محەمەد ئارکۆن
کۆچی بیرمەندێکی ڕەخنەگر لەشێوازی تەندڕەوانەی بیرکردنەوەی ئاینی
لە ١٤ی ئەیلولی ئەم ساڵەدا توێژەر وبیرمەندی جیهانی محەمەد ئارکۆن ، کە نزیکەی نیو سەدە لەبواری کەلەپوری ئیسلامیدا توێژینەوەی بەزمانی فەڕەنسی پێشکەش دەکرد لەتەمەنی ٨٢ ساڵیدا کۆچی دوای کرد .
مەحەمەد ئارکۆن لەساڵی (١٩٢٨) لەناوچەی (خێڵە گەورەکان )ی ئەمازیغی جەزائیر لەدایک بووە ، لەگەڵ خێزانەکەی دەچێتە ( عين الاربعاء) و خوێندنی سەرەتایی لەوێ تەواو دەکات. بەمەبەستی درێژە پێدانی خوێندنی ناوەندی دەچێتە (وەهران)، ئەدەبی عەرەبی و فەلسەفەی لەزانکۆی جەزائیر لەساڵی (١٩٥٤) تەواوکرد ووە.
ئارکۆن وەکو زۆربەی لاوانی هاوتەمەنی، وەک لەو سەردەمەدا باو بووە، پەیوەندی بەشۆڕشەوە نەکرد، دژی فەرەنسییەکان ، بەپێچەوانەوە بەرەو فەڕەنسا بەمەبەستی درێژەپێدانی خوێندن کۆچدەکات ،تالەوێ تواناکانی پەرەپێبداو خۆی بۆ توێژینەوەی تەرخان بکات و هێڵە سەرەتاییەکانی پرۆژە فیکرییەکەی رەنگە رێژبکات.
ئارکۆن لەمەڕئەو هەڵوێستەی خۆی دەڵێت : لەو سەردەمەدا زۆربەی گەنجانی جەزائیر تێکەڵی بزوتنەوە نیشتیمانیەکان بوون لەپێناو سەربەخۆییدا ، ئەمەش کارێکی زۆر گرنگ و پێویست بوو لەو کاتەدا و پێشینەیەکی مێژوویی هەبوو، بەڵام من بەمەبەستێکی خوازرا و ڕێگەی فکریم هەڵبژارد بۆ سەربەخۆیی ،بەلای منەوە هەڵگەڕانەوەی فکریم هەمان بایەخی هەڵگەڕانەوەی خەباتی سیاسی هەیە ، تەنها میتۆد و میکانیزمەکان جیاوازن ، دەرئەنجامی خوازراو لەهەردوو حاڵەت دا تەنها یەک شتەو بریتیە لەئازادی لەحاڵەتی یەکەمدا مەبەست ئازادی سیاسی نیشتیمان بوو .لەحاڵتی دووەمدا " حاڵەتی من بوو" ئازادی فکری و عەقڵی ئارکۆن ... هەوڵێکی بەردەوام تاکۆتایی بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤی موسوڵمان لەتوندڕەوی و ڕەتکردنەوەی بەرامبەر جەزائیریەکان و عەرەب و موسوڵمانەکان بەگشتی مەبەست بوو
چەمکی ئازادی لەلای ئارکۆن ماناو ڕەهەندی قوڵتر لەخۆدەگرێ ، لەڕزگاری نیشتیمان وڕووبەڕوبونەوەی داگیرکاری ، چونکە ئارکۆن پێی وایە ئازادکردنی زەوی بەندە بەئازادکردنی ئاسمان ، هەربۆیە پلەی یەکەمی لەڕیزبەندی ئازادییەکان ، بەخشیوە بەئازادی ئایینی لەبەرامبەر ئازادی سیاسی یان کۆمەڵایەتی وتەنانەت مۆڕاڵی و.....هتد، چونکە تەنها ئازادی ئاینی وادەکات هەست بە متمانەودڵنیایی بکەین .
هەربۆیە دەکرێ سەرجەم پرۆژەی ئارکۆن ،وەکو تێزی سەرەکی ئەو، لەژێر یەک ناویشانی سەرەکیدا کۆبکەینەوە: رەخنە لەئەقڵی ئیسلامی " لەدرێژەی ئەم پرۆژەیەدا، ئارکۆن گەشتێکی زانستی بەنێو سەرانسەری مێژووی ئیسلامدا دەکات و دەیەوێت زیاتر لەنێو چوارسەدەی یەکەمی کۆچیدا بوەستێت ،ئەوچواسەدەیە دواجار دەبێتە بناغەی بیرو مێژووی عەرەبی ئیسلامی . گرنگیدان بەو چوار سەدەیە لای ئارکۆن ، دەگەڕێتەوە بۆئەوەی لەلایەک تاریکترین چوارسەدەی مێژووی ئیسلامیە ،لەڕووی دۆکۆمێنت و زانیاری راستی ڕووداو تۆمارکراوەکان ، چۆنێتی شکڵگرتنی تێکستەکان. لەلایەکی تر لەوچوارسەدەیەدا گرنگترین تێکستەکانی کەلەپوری ئیسلامی و گرنگترین ڕووداوە مێژووییەکان و ململانێ گەورەکان تیایداڕوویداوە ، تەنانەت تێکستی دامەزرێنەریش ، واتا (قورئان ) لەو ماوەیەدا بەتەواوی شێوەی گرت و لەژێر هەژموونی دەسەڵاتی سیاسی ئەو کاتە، بوو بەتێکستی نوسراوی رەسمی داخراو واتە (مەسحەف). چونکە ئارکۆن پێیوایە قورئان گواستنەوەی گوتاری خواییە لە قۆناخی زارەکییەوە بۆ قۆناغی نوسراو، دەتوانین دەرک بەجیاوازییەکی گەورە بکەین لەنێوان میکانیزمی کاری گوتاری زارەکی لەساتەوەختی گۆکردن و ئاشکراکردنیدا وئەو مەنزومە سیمۆلۆژیەی کە واتاکەی زیاد دەکات وچێوەیەکی پێدەبەخشێت .لەلای ئەوانەی گوێیان لێیە ولەکاتی گۆکردنیدا ئامادەن لەگەڵ گوتاری نووسراودا لەغیابی هەموو ئەو مەنزومە سیمۆلۆژیەی کە تیایدا ئاشکرا دەکرایت ، بۆیە پێیوایە پێویستە تێکستی قورئان لەو ئاقارە دا بخوێنینەوە ، بەواتای جیاوازیکردن لەنێوان ، دووجۆر گووتار لەساتەوەختی جیاوازدا گوتاری زارەکی لەساتی گۆکردنیدا، لەگەڵ گوتاری نوسراو لەدوای گۆکردنیدا لەچوارچێوەی نووسراوێکی سەرەکی داخراو .ئەمە چ جای ئەوەی لەسەردەمی کۆکردنەوەی قورئاندا ، خاڵبەندی لەزمانی عەربیدا نەبووە . هەر بۆیە لەشکڵگرتنیدا پشت بەوانە بەستراوە کە قورئانیان لەبەر بووە.
ڕاپۆرت و بەدواداچوون
ئارکۆن بەردەوام دەگەڕایەوە بۆ تێکستە کۆنەکان تا بەمیکانیزمێکی زانستی بیانخوێنێتەوە ئەمە وادەکات پرۆژەی ئارکۆن پڕۆژەی بڕیارێک بێت لەناوبابەتێکی یەکجار گرنگ و هەستیاردا کاردەکات . پرۆژەکە دەچێتە نێو قوڵایی کەلەپوری ئاینی ئیسلامی ،تادواجار لەڕێگەی بەکارهێنانی میتۆدە زانستیەکان ، لەبواری سۆسیۆلۆژیا و ئەنترویۆلۆژیا بەکۆمەڵێک دەرئەنجامی زانستی گرنگی و دەگمەن دێتە دەرێ .پرۆژەکە میتۆدەکانی زانستە مرۆییەکان و کۆمەڵایەتیەکان دەکات بەکەرەستەی سەرەکی ، بۆ هەڵکۆڵینی ڕووبەرە نەخوێنراوەکان لەنێو کەلەپوری ئیسلامی و دەرخستنی لایەنە تاریک و ڕۆشنەکانی ئەو کەلەپورە ، پاشان هەڵوەشاندنەوەیان و پیشاندانی ڕەهەندو چینە جیاجیاکانی کە بەدرێژایی چەندین سەدە ،بەسەریەکتریدا کەڵەکە بوون و بیری ئیسلامیان بەدۆگمایەکی داخراو هێشتۆتەوە .
ئارکۆن لەوبارەوە دەڵێت: بەردەوام دەگەڕێمەوە بۆ تێکستە کۆنەکان ، بەڵام پێویستە ئەوتێکستە کۆنانە ، بەمیکانیزمی زانستی تازە بخوێنرێتەوە . چونکە توێژینەوەی زانستی بارودۆخێکی ئارام دەخوڵقێنێ، بارودۆخێک وامان لێدەکات دان بە بەرامبەردا بنێین ،چونکە گەر وا نەکەین هەرگیز ناتوانین لەکۆنترۆڵی ئەو تێکستە کۆنانە دەربچین کە مێژووڕەتدەکەنەوە و دورمان دەخەنەوە لەواقعی مێژوویی . گەردەست بە تێکستەکانەوە بگرین بەبێ بەستنەوەی وەزیفەکانی بەپێویستیە میژووییەکانەوە ، کەواتە دەبێت تێکستە کۆنەکان بەواقیعی مێژوویی هاوچەرخ ببەستینەوە.
لێرەوە بانگەوازی ئارکۆن لەپێناو تێکشکاندنی کۆنتڕۆڵی تێکستەکانە ، بۆ ئەوەی لە کۆنتێکستی مێژووی ڕزگاریان بکات ولەڕێگەی میتۆدە زانستیەکانەوە جارێکی تر خوێندنەوەیان بۆ بکات هەروەکو چۆن ئاینەکانی تریش لەلایەن بیرمەندانی ڕۆژئاواوە بەهەمان پڕۆسەدا توانرا بەرگێکی شارستانی نوێ و چاکسازی و نوێگەری دور لەدۆگمایان بە بەردا بکرێ و دواجار عقڵانیەت و عەنانیەتی لێ بکەوێتەوە .
ئارکۆن پێیوایە ئەم پرۆسەیە هیچ هێرشێکی تێدا نیە بۆسەر تێکستە پیرۆزەکان ، وەکو چۆن لەلایەن هەندێک لەئیسلامیە رادیکاڵەکانەوە تۆمەتبار دەکرێ، تەنانەت لەوەڵامی ئەوانەدا دەڵێت ، هەموو ڕاڤەکاران تێکستیان ڕاڤەکردووە ، تەنانەت بەخوێندنەوەیەکی ڕێزمانی مێژوویی ، تێکستی قورئانیان گلاندە ناو کۆمەڵە شتێک کەپەیوەندی هەیە بەکاروباری دونیایی ، بەنمونە جیاوازی چیە لەنێوان ئەو هەڵوەشاندنەوەیەی کە کردارێکی زانستیە لەگەڵ تەفسیری تەبەری یان فەخرەدینی رازی .ئایا ڕازی هیچ قودسێتێکی قوئانی شکاند ؟
ئارکۆن مەبەستێکی جیاوازی بکات لەنێوان دین و دیاردەی دینی ، بۆئەوەی لەدیاردەی دینی نزیک ببینەوە ، بەتایبەت لەئسلامدا.
بەڕای ئارکۆن مێژووی نەگۆڕان دوای مردنی ئیبن روشید دەست پێدەکات
پێویستە لەگەڵ دینەکانی تردا بەراوردی بکەین ، لەڕێگەی میتۆدی مێژووی بەراوردکاری نێوان دینەکان ، ئەمەش خالی جیاکەرەوەی ئیماندارێکی تەقلیدیە بۆ دینەکەی، لەگەڵ توێژەرێک کە پێویسە سوود وەربگرێ لەومەعریفەیەی لەئەنجامی توێژینەوە لەدینەکانی ترەوە ، بەرهەمی دەهێنێت ، لەو پێناوەشدا ئارکۆن پرۆژەکەی بەجیاوازیکردن ، لەنێوان چەند قۆناغێکدا بەم شێوەیە دادەڕێژێت .
* قۆناغی تایبەت بە قورئان وەک سەرەتاکانی دروستبوونی عەقڵی ئیسلامی لەساڵی یەکەمی کۆچی تا ١٥٠ی کۆچی ،
بەرامبەر ٦٢٢بۆ ٧٦٧ زاینی " ئارکۆن بەچڕی لەکتێبی " چەند خوێندنەوەیەک لەقورئاندا " توێژینەوەی لەمەڕ ئەم قۆناغە کردووە.
* قۆناغی سەردەمی کلاسیکی " لە ١٥٠ی کۆچیەوە درێژدەبێتەوە هەتا ٤٥٠ی کۆچی" ئارکۆن ئەم قۆناغە بەسەردەمی عەقڵانیەت و گەشەسەندنی زانستی سەردەمی زێڕن بۆ شارستانێتی عەرەبی و ئیسلامی دادەنێت ، چونکە لەو سەردەمەدا عەقڵی ئیسلامی بۆ یەکەم جار دەچێتە مەیدانی ڕووبەڕووبونەوەی لەگەڵ فیکری بێگانە، مەبەست عەقڵی فەلسەفی و زانستی گریکییە کە ڕێگەی وەرگێڕانەوە هاتبووە نێو جیهانی عەرەبی
* قۆناغی سیکۆلاستیکی، دووبارەکانی یان ئەوەی ناودەبرێت بەسەردەمی داڕووخان ئارکۆن پێیوایە لەدوای هاتنی
سەلجوقیەکان ، لەسەدەی پێنجەمی کۆچی ، ئیسلامی شکۆو پێشکەوتن ،لەڕێگەی ئارگۆمێنت و گفتوگۆی جیاواز وفرە لایەنی عەقیدەیی و فکرییەوە ، لەڕێگەی چەمانەوەی سوسیۆلۆژیای مەعریفە، لەسەدەکانی سەرەتای ئیسلامدا هەبوو کەوتە ژێر پەلامار و ئەم چەمانەوە سوسیۆلۆژییە بەرەو کەمبونەوە و تەسکبوونەوە چوو ، وایلێهات لایەنگرانی فکری سۆفیگەری، یان فیقهی میللی زیادی کرد ، بەردەوام دژایەتی فکری فەلسەفیان دەکرد. بەم شێوەیە کەوتینە ئەو سەردەمەوە ، مێژوونوسانە بەسەردەمی داڕوخان و دۆگمان بوون ، یان داخستنی دەرگای ئیجتیهاد ناوی دەبەن . ئارکۆن پێیوایە کاتێک سەلجوقییەکان هاتن " قوتابخانە" یان دامەزراند و خوێندنی فێرکاری تقلیدی " سکولاستیکی" یان بڵاوکردەوە، لەو تەیارە سکولاستیکیە دەچوو لەسەدەکانی ناوەڕاستدا ، سەروەری ئەوروپای دەکرد. لێرەوە فکری عەرەبی ئیسلامی زیندوویەتی یەکەم جاری لەدەست دەدات ، کەچەندین بیریاری وەکو فارابی و ئیبن سیناو جاحیزو تەوحیدی ......هتد، بەرهەم هێنابوو، تا لەکۆتایی سەدەی دوانزەهەم مێژووی نەگۆڕان " جمود" دوای مردنی ئیبن روشید دەست پێدەکات و لێرەوە دەچینە ناو سەردەمی داڕوخانێکی درێژ
* قۆناغی رێنسانس ، لەسەدەی " ١٩وە تا پەنجاکانی سەدەی بیستەم " ئارکۆن پێیوایە بەئاگا هێنانی عەقڵی تەقلیدی لەسەرەتادا توشی ناهەمواری بوو، ڕاپۆرت و بەدواداچوون بەڕای هاشم سڵح میتۆدی ئارکۆن لەلێکۆڵینەوەی کەلەپوری ئیسلامدا وەکو (شیکاری دەروونی ) ی فرۆید وایە هەروەها بەرکەوتن لەگەڵ مۆدێرنانە ترسناک بوو ، تالەدواییدا لەگەڵیدا راهاتن . هەربۆیە جیاوازی لەنێوان دووجۆر مۆدێرنەدا دەکات ، مۆدێرنەی مادی و مۆدێرنەی فکری . مۆدێرنەی مادی لەزۆرێک لەکۆمەڵگە ئیسلامیەکاندا هاتۆتە بوون، بەتایبەت لەوڵاتە دەوڵەمەندەکاندا ، بەڵام مۆدێرنەی عەقڵی یان فکری تائەمڕۆش نەهاتۆتە بوون . دەکرێ لەکۆمەڵگە ئیسلامیە دەوڵەمەنداکان هەموو جۆرە تەکنۆلۆژیا و هۆکارێکی پێشکەوتووی ڕاگەیاندن و زانستی پێشکەوتووی پزیشکی و کۆمپیوتەر و بیناسازی ...... هتد هەبێت بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناکرێت بەتازە دابنرێت ، چونکە مۆدێرنکردنی عەقڵەکان تا ئێستاش نەهاتۆتەدی ، ئەگەر بووبێت تەنها لەنوخبەیەکی کەمی ڕۆشنبیراندا روویداوە هاشم ساڵح وەکو وەرگێڕ و توێژەرێکی تایبەتمەند لەمەڕ ئارکۆن دەڵێت : میتۆدی ئارکۆن لەمەڕ توێژینەوەی کەلەپوری ئیسلامی وەکو شیکاری دەروونی وایە و هەوڵی ڕزگارکردنی مرۆڤی عەرەبی ئیسلامی دەدات ، لەناوەوەو پلە بەپلە یان هەنگاو بەهەنگاو ، دەیەوێت مرۆڤی موسوڵمان نەهەموو ئەو بۆ چوونە هەڵەو غەیبانی و ئەفسانەییانە ڕزگار بکات ، کە بەدرێژایی تەمەنی لەسەری ڕاهێنراوە وپێیان پەروەردەکراوەو لەگەڵ شیری مناڵیدا دەرخواردی دەدرێت، تالەلای بوون بەحەقیقەتێکی ڕاستەقینە ،بەڵام ئارکۆن دێ و هەمووی ئەو ڕاستیانەی لێ هەڵدەوەشێنێتەوە و بەش بەشی دەکات و پێیدەڵێن ڕاستی شتەکان چۆن ڕوویانداوە . لێرەوە لەگەڵ ڕستە بەناوبانگەکەی نیچە ڕووبەڕووی دەکاتەوە کەچەند ترسناکە، کاتێک وتویەتی " ئاه ئەی حەقیقەت ، ئەی گەورەترین درۆ لەمێژوودا " ئارکۆن لەپێناو ئاشکراکردنی ئەم درۆیە مێژوویەیی مێشکی عەرەب و موسوڵمانانی پێسواغ دراوە ،لەپێناو بیرکردنەوە لەوەی کە بیری لێنەکراوەتەوە یان لەپێناو ڕووبەڕووبونەوەی نەزانینی پیرۆزکراو کەلەجیهانی عەرەبی و ئیسلامی دا بە دەزگایی کراوەو دەیان دەزگای بۆ خراوەتەکار ، پەنا بۆ سێ میتۆدی سەرەکی دەبات : میتۆدی فیلۆلۆژیای زمانەوانی نوێ ، میتۆدی مێژوویی سۆسیۆلۆژی و میتۆدی فەلسەفی ، لەوپێناوەشدا ڕووبەڕووی ناکۆکی و ململانێیەکی ئەبستمۆلۆژی دەبێتەوە لەنیوان ئیسلامۆلۆژی کلاسیکی و ئیسلامۆلۆژی پراکتیکی چونکە کلاسیکی یان " خۆرهەڵاتناسی تەقلیدی" بەسیفەتی سیستەمێک لەئیسلام دەکۆڵێتەوە بریتی بێت لەکۆمەڵێک بیری ئەبستراکت و تایبەت بە خۆی وەک بڵێی ئەم بیرانە گەوهەری جێگیرو نەگۆڕن ،هەرگیز گۆڕانیان بەسەردانایەت و ملکەچی مێژووگەڕایی نابن، بەڵام ئیسلامۆلۆژی پراکتیکی وەک دیاردەیەکی ئاینی ئاڵۆز لەئیسلام دەکۆڵێتەوە ، لەپەیوەندیدا بەچەند فاکترەێکی سایکۆلۆژی و مێژووی و کۆمەلایەتی و ئابووری .....هتد هەربۆیە ئیسلامۆلۆژی پراکتیکی پشت ئەستورە بەمیتۆدی زانستی سەردەم.
لەکۆتاییدا ماوەتەوە بڵێن دوای ئەوەی ئارکۆن تێزی دکتۆراکەی لەمەڕ (مەسکەوی) پێشکەش بە زانکۆی سۆربۆن لەفەڕەنسا دەکات ، لەساڵی "١٩٨٠" بەدواوە لەهەمان زانکۆ دەبێت بە مامۆستای مێژوی بیری ئیسلامی و فەلسەفە ، زۆربەی بابەتەکانیشی بەزمانی فەرەنسی و ئینگلیزی بڵاوکردۆتەوە ، وەرگێراون بۆ زمانی هۆڵەندی وئەندەنوسی وزۆربەی زمانە زیندوەکانی دونیا . هاشم ساڵح زیاتر لە (١٥) کتێبی ئارکۆنی وەرگێڕاوە بۆ عەرەبی و وەکو توێژەرێکی تایبەتمەند دەیان وتار و نوسینی لەمەڕ چەمک و شیکردنەوەی بابەتە فیکرییەکانیەوە نوسیوە و چەند بابەتێکیشی کراون بە کوردی . ئارکۆن لەتەمەنیدا وەکو توێژەر و ئەکادیمیەکی زانستی چەندین خەڵاتی پێ بەخشراوە ، لەوانە " خەڵاتی بالمزی ئەکادیمی ، خەڵاتی لیفی دیلافیدا بۆ توێژینەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەکالیفۆڕنیا، دکتۆرای شەرەف لەزانکۆی ئەکسیتر سالی ٢٠٠٢، خەڵاتی ئیبن روشد بۆ بیری ئازادی ساڵی ٢٠٠٣".
هاوڕێ ئەمیر