بە شێوەیەکی گشتی لە فەرهەنگی هەڵبژاردنەکانی خۆرئاوادا شتێک نییە بە ناوی دەنگدەری موسڵمان و غەیرە موسڵمان، بەڵکو مافی دەنگدان لە هاووڵاتیبوونەوە سەرچاوەدەگرێ و بە یەکسانی مامەڵە لەگەڵ دانیشتووان دەکرێت، بێ گوێدانە رەگەز، ئایین، یان بنەچەو شتی تر، بەڵام لە پراکتیکدا ئایین یەکێک لە گۆڕانکارییە سەرەکییەکان پێکدەهێنێت و هاوکیشەکان دەگۆڕێت، ئەمە لەزۆربەی وڵاتانی ئەوروپی وایە و هەموویان بەو تایبەتمەندییە ناسراون کە عەلمانیەت پیادەدەکەن، بەپێی زۆربەی توێژینەوە و راپرسییەکان، هەڵبژاردن کە لەماوەی دوو دەیەی رابردوودا کە لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن و جۆری دەنگدەران کراون، دەریدەخەن کە ئایین رۆڵی دیاری هەیە لەسەرخستن و پەکخستنی پارتە سیاسییەکان، ئەم گۆڕانکارییانە پەیوەستە بە دابەزینی بەردەوامی بیروباوەڕی کاسۆلیکی لە بەرژەوەندیی ئەو توێژانەی دانیشتووان کە خۆیان وەک «بێ ئایین» دەناسێنن، جگەلەوەش گەشەی دانیشتووانی موسڵمان کە ئیسلام ئێستا نوێنەرایەتی دووەم گەورەترین ئایینەکان دەکات لە ئەوروپا، ئەوە وادەکات ئایینی کاسۆلیکی یان کریستیانی، پشتیوانی سەرەکی پارتە راستڕەوەکان و پارێزگارەکان بەدەستبێنن و موسڵمانانیش هەرچەندە وەک بیروباوەڕ لەدژی بیری مارکسی و سۆشیالیستین و لە وڵاتی زگماکی خۆیان لە دژیان دەوەستنەوە، کەچی کە دەگەنە ئەوروپا پشتیوانیان دەکەن و دەنگیان پێ دەدەن. 
بەگشتی دەنگی موسڵمانان بە بەردەوامی بە پلەی یەکەم بۆ ئۆردوگای سۆشیالیستەکان رۆیشتووە، هۆکارەکان زۆرن لە هەموویان گرنگتر متمانەی دەنگدەرە پێیان، لەلایەکی تریش لە رۆڵی مێژوویی ئەو چەپانەوە دێت لە پێشوازیکردن لە کۆچبەران و پشتیونیکردنیان، ئەوان بەپێچەوانەی راستڕەوەکان داوای کۆمەڵگەیەکی فرەچەشن و تێکەڵاو و فرەنەتەوە و فرەکەلتور دەکەن، بەرگری لە دەوڵەتی ئاسوودە و ژیان و مافەکانی کرێکاران و یەکسانی دەکەن و لە دژی رەگەزپەرستی وەستاونەتەوە، هەربۆیە زۆرینەی موسڵمانانی فەرەنسا لە هەڵبژاردنی رابردوو 2024 دەنگیان بەچەپەکان دا و سەریانخستن، هەروەها لە هەڵبژاردنی مانگی رابردووی سویدیش، هەمان شت دووبارە بووەوە و زۆرینەی موسڵمانان دەنگیان بە پارتی سۆشیال دیموکرات و چەپەکان داوە، لەهەڵبژاردنی رابردووی بەریتانیا، دەنگی زۆرینەی بیانی و موسڵمانەکان بۆ پارتی کرێکاران بووە و ئێستا حوکمی وڵاتەکە دەکەن، هەمان شێوە دوو هەفتە لەمەوبەر لە هەڵبژاردنی هەرێمی بەرلین، ئەمە بە روونی دەرکەوت، کاتێک پارتی چەپ بەدەنگی موسڵمانانی هەرێمەکە دەنگی زۆرینەی هێنا و لە راستڕەوەکانی بردەوە، بەپێی توێژینەوەیەکی هەفتەنامەی Junge Freiheit کە نزیکە لەدەسەڵات 82 ٪ی موسڵمانان دەنگیان بە پارتی چەپی ئەڵمانی داوە، لە دوو هەرێمی تریش هەر ئەم ریتمە دووبارە بووەوە.
ئەگەر لای رەوەندی عەرەبی هۆکاری تر ئەوە بێت کە ئەو چەپانە داکۆکی لەمافی فەلەستینییەکان دەکەن لە دژی ئیسرائیل و بەوهۆیەوە سۆزی نەتەوەییان بەدەست هێنابێت، بەڵام بۆ کورد ئەمە نییە، بەڵکو ئەوەیە کە زۆربەی چەپەکان بەرنامەیان لەدژی ئەو رژێمە سەرکوتکەرانەن کە کوردیان تێدا دەژی و داکۆکی لەمافی کەمەنەتەوەکان دەکەن، زۆرجاران لەکاتی مەرگەساتەکانی گەلی کورد لە هەموو پارچەکاندا، لە دژی دەسەڵاتەکان وەستاونەتەوە و رەخنەی توندیان لە حکومەتەکان گرتووە کە لە ئاست تراژیدیاکانی سەر کورد بێدەنگ و بێ هەڵوێستن، هەرچەندە تائێستا بەکردار هیچیان بۆ کورد نەکردووە، تەنها ئەوە نەبێت توانیویانە سۆزی دەنگدەری کورد بۆخۆیان رابکێشن.
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved