ن: لاورێنت ریپارت Laurent Ripart
و: رێزان حەسەنی


رۆژی ١٩ی سێپتەمبەری ١٨٧١، ئەو دەمەی کە ئەنتەرناسیۆناڵی یەکەم ، کۆنفرانسەکەی خۆی لە لەندەن بەڕێوە ئەبرد، کارل مارکس داوای کرد قسە بکات و پێشنیاری کرد نوێنەرەکان " پێشنیاری ژمارە ٣" پەسەند بکەن، پێشنیارێک کە داوای ئەکرد " بەشەکانی ژنان لە ناو ژنانی کرێکار" یان " لقە ژنانەکان لە ناو چینی کرێکار" دابمەزرێن.
کۆنووسی کۆنفرانسی ئەنتەرناسیۆناڵی یەکەم، کە رۆژانی ١٦ بۆ ٢٣ی سێپتەمبەری ١٨٧١ لە ماڵی  کارڵ و جێنی مارکس لە لەندەن بەڕێوەچوو،[1] بەشێکی گرینگی تیدا تۆمار کراوە دەربارەی چۆنیەتی دامەزراندنی بەشەکانی ژنان لە ناو ئەنتەرناسیۆناڵی یەکەمدا. ئەم بابەتە رۆژی ١٩ی سێپتەمبەر، لەگەڵ دەستپێکی دانیشتنی رۆژانەدا هاتە بەرباس، ئەو دانیشتنەی کە وەک هەموو رۆژ، سەرەتای هەموو دوای نیوەڕۆیەک دەستی پێ دەکرد و تا درەنگانی شەو بەردەوام ئەبوو.
مارکس لەلایەن ئەنجومەنی گشتییەوە واتە لێژنەی بەڕێوەبەری هەمیشەیی ئەنتەرناسیۆناڵەوە پێشنیارێکی خستە بەر دەنگدان  و بە پێی ئەو پێشنیارە رێگە ئەدرا بە دامەزراندنی بەشە سەربەخۆکانی تایبەت بە ژنان. هەرچەند کۆنووسەکە ئەوە ئەخاتەڕوو کە پێشنیارەکەی کارل مارکس بە کۆی دەنگ پەسەند کراوەو لە راستییدا بەو مانایە بووە کە کەس دژی ئەو پێشنیارە دەنگی نەداوە، بەڵام هەر ئەم بەڵگانە ئەوەمان بۆ ئەخەنەڕوو کە ئەم پێشنیارە ناڕەزایەتی زۆری لێکەوتۆتەوەو کەسانێکی زۆر دژی هەڵوێستیان گرتووە. چەند نوێنەر رەخنەیان لەم پێشنیارە گرتووەو رایانگەیاندووە دەنگی خۆیان ناخەنە پاڵ ئەم پێشنیارەو دەنگی سپی ئەدەن.
پێشنیاری مارکس تەنها لەوەدا قەتیس نەدەکرایەوە کە درگاکانی ئەنتەرناسیۆناڵ سۆسیال بەرەو رووی ژناندا بکرێتەوە؛ لەبەر ئەوەی بەتایبەت ئەم پرسیارەی دەورووژاند کە بزووتنەوەی کرێکاری تا چ رادەیەک ئەتوانێت خواستە جێندەرییەکان و بەتایبەت خواستەکانی تایبەت بە خەباتی ژنان بگرێتە خۆی و هەنگاویان بۆ هەڵبگرێت.
مارکس پێشنیاری خۆی لە سەر دوو بنەما و دوو جۆر بەڵگاندن دامەرزاندبوو. بەڵگاندنی یەکەم کەمتر مشت و مڕی لێکەوتەوە؛ لەبەر ئەوەی ئەو لەسەرەتاوە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە لە ئینێرناسیۆناڵێکی کرێکاریدا ئەستەمە و ناکرێت بەشی تایبەت بە ژنان بوونی نەبێت، لەبەر ئەوەی " پیشەسازی ژمارەیەکی ژنان وەک کرێکار دادەمەزرێنێت". ئەم پرسە لەو رووەوە پرسێکی روون و حاشاهەڵنەگر بوو کە لە بەشەکانی پیشەسازیدا، لەوانە پیشەسازی رستن و چنین، بۆهێزی کار زیاتر پشت بە ژنان ئەبەسترا و بەشی زۆری هێزی کار ژنان بوون و پیاوەکان بە زۆری وەک بەڕێوەبەر و لە بەشی بەڕێوەبەرایەتییدا کاریان ئەکرد.
بەڵام، مارکس دەیویست شتێکی زیاتر لەمە باس بکات، وەک چۆن لە بەڵگاندنی دووهەمدا ئەیخاتەڕوو؛ مارکس پێشنیاری ئەوە ئەکات کۆمۆنی پاریس وەک سەرچەشن لەبەرچاو بگیردرێت، ئەو رووداوەی " بەشداری گەرم و گوڕی ژنان"ی نیشان دابوو و ژنان زۆر بە گەرم و گوڕی بەشداریان تێدا کردبوو.
مارکس بە گەڕانەوە بۆ ئەزموونی کۆمۆن، بۆ نوێنەرانی شی ئەکاتەوە کە مەبەستی لە پێشنیارەکەی ئەوەیە کە رێکخراوەکانی تایبەت بە ژنان لە جۆری رێکخراوی بە ناوبانگی یەکیەتی ژنان بۆ بەرگری لە پاریس و چاودیری بریندارەکان (Union des femmes pour la défense de Paris et les soins aux blessés) بتوانن ببن بە بەشێک لە ئینتەناسیۆناڵ، ئەو رێکخراوەی کە لە سەردەمی کۆمۆندا دەوری سەرەکی گێڕابوو.
مارکس زۆر بە وردی چۆنیەتی دروستبوون و پەرەسەندنی ئەم رێکخراوەیەی لەبەرچاو دەگرت و خوێندنەوەی بۆ ئەکرد، لەبەر ئەوەی دامەزرێنەرانی ئەم رێکخراوەیە لە ئەندامە چالاکەکانی ئەنتەرناسیۆناڵ بوو، بە تایبەت ئیلیزابیت دێمێترێفی (Elisabeth Dmitrieff) هاوڕێی، کە مارکس رۆژێک پێش شۆڕشی ١٨ مارس ، ئەوی لە لەندەنەوە ناردبوو بۆ پاریس بۆ ئەوەی لە گۆڕانکارییەکان ئاگاداری بکاتەوە. [2]
لە رێگای نامەکانی دێمێترێفەوە، مارکس توانیبووی لەو وزە و وردەکاریانە بگات کە " یەکیەتی ژنان" رێکی خستبوو و جۆشی دابوو. ئەم رێکخراوەیە توابیبووی بزووتنەوەیەکی بەهێز لە ژنان پێک بهێنیت و لە لایەن کۆمیتەکانەوە لە هەموو ناوچەکانی پاریس پشتیوانی ئەکرا.
ئەم کۆمیتانەی ژنان کە هەموو رۆژێک کۆبوونەوەیان هەبوو، هەم ئەوەیە بەشداربوون لەوەی بەرگری و پارێزگاری لە کۆمۆن بکەنو  هەم ئەوە بوو خواستە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی خۆیان بە تایبەت لە باری یەکسانی لە حەقدەست و خەبات دژی لەشفرۆشی دەبردە پێش.
بەم شێوەیە یەکیەتی ژنان توانی دەنگی خۆی بە گوێی رێبەرانی کۆمۆن بگەیەنێت؛ ئەو رێبەرانەی، کە بە ویستی خۆیان بیت یان نا، ناچار بوون دەوری بەرچاوی ژنان و رێکخراوەکانیان لە بەڕێوەبردن و تەنانەت رێبەریکردنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە بە فەرمی بناسن و دانی پێدا بنێن. [3]
مارکس بە پشت بەستن بەم ئەزموونە، لە راستییدا داوای لە کۆنفرانسی لەندەن کرد کە رێکخراوەکانی لە جۆری " یەکیەتی ژنان" لە ئەنتەرناسیۆناڵ وەربگیرێن و دانیان پێدا بنرێت، لەبەر ئەوەی ئەو لای وابوو ئەم رێکخراوانە نەک تەنها بە جۆشدانی پرۆلتاریای ژنەکان، بەڵکوو بە باسکردن لە خواست و داواکارییە تایبەتەکان کە ژنەکان لە بزووتنەوە باسیان ئەکرد، ئەبوون بە هۆی بەهیزبوونی بزووتنەوەی کرێکاری.
ئەوەی جێگەی سەرسووڕمان بوو پێشنیاری مارکس بە گومانەوە لە لایەن ژمارەیەک لە ئەندامانەوە وەرگیرا، ئەو کەسانەی حەزیان نەدەکرد لە گەڵ رێکخراوەکانی ژنان کار بکەن. ئانارشیستی ئیسپانیایی ئانسێلمۆ لۆرینزۆ (Anselmo Lorenzo) لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا ئامادەیە دان بە بەشەکانی کرێکاریدا بنێت کە لە بواری ژناندا کار دەکەن، بەڵام هاوڕا نییە لەوەی کە رێکخراوەکانی ژنان لە ناو ئەنتەرناسیۆناڵ دا جێ بکرێنەوەو ببن بە ئەندامی ئەنتەرناسیۆناڵ.
نوێنەری بەلجیکی ئۆژین ستینس ( Eugène Steens)بەداخەوە بوو کە پێشنیارەکەی مارکس سنووردارتر نییە. لەبەر ئەوەی ئەو لای وابوو کە بەشە تاک- جێندەرییەکان تەنها کاتێک ئەبێ دروست بکرێن و رێک بخرێن کە هاوتا بن لەگەڵ ئەو رێکخراوە پێشەییانەی کە پیاوان تێیاندا بەشدار نین. هاوڵاتییەکی ئەو بە ناوی سێزار دی پایپێ (César De Paepe) بەهەمانشێوەی ئەو ئەم روانگەیەی هێنایە بەرباس:" ئەو لەوە ئەترسا کە ئەم پێشنیارە ببێ بە هۆی دروستبوون و شکڵ گرتنی " جۆرێک لە ناوەندی نێونەتەوەیی ژنان" و وەها ناوەندێکی لێ بکەوێتەوە.
لە راستییدا، کۆی ئەم باسە لە چوارچێوەی ئەم پرسیارەدا ئەسووڕایەوە: ئاخۆ ئەنجومەنی نێونەتەوەیی کرێکاران (ئەنتەرناسیۆناڵی یەکەم)  ئەبێ تەنها لە سەر بنەمای خەباتی چینایەتی رێک بخرێت، یان ئەوەی کە بکرێت بپەرژێتە سەر خواستە تایبەتەکانی ژنان و بەم شێوەیە خەباتی ئەوان بکات بە بەشێک لە خەباتی بزووتنەوەی کرێکاری؟
ئەبێ ئاماژە بەوە بدەین شۆڕشگێڕی رووسیایی نیکۆلای ئۆتین، کە زۆر نزیک بوو لە ئێلیزابێت دیمێترێف، پێشنیارەکەی مارکسی بەلاوە پەسەند بوو، بەڵام لە هەمانکاتدا جەختی لەوە کردەوە جێبەجێکردنی دژوار و قورس ئەبێت. مێژوو ئەوەی خستەڕوو کە ئەو راستی دەکرد؛ لەبەر ئەوەی هەرچەن پێشنیارەکەی مارکس پەسەند کرا، بەڵام بەکردەوە جێبەجێ نەکرا. هۆکارەکەشی کزبوونی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەبوو؛ کزبوونێک کە ئەو شەپۆلە فێمنیستییەی تێک شکاند کە لەگەڵ کۆمۆنی پاریس دروست ببوو.
کەوایە هەرچەند " پێشنیاری ژمارە ٣" لە کورت ماوەدا جێبەجێ نەکرا، بەمەشەوە لە باری مێژووییەوە گرینگی و بەهای راستەقینەی خۆی پاراستووە؛ بەو هۆکارەی ئەوەی خستەڕوو مارکس چەند هەستیار بووە بە دەوری شۆڕشگێڕانەی رێکخراوەکانی ژنان لە سەردەمی کۆمۆنی پاریس.[4]
ئەم پێشنیارەی مارکس هەروەها لە باری تیورییەوە گرینگی تایبەتی هەیە. ئەنتەرناسیۆناڵی یەکەم ساڵی ١٨٦٤ لە سەر ئەم بنەمایە دامەزرابوو" چینی کرێکار ئەبێ بە دەستی خودی چینی کرێکار رزگار بکرێن". ئێستا مارکس گۆڕانکارییەکی گرینگی خستبووە سەر ئەم بنەمایە.
"پێشنیاری ژمارە ٣" وەک ماددەیەک بۆ بنەماکانی ئەنتەرناسیۆناڵ ئەم ئایدیاییەی پێ زیاد کرد کە رزگاری ژنانی کرێکاریش تەنها بە دەستی خودی ژنانی کرێکار ئەکرێت.
بەم شێوەیە مارکس بە کردنەوەی درگاکانی ئەنتەرناسیۆناڵ بەرەو رێکخراوەکانی ژنان، بە کردەوە دانی بەوەدا نا و باسی لەوە کرد خەباتی چینی کرێکار دژی چەوسانەوەی سەرمایەداری ئەکرێت لەگەڵ ئەو خەباتەی کە ژنان ئەتوانن دژی چەوسانەوەیەکی تایبەت بیبەنە پێش لێک هەڵبپێکرێن و هاوکات ببرێنە پێش.
ئەو پێشنیارەی کە ئەنتەرناسیۆناڵی کرێکاران دەربارەی دامەزراندنی بەشەکانی ژنان بە کۆ دەنگ پەسەندی کرد.[5]
١٩ی سێپتەمبەری ١٨٧١ ( دانیشتنی دوای نیوەڕۆ)
سکرتێرەکان: جەی . هێڵز J. Hales (ئینگلیزی)، سی. مارتین و سی. رۆشا  C. Martin, C. Rochat ( فەرەنسی)

کۆبوونەوەیە کاتژمێر ٢:٣٠ دوای نیوەڕۆ دەستی پێکرد.
ئامادەبوان:
Coenen, De Paepe, Fluse, Steens, Verrycken, Mottershead, Herman, Vaillant, Outine, Engels, Frankel, Lorenzo, Marx, Bastelica, Perret, Serraillier.
نەهاتووەکان:
Eccarius, Cohn, McDonnell, J. Hales, Jung, Dupont

هاوڕێ سراییلە (Serraillier)وەک بەڕێوەبەری دانیشتنەکە دیاری کرا.
لە نەبوونی سکرتیری ئینگلیزی، داوا لە هاوڕێ چارلیز لۆنگێ، کرا کۆنووسی کۆبوونەوەکە بە زمانی ئینگلیزی ئامادە بکات. [6]

پێشنیاری ژمارە ٣

کارل مارکس ، دەقی پێشنیاری کراوی خوارەوەی خوێندەوە کە لە لایەن ئەنجومەنی گشتییەوە پێشکەش بە کۆنفرانس کرابوو:
" کۆنفرانس، لە سەر پێشنیاری ئەنجومەنی گشتی، داوا ئەکات بەشەکانی تایبەت بە ژنان لە ناو ژنانی کرێکاردا دابمەرزێت. شتێکی روون و ئاشکرایە ئەم بابەتە بە هیچ شێوەیەک بەو مانایە نییە کە بەشە تێکەڵەکان دروست نەبن".
مارکس شیکردەوەو وتی کە پێشنیارەکەی ئەو بەشە تیكەڵەکان جیا ناکاتەوە؛ بەمەشەوە، ئەو بە پێویستی ئەزانی کە بەشی تایبەت بە ژنانی لەو وڵاتانە بە پێویست ئەزانی کە پێشەسازی بەشێکی زۆر لە ژنانی وەک کرێکار دامەزراندووە. مارکس هەروەها چەند روستەی دەربارەی بەشداری گەرم وگوڕی ژنان لە رووداوەکانی کۆمۆنی پاریس هێنایەوەو خستییە سەر قسەکانی.
ئانسێلمۆ لۆرێنزۆ (Anselmo Lorenzo) داوای کرد لەو نموونانەدا کە پیاوەکان ئەندامی بەشێک، هەر لەو بوارەوە لەو پێشەدا کار ئەکەن کە ژنان تێیدا کار ئەکەن، ژنان لە بەشە جیاوازەکاندا دابنرێن و جێیان بکرێتەوە؛ بەڵام لەو نموونانەدا کە تایبەتە بەو پێشانەی کە بە تەواوەتی لە لایەن ژنانەوە بەڕێوە ئەبرێت، بەشەکانی تایبەت بە ژنان دابمەزرێن.
نیکۆلاس ئاوتین (Nicolas Outine) پشتیوانی خۆی بۆ پێشنیارەکە دەربڕی، بەڵام لای وابوو کە جێبەجێکردنی دژوار و ئەستەمە. ئەو لەم بارەوە داوای لە کۆنفرانس کرد ئەنجومەنی گشتی رابسپێریت جۆرێک راگەیاندن بۆ ژنانی کرێکار دابڕێژێت کە لەو راگەیاندنەدا بە روونی پەردە لەسەر ئەو جۆرە روانینە هەڵەیە دابمالێت کە باس لەوە دەکات لە نێوان کرێکارە پیاو و کرێکارە ژنەکاندا کێشە و ململانێ هەیە. 
سێزار دی پایپی (César De Paepe) رایگەیاند دەنگی سپی ئەدات. ئەو باسی لەوە کرد لە بەلجیکا هەمووکات بەشە تێکەڵەکان بوونیان بووەو بەتەواوەتی پشتیوانی لێ دەکات؛ بەمەشەوە ئەترسا لەوە ئەنجومەن - لە بری ئەوەی توخمە مێینەکان(female element) بخاتە ناو کۆمەڵێکی یەکدەستەو- کارەکەیان جۆرێک " ئەنجومەنی نێونەتەوەیی ژنان"ی لێ بکەوێتەوە.
ئۆژێن ستێنس (Eugène Steens) دژی ئەوە بوو کە بەشی تایبەت بە ژنان دابمەرزێت لەو ناوەندە پیشەییانەی کە پیاوەکانیش تێیدا کار ئەکەن و چالاکییان هەیە. ئەو داوای کرد ئەم بەشانە تێکەڵ بن و تەنها لە کاتێکدا بەشی ژنانەی بەلاوە پەسەندە کە ئەندامەکانی ئەو ژنانە بن کە لە بوار و پیشەیەکدا کار ئەکەن کە لە راستییدا تایبەتە بە رەگەزی ئەوان و ژنانەیە.
لە کۆتاییدا دەنگدان کرا.
پێشنیاری ژمارە ٣ بە کۆی دەنگ پەسەند کرا.

سەرچاوە:
 Ripart, L. (2024, February 21). Marx and the autonomous women's movement: A note on the foundation of women's sections within the First International. Verso Blog.
[1] -On the London Conference, see Mathieu Léonard, L’émancipation des travailleurs. Une histoire de la Première Internationale (Paris: La Fabrique, 2011), pp. 275-80.
[2] - On Elisabeth Dmitrieff, see Yvonne Singer-Lecocq’s recent biography, Rouge Élisabeth (Paris: Stock 2021).
[3] - Carolyn J. Eichner, Surmounting the Barricades: Women in the Paris Commune (Indianapolis: Indiana, 2004).
[4] - On Marx and the Commune, see Karl Marx and Friedrich Engels, Sur la commune de Paris, ed. Stathis Kouvélakis (Paris: Éditions Sociales, 2021).
[5] -From the Marx Engels Gesamtausgabe (MEGA), I /22. Werke, Artikel, Entwürfe, März bis November 1871 (Berlin: Dietz, 1978), pp. 664-6
[6] - کۆنووسی کۆبوونەوەکە بە زمانی فەرەنسی نووسراوە.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved