حكومه‌ت نزيكه‌ى 10 مانگ دواكه‌وت، هه‌روه‌ها له‌به‌ره‌نجامى هه‌ڵبژاردنى 2021 دا، قەیرانێکی سیاسیی بێ وێنە روویدا کە زیاتر لە ساڵێکى خایاند .
2: مامەڵە و جووڵه‌ى ئه‌ندامان:
يه‌كێك له هۆكاره‌كانى سەنگەرگواستنەوەی ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران له ليستێكه‌وه بۆ ليستێكى ديكه، يان له هاوپه‌يمانيیه‌كه‌وه بۆ هاوپه‌يمانييه‌كى ديكه، ده‌توانرێت بووترێت پرۆسه‌ى پێكهێنانى حكومه‌ته، چونكه هه‌وڵ و ته‌قه‌لاكان بۆ كۆكردنه‌وه‌ى زۆرترين كورسى په‌رله‌مانى وا ده‌كات، به‌هه‌ر هه‌وڵ و نرخێك بێت ئه‌و گواستنه‌وه و جووڵانه به‌رده‌وام بن، به جۆرێك لایەنە سیاسییەکان هەوڵدەدەن بە پێشکەشکردنی دڵنیاییە ئابوورییەکان، پۆستە حکومییەکان یان پاداشتی دیکە، ئەندامانی پەرلەمانی لایەنەکانی دیکە رابکێشن بۆ ئەوەی بتوانن گەورەترین فراکسیۆن پێکبهێنن، ئەمەش لێكه‌وته‌يه‌كى نه‌رێنيى له‌ڕووى سیاسی بەرزکردووەتەوە و باوەڕی خەڵکى بە پرۆسەی سیاسی لاوازکردووە.
ئه‌و حاڵەتە متمانه‌ى له‌ناو ئه‌نجومه‌ن و فراكسيۆن و ئه‌ندامانيشدا گه‌ياندۆته ئاستێكى زۆر لاواز، تا ئه‌ندازه‌ى ئه‌وه‌ى ده‌قێكى ياسايى له ياساى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران و ئه‌نجومه‌نى پارێزگا و قه‌زاكان ژماره (12)ى 2018 هه‌مواركراودا و به‌دياريكراوى له مادده‌ى (19/يه‌كه‌م) له ياساى ژماره (4)ی ساڵى 2023 ياساى هه‌موارى سێيه‌ميدا، رێگرى كردووه له جووڵه و سه‌نگه‌رگواستنه‌وه‌ى ئه‌ندامانى ليسته كراوه‌كانى هه‌ڵبژاردن له ليستێكه‌وه بۆ ليستێكى ديكه تاوه‌كو پێكهێنانى حكومه‌ت، به‌بێ ئه‌وه‌ى رێگرى بكات له جووڵه‌ى ليسته كراوه‌كانى هه‌ڵبژاردن.
3: لاوازبوونى بەرنامەی سیاسی حكومه‌ت:
لەبەرئەوەی هاوپەیمانییەكانى دواى هەڵبژاردنەکان لەسەر بنەمای دابەشکردنی پۆست و دەسەڵات و ده‌ستكه‌وت پێکدێن، نەک لەسەر بەرنامە و پرۆگراميكى حكومڕانى هاوبەش، بۆيه حکومەتە پێکهاتووەکان زۆرجار تێروانينيان ناڕوون ده‌بێت و ناتوانن بەرنامەیەکی یەکگرتوو جێبەجێ بکەن، به‌جۆرێك هەر لایەنێک هەوڵی ئەوە دەدات، ئه‌و به‌ركه‌وت و ده‌ستكه‌وته‌ى بەدەستى هێناوه زياتر له به‌رژه‌وه‌ندیى ليسته‌كه‌ى و حزبه‌كه‌ى به‌كاري بهێنێت و كه‌متریش هه‌ستده‌كرێت گرنگی بە بەرژەوەندیی گشتی دەدرێت.
4: لاوازی پێگەی ئۆپۆزسیۆن:
كاتێك هەموو لایەنە گەورەکان يان براوه‌كانى هه‌ڵبژاردن هەوڵدەدەن بەشداربن لە حکومەتدا بۆئەوەی بەشیان لە دەسەڵات هەبێت، ئيتر ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێز و کاریگەر چاوه‌ڕوان ناكرێت پێک‌بێت، ئەم دیاردەیە سیستمی چاودێری پەرلەمانیی لاوازکردووە و بۆيه به‌ده‌گمه‌ن ده‌بينرێت لایەنێکی بەهێز له‌سه‌نگه‌رى رەخنەگرتن لە حکومەت و لێپرسینەوەدا بێت.
سێيه‌م: لایەنە ئەرێنییەکانى بڕياره‌كه:
سەرەڕای کێشەکان، ئەم میکانیزمە ده‌گونجێ هەندێک لایەنی ئەرێنیشی هەبووبێت:
1-: رێگریکردن لە تاكڕه‌وى:
لە کۆمەڵگەیەکی فرەچه‌شنى له نموونه‌ى عیراق، ئەم لێكدانه‌وه و راڤه‌يه بۆ گه‌وره‌ترين فراكسيۆنى په‌رله‌مانيى رێگر ده‌بێت به جۆرێك له جۆره‌كان له تاكڕه‌ويكردن و كۆنترۆڵكردنى ده‌سه‌ڵات له‌لایەن فراكسيۆنێكه‌وه يان گروپێكه‌وه به ته‌نها، به‌ڵكو پێویستی بە هاوپەیمانیی و ته‌وافوقى زۆر لایەن ده‌بێت، به‌و جۆره‌ش واده‌كات بەشداری فراوان له ده‌سه‌ڵاتدا هه‌بێت و ده‌نگ و سه‌نگى لايه‌نه‌كان له پرۆسه‌كه‌دا جێبايه‌خ و گرنگ بن.
2-: نوێنەرایەتیی پێکهاتەکان:
ئەم تێڕوانينه واده‌كات هانى لايه‌نه سياسييه‌كان بدرێت بۆ دروستكردنى هاوپه‌يمانیى فراوان، له‌و نێوه‌نده‌شدا پێكهاته‌كانى ناو په‌رله‌مان و كه‌مينه‌كانيش ده‌توانن به‌شداربن و پێگه و جێگه‌ى شياوى خۆيان هه‌بێت له پێكهاته‌ى حكومه‌تدا.
چواره‌م : رێکارە پێشنیازکراوەکان
سه‌ربارى ئه‌و خاڵه باشانه‌ى باسكرا بۆ لێكدانه‌وه و راڤه دەستوورييه‌كه‌ى دادگاى باڵاى فيدرالى، به‌ڵام باره‌كه واده‌خوازێت چارەسەرێكى گونجاو بۆ ئه‌و بابه‌ته بدۆزرێته‌وه، ده‌گونجێ ئه‌مانه‌ى لاى خواره‌وه چەند رێکار و چاره‌سه‌رێكى قورس و سانا بن بۆ بابه‌ته‌كه:
1-: هه‌موارى دەستووريى
ئاشكرايه لێكدانه‌وه دەستوورييه‌كه به‌هۆى ناڕوونى و كه‌موكورتى داڕشتنى ده‌قه دەستوورييه‌كه‌وه سه‌رچاوه‌ى گرتووه، بۆيه يه‌كه‌مين رێگه‌چاره بۆ ئه‌و بابه‌ته هه‌مواركردنه‌وه‌ى مادده دەستوورييه‌كه‌يه به جۆرێك دابڕێژرێته‌وه هيچ لێكدانه‌وه‌يه‌كى جياواز هه‌ڵنه‌گرێت، چونكه ئه‌وكات دادگاى باڵاى فيدراليش رێگه‌پێدراو نابێت تێڕوانين و راڤه‌ى جياواز بۆ ده‌قێكى روون و راشكاو بكات، هه‌روه‌ك رێسا فيقهيه‌كه ده‌ڵێت: (لا اجتهاد في مورد النص الصريح).
2-: هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاسای حزبە سیاسییەکان و ياسا و رێساكانى هه‌ڵبژاردن
گرنگه له ياساكانى په‌يوه‌ندیدار به حزبه سياسييه‌كان و هه‌ڵبژاردنيش، به روونى رێكخستنى ياسايى هاوپه‌يمانیيه‌كانى هه‌ڵبژاردن و په‌رله‌مانى دياري بكرێت و ميكانيزمى تووندتر بۆ جووڵه‌ى ئه‌ندامانى په‌رله‌مان دابنرێت، تاوه‌كو ببێته هۆكارێك بۆ رێگرى لە سه‌نگه‌رگواستنه‌وه‌ى ئه‌ندامان و جۆرێك له‌وابه‌سته‌يى سياسى و نوێنه‌رايه‌تى پارێزگارى لێ بكات.
3: هه‌ڵبژاردنى سیستمێكی هەڵبژاردنى گونجاو و جێ‌گير
ديارده‌ى گۆڕانكارى زووبه‌زووى سيستمه‌كانى هه‌ڵبژاردن له عیراقدا، ديارده‌يه‌كى نه‌رێنيى هه‌ڵبژاردنه‌كانه و به جۆرێكى هه‌ستپێكراو و زانراو به‌شداره له‌به‌رده‌وامبوونى ئه‌و سيستمه نه‌خوازراوه‌ى په‌يوه‌ندیداره به پرۆسه‌ى پێكهێنانى حكومه‌ته‌وه، بۆيه به‌جێگيركردنى سيستمێكى گونجاوى هه‌ڵبژاردن بۆ پرۆسه‌كانى هه‌ڵبژاردن ورده‌ورده و هه‌ڵبژاردن دواى هه‌ڵبژاردن، ده‌گونجێت لێكه‌وته خراپه‌كانى ئه‌م سيستم و رێكخستنه كاڵ بكاته‌وه.
4: لێكدانه‌وه‌ى نوێى ده‌قه دەستوورييه‌كه
راسته بڕياره‌كانى دادگاى باڵاى فيدرالى بڕيارى كۆتايى و پابه‌ندكارن وه‌ك له مادده‌ى (94)ى دەستووردا هاتووه، به‌ڵام هه‌ر خودى دادگاكه ده‌توانێت له بڕياره پێشووه‌كانى خۆى پاشگەز‌بێته‌وه كه پێى ده‌وترێت (العدول- پاشگەز‌بوونه‌وه)، به‌جۆرێك له بڕيارێكى راڤه‌كارى ديكه‌دا گه‌ورەترين فراكسيۆنى په‌رله‌مانى قه‌تيس بكات له گه‌وره‌ترين ليستى براوه‌ى هه‌ڵبژاردن، كه زۆرترين كورسى په‌رله‌مانى هه‌يه، ئه‌مه هه‌رچه‌نده دادگاكه له پێكهاته‌ى نوێيدا و له په‌يڕه‌وى ناوخۆكه‌يدا ئه‌و بابه‌ته‌ى جێنه‌كردۆته‌وه، به‌ڵام به گوێره‌ى بنه‌ما گشتييه‌كان و به گوێره‌ى ئه‌و راڤه نوێيه‌ى دادگاكه بۆ ماوه‌ى ته‌مه‌نى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران ده‌ريكرد، ( كه پاشگه‌زبوونه‌وه‌ى له بڕيارێكى پێشووترى بوو)، ده‌توانێت پاشگه‌زبێته‌وه له‌و بڕياره‌ى پێشوى و ئه‌و بارودۆخه‌ى پێكهێنانى حكومه‌ت راستبكاته‌وه. هه‌رچه‌ند دادگاكه له چه‌ند بۆنه‌يه‌كى ديكه‌دا پابه‌ندبوونى به‌و ليكدانه‌وه‌یەى خۆيه‌وه پيشان داوه‌ته‌وه.
پێنجه‌م : دەرئەنجام
گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانیی لە عیراقدا، وەک میکانیزم و گوزه‌رێك بۆ دەستنیشانکردنی حکومەت دانرابوو، به‌ڵام لە دواى 2010 و راڤه‌ى دەستووريى مادده‌ى 76 له‌لايه‌ن دادگاى باڵاى فيدرالييه‌وه، زۆرتر له كێشه‌وه نزيكه تاوه‌كو چارەسەر، ئەم میکانیزمە بووەتە هۆی ناسەقامگیری سیاسی، درێژەکێشانى پێکهێنانی حکومەت، زۆربوونى ديارده‌ى سه‌نگه‌رگواستنه‌وه و جووڵه‌ى ئه‌ندامان له‌نێو ليست و هاوپه‌يمانييه‌كاندا، هه‌روه‌ك بووەته هۆى لاوازی و نايه‌كگرتوويى بەرنامەی حکومەتەکان، بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نییە کە پێویستە بە تەواوی ميكانيزمه‌كه هەڵوەشێنرێتەوە، به‌ڵكو پێویستى به چەسپاندنی رێکارگه‌ليكى تەکنیکی و یاساییە بۆ سنووردارکردنی لایەنە نەرێنییەکانی ئەم سیستمە لەگەڵ پاراستنی لایەنە ئەرێنییەکانی، وەک نوێنەرایەتیی فراوان و رێگریکردن لە قۆرخكردنى دەسەڵات.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌دا چارەسەرى راستەقینە ئه‌وه‌يه، کەلتوورێکی سیاسیی نوێ بونيات بنرێ و گه‌شه‌ى پێبدرێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نیشتمانی، شەفافیەت و بەرپرسیارێتی، ئەمەش پێویستی بە کات و كارى لێبڕاوانه ده‌بێت، له‌لايه‌ن سياسييه‌كانه‌وه و به چاودێرى و هاندانی بەردەوامی خەڵک بۆ داواکردنی چاکسازی راستەقینە.
لە کۆتاییدا، سەرکەوتنی هەر سیستمێکی سیاسی تەنها په‌يوه‌ندیدار نییە به‌سه‌ركه‌وتوويى میکانیزمە تەکنیکییەکانەوە، بەڵکو زۆرتر له‌سه‌ر ویست و ئیرادەی راسته‌قينه‌ى ئەو لایەنانە راده‌وستێت کە کاری پێدەکەن، بۆيه ئەگەر لایەنە سیاسییەکانی عیراق ویستی پێشخستنی وڵات و به‌ديهێنانى بەرژەوەندى گشتييان هەبێت، دەتوانن هەر میکانیزمێک بە باشترین شێوە بەکاربهێنن.
بابەتی زیاتر