عەواد عەلی

پێشەکییەک:
نوسین وەک کارێکی مەعریفی گرنگی و بایەخی خۆی هەیە بۆیە قسەکردن و ئاخاوتن لەسەر رووپەڕی کاغەزدا جگە لەوەی بەکارێکی پێویست و ئەرکی سەرشانی روناکبیران دادەنرێ لەهەمان کاتیشدا رۆشنکردنەوەی ئەو کون و کەلەبەرە تاریکانەیە کە لەزەینی هەر یەکێک لەتاکەکانی کۆمەڵدا لێرەو لەوێی دنیای پڕ لەجەنجاڵ و پێشکەوتنی تەکنەلۆجیدا دەردەکەون، بۆیە نووسین لەبارەی خودی نووسین خۆیەوە بۆ تێگەیشتن لە پڕۆسەی نووسین کارێکی زەرورو پێویستە. ئەم وەرگێڕانەی بەردەستیشتان هەر لەم روانگەیەوە دەستی دراوەتێ، بەو ئومێدەی لایەنێک لەوبارەیەوە رۆشن بکاتەوە لەڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو مەسەلەیەی جاک درێدا بەزاراوەی (میتا فیزیکای ئامادەگی) ناوزەدی ئەکردو هەژمونی بەسەر فەلسەفەی رۆژئاوادا کردبوو، کەئەوەش بەهۆی بەهۆی کاریگەری "لۆگۆسێنترالیزم" "التمرکز حول العقل"ەوە دروستبوبوو، راستیەکەی ئەمەش پشتی بەستبوو بە"ڤۆیز سێنترالیزم" "التمرکز حول الصوت"ەوە. 
(ڤۆیز سێنترالیزمیش؛ واتە گرنگیدان بە ئاخافتن و قسەکردن لەسەر حسابی نوسین). جاک درێدا  (گرامۆتۆلۆجیا) دادەتاشێ، کەمەبەست پێی (زانستی نوسینە)، ئەم تایتڵەش بەشبەحاڵی خۆی ناونیشانی یەکێک لەگرنگترین کتێبەکانیەتی کەساڵی ١٩٦٧ بەچاپی گەیاند،تیایدا میتۆدی نۆژەنکردنەوەی فیکر دادەمەزرێنێ ئەویش بە هەڵگێڕانەوەی ئەو پلە رێژیە تەقلیدیە، واتە تەفزیلکردنی  قسەکردن بەسەر نوسین دا، لەو روانگەیەوە کە هەموو تایبەندیەکانی نوسین وەکو غیابی قسەکەر و پاشان غیابی هۆشیاریەکەی رەهەند و مەغزای دیکە بۆ (مانا) زیاد ئەکەن، ئەکەن، ئەکرێت بێتە پاڵپشت بۆ گفتوگۆیەکی زارەکی. جا لەبری وێناکردنی ئەوەی کەنوسین داتاشراوی دەرگیر ئامێزی گوزارەیەکی ماناداری وتراوبێت ئەکرێت وێنای ئەوە بکەین کەئەوە قسەیە داتاشراوی نوسینە، بەرەچاوکردنی ئەمە درێدا گریمانەی بونی نمونەیەکی سەرەتایی نوسین دەکات، کەلێرەدا بەهەمان هێڵیی هەنگاوەکانی (دی سۆسێر)دا دەڕوات، ئاخر ( دی سۆسێر)یش گریمانەی دەرکەوتنی سیمۆلۆژیای دەکرد پێش ئەوەی خۆی بەفیعلی دەربکەوێت، ئەمەش وەک دەرەنجامی خوێندنەوەیەکی گشتگیری رەمزەکان.

بەڵام نوسین خۆی چیە؟
تزفتیان تۆدرۆف وای بۆ دەچێت کە نوسین دوومانای هەیە. مانایەکی بەرتەسکی ووشە(نوسین)، کە بەواتای سیستمێکی نەخشێنراوی زمانێکی دیاریکراو دێت، بەڵام مانا گشتیەکەی چەمکی نوسین ئەو پێیوایە بریتیە لە(هەموو سیستمێکی شوێنی و دەلالەتئامێزو بینراو). هەرلەم بارەیەوە جۆناسان کلەر جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە نوسین گەشەپێدەری زمانە، بەو پێیەی زنجیرەیەکە لەڕەمزە بینراوەکان کە لەغیابی قسەکەردا کاری خۆی دەکات، هەڵبەت نوسین پێچەوانەی قسە یاخود ئاخاوتنە؛ یەکەمیان لەڕێگەی سیستمێکی مادی لە ڕەمزەکان بەرجەستە دەبێت بەڵام قسە تەنها لەنێو دەنگدا بونی خۆی دەسەلمێنێت... وەک ئاشکرایە لەنوسین دا راستەوخۆ ئامادەبوونی قسەکەر مەرج نیە، پاشان ئەو رەمزە نوسراوو نەخشێنراوانەی سەر کاغەز جیاوازن لەو دەنگانەی کە لەهەوادا دروست دەبن لەکاتی ئاخاوتندا چونکە ئەمەی دواییان بەکۆتایی هاتنی گفتوگۆکە وون دەبێت و خاوەنی سیفەتی مانەوە نیە ئەگەر تۆمار نەکرێ.
ئەمانە هەمووی لەتایبەتمەندیەکانی نوسینن. هەر بۆیە فەیلەسوفەکان کینە دڵ بون لەنوسین، ئەویش بەهۆی ترسیانەوە بووە لەو هێزەی هەیەتی لەوێرانکردنی ئەو حەقیقەتە فەلسەفیانەی ویستویانە بەیانی بکەن، ئەو حەقیقەتانەی کە لەسەر ئایدیای نەبستراکتی وەکو لۆژیک و بیرۆکەو گریمانەکان بونیادنراوون و پێیان وابوو بەنوسینەوەیان گەندەڵ دەبن.
لەراستیدا دوالیزمی نوسین و قسە ئەو شتەیە کەدرێدا بە (توندتیژی) ناوزەدی ئەکات. لەو کاتەدا کە قسە ئەشێت بارگاوی بێت برەهەندەکانی ئامادەیی (الحضور) کەچی لەنوسیندا ئامادەیی پێگەیەکی لاوەکی داگیردەکات. دیارە درێدا بۆ ئەوەی پەیوەندی نێوان قسەو نوسین سیستماتیزە بکات پەنادەباتە بەر بەکارهێنانی چەمکی (پاشکۆ) (ملحق) یاخود (تەواو کردن) (تکملة). ئەگەر جان جاک رۆسۆ بڕوای وابوبێت کەنوسین سەر بەقسەیەو بەشێوەیەکی جەوهەری تەواوکەریەتی ئەوا درێدا پێیوایە هەر دووکیان هاوتەریبن.
دکتۆر عبداللە ئەلغەزامی بەرۆشنکردنەوەی چۆنیەتی ئیشکردنی (گرامۆتۆلۆجیا) لەمیتۆدی درێدادا ئاماژە دەکات بۆ ئەوەی کە (کاریگەری) یەکێکە لەدەرەنجامە هەرە سەرەکیەکانی نوسین، بەشێوەیەک ئاماژەو رەمزی رستەکان بەرهەم دەهێنێت و لێرەدا بەهای یەکەم بەدەر دەکەوێت، دواتر حاڵەتە کۆنەکەی خۆی تێدەپەڕێنێ لەوەی روداوێکی لاوەکی دوای (ووتن)  نوتقکردن بێت و هیچ فرمانێکی نەبێت جگە لەوەی دەلالەت لەنوتقکردن بکات. نوسین ئەم حاڵەتە تێدەپەڕێنێ بۆ ئەوەی نوتقکردن ئیلغا بکاتەوەو ئەم جێگەی بگرێتەوە، بەم شێوەیە نوسین پێش زمان (اللغة) یش دەرکەوێت و دەشبێتەوە خودی  زمان و لەرێگەی دەقەوە بەرهەم دێت، لەبەرئەوە نوسین دەچێتە دایەلۆگ لەگەڵ زمانیشداو لەهەمان کاتدا خۆی لەزمان لەپێشترو وەک تێپەڕینەری ئەویش خۆی دەردەخات، راستیەکەی ئەوە نوسینە زمان لەئامێز دەگرێت و وەک باکگراوندێک دێت بۆ زمان لەبری ئەوەی دەرخەرێکی لاوەکی و درەنگ کەوتوو بێت بۆی. کەواتە نوسین جامێک نیە بۆ بارگاوی کردنی ئەو یەکانەی پێشتر ئامادەکراوە بەڵکو سیغەیەکە بۆ بەرهەم هێنان و ئەفراندنی ئەو یەکانە. لێرەوە دەکرێت بڵێین دوو جۆر نوسینمان هەیە هەروەکو جاک درێدا پێشنیاری دەکات؛ یەکەم نوسینێک کە لەسەر لۆگۆسێنترالیزمەوە بینا دەکرێت، کەتیایدا وشە وەک ئامرازێکی دەنگداری ئەبجەدی هێڵ ئامێز ناوزەد دەکرێ و ئامانجی گەیاندنی ووشەی وتراوە. دووەم نوسینێک پشت ئەستور بەڕێزمانگەرایی (النحویة) یاخود نوسینی دوای بونیادگەرایی، ئەویش بەشبەحاڵی خۆی بریتیە لەو پڕۆسە سەرەتاییەی بەرهەم هێنانی زمان دادەمەزرێنێ.
لێرەدا نوسین دژی نوتقکردن(ووتن) دەوەستێ و خۆی لەعەدەمیەتی دەنگدا دەنوێنێ، ئەوکات کەینونەش شتێک نییە جگە لەبەرهەم هێنانی نوسین، ئەمەش بریتیە لەدۆخی چونە ناو زمانی جیاوازی و دەرچون لەبێدەنگی یان بابڵێین تەقینەوەی بێدەنگی.
بەم شێوەیە درێدا تواناکانی خۆی چڕدەکاتەوە بۆ سیستماتیزە کردنی کاری (گرامۆتۆلۆجیا)، لەم سەروبەندەدا رۆڵێکی چالاک و بەرچاو دەدات بە(نوسین) رۆڵێک کەهیچ کایەیەکی دی ئەو رۆڵە نابینێ. بەنیسبەتی ئەوەوە هەروەک (نۆریس) دەڵێ نوسین (الکتابة) بنەڕەتی هەموو چالاکیەکی رۆشنبیری و کەلتورییە. بەڵکو خودی درێدا جگە لەکتێبەکەی (لەبارەی زانستی نوسینەوە) لەوتارێکی دیکەی گرنگ و سەرەکیدا بەناونیشانی (هێزو دەلالەت) کەبەشێکی کتێبە بەناوبانگەکەی (نوسین و جیاوازی) داگیردەکات، لەو وتارەدا ناوبراو دەڵێت "کاری نوسین بەدیاریکراوی پاشکۆیەتی مەودای توانست و ووزەی پێشوتر نیە، بەڵکو مانای ئامانجی ئەو مەودای توانست و ووزەیەو پاشانیش مانای ئازادی زیندوو دەکاتەوە. کاری نوسین پچڕانێکە لەنێوەندی مێژووی ئەزمونگەری؛ ئەوەش بۆ گەیشتن بەهێنانەدی تەباییەک لەگەڵ جەوهەری نائامادەی ئەو ئەزمونگەریە مێژووییە ئەبستراکتە.
لەراستیدا چالاکی نوسین تەنها ئارەزوویەکی سۆزئامێزی رووت نیە بۆ نوسین، مەسەلەکە لێرەدا بەسۆز دیاری ناکرێت بەڵکو بە بەستانداردەکانی ئازادی و ئەرک دیاری دەکرێت. جێی باسە کەچالاکی نوسین لەپەیوەندیدا بە وجودەوە خوازیاری ئەوەیە ببێتە تاکە تونێل بۆ دورخستنەوەی سۆز؛ لەگەڵ ئەو مەترسیانەی کەلەم پڕۆسەی دورخستنەوەیەدا رەنگدەدەنەوە یاخود بەدەردەکەون لەکاریگەریان بۆ سەر مرۆڤ، واتە کۆتایی هاتن.
کەواتە نوسین دەبێتە میکانیزمێک بۆ هێنانەدی ئەم کۆتایهاتنەو هۆکاری جیاکردنەوەی وەک ئەوەی بونی هەیە.
رەنگە درێدا تموحی ئەوەی هەبێت کەبەندەکانی نێوان رێککەوتنی قسەو نوسین بدۆزێتەوە، وەک ئەوەی بەم کارەی داوای خوێنی ئەو میراتە فیکریە بکاتەوە کە قسە بەهەدەری بردووە. ئەگەرچی نوسین لای ئەو ملکەچی قسە نیە بەڵام لەهەمانکاتدا زەروورەتێکە ناکرێت موستەغنی بین لێی. ئەوەتا کۆمەڵگەیەک نیە بێ بوونی نوسین و بێ بوونی رەمزەکان، کۆمەڵگەیەک نیە تەنانەت ئەگەر زۆر سەرەتاییش بێت لەسەر زەویدا بێ بوونی کاریگەری (الثر)، بێ بوونی رەمزەکان. بەرای درێدا بۆ ئەوەی باوەڕ بەگرنگی نوسین بێنین ئەوە بەسە وێنای ئەو کۆمەڵگەیە بکەین کەبەبێ نوسین گرنگی خۆی فەراهەم دەکات.
وەک ئاشکرایە گرامۆتۆلۆجیا پابەندو بەستراو نیە بەوەسفگەرایی یاخود مەوزوعیەتی زانستیەوە ، بێگومان ئەم زانستە توانای شیتەڵکردنەوەی هەموو چەمکە پێوانەییەکانی زمانی لۆژیکی نیە، بەڵام خوازیاری شیتەڵکردن و جیاکردنەوەی چەمکە پێوانەییەکانی حەقیقەتە، ئەم زانستە میتافیزیکاو ئایدیالیزم و واقیعیەت لەمیکانیزمەکانی دادەڕنێ و ئەو گوتەزایانەی دەربارەی حەقیقەت هەبوون و وەک میراتێک بۆمان مانەتەوە لەڕێی مومارەسەیەکی دەڵالەتئامێزی ئەو گوتارە فەلسەفی و فیکری یانەی ناوبراو دیاریدەکات و راڤەی دەکات. جا سەرچاوەکان بەنیسبەتی راستییەوە پێشتر بەمانا بڕیاری لەسەر دراوە بەڵام ماناش پەیوەستە بە نوسینی بەراییەوە، بەو پێیەی جیاوازیەکی بەردەوامی دەلالەتەکانە. لەبەر ئەوە گرامۆنۆلۆجیا وای دەبینێ کە هیچ شتێک نیە پێش زمان و دوای زمان، هەربۆیە چەمکەکانی حەقیقەت و عەقڵانیەتیش هیچ نین جگە لەدەرەنجامی میتافۆرەخوازە (المجاز و الاستعارة)، ئەم دەرەنجامەش نزیکە لەو شتەی نیتشە بڕیاری لەسەر دەدات کاتێک دەڵێت (حەقیقەت بریتیە لە وەهم) لەبەر ئەوە سەیرنیە کەجۆناسان کلەر لەفەیلەسۆفی ئەمریکی ریتشارد رۆتی بەدیاریکراوی لەکتێبی   (فەلسەفە جۆرێک لەنوسین) دەگوازێتەوە و دەڵێت (بەنیسبەتی درێداوە نوسین دەبێتە نوسینی زیاترو پاشان زیاترو تا ناکۆتا).
لەراستیدا چەمکی گرامۆتۆلۆجیا شتێک جگە لەبانگەشەیەک بۆ دووبارە چاوخشاندنەوەی جدی بەرۆڵی نوسین دا، پێیەی روپۆشی قسەی وتراوە بەڵکو بەو پێیەی کیانێکی خاوەن تایبەتمەندی و خەسڵەتی جیاکەرەوەیە.
پێویستە بووترێ ئەو گرامۆتۆلۆجیایەی درێدا بانگەشەی بۆ دەکرد لەدەرەوەی خۆی واقیعێک بەرهەم ناهێنێتەوە هەروەکو کورتیشی ناکاتەوە، جابەم ئازادیە نوێیەوە ئەکرێت وابڕوانینە گرامۆنۆلۆجیا کە فاکتەری سەرهەڵدانی واقیعێکی نوێیە بۆ وجود. بەڵام ئاخۆ ئەم پەیوەستبونەی دێردا بەنوسینەوە بەم رادەیە لەپای چی؟
سێلیدین وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە بەجەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کەرەمزی نوسراو بەبڕوای دێردا بەم تایبەتمەندیانە جیادەکرێتەوە: یەکەم بەو پێێەی کە رەمزی نوسراوە ئەکرێت دوبارە ببێتەوە لەگەڵ غیابی سیاقەکەیدا. دووەم توانای تێکشکاندنی سیاقە راستەقینەکەی خۆی هەیەو لەنێو سیستمی سیاقە نوێیەکاندا دەخوێنرێتەوە بەو پێودانگەی ئەویش سیمبوڵێکە لەنێو گوتارەکانی دیکەدا. سێهەم دەبێتە ئەتمۆسیفرێک بۆ(مانا) لەدوو روانگەوە، یەکەم توانای گواستنەوەی هەیە بۆ زنجیرەیەکی نوێ لەرەمزەکان، دووهەمیش توانای گواستنەوەی هەیە لە سەرچاوەی ئامادەوە بۆ ئەویدیکە. ئەم خەسڵەتانەش تەنها تایبەتن بەنوسینەوە.  


وەرگێرانی: فرمان عەبدولڕەحمان
ئەم بابەتە لە ژمارە(٥) ساڵی دووەم تشرینی یەکەمی ٢٠٠٣، گۆڤاری بیروهۆشیاری بڵاوکراوەتەوە.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved