چەند رۆژێکی کەمی ماوە بۆ دوا رۆژی ئەم خولەی هەڵبژاردنەکانی سوید. ململانێکان بۆ بردنەوەی زیاتری ژمارەی کورسی هەتا دێ گەرمتر دەبێت.
ئەم خولی هەڵبژاردنە پێدەچێت رێژەی بەشداریی دەنگدان روو لە هەڵکشان بێت لە چاو خولەکانی پێشوودا، ئەوەی سەرنج دەدرێ زۆرتر ململانێکان لە نێوان مۆدێرات و سۆشیال دیموکراتەکاندایە.
رەنگە ئەمجارەش هیچ یەکێ لەو دوو هێزە نەتوانن نیساب تەواو بکەن بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت!.
هەر بۆیە دیسان چاویان لەسەر دروستکردنی هاوپەیمانییە و هەمان سیناریۆی ساڵی 2022 دووبارە ببێتەوە. هەڵبەتە ئەمجارە هەم باڵانس دەگۆڕێ و سروشتی ململانێکان پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە.
ئەم چوار ساڵەی رابردووی حوکمرانی مۆدێرات نیشانیاندا کە هەرچی دەستکەوتی ساڵانی پێشووی چەپ و سۆشیال دیموکرات هەیە هەڕەشەی پاشەکشەی لەسەر بووە.
هەر بۆیە ئەم خولە، سۆشیال دیموکرات و چەپ لە روانگەی هەستکردن بەو مەترسییانە، بەو پەڕی هێزی خۆیانەوە دابەزیوون بۆ نێو ململانێکان.
دوو لایەنی چەپ هەمیشە لە قۆناغە سەخت و چارەنووسسازەکاندا پشتی یەکیان گرتووە و لە یەک بەرەی خەبات و سیاسەتدا یەکیان بینیووەتەوە، بەڵام هێشتا نەیانتوانیوە ئەو هێزە مسۆگەر بکەن بۆ ئەوەی چانسی بردنەوەی زۆرینەیەک بێت کە بە ئاسانی کابینەی حکومەت پێکبهێنن.
کەواتە سۆشیال دیموکرات بە تاقی تەنیا ناتوانێ بە پشتیوانی 24 بۆ نزیکەی 30 کورسیی پارتی چەپ زۆرینە لە کۆی 349 کورسی پێکبهێنێ! هەر بە ناچاری پێویستی بە هاوپەیمانیی دیکە هەیە.
لەم چەند ساڵەی دواییدا بە هۆی گۆڕان و کرانەوەی سیاسەت و بەرنامەکانی سەنتەر پارتی سوید جۆرێک نزیکایەتی دروست بووە لە نێوان ئەم دوو پارتەدا.
سەرەڕای جیاوازیی فکری و سیاسی کە هەر یەکەیان سەر بە جیهانبینییەکی جیاوازن.
سۆشیال دیموکراتەکان بڕوایان بە سیستمێکی سۆشیالیستی و دیموکراتی هەیە و بە چەپێکی ناوەند ناسراون، لەبەرامبەردا سەنتەر پارتی بڕوای بە فکری لیبرالیزم و بازاڕی ئازاد هەیە، بەڵام لە هەندێک بەرنامە و دروشمدا، خاڵی هاوبەشیان هەیە لەوانە: پرسەکانی خزمەتگوزاریی و ژینگە و پەنابەران و دژایەتی راسیزم ...هتد.
ئەم دوو پارتە لە چەندین قۆناغدا هاویمانیی پەرلەمانییان دروستکردووە لەساڵی 1936 بۆ 1939 و 1951 بۆ 1957 و 1995 بۆ 1998 و 2019 بۆ 2021 و دوایین هاوپەیمانیش لە ساڵی 2022 بوو کە سەنتەر پارتی بە ئاشکرا بەرگریی لە قەوارەی سۆشیال دیموکراتەکان کرد..
ئەگەرچی بە دەنگێکی کەم سۆشیال دیموکرات شکستی خوارد لە بەرامبەر مۆدێراتدا.
ئێستا لە هەموو کات زیاتر سۆشیال دیموکراتەکان پێویستیان بە هاوپەیمانی زیاترە، خولی پێشوو سەنتەر پارتی 24 کورسی هەبوو لەگەل 107 کورسی سۆشیال دیموکرات بوونە 131 کورسی.
سۆشیال دیموکرات لە قۆناغی ئێستادا، دوو هاوپەیمانیی ئاشکرای هەیە کە هەردوو پارتی چەپ و سەنتەر پارتییە! بەڵام گرفتەکە ئەوەیە کە هەردوو پارتی هاوپەیمانی سۆشیال دیموکرات بە حوکمی جیهانبینی و جیاوازییان لە ململانێیەکی توندی ئاشکرادان لە بانگەشەکانی ئەمجارەی هەڵبژاردنەکاندا یەکتری تۆمەتبار دەکەن لەسەر چەند پرسێکی ناوخۆیی و جیهانی.
بەردەوامیی ئەم ململانێ و دوورییەی ئەم دوو هاوپەیمانەی سۆشیال دیموکرات، رەنگە کاریگەریی نەرێنی هەبێت لەسەر رەوتی چارەنووسی هاوپەیمانییەکان بەرامبەر مۆدێرات کە بتوانێ چانسی بردنەوەی هەبێت و نیسابی یاسایی تەواو بکات بۆ پێکهینانی کابینەی نوێی حکومەت.
سۆشیال دیموکرات بۆ مامەڵەکردنێکی زانستی بابەتی و سیاسی دەبێت میکانیزمێکی عەقڵانی بگرێتە بەر تا هیچکام لە هاوپەیمانەکانی لەدەست نەدات و ئەم ململانێیەی سەنتەر پارتی و پارتی چەپ بە قازانی راستڕەوەکان نەشکێتەوە.
چاودێرانی سیاسی جیهان بەگشتی و کورد بە تایبەتی بە بایەخەوە دەڕواننە پرۆسەکە و چارەنووسی سیاسی لە وڵاتی سوید، بە تایبەتی بۆ کورد کە ساڵانێکە ژمارەیەکی زۆری پەنابەری کورد لەو وڵاتە نیشتەجێن لە خێر و بێر و دەستەکەوتەکانی چەپ و سۆشیال دیموکرات بەهرەمەندن.