ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤ، بەشێوەیەکی وا ڕیکخراوە کە تەواوکەری یەکتربن و هەمووی بەیەکەوە جەستەیەکی ڕێک و تەواو بە مرۆڤ دەبەخشن، چاو بۆ بینین، گوێ بۆ بیستن، قاچ بۆ ڕۆیشتن و.... بەم شێوەیە، ئەو بەشەی ناو کاسەسەری مرۆڤ (مێشک)، گرنگترین بەشی جەستەیە، کە هەموو کار و فەرمانەکانی جەستە و هەموو گوتار و هۆشیاریەکی مرۆڤ، دەکەوێتە ژێر هەژموونی ئەم بەشەوە، بە تێکچونی ئەم بەشەی جەستە، ئیتر مرۆڤ دەکەوێتە دۆخێکی نائاساییەوە، وەک پێویست توانای جێبەجێکردنی ئەرکە فیزیکی و کۆمەڵایەتیەکانی نامێنێت. هەمیشە پێویستیان بە هاوکاری کەسانی ترە، لەڕووی پزیشکی و کۆمەڵایەتیەوە وەک مرۆڤێکی ئاسایی هەژمار ناکرێت.
مێشکی مرۆڤ (دەماخ)، بریتیە لە دوو نیوەگۆی تا ڕادەیەک هاوسەنگی ناو کاسەی سەر، کە هەموو زیندە چالاکی و تەنانەت چالاکیە کۆمەڵایەتیەکانی مرۆڤ بە ئەنجام دەگەیەنێت، ئەم مێشکەی مرۆڤ بەهۆی گەشەی بەردەوامیەوە، توانای بەرهەمهێنانی سێ جۆر عەقڵی هەیە (عەقڵ وەک پێناسە کۆمەڵایەتیەکەی) ئەوانیش:
یەکەم/ عەقڵی بایۆلۆجی: ئەم عەقڵە بەرهەمی سروشتیی مێشکە، تەنها تایبەت نیە بە مرۆڤ، بەڵکو هەموو گیانەوەرانیش هەمان ئەم عەقڵە بایۆلۆجیەیان هەیە، کاری ئەم عەقڵە پاراستنی جەستە و هێشتنەوەی رەگەزە، ئەم عەقڵە مرۆڤ لە برسێتی و تینوێتی ئاگاداردەکاتەوە، هانماندەدات بۆ گەڕان بەدوای خواردن و خواردنەوەدا، لە هەستی مەترسی سەرجەستەمان ئاگادارمان دەکاتەوە و هانمان دەدات بۆ ڕاکردن و خۆشاردنەوە یان بەرەنگاربوونەوە، ئەم عەقڵە خواستی زاووزێ و نەوە خستنەوەمان تێدا دروستدەکات، عەقڵی بایۆلۆجی بنەمای هێشتنەوەی ڕەگەزی مرۆڤ و گیانەوارانە لەسەر ڕووی زەوی، واتە کاری عەقڵی بایۆلۆجی بەشێوەیەکی گشتی تەنها پاراستنی جەستە و هێشتنەوەی ڕەگەزی مرۆڤە.
دووەم/ عەقڵی هۆشمەند: ئەم عەقلە ئەنجامی گەشەی کۆمەڵایەتی مرۆڤە، ئەم عەقڵە تەنها تایبەتە بە مرۆڤ و لە گیانداراندا نیە، ئەم عەقڵە بناغەی هۆشیاری لای مرۆڤ دەچەسپێنێ، لە ڕێگەی ئەم عەقڵەوە مرۆڤ هەستی برایەتی و خزمایەتی و هاوئاینی و هاونیشتمانی و هاونەتەوەیی تێدا دروستدەبێت، کە لایەنی کەمی هۆشیارییە،  ئەم عەقڵە توانای داهێنان و پێشکەوتنی هەیە، بەڵام عەقڵی هۆشمەند عەقڵێکی ڕیژەییە، واتە لای هەموو مرۆڤەکان وەک یەک گەشەی نەکردووە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ باری کۆمەڵایەتی، بۆ ئەو ژینگە سروشتی و سیاسی و ئابووریەی کە مرۆڤەکانی تێدا گەورەدەبن، لە پاڵ ئەمانەشدا کەلتوور و ئایین ڕۆڵێکی گەورە لە دروستکردنی ئاستی عەقڵی هۆشمەنددا دەبینن، لەسەروو ئەمانەشەوە تاکەکانی مرۆڤ لە ڕێگەی پەروەردە و خوێندنەوە، یان خوێندنەوە و گەڕان و رووداو و کارەساتەکان، کە ئەزموونێکیان بۆ دروستکردووە، دەتوانێت ئاستی هۆشیاریی بباتە  قۆناغێکی سەرووتر، واتە دەتوانن گەشە بە عەقڵی هۆشمەندی خۆیان بدەن.
تا عەقڵی هۆشمەندی لە مرڤدا گەشەکردووبێت، مرۆڤ کامڵتر و سەقامگیرتر دەبێت، توانای بڕیاری گونجاوتر و پەیوەندی کۆمەڵایەتی بەهێزتری دەبێت، کێشە بەردەوامەکانی ژیان کەمتر ڕووبەڕووی دەبێتەوە، ئاسانتر دەتوانێت ئاستەنگەکانی ڕۆژانەی ژیان تێپەڕێنێت.
وەک لەسەرەتاوە وتمان عەقڵی هۆشمەندی یان هۆشیاری عەقڵێکی ڕێژەییە و لە هەموو مرۆڤەکاندا وەک یەک گەشەی نەکردووە، هەر بۆیە مرۆڤەکان لە ئاستی ڕوانینیان بۆ دیاردە و ڕووداوەکان، بیرۆکە و بۆچوونی جیاوازیان هەیە، هەندێک لە مرۆڤەکان هۆشیاری سیاسیان بەرزە، هەندێک هۆشیاری ئابوری، هەندێکیتر هۆشیاری بازرگانی، یان پیشەسازی یان کۆمەڵایەتی و ... بەم شێوەیە، هەر لەو ڕوانگەشەوە لێکدانەوە بۆ کۆی ڕووداوەکان دەکەن، بەڵام تێکڕای مرۆڤەکان خاوەنی هۆشیاریەکی گشتین، ئەمەش خەسڵەتێکی تایبەت و بێ چەندوچوونی مرۆڤە.
سێهەم/ عەقڵی باڵا: کەمترین ڕێژەی مرۆڤ هەڵگری ئەم جۆرەی عەقڵن، ئەم عەقڵە تایبەتە بە بیرمەند و فەیلەسوف و پێغەمبەران، هەڵگرانی ئەم عەقڵە، داڕێژەری بیرۆکە و ڕیبازی گەورە و فراوانن بۆ کۆی مرۆڤایەتی، بەشێوەیەک بیرۆکەکانیان بۆ دەیان و سەدان ساڵ، تەنانەت بۆ هەزاران ساڵ دوای خۆشیان کاریگەری هەیە، بیرۆکەکانی ئەم عەقڵە لە چوارچێوەی قەوارەیەکی دیاریکراودا، یان لە زەمەنێکی مێژووییدا قەتیس نابێت، بەڵکو وەک تیشکی خۆر دەگاتە هەموو قوشبنێک و بۆ زەمەنێکی دوورودرێژ دەمێنێتەوە، کۆنفیشیۆس، ئەفلاتون، نیچە و پێغەمبەران و سەدانیتر هەڵگری ئەم جۆرەی عەقڵ بوون.
ڕەنگە ئەوەی سود لەم جۆرەی عەقڵ نەبینێت، تەنها خاوەنەکەی بێت (بیرمەندەکە بێت)، زۆرجار ئەم خاوەن عەقڵانە خۆیان بوون بە قوربانی، وەک گالیلۆ، حەلاج و فەرەج فۆدە و دەیانیتر، یان لەسەر بیروبۆچوونەکانیان، لە زەمەنی خۆیاندا توشی چەرمەسەری و دەربەدەری و ژیانی سەخت بوونەتەوە، توشی لێدان و گرتن و سزای قورس بوونەتەوە، بەڵام بەردەوام بوون و کۆڵیان نەداوە، هەر بۆیە بە مەزنی مانەوە.
هزر (فکر) ئەنجامی گەشەی عەقڵە لە عەقڵێکی هۆشیارەوە بۆ عەقڵێکی باڵا، لە ژینگە سروشتی و کۆمەڵایەتیەکەیدا، بەرهەمی لێکدانەوەی دیاردە سروشتی و کۆمەڵایەتیەکانە، بەشیوەیەکی قوڵتر و فراوانتر لەوەی کە هەیە، هزر هەمیشە پانتاییەکی فراوانتر لەوەی کە هەیە دەخاتە ژێر بنەماکانی شیکاریەوە، توێکاری ڕووداوەکان لە ئاستێکی بەرزدا دەکات، هزر لە کۆمەڵگە کراوەکاندا زیاتر گەشەدەکات، هەر بۆیە ژمارەی بیرمەندەکان لە کۆمەڵگە کراوەکاندا زیاترە تا کۆمەڵگە نەرێتیەکان.
ئەو عەقڵەی کە سروشت یان وەک دەڵێن خودا بە مرۆڤی بەخشیوە تەنها عەقڵی بایۆلۆجیە، ئەوەکەی تر بەرهەمی کارکردن و تێڕامانی سەدان ساڵەی مرۆڤ خۆیەتی بۆ بەدیهێنانی خۆشبەختی و کۆنترۆڵکردنی سروشت و دیاردە ناجۆرەکانی بەرهەمی هێناوە.
عەقڵی بایۆلۆجی بەشێوەیەکی دینامیکی لە جەستەدا کاردەکات، واتە عەقڵی بایۆلۆجی عەقڵێکی بیرکەرەوە نیە، تەنها مایەی پاراستن و هێشتنەوەی مرۆڤ و زیندەوارانە لەسەر ڕووی زەوی، کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی هەزاران ساڵە عەقڵی بایۆلۆجی (تێپەڕاندووە) بەجێهێشتووە، واتە مرۆڤ جگە لە عەقڵی بایۆلۆجی، هەڵگری عەقڵیکی سەروترە کە پێی دەوترێت عەقڵی هۆشمەند (هۆشیاری)، هۆشیاری واتە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی، چونکە مرۆڤ تەنها بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی نیە، بەڵکو بوونەوەرێکی بەرپرس و داهێنەریشە، بەرپرسە بەرامبەر خێزان، بەرامبەر ژینگە، نەتەوە، مێژوو و هەموو ڕووداوە ژیاریەکانی دەوروبەر، کە کاریگەری باش یان خراپی لەسەر کۆی کۆمەڵگە یان گروپێک یان دەستەیەک، یان لەسەر ئایندە هەیە، مرۆڤ لایەنی کەمی هۆشیاری نەبێت، هەست بە بوونی برایەتی، هاوسێیەتی، خزمایەتی و تادەگاتە هاوشاری و هاوئاینی و هاونەتەوەیی ناکات. کە هیچ لەمانە جگە لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لەناو کۆمەڵگەی گیانەواراندا نیە، لەم هۆشیاریەوە جیاوازی لەنێوان مرۆڤەکان و گیانەوەرانی تردا دروستبووە، دەنا هەموو هەڵگری عەقڵی بایۆلۆجین، یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی عەقڵی بایۆلۆجی ئەوەیە کە لە ڕێگەی جینەتیکەوە لە باوانەوە بۆ نەوەکان دەگوێزرێتەوە، بەڵام عەقڵی هۆشمەند و عەقڵی باڵا لە ڕێگەی جینەتیکەوە ناگوێزرێتەوە، بەڵکو ئەوەی عەقڵی هۆشمەندی لە مرۆڤدا دروستکرد، ئەنجامی کارکردن و ئەزموونی سەدان و هەزاران ساڵەی ژیانە، ڕووداو و کارەساتە سروشتیەکان بوو عەقڵی هۆشمەندی لە مرۆڤدا دروستکرد، ئەم عەقڵە هۆشمەندیە لە پێشکەوتن و پەرەسەندن نەوەستاوە و ناشوەستێت، بەردەوام لە گەشەکردندایە، ئەو هەموو شارستانیەتیەی کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دروستبوو، تا دەگاتە پێشکەوتنە گەورەکانی ئەمڕۆی تەکنەلۆژیا و مرۆڤایەتی، هەمووی بەرهەمی گەشەسەندنی عەقڵی هۆشمەندی مرۆڤ و عەقڵی باڵای بیرمەندانە.
لێرەدا دەکرێت پرسیارێک لەخۆمان بکەین، ئایا ئەم گەشەسەندنەی عەقڵ بەو ئاستە بەرزە، توانی بەختەوەری بۆ مرۆڤ فەراهەم بکات؟ توانی ئارامی و ئاسوودەیی بە کۆی مرۆڤایەتی بگەیەنێت؟
لە ڕاستیدا بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە، دەبێت لە هەردوو ڕەهەندەکەی ئەرێنی و نەرێنیەوە لێی وردبینەوە، هۆشمەندی وەک چەقۆیەکی دوو دەم، لەلایەک خۆشگوزەرانی و ئاسانکاری بۆ مرۆڤ فەراهەم کردووە، لە لایەکی ترەوە مرۆڤی توشی نائارامی و جەنجاڵی ژیان کردووە.
داهێنان و پێشکەوتنەکانی تەکنەلۆجیا بەهۆی گەشەی عەقڵەوە بووە، کە مرۆڤ دەتوانێت بگاتە سەر مانگ و قوڵایی ئاسمان و زەریاکان بپشکنێت، لە چەند کاژێرێکدا دەتوانێت هەزاران کیلۆمەتر ببڕێت، لە چەند خولەکێکدا لە دوورترین قوشبنی جیهانەوە، نوێترین هەواڵ و نوێترین زانیاری بەدەست دەگات، لەیەک کاتدا بە سەدان و هەزاران پڕۆژە و بیرۆکە لە بەردەمی مرۆڤدا فەراهەم دەکات بۆ کارکردن، بە سەدان ڕێباز و ئایدیای خەمڵاندووە بۆ تێکۆشان و تێگەیشتن لە ماناکانی بوون و ژیان، ژیانی مرۆڤی لە کونە ئەشکەوت و کوخێکی پڕ لە مارومێرووەوە گواستەوە بۆ ناو تەلار و ماڵی ڕازاوە و دەیان و سەدان ئاسانکاریتر.   
لە هەمان کاتدا گەشەسەندنەکانی عەقڵ مرۆڤی خستۆتە بەردەم دەیان مەترسی جۆربەجۆرەوە، هەر لە تێکچوونی ژینگەوە بۆ بەرهەمهێنانی دەیان جۆر چەکی کوشندەی کۆمەڵکوژ، ئەمانە هەمووی لەئەنجامی ئەو گەشە خێرایەی تەکنەلۆجیاوە هاتووەتەدی کە عەقڵی هۆشمەند بەرهەمیهێناوە، لە لایەکی تریشەوە، عەقڵە باڵاکانیش تا ئاستێکی بەرچاو بەهۆی تیۆریە ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانیانەوە، کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیان پارچە پارچە کردووە، بۆ گروپ و دەستە و تاقمی ناکۆک و دژ بەیەکتر، بە دەیان ملیۆن مرۆڤ بەهۆی هەڵگری بیری مارکسیەوە، یان لە دژایەتیکردنیدا گیانیان بەخشی، بەدەیان ملیۆنی تریش بەهۆی ناکۆکی ئاینیی و مەزهەبیەوە بوون بە قوربانی، کە ئەمانەش مەستی وتارە توندەکانی بیرمەندانی ئاینیی بوون.
ماوەتەوە ئەوەی بڵێین: گەرچی گەشە بەردەوامەکانی هۆشمەندی (عەقڵی هۆشمەند)، نەیتوانیوە ئاسوودەیی بۆ کۆی مرۆڤایەتی فەراهەم بکات، بەڵام ئەم رەوتی گەشەکردنە بەردەوام دەبێت، تا ئەو دەمەی مرۆڤ دەتوانێت لەسایەی هۆشمەندیەکەیدا بە ئارامی بژێت.
بەداخەوە کۆمەڵگەی کوردی تا هەنووکە نەیتوانیوە هۆشمەندیەکەی بگەیەنێتە ئاستی ئاگایی، واتە هەر لە پەراوێزدا و لەسەر بنەمای هەندێ بیری دیماگۆگی ئاینیی و کەلتووریدا لە کۆی دیاردەکان دەڕوانێت، هەر بۆیە زیاتر پشت بە بیرۆکەی هاوردە  و هێزی هاوردە دەبەستێت، توانای داهێنانی بیرۆکەی کوردی و هزری کوردی نیە، یان زۆر کەمە، بەهۆی خۆ نەناسینەوە، خۆی بە کەمتر لەوانی تر دەبینێت، لە کاتێکدا عەقڵی کوردی هیچی لە عەقڵی پێشکەوتووترین نەتەوەکانی جیهان کەمتر نیە.    

 
 
 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved