لەم ساڵانەی دواییدا دیاردەی گوتاری نابەرپرسانەی میدیایی بەرفراوانتر بووە، تا ئەو رادەیەی ئێستا یەکێکە لە مەترسییە جددییەکان بۆ سەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی.
میدیا سەکۆیەکە بۆ گەیاندنی زانیاری و پەروەردەکردن و بڵاوکردنەوەی رۆشنگەری، بەڵام زۆرجار ئەم سەکۆیە پەیامەکانی لە ئیتیکی کاری میدیایی و رۆژنامەنووسییەوە، گۆڕاوە بۆ سەرچاوەی زانیاری ناراست و بڵاوبوونەوەی پەیامی دڵەڕاوکێ و دروستکردنی ئاژاوە و دووبەرەکی لە کۆمەڵگەدا.
لە کاتێکدا کۆمەڵگە مۆدێرنەکان پشت بە میدیا دەبەستن بۆ داڕشتنی جیهانبینی خۆیان، هەر لادانێک لەم گوتارە میدیاییەدا، دەتوانێت راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ئاستی متمانە لە نێوان مرۆڤەکان و یەکگرتوویی ئەوان و توانای ژیانیان لە ژینگەیەکی سەقامگیر و ئارامدا هەبێت.
کاتێک باس لە «گوتاری نابەرپرسانەی میدیا» دەکەین، مەبەستمان لەو شێوازە لە رووماڵکردن و هەواڵە کە پشت بە هەستیاریی و زیادەڕەوی دەبەستێت، گەورەکردنی کێشەکان، بەرهەمهێنانەوەی دەنگۆ و خستنەڕووی وێنەیەکی تاریکی کۆمەڵگە، بەبێ پابەندبوون بە پێوەرەکانی وردبینی یان پیشەییبوون.
ئەم جۆرە گوتارە دۆخێکی دڵەڕاوکێی لای خەڵک دروستدەکات و تاکەکان وا لێدەکات باوەڕیان بەوە هەبێت کە واقیعەکەیان زۆر خراپترە لەوەی کە هەیە.
هەست دەکەن لە کۆمەڵگەیەکی پشێو و هەڕەشەئامێزدا دەژین، تەنانەت ئەگەر ئاستی راستەقینەی مەترسیی زۆر کەمتر بێت لەوەی لە میدیاکاندا وێنا دەکرێت.
بۆ ئەوەی بە وردی لەم کاریگەرییە تێبگەین، تیۆری چاندن کە لەلایەن زانا» جۆرج گێربنەر»ەوە پەرەی پێدراوە، چوارچێوەیەکی زانستیی گرنگ دەخاتەڕوو.
ئەم تیۆرییە گریمانە دەکات کە بەرکەوتنی بەردەوام بە پەیامە میدیاییەکان، بە تایبەت پەیامە دووبارەبووەکان و چڕەکان، دەبێتە هۆی «چاندنی» وێنەیەکی تایبەتی واقیعی لە مێشکی خەڵکدا.
بە تێپەڕبوونی کات، واقیعی میدیا لەگەڵ واقیعی راستەقینەدا تێکەڵ دەبێت و خەڵک زیاتر مەیلی ئەوەیان دەبێت باوەڕ بەو شتانە بکەن کە لە میدیادا دەیبینن، تەنانەت ئەگەر ئەم تێڕوانینە شێواو یان نادروستیش بێت.
بەپێی ئەم تیۆرە بینەرێک یان وەرگرێک کە بەدواداچوون بۆ هەواڵە رۆژانە بارگاوییەکان بە توندوتیژی و تاوان و ململانێ دەکات، وردە وردە دەست دەکات بە باوەڕکردن بەوەی کە جیهانی دەوروبەری بەرەو داڕمان دەڕوات، کۆمەڵگەش پڕە لە کێشە و ئاسایش لەدەست دەچێت. ئەمەش ئەوەیە کە تیۆرییەکە بە «نیشانەکانی جیهانی مەترسیدار» ناوی دەبات- ئەو باوەڕەی کە کۆمەڵگە لە هەموو وەرچەرخانێکدا بە مەترسییەکان دەورەدراوە. لێرەدایە کە ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەستدەکات بە وەرچەرخان، چونکە ترس چیتر تەنها هەستێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو دەگۆڕێت بۆ بارودۆخێکی بەکۆمەڵ کە کاریگەریی لەسەر هەڵسوکەوتی مرۆڤەکان و متمانەیان بە یەکتر و بە دامەزراوەکان دەبێت.
کاریگەریی گوتاری نابەرپرسانەی میدیایی کە لەلایەن هەندێک بەناو میدیای پرۆڤیشناڵەوە، تەنیا لە دروستکردنی پەیامی نا ئیتیکیدا ناوەستێت، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ سوتەمەنی و دابەشبوون لەناو کۆمەڵگەدا.
میدیایەک کە تیشک دەخاتە سەر ناوچەیەک و بە شێوەیەکی گرژ و زیادەڕەوی، پێشکەشیان دەکات، هەستێک لەناو خەڵکدا دەچێنێت کە ئەوی دیکە نوێنەرایەتی هەڕەشەیەک یان نەیارێک دەکات.
لێرەوە بە تێپەڕبوونی کات پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لاواز دەبن و ئاستی لێبوردەیی دادەبەزێت و گومان جێگەی متمانە دەگرێتەوە.
لە روانگەی تێۆری چاندنی کەلتورییەوە بەرکەوتنی دووبارەی وێنەکانی ململانێ، ئەو باوەڕە بەهێزتر دەکات کە ئەم ململانێیانە نوێنەرایەتی حەقیقەتی رەهای کۆمەڵگە دەکەن، لەگەڵ ئەوەی ئەم گوتار و پەیامانە بەشدارە لە بڵاوبوونەوەی توندوتیژیی رەمزی-توندوتیژی لەسەر بنەمای زمان، ئاماژە، تۆمەت و هاندان. کاتێک ریتۆریکی گرژ و شەڕانگێزانە چەندین جار دەخرێتە بەردەم رای گشتی، ئەم شێوازە لە قسەکردن، دەبێتە «ئاسایی» و قبووڵکراو، رێگە خۆشدەکات بۆ ئەوەی توندوتیژی لە قسەوە بۆ کردار پەرەبستێنێت.
ئەمەش راستەوخۆ لێدانە لە ئاسایشی کۆمەڵایەتی، چونکە توندوتیژیی رەمزی، دەروازەی توندوتیژیی جەستەییە.
بە بەردەوامی بەرکەوتن بەم جۆرە پەیامە میدیاییە، جەماوەرێکی ماندوو و رەشبین دروست دەبێت، لە بەرامبەر کێشە کۆمەڵایەتییەکان، هەست بە بێدەسەڵاتی دەکات و هیوای چارەسەرکردن لەدەست دەدات و لە ژیانی گشتی دەکشێتەوە. کاتێک مرۆڤەکان هەستی بریکاری لەدەست دەدەن، زیاتر ئامادە دەبن بۆ لێدوانە توندڕەوییەکان کە ئەم بێزارییە دەقۆزنەوە و مەترسییەکی دیکە لەسەر سەقامگیریی کۆمەڵایەتی دروست دەکەن.
بەپێچەوانەوە، کاتێک میدیا بەرپرسیارە، بەشداری دەکات لە بەهێزکردنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی بە خستنەڕووی وێنەیەکی هاوسەنگ لە واقیع، تێکەڵکردنی رەخنە و چاکسازی لەگەڵ نمایشکردنی سەرکەوتنەکان و نموونەی ئەرێنی.
میدیای بەرپرسیار زانیاری پشتڕاست دەکاتەوە، خۆی لە سۆزداریی بەدوور دەگرێت، رێز لە رای گشتی دەگرێت و بەرژەوەندیی گشتی لە پێشینەی سکۆپەکانی رۆژنامەوانیدا دادەنێت. بەم کارە ترس و دابەشبوون ناچێنێت، بەڵکو متمانە و هۆشیاری و دڵنیایی دەچێنێت.
گوتاری نابەرپرسیارانەی میدیا تەنیا شکستێکی پیشەیی نییە، هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر پەیکەری کۆمەڵایەتی. تیۆری چاندن، روونی دەکاتەوە کە چۆن ئەم گوتارە دەتوانێت دەروون و رەفتارەکان لە قاڵب بدات، بەمەش کاریگەریی لەسەر پەیوەندی و پتەویی کۆمەڵایەتی و سەقامگیری دەبێت. ئەوەی لای میدیای هەندێک کەناڵ و سۆشیالمیدیای کەناڵەکان لەمڕۆدا روودەدات، پێویستە سەرلەنوێ بە رۆڵی میدیادا بچێتەوە و پێوەرێکی توند دابمەزرێندرێت بۆ ئەوەی پلاتفۆرمەکانی نەبنە کەرەستەی بڵاوکردنەوەی ترس و ناتەبایی، بەڵکو بگەڕێنەوە سەر ئەرکە سەرەتاییەکەی خۆیان کە خزمەتکردنی راستی و پاراستنی کۆمەڵگەیە.