دوا رۆژی هەڵبژاردنەکانی وڵاتی سوید کە رۆژی 13/9 یە و هەموو خەڵک بۆ دواجار روو لە ناوەندەکانی دەنگدان ئەکەن و دەنگی خۆیان بۆ لایەنەکان یەکلادەکەنەوە. دەنگدانی بەرایی کە خەڵکی ئەو وڵاتە لە چەند رۆژی رابردوودا روویان لە ناوەندەکانی دەنگدان کردووە بەپێی ئامارەکان زیاتر لە سێ ملیۆن کەس بەشداریی دەنگدانیان کردووە .
لە رۆژانی رابردوودا ناوەندەکانی راپرسی لە رۆژێکدا زیاتر لە دووجار ئامارەکانی خۆیان خستووەتەڕوو. ئەوەی تێبینی دەکرێ تا دێت قورسایی لایەنەکان کە ئێستا بە راست و چەپ ناوی دەبرێت، رێژەی دەنگەکانیان نزیک دەبنەوە لە یەکتری. وەک سویدییەکان ئێژن خەریکە جیاوازییەکان بە پروسینت دەپێورێ. ئەمەش ئاماژەی ئەوەیە هەم ململانێکان توندتر بوون و هەم دیسان پێشبینی ئەوە دەکرێ بردنەوەی هەڵبژاردن لەنێوان دوو بەرەدا زۆر سەختر بێت لە هەڵبژاردنی ساڵی 2022 لەنێوان بەرەی سوسیال دیموکرات و مۆدێرات کە هەریەکەیان نوێنەرایەتی بەرەی راست و چەپ ئەکەن.
لە دوو وتاری پێشوودا لێکدانەوە و پێشبینییەکانمان خستووەتەڕوو. زێدەڕەوی نییە ئەگەر بڵێین هەڵبژاردنی ئەمجارە لە مێژووی سویددا قورسترین و گەرمترین هەڵبژاردنە، کە نەک چاودێرانی سیاسی ناوخۆی سوید، بەڵکو لەسەر ئاستی دنیاش چاویان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکانە. رۆژی یەک شەممە دوا رۆژی هەڵبژاردنە و چەند ملیۆن کەسێک ماون دەنگ بدەن .
پرۆسەی دوا رۆژی دەنگدان یەکلاکەرەوە دەبێت و هەمووان چاوەڕوانی ئەنجامی کۆتایی ئەو هەڵبژاردنەین. کە دواجار لە بەردەم دوو چارەنوسدایە یان بۆ جاری دووەم بەرەی راست حکومەت پێک دەهێنێ یاخود سوسیال دیموکرات چانسی بردنەوە مسۆگەر دەکات؟! بەڵام هیچ کام لە بەرەکانی ململانێ بە تەنها نین بەڵکو هەر یەکە لەوانە پشتیان بەستووە بە چەندین لایەنی سیاسی تر کە لە رووی فکر و جیهانبینییەوە نزیکن لە یەکتری و سەر بەیەک بەرەن، چەپ بە سۆسیال دیموکرات و ڤینستەر و سەوزەوە تەنانەت سەنتەر پارتیش ئەگەرچی لە ناوەڕۆکدا فیکری لیبرالیزمیان هەیە، بەڵام ئیستا سەر بەو بەرەیەن.
دوو بەرە بەرامبەر یەکیان گرتووە و زۆر توندن لە رووبەڕووبوونەوەکان بەڵام بەرەی چەپ لە ئیستادا دووچاری چەندین گرفت و ململانێ بوونەتەوە لە رووی هەڵوێست و کەیسی تایبەتی سیاسەتی نێودەوڵەتی. ئەم دۆخەش بۆ چەپ کاریگەریی نیگەتیڤی لەسەر بەرەکەی هەیە. بە پێچەوانەوە ئەوەی تیبینی دەکرێ بەرەی راست تۆکمەتر دیارن.
رەوتی رووداوەکان لە دوای ئەنجامی هەڵبژاردنی 13/9 بۆ سوید دەبێتە سەنگی مەحەک. ململانێکان بە ئاست و قورسایی دەنگی خەڵکەوە دەچێتە نێو حەلەبەی پەرلەمانێ کە 349 کورسی لەخۆ دەگرێت. بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ دەبێت زۆرینە بەدەست بێت. ئاشکرایە هیچ کام لە مۆدێرات و سۆسیال دیموکرات ناتوانن زۆرینەیەک بەدەست بهێنن کە بە ئاسانی حکومەت ببنەوە یان پێکبهێنن. هەر بۆیە مامەڵە و سادوسەودا بۆ دروستکردنی هاوپەیمانی قورسترین گەمەیە کە خەڵکی سوید چاوەڕێی دەکات.
بابەتی زیاتر