"پێنجوێن لە رووى مێژووییەوە"

پێنجوێن یەکێک لەشارە دێرێن و دڵفڕێنەکانى باشورى کوردستانەو یەکێک لەقەزاکانى سەربەپارێزگاى سلێمانییەو(96) کیلۆمەتر دوورە لەو پارێزگایەوەو، کەوتۆتە باکورى خۆرهەڵاتییەوەو بەشارێکى سنووریى ئەژمار دەکرێت، کە زۆر نزیکە لەوڵاتى ئێرانەوە. دوو دەروازەى سنووریشى هەیە بەناوى دەروازەى باشماخ و سەیرانبەن.
پێنجوێن ناوچەیەکى مێژوییەو زیاتر لەسەدان ساڵە ئاوەدانە، کە مێژووى دروستبوونەکەى دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانى سەدەى شانزەهەم. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا مێژوو نووسان و شوێنەوارناسان ئەوەیان پشتڕاستکردۆتەوە کە لەم ناوچەیەدا، قەڵاکانى قزڵجەو قەڵاى کچانى دوو شوێنەوارى دێرێنن و پاشماوەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ هەزارەى دووەم و هەزارەى یەکەمى پێش زایین.
پێکهاتەى خاکى ئەم قەزایەو دەوروبەرى زۆر لەوە کۆنترەو شارەزایان بەدێرینترین ناوچەکانى کوردستان و عێراق ئەژمارى دەکەن. ئەوەى لەمێژووى کۆندا زانراوە پێنجوێن لەژێر دەسەڵاتى لۆلۆییەکاندا بووە. پاشان لەمێژووى دواى ئەوەش، لەسەردەمى ئیمپراتۆرەکانى سەفەوى و عوسمانیدا لەڕێککەوتننامەى(ئاماسیە)ى ساڵى(1555ز) کە لەنێوانیاندا بەستراوە، ئەم ناوچەیەیان وەک پانتاییەکى بێلایەن هێشتۆتەوە. کەچى لەگەڵ ئەوەشدا بەدەرنەبووە لەچاوتێبڕینى داگیرکەران. هەربۆیە بەدریژایى مێژوو پێنجوێن چەندجارێک لەلایەن عوسمانیەکان و سەفەوییەکان و پاشان چەندینجاریش کەوتۆتە ژێر رکێفى دەسەڵاتە لۆکاڵییەکانى وەکو ئەردەڵانییەکان و بابانییەکانەوە. تاکو ساڵى(1915) پێنجوێن لەژێر دەسەڵاتى ئیمپراتۆرى عوسمانییەکاندا بووە.


دوابەدواى دروستبوونى دەوڵەتى عێراق

پاش نەمانى دەسەڵاتى عوسمانییەکان مەرکەزى ناحیەکە لەگوندى قزڵەجەى ئیستادا بووە گوێزراوەتەوە بۆ پێنجوێن. تا ئەوکاتەى لەساڵى (1925) پێنجوێن کراوەتە ناحیەو چەند دامودەزگایەکى فەرمى تیادا دامەزراوە. بەڵام بەهۆى فراوانبوونى شارەکە لەدواى شۆڕشى(14)ى تەمموزى(1958) پێنجوێن کراوەتە قەزایەک سەربەپارێزگاى سلێمانى.
سەبارەت بەناوى پێنجوێن چەندین بیروبۆچوونى جیاواز هەیە، مێژوونووس"محەمەد ئەمین زەکى بەگ" دەڵێت:
"لەکاتى خۆرهەڵاتن تا ئەوکاتەى ئاوادەبێت، پێنج وێنەى تیادەردەکەوێت.."
"حسین حوزنى موکریانیش" هەرواى بۆ چووە، بەڵام"مەلا عەبدولکەریمى مودەڕیس" دەڵى:
"پێنجوێن لەسەرەتاوە پێنج گوند بووە کە پاشماوەکانى تائێستا ماوەو ئەوکەسانەى بەتەمەنن لەژیاندان لەپێنجوێندا زیاتر ئەم بۆچوونە دەسەلمێنن کە زۆر لەڕاستییەوە نزیکە، جگە لەمانە چەندین بۆچوونى دیکە هەیە سەبارەت بەناوى پێنجوێن.


لەڕووى پێگەى جوگرافیاوە

پێنجوێن لەکۆمەڵێک چیاو گردو دۆڵ و دەشتى کشتوکاڵیى پێکدێت، کە هاوسنوورى هەردوو قەزاى شارەزوورو شارباژێڕە(151) کیلومەترى بەسنوورى کۆمارى ئیسلامى ئێرانەوەیە. پێنجوێن دەکەوێتەسەر هێڵى درێژى(46) پلەى رۆژهەڵات و هێڵى پانى(35.9) پلەى باکورى هێڵى کەمەرى و(96) کیلۆمەتر لەشارى سلێمانییەوە دوورەو(1317)مەتر لەئاستى رووى دەریاوە بەرزە و کە تێکڕاى بارانبارین لەساڵێکدا زیاتر لە(900ملم) رووبەرى سەرجەم قەزاى پێنجوێن(1129کم) چوارگۆشەیە.


لەڕووى کارگێڕییەوە

پێنجوێن وەکو قەزایەکى سەربەپارێزگاى سلێمانى پێکدێت لە(2) ناحیە، بەناوى ناحیەى ناڵپارێزو ناحیەى گەرمک، هەروەها(150) گوند  لەخۆدەگرێ، لەئێستادا هەردوو ناحیەکە ئاوەدانن و خاوەنى دامودەزگاى فەرمى خۆیانن، هەروەها جگە لەدامودەزگاکانى وەکو قایمقامییەت و پۆلیس و پەروەردەو کشتوکاڵ و..هتد.
خاوەنى ئەنجومەنى شارەوانى خۆیەتى کە سەرپەرشتى سەرجەم پرۆژە خزمەتگوزارییەکانى ناوچەکە دەکات و چالاکى بەرچاوى لەناوچەکەدا هەیە، هەروەها لەهەنووکەدا لەو(150) گوندەی پێنجوێن(110) گوندییان ئاوەدانبوونەتەوە.

لەڕووى دانیشتوانەوە
 
قەزاى پێنجوێن بەپێى ئامارى ساڵى 1977(34025) کەس بووە کە بریتى بووە لە(6320) خێزان، بەڵام بەهۆى وێرانبوونى پێنجوێن و بوونى بەمەیدانى شەڕى عێراق – ئێران و ئاوارەبوونى دانیشتوانەکەى، نەتوانراوە سەرژمێرى ساڵى(1987) تیایدا ئەنجامبدرێت. بەڵام بەپێى ئامارى بەرێوەبەرایەتى سلێمانى لەساڵى(2005) ژمارەى دانیشتوانى پێنجوێن(43071) کەس بووە، بەڵام لەئێستادا ژمارەى دانیشتوانى قەزاکە  گەشەى کردووە بۆ نزیکەى(50000) کەس دەبێت.

لەڕووى ئابورییەوە

قەزاى پێنچوێن ناوچەیەکى کشتوکاڵییەو خاکێکى بەپێت و بەرەکەتى هەیە، جگە لەوەش سامانێکى زۆرى کانزایى تێدایە کە زیاتر لە(13) جۆر کانزاى گرنگى تێدایە، لەوانە(ئاڵتون، یۆرانێوم، ئاسن، مس، گۆگرد، مەنگەنێز، خەڵوز، هەروەها بەردى مەڕمەڕ..) جگە لەوە ناوچەکە خاوەنى دارستانێکى زۆرى سروشتییە کە دەتوانرێت لەپیشەسازى جۆراوجۆردا سوودى لێوەربگیرێت.
هەروەها بەهۆى تۆبۆگرافیاى ناوچەکەو ئاو و کانیاوى زۆر و دارستانى جوان و چڕ، دەتوانرێت بکرێتە ناوچەیەکى گەشتیارى بەرچاو. هەروەها بەهۆى هاوسنوورى قەزاى پێنجوێن  لەگەڵ وڵاتى ئێران بووە بەناوچەیەکى بازرگانى گرنگ بۆ هێنان و بردنى کەرەسەو کاڵاى بازرگانى.
لەقەزاى پێنجوێن ساڵانە هەزاران تەن بەرهەمى تەماتەو خەیارو  شووتى و هەروەها مێوەى جۆراوجۆر بەرهەم دەهێنرێت، جگە لەچەندین بەرهەمى خۆرسکى و سروشتى وەکو(ترش، قەزوان، سالمە، کنگر، بنێشت، گەزۆ..) هەروەها زیاتر لە(50)گوند لەسنوورى قەزاى پێنجوێن سەرگەرمى هەنگ بەخێوکردنن، کە بەرهەمێکى ناوازەى هەیە لەڕووى جۆرەوە. بەشێکى زۆرى دانیشتوانى گوندەکانى سنوورى پێنجوێن سەرگەرمى بەخێوکردن و کارى ئاژەڵدارین کە ئەویش بە بەشێکى گرنگ لەئابوورى وڵات ئەژمار ئەکرێ.
لەم ناوچەیەدا چەند سەیرانگایەکى بەناوبانگ هەیە وەکو(بلکیان، چوارباخ، گۆڵێ، سآ چاکان..) کە ساڵانە بەهەزاران گەشتیار رووى تێدەکەن، بەڵام بەداخەوە لەئێستادا پێنجوێن دوو کێشەى سەرەکى هەیە ئەوانیش:
1- رێگا سەرەکییەکانى وەکو پێویست نییە، بەڵام بڕیاربوو لەپلانى ساڵى(2013)ى حکومەتى هەرێمى کوردستان رێگاى سەرەکى پێنجوێن بکرایەتە دووسایت، بەڵام تاێستا جێبەجێنەکراوە.
2- بوونى مین لەناوچەکە کە رێگرە لەهاتوچۆى ئازادانەى گەشتیاران، هەرچەندە ساڵانە دەیان دۆنم لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستان بەردەوام پاک ئەکرێتەوە.

پێنجوێن و کارەساتەکان

قەزاى پێنجوێن چەندینجار و لەقۆناغە جیاجیاکاندا دووچارى کارەساتى سروشتى و مرۆیى بۆتەوە، جگە لەوەى کە لەهەردوو جەنگى جیهانى یەکەم و دووەم ئەم ناوچەیە بێبەرى نەبووە لەقوربانیدان و بارى قورسى گرانیى کاریگەرییە خراپەکانى. هەروەها لەساڵى(1946) پێنجوێن بەرشەپۆلێکى قورسى بوومەلەرزە کەوت کە زیانێکى زۆرى بەشارەکە گەیاند، پاش ئەوەش لەساڵى(1962) لەسەردەستى رژێمى داگیرکەرى ئەوکاتى عێراق ئەو شارە وێرانکراو سووتێنراو، خەڵکەکەشى ئاوارەبوون، دوابەدواى ئەوە جارێکیتر لەساڵى(1968) جارێکى تر حکومەتى عێراق ناوچەکە بۆردووماندەکاتەوەو بەهەمانشێوە خەڵکەکەى ئاوارە دەبێت.
پێنجوێن بەبەردەوامى بەرشاڵاوى پەرلەمار و بۆردوومانى رژێمە یەکلەدواییەکەکانى عێراق بۆتەوە، هەربۆیە دوای پاشگەزبوونەوەى رژێمى بەعس لەوبەڵێنانەى دابووى بەسەلماندنى مافەکانى کورد لەساڵى(1974) جارێکى تر خەڵکەکەى ئاوارە دەبێت و چەندجارێک لەلایەن فڕۆکەکانى بەعسەوە  بۆردومان دەکرێت. لەدواى نسکۆى جوڵانەوەى ئەیلولیش لەساڵى(1978) سەرجەم گوندەکانى سنوورى ئەم قەزایە خەڵکەکەى راگوێزران و خانوو رەز و باخ و موڵک و ماڵى گوندەکانیش سووتێنران لەگەڵ خاکدا یەکسان کران و ناوچەکەش بووە ناوچەى(موحەرەمە) واتە کەس بۆى نەبوو هاتووچۆى پێدا بکات و بەکورتى پێنجوێن و دەوروبەری کرایە ناوچەیەکى سەربازى، لەو ساڵەوە تا وێرانکردن و تەختکردنى پێنجوێن چەندین لاو و گەنجى ئەو ناوچەیەى گولەبارانکردو خەڵاتانى خوێنکرد.
لەساڵى(198٠) قەزاى پێنجوێن بووە مەیدانى شەڕى ماڵوێرانکەرى عێراق و ئێران و لەناچاریدا جارێکى تر خەڵکەکەى ئاوارەبوونەوەو رژێمیش بەهەلیزانى لەساڵى(1983) بەیەکجارى هەرچى نیشانەى ئاوەدانى بوو لەو شارە نەیهێشتوو کاول و وێرانی کردو تەنانەت کانیاوەکانی تەقاندەوەو باخەکانیشى سووتاندو هەرچى رێگاى هاتووچۆ هەبوو مین رێژى کرد تەنانەت تاوەکو ئێستاش ئەم ناوچەیە بەدەست ئەو بەڵای مینەوە دەناڵێنێ، ژمارەى ئەو کەسانەى کە بوونەتە قوربانى و کەمئەندام بوون بە سەدان کەس ئەژمار ئەکرێ.  لەڕیزی شۆڕش و بەرەنگاریی و بزوتنەوەى کوردایەتیشدا، پێنجوێن خاوەنى زیاتر لە(200) شەهیدى سەنگەرەو هەروەها زیاتر لە(٢٠٠) کەمئەندامى هەیە.

پێنجوێن لەڕووی خەبات و شۆڕشگێڕییەوە

لەسەردەمی هەرداگیرکەرێکداو رۆڵەکانی ئەو سنوورە هەمیشە بەرپەرچی زوڵم و زۆری داگیرکەران و زاڵمانیان داوەتەوە، بەخۆپیشاندان و مانگرتن و خەباتی پێشمەرگانەو پارتیزانی دەیان پلانی دوژمن هەڵوەشێنراوەتەوە و لەم پێناوەدا ژمارەیەکی زۆر قوربانی و فیداکارى کراوەو کە لەئێستادا بۆتە لاپەڕەیەکی گەش لەمێژووى ناوچەکە، هەر ئەوەش بووە کە هەمیشە دوژمنان و داگیرکەران زۆر داغ لە دڵبوون بەرامبەر خەڵکى ئەم ناوچەیە.

پێنجوێن و بارى رۆشنبیریى و خوێندەواریى

هەر لەسەرەتاى دروستبوونى شارى پێنجوێنەوە بزاڤێکى رۆشنبیریى و خوێندەواریى بوونى هەبووە، لەسەردەمە کۆنەکانى ژیانى ئەم شارەدا هەروەک شوێنەکانى دیکەى کوردستان بەخوێندەوار وتراوە میرزا جگە لەپیاوانى ئایینى و مەلاو فەقێى ناو مزگەوتەکان، هەربۆیە ئەو چەند میرزایەى کە لەوشارەدا هەبوون هەریەکە لەگەڕەکەکەى خۆیدا شەویان بەخوێندنەوەى داستانە  فۆلکلۆرییەکان بەسەردەبردو شیعرى شاعیران و دیوانى حافزى شیرازیى و چەندین بەسەرهات و قسەى نەستەق و بابەتى دیکە تێکەڵ بەدانیشتنەکان دەبوو.
سەرچاوەى خوێندن و خوێندەواریى تەنیا حوجرەى مزگەوتەکان بووە تا لەساڵى(1935) یەکەمین قوتابخانە لەو شارەدا دامەزراوە. کە لەیەکەم هەنگاودا(100) خوێندکارى هەبووە. هەروەها ئامێرى رادیۆ لەکۆتایى سییەکانى سەدەى رابردوو هاتووتە شارى پێنجوێن، بەڵام ئیتر لەدواى ساڵى(1958) بزاڤى رۆشنبیرى و سیاسى لەو شارەدا گەشەیەکى بەرچاوى بەخۆوەبینیوە. سەرەڕاى شەڕو ماڵوێرانى کە بەسەر ئەوشارەدا هاتووە، بەڵام چەندین کەسى ئەدیب و هونەرمەندى تیادا هەڵکەوتووە، چەند هەوڵێکى بەرچاو هەبووە بۆ نمایشى هونەرى و شانۆیى  کە لەکۆتایى چلەکاندا چەند شانۆیەکى بەشێوە سەرەتاییەکەى  تیادا نمایشکراوە.
لەساڵانى پەنجاکانیشدا چەندین شانۆى تر لەلایەن گەنجان و خوێندەوارانى ئەوشارە ئەنجامدراوە. سەرەڕاى ئەوەى کە پێنجوێن بەچەندین قۆناغى ناجێگیر و ماڵوێرانیدا تێپەڕبووە، بەڵام لەئێستادا جگەلەوەى کە چەندین سەنتەرو تیپى هونەریى و ناوەندى جیاجیاو چەند پێگەیەکى ئەلیکترۆنى هەیە هەر لەم ناوچەیەدا(98) قوتابخانە لەهەرسێ قۆناغەکەدا بوونى هەیە.

پێنجوێن لەوێرانیەوە بۆ ئاوەدانى
 
لەدواى راپەرێن و ئازادکردنى بەشێکى بەرچاوى خاکى کوردستان، قەزاى پێنجوێنیش وەکو شارێکى داگیرکراو و وێرانکراو کەوتەوە دەستى دانیشتوانە راستەقینەکەى و خەڵکە ئاوارەکەى کە چەند ساڵ بوو لەزێدى باوباپیریان بەناچارى دوورخرابوونەوە گەڕانەوە شارەکەى خۆیان. لەپاش یەکەمین هەڵبژاردنى ئازادانە لەکوردستان و پێکهێنانى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئیتر وردە وردە ئاوەدانى روویکردە شارى پێنجوێن.
لەگەڵ گەشەکردنى توانا ئابوورییەکانى حکومەتى هەرێمیش ئاوەدانى زیاتر روویکردە ئەم شارە. ئەگەر بەراوردى ئێستاى پێنجوێن و ئەوسا بکەیت، سەرەڕاى کەموکوڕییەکانیش کەچى ئێستا پێنجوێن لەشارە جوان و ئاوەدانەکانى کوردستانەو دەستى ئاوەدانى تا رادەیەکى باش بەم شارەوە دیارە. قەزاى پێنجوێن لەئێستادا دەروازەیەکى بازرگانى گەورەیە بۆ هێنان و بردنى کاڵاو کەرەسەو پێداویستى بازرگانى. ئێستا لەم قەزایەدا چەندین بیناو دامودەزگاى حکومى و ناحکومى هەیەو جگەلەوەش چەندین کۆمەڵەو رێکخراوى مەدەنى و سەنتەرى رووناکبیریى و جگەلەبوونى بازاڕێکى تایبەتى خۆى، هەروەها(98) قوتابخانەى هەرسێ قۆناغەکەى خوێندن هەیە کە نزیکەى(10) هەزار خوێندکار و(900) مامۆستا لەسنوورى قەزاکەدا بوونى هەیەو خاوەنى بەرێوەبەرێتى پەروەردەى سەربەخۆى خۆیەتى کە(210) فەرمانبەر کارى تیادا دەکات. لەقەزاى پێنجوێن یاریگایەکى نموونەیى تێدایەو(2) یاریگاى داخراو و(44 )تیپى وەرزشى هەیە و یانەیەکى پلە سێشى هەیە. لەدواى ساڵى(2003) هەڵمەتى ئاوەدانى زیاتر بەم شارەوە دەبینرێ و هەتا دێت ئاوەدانى زیاتر رووئەکاتە ئەم شارە.
هەربۆیە لەدواى پرۆسەى ئازادى عێراقەوە دەستکرا بەئەنجامدانى پرۆژەى زیاتر لەم شارەداو ئێستا لە(75%) گەڕەکانى ئەم قەزایە خزمەتگوزاریى پێویستى بۆ دابینکراوە.
لەم قەزایەدا چەندین نەخۆشخانەو بنکەى تەندروستى بوونیان هەیە. یەکێکە لەو شارانەى هەرێمى کوردستان کە(24) کاتژمێر کارەباى هەیە، کە ئەمەش لەبودجەى حکومەتى هەرێمى کوردستان کارەبا لەوڵاتى ئێران دەکڕا بۆ شارەکە. بەڵام بەداخەوە ئەوەى تائێستا وەکو پێویست چارەسەرى ریشەیى بۆ نەدۆزراوەتەوە بوونى دەیان هەزار مینە لەم ناوچەیەدا کە بەشێکى زەوى کشتوکاڵى و هاوینەوارەکانى تەنیوە کە هاوڵاتیان وەکو پێویست ناتوانن سوود لەو زەوییانە وەربگرن هەربۆیە بەم مەرگە شاراوەیە(مین) سەدان کەس لەخەڵکى ئەم ناوچەیە بوونەتە قوربانى و کەمئەندام بوون.
لەکۆتاییدا سەرەڕاى ئەوەى ئەم شارە خاوەنى مێژوویەکى پڕشانازییە و قوربانى زۆرى داوە لەخەباتى کوردایەتى لەقۆناغە سەختەکاندا و وێڕاى ئەوەى کە چەندین پرۆژەى جۆراوجۆر کە جێگاى دڵخۆشى هاووڵاتیانى ئەم شارەو دەوروبەرییەتى کە ئەنجام دراوە: بەڵام  چەندین سەرنج و تێبینى هەیە کە پێویستە سەرنجى بدەین، چونکە لەڕاستیدا سنوورى پێنجوێن ناوچەیەکى زیندوو ستراتیژییە بۆ هەرێمى کوردستان، بەتایبەتى  وەک ئاماژەمان پێکرد لەڕووى کەرەسەى خاوو، بوونى  دەیان  مادەى بەنرخ،  لەبوارى کشتوکاڵى و ئاژەڵداریی و بازرگانى و گەشتیاریشدا کە پرۆژەى زۆر گەورەى بۆ ئەنجام ئەدرێ ئەگەر حکومەت پلانى بۆى  هەبێت لە داهاتوودا، کە ئەنجامێکى زۆرباشى لێ ئەکەوێتەوە، واتە ئاوەدانکردنەوە و بەگەڕخستنى  قەزاى پێنجوێن و سەرچاوە ئابووری و بازرگانى و کشتوکاڵییەکانى، نەک تەنها بۆ دانیشتوانى سنوورەکە، بەڵکو بایەخێکى بەرچاوى بۆ بووژاندنەوەو پێشکەوتنى هەرێمى کوردستان و عێراق دەبێت.
هەربۆیە جێگاى خۆیەتى ئەوە بیرى دامودەزگا پەیوەندیدارەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان بخەینەوە کە ئاوەدانکردنەوەو بەگەڕخستنى سنوورى پڕ لە پیت و بەرەکەتى پێنجوێن، هەنگاوى شێلگیرانەو بەکردەوەى زیاترى گەرەکە، چونکە وەک لەبەشەکانى تردا ئەوەمان خستەڕووکە بەداخەوە هێشتا سەدان دۆنم زەوى، بەملیون مینیان تێیدایەو رۆژانە هەڕەشەى مەرگن بۆ دانیشتوانەکەى کە لەو خێروبێرە مەحرومن و ناتوانن وەکو پێویست لێى بەهرەمەندبن.
هەروەها هێشتا وەک پێویست رێگاوبانەکان رێکنەخراون و زۆر خراپن و نۆژەنکردنەوەو چاکسازیى تێدا ئەنجام نەدراوە، هێشتا لەکۆى  زیاتر لە(110) گوندى ئاوەدان، بەشى زۆرى گوندەکان کارەباى نیشتمانییان پێنەگەیشتووە، هێشتا بەهۆى نەبوونى تاپۆوە لەقەزاى پێنجوێن، کەمترین سوود لەپێشینەى خانووبەرە وەرگیراوە کە کاتى حکومەت جێبەجێیدەکرد کە هاندەری سەرەکییە بۆ ئاوەدانبوونەوەى زیاترى ئەو قەزایە، هێشتا بەشێک لە گوندەکان بیناى قوتابخانەیان نییە، یاخود لەخانووى گڵیندا  منداڵان دەخوێنن، هێشتا پشتیوانیکردنى جووتیارانى سنوورەکە لەئاستى پێویستدا نییە، هێشتا پێنجوێن بێ پەیمانگاو بێ کۆلێژە، هەرچەندە حکومەتى هەرێم بەڵێنیدابوو کە ئەو دوو بەشە لەو قەزایەدا دروست بکرێ.
هەربۆیە ئەرکى حکومەتى هەرێمى کوردستانە کە ئاوڕێکى هەمەلایەنە لەپێنجوێن بداتەوە، چونکە ئەمڕۆ ئەم شارە بۆتە دەروازەیەکى سنوورى گەورەو بەرچاوو کە جموجوڵێکى بەرچاوى بازرگانى تێدا بوونى هەیە کە ئەوەش بەشدارییەکى بەرچاو دەکات لەبەهێزکردنى ژێرخانى ئابوورى ئەم وڵاتە. کەواتە داواو داخوازییەکان بەجێن و دانیشتووانەکەشى مافێکى سروشتى خۆیانە لەو خێرو بێرە بەهرەمەند بن.
 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved