رۆژی 5ی ئەم مانگە، دوایین رێککەوتنی سنووردارکردنی کڵاوەی ئەتۆمی لەنێوان روسیا و ئەمریکا بە رەسمی کۆتاییهات، ئەمەش بە مانای کۆتاییهاتنی زیاتر لە نیو سەدە هەوڵەکان دێت بۆ سنووردارکردنی مەترسیدارترین چەکی لەناوبردن لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.
پەیمانی (New START) چییە؟
ئەم پەیمانە لە 8 ی نیسانی ساڵی 2010 لە نێوان باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا و دیمیتری مێدڤێدێڤ سەرۆكی پێشووی روسیا، لە شاری پراگی پایتەختی کۆماری چیک واژۆکرا.
ئەم پەیمانە بەمەبەستی کەمکردنەوەی رێژەی چەکی ئەتۆمی نێوان هەردوو وڵاتی ئەمریکا و روسیایە، بەگوێرەی پەیمانەكە ژمارەی مووشەکە بالیستییە کیشوەربڕەکانی هەردوولا لەژێر ئاویی و بۆمبهاوێژە قورسەکاندا نابێت لە 700 دانە زیاتر بێت، هەروەها لەناو کارگەی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی روسیا و ئەمریکا، ژمارەی کڵاوە ئەتۆمییەکان لە 2200ەوە بۆ 1550 کەمکراوەتەوە و سیستمە هەڵگرەکانیش لە 1600ەوە بۆ 800 کەمکراوەتەوە.
جیهان لەبەردەم هەڕەشەكانی چەكی ئەتۆمدا
ئێستا بە كۆتاییهاتنی ئەم پەیمانە لە هەموو كات زیاتر، جیهان لەبەردەم هەڕەشە و مەترسییە گەورەكانی چەكی ئەتۆمیدایە، ئیدی هیچ رێگری و پاساوێك لەبەردەم زلهێزەكاندا نەماوە بۆ پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی كڵاوەی ئەتۆمی و زیادكردنی ژمارەیان. 
كۆتاییهاتنی دوایین پەیمانی کۆنتڕۆڵکردنی چەکی ئەتۆمی لە نێوان ئەمریکا و روسیادا، تەنها رووداوێکی یاسایی یان تەکنیکی نییە، بەڵکو ساتێکی گرنگە کە کۆتاییهاتنی زیاتر لە نیو سەدە هەوڵەکان بۆ سنووردارکردنی مەترسیدارترین چەکی لەناوبردنە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.
لەگەڵ کۆتاییهاتنی پەیماننامەكەی مۆسكۆ و واشنتۆن، جیهان لەبەردەم دۆخێكی ئەتۆمی نوێدایە، دۆخێك کە سنوور و کۆنترۆڵی نییە، لە سەردەمی خێراکردنی پێشبڕکێی چەک و تێکچوونی متمانە لە نێوان زلهێزەکان و هاوپەیمانەکانیاندا.
روسیا و ئەمریكا و تۆمەتباركردنی یەکتر
هەریەك لە ئەمریكا و روسیا یەكتر تۆمەتباردەكەن، بە پێشێلكردنی پەیماننامەكە و مۆسکۆ دەڵێت، کە داوای درێژکردنەوەی رێككەوتننامەكەی كردووە، بەڵام هیچ وەڵامێکی لەلایەن واشنتۆنەوە نەدراوەتەوە، هاوكات کرملین ئامادەیی خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر پێشبڕکێیەکی نوێی چەکی ئەتۆمی نیشانداوە.
کۆتاییهاتنی (New START)، کۆتایی هاتنی زیاتر لە نیو سەدە هەوڵەکانە بۆ کۆنترۆڵکردنی چەکی ئەتۆمی لە نێوان مۆسکۆ و واشنتۆن.
لەگەڵ کۆتاییهاتنی پەیماننامەی (New START)، داهاتووی کۆنترۆڵکردنی چەکی ئەتۆمی بە نادیاری ماوەتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان واشنتۆن و مۆسکۆ و سەرهەڵدانی چین وەک هێزێکی ئەتۆمی لە هەڵكشاندایە.
ئەمریكا داوای پەیماننامەیەكی نوێ دەكات
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای واژۆکردنی پەیماننامەیەکی نوێی ئەتۆمی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەکات، ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت، ئەمجارە چینیش ببێتە بەشێک لە هەر رێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی، بەوپێیەی جبەخانە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتە لە گەشەکردنێکی خێرادایە.
بیانووی ترەمپ بۆ تازەنەکردنەوەی پەیمانەکە، ئەوەیە کە لە پەیمانە تازەکەدا، دەبێت وێڕای روسیا، چینیش بێتە ناو پەیمانەکەوە، بەڵام چین رەتی دەکاتەوە و دەڵێت، کارگەی چەکە ئەتۆمییەکەی بچووکە و بۆ مەبەستی بەرگریکردن بەکاریدەهێنێت نەک هێرش بۆ سەر وڵاتانی دیکە.
پێشتر ئەمریکا لە ساڵی 2019 لە پەیماننامەیەکی تری گەورەی چەکداماڵیندا کشایەوە، (پەیماننامەی INFی ساڵی 1987) بوو کە مووشەکی ئەتۆمی مەودای مامناوەندی دەگرتەوە.

كێن ئەو وڵاتانەی كڵاوەی ئەتۆمییان هەیە:
1. روسیا (5.889) كڵاوەی ئەتۆمیی
2. ئەمریكا (5.550) كڵاوەی ئەتۆمی
3. چین (500) كڵاوەی ئەتۆمی
4. فەرەنسا (290) كڵاوەی ئەتۆمی
5. بەریتانیا (225) كڵاوەی ئەتۆمی
6. هیندستان (172) كڵاوەی ئەتۆمی
7. پاكستان (170) كڵاوەی ئەتۆمی
8. ئیسرائیل (90) كڵاوەی ئەتۆمی
9. كۆریای باكوور (20 تا 60) كڵاوەی ئەتۆمی.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved