بەرەبەیانی 3ی ئەیلولی 2025 لە گۆڕەپانی تیانان مێن، دەیان هەزار سەربازی چینی لە نمایشێکی سەربازیدا وەستابوون، کە بەگەورەترین نمایش لە مێژووی هاوچەرخی وڵاتەکەدا دەژمێردرێت، پەکین لە نمایشەکەدا هەموو سیستمەکانی شەڕی سەربازی مۆدێرنی خۆی نمایش کرد و پەیامێکی تایبەتی بۆ جیهانیش نارد، بە بۆنەی 80 ساڵەی کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی دووەم و سەرکەوتنی بەسەر ژاپۆن.
ئیدی چین نەیارێكی گۆشەگیر نییە
بەڵام نمایشەکە تەنیا سەربازی نەبوو؛ بەڵکو رەهەندی سیاسی و دیپلۆماسیشی تێدابوو، سەرکردایەتی چین حەزی دەکرد سەرەنجی زۆری جیهان بۆ خۆی رابکێشێت، کە لە رێگەیەوە هەوڵیدا پێگەی خۆی وەک زلهێزێك لە باشووری جیهاندا دووپات بکاتەوە و دەریبخات چیتر تەنها نەیارێکی گۆشەگیری خۆرئاوا نییە.
یەكێك لە دیمەنە سەرنج راكێشەكان، دانیشتنی ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا بوو لە تەنیشت شی جین پینگ سەرۆکی چین، بۆ مۆسکۆ کە بەهۆی شەڕی ئۆکرانیا لە گۆشەگیریدا نوقم بووە، ئامادەبوونی سەرۆكی روسیا لە پەکین بەمانای شەرعیەتدان بە روسیا و هەروەها پەیامێكیش بوو بەوەی مۆسكۆ تەنها نییە، بۆ چینیش نیشانەیەكی زیندوو بوو، بۆ متمانەی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات و پەیامێكی سیاسیش بوو بەوەی پەکین و مۆسکۆ لە چرکەساتی ئێستا تێدەپەڕن بەرەو هەماهەنگییەکی فراوانتر دەڕۆن. کاتی نمایشەكەش رێکەوت نەبوو؛ چونکە لە کاتێکدایە واشنتۆن نیوەندگیری گفتوگۆیەکی سێ قۆڵی لەگەڵ مۆسکۆ و کیێڤ دەکات، شی و پوتن دەرفەتیان قۆستەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی دوای جەنگ.
چاودێران پێیانوایە ئەوەی ئەنجامدرا، تەنها نمایشێكی پرۆتۆکۆڵی نەبوو، بەڵکو کردەوەیەکی ستراتیژی بو و پەیامێکی گەیاند، بەوەی چین هێزی سەربازی و پێگەی دیپلۆماسی هەیە و دووبارە مێژوو دەنووسێتەوە.
پەیام بوو بۆ واشنتۆن
لە نمایشەکەدا روونترین پەیام ئاراستەی واشنتۆن کرا بەوەی، «تۆ تەنیا نیت لە گەردووندا»، چین خۆی وەک زلهێزێکی جیهانی بەرپرسیار نیشان دەدات، کە دەورە دراوە بە بازنەی گەشەسەندووی دۆست و هاوبەشەکان، لە رووی سەربازییەوە ئامادەیە بۆ شەڕکردن لە هەرکاتێک پێویست بکات.
سێ لایەنی ئەتۆمی چین
یەکەم ئامراز کە پەکین بۆ داڕشتنی پەیامە ستراتیژییەکانی بەکاری هێنا، تیشکخستنە سەر ئەوەیە کە پێی دەوترێت، «سێ لایەنی ئەتۆمی» چین، کە توانای دەستپێکردنی هێرشی ئەتۆمی چینە لە یەک کاتدا، لە وشکانی و دەریایی و ئاسمانییەوە، ئەمەش وایکردووە لە هەمان ئاستدا بێت لەگەڵ ئەمریکا وەک هێزێکی ئەتۆمی گەورە.
شی جینپینگ، سەرۆکی چین لە نمایشە سەربازییە گەورەكەدا، پەردەی لەسەر چەکی لەیزەری، مووشەکی بالیستی ئەتۆمی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی زەبەلاحی ژێردەریایی لادا.
لە رێوڕەسمەکەدا ڤلادیمیر پوتینی سەرۆکی رووسیا و کیم جۆنگ ئوون، رێبەری کۆریای باکوور، دیارترین میوانەکان بوون و دەیان سەرکردەی دیکەش لە وڵاتانی تری جیهانەوە ئامادەبوون.
ترەمپ بە هەڕەشەی دادەنێت
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، گەرمترین سڵاوی هەیە بۆ ڤلادیمیر پوتین و کیم جۆنگ ئوون، بەڵام بە شی جین پینگ دەڵێت: لە پەکین پیلانگێڕی دژی ئەمریکا دەکات، بەشێک لە شرۆڤەکارانیش دەڵێن، کۆبوونەوەی ئەو سێ سەرکردەیە، پەیام بووە بۆ ئەمریکا.
چین لە بارەی کۆبوونەوەی لووتکەی پەکین لەنێوان سەرۆکەکانی چین، روسیا و کۆریای باکوور، وەڵامی ئەمریکای دایەوە و رەتیکردەوە لەم دیدار و بۆنەیەدا هیچ پلانگێڕییەک لە دژی ئەمریکا کرابێت.
ئەوەش لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی چینەوە كە رایگەیاند: پەرەپێدانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی چین لەگەڵ هەر وڵاتێک، هەرگیز لە دژی هیچ لایەن و وڵاتێكی سێیەم نییە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند، میوانداریی ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا و کیم جۆن ئوون، سەرۆکی کۆریای باکوور بۆ بەشداربوون لە یادی سەرکەوتنی چین لە جەنگی دووەمی جیهانی، تەنیا جەختکردنەوەیەکە لەسەر بەهێزی پەیوەندییەکانی پەکین لەگەڵ مۆسکۆ و بیۆنگیانگ.
ئەو چەكە نوێیانەی كە چین نمایشی كردن
چین بۆ یهكهمجار پهردهی لهسهر هێزی ستراتیژیی وشكانی و دهریایی و ئاسمانی خۆی لادا.
بۆ یهكهمینجار، مووشهكی جینگلی-1 كه له ئاسمانهوه ههڵدهدرێت، مووشهكی بالیستی كیشوهربڕی گولانگ-3ی ژێردهریایی، مووشهكی كیشوهربڕی دۆنگفێنگ-61ی بنكه وشكانی و موشهكی كیشوهربڕی دۆنگفێنگ 31ی وشكانی پێكهوه نمایشكرد.
جگە لە نمایشكردنی (مووشەکی دژە کەشتی، درۆنی ژێر دەریایی، قەڵغانی دژە مووشەک، لەیزەری پێشکەوتوو، چەکی ئەتۆمی نوێ و زرێپۆشی نوێ).
بەهۆی ئەم نمایشەوە چین هەوڵیدا پشتڕاستی بکاتەوە کە چیتر تەنها هێزێکی ناوچەیی نییە، بەڵکو زلهێزێکی ئەتۆمی تەواوەتییە، توانای ئەوەی هەیە لە هەموو رێڕەوەکانەوە هێرشی ستراتیژی لە یەک کاتدا ئەنجام بدات.
لە رووی بەرگریی ئاسمانی و شەڕی ئەلەکترۆنییەوە، چین سیستەمی نوێی نمایش کرد کە بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆمەڵێک هەڕەشەی هاوچەرخی بەرفراوان داڕێژراون، لە مانگی دەستکردەوە تا فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.
نمایشە سەربازییەکە، پەیامێکی روونی سەبارەت بە توانا ستراتیژییەكانی چین گەیاند، لە کاتێکدا پەکین چەکی پێشکەوتووی نمایش کردووە، بەڵام زۆربەیان لە بارودۆخی راستەقینەی شەڕدا تاقی نەکراونەتەوە، ئەمەش پرسیار لەسەر قەبارەی ئەم جبەخانەیە دروست دەکات، ئایا تواناكانی سنووردارن، یان سیستمێکن کە چڕی و راهێنانی پێویستیان هەیە، بۆ ئەوەی لەسەر ئاستێکی گەورە بەكار بهێندرێن؟
بابەتی زیاتر