لەدوای ئەو هەموو ساڵانەی شەڕ و کوشتار لە سوریا، سەرەنجام کپکرایەوە و ئێستا تادێت بەرەو بنیاتنانی نەزمێکی ناوچەیی دەچێت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەنووکە قۆناغێکی نوێ هاتۆتەکایەوە، ناوەندی ئەم قۆناغە پەرەسەندنی رکابەریی هەژموونە لە نێوان تورکیا و ئیسرائیلدا، بوونی پێگەی سەربازی و هێز و کاریگەریی بەسەر دەسەڵاتی دیمەشقەوە هەیکەلەی ئەو نەزمە نوێیە دیاری دەکات، پێشهاتەکەی ئەم دواییەی ئیسرائیل لە دژی تورکیا کە هەشت هێرشی ئاسمانی بۆ سەر بنکەی ئاسمانی ئەبو ئەلدهور لە باکووری خۆرئاوای سوریا ئەنجامدا، ئەمە لەگەڵ پێشهاتەکانی دیکەدا گرنگییەکی تایبەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بەپێی میدیاکان، سەرۆکی مۆسادی ئیسرائیل، گوایە سێ رۆژ بەر هێرشەکە بە تەلەفۆن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سوریا قسەی کردووە و نیگەرانیی خۆیانی پێڕاگەیاندووە لە بوونی سەربازیی تورکیا و هەڕەشەی لێکردوون، بۆیە ئەو پرسە گەیشتۆتە ئاستێکی بەرزتر و تەنها ناکۆکییەکی سیاسی نییە، بەڵکو بۆتە پرسێکی ستراتیژی ئەمنی و سەربازی.
ئەنقەرە لەگەڵ بەکراوەیی هێشتنەوەی کەناڵەکانی لەگەڵ تاران، دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتۆنیش بپارێزێت
سوریا چیتر شانۆیەکی پەراوێزخراو نییە 
گرنگیی شوێنی ستراتیژی و جوگرافی سوریا بۆ هەریەک لە تورکیا و ئیسرائیل بایەخێکی زۆری هەیە، بۆ هەردووکیان وەک قووڵایی ستراتیژی  ئاسایشی نەتەوەیی دیاری دەکات، هەمان کات زەمینەیەکی لەباری هەیە بۆ ئەوەی لەدوای نەمانی ئەسەد، ئەنقەرە کاریگەرییە ناوچەییەکانی خۆی دابڕێژێتەوە، پەیوەندییە سیاسی و ئەمنییەکانی نێوان ئەنقەرە و دەسەڵاتی نوێی سوریا، بەهایەکی دیار لەسەر بەرگری و ئاسایش و بنیاتنانەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت بە تورکیا دەبەخشێت، لە ئەنجامدا شۆڕبوونەوەی دامەزراوە و ژێرخانی سەربازی تورکیا لە ناوخاکی سوریا نابێت تەنها وەک هاوکاری سەربازیی کاتی سەیر بکرێت، دەکرێت بنەمایەکی سەرەکی داڕشتنەوەی دەزگا ئەمنییەکانی سوریا بێت، ئیسرائیلیش لەوە تێدەگات کە تورکیا دەیەوێت هێدی هێدی وڵاتەکەی بکاتە سێبەری بەرفراوانی خۆی، بۆیە نیگەرانیی تەلئەبیب گەیشتۆتە لووتکە و و دەمێکە خۆی دانوساندووە کە ئاماژەیەکی توندی ئەو نیگەرانییانەی نیشانی هەردوولا بدات.
ئاستی ستراتیژی ئەنقەرە 
سیاسەتی تورکیا بەرامبەر بە سوریا هەر ناردنی سەرباز و بەرژەوەندیی و پێگە نییە، بەڵکو پشت بە چەند ئاراستە و ئامزازێک دەبەستێت، نێوەندگیریی دیپلۆماسی و هاوبەشیی ناوچەیی و توانا سەربازییەکان لەگەڵ کاریگەریی ئابووری و سیاسی تێکەڵ دەکات، سەبارەت بە ئێرانیش، ئەنقەرە لەگەڵ بەکراوەیی هێشتنەوەی کەناڵەکانی لەگەڵ تاران، دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتۆنیش بپارێزێت، ئەمەش ئاسان نییە،  هەمان کات لەگەڵ میسر و پاکستان هەوڵی داوە رێگا دیپلۆماسییەکان بپارێزێ ، تەنها لەپێناوی ئەوەی ببێتە کاراکتەرێکی بەهێز لەو نەزمە نوێیەی کە ئەمریکا و ئیسرائیل پلانیان بۆداناوە، هەر بۆ ئەم مەرامە هەنگاوێکی دیکەی ناوە بۆ دروستکردنی بەرەیەکی ناوچەیی لە رێگەی ئەو رێککەوتنە بەرگرییەی کە لەگەڵ سعودیە و پاکستان واژۆی کردوە، بەمجۆرە سیاسەتی تورکیا لەئاست سوریا بەشێکە لە هەوڵێکی بەرفراوانتر بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە چوارچێوەی نەزمێکی ناوچەییدا کە لە ئێستادا گۆڕانکاریی بنەڕەتی بەسەردا دێت و ئیسرائیلیش بەو پلانانەی دەزانێت، ئیسرائیل کێشەکەی ئەوە نییە کە تورکیا بەرژەوەندیی لە سوریادا هەبێت، ئەم بەرژەوەندییانە ساڵانێکە هەن، تەحەدای راستەقینە ئەوەیە کە ئەنقەرە تادێت بەرژەوەندییە سیاسییەکانی خۆی دەگۆڕێت بۆ توانای سەربازی و دامەزراوەیی کە توانای کاریگەریی لەسەر گەشەسەندنی داهاتووی دەوڵەتی سوریا وهەیکەلی بیناسازی ئەمنی داهاتووی سوریا زیاتر دەبێت، کرانەوەی ئەنقەرە لەگەڵ کورد و دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی و بردنی کۆبوونەوەکانی بۆ باکووری کوردستان، هەمان ئەو نەخشەڕێگەیەی ئەردۆغانن بە زیندوویی مانەوە و رێگرتنە لە دروستبونی هەر قەوارەیەکی کوردی لەو ناوچەیەدا کە جارجارە ئیسرائیل لەکاتی پێویستدا دەیورژێنێت، ئەو هەڵوێستە تازەیە رەنگدانەوەی پەرەسەندنی ستراتیژی تورکیایە لە گۆڕینی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانەوە بۆ ئاراستە سیاسییەکان، بە واتایەکی تر ئەنقەرە هەوڵ دەدات سروشتی دەوڵەتی داهاتووی سوریا بە شێوەیەک دابڕێژێتەوە کە کەمترین ناوەندی سەربەخۆی دەسەڵاتی کوردی تێدابێت، لەمەش تۆم باراک هاوکاری دەکات. 
ئەگەر تورکیا سەرکەوتوو بێت لە دامەزراندنی پێگەی سەربازیی هەمیشەیی لە سوریا، ئەوا دەبێتە توخمێکی حەتمی لە هەر نەزمێکی ئەمنی داهاتووی ئەو وڵاتەدا، ئەمەش بۆ ئیسرائیل تەحەدایەکی گەورەیە و مومکین نییە ئەمەی قبوڵ بێت،  بۆیە چیتر تەنیا وەک ناوچەیەکی ئەمنی تەماشای سنووری سوریا ناکات زیاتر سەرنجی لەسەر ئەو پرسیارە دەبێت کە کێ ئەو بۆشاییە ستراتیژییە پڕدەکاتەوە کە بەهۆی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی سوریاوە دروست بووە، ئیسرائیل هەرگیز ناهێڵێت تورکیا لەو وڵاتە ببێتە میرکوڕ و خۆیشی وەک زلهێزێکی ناوچەکە سەیری دیمەنەکە بکات، ئەمەی پێ هەرس ناکرێت کە دوژمنە سەرەکییەکانی لەسەر سنووری وڵاتەکەی تەراتێن بکەن و هەوڵی تێکدانی ئاسایشەکەی بدەن. 
ئایا سوریا دەبێتەوە گۆڕەپانی شەڕ؟
سیناریۆی بەهێزی ململانێکە ئەوەیە کە شەڕی راستەوخۆی نێوان تورکیا و ئیسرائیل روونەدات، بەڵام رکابەری و ململانێکان، بەردەوام دەبن و قۆناغی رووبەڕوبوونەوەی ناڕاستەوخۆ و درێژخایەن لەنێوان هەردوو زلهێزدا بەردەوام بێت، کە ئەمەش مەترسیدارترینە، ئەمە دیمەشق دەخاتە دۆخێکی زۆر سەختەوە، چونکە ئەوان پێویستیان بە پشتیوانیی تورکیا هەیە بۆ ئاوەدانکردنەوەی دامەزراوە دەوڵەتی و سەربازییەکانیان، هەمان کات بەهیچ شێوەیەک ناتوانێت رێگری سەربازی ئیسرائیل بکات و گوشارەکانی ئەمریکاش پشتگوێبخات، بەم شێوەیە سوریا دەبێتە مەیدانی ململانێی دوو زلهێزی گەورەی ناوچەیی کە توانای سەربازیی پێشکەوتوویان هەیە، لەو نەزمە نوێیەدا سوریا خاکێکی گەرم و پڕ جموجۆڵ و پڕ هەژموونی هەردوولا دەبێت.
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved