کۆمەڵگە ئاوێنەی سیاستە و سیاسەتیش لەبەرامبەردا رەنگدانەوەی ئەو بنیاتە کۆمەڵایەتی و کەلتورییەیە کە مرۆڤەکان تێیدا دەژین، لە کوردستاندا ناتوانین لە کایەی سیاسی تێبگەین بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو پەیکەرە کۆمەڵایەتییەی کە هەیە، حزب تەنیا دامەزراوەیەکی سیاسی نییە، بەڵکو درێژکراوەی بنیاتی کۆمەڵایەتی و کەلتور و شوناس و مێژووی ئەم کۆمەڵگەیەیە.
نوێنەرایەتی مۆدێلێکی جیاواز و مۆدێرنی کردووە
لەم روانگەیەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەهۆی شوێنی جوگرافی و هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە، نوێنەرایەتی مۆدێلێکی جیاواز و مۆدێرنی کردووە لە بواری کاری حزبیدا، کە تێگەیشتن بووە لە پەیوەندیی نێوان کۆمەڵگە و سیاسەت لە روانگەیەکی کەلتوری و هێما و بەها کۆمەڵایەتییەکانەوە، ئەوەشی پەیرەوکردووە بە ئێستاشەوە، ئەم حزبە سیاسییە گۆڕانکاری لە کاری سیاسی خۆی دەکات و گۆڕانەکانی چۆنێتین و هۆشیاری سیاسی دروست دەکەن.
کاتێک یەکێتی لە 1/6/1975دا بە سەرکردایەتی رەوانشاد سەرۆک مام جەلال تاڵەبانی دامەزرا لەگەڵ کۆمەڵێک هەڤاڵی تریدا، ئەو حزبە تەنیا قەوارەیەکی سیاسی نوێ نەبوو، بەڵکو شۆڕشێکی کەلتوریش بوو، دژ بە چەمکە نەریتییەکانی دەسەڵات و سەربەخۆیی.
هۆشیاری مەدەنی و فیکری
تاڵەبانی گوتاری سیاسی لە دڵسۆزی خێڵەکی و خێڵەوە گۆڕی بۆ هۆشیاری مەدەنی و فیکری، کۆکردنەوەی رۆشنبیران و خوێندەواران و چینی ناوەند لە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا، بەو مانایەیە حزب نوێنەرایەتی گۆڕانکاری لە پێکهاتەی فەرهەنگی کۆمەڵگەی کوردیدا دەکات، لە کۆمەڵگەیەکەوە کە بە پەیوەندی خوێن بەڕێوەدەبرا، بۆ کۆمەڵگەیەک کە بە ئایدیا و هۆشیاری بەڕێوەببرێت.
لە روانگەی ئەنسرۆپۆلۆژیای سیاسییەوە، دەکرێ یەکێتی وەک دیاردەیەکی رەمزی و کەلتوری سەیر بکرێت، وەک ئەوەی کە هەیە، وەک رێکخراوێکی سیاسی، کەسایەتی سەرۆک مام جەلال-یش تەنیا سەرکردەی حزبێک نەبوو، بەڵکو کاریزما وهێمایەکی کۆمەڵایەتی بوو، کە هەڵگری ماناکانی هاوسەنگی و نەرمی و فرەیی بوو، ئەو بەهایانەی کە لە کۆمەڵگەی کوردیدا بوونیان هەیە، هەروەها ئەم حزبە هەر لە سەرەتاوە هەڵگری گوتاری، دادپەروەری کۆمەڵایەتی و یەکسانی و مافی ژنان و یەکسانی کۆمەڵایەتی و مافی چارەی خۆنووسین بوو بۆ گەلی کورد، ئەمانەش چەمکگەلێکن دیدگای نەریتی دەسەڵات و سەرکردایەتییان لە کۆمەڵگەدا داڕشتۆتەوە.
حزب و کۆمەڵگە
کاتێک باسی حزب و کۆمەڵگە دەکەین، ناکرێت بوترێت حزب بە تەنها کۆمەڵگەی لە قاڵب داوە، بەڵکو کۆمەڵگەش حزب لە قاڵب دەدات، ئەگەر سەیربکەین، دەبینین لەهەموو قۆناغەکانی مێژووی یەکێتیدا، گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان، لە کۆچەوە بۆ پەروەردە، لە شەڕەکانەوە بۆ مۆدێرنیزاسیۆن- گۆڕانکاری لە ناو خودی حزبەکەدا دروست کردووە، ئەمڕۆ کە بافڵ جەلال تاڵەبانی دەبینین لەڕێگەی گوتارەکانییەوە تیشک دەخاتە سەر هەموو کایەکانی ناو کۆمەڵگە، بۆ ئەوەی تاکی ناو کۆمەڵگە هۆشیار بکاتەوە و وا بکات خۆی بگونجێنێ لەگەڵ گۆرانگارییەکان، ئەمە گوزارشتە لە گۆڕانێکی نوێی کەلتوری لە ناو حزب و کۆمەڵگەدا.
رۆڵی مێژوویی دەگێڕێت
لە روانگەی ئەنسرۆپۆلۆژییەوە، واقیعی ئێستا ئەوە دەردەخات، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هێشتا رۆڵی مێژوویی خۆی لە دەربڕینی ناسنامەی مەدەنیی مۆدێرنی کۆمەڵگەی کوردیدا دەگێڕێت و دەپارێزێت، لە قۆناغی «سەرکردایەتی کاریزماتیک»ەوە گۆڕاوە بۆ کاری دامەزراوەیی مۆدێرن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ گۆڕانکاری لە هۆشیاری بە کۆمەڵ، بەرەو بەها نوێیەکان کە لەسەر بنەمای لێهاتوویی، پیشەیی و شەفافیەت دامەزراوە، نەک دڵسۆزی کەسی، ئەم گۆڕانکارییە، تەنیا لە سیاسەتدا سنووردار نییە؛ بەڵکو کاریگەری لەسەر پێکهاتەی خودی کۆمەڵگەش دادەنێت، نەوەی گەنجی ئەمڕۆ چیتر تەنها وەک چوارچێوەیەکی سیاسی تەماشای حزب ناکات، بەڵکو وەک سەکۆیەک بۆ دەربڕینی ناسنامەی خۆی بەکاردەهێنێت، لێرەوە یەکێتی تەنها حزبێک نییە، لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردیدا؛ بەڵکو رۆڵێکی کاریگەری هەبووە لە رەنگدانەوەی گۆڕانکارییەکانی ناو کۆمەڵگەی کوردیی لە ماوەی نیو سەدەدا و هەروەها لە عیراق و ناوچەکەش، گۆڕانکاری کردووە لە گواستنەوەی لە سەرکردایەتی رەمزییەوە بۆ سەرکردایەتی دامەزراوەیی، لە گوتاری ناسیۆنالیستییەوە بۆ ریالیزمی سیاسی- حزب بەرجەستەی سەفەری کۆمەڵگەیەک دەکات، کە هەوڵدەدات بۆ هاوسەنگی لە نێوان رەسەنایەتی و مۆدێرنیتەدا.
تەنیا ئامرازێکی دەسەڵات نەبووە
ئەم حزبە ئەوەمان بۆ دەردەخات، کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، تەنیا ئامرازێکی دەسەڵات نەبووە، بەڵکو ئامرازێک بووە بۆ تێگەیشتنی کۆمەڵایەتی و کەلتوری، کە لەڕێگەیەوە مرۆڤ دەتوانێت تێبگات کە مرۆڤەکان چۆن بیردەکەنەوە و بەهاکانیان چۆن دەگۆڕدرێن و چۆن ناسنامەی نوێ لەمڕۆدا لە کوردستان بنیات دەنرێت.
لە کۆتاییدا، حزب وەکو یەکێک لە کۆڵەکە گرنگەکانی دامەزراوەی سیاسی، دواجار کاریگەریی لەسەر دامەزراوەکانی تری کۆمەڵگە هەیە، ئەم کاریگەرییەش لە سیاسەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا دەکەوێت.