زۆرترین تایتڵی کەناڵەکانی میدیای ئێستا و لە نێو هەرای ململانێکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێراندا، بەتایبەتی لە قۆناغی نە شەڕ نە ئاشتی، هەر باسی گەرووی هورمزە، کە پێگەیەکی جیۆستراتیژی هەیە و کاریگەریی لەسەر رەوتی کەشتیوانی و بازرگانی و دابینکردنی وزەی جیهانی بەڕێژەیەکی بەرچاو هەیە. هەربۆیە هەر گرفتێک لەو رێڕەوە، دەبێتە هۆی دروستبوونی قەیرانی وزە و تەنانەت بازاڕی کاڵاو شمەکیش دەخاتە ژێر هەڕەشەوە لەسەر ئاستی جیهاندا.
گەرووی هورمز بە یەکێک لە رێڕەوە ئاوییە گرنگ و بایەخەکانی دنیا هەژمار دەکرێ کە زۆرتر تایبەتە بە هاتوچۆ و جووڵەی کەشتیگەلی بازرگانی نەوت و وزە.
گەرووی هورمز کە لە نێوانی ئێران و وڵاتانی کەنداودایە، بەتایبەتی شانشینی عومان و ئیماراتی عەرەبی و هەردوو کەنداوی فارسی و عومان پێکەوە دەبەستێتەوە و زۆربەی زۆری بەرهەمی نەوتی ئەو وڵاتانە لە رێگەی گەرووی هورمزەوە دەگوازرێتەوە.
بەپێی ئامارە بازرگانییەکان ٪20 نەوتی جیهان لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە دەگوازرێتەوە.
هەر بۆیە لە ئێستا و رابردوودا هەر ئاریشە و گرفتێک لەو ناوچەیە دروست ببووبێت، ئەوا کاریگەریی گەورەی دروستکردووە بۆ ئاستی وزە و نانەوەی پشێوی و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا. لە دۆخی ئاساییدا رۆژانە لەو گەرووەوە ملیۆنان بەرمیل نەوت لەسەر پشتی کەشتییە زەبەلاحەکانەوە خۆیان دەکەن بە بازاڕی وزەی جیهاندا.
لە پاش ئاگربەستی جەنگی نێوان .ئەمریکا و ئیسرائیل_ ئێران، ئەوەی زۆرتر مشتومڕی ناوەتەوە، گەرووی هورمز و هەوڵدانە بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخەکەی و گەڕانەوەی جووڵەی کەشتیوانی بازرگانییە. هێندەی کە باس باسی هورمزە، هێندە کەیسەکانی ئەتۆم و یۆرانیۆم و گۆڕینی سیستمی سیاسی ئێرانی سنووردارکردنی بریکارەکانی ئێران، خەریکە باسیان نامێنێ لە نێوەند و پرۆسەی دانوسانەکاندا.
بە لەبەرچاوگرتنی پێگەی ئەو گەرووە و کارگەرییەکانی لەسەر ئاستی قەیرانی وزە لە هەلومەرجی ئێستادا، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەژێر گوشارێکی فراواندایە کە بتوانێ دەرچەیەک بۆ چارەسەر و رێککەوتن بدۆزێتەوە سەبارەت بە گەرووی هورمز و کەمکردنەوەی هەژموونی ئێرانی، یاخود سنووردارکردنی چاودێری و دەستتێوردان و هەڕەشەکانی، بۆ ئەوەی نەک ئێستا، بەڵکو لەداهاتووشدا نەبێتە کارتی گوشار لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو.
بۆ ئەو مەبەستە هەتا دێت هێزەکانی ئەمریکا، لەرێی کەشتیگەلی سەربازییەوە روو لە زیادبوونە، بە ئامانجی دەستەبەری و دڵنیابوونەوە لە ئامانجە ئابووریی و بازرگانییەکان و مسۆگەرکردنی بەردەوامی هاتوچۆ و جووڵەی کەشتییە بازرگانییەکان.
وڵاتانی خاوەن بەرژەوەندیی لە جیهاندا، چاویان لەسەر چارەسەری ئەم گرفتە گەورەیە، چونکە هیچ جێگرەوەیەکی گەرووی هورمز لەم قۆناغەدا نییە.
ئەگەر هەشبێت بەو قەبارە بازرگانییە نییە بتوانێ ئەو رێژەیەی بازاڕەکان لە وزە پڕ بکاتەوە و دابینیبکات.
قەیران و پشێویی و بەرزیی نرخی نەوت و هەڕەشە بۆسەر وزەی جیهان کە لە دۆخی جەنگ و ئێستای نە شەڕ و نە ئاشتی سەرچاوە دەگرێ بەردەوامە و لە تەکیشیدا هەڕەشەکانی بەرەکانی ناکۆکی روو لە زیادبوونە، وەلێ ئاسۆی چارەسەریش هێشتا لە نێو بوومەلێڵە و تەمتومانی بەرژەوەندیی و ناکۆکییەکاندا دیار نییە.
پلان و پرۆژەکانی دەرباز بوون لەم قەیران و گرفتە جیهانیی و ناوچەییە، نەک بۆ هاوپەیمانانی بەرەی ئەمریکا، بەڵکو بۆ بەرەکانی تری دژ و بێ لایەنەکانیش جیاوازە و هەریەکە لە دەلاقە و کڵاوڕۆژەی بەرژەوەندییەکانی خۆیانەوە سەیر دەکەن و مامەڵە دەکەن و دەڕواننە ئاسۆییەک کە رەنگە ئەوسەری دیار نەبێت. ئەمریکا لە بەردەم مامەڵە و کاردانەوەیەکدایە بەتایبەتی هەتا دێت هاوپەیمان و رێکخراوە سیاسی و ئەمنی و سەربازییەکان بەتایبەتی ئەوانەی سەردەمی جەنگی سارد لەژێر هەڕەشەی هەڵوەشانەوەدان و تادێت زێدەتر بەر یەک دەکەون.
هەر بۆیە ریزبەندییە جیهانییەکان لەبەر رۆشنایی بەرژەوەندییە نوێیەکان و باڵانسی نوێ، تێڕوانینیان نەک نزیکە، بەڵکو بەریەک دەکەون، بەجۆرێک رەنگە پێشتر نەبووبێت.
لەگەڵ بوونی جیاوازی و بەر یەککەوتنەکان، بەڵام بەگشتی جیهان لەگەڵ چارەسەری دیبلۆماسیانە و ئاشتییانەدایە و دەستپێکردنەوەی جەنگ رەتدەکەنەوە.
بەهۆی 39 رۆژەی جەنگ، جیهان باجێکی یەکجار قورسی داوە و کاریگەرییەکانی لەسەر بازاڕی جیهانی گۆڕانی گەورە و کەمەرشکێنی دروستکردووە.
هەرچەندە لە ئێستا و دۆخی رێڕەوی گەرووی هورمز لانیکەمی جووڵەی سنووردار هەیە، بەڵام هێشتا دۆخەکە ئاسایی نەبۆتەوە.
بەردەوامیی دۆخێکی لەم چەشنە و مەترسیی دووبارەبوونەوەی پێکدادان و دەستپێکردنەوەی جەنگ زیاتر دەکات، لەجێی ئەوەی ئاشتی و سەقامگیریی بەرقەرار بێت.
هەر بۆیە ئێستا گەرووەکە لە دۆخی چاوەڕوانی ئاساییبوونەوەدایە و جیهان چاوی بڕیوەتە ئەم ناوچەیە.
هەمووانیش لە دەستپێکردنەوەی ململانێ بە ئاراستەی جەنگ هەست بەو مەترسییە دەکەن و ئاشکرایە کە کاریگەرییکانی لەسەر جیهان چۆن دەبێت.!
هەڵبەتە سەنگین و قورستر دەکەوێ، ئەمجارە نەک هەر لەسەر ئاستی ئابووری و بازرگانی، بەڵکو لە رووی پیسبوونی ژینگەشەوە، جیهان دەکەوێتە ژێر مەترسییەوە و ئێستا گەرووی هورمز وەک گەرووی هەناسەی جیهانیش سەیر دەکەن بۆ بەردەوامبوون.
بابەتی زیاتر