من ئەم نیشتمانەم خۆشدەوێت، پڕ بە بوونم. پڕ بە ژیانم کوردستانم خۆشدەوێت، تەنها لە کوردستاندا هەست بە بوونی خۆم دەکەم، هەر تەنها کوردستانیش لانکەی بوون و ژیانمە، بەوپەڕی دڵنیایی وهۆشیاریمەوە دەڵێم: خۆشەویستی من بۆ کوردستان زۆر لە خۆشەویستیەکەی نالی بۆ حەبیبە و وەلی بۆ شەم و مەولەوی بۆ عەنبەرخاتون گەورەترە، لە عەشقی دەروێشێک بۆ دیداری شێخەکەی و عەشقی سۆفیەک بۆ گەیشتن بە عەرشی موعالا مەزنترە، تەنها ڕۆژێک ژیانی ناو دارو بەردی کوردستان ناگۆڕمەوە بە دەیان ڕۆژ ژیانی ڤاتیکان و قودسی یەکەم قیبلەی باوەڕداران، لەنێوان بەردەڕەشەکەی کەعبە و ئەشکەوتەکەی داری خلەدا. من ئەشکەوتەکەی داری خلە هەڵدەبژێرم بۆ ژیان. ئەگەر یەزدانی مەزن سەرپشکمکات لە نێوان بەهەشتی بەرین و گوندێکی کوردستاندا، بێشک گوندەکەی کوردستان بۆ ژیانی هەتا هەتایی هەڵدەبژێرم.
خۆشەویستی من بۆ کوردستان و گەلەکەم، لە خۆشەویستیمەوە نیە بۆ سەرکردەیەک یان حیزب و ڕێکخراوێک، تەنانەت لە خۆشەویستیشمەوە نیە بۆ هۆزێک، تایفەیەک، یان بەرەبابێک و بنەماڵەیەکی دایریکراو، خۆشەویستی من بۆ خاکی کوردستان و نەتەوەی کوردە، خۆشەویستی من بۆ زمان و کەلتوور و هونەری کوردیە، بۆ ئەو تێشووە دەوڵەمەندەی باب و باپیرانە، کە پڕە لە وتەی نەستەق و پەندی هەمەجۆری کوردانە، کە فەرهەنگی کوردی سەرڕێژ کردووە لە پەند و ئامۆژگاری، لە وتەی بەنرخ، خۆشەویستی من بۆ هەموو ئەو سەروەریانەیە کە لەمێژووی ڕابردووماندا لەلایەن گەورە پیاوان و شێرە ژنانی کوردەوە تۆمارکراوە، خۆشەویستی من بۆ بەرگری پڕ سەروەری قەڵای دمدم و بەرخۆدانی کۆبانیە، بۆ عەولە سیس و ئەختەرە[1]، کە لە ڕاپەڕینی دژ بە داگیرکەرانی کوردستاندا شەهید بوون. بۆ لەیلا قاسمە کە جەسورانە چووە بەردەم پەتی سێدارەی داگیرەر و کوڕنۆشی نەبرد، بۆ مامە یارەی قارەمان و مامە ڕیشەی پێشمەرگەی داستانەکانە. خۆشەویستی من بۆ گیانی پاکی هەموو ئەو شەهیدانەیە کە تەنها بەتاوانی کوردبوونیان ژیانیان لێ سەندرایەوە و زۆربەشیان زیندەبەچاڵکران. بۆ هەموو ئەوانە و بۆ بەپیتی خاک و سازگاری کانیاو و جوانی سروشتەکەیەتی، من ئەم نیشتمانەم خۆشدەوێت، من کوردستانم خۆشدەوێت.
ڕقی من بۆ داگیرکەرانی کوردستانە، بۆ هەموو ئەو تاوانە نامرۆڤانە و دڕندانەیە، کە دەرهەق بە گەلەکەمان کردوویانە، بۆ ئەو دڕندەییەیە کە بەرامبەر عومەری خاوەر و قوربانیەکانی دۆڵی زیلانە ئەنجامدرا، بۆ قوربانیەکانی ئەشکەوتی موکری قڕان و نوگرەسەلمان و خەڵکی ئەنفالکراوی کوردستانە، بۆ شار و گوندی خاپورکراوە، بۆ کانیی و کارێزی وشککراو و ڕەز و باخی سوتێنراوە، بۆ هەموو ئەو جووتیارە دەست قڵێشاوانەیە، کە بەزۆری زۆرداری زەوی و مەزراکانیان داگیردەکرا و لە شار و گوندی خۆیان ئاوارەیان دەکردن، بۆ هەموو  ئەو دایک و باوكە جگەر سوتاوانەیە، کە ڕۆڵەکانیان کران بە نیشانە، یان لە زیندانی داگیرکەراندا لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان سپارد، بۆ هەموو ئەو کیژە شەنگ و خانمە پڕ ڕوومەتانەی کوردە، کە کردنیان بە کەنیزەک و بازرگانیان پێوە دەکردن، یان بە ئەقڵی داخراویان، شەوانی تاریکیان پێ دەڕازاندنەوە. ڕقی من لە داگیرکەرانی کوردستان، لە سۆنگەی ئەو هەموو تاوانەوەیە کە بەدرێژایی مێژوو بەرامبەر گەلی کورد و خاک و ئاوی کوردستان کردویانە.
هەموو ئەو مێژووە پڕ لە قوربانی و پڕ لەسەروەرییە، هێزیان پێ بەخشیوم هێز، هێزی پڕ لە خۆشەویستی بۆ زمان و کەلتوورەکەم، بۆ سەروەری و قوربانیەکانی مەیدانی گیانبازی، هێزی خۆشەویستی بۆ ئاو و خاکی کوردستان، بۆ سامانی لەبن نەهاتوی ژێر زەوی و سەرزەوی. لە هەمان کاتدا هێزی بەرگری و گیان فیداییان پێ بەخشیوم بەرامبەر داگیرکەران و ناحەزانی کوردستان، داگیرکەران لە هەرتوخم و ڕەگەزێکبن، لە هەر ئایین و مەزهەبێکبن، دەبێت خۆیان و هاوکارەکانیان وەدەرنرێن.
نەک هەر خۆمان، تەنانەت داگیرکەران و ناحەزانی کوردیش ئەو ڕاستیە باش دەزانن، کە کورد نەتەوەیەکی دێرینی ئەم سەرزەمینەیە، خاوەن خاک و خاوەن زمان و کەلتووری تایبەت بە خۆیەتی، هەر بۆیە ئەدیب و نووسەری ناوداری کورد (بلە)، ڕاستەوخۆ و بە دەنگێکی بڵند بە داگیرکەران دەڵێت:
نە عەرەبم نە ئێرانیم
نە تورکێکی شاخستانیم
نەک من هەرخۆم، مێژووش دەڵی:
کە کوردم و کوردستانیم
ئەوەی میژوو بۆمان دەگێڕێتەوە ئەوەیە کە، مێژووی مرۆڤایەتی بە شێوەیەکی هاوسەنگ و بە شێوەیەکی هارمۆنی گەشەی نەکردووە، تا کوردیش لە سەرزەمینی خۆی خاوەنی سەنگ و پێگەی تایبەتی خۆی بێت، بەڵکو مێژووی مرۆڤایەتی تژیە لە ستەم و داگیرکاری، لە چەوسانەوە و نا دادی، مێژوویەکە پڕە لە پەلامار و کاولکاری، لەو هەموو داگیرکاری و پەلاماردانەدا، کورد ئەوەندەی توانیبێتی تەنها بەرگری لە خۆیی و مانەوەی خۆی کردووە، هیچ کات کورد پەلاماری دەرەوەی خۆی نەداوە، خاکی هیچ نەتەوەیەکی داگیرنەکردووە، بەڵام لە سایەی زوڵمی مێژووەوە کورد تا هەنوکە لەسەرخاکی خۆی بە ژێردەستەیی ماوەتەوە، هەر پارچە و بەشێکی خاکەکەی لە بندەستی داگیرکەرێکی ستەمکاردایە و سەدان ساڵە ئەم داگیرکاریە درێژەی هەیە.
ڕاستە داگیرکەرانی کوردستان، بۆ درێژەدان بەو داگیرکاریە و هێشتنەوەی گەلی کورد بەژێر دەستەیی هەموو فڕوفێڵیک و هەموو ڕێگەیەکی توندوتیژیان گرتووەبەر، تاوانی زۆر گەورەیان ئەنجامداوە، لەدەرەوەش کوردیان وەک نەتەوەیەکی نا شارستانی و دژ بە یاسا و پێشکەوتن ناساندووە، بەڵام هەموو ئەوانە ناتوانن ئەو ڕاستیە بشارنەوە کە کورد نەتەوەیەکی ئاشتیخواز و مرۆڤ دۆستە، کورد تەنها دەیەوێت لە نیشتمانی خۆی، لەسەر خاکی خۆی بە ئازادی و سەربەستی بژی، هەر بۆیە بەردەوام لە شۆڕش و ڕاپەڕیندا بووە دژی داگیرکەران، لە قوربانیدانیش درێخی نەکردووە.
گەرچی ئەو کۆتوبەندە جیهانیەی کە ئەمڕۆ کوردی لە چەند دەوڵەتێکدا یەخسیرکردووە و ئەو هێڵە سنوریانەی کە دەوڵەتە ئیمپریالیست و بڕیاربەدەستەکانی جیهان بە کوردستاندا کێشاویانە، خەباتی گەلی کوردیان چەند بەرامبەر قورس کردووە، بەڵام لە هەر گۆڕانکاریەکی هەرێمایەتی و جیهانیدا، کورد بە یەکگرتوویی دەتوانێت سود لە پێشهاتەکان وەرگرێت و تەواوی ئەو سنورە دەستکردانە هەڵوەشێنێتەوە، یان لایەنی کەم پارچە پارچە تەواوی خاکی کوردستان لە ئامێز بگرێتەوە و لە چنگی داگیرکەرانی دەربهێنێت و بۆ هەتا هەتا کۆتایی بە داگیرکاری بهێنیت، ئەوەی پێویستە تەنها یەکخستنی تواناکانە، گەڕانەوەیە بۆ لای یەکتر، کۆکردنەوەی گەلی کوردستانە لە چوارچێوەی ئامانجێکی نیشتمانیدا، دەیان ساڵە دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستان، تەنها بەسود وەرگرتن لە ناکۆکیەکانی ناو کۆمەڵگەی کوردی و ناکۆکی ڕەوت و ڕێکخراوە کوردییەکان توانیویانە شوێن پێی خۆیان لە کوردستاندا قایمتر بکات.
 بە دڵنیاییەوە دەڵێم هەموو کوردێک، کوردستانی خۆشدەوێت، هەموو شانازی بە زمان و کەلتوور و مێژووەکەمانەوە دەکەین، ئەوەی ئەم خۆشەویستیە دەکوژیت و دوورمان دەخاتەوە لەیەکتر، ئەو ناکۆکیە ناجۆرەیە کە هەر داگیرکەران خۆیان لە ڕێگەی چەند کەس و چەند لایەنێکی ناوخۆمانەوە، لەناو کۆمەڵگە و بزاوتەکەیدا چاندویانە، ئەو ناکۆکیانەیە کە لەناو تیرە و هۆزە کوردیەکاندا ناوە ناوە سەرهەڵدەدات، ئەو ململانێ و دژ یەکیە، کە لە دەروازەی ئایین و مەزهەب و رەوتە جۆربەجۆرەکانەوە گڕ لە خەرمانی کوردبوونمان بەردەدات.
ئێمە کە هەموومان لەسەر خۆشەویستی کوردستان و کوردبوونمان کۆک و تەباین و شانازی پێوەدەکەین، سڕینەوەی ناکۆکیەکان و دەستبەردان لە دەستی داگیرکەران دەبیت بە ئەرک، ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی، لە هەمان کاتدا یەکگرتوویمان ئەرکێکی میژوویی و مرۆڤایەتیشە، ئامانجی ئەم کورتە نووسینەش، گەڕانەوەیە بۆ خۆشەویستی نیشتمان و شانازیکردنە بە سەروەریەکانی نەتەوەکەمانەوە، بۆ ئەوەی نەتەوەکەمان هەر بە زیندوویی بمێنێتەوە.


[1] ئەختەر خێزانی ڕەشۆلی هونەرمەند و گۆڕانیبێژ بوو لە ڕاپەڕینێکدا بۆ ئازادکردنی شێخ لەتیف، لەکاتی هێنانەوەی تەرمی شێخ مەحموودی نەمر ساڵی ١٩٥٦ شەهیدکرا.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved