کۆتایی هەفتەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی لە بەریتانیاوە ئاشکرای کرد، یەکێک لەو هۆکارانەی کە دەیانەوێت بنکەیەکی سەربازی لە ئەفغانستان چالاک بکەنەوە و چەند یەکەیەکی سوپا بگەڕێننەوە بۆ بنکەی سەربازی باگرامی ئەفغانستان، چونکە ئەو شوێنە ستراتیژییە بۆ ئەمریکا، ئەم پرسە تازە نییە و ترەمپ زۆرجار ئەوەی درکاندووە کە وڵاتەکەی دەستبەرداری ئەفغانستان نابێت و هەمیشە بە توندی رەخنەی لە جۆ بایدنی سەرۆکی پێشوو گرتووە، کە لە کاتی کشانەوەی ئەمریکادا لەو وڵاتە لە  2021 ، نەدەبوو وازی لەو بنکە ئاسمانییە بهێنابایە و دامەزراوەکانی ئەمریکای لەژێر کۆنترۆڵی تاڵیباندا جێهێشتبایە،  ترەمپ وتویەتی ئێستا بنکەکە لەژێر کۆنترۆڵی چیندایە.
بۆچی دەگەڕێتەوە؟
مەسەلەکە پەیوەندی بە ئەفغانستانەوە نییە، بەڵکو هۆکاری تر هەن لە پێشەوەیاندا ئەوەیە، کە چین چەندین شوێنی ئەتۆمی لە خۆرئاوای ئەو وڵاتە هەیە و یەکێکیان 30 کیلۆمەتر لەو بنکەیەوە دوورە، وەک بنکەی شین جیانگ و گانسۆ، کێڵگە نوێیەکانی «حەمی و یومێن» لە قۆناغی دروستکردندان، هەروەها لە شەنگەهایش شوێنی هاوشێوەی هەیە، سەربازگەی باگرام تەنها سەعاتێک لەو بنکە گرنگەی چینەوە دوورە و دەتوانێت بە ئاسانی چاوەدێریی ئەو شوێنە بکات و زانیاریی نهێنییان لەسەر کۆبکاتەوە، بنکەی سەربازی باگرامی ئەفغانستان لە شوێنێکی ستراتیژیدایە، چونکە سەعاتێک دوورە لەو شوێنەی، چین چەکی ئەتۆمی تێدا دروست دەکات. 
خاکێکی پڕ کانزا و بەپیت و بەرەکەت
هۆکاری ئابووریش هەیە، ئەویش ئەوەیە، لەو ماوەیەی ئەمریکا لەو وڵاتە بووە بۆیان دەرکەوتووە، کە پڕیەتی لە سامانی سروشتی و کانزای پڕ بەها، لەوانە ئەلەمنیۆم و گۆگرد و زێر و زیو و دەیان کانزای دەگمەنی تر، ئەو لیسیۆمەی کە لەناو چیا وچۆڵەکانی ئەو وڵاتەدا هەیە، بەقەد ئەوەی وڵاتی پۆلیڤیا دەبێت، کە لە هەموو جیهان یەکەمینە، بۆ بەرهەمهێنانی ئەو کانزایەش، توێژینەوەکان سەلماندویانە، کانزای یەدەکی ئەفغانستان بەبڕی تریلیۆنێک بۆ سێ تریلیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت و تائێستا بەبێ سوود لەژێر خاکدا ماونەتەوە، بۆیە وەک دەڵین ئەمریکا لەبەرامبەر کەمێک پشتیوانی بۆ تاڵیبان، دەستکەوتێکی کانزایی دەستکەوێت، هۆکاری تریش ئەوەیە پێنتاگۆن دەیەوێت لەو ناوە بنکەیەکی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆری هەبێت، وەک دەڵێن ئەمریکا بەتەمایە زیاتر لە 10 هەزار سەرباز و بەرگری ئاسمانی پێشکەوتووی تێدا جێگیر بکاتەوە.
چاوپۆشین لە ئەتوارەکانی تاڵیبان
وەک میدیاکان ئاماژەیان پێکردووە، دوو سێ مانگە، دانوستان لەسەر ئەمە دەستیپێکردووە و تائێستا تاڵیبان ئەوەی رەتکردۆتەوە، بەڵام لەوەدەچێت بە چاوپۆشین لەو بڕیارانەیان لەهەمبەر مافەکانی ژنان و دیموکراسی و ئازادییەکان بەتایبەتیش لەم دواییەدا، کە ژمارەیەک بڕیاری دژ بە بە ژنانیان دەرکردووە لەوانەیە سەربگرێت، لە حاڵەتی ئەکتیڤ بوونەوەی سەربازیی ئەمریکا لەو بنکەیە، تووشی ئاڵەنگاری دەبێتەوە، بەهۆی بوونی پاشماوەکانی داعش و ئەلقاعیدە لەو هەرێمە، جگە لەوەش مەترسیی ئەوە هەیە، کە بەرەو رووی هەڕەشەی مووشەکی ئێران ببێتەوە، بۆیە خۆیان بۆ هەموو ئەو ئەگەرانە ئامادەکردووە.
دەیەوێت پلانەکەی پەکین شکست پێبهێنێت
چین لە مێژە جێگەی سەرنجی سوپای ئەمریکا بووە، چونکە لەو ساڵانەی دواییدا توانای چەکی ئەتۆمی زیاد کردووە و سایلۆی نوێی دروستکردووە، لە هەمان کاتدا جبەخانەی ستراتیژیی خۆی فراوان و مۆدێرن کردووە، پێنتاگۆن لە راپۆرتی ساڵی رابردوودا سەبارەت بە سوپای چین، رایگەیاندووە: پەکین بەنیازە لە ماوەی دەیەی داهاتوودا جبەخانەی ئەتۆمی خۆی فراوانتر بکات، مەزەندەی کردووە کە تا ناوەڕاستی هەمان ساڵ600 کڵاوەی ئەتۆمی لە جبەخانەکەیدا دروست بکات و تا ساڵی 2030 بیگەیەنەتە هەزار. ئەو نەخشەیەی چین تائێستا سەری گرتووە و بەپێی  ئەو پلانەی بەڕێوەدەچێت، بۆیە ترەمپ دەیەوێت نەخشەکە شکست پێبهێنێت یان هەر هیچ نەبێت چاودێری بکات و زانیاری لەبارەوە هەبێت.
گەورەترین بنکەی ستراتیژییە لەهەموو جیهاندا
باگرام بنکەیەکی سەربازی مێژووییە و لەسەر ئاستی جیهان گەورەترینە، تەنها 60 کیلۆمەتر لە باکووری کابولی پایتەختەوە دوورەو کاتی خۆی لەلایەن سۆڤیەتەوە دروستکراوە، لە دوای هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەر بۆ ماوەی 20 ساڵ لەبەردەستی ئەمریکادا بووە، لەدوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان، 900 فڕۆکەی بارهەڵگری سی  17یان گواستەوە و  زیاتر لە 16 هەزار پارچە ئامێریان لەناوبرد و دەیان هەزار پارچە چەکیشیان بەجێهێشت، کە بە حەوت ملیار دۆلار خەمڵێندراون، دوای رادەستکردنەوەی بە تاڵیبان، لەوساوە چەند جارێک نمایش و مانۆری سەربازی هاوبەشی چین و ئێران و ئەفغانستانی تێدا کراوە.
سەرچاوە: میدیای ئەڵمانیا
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved