(كۆمارێك پێكهاتووه؛ جيابوونه‌وه له‌نێو يه‌كه‌كانيدا روونادات و يه‌كه‌كانيشى تێكناشكێنێت)
مێژوونووسى ئه‌مريكايى:
ئه‌ندرۆ كیننگهام ماكلۆلن(1861-1947)
فیدراڵیزم تەنها سیستمێکی دەستووری و رێکخستنی دامه‌زراوه‌يى حکومەته‌كان نییە، بەڵکو ده‌بێت جۆرێک لە گواستنه‌وه بکات بۆ کەلتورێکی کۆمەڵایەتی و رۆشنبیريی، کە بنەماکانی لەسەر رێزگرتن لە جیاوازی، هاوبەشيکردن له دەسەڵات و هاوکاری نێوان ئاستە جیاوازەکانی حوکمڕانی دامەزراوە بێت، ئەم کەلتورە فیدراڵییە لە وڵاتە سەرکەوتووەکانی جیهاندا وەک ئەمریکا، سویسرا، نەمسا، کەنەدا و ئەڵمانیا، بە شێوەی جیاواز جێبەجێ دەکرێت، بەڵام هەموویان لەسەر بنەمایەکی هاوبەش کاردەکەن، ئه‌ويش رێزگرتن و پارێزگاريكردنه لە جیاوازی لەناو یەکێتيیه‌كه‌دا.
کەلتوری فیدراڵی واتە باوەڕهێنان به‌وه‌ى دەسەڵات نابێت لە یەک ناوەندی سەرەکیدا چڕبێتەوە، بەڵکو پێویستە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و یەکە پێکهێنەره‌كانيدا (وەک ویلایەتەکان یان کانتۆنەکان يان هه‌رێمه‌كان) دابەش بکرێت، ئەم تێڕوانينه لە بنەڕەتدا لەسەر چەند بنەمایەکی سەرەکی دامەزراوە:
*بنەمای هاوكارى و یارمەتیدان: ئه‌مه‌ش به‌و مانايه دێت، كه هەر ئەرکێک بتوانرێت لە ئاستێکی خوارەوەدا بکرێت، پێويست ناكات بسپێردرێته ئاستی سەرەوە، ره‌نگبێ ئه‌زموونى سویسرا نموونه‌يه‌كى بەرچاوى جێبه‌جێكردنى ئه‌م بنه‌مايه بێت، بە جۆرێک، کە شارۆچکەکان دەسەڵاتی زۆریان هەیە لە بڕیاردان لەسەر کاروباری خۆیان، پاشان کانتۆنەکان و لە کۆتاییدا حکومەتی فیدراڵ.
*بنەمای رێزگرتن لە جیاوازی: کەلتوری فیدراڵی واتە پەسه‌ندکردنی ئەوەی کە کۆمەڵگەیەکی چەند زمانە و چەند کەلتوور و چه‌ند ئایين و ئاينزا دەتوانێت لە چوارچێوەیەکی یەکگرتوودا بژێت، سویسرا ديسان نموونەیەکی باشە، کە چوار زمانی فەرمی هەیە (ئەڵمانی، فەڕەنسی، ئیتاڵی و رۆمانى) و 26 کانتۆنی جیاواز، بەڵام هەموویان بە شێوەیەکی ئاشتییانە لەژێر چەترێکی هاوبەشدا کۆبو‌ونه‌ته‌وه.
*بنەمای هاوکاری و گفتوگۆ: فیدراڵیزم واتە فەرهەنگی دانوستان و رێککەوتن، نەک سەپاندنی بڕیار لەلایەن پێكهاته‌ى فيدراڵييه‌وه به‌سه‌ر پێكهاته‌كانى ديكه‌دا، بۆ نموونه لە نەمسا، هەرچەند سیستمکە بەڕێژەیەک ناوەندگەراییە، بەڵام ئه‌نجومه‌نى فيدراڵى رۆڵێکی گرنگی هەیە لە هاوکاری و گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ‌دا.
یەکەمين وڵات کە سیستمی فیدراڵی
بە نووسراو دامه‌زراندووه
شاراوه نييه ئەمریکا یەکەمين وڵاته، کە سیستمێکی فیدراڵی بە شێوەیەکی نووسراو دامه‌زراندووه، دەستووری ئەمریکای ساڵی 1787 بە کاریگەریی كۆمه‌ڵێك بیرمەند كه بە باوكه دامه‌زرێنه‌ره‌كان ناوده‌برێن نووسرا. لە «په‌ڕاوه فیدراڵییەکان»دا، ئەم بیرمەندانە بیروڕای خۆیان دەربارەی گرنگیی دابەشکردنی دەسەڵات روون كردۆته‌وه.
به‌و پێيه بێت، کەلتوری فیدراڵی، واتە باوەڕ بەوەی جیاوازیی دەوڵەمەندییە، نەک لاوازی، واتە پەسه‌ندکردنی ئەوەی کە کۆمەڵگەیەکی فرە زمان و فرە کەلتور و فره ئایين و ئایينزا، دەتوانێت بە ئاشتی ژیان بکات ئەگەر دەسەڵات بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دابەش بکرێت، واتە بەرپرسیارێتی ده‌بێت له هه‌موو ئاسته‌كاندا ره‌چاو بكرێت.
لە وڵاتە سەرکەوتووەکاندا وەک سویسرا، ئەمریکا و کەنەدا، فیدراڵیزم بووەتە بەشێک لە کەلتووری کۆمەڵایەتی و شێوازی ژیانی خەڵک، خەڵک فێری ئەوە بوون کە بە دانوستان و رێککەوتن بژین، رێز لە جیاوازیی یەکتر بگرن و لە هەمان کاتدا یەکێتیی خۆیان بپارێزن، بەڵام لە عیراقدا، فیدراڵیزم بەبێ ئه‌وه‌ى داواكارييه‌كى گشتگير يان زۆرينه بێت، جێبه‌جێكرا و به‌وه‌ش بۆته مایەی ململانێی بەردەوام لەنێوان حكومه‌تى فيدراڵى و هەرێمى كوردستاندا.
له ئاستى كۆمه‌ڵگه‌يى، كەلتورى فیدراڵی په‌رەی پێبدرێت
ئەمە وانەیەکی گرنگە، پێمان ده‌ڵێت جێگيركردنى فیدراڵى له عیراقدا كات و كارى زۆرترى ده‌وێت و ده‌بێت كارى زۆر له‌سه‌ر ئه‌وه بكرێت، له ئاستى كۆمه‌ڵگه‌ی كەلتورى فیدراڵیزم په‌رەی پێبدرێت، له‌ڕێگه‌ى جێكردنه‌وه‌ى به‌ها و بنه‌ماكانييه‌وه له پرۆگرامه‌كانى خوێندن و له ئاستى چالاكييه‌كانى سه‌رخانى كۆمه‌ڵگه‌ى عیراقى به گشتى، به هه‌رێمى كوردستانيشه‌وه، چونكه وه‌ك باسكرا فیدراڵيزم تەنها سیستمێکی دەستووری نییە و له ئاسته سیاسييه‌كاندا نابێت قه‌تيس ببێت، بەڵکو ده‌بێت بگوازرێته‌وه بۆ کەلتورێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و فه‌رهه‌نگى، راستى ئه‌م بۆچوونه‌ش له‌وه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، فیدراڵيزمى ئه‌مريكا له‌سه‌ر بنه‌ماى کەلتورێكى هه‌بووى پێشوه‌خته‌وه دروست نه‌بوو، به‌ڵكو له دواى نووسينه‌وه‌ى ده‌ستووره‌كه‌وه ئه‌و جۆره کەلتوره په‌ره‌ي پێدرا، هه‌رچه‌ند له‌سه‌ره‌تادا دوو بزاوت له ياساناسان و دادوه‌ران و سياسييه‌كان له گفتوگۆ و ململانێیەكى هزريانه‌ى قووڵدا بوون، بزاوتى ره‌خنه‌گران و گوومانكه‌ران له سيستمەکە به‌ره‌يه‌كى فراوانيان هه‌بوو، به‌ڵام بزاوتى تيۆرستان و بانگه‌شه‌كه‌رانيشى كه‌م نه‌بوون.
فیدراڵیزم بژارده‌يه‌كى گشتگير و خوازراو نه‌بوو
فیدراڵیزم له عیراق لە 2005دا و پێش ئه‌وه‌ش له 2004دا، بژارده‌يه‌كى گشتگير و خوازراو نه‌بوو، بەڵکو داننان و ره‌زامه‌نديدان بوو به بژارده‌ى كورد، وه‌ك ده‌ڵێن ئه‌م فیدراڵيزمه‌ى عیراق، ئەمریکا پێى دڵخۆش نەبوو، سوننە و شیعەکانى ترساند بوو، تەنها کوردەکان بە دڵخۆشییەوە قبووڵیان کرد، بۆيه فیدراڵيى عیراق جۆرێكى تايبه‌ت و جياواز ده‌رچوو، ده‌گونجێ لێره‌دا ديارترين خه‌سڵه‌ته‌كانيى باس بكه‌ين:
1-فیدراڵیزمێکی ناهاوسەنگ: فیدراڵیزمی عیراق لە سەرەتاوە ناهاوسەنگ بوو، چونكه تەنها یەک هەرێمی فیدراڵ هەبوو (هه‌رێمى کوردستان) لەناو وڵاتێکی ناوەندگەرا، هه‌رچه‌ند دەستوورەکە رێگەی بە پارێزگاکانی دیکە دەدا بۆ گواستنه‌وه بەره‌و هەرێمبوون، بەڵام ده‌سه‌ڵاتى ناوه‌ندگه‌را و بێباوه‌ڕ به فیدراڵيزم به‌رده‌وام رێگری لەو پرۆسەیە کردووه.
2-کێشەی ناڕوونى سنووره‌كان: سنوورەکانی نێوان هه‌رێمى کوردستان و به‌شه‌كانى ديكه‌ى عیراق، بەڕوونی دیاری نەکران و ناوچەیەکی بەرفراوانی به ناوى «ناوچە کێشە له‌سه‌ره‌كان» مایەوە، کە هەردوولایان بانگەشەی وابه‌سته‌يى ئه‌و ناوچانه بەخۆيانه‌وه دەکەن، بە تایبەت شاری کەرکوک.
3-کێشەی نەوت و گاز: دەستوورەکە نەیتوانی به‌ته‌واويى ئه‌وه روون بکاتەوە، کە کێ دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی سامانی نەوت و گازى هه‌يه، حکومەتی فیدراڵ یان حکومەتی هەرێم، ئەم نادیاريیە بووە سەرچاوەی گەورەترین ململانێى نێوان هەولێر و بەغدا، ئه‌گه‌رچى به بڕيارى دادگاى باڵاى فیدراڵى تاڕاده‌يه‌ك ئه‌و پرسه كه‌مه‌ندكێش كرا به‌ره‌و ناوه‌ند.
4-نەبوونی کەلتووری فیدراڵى: عیراق بە مێژوویەکی دوورودرێژی ناوەندگەرایی ناسراوە، دەستوورى 2005 وه‌رچه‌رخانێكى توندى له كۆمه‌ڵگه‌ى عیراقدا دروستكرد، چونکە ده‌وڵه‌تێكى فیدراڵى و کۆمارێکی پەرلەمانی دامەزراند له رژێمێكى ناوه‌ندگه‌رايى تاكڕه‌وه‌وه، له‌به‌رامبه‌ريشدا هه‌رێمێكى نيمچه سه‌ربه‌خۆى خزانده ناو ده‌وڵه‌تێكى به‌ناو فیدراڵييه‌وه.
كه‌وابێ، فیدراڵيزم له عیراقدا ئه‌زموونێكى ناجێگيرى هه‌يه، ئه‌وه‌ش ده‌گونجێ بگه‌ڕێندرێته‌وه بۆ چه‌ند هۆكارێك:
-نەبوونی رێککەوتن: دەستوورەکە بە پەلە نووسرا و پەسەند کرا و نه‌توانرا رێککەوتنێکی راستەقینە لەنێوان لایەنە سەرەکییەکاندا ببه‌سترێت ده‌رباره‌ى، وه‌ك زانراويشه زۆربەی عەرەبە سوننەکان دژی دەستوورەکە دەنگیاندا لە ریفراندۆمى په‌سه‌ندكردنى فیدراڵيزمدا يان بايكۆتيان كرد.
-کەلێنەكانى ناو ده‌ستوور: زۆر لە کێشە سەرەکییەکان بە ئەنقەست به‌ناڕوونى و كه‌موكورتى بەجێهێڵراون یان بۆ داهاتوو دواخراون، ئه‌و كه‌لينانه‌ش به‌ته‌نها له بوارێكدا چڕ نابێته‌وه، به‌ڵكو به‌شى زۆرى بواره‌كانى سياسى و دارايى و كارگێڕى و ئابوورى و ژياريشى گرتۆته‌وه.
-میراتی مێژوویی: کورد سەدده‌يه‌ك بوو لە ژێر زوڵم و چەوساندنەوە ژیان، بەتایبەت لە سەردەمی سەددام حسێندا، کە هێرشی نامرۆڤايه‌تى ده‌كرده سه‌ريان، ئەم میراتە وایکردووە پێكهاته‌ى کورد باوەڕی بە دەسەڵاتی ناوەندی نەبێت و به‌رده‌وام به گومانه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ حكومه‌تى فيدراڵدا بكات.
پارێزگاری لە بنەمای سياسى فیدراڵى دەکات
لەگەڵ هه‌مو ئەوانه‌شدا، ده‌گونجێت بڵيين دەستوورەکە هێشتا پارێزگاری لە بنەمای سياسى فیدراڵى دەکات، ئه‌وه‌تا ماددەی 126 دەڵێت: کە دەستوورەکە ناتوانرێت هه‌موار بکرێت، ئەگەر ئەو هه‌مواركردنانه دەسەڵاتی هەرێمەکان كه‌مبكاته‌وە، ئەمە ئه‌وه‌مان پیشاندەدات کە سەرەڕای هەموو کێشەکان، فیدراڵیزم وه‌ك بنه‌ماى تيۆريى هێشتا بەشێکی دەستووری عیراقە، هەرچەندە جێبەجێکردنەکەی لە راستیدا زۆر لاوازه و رێگەی به‌هێزبوونى ته‌نها و ته‌نها په‌رپێدانه به‌کەلتورى فیدراڵى له كۆمه‌ڵگه‌ى عیراقدا به گشتى.