پرۆسەی هەڵسەنگاندن و چاودێری: لە گرنگترین ئەرکە ڕێکخراوەییەکانن، دەتوانین بڵێین بریتییە لە پرۆسەی هەڵسەنگاندن و چاودێرکردنی چالاکییە ڕێکخراوەییە ڕاستەقینەکانی حیزب و بەراوردکردنی لەگەڵ چالاکییە ڕێکخراەییە  پلان بۆ داڕێژراوەکان، پاشان دەستنیشانکردنی لادانەکان بە شێوەیەکی ڕون، بە مەبەستی کۆنتڕۆکردن و ڕاستکرنەوەی لادانەکان و  چارەسەرکردنیان بەشێوەیەکی بنچینەیی،بەمەبەستی دڵنیابوون لە سەلامەتی حیزب، و باشترکردنی ئەدای کارکردن، و بەدیهێنانی ئامانجەکان و کۆنتڕۆڵ کردنی کێشەکان و نەهێشتنی مەترسییەکان.
چاودێری و هەڵسەنگاندن دوو پرۆسەی جیاوازن بەڵام تەواوکەری یەکترن کە یارمەتی حیرب دەدات بۆ هەڵسەنگاندن و چاودێریکردنی ئەدای کارکردنیان و باشترکردنی ستراتیژییەکانیان.
چاودێریکردن ئاماژەیە بۆ کۆکردنەوە و شیکردنەوەی بەردەوامی زانیارییەکانی پەیوەست بە چالاکییەکانی بەرنامەی حیزب و هەنگاوەکانی پێشکەوتن و گەشەپێدان ،ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە حیزب لەسەر ڕێڕەوی خۆی دەمێنێتەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی بە پێدانی فیدباکێکی دەستبەجێ.
هەڵسەنگاندن هەڵسەنگاندنێکی قووڵترە بۆ کاریگەرییە گشتییەکانی بەرنامەو پلانەکان، و سەیرکردنی ئەنجامەکان ،ئایا لەگەڵ ئامانج و بەهاکانی حیزبدا هاوتەریبن یان نا هەڵسەنگاندن پرۆسەیەکی بەردەوام و گشتیرە بەمەبەستی بەدیهێنانی بەهای درێژخایەن.
پێکەوە، یەکخستنی چاودێری و هەڵسەنگاندن چوارچێوەیەکی گشتگیر بۆ حیزب دابین دەکات بۆ فێربوون، گونجاندن و باشتربوون و پابەندبوون بە تێپەڕبوونی کات.
هۆکارەکانی پشت بەستنی حیزب بە سیستەمی هەڵسەنگاندن و چاودێری :
1- هەڵسەنگاندن و چاودێریکردنی ڕەفتاری حیزبی بەمەبەستی ڕێگریکردن لەهەڵەو لادانەکان و پارستنی حیزب  لەو مەترسیانەی بەهۆی ڕەفتارە نەخوازراوەکانەوە ڕوبەڕوی دەبێتەوە.

2- دڵنیابوونەوە  لەپابەندبوون و کوالیتی پلانەکان و پێدانی زانیاری دروست بۆ فەرهەم هێنانی ژینگەیەکی گونجاو بۆ جێ بەجێکردنی پلانە ستراتیژییەکان .

3- هەڵسەنگاندن و چاودێریکردنی ئۆرگانەکانی حیزب و بەرپرسەکان بەمەبەستی دڵنیابوونەوە، لەپیادەکردنی ئەودەسڵاتەی کە پێیاندراوە بەشێوەیەکی دروست و کاریگەرانە .

4- سیستەمی هەڵسەنگاندن و چاودێری کەشێکی ڕێکوپێک دەڕەخسێنێت  لەناو حیزبدا کەدەبێتە هۆی بەرزکردنەەی مۆڕاڵی کارکردن، ئەمەش بەهۆی فەراهەم هێنانی ژینگەیەکی ئارام و دڵنیا .

5- سیستەمی هەڵسەنگاندن و چاودێری هاندەردەبێت لە پێشکەشکردنی ئەدایەکی بەرزی ڕێکخراوەیی .

6- سیستەمی هەڵسەنگاندن و چاودێری بەوردی سەرنج دەخاتە سەر بەدیهێنانی ئامانجەکان،هەرجۆرە لەمپەرو ئاڵنگاریە دیاری دەکات بەمەبەستی چارەسەرکردنیان.
7-سیستەمی هەڵسەنگاندن و چاودێری دەبێتەهۆی بەرزکردنەوەی ئاستی کارایی و کاریگەری  ئۆرگانەکانی حیزب لە ڕێگەی کەمکردنەوەی بەفیڕۆدان و زیانەکانە ، هەروەها باشترین کەڵک وەرگرتن لە بەکارهێنانی سەرچاوەکان.

ئامانجەکانی سیستەمی هەڵسەنگاندن و چاودێری
1- پێوانەکردنی گەشەکردن و پێشکەوتن
سیستەمی هەڵسەنگاندن و چاودێری پشتڕاستی دەکاتەوە کە هەموو کارە حیزبیەکان بەپێی پلانی دانراو و ڕێنماییە ڕوونەکان بەردەوامن،بەمەبەستی گەیشتن بەئامانجە دیاریکراوەکان .
2- سیستەمی هەڵسەنگاندن و چاودێری بەکار دەهێنرێت بۆ دیاریکردنی هەڵە و لادانەکان لە ڕێڕەوی دیاریکراو ، وەڕێکاری پیویست دەخاتەڕوو بەمەبەستی، گرتنەبەری ڕێوشوێنی چاکسازی.
3- سیستەمی هەڵسەنگاندن و چاودێری بەکاردەهێنن بۆ دەستنیشانکردن و جێبەجێکردنی ستراتیژییەکانی گۆڕانکاری و گرتنەبەری ڕێوشوێنی گونجاو لە دژی هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر ئۆرگانەکانی حیزب.
4- سیستەمی هەڵسەنگاندن و چاودێری پێشنیاری کردەی چاسازی دەکات بۆ بڕیاربەدەستان بەمەبەستی چارەسەرکردنی هەڵە و کەموکوڕییەکان.

سوودەکانی سیستەمی هەڵسەنگاندن و چاودێری:
1-کۆکردنەوەی زانیاری بەشێوەیەکی زانستی و پیشەییانە و ناردنی بۆ ئۆرگانە پەیوەندیدارەکانی حیزب ئەمەش وایان لێدەکات کە بەردەوام بن لە کارەکانیان بە شێوەیەکی ڕێک و پێک.
2-ڕێگەو شێوازی گونجاو دەخاتەڕ بۆ دووبارە خۆڕێکخستنەوە بەمەبەستی خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکاریە خێراکانی چواردەوری حیزبدا .
3-.دڵنیا بوونەوە لەوەی کەتەواوی دامەزراوەکان و ئۆرگانەکان لە پلانی کارکردن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان تێدەگەن.
4-سیستەمی هەڵسەنگاندن و چاودێری یارمەتی دروستکردنی فیدباک دەدات لە هەموو قۆناغەکانی کارکردندا.
5-سیستەمی هەڵسەنگاندن و چاودێری هەماهەنگی و پەیوەندی کاریگەر بەدەست دەهێنێت، کە دەبێتە هۆی یەکخستنی ئامانجەکان.
6-ئەم سیستەمە زانیاری دەربارەی تاکەکان دەدات ئۆرگانە باڵاکان، بەشێوەیەکی سیستەماتیک پەیوەندی نێوانیان ڕێکدەخات و لە ژێر چاودێریدا دەیانهێڵێتەوە و دیسیپلین لە نێوانیاندا بەرەوپێش دەبات.

بنەماکانی سیستەمی هەڵسەنگاندن و چاودێری:

1- پرەنسیپی دڵنیایی و بابەتیبوون: ئەم سیستەمە، هەڵە لە پلانەکاندا دەستنیشان دەکات کە ڕوویانداوە یان ئەگەری ڕوودانیان هەیە، وە ڕێکاری چاکسازی دەگیرێتەبەر ،بۆیە مەبەست لەم سیستەمە گەیشتن بە ئامانجەکانی ڕێکخراوەکە.
2- بنەمای کارایی کۆنترۆڵکردن :ئەم سیستەم بەشێوەیەکی فراوان پشت بە تەکنەلۆژیا دەبەستێت لە کۆنترۆڵکردن و دیاریکردنی لادانەکان و هۆکارەکانیان. ئەم بنەمایە گرنگە چونکە ئاسایش و ئارامی زانیاریەکان دەپارێزێت و کاتێکی زۆریش پاشەکەوت دەکات.
3- بنەمای بەرپرسیارێتی :
ئەم سیستە هەمووان پابەند دەکات بەجێبەجێکردنی پلانەکان و جێ بەجێکردنی ئەرکەکان لەکاتی خۆیدا بەبێ هیچ جۆرە لادان و دواخستنێک .
4- بنەمای خێرایی لە بەدەست هێنان:
سیستەمی هەڵسەنگاندن و چاودێری فیدباکێکی دەستبەجێ و خێرا دەدات کە دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ ڕاستکردنەوەی لادانەکان لە ئەدای پێویست کە ڕوویانداوە ،بەپشت بەستن بە پێشبینییە تۆمارکراوەکان.
5- بنەمای کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆ
هەروەک چۆن کۆنتڕۆڵی ناڕاستەوخۆ بۆ دیاریکردنی هەڵەکان بەکاردەهێنرێت، پێویستە کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆ بەکاربهێنرێت بۆ ڕێگریکردن لێیان ، باشترکردنی کوالیتی بەرپرسەکان یارمەتیدەرە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە زۆر کەم هەڵە دەکەن.
6- بنەمای پلاندانان:
سیسیەمی هەڵسەنگاندن و چاودێری جێبەجێکردنی کاریگەرانەی پلانەکان پشتڕاست دەکاتەوە بەشێوەیەک تەکنیکەکانی ئەم سیستەمە ڕەنگدانەوەی پلان و پێکهاتەی حیزب   دەبێت.
سیستەمی هەڵسەنگاندن و چاودێری ڕێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر لەم بوارانەی خوارەوەدا:
هەڵسەنگاندن و چاودێری سەرچاوە داراییەکان ،هەڵسەنگاندن و چاودێری سەرچاوە مرۆییەکان ،هەڵسەنگاندن و چاودێری سەرچاوە مادییەکان، هەڵسەنگاندن و چاودێری سەرچاوەی میدیا.

ئەنجام:
هەڵسەنگاندن و چاودێری پرۆسەیەکی بنەڕەتی  و بنچینەییە کە ئامانجی چاودێریکردن و هەڵسەنگاندنی ئەدای  ئۆرگانەکانی حیزبە لە بەرامبەر ستانداردە دامەزراوەکان، و دواتر گرتنەبەری کردەی پێویستە بۆ باشترکردنی ئەدای کارکردن و دڵنیابوون لە گەیشتن بە ئامانجە دیاریکراوەکان.
 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved