هەینی رابردوو سوپای پاکستان چەند ناوچەیەکی ئەفغانستانی بۆردوومان کرد، لەوانەش کابولی پایتەخت، وەزیری بەرگریی پاکستان دەڵێت، وڵاتەکەی لەگەڵ ئەفغانستان لە «جەنگێکی کراوەدا»یە.
بۆردوومانەکەی پاکستان دوای ئەوە هات، هێزەکانی تاڵیبان هێرشیان کردە سەر هێزە سنوورییەکانی پاکستان، تاڵیبان دەڵێت، ئەو هێرشەیان وەک «تۆڵەسەندنەوەیەک» بووە بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی پێشووی پاکستان.
جاری پێشوو شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ئەو دوو دراوسێ موسڵمانە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا روویدا و بەهۆیەوە زیاتر لە 70 کوژراو و سەدان بریندار لە هەردوولا كەوتنەوە، پێش ئەوەی بە رێککەوتنی ئاگربەست و بە نێوەندگیری قەتەر و تورکیا کۆتایی پێبێت.
گرژییەکانی نێوان ئەفغانستان و پاکستانیش لەدوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە لە ساڵی 2021ەوە سەری هەڵدا.
دروستكردنی بەربەستێكی سنووری پەیوەندییەكانی تێكدا
ساڵی 2022 پاکستان دەستیکرد بە دروستکردنی بەربەستێك (راگرێك)ی سنووری بۆ رێگریکردن لە دزەکردنی چەکداران، ئەمەش لەلایەن تاڵیبانەوە دژایەتی دەکرا، بۆیە بووە هۆی زیادبوونی پێکدادانەکانی نێوان هەردوولا و پەیوەندییەکانی نێوان ئیسلام ئاباد و کابوڵێش بە شێوەیەکی بەرچاو تێکچوو و لە چەند مانگی رابردووشدا شەڕ و پێکدادانی کوشندە لە سنوورەکاندا روویدا.
ئیسلام ئاباد پێشتر گروپە جوداخوازە چەکدارەکانی بەلوچستان (باشوور) و تاڵیبانی پاکستان و گروپە ئیسلامییەکانی دیکەی (باکوور)ی بە بەکارهێنانی خاکی ئەفغانستان وەک بنکەیەک بۆ دەستپێکردنی هێرشەکان تۆمەتبار کردووە و حکومەتی تاڵیبانیش چەندین جار تۆمەتەکانی پاکستانی رەتکردووەتەوە.
لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا، راپۆرتێکی نوێنەری هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان (یونامی) رایگەیاند «لە ماوەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی رابردوودا، 70 هاووڵاتی مەدەنی لە ئەفغانستان کوژراون و نزیکەی 480 کەسیش برینداربوون لە ئەنجامی هێرشەكانی پاکستان بۆ سەر ئەو وڵاتە».
پەیوەندیی پەرەسەندنەكان بە هێڵی (دیوراند)ەوە چییە؟
بە سادەیی بڵێین ئەوە هێڵی سنوورییە کە هەردوو وڵات لەیەکتر جیادەکاتەوە، بۆ ئەوەی بە وردی وەسفی بکەین، زیاتر لە مینێکی چێنراو دەچێت کە بەریتانیا چاندویەتی، کاتێک ئیمپراتۆریەتەکەی بەشێکی زۆری جیهانی کۆنترۆڵ کردبوو، لەنێویاندا کیشوەری هیندستان.
لە بنەڕەتدا، قەیرانەکە پەیوەستە بە (هێڵی دیوراند)ەوە، کە لە ساڵی (1893) بە رێککەوتنێک لە نێوان سێر مۆرتیمەر دیوراند و ئەمیر عەبدولڕەحمان خانی ئەمیری ئەفغانستان ئیمزاكرا، لەو کاتەی بەریتانیا حوکمی هیندستانی دەکرد، ئەم هێڵە هۆزە پشتونەکانی لە نێوان هەردوولا دابەشکرد، کاتێک لە ساڵی (1947) دەوڵەتی پاکستان دامەزرا، ئەم هێڵەی وەک سنووری نێودەوڵەتیی کۆتایی هەژمار کرد، لە کاتێکدا حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئەفغانستان بە شێوەیەکی راشکاو و هەمیشەیی دانیان پێدا نەناوە.
پەرەسەندنەكان چوونەتە قۆناغێكی نوێوە
گرژیی نێوان پاکستان و ئەفغانستان چیتر تەنها شەڕێکی سنووری نییە بەدرێژایی هێڵی دیوراند، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا گۆڕدرا بۆ قەیرانێکی ئەمنی ئاڵۆز کە خەریکە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە قاڵب دەداتەوە و هەڵبژاردەی قورس دەخاتە بەردەم ئیسلام ئاباد، لە مامەڵەکردن لەگەڵ واقیعی دوای گەڕانەوەی تاڵیبان لە کابوڵ. هێرشە ئاسمانییە سەربازییەکانی ئەم دواییەی پاکستان لەناو خاکی ئەفغانستان و وەڵامە سەربازییەکانی تاڵیبان لە سنوورەوە، ئاشکرای دەکەن کە پەیوەندییەکە چووەتە قۆناغێکی رووبەڕووبوونەوەی پێکهاتەیی، لە وەڵامدانەوەی تاکتیکی بۆ هێرشەکانی تاڵیبانی پاکستان تێپەڕیوە بۆ ململانێی ئیرادە و ستراتیژییەکان.
رەنگدانەوەی گۆڕانکارییەکی قووڵترە
چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن، ململانێی ئێستا رەنگدانەوەی گۆڕانکارییەکی قووڵترە لە هاوسەنگی هێزدا، تاڵیبان چیتر بزووتنەوەیەکی گۆشەگیر نییە کە بەدوای پشتیوانی پاکستاندا بگەڕێت، بەڵکو دەسەڵاتێکی دیفاکتۆیە کە هەوڵدەدات بۆ هەمەچەشنکردنی هاوپەیمانییە ناوچەییەکانی.
بە سەرنجدان لەم بارودۆخانە، وا دیارە واقیعیترین بژاردە تێکەڵەیەک بێت لە دیپلۆماسی و نێوەندگیری و بەڕێوەبردنی قەیرانەکان، بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی ململانێکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی درێژخایەن لەگەڵ کاردانەوەکانی کە دەتوانێت لە سەرانسەری باشووری ئاسیادا درێژببێتەوە، قەیرانی پاکستان و تاڵیبانی حوکمڕانی ئەفغانستان ئیتر ناکۆکییەکی سنووری نییە؛ بووەتە تاقیکردنەوەیەک بۆ پێناسەکردنەوەی پەیوەندی نێوان دوو دەوڵەتی دراوسێ لە دۆخێکی ناوچەیی زۆر هەستیاردا.