بێدەنگی تەنها لە نەبوونی قسەکردندا نییە، بەڵکو هەندێکجار مانایەکی قووڵ لە پشتی ئەم بێدەنگییە هەیە. لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بێدەنگی تەنیا تاکەکەسی نییە، بەڵکو پراکتیکێکی کۆمەڵایەتی و کەلتورییە کە تاک تێدەپەڕێنێت بۆ دەربڕینی تەواوی بیروڕاکانی دەربارەی سیستمی ژیان لە کۆمەڵگەدا کە ئەویش سیستمی بەها و ترس و دەسەڵات و گونجاندنە. لە روانگەی ئەنترۆپۆلۆجییەوە بێدەنگی بۆشایی نییە، بەڵکو گوتارێکی نەگوتراوە لە ناو کۆمەڵگەدا بەڕێوەدەبرێت و بەرهەم دەهێنرێتەوە.
کاتێک بێدەنگی وەک رەفتارێکی کەلتوری خۆی نیشان دەدات، لە کەلتورێکەوە بۆ کەلتورێکی تر جیاوازە. لە هەندێک کۆمەڵگەدا بێدەنگی نیشانەی رێزگرتن و حیکمەتە، لە هەندێک کۆمەڵگەی تردا بە لاوازی، یان بێدەسەڵاتی لێکدەدرێتەوە، ئەمەش بەو مانایەیە کە بێدەنگی لە رووی کەلتورییەوە فێر دەبێت، لە رێگەی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتییکردنەوە کە لە منداڵییەوە لە رێگەی خێزان و قوتابخانە و دامەزراوە ئاینییەکانەوە تاک و گروپە کۆمەڵایەتییەکان بەدەست دەهێنن.
مارسێل موس
مارسێل موس کە زانایەکی بواری ئەنترۆپۆلۆجیایە دەڵێت: «کردارەکانی رۆژانە، لەوانەش بێدەنگی، هەڵگری رەهەندێکی کۆمەڵایەتی رەمزییە؛ ئەوان خۆبەخۆ نین، بەڵکو لە رووی کەلتورییەوە پێکهاتەیان هەیە. بێدەنگی لەم چوارچێوەیەدا دەبێتە کەرەستەیەکی کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتی بەکاردێت بۆ دیارییکردنی ئەوەی کە دەتوانرێت چی بگوترێ و چی دەبێت بێدەنگ بکرێت». لە رووی کۆمەڵایەتییەوە بێدەنگی وەک میکانیزمێک بۆ پاراستنی هاوسەنگییەکی رواڵەتی لەناو کۆمەڵگەدا کار دەکات. زۆر بابەتی کۆمەڵایەتی هەستیار (توندوتیژی خێزانی، جیاکاری، شکستی پەروەردەیی، تاوانکاری) بە ناوی (ناوبانگ، شەرمەزاری و هاوئاهەنگی کۆمەڵایەتی) بە دیوارێکی بێدەنگی پۆشراون. ئەم جۆرە بێدەنگییە کێشەکە چارەسەر ناکات بەڵکو بەرهەمی دەهێنێتەوە و ئازارەکانی تاک دەگۆڕێت بۆ بارگرانییەکی بێدەنگ. بێدەنگی لێرەدا بێلایەنی نییە، بەڵکو بەشدارییەکی ناڕاستەوخۆیە لە بەردەوامبوونی تێکچوونی کایە کۆمەڵایەتییەکاندا، لە کایەی سیاسییدا بێدەنگی یەکێکە لە ئامرازە گرنگەکانی دەسەڵاتی نەبینراو.
میشێل فۆکۆ
میشێل فۆکۆ، بێدەنگی بە سیستمەکانی حوکمڕانییەوە دەبەستێتەوە، نەک تەنها پشت بە سەرکوتکردنی راستەوخۆ، بەڵکو بە دروستکردنی کەشوهەوای ترس و خۆسانسۆریش دەبەستێت. کاتێک تاکەکان فێر دەبن کە قسەکردن دەتوانێت ئاسایش، یان داهاتوویان بگۆڕێت، بێدەنگی دەبێتە ستراتیژییەکی ئەقڵانی بۆ مانەوە. لە رووی سیاسییەوە بێدەنگی بەکۆمەڵ بەشدارییکردنی سیاسیی لاواز دەکات، هاووڵاتیان لە بەشداربووانی چالاکەوە دەگۆڕێت بۆ چاودێری پاسیڤ، لە رەخنەگرانەوە بۆ تەماشاکارێکی سادە.
لێرەدا بێدەنگی دەبێتە بەشێک لە پێکهاتەی سیستمی سیاسیی نەک تەنها هەڵوێستێکی تاکەکەسی.
لە رووی ئایینییەوە
لە کایەی ئایینیدا، بێدەنگی فۆرمێکی ئاڵۆزتر وەردەگرێت. هەندێکجار، بێدەنگی وەک فەزیلەتێکی ئەخلاقی خۆی نیشان دەدات لە گوێڕایەڵی، ملکەچبوون و ناڕازیبوون، بەڵام لە هەندێک بەستێندا ئەم بێدەنگییە دەبێتە ئامرازێک بۆ رێگرییکردن لە پرسیارکردن و رەخنە، بەتایبەتی کاتێک ئایین بەستراوەتەوە بە دەسەڵات، یان کەلتورەوە. بێدەنگی ئایینی دەتوانێت رێگری بکات لە گفتوگۆکردن لەسەر بابەتگەلێکی هەستیار وەک لێکدانەوەی دەقەکان، رۆڵی ژن، یان پەیوەندی نێوان ئایین و ژیانی مۆدێرن. لەم حاڵەتانەدا بێدەنگی کردەوەی ئیمان نییە، بەڵکو ترسە لە چەواشەکاری، یان تۆمەتبارکردن.
لە رووی ئابوورییەوە
لە رووی ئابوورییەوە بێدەنگی وەک قبوڵکردنی هەژاری، بێکاری، یان ئیستغلالکردن وەک (چارەنووس) دەردەکەوێت. زۆرێک لە گروپە کۆمەڵایەتییەکان لە ترسی لەدەستدانی کارەکانیان، یان ئەو ئیمتیازە سنووردارانەی کە خاوەنیانن، بێدەنگ دەبن.
پیێر بۆردیۆ، ئەم بێدەنگییە لە چوارچێوەی چەمکی توندوتیژی رەمزیدا لێکدەداتەوە، کە ستەملێکراوان لۆژیکی باڵادەستەکان دەگرنەبەر و لەبری ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە دۆخەکەیان پاساو دەهێننەوە. بێدەنگی ئابووری نیشانەی قبوڵکردن نییە، بەڵکو رەنگدانەوەی ناهاوسەنگی دەسەڵاتە لەنێوان ئەوانەی خاوەنی سەرچاوە و ئەوانەی لێی بێبەشن.
هەموو بێدەنگییەک ملکەچبوون نییە، هەندێکجار بێدەنگیی ستراتیژی بەرخۆدانی بێدەنگە. جەیمس سکۆت ئەم پرۆسەیە بە (دەقی شاراوە) وەسف دەکات کە گروپە پەراوێزخراوەکان بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ رەتکردنەوەی خۆیان دەردەبڕن: لە رێگەی ئاماژەدان، گاڵتەجاڕی، یان کشانەوە. لەم حاڵەتەدا بێدەنگی بە مانای قبوڵکردن نییە، بەڵکو بەڕێوەبردنی ململانێکە بە کەمترین زیان.
کاتێک کۆمەڵگە پێشدەکەوێت گۆڕانکاری لە بێدەنگییدا دەگۆڕێت. بێدەنگی لە سەردەمی گۆڕانکاری دیجیتاڵیدا، سەرەڕای فراوانبوونی فەزای دیجیتاڵی بۆ دەربڕین، بێدەنگی نەماوە، بەڵکو فۆرمەکەی گۆڕاوە. ئەمڕۆ رەنگە بێدەنگی خۆبەدوورگرتن بێت لە کۆمێنتکردن، تەنها چاودێرییکردن، یان سڕینەوەی بۆچوونێک پێش بڵاوکردنەوەی بێت. لێرەدا لە دیدی زانستی ئەنترۆپۆلۆجیا و کۆمەڵناسییەوە، باس لەوە دەکات کە ترس لە هێرش، ناوزڕاندن، یان دەرئەنجامەکانی جیهانی راستەقینە بێدەنگی لە فۆرمێکی نوێدا بەرهەمهێناوەتەوە لە کۆمەڵگەدا. لە کۆتاییدا لە روانگەی ئەنترۆپۆلۆجییەوە، بێدەنگی کۆمەڵایەتی دیاردەیەکی پەراوێزیی نییە، بەڵکو پێکهاتەیەکی رەگوریشەی قووڵە کە فاکتەرە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئایینی و کەلتوری و ئابوورییەکان تێیدا یەکدەگرنەوە. ئاشکرایە کە وشەکان چی دەشارنەوە، سنووری ئازادی و میکانیزمەکانی کۆنتڕۆڵکردن و ستراتیژییەکانی گونجاندن ئاشکرا دەکات. کاتێک کۆمەڵگەیەک بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بێدەنگ دەبێت، مەرج نییە مانای ئەوە بێت کە بۆچوونێکی نییە، بەڵکو زیاتر ئەوەیە کە قسەکردن، تێچووی زۆری دەوێت.
بابەتی زیاتر