لە بیستەکانی سەدەی بیستەمدا، حکومەتەکەی مەلیک مەحموود بە پلانی سێ لایەنەی (ئینگلیز، تورک و عێراق) ڕوخا، هەر لەو ساڵانەدا جوڵانەوەکەی سمکۆ لە ڕۆژهەڵات لە باربڕا و سمکۆ خۆشی بە پلانێکی دەوڵەتی ئێرانی کوژرا. هەردوو شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران و ئارارات، لە لایەن دەوڵەتی تازە دامەزراوی تورکیاوە، کە مستەفا کەمال (ئەتاتورک) ڕابەرایەتی دەکرد، بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە سەرکوتکران و سەرانی شۆڕشیش لە سێدارەدران.
ئەو کارەسات و ڕووداوانەی ئەو ڕۆژگارە، کە نزیکەی سەد ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە، بوو بە هۆی پاشەکشەیەکی بەردەوامی دۆزی کورد و کەلتووری کوردی و بزووتنەوەی کوردایەتی.
لە کۆتایی بیستەکانی سەدەی رابردووەوە تا ڕاپەرینە مەزنەکەی بەهاری ١٩٩١، دۆزی کوردی نەیتوانی بگەڕێتەوە سەر شانۆی سیاسی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، گەرچی لەو ماوە دوورودرێژەدا (بە نزیکەی شەست ساڵ)، چەندین شۆڕش و ڕاپەڕین لە پارچەکانی کوردستاندا، لە لایەن گەلی کوردەوە ئەنجامدرا، تەنانەت کۆمارە چەند مانگیەکەی مەهاباد و بەیاننامەکەی ١١ی ئازاری ١٩٧٠، کە وەک دوو دەسکەوتی مەزن و دوو وەرچەرخانی نەتەوایەتی هەژماردەکرێن، نەیانتوانی گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی نە لە ژیانی فەرهەنگی و نە لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی خەڵکی کوردستاندا دروستبکەن، بە پێچەوانەوە .. ئەم دوو دەسکەوتە نەتەوایەتیەش هەر زوو بە پلانی داگیرکەران و نە خەمڵیوی بیری سیاسی کوردی پوکانەوە.
ڕاپەڕین و کۆڕەوە دوو ملیۆنیەکەی خەڵکی کوردستان، بەرامبەر زوڵم و ستەمی دەوڵەتی عێراقی، کە لێکەوتەی دووەم جەنگی کەنداو و گرتنی کوێت بوو، گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەر دۆزی کورد لە ناوچەکەدا هێنا، جارێکیتر کێشەی نەتەوایەتی و مرۆڤایەتی کورد، کەوتەوە سەر شانۆی سیاسی وڵاتە زلهێزەکانی جیهان، بەتایبەتی بڕیاری ژمارە (٦٨٨)ی ئەنجومەنی ئاسایش کە لە ٥/٤/١٩٩١ دەرچوو، بوو بە چەترێک بۆ پاراستنی گەلی کوردی باشوور لەدەست ڕژێمی داپڵۆسێنەری عێراقی، لە ژێر سێبەری ئەو چەترە و بەهۆی یەک ڕیزی و یەک دەنگی گەلی کورد و هێزە سیاسیەکانی، توانرا بۆ یەکەم جار کورد ببێتە خاوەنی حکومەت و پارلەمانی خۆی.
پەلامارەکانی ڕێکخراوی ترۆرستی داعش، پێگەی کوردی لە ناوچەکەدا بەهێزتر کرد، بەتایبەتی دوای ئەو بەرەنگاریە قارەمانانەی، کە کچان و کوڕانی کورد لە ڕۆژئاڤا (شەڕڤانان) و هێزەکانی پێشمەرگە لە باشوور کردیان، داعش وەک هێزێکی قیزەون لە جیهاندا ناسێنرا، کوردیش وەک گەلێکی قارەمان و شۆڕشگێڕ، هێزە کوردیەکانی ڕۆژئاڤا توانیان خۆ بەڕێوەبەریەک لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیاندا چێک بکەن، لەو پارچەیەی کوردستانیش کورد بوو بە خاوەنی هێز و دەسەڵاتی بەڕێوەبردن، ئەو بەرگری و خۆ بەڕێوەبەرێتیەی شەڕڤانان بە شێوەیەک بوو، کە چاوی هاوپەیمانی دژە داعشی بۆ خۆی ڕاكێشا و کۆمەک و پشتیوانی باش کران، بزوتنەوەی کوردایەتی لە باکووریش پێی نایە قۆناغێکی هەستیارەوە، کە کورد پێی دەڵێت پڕۆسەی ئاشتی و دەوڵەتی تورکیاش تا ئێستا بە نەهێشتنی ترۆر ناوزەدی دەکات.
پێگەی کورد لە ناچەکەدا تا ئاستێکی باش زۆر لە سەدەی ڕابردوو باشترە، گەرچی نە دەوڵەتی دامەزراندووە و نە چوارچێوەیەکی تۆکمەش بۆ پاراستنی ئەو پێگەیە هەیە.
هەمیشە ئەوەی مایەی مەترسی بووە بۆ گەلی کورد، پیلانی بەردەوامی داگیرکەران و ناکۆکی ناو ماڵی کورد بووە، دیارە پیلانی داگیرکەران هەر بەردەوامە و ئەوە کاری هەموو داگیرکەرێکە، ناکرێت ئەوباڵی هەموو نەهامەتیەکان بۆ داگیرکەرانی کوردستان و بەڵێنی ناڕاستی هێزە جیهانی و هەرێمایەتیەکان بگەڕێنینەوە، دەبێت گەلی کوردیش هەم پلانی خۆی هەبێت و هەم یەکگرتوویی و یەک ڕیزی خۆی بپارێزیت.
  لە ئێستادا پلانێکی زۆر گەورە لە سەر قەوارەی هەرێم و ئەو خۆبەڕێوەبەریەی ڕۆژئاڤا و خەباتی چەند ساڵەی کوردایەتی باکوور هەیە، لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا بینیمان کە تاریک پەرستان، بە هاوکاری و ڕێنمایی دەوڵەتێکی داگیرکەری کوردستان، چۆن پەلاماری ڕۆژئاڤایان دا و چەند دڕندانە هێرشیان کردە سەر شەڕڤانان، چەند ساڵێکیشە قەوارەی هەرێمی کوردستان کەوتۆتە ژێر بارێکی قورسی ئابووریەوە، ئەمە جگە لە شاڵاوی بە عەرەبکردن لە ڕێگەی ئاسانکاری کڕێنی خانووبەرە لە کوردستاندا و گۆڕین و بێ بایەخکردنی زمان و کەلتووری کوردی بە بیانوی ئاینیی، پڕۆسەی ئاشتی لە باکووریش، هیچ نیە جگە لە لەباربردنی خەباتی چەکداری و نەتەوەیی چەند ساڵەی ئەو پارچەی نیشتمان.
بە دڵنیاییەوە نەمان یان لاوازکردنی هەر یەکە لەو پێگەو دەسەڵاتانەی کوردی لە باشوور، باکوور، ڕۆژئاوا، کار ئاسانی دەکات بۆ داگیرکەرانی کوردستان، کە زۆر بە ئاسانتر پێگەو دەسەڵاتی کورد لە بەشەکانی تریش لاواز بکەن و نەیهێڵێن.
ئەوەی من لێرەدا دەمەوێت بیڵێم بە خەمخۆرانی گەلی کورد، بەتایبەتی بە بەڕێزان لە حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتی کوردی لە باشوور، یەکەم لاوازبوونی هەر یەکە لەو دوو ستاتۆ کوردیەی باکوور و ڕۆژئاڤا، لاوازبوونی زیاتر و نەمان بەسەر قەوارەی هەرێمدا دەهێنێت، هەوڵێکی داگیرکەرانی کوردستان هەیە، کە دەیانەوێت لە ڕێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێگەی کورد لە پارچەکانیتری کوردستان لاواز بکەن، حکومەتی هەرێمیش بە بیانووی پاراستنی قەوارەی هەرێم لاری نیە لە جێبەجێکردنی ئەو پلانەدا، کە ئەمە ئەنجامێکی زۆر خراپی بۆ تەواوی گەلی کورد و ئایندەی قەوارەی هەرێم دەبێت، دووم داواکاریم ئەوەیە کە دەبێت هەرچی زووترە ناوماڵی کورد ڕێکبخرێتەوە، ئەو ناکۆکی و نا تەباییەی هێزە بڕیار بەدەستەکانی هەرێم، جگە لەوەی کە کەلێنێکی گەورەیە بۆ جێبەجێکردنی پیلانەکانی داگیرکەران، قەوارەی هەرێم و دەسەڵاتی کوردیش وەک حکومەتەکەی مەلیک مەحموود نغرۆ دەکات، کە ڕەنگە گەلی کورد تا شەست ساڵیتر، یان بۆ هەتا هەتا باجی ئەو غرور و بێ باکیەی سەرانی دەسەڵاتی کوردی بدات، یەکگرن با مێژوومان لەسەر دووبارە نەبێتەوە.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved