هزرە کۆمەڵایەتییەکان لە ئەوروپا لە ڕێنسانسیەوە تا کۆتایی سەدەی هەژدەیەم
کۆمەڵگای مرۆیی لەقەڵەم دەدا.
بە ڕای "هۆبز" ئیرادەی حاکم وەکو یاسا وایە و هەر لە بنەڕەتدا ناتوانین ئەو کارەی حاکم ئەنجامی دەدات بە پێچەوانەی یاسا لەقەڵەم بدەین، چونکە هەر خۆی یاسادانەرە هەلومەرجی گشتیی ڕێنسانس
زاراوەی «ڕێنسانس» (Renaissance) کە لە ڕووی زمانەوانییەوە بە واتای لەدایکبوونەوە دێ، لەبەر ئەوە بۆ ناوێنانی بەشێکی مێژووی ڕۆژئاوا بەکارهێنراوە چونکە کۆمەڵگای ئەوروپایی بە هۆی کاریگەریی کۆمەڵێک بارودۆخ و هەلومەرجەوە لە خەوی قورسی سەدە کانی ناوەڕاست بەخەبەر هاتەوە. لەم سەردەمەدا گۆڕانکاری هەمەلایەنە لە ژیانی کۆمەڵایەتی ئەوروپییەکاندا ڕوویدا.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم شارستانییەتە تازەیە حەزکردنە لە ناسینی کێشە زانستی و کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان. مرۆڤ خۆی وا دەبینی کە دەتوانێ ژینگە بناسێ و زیاتر لە جاران بیخاتە ژێر ویستی خۆیەوە. ڕێنسانس هۆکارێک بوو بۆ دروستبوونی گۆڕان لە گشت لایەنە مادی و نامادییەکانی کۆمەڵگا. لەو ڕووەوە پەیتە پەیتە زانست، تەکنیک، سیاسەت، فەلسەفە، هونەر، ئەدەبیات، یاسا و داب و نەریتەکان گۆڕانیان بەسەردا دێ. بایەخدان بە میتۆدی زانستی برەوی سەند و ڕوون بووەوە کە بەبێ پەنابردنە بەر میتۆدە زانستییە گونجاوەکان ناتوانین ڕاستییە زانستییەکان وەدەست بێنین.
لە سەردەمی ڕێنسانسیـدا، فەیلەسووفان، ڕۆشنبیران، هونەرمەندان و بیرمەندانی تر ئاشنایەتییان لەگەڵ بیرمەندانی یۆنانی کۆندا پەیداکرد. لە سەردەمی سەدەکانی ناوەڕاستدا جیاوازییەکی ئەوتۆ لە ئاستی هوشیارییەکانی خەڵکدا نەهاتبووە کایەوە و زانیارییە زانستی و فەلسەفییەکان چینە کۆمەڵایەتییە جیاجیاکان لە ئاستێکی کەم تا زۆر وەکو یەکدا بوو، بەڵام لەم قۆناغەدا بارودۆخی ئابووریی کۆمەڵگا باشتر بوو، شاری گەورە دروستکران و بواری بیرکردنەوە و مشتومڕ لەبارەی دیاردە کۆمەڵایەتییەکان هاتە ئاراوه. برەوسەندنی ئامرازەکانی گواستنەوە و دۆزینەوەی ڕێگا دەریاییەکان، سەفەرکردنی بۆ ناوچەکانی تر ئاسان کرد و ناسین لەسەر کۆمەڵگاکانی تر زیاتر بوو کە ئەنجامەکەی داهێنانی چەندین بەرهەمی نووسراو بوو لەبارەی خەڵکی نیشتەجێی کۆمەڵگا دوورەکان (بە نیسبەت ئەوروپا). لە گرنگترین هۆکارە کانی ئەم گۆڕانکارییە بنەڕەتییانە دەشێ ئاماژە بەم حاڵەتانەی خوارەوە بکەین:
 -  چەسپاندنی چاکسازیی ئایینی کە بە تایبەت لەگەڵ هەوڵەکانی "لۆتەر" و "کاڵڤێن"دا هاتەئاراوە.
 -  فەتحی قوستەنتەنییە لە لایەن ئیمپراتۆریای عوسمانی و پەرتوبڵاوبوونەوەی زانایان لە وڵاتە ئەوروپاییەکاندا.
 -  پەرەسەندنی پیشەسازی کاغەز و چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب.
 -  دۆزینەوەی قاڕەی ئەمریکا و ناسرابوونی ڕێگا دەریاییەکانی هیندستان.
 -  نفووزکردنی شارستانییەتی ئیسلامی لە ئەوروپا.
ئەگەر بمانەوێ بەراوردێکی گشتی لە نێوان سەدەکانی ناوەڕاست و سەردەمانی دواتر کە بە سەردەمی نوێ، ڕێنسانس یان بووژاندنەوەی زانستی و ئەدەبی ناودەبرێ بکەین، دەبێ بزانین کە:
  -  لە سەدەکانی ناوەڕاستدا زانست لە بیروباوەڕی خەڵکی کلیسادا کورت دەکرایەوە و ئەو لۆجیکە ئایینییەی ئەوان دایاندهێنا گشت واقیعە زانستی و کۆمەڵایەتییەکانی ڕووندەکردەوە و لە کاتێکدا کە دوای ئەم سەردەمە پشکنینی زانستی و دۆزینەوەی واقیعی دنیای دەرەوە مانای وەرگرت.
 -  بیروباوەڕی بیرمەندانی سەدەکانی ناوەڕاست ئەوە بوو کە ئەرکی نەوەکانی داهاتوو تەنیا وەبیرهێنانەوەی ئەو شتانەیە کە نەوەکانی ڕابردوو کۆیانکردووەتەوە، چونکە ئەوەی شیاوی دۆزینەوەیە ئەوەیە کە پێشتر وەدەستهاتووە. ئەم شێوازە جێی پەسەندی ژمارەیەکی زۆری فەیلەسووفانی ئەو سەردەمە بوو. لە کاتێکدا دوای ڕێنسانس، نەوەی داهاتوو جگە لە فێربوونی شتەکانی ڕابردوو ئەرکی تریشیان دۆزیەوە.
 -  لە سەردەمی نوێدا دەمارگیری سەبارەت بە وتەی پێشینان و سەلماندنی بێ ئەملا و ئەولای وتەی مامۆستایانی ڕابردوو بایەخی نەریتیی خۆی لەدەست دا و گومانی زانستی جێگەی گرتەوە. لە سەدەکانی ناوەڕاستدا بەرهەڵستیکردنی ئەوەی خەڵکی کلیسا وتوویانە بە گوناهی گەورە دادەنرا و ڕووبەڕووی تەکفیرکردن دەبووەوە. لە سەردەمی نوێدا پشت بەستنی زانایان بە بیرمەندانی پێشوو لەناو نەچوو، بەڵام چیتر پێیان وانەبوو کە بیروباوەڕەکانیان هەڵە بەدوورن.
 -  ڕێنسانس هاوواتای گۆڕانی شێوەی بیرکردنەوە و میتۆدی ناسین و ئەوە بوو کە دواتر بە میتۆدۆلۆژی (Methodology) ناوبرا.
بیکۆن و دیکارت
دوو کەس لەو فەیلەسووفانەی زیاتر لە هەمووان کاریگەرییان لە گۆڕینی بیری فەلسەفی لە سەدەی ١٧ی زایین هەبوو "فرانسیس بیکۆن" (F. Becon) و "ڕێنێ دیکارت" (R. Descartes) (١٥٩٦ - ١٦٥٠) بوون. "فرانسیس بیکۆن" (١٥٦٠ - ١٦٢٥) ڕەخنەیەکی توندی ئاراستەی مێتۆدی پێشینان کرد و تیۆرە فەلسەفییەکانی پووچەڵکردنەوە و مانایەکی تازەی بە زانست و مەعریفە بەخشی. ناوبراو چاودێریکردن و ئەزموونی بە مێتۆدێکی زانستی لەقەڵەم دا و لەبارەی مێتۆدی زانایانی پێش خۆی بڕوای وابوو [٣٩] کە: «...بۆ گەیشتن بە زانیاری لەو ڕێیەوە نەدەڕۆیشتن کە بە مەبەست بگەن. هەروەها لۆجیکیان کردبووە ئامرازێک بۆ وەدەستهێنانی زانست کە لە ڕاستیدا ئامراز نییە، شتە شاردراوەکان بەهۆی بەڵگەی قیاسەوە کە بەشێکی سەرەکی لۆجیکە ئاشکرا نابێ. سوودی لۆجیک لە ناچار و بێدەنگکردنی بەرانبەر دایە لە کاتی گفتوگۆ و مشتومڕدا و چەسپاندنی ئەو هەڵانەیە کە دووچاری هزرمان دەبنەوە. دۆزینەوەی ڕاستی تەنیا بەهۆی بیرکردنەوە و قیاس و هەڵێنجانی جوزییات لە شتە گشتییەکانەوە نایەتە کایەوە، بەڵکوو پێویستە لە جوزییاتیش بکۆڵینەوە و زانیارییە جوزییەکان ڕیزبەندیی بکەین و زانیاری گشتی لێوە هەڵێنجین. لەبەر ئەوەی بەهۆی لێکۆڵینەوە لە جوزییات و ئیستقراوە پەنای بە ڕاستی شتەکان نابردێ، عەقڵ و بیرکردنەوە بێ سەرچاوە و بناغەیە و پشت بە خەیاڵ و گومان دەبەستێ و ئەو زانستەی لێیەوە بەرهەم دێ گوزارشت لە واقیع ناکات، [بەڵکو] داهێنراوی خەیاڵی ئێمەیە و پەیوەندی بە ڕەوشی ڕاستەقینەی سروشتەوە نییە.» "بیکۆن" بڕوای وابوو کاتێک مرۆڤ بابەتێکی تایبەتی پەسند کرد، چ بەهۆی داکۆکیی ئەوانی تر و چ بەهۆی هەستکردن بە ڕەزامەندیی لەم پەسندکردنە، گشت بەڵگەکان بۆ سەلماندنی بەکاردێنێت. لەم حاڵەتەدا بەڵگەی بەرانبەر ڕەتدەکاتەوە یان سەرنجێکی وردیان لێ نادات. داکۆکیکردنی خەڵک لەسەر ڕاستی شتێک سەرەتا بەپێی سەلیقەی تاکەکەسییە و دواتر هەوڵی تاقیکردنەوەی دەدات و کاتێک کە لەگەڵ ئاراستەی ئەواندا بگونجێ پێداگیری لەسەر دەکات.
زانایەکی تر کە "ڕینی دیکارت"ی فەڕەنسییە لە ڕووی دژایەتیکردنی مێتۆدی فەلسەفووفانی کۆن هاوڕێبازی "فرانسیس بیکۆن" بوو. سەرەڕای ئەوەی بەرهەمەکانی "دیکارت" زیاتر لایەنێکی فەلسەفیان هەیە، بەڵام بیروڕای زانایەکی ماتماتیک بە ئاشکرا بەسەریدا زاڵە و مێتۆدێکی نوێی لە شێوازی بیرکردنەوەدا خستە ڕوو کە دەشێ لە هەموو بەشە زانستییەکاندا سوودی لێوەربگیرێ. بۆچوونی سەرەکی "دیکارت" لە بەرهەمەکانیدا لە دەوری چەند بابەتێکی وەکو کەموکورتی کاری زانایانی پێشین، بایەخدان بە نەزانی و قبووڵکردنی نەزانی، گرنگیی مێتۆدی زانستی، بێئەنجامبوونی بەڵگەهێنانەوەی لۆجیکی، گرنگی و گشتگیربوونی ماتماتیک، بایەخدان بە سەربەخۆیی فیکر، سوودوەرگرتن لە زانست لە کردەوەدا و گومانی زانستی، دەخوولێتەوە. شاکارەهەمی "دیکارت" کتێبێکە بە ناوی «گوتارێک لەبارەی مێتۆدی دروست بەڕێوەبردنی عەقڵ» کە بناچینەی بیروباوەڕەکانی وی لەبارەی ڕەوتی فیکر لە ڕێی وەدەستهێنانی زانست بە جوانی ڕوون دەکاتەوە.
تیۆرەکانی ئەم دوو زانایە بووە بناغەیەکی فیکری بۆ زۆربەی بیرمەندان لە بواری جیاجیادا و کاریگەرییەکی زۆری هەبوو بۆ لەناوچوونی دەمارگیرییەکانی سەدەکانی ناوەڕاست. لەوێساوە پەنا دەبرێتە بواری کاروبار و کێشەی کۆمەڵایەتیشدا وەکو بەشەکانی تر چەندین بیرمەند سەریان هەڵدا و بوونە خاوەنی تیۆری تایبەت بە خۆیان. ئەم بیرمەندانە، هەم ئەوانەی کە سەر بە ڕێبازە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بوون یان ئەوانەی لە پاڵ لێکۆڵینەوەکانی تریان بایەخیان بە توێژینەوە لە دیاردە کۆمەڵایەتییەکان دەدا، بیروڕاکانیان ڕێخۆشکەری سەرەهەڵدانی کۆمەڵناسی بەواتا هاوچەرخەکەی بوون. لەبەر ئەوەی باسکردنی بیروڕای گشت ئەم کەسانە دوور و درێژ دەبێ، قسەکانمان لە چاوخشان بە کۆی بیروباوەڕی هەندێ لە ناودارترینیان کورت دەکەینەوە.
ماکیاڤیللی
«نیکۆلۆ ماکیاڤیللی» (N. Machiavel) کە لە ئیتالیا لەدایک بووە لە یەکەمین بیرمەندە کۆمەڵایەتییەکانی سەردەمی ڕێنیسانسە. ناوبراو لە ڕووی پیشەوە لە کاروباری سیاسیدا خزمەتی دەکرد و ڕاوێژکاری حکوومەت بوو لە فلۆرەنسا [٤٠]. هەرچەند لە ماوەی خزمەتەکەیدا لێپرسراوێتیی سیاسیی جۆراوجۆری گرتبووە ئەستۆ، بەڵام دوای هەرسەهێنانی کۆماری فلۆرەنسا ناچاربوو وڵات بەجێ بهێڵێ. هەندێ پێیان وایە "ماکیاڤیللی" دواتر حەزی لێبوو بگەرێتەوە بۆ خزمەتکردنی دەوڵەت و بۆیە کتێبی میر (Le Prince)ی نووسیوه [٣١].
لە سەره‌تاکانی تەمەنیدا واقیعبینییەکی تایبەت لە بیروڕاکانیدا بۆ کێشە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگا هەبوو. بیروباوەڕە کۆمەڵایەتییە بنەڕەتییەکانی خۆی لە ساڵی ١٥١٣ لە کتێبی میردا خستۆتە ڕوو. ناوبراو ئەگەرچی بایەخ بە لێکۆڵینەوە لە کاروباره‌ کۆمەڵایەتییەکان دەدات، بەڵام بنچینەی لێکۆڵینەوەکانی بریتین لە ڕێوشوێنە نەگونجاوەکانی کرداره‌ حکوومییەکانی ئەوسای ئیتالیا و لە هەندێ حاڵەتدا ئەم میتۆدانەی خستۆتە ڕیزی بنەما دروستکراوەکانەوە. لە تیۆرەکانی ئەودا چاکسازیخوازی و بنیاتنانەوەی هەلومەرجی باو، تێکەڵە بە لایەنە فەلسەفی-کۆمەڵایەتییەکان.
ماکیاڤیللی زیاتر لە هەموو شتێک بایەخی بە یەکێتی ئیتالیا دەدا، چونکە لەو سەردەمەدا وڵاتەکەی ببوو بە چەند کۆمارێکەوە و چەندین کێشە بۆ ئیتالیا دروست ببوون. لە بەرهەمەکانیدا داکۆکییەکی زۆر لە چینەکانی ناوەڕاست دەکا و "ماکیاڤیللی" پێیوایە پەرەسەندنی ئەم چینە دیاردەیەکی بەسوودە بۆ کۆمەڵگا.
لەبەر ئەوەی هەستی دەکرد کە دەبێ کۆمەڵگای ئیتالیا بە زەبری هێز و دەسەڵات هاوسەنگیی بۆ بگیڕدرێتەوە (کە هەمان یەکێتی ئیتالیا و هێنانەدی بارودۆخێکی لەبارە بۆی)، بڕوای وابوو کە ئامانجی حکوومەت دەبێ گەیشتنە دەسەڵات بێ. ئەو لایەنگری حکوومەتی ئیستبدادی بوو و لە ڕووی سیاسییەوە، پیادەکردنی هێز و دەسەڵاتی بە پێویست دەزانی. "ماکیاڤیللی" بایەخی بە لایەنی ئەخلاقی ئەو کردارانەی کە لەلایەن دەوڵەتەوە بەرانبەر خەڵک ئەنجام دەدرێن نەدەدا. دەوڵەت ناچارە ئەو کردارانە ئەنجام بدا کە بۆ چەسپاندنی ئامانج و بەرژەوەندییە گشتییەکانی دەوڵەت پێویستن و دەتوانێت هەموو ڕێگایەک بۆ سەرکەوتن لە ئەنجامدانی پڕۆژەکانیدا بگریتە بەر [٣١]. هێزی سەربازی هەر وڵاتێک پێویستە ڕێکخراو بێت و هەموو کەسێک لە نێوان تەمەنی حەفدە تا چل ساڵی دەبێ خزمەتی سەربازی ئەنجام بدات [٤١].
بەشێکی تری بیروڕاکانی لەسەر ڕەخنەگرتن لە مەسیحییەت و بیروباوەڕی خەڵکی کلیسایە. ئەو ڕەخنە لەو ئایینە دەگری چونکە پێیوایە پشت لە دونیا دەکات و هەروەها تاوانباری دەکات بە تاکگەرێتی و خۆدابڕان لە کۆمەڵگا. "ماکیاڤیللی" پێشنیار دەکات دەوڵەتێکی بەهێز، مەرکەزی و بەبێ هیچ پەیوەندییەک بە کلیساوە بێتە کایەوە و سەرکەوی و باڵادەستیی سیاسیی بەسەر ئەورووپادا هەبێ. ئەگەر دەوڵەتێکی بەهێز نەبێ، مرۆڤ کە بەدوای بەرژەوەندییە تایبەتییەکانیدا دەگەڕێ هەوڵی وەدەستهێنانی دەسەڵاتی زیاتر و دەستگرتن بەسەر مۆڵک و ماڵی خەڵک دەدات و ململانێ لەنیوان خەڵکدا پەیدا دەبێ و ئەم ململانێیە ئاژاوەی لێ دەوەێتەوە. لەو نیوانەدا سەرکردەی وڵات ڕۆڵێکی زۆر سەرەکی هەیه. ئەو تەنیا دامەزرێنەری دەوڵەت نییە، بەڵکوو لە لایەنی ئەخلاق، ئابووری و ئایینیشەوە دەوری هەیە. دەوڵەت ناچارە پەنا بباتە بەر توندوتیژی چونکە بەبێ ئەوە ناتوانی حکوومەت بە سەقامگیری بهێڵێتەوە و شیرازە و ڕێکخستنی گشتی بپارێزی [٤١]. بەڕێوەبردنی وڵات خۆی بە یاسا دادەنری و گشت بڕیارەکانی دەبێ موو بە موو جێبەجێ بگرێ. کەسێکی وا ناتوانێ بە ویستی خۆی یاساکان بگۆڕێ یان لەناوی بەرێت، بەڵام خۆی لە پەیڕەوکردنی یاسا بەدەرە. بنەماکانی تیۆرەکانی "ماکیاڤیللی" پشت بەم هۆکارانە دەبەستی: نییەتحراپی، پەنابردنە بەر هێز، کاری توند و زەبروزەنگ، پڕۆپاگەندەی سیاسی و فڕت و فێڵ. ئامرازی جێبەجێکردنی ئەم هۆکارانە دەوڵەتە. "ماکیاڤیللی" کە لە ژێر کاریگەریی ڕەوتە فیکرییەکانی سەرەتاکانی ڕێنیسانس، بەتایبەت بیروڕا کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی سەدەی شانزەدا بوو دەوڵەتی بە بنچینەیەک کە بەڵگە نەویست دادەنا و هەموو ئەوانی تری بە ئامراز لەقەڵەم دەدان. بە ڕای وی تەنیا دەوڵەت دەبێ سەرکەوی و بۆ گەیشتن بەم ئامانجە دەتوانی:
 -  پیادەکردنی هێز بکاتە پێوەر و بۆ وەدەستهێنانی دەسەڵاتی تەواو دەتوانی بە ڕادەیەکێکی زۆر سوود لە چەکی جۆراوجۆر وەربگری،
 -  سوود لە هەموو جۆرە هونەر و شێوازێکی پڕۆپاگەندە تەنانەت بۆ فڕیودانی خەڵکیش وەربگری،
 -  توندوتیژی بەرانبەر بەو کەسانەی بیروڕا و ڕەفتارێکی جیاوازیان هەیه بە ڕەوا بزانی،
 -  سوود لە گشت ئەو جۆرە فێڵ و شێوازانە وەربگری کە کاریگەرییان هەیە لەسەر بۆچوون و بیروباوەڕی خەڵک،
 -  خۆی بە دیندار دەربخات، بەڵام لە هەمان کاتدا دەشێ بڕوای بەو شتە نەبێ کە خۆی دەیکات!
 -  هەر کاتی بە پێویست بزانی پێچەوانەی قسەی پێشووی هەڵسووکەوت بکات، چونکە ئامانج پێشکەوتنە نەک پشتەبەستن بە قسه.
بە کورتی "ماکیاڤیللی" بیری لە ئەخلاقیبوون، ئایینیبوون و لە کۆتاییدا باش یان خراپ بوونی بەرنامەی [سیاسی] نەدەکردەوە، ئەو تەنیا لە خەمی پاراستنی دەسەڵاتی دەوڵەت دایه کە لە کەسایەتی "میر"دا بەرجەستە دەبێ. "ماکیاڤیللی" هەموو شتێک بە وەسیلە دادەنی. زۆربەی ئەو ڕەخنانەی لێی گیراوە پەیوەندی بەو بایەخدانە زۆر و لەڕادە بەدەرەیەوه‌ هەیە کە بە حکوومەتی ئیستبدادی دەدات. بۆیە لە باسکردنی ڕژێمە سیاسییەکاندا، بە جۆرێکی تایبەتی حکوومەت کە لەسەر پیادەکردنی هێز و زۆرلێکردن و فڕت و فێڵ دامەزرابی دەڵێن «ماکیاڤیللیزم».
تۆماس مۆر
"تۆماس مۆر" (T. More) فەیلەسووفی ئینگلیزی (١٤٨٠-١٥٣٥) لە پێشەنگەکانی بیری سۆسیالیستی دادەنرێ. ناوبراو لە کاروباری سیاسیی بەریتانیادا چالاک بوو و ماوەیەکیش لەگەڵ پاشای ئینگلیز لە کۆنفرانسەکانی ئەورووپادا بەشداری دەکرد.
لەگەڵ ئەوەشدا لەبەر ئەوەی ڕازی نەبوو بە جیاکردنەوەی کلیسای ئینگلیز لە کلیسای ڕۆما، بە خیانەتکردن لە پاشا تاوانبار کرا و لە بورجی لەندەندا لە سێدارە درا.
بەهۆی ئەو شێوازەی کە بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی نموونەیی («شاری نموونەیی یان فازیلە») دە یخاتە ڕوو دەشێ لەگەڵ "ئەفلاتوون" و "فارابی"دا بەراورد بکریت. ناوبراو لە کتێبی یۆتۆپیا (Utopia)دا کە لە ساڵی ١٥١٦ بڵاوکراوەتەوە وەسفی شاری نموونەیی خۆی دەکات کە دادگەری و یەکسانیی تەواو تێایدا بەرقەرارە. لەم شارەدا کە بە "دوورگەی یۆتۆپیایی" ناوی دەبات، گشت خەڵکەکەی لە خۆشی و خۆشگوزەرانی و سەلامەتیدا دەژین و هیچ شوێنەوارێکی هەلومەرجی کۆمەڵایەتیی نالەباری تێدا بەدی ناکری.
ئەوەی بووە هۆی ئەوەی خەڵکانی تر تۆماس مۆر بخەنە ڕیزی شوێنکەوتووانی «سۆسیالیزمی خەیاڵی» لەبەر ئەوەیە کە باس لە دوورگەیەک دەکا کە بێ دیاردەی مولکایەتی دەکات و گشت کاروباره‌کان دەخاتە دەستی دەوڵەتەوە. "تۆماس مۆر" باسی کۆمەڵگایەکی نموونەیی دەکات کە له‌سه‌ر بنه‌مای پیاده‌كردنی ته‌واوی یاساكانه‌وه‌ هاتووه‌ته‌ كایه‌وه‌. ئه‌م وڵاته‌ بێ گرفت و بۆ كۆمه‌ڵگای به‌ریتانیای ئه‌وه‌سا داڕێژرابوو. ناو براو تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌و دوورگه‌ خه‌یاڵییه‌ له‌ زمان كه‌سێتییه‌كه‌وه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ بۆ وڵاته‌ دوور و نه‌ناسراوه‌كان سه‌فه‌ری كردووه‌. ئه‌م كه‌سێتییه‌وانه‌ له‌ ژێر كاریگه‌ریی بارودۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریی ناڵه‌باری ئه‌وروپای ئه‌وه‌سا و شه‌ڕه‌ یه‌ك له‌دوا یه‌كه‌كاندا بووه‌، له‌گه‌ڵ بینینی دوورگه‌ی "یۆتۆپیایی" و به‌راوردكردنی به‌ كۆمه‌ڵگای خۆی به‌و ئه‌نجامه‌ گه‌یشتووه‌ كه‌ له‌ هه‌ر شوێنێك پاره‌ ببێته‌ پێوه‌ری شته‌كان و موڵكایه‌تی تایبه‌تی هه‌بێ، خۆشگوزه‌رانی، دادگه‌ری و دڵنیایی نامێنێ و باشترین شته‌كان ده‌كه‌ونه‌ به‌ر ده‌ستی خراپترین خه‌ڵك. هه‌موو شته‌كان له‌ ده‌ستی ژماره‌یه‌ك تاكه‌كه‌سدا كۆده‌بێته‌وه‌ كه‌ خاوه‌ن پاره‌ و هێزن و زۆربه‌ی خه‌ڵك له‌ هه‌ژاری و بێده‌ره‌تانیدا ده‌ژین. ئه‌م بارودۆخه‌ له‌ كۆمه‌ڵگا خه‌یاڵییه‌كه‌ی ئه‌ودا نییه‌، چونكه‌ له‌و كۆمه‌ڵگایه‌دا:
 -  هه‌موو شتێك به‌ شێوه‌یه‌كی یه‌كسان له‌ نێوان هه‌موو خه‌ڵكدا دابه‌شكراوه‌،
 -  هه‌موو خه‌ڵك له‌ خۆشگوزه‌رانی و ئارامیی ته‌واودا ده‌ژین،
 -  له‌ ڕۆژێكدا ته‌نیا ٦ سه‌عات كار ده‌كه‌ن و كاته‌كانی تری خۆیان به‌ خوێندنه‌وه‌ و زیادكردنی زانیارییه‌كانیان ده‌به‌نه‌ سه‌ر،
 -  خاوه‌نی كانزا گرانبه‌هاكانی وه‌كو زێڕ و زیو نین و زنجیر له‌م كانزایانه دروست ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی تاوانبارانی پێ ببه‌ستنه‌وه‌، چونكه‌ باش ده‌ركیان به‌ ڕۆڵی سه‌لبیی ئه‌م كانزایانه‌ له‌ نێوان میلله‌تانی تردا كردووە.
بیروڕاكانی وی له‌و سه‌رده‌مه‌دا كاریگه‌رییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی زۆریان هه‌بوو و ته‌نانه‌ت ماوه‌یه‌ك دواتر كه‌سانی تر به‌ په‌یڕه‌وی له‌و، كتێبییان له‌و بواره‌دا نووسیوه. له‌ سه‌ده‌ی نۆزده‌دا «كابە» (Cabet) نووسه‌ری ناودار كتێبێكی له‌ ژێر ناوی سه‌فه‌ركردن بۆ ئه‌ئیكاری نووسی و به‌ په‌یڕه‌ویكردن له‌ بیروڕاكانی وی. ئەو کۆمەڵگا نموونەییەی شڕۆڤەکردووە و بنچینە کۆمەڵایەتییەکەی بە سۆسیالیستی و هاوبەش وەسف دەکات.
تۆماس هۆبز
فەیلەسووفی ئینگلیزی «تۆماس هۆبز» (T. Hobbes) (١٥٨٨-١٦٧٩) یەکێکە لە بیرمەندە کۆمەڵایەتییە ناودارەکانی ئەوروپا. بەشێکی زۆری ژیانی ئەو هاوکات بوو لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەی لە بەریتانیای ئەو سەردەمەدا ڕوویاندەدا و ئەو بارودۆخە کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر بیروڕا سیاسی-کۆمەڵایەتییەکانی وی هەبوو. دەتوانین هۆبز لەو کەسانە حیسێب بکەین کە وەک "فرانسیس بیکۆن" بەرهەڵستییەکی توندی میتۆدی «سکۆلاستیک»ی سەدەکانی ناوەڕاستیان کردووە. بواری لێکۆڵینەوەی وی لە ناوەڕاستی تەمەنیدا زانستی ماتماتیک و فیزیا بوو، بەڵام وردە وردە بەرەو فەلسەفە ڕۆیشت و بە تایبەت بایەخی بە کێشە سیاسییەکان دەدا.
"هۆبز" لە کتێبی خەڵکی شار و لێڤیاتان (Leviathan) (کە واتای جۆرە بوونەوەرێکی سەیر و وەک دێوی دەریا دەگەیەنێ)دا بنچینەی بیروڕاکانی خۆی لەبارەی فەرمانڕەوایەتی و دامەزراندنی حکومەتەکان و پەیمان یان گریمانەی کۆمەڵایەتی و پەیوەندییەکانی مرۆڤ خستووەتە ڕوو. ئەو لەو بڕوایەدا بوو کە لەو بارودۆخە کۆمەڵایەتییە تایبەتەی کە [هێشتا] حکومەت نییە و مرۆڤ بە شێوەیەکی سروشتی ژیان بەسەر دەبات، هەر مرۆڤێک دەبێتە گورگ بۆ مرۆڤێکی تر و سروشتی مرۆڤ بە غەریزە سەرکێش و دڕندانەیە. لە دۆخی سەرەتاییدا هەر کەس تەنیا بیر لە دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکاتەوە و دەیهوێ زیان بە ئەوانی تر بگەیەنێ. هەموو خەڵک بەردەوام لە شەڕدا دەبن و لە کۆتاییدا بەهێزترەکە سەر دەکەوێ کە بە ڕای ئەو لە ڕووی سروشتییەوە شتێکی ڕاست و دروستە. لەم دۆخەدا دڵنیایی کۆمەڵایەتی و دەروونی هیچ مانایەکی نییە و هەمیشە خەڵک لە مەترسی دەستدرێژیی ئەوانی تردا دەژین.
"هۆبز" پێیوایە سەرەڕای ئەم ڕابردوو و سەرەتایە، بەڵام ئادەمیزاد لە دەوری یەکتر کۆبوونەوە، وازیان لە مافی سروشتیی خۆیان هێنا، پەیمانێکیان بەست و دانیان بە دەسەڵاتێک وەکو دەستەیەکی فەرمانڕەوا نا و گشت دەسەڵاتەکانی خۆیان بە حاکم بەخشی. حاکم دەتوانیت بە هەر شێوەیەک کە بیەوێ هەڵسوکەوت بکات. "هۆبز" لە کتێبی  - لێڤیاتان - دا (کە لە ساڵی ١٦٥١ لە بەریتانیا بڵاوی کردەوە) دەوڵەتی بە لێڤیاتان شوبهاندووە و بە بەرهەمی گریمانەی. ئەگەر بمانەوێ ئاستەنگ لە ڕێی دەسەڵاتی تەواوی  - لێڤیاتان - دا دروست بکەین ئەوا دژی گریمانەی کۆمەڵایەتی و پرەنسیپی سەروەری وەستاوینەتەوە. بە ڕای "هۆبز" ئەم گوێڕایەڵییە لەبەر ئەوە پێویستە چونکە تاکەکان دەیانەوێ لە ئارامی و ئاشتیی تەواودا بژین و ئەمەش تەنیا لە ڕێی دەسەڵاتی حاکمەوە دابین دەبێ. ئەو شتە سوودی هەمووانی تێدایە کە لێڤیاتان بە پەسندی بزانێ و هەر دەمەتەقێ و ناڕەزاییەک کە لە لایەن تاکەکانەوە لەسەر بڕیارەکانیدا بکرێ ئامانجی کۆتایی گریمانەی کۆمەڵایەتی ڕووبەڕووی مەترسی دەکاتەوە. پێش دروستبوونی دەوڵەت، خەڵک بایەخیان بە موڵکایەتی نەدەدا. هەر کەسێک لە ڕووی بەهرەمەندبوون لە مافەکانییەوە، خۆی بە یەکسان لەگەڵ ئەوانی تر دەزانی. بە هۆی ئەو جەنگانەی ڕوویان دا مرۆڤە بەهێزەکان توانییان هەموو شتێک بخەنە بەرژەوەندیی خۆیانەوە. دەوڵەت لە کاتی پێویستدا دەتوانی ئەم جۆرە موڵک و ماڵانە بەناوی خۆی تۆمار بکات.
ناو براو دژی جیاکردنەوەی کاروباری سیاسییەکان لە کاروباری ئایینییەکان بوو. بە بڕوای ئەو دەبێت دەسەڵاتی وڵات بەدەستەوە بێت و لە هەمان کاتدا سەرۆکایەتی کەنیسەشی لە ئەستۆ بێت. خەڵکی کەنیسە بە توندی دژی ئەم بۆچوونە وەستان. وتەکانی لێڤیاتان، جگە لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا شتێکی دیکە نییە، چونکە گشت کۆمەڵگا لێڤیاتانیان بەرهەم هێناوە. ئەگەر خەڵک داوای ئارامی و خۆشگوزەرانی بکەن پێویستە قسەکانی لێڤیاتان بێ قەید و شەرت پەسند بکەن. سەرەڕای ئەوەی "هۆبز" دان بەوەدا دەنێ کە دەسەڵاتی بێ سنووری حاکم لە کۆمەڵگادا بێ گرفت نابێ، بەڵام قبووڵکردنی ئەم مەسەلانەی لە پێناوی وەدیهێنانی یاسا و هاوسەنگیی کۆمەڵایەتیدا بە ڕەوا دەزانی و ڕایدەگەیەنێت کە ئایا لە کام لایەنی ژیاندا گیروگرفت نییە؟ "هۆبز" بە شێوەیەکی گشتی هەموو شتەکان لە ڕێڕەوی کاریگەریی لێڤیاتانەوە تاوتوێ دەکات و گشت دیاردە کۆمەڵایەتییەکان بە لەبەرچاوگرتنی دەسەڵاتی بێ سنوور و ڕۆڵی گرنگی حاکمەوە شرۆڤە دەکاتەوە.
دەتوانین بەو ئەنجامە بگەین کە کتێبی لێڤیاتان وەڵامێکی فەلسەفی، یاسایی و ئەخلاقییە بۆ قەیرانێکی مێژوویی و سیاسی لە بارودۆخی شەڕەکانی ناوخۆی ئەوروپا و لە هەمان کاتدا وەڵامێکە بۆ ململانێی حکومەتە ئەریستۆکراتییەکان. لەم بارودۆخەدا «هاوسەنگی»، بە پرەنسیپێکی بەڵگەنەویستی (ئەکسۆم) دادەندرێ [١١٦]. "هۆبز" وەکو "ماکیاڤێللی" دەیهویست واقیعی غەریزەی مرۆیی بە شێوەیەک کە خۆی لێکی دەدایەوە بخاتە بەرامبەر بیری زاڵ کە پشت بە فەلسەفەی ئەفلاتۆنیی دەبەستێ کە «هیچ کەس خۆبەخشانە شەڕخوازی هەڵنابژێرێ». پێویستە بڵێین تیۆرەکانی وی لەبارەی خو و سروشتی مرۆڤ و پەیوەندی بە دەوڵەتەوە بوونە زەمینەیەک بۆ لێکۆڵینەوەکانی دواتر لە بواری دەروونناسی کۆمەڵایەتی و زانستی سیاسەت.

جۆن لۆک
"جۆن لۆک" (J. Locke) فەیلەسووفی کۆمەڵایەتی سەدەی حەڤدەیەم (١٦٣١-١٧٠٤) لەو کەسانە بوو کە بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی بەریتانیا لە ئەوروپا کۆمەڵایەتییەکانی کۆڵییەوە و بنچینەی بیروڕاکانی خۆی لە بواری پەیوەندییە مرۆییەکان، مافی موڵکایەتی، یاسا و هێزە حکومییەکان خستە ڕوو و لێکچوونێک لە نێوان بۆچوونەکانی ئەو و "تۆماس هۆبز"دا هەیە کە تا ڕادەیەک بەرهەمی لێکچوونی ڕێژەیی هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و سیاسیی کۆمەڵگای ئەووانە، سەرەڕای ئەوەی جیاوازیی بیروڕاش هەیە. سەبارەت بە بوونی گریمانەی کۆمەڵایەتی لەگەڵ "هۆبز"دا بۆچوونیان یەک بوو، بەڵام بە پێچەوانەی ئەو "لۆک" پێیوانییە مرۆڤ لە دۆخی سروشتیدا گورگ بێت بەسەر مرۆڤی ترەوە، بەڵکو بڕوای وایە مرۆڤ بە یارمەتیی بیری خۆی دەتوانێ بە ئاشتیانە لەگەڵ ئەوانی تردا بژیت.
"لۆک" بڕوای وایە ژیان لە دۆخی سروشتیدا، واتە لە حاڵەتی جەنگ و ململانێی هەمیشەییدا تەنیا لە نێوان ئاژەڵاندا بەدی دەکرێت. دۆخی سروشتی مرۆڤ ئەوەیە کە هەر کەسەی بەسەر نەفسی خۆیدا زاڵ بێت. مرۆڤەکان ئازاد و یەکسانن. ئەوەی مرۆڤ وەدەستی دێنێ بەرهەمی هەوڵەکانی ئەوە و خەڵکانی تر مافی ئەوەیان نییە دەستی تێوەردەن. "لۆک" کارکردنی مرۆڤ بە بنچینەی موڵکایەتی دەزانی و لەو بڕوایەدا بوو کە ئەم دیاردەیە تەنانەت پێش دروستبوونی دەوڵەتیش هەر هەبووە.
سەرەڕای ئەوەی بڕوای بە گریمانەی کۆمەڵایەتی هەبوو، بەڵام سنوور بۆ دەسەڵاتی فەرمانڕەواکان دادەنێ و دەڵێ، ئەگەر ئەوان دەستدرێژی بکەنە سەر مافی خەڵک، خەڵک دەتوانن فەرمانڕەوایی لەو کەسانە وەربگرنەوە و بە کەسێکی تر کە شایستەیەتی ببەخشن. ئەو سەرەڕای ئەوەی کە پەیڕەویکردن لە سیستم و یاسای بە پێویست دەزانی، پێیوابوو هەر کات سەغڵەتکارانە ڕووبەڕووی ئازادییە سروشتییەکانی تاکەکان وەستایەوە پێویستە هەڵوەشێتەوە. بە شێوەیەکی گشتی مافی هەڵگەڕانەوە بە مافێکی سروشتیی تاکەکان دادەنێ.
ئەو خاڵەی کە "لۆک" ئاماژەی پێداوە و لە ڕووی دەروونناسی کۆمەڵایەتییەوە گرنگە پەیوەندیی خو و سروشتی مرۆڤە بە پاڵنەرەکان، بایەخدان و مەیلەکان و بە تایبەت ڕێژەییەتی کاروبارە کۆمەڵایەتییەکانەوە. ئەو بڕوای وایە، ئەوەی وتوویانە پرەنسیپی ئەخلاقی لە نێوان تاکەکاندا بنەمایەکی خۆڕسکی هەیە ڕاست نییە، چونکە ئەوەی بە ڕای هەندێ کەس باشە لەوانەیە بە لای هەندێکی ترەوە خراپ بێت. بیرمەندان لەبارەی بە خۆڕسک لەقەڵەمدانی زۆر شت، لەبەر ئەوەی زانیوویانە هەندێ حوکمیان کۆدەنگییان لەسەر هەیە و لە لایەن هەمووانەوە پشتڕاست کراون و هەروەها لە ڕووی عەقڵییەوە ئاستەنگییان نەدیبینی، وای بۆ چوون کە مرۆڤ هەر لە ساتەوەختی لەدایکبوونییەوە ئەم تایبەتمەندییانەی هەڵگرتووە. بە ڕای "لۆک" ئەم بۆچوونە و هەروەها مەیل بۆ بەرز ڕاگرتنی پلەوپایەی مرۆڤ ڕێگر بووە لە بەردەم پشکنین و تۆژینەوەی واقیعەکان.
ناوبراو دەستوەردانی دەوڵەت لە کاروباری ئایینەکان قەدەغە دەکات، و بە شێوەیەکی گشتی پێیوایە ئایین شتێکی ویژدانییە و تایبەتە بە پەیوەندیی مرۆڤ بە خواوەندەوە و بڕوای وایە کە حکومەت نابێ ئایین بۆ تاکەکان دیار بکات، بەڵام لەبەر ئەوەی پارێزەری بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگایە، پێویستە ڕووبەڕووی هەموو ئەو شتانە ببێتەوە کە دژی بەرژەوەندییە کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەکانی خەڵکە. تاکەکان پێویستە ئازادییەکی تەواویان لە بیروباوەڕی ئایینی و ئەخلاقیدا هەبێ. ئەو لەو بارەیەوە ڕەخنە ئاراستەی زانایانی ئایینی مەسیحی دەکات و داوایان لێدەکات واز لەو شتانە بێنن کە بە درێژایی مێژوو خراونەتە سەر ئەم ئایینەوە. بیروباوەڕی ئەو لە ڕووی ئایینییەوە سەرچاوەی چەندین گۆڕانکاری بووە لە چاکسازیی ئایینی لە نێوان مەسیحییەکاندا. "لۆک" سەرهەڵدانی حکومەتی بۆ گریمانەی کۆمەڵایەتی دەگێڕایەوە (وەکو بۆچوونەکەی هۆبز) و هیچ پەیوەندییەکی لە نێوان حکومەت و ئاییندا بەدی نەدەکات. بەگوێرەی بۆچوونی "لۆک" موڵکایەتی لەبەر ئەوەی بەرهەمی کارکردنی مرۆڤە بۆیە پیرۆزە و شایانی ڕێزە [٤٠]. دەوڵەت مافی دەستوەردان لە موڵکایەتی نییە. دەتوانین بەو ئەنجامە بگەین کە "لۆک" لایەنگری موڵکایەتی تایبەتە.
یەکێکی تر لە تیۆرە ناودارەکانی "لۆک" تیۆری لێکجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانە. لێکجیاکردنەوەی هەر سێ دەسەڵاتی یاسادانان، ڕاپەڕاندن و دادوەری کە ئەمڕۆ بنچینەی حکومڕانی زۆربەی دەوڵەتەکانە، یەکێکە لە کاریگەرییە فیکرییەکانی لۆک لەم سەردەمەی ئێمەدا. تیۆرە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی "لۆک" کاریگەریی هەبووە لەسەر کۆڕە سیاسییەکانی بەریتانیا و هەروەها زۆربەی بیرمەندە کۆمەڵایەتییەکانی دوای ئەو وەکو "ڤۆڵتێر"، "ڕۆسۆ" و "مۆنتێسکیۆ". دەتوانین لە دەستووری وڵاتانی وەکو فەڕەنسا، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیادا بنچینەی بیروباوەڕەکانی لۆک بەدی بکەین.
ڤیکۆ
«ژان باتیست ڤیکۆ» (J. Vico) (١٦٦٨-١٧٤٤) لە زانایانی فەلسەفەی مێژوو حیسێب دەکرێ، چونکە لە ڕوانگەیەکی فەلسەفی و بە ئامانجی دۆزینەوەی بزووتنەوەی مێژوو و ئاراستە گشتییەکەی لە پەیوەندیدا بە بارودۆخی کۆمەڵگاکانەوە کۆڵیوەتەوە. کتێبە گرنگەکەی بە ناوی «بنەماکانی فەلسەفەی مێژوو یان بنەماکانی زانستێکی نوێ» لەبارەی چارەنووسی هاوبەشی میللەتان لە ساڵی ١٧٢٥دا بڵاوکرایەوە. بە بڕوای "ڤیکۆ" پێشکەوتنی کۆمەڵگاکان بە گوێرەی یاسا یان سیستمێک بەڕێوە ده‌چێ كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كه‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵگایه‌كی تر ده‌گۆڕێت. به‌ڵام هه‌موو كۆمه‌ڵگایه‌ك به‌ سێ قۆناغی یه‌ك له‌ دوا یه‌كدا ده‌ڕوات:
 -  یه‌زدانی (ئه‌حكامی ئایینی به‌سه‌ر گشت لایه‌نه‌كاندا زاڵه‌)،
 -  پاڵه‌وانی (سه‌رده‌می بره‌وسه‌ندنی ده‌ره‌به‌گایه‌تی و ده‌سه‌ڵاتی شیڤالیه و ئه‌رستۆكرات)،
 -  عه‌قڵ و لۆجیكی مرۆیی (به‌ڵگه‌هێنانه‌وه‌ و بیركردنه‌وه‌ی واقیعی).
ئەو داکۆکی لەسەر پێویستیی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا بە گوێرەی یاسای واقیعی و دروست دەکات و لێکۆڵینەوەی پراکتیکی لە بواری تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگاکان لە ڕووی حکومەتە جۆراوجۆرەکان، ئەدەبیات و شیعر، ڕێورەسم، ڕێکخراوە دادوەرییەکان و... هتد، کە لاپەڕەیەکی نوێی لە میتۆدی لێکۆڵینەوە لە دیاردە کۆمەڵایەتییەکان کردووەتەوە.
کۆمەڵناسی هاوچەرخ «گاستۆن بۆتۆل» لە کتێبی مێژووی کۆمەڵناسیدا، بەراوردێک لە نێوان بیروڕاکانی "ڤیکۆ" و ئەوانی تر دەکات و دەچێتە سەر باسی ئاکامە کۆمەڵایەتییەکانی بیروڕاکانی ئەو و دەڵێت [٤٢]: «ئەو پشتگیری لە لیبرالیزم دەکات کە لە بواری دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان، لە ڕووی ئابوورییەوە لە تیۆری فیزیۆکراتەکان دەچێت. بە بڕوای ئەو لەبەر ئەوەی کۆمەڵ بەرهەمی تێگەیشتنێکی غەریزی و زیانباریە بۆیە عاقڵانەترین و باشترین میتۆد بریتییە لەوەی کە بۆ چەسپاندن و بەرەوپێشبردنی نازۆرەملییانەی ئەم تێگەیشتنە غەریزییە، ئەوەیە لێگەڕێین باشترین هەلومەرج بۆ ژیان خۆی بێتە کایەوە».
یەکێک لەو خاڵانەی کە ڤیکۆ بایەخی پێدەدات سەرنجدانە لە دیاردەگەلێکی وەکو ویژدان (الوجدان الجمعی). کێشە و گرفتە سیاسییەکان بەرهەمی کۆبوونەوەی خەڵکن و لەبەر ئەوە زۆربەی ئەم ناکۆکییانە لەناو ناچن. کۆمەڵگا هەمیشە ڕووبەڕووی کێشەگەلێکی وەکو جیاوازیی چینایەتی و ململانێی جۆراوجۆر دەبێتەوە. "ڤیکۆ" کە لە ژێر کاریگەریی بیروڕاکانی فەلسەفەی مێژوودا بوو، بڕوای وابوو ژیانی مرۆڤ سەرەتا شێوەیەکی کۆمەڵایەتی هەبووە، بەڵام لە قۆناغێکی مێژوودا بەگوێرەی بارودۆخی تایبەت کۆمەڵگا بەرەو هەڵدێر ڕۆیشت و مرۆڤ دەستیکرد بە دەستدرێژیکردن بۆ سەر ئەوانی تر. دوای ماوەیەک بە هۆی دەسەڵاتی یەزدانی و هەستکردن بە شەرم، لەوەی دەیکات لەو بارودۆخە نالەبارە ڕزگاری بوو. بەم شێوەیە ئەو یەکێکە لەوانەی بڕوایان بە تیۆری «بازنەی مێژوو» هەبوو. بە ڕای ئەو گۆڕانکاریی مێژوویی جگە لە گەڕانەوە بۆ قۆناغە کەم تا زۆر لێکچووەکانی پێشوو شتێکی دیکە نییە. ڕوانگە مێژووییەکەی لە زۆربەی لێکۆڵینەوەکانیدا بە چاکی دیارە. لە تۆژینەوە مێژووییەکانیدا زۆر سوودی لە دەروونناسی وەرگرتووە.
"ڤیکۆ" لە مێژوونووسانی سەدەی نۆزدە دەچێت. "میشێلی" دەڵێت ڤیکۆ تاکە فێرکاری ئەو بووە و ئەمەش زیاتر لەبەر ئەوەیە کە "ڤیکۆ" ڕۆڵی ڕای گشتی بە گرنگ لەقەڵەم دەدا. بە ڕای ئەو نەریتەکان و مافەکان لە ژێر دەسەڵاتی ڕای گشتی دان. خەڵک ئەو واتایە بە یاساکان دەدەن کە خۆیان دەیانەوێ، و دەسەڵاتدارانیش ناچارن یاساکان بەگوێرەی ئەو واتایەی کە خەڵک پێی دەبەخشن ڕەچاو بکەن. "ڤیکۆ" لەو کەسانەیە کە لە سەدەی هەژدە و نۆزدە لە ڕیزی "مۆنتێسکیۆ"، "ڕۆسۆ" و "سپێنسەر" هەوڵیان بۆ چەسپاندنی گرنگیی شعووری کۆمەڵایەتی دەدا. «بە بڕوای ڤیکۆ لەبارەی ڕۆڵی داهێنەرانەی خەڵک لە نێو مێژوونووساندا، "میشێلی"ی بە قووڵی خستە ژێر کاریگەریی خۆیەوە و پێویست بە ئاماژەپێکردن ناکات کە نوێبوونی بەرهەمی "میشێلی" بە ناوی مێژووی فەڕەنسا ئەوە بوو کە زیاتر بایەخی بە لێکۆڵینەوە لە دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان، بیروڕا و داهێنانە گشتییەکان دەدا نەک لیستی ناوی پاشاکان و وەزیرەکان و نزیکانی دەربار و...شەڕە جۆراوجۆرەکان. دەتوانین ڤیکۆ بە یەکێک لە پێشەنگانی تیۆری چینە کۆمەڵایەتییەکان دابنێین. ناوبراو ئەم تیۆرەی لە گشت حاڵەتەکاندا بە ڕاست و گرنگ دەزانی، و پێیوایە ڕێبازی سیاسیی زۆربەی خەڵک بەرهەمی بارودۆخی کۆمەڵایەتییانە. "ڤیکۆ" پێی وابوو کە ناکۆکییە ناوخۆییەکانی نەتەوەیەک بردبوو، بەڵام بە ڕای ئەو ئەم ناکۆکییە هەرگیز لەناو ناچێت، چونکە پەیوەندیی بە پێکهاتەی کۆمەڵایەتییەوە هەیە نەک بە خەڵکەوە، لە ئەنجامدا لەگەڵ لەناوچوونی کۆمەڵێک ناکۆکی، ناکۆکیی دیکە دێنە کایەوە [٤٢].
فیزیۆکراتەکان
لە سەدەی هەژدەیەم لە فەڕەنسا چەندین زانا پەیدا بوون کە بڕوایان بە باڵادەستیی سروشت بەسەر گشت کاروباراندا هەبوو و هەر لەبەر ئەوە بە "فیزیۆکراتەکان" (physiocrates) ناوبراون. بیروباوەڕی "فیزیۆکراتەکان" لە ماوەی ساڵانی ١٧٥٠ تا ١٧٨٠ لە ئەوروپا بە خێرایی بڵاوبووەوە. هەر لەو سەردەمەدا «ئابووریی سیاسی» چوارچێوەی بابەتێکی سەربەخۆی وەرگرت.
لە نێو پێشڕەوانی ئەم قوتابخانەیەدا دەتوانین ناوی "فرانسوا کێنی" (F. Quesnay) بەرین، کە بڕوای بە ناسینی یاسا باڵادەستەکان بەسەر سروشت و کاریگەرییان لەسەر خۆشگوزەرانیی ئادەمیزاد هەبوو. "کێنی" کتێبی خۆی بە ناوی «خشتەی ئابووری» لە ساڵی ١٧٥٨ لە فەڕەنسادا بڵاوکردەوە. ئەو ڕایگەیاند کە بۆ وەدەستهێنانی شێوازی دروستی بەختەوەری و خۆشگوزەرانی نەتەوەکان پێویست بە باس و بەڵگەهێنانەوەی زۆر ناکات، چونکە دەزانین کە ژیانی شار و پەیوەندییەکانی تاکەکان، بە گوێرەی ڕێسایەک بەڕێوەدەچێت کە هەر لە سەرەتای بوونەوە هەبووە و سوودەکانی ئەم ڕێسایەش ئاشکرایە و کەس جورئەت ناکا سەرپێچیی لێبکات. ئەو دەیسەلمێنێ کە وەک چۆن لە کاتی چارەسەرکردنی پرسیارێکی ماتماتیکیدا ئەگەر تاکەکەس پشت لە ڕێسای ئەندازە و ژمێریاری و پرەنسیپە داهێنراوەکانی بکات بە ڕێگەی ڕاستدا ناڕوات، سەرپێچیکردن لە ڕێسا سروشتییەکانیش ئەنجامێکی تەواو سەلبیی دەبێت.
ئەو سیستەمە سروشتییەی فیزیۆکراتەکان بڕوایان پێیەتی کە لە هەموو شتەکاندا هەیە بە گوێرەی پێناسەکەی کێنی بە چاکی دەناسرێت. بە ڕای ئەو [٥٠]: «یاسای سروشتی ڕێڕەوی ڕێک و پێکی هەر واقیعێکی سروشتییە کە سیستەمی سروشت هێناویەتییە ئاراوە. شتێکی سروشتییە ئەم یاسایە دەبێ باشترین یاسا بێت کە بۆ مرۆڤ دانراوە، یاسای ئەخلاقی ڕێسایەکە لە سیستەمە ئەخلاقییەکانی سروشت کە مرۆڤ دەبێ ڕەفتار و کرداری خۆی بەگوێرەی ئەو ڕێک بخات و ئاشکرایە کە ئەم ڕێسایە دەبێ لەگەڵ سیستەمی سروشتیدا بگونجێ و ئەگەر گونجا باشترین یاسایە بۆ مرۆڤ. ئەو یاسا سروشتییە و ئەم یاسا ئەخلاقییە بەیەکەوە سیستەمی سروشتی پێکدەهێنن. لەبەر ئەوەی کۆمەڵگای مرۆیی بەشێکە لە سروشت، بۆچی ئەو یاسایەی بەسەر سروشتدا زاڵە بەسەر کۆمەڵگای مرۆییشدا باڵادەست نەبێ؟ سیستەمی سروشتی بەشێکە لە سیستەمی گشتیی دونیا و ئابووری بەشێکە لەو بەشە لە ژمارە نەهاتووەکانی سروشت». "کێنی" لە کتێبی «خشتەی ئابووری»دا باسی مەسەلەی سەروەت و سامان و پەیوەندی بە کۆمەڵگا و ئەو یاسا سروشتییانەی باڵادەستن بەسەر هەردووکیاندا دەکات و کۆمەڵگا بۆ سێ چین دابەش دەکات:
 -  چینی بەرهەمهێنەر: ئەم گرووپە ئەو جووتیارانە دەگرێتەوە کە لە بوارە جیاجیاکانی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵیدا چالاکی دەنوێنن.
 -  چینی خاوەندار: ئەمە ئەووانە دەگرێتەوە کە خاوەن زەوین و هەروەها گشت ئەو کەسانەی کە بە شێوەیەک لە شێوەکان خاوەنی ئیمتیازاتن لە ڕووی دەسەڵاتەوە.
 -  چینی نابەرهەمهێنەر: پیشەوەران و خاوەن پیشە ئازادەکانی تر دەگرێتەوە چونکە بە ڕای ئەوان تەنیا جووتکاری و کشتوکاڵ هۆکاری بەرهەمهێنانی سەروەت و سامانە.
بە ڕای ئەوان موڵکایەتی پرەنسیپێکی نەگۆڕ و جۆرە ڕەسەنایەتییەکی هەیە. "فیزیۆکراتەکان" زانستی ئابوورییان بە بەشێکی زانستە سروشتییەکان لەقەڵەم دەدا، و بڕوایان وابوو کە هەموو کۆمەڵگایەکی مرۆیی بەشێکە لە سروشت و پشت بە هەمان یاساکانی سروشت دەبەستێ. هەڵبەتە ناتوانین بڵێین "فیزیۆکراتەکان" گشت لایەنەکانی ژیانی کۆمەڵایەتییان بە پاشکۆی یاسا سروشتییەکان دادەنا، بەڵکو ئەم لایەنەیان بە گرنگترین لایەن لەقەڵەم دەدا [٤٣].
"فیزیۆکراتەکان" بڕوایان وابوو کە لە کۆمەڵگاکاندا جۆرە هاوسەنگییەکی باڵادەستە کە سەرچاوەکەی بۆ ئەو سیستەمە سروشتییە یەزدانییە دەگەڕێتەوە کە لە کۆمەڵگادا هەیە. لێرەوە بەو ئەنجامە دەگەین کە بۆ ئەوەی تاکەکان ساناتر بە ئامانجەکانی خۆیان بگەین، پێویستە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا بەدەست خۆیانەوە بێ و تا دەکرێ مافی زیادەدەستیوەردان لە دەوڵەت بسەنرێتەوە. دەوڵەت نابێ دەست لە کاروباری تاکەکان وەربدات و لە ڕێی دانانی یاساوە ناچاریان بکات ملەکەچی ئەو بن، بەڵکو دەوڵەت دەبێ یاساناس بێ، بەو مانایەی کە یاسا لەو بنەما و ڕێسایانەی بەسەر سروشتدا زاڵن، هەڵببێنجێ. لە قوتابخانەی "فیزیۆکراسی"دا دەسەڵات و ئەرکەکانی دەوڵەت سنووردارن و تەنیا لە چەند کاروبارێکی وەکو دادگەریی کۆمەڵایەتی، دڵنیاکردن و پاراستنی وڵاتدا کورت دەکرێتەوە. ئەرکی تاکەکەسییە کاتی دەوڵەت بریتیین لە دروستکردنی ڕێگاوبان و خزمەتگوزاریی گشتی کە کاریگەرییان لەسەر ئابووریی وڵات دەبێ.
"فیزیۆکراتەکان" هۆی سەرەکی لەناوچوونی سیستەمی کشتوکاڵیان بۆ نەمانێ سەرمایەی پێویست دەگەڕاندەوە، و بۆ نەهێشتنی ئەم گرفتە راسپاردەیان ئەوە بوو کە: ڕێژەی وەبەرهێنان زیاد بکرێ و خاوەن زەوییە کشتوکاڵییەکان ئامراز و کەلوپەلی پێویست دابین بکەن. بە بڕوای "فیزیۆکراتەکان" تەنیا چینی بەرهەمهێنەر، واتە جووتیارەکان دەبێ باج بدەن، چونکە تەنیا زەوی بەرهەبوومی بێگەرد (خاڵس) بەرهەم دێنێ [٤٣].
"میۆرسی دو لاریڤیەر" کە یەکێک بوو لە پێشەنگانی ئەم ڕێبازە فیکرییە لە ساڵی ١٧٦٧ کتێبێکی لەبارەی بنەما میژووباوەڕەکانی قوتابخانەی "فیزیۆکراسی" و لە ژێر ناوی سیستەمی سروشتی و بنەڕەتیی کۆمەڵگا سیاسییەکان بڵاوکردەوە. لەو کتێبەدا ئاماژە بەوە دەکات کە مەبەست لە زاراوەی یاسا و ڕێساکان خستنەڕووی ئەنجامی سروشتییەکان و سیستەمی بنەڕەتیی کۆمەڵگایە نەک دانانی یاسای نوێ. بۆچوونی گشتیی "فیزیۆکراتەکان" ئەوەیە کە یاسا سروشتییەکان ناگۆڕن و ئەوەی گرنگە ناسینی واقیعیانەی ئەم یاسایانەیە. ئەوان دەیانەویست بڵێن ژیانی کۆمەڵایەتی پابەندی یاسا سروشتییەکانە، واتە یاسا لۆجیکی و نەگۆڕەکان، کە باشترین سیستەمە.
لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە دەتوانین بنچینەی بیروباوەڕی "فیزیۆکراتەکان" بەم شێوەیە پوخت بکەینەوە:
 -  بارودۆخی کۆمەڵایەتی لە ژێر کاریگەریی سیستەمی سروشتی و ئەو ڕێسایانە دایە کە باڵادەستن بەسەریدا،
 -  پێویستە بازرگانی لە ناوخۆی وڵاتدا ئازاد بێ و مامەڵە لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە بە چەند مەرجێکی دیاریکراو ئەنجام بدرێ،
 -  پێویستە ئەرک و کارەکانی دەوڵەت سنووردار بن،
 -  موڵکایەتیی زەوی شتێکی ڕەواییە و لەگەڵ سروشتی شتەکاندا دەگونجێت،
 -  کێبڕکێی ئابووری واقیعییەکی ڕاستە و دەبێ هەبێ،
 -  پێویستە جۆرەکانی بەرهەمهێنان و داهاتی کەرتی تایبەت و حکومی لەیەکتر جیابکرێنەوە،
 -  باجی ڕاستەوخۆ لە باجی ناڕاستەوخۆ بەسوود و گرنگترە.
مۆنتێسکیۆ
"شارل مۆنتێسکیۆ" (C. Montesquieu) (١٦٨٩-١٧٥٥) سەرەتا خەریکی کاری دادوەری بوو، بەڵام لە تەمەنی چل ساڵیدا وازی لە وەزیفەی ڕەسمی هێنا و دەستی کرد بە تۆژینەوە و هەروەها بەشێکی تەمەنیشی بە سەفەرکردن بۆ ناوچە جیاجیاکان بردە سەر. گرنگیی "مۆنتێسکیۆ" لە برەودان بە بیرکردنەوەی کۆمەڵایەتی لە ئاستێکدایە کە دواتر "ئۆگست کۆنت" نووسیویەتی دوای مۆنتێسکیۆ، تاکە پێشکەوتنێک کە شایانی باس بێت، «پڕۆژەی گشتیی خشتەی مێژوویی گەشەکردنی ڕۆح»ە لە نووسینی فەیلەسووف، سیاسەتمەدار و ئابووریناسی فەڕەنسی "کۆندۆرسێ" (Condorcet)یە (١٧٤٣-١٧٩٤). بە لەبەرچاوگرتنی بەرهەمە جۆراوجۆر و گشتگیرەکانی، زۆربەی کۆمەڵناسان بە گەورەترین بیرمەندی کۆمەڵایەتی سەدەی هەژدەیەم لە ئەوروپای لەقەڵەم دەدەن کە بەرهەمەکانی لەوانی تر زیاتر زەمینە خۆشکەری کۆمەڵناسیی زانستی بووە.
ناوبراو چەمکی یاسا و هۆیەتی (Causality) لە بیری کۆمەڵایەتیدا خستە بەر باس و وا پێناسەی یاسای کرد کە بریتییە لە پەیوەندییەکی پێویست کە لە شتەکانەوە سەرچاوە دەگریت و لە ناساندنی سروشتی شتەکاندا، جێگەی واقیعە کۆمەڵایەتییەکانیشی تێدا دەکردەوە. بە ڕای ئەو ڕێکخستنی کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بنەمای پەیوەندییە نیمچە نەگۆڕەکانی نێوان سروشتی مرۆڤ و ژینگە دامەزراون. ئەو زۆربەی کێشە کۆمەڵایەتییەکانی بە پشتبەستن بەم پرەنسیپە شیدەکردنەوە. گرنگترین تیۆرییە کۆمەڵایەتییەکانی مۆنتیسکیۆ لە دوو کتێبیدا بەناوی نامە ئێرانییەکان کە لە ساڵی ١٧٢١دا بڵاوکراوەتەوە و کتێبە هەرە گرنگەکەی لە ژێر ناونیشانی ڕۆحی یاساکان کە ئەمەشیان لە ساڵی ١٧٤٨دا بڵاوکراوەتەوە، دەدۆزینەوە.
لە ڕۆحی یاساکاندا بەشێوەیەکی گشتی ئەم کێشانە تاوتوێ کراون: جۆرەکانی حکومەت، ئەو هۆکارانەی کاریگەرییان لەسەر دانانی یاساکان هەیە، پرەنسیپی لێکجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و تیۆری مێژوویی-یاساییە گشتییەکان.
لە ڕوانگەی مۆنتیسکیۆوە هەموو جۆری یاساکان و ڕێوڕەسم و دابونەریتەکان شتێکی ڕێکەوت نییە. هەر یاسایەک بۆ خۆی پاساوێکی هەبێ، چونکە پەیوەندی بە واقیعێکی سروشتی (زەوی و ئاووهەوا) یان ئەخلاقەوە هەیه. بە ڕای ئەو ئەخلاق دوو ڕەهەندی هەیە: شکل و شێوە و ڕێوڕەسم و داب و نەریت [٣]. ئەو بایەخێکی تایبەت بە چەمکی یاسا دەدات و بە دیاردەیەکیدادەنێت کە لە ژیانی کۆمەڵگەوە سەرچاوە دەگرێت [٣٩]. هەروەها بڕوای وایە لەبەر ئەوەی ئادەمیزاد پێویستە لەگەڵ هاوچەشنەکانی خۆی لە کۆمەڵگادا بژیت، ناچار دەبێ بە هۆی یاساوە پەیوەندی نێوان تاکەکان دەستنیشان بکریت. ئەم یاسایانە دەشێ هەمیشە بەشێوەیەکی تۆمارکراو نەبن بەڵکو بەشێوەی دابونەریت و عادەتی پەیڕەوکراو بن. ئەگەر لە کۆمەڵگایەکدا یاسا نەبێت تاکەکان ئازادی و ڕێز و ئاسایشیان نابێت، و هەر یەکێک و تا بۆی بکرێ هەوڵدەدات ئەوانی تر بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و ئەمەش ڕێگرە لەبەردەم ئاسایش و ئارامیی مرۆڤدا. کەواتە تاکە ڕێگەی چەسپاندنی ئارامی و خۆشگوزەرانیی مرۆڤ یاسایه. مۆنتیسکیۆ لە کۆمەڵگادا بڕوای بە سێ پرەنسیپی ئایین، ئەخلاق و سیاسەت هەیه.
 ئەو له و هۆکارانه دەکوڵێتەوە کە دەستیان هەیه لە گۆڕانی کۆمەڵگا مرۆییەکان، و هەروەها پەیوەندی بارودۆخی ئابووری، بازرگانی و یاساییەکان بە سیستمە سیاسی و کۆمەڵایەتییە جیاجیاکانەوە دەخاتە ڕوو. لە باسی کۆمەڵگا مرۆییەکان و شێوەی دروستبوونیان له کاریگەریی بارودۆخی جوگرافی و شێوازی بژێوی دانیشتوان دەکۆڵێتەوە. ئەوەی لەم ڕێڕەوەوە دێتە دەست وێنەیەکە کە ئەو بۆ ڕێژەیی بوونی کاروباری کۆمەڵایەتییەکان دەیکێشێت.
"مۆنتیسکیۆ" بڕوایەکی ئەوتۆی بە گۆڕانکارییە زۆر خێراکان نییە و لایەنگری چاکسازیی پەیت پەیتایه. ئەو بایەخێکی تایبەتی بە لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی ئەووسای بەریتانیا دەدا و لە بۆچوونەکانیدا زۆر لە ژێر کاریگەریی  "جۆن لۆک" ی فەیلەسووفی بەریتانیایی (کە پێشتر باسی هزری کۆمەڵایەتییەکانی ئەومان کرد) دا بوو. لە بواری بونیادی سیاسی (حکومەت) لە کۆمەڵگادا، سێ جۆری تایبەتی حکومەت لێکجیا دەکاتەوە:
١- کۆماری: ئەم جۆرە حکومەتە بە حکومەتی زۆرینەی خەڵک پێناسە دەکات و بۆ دوو جۆر دابەشی دەکات:
 -  ئـ. دیموکراسی: کە واتاکەی حکومەتی خەڵکە و هەموو کەس دەستی هەیه تێایدا.
 -  بـ. ئەریستۆکراسی: واتا حکومەتی گرووپێکی تایبەتی خانەدان و ئەریستۆکراتەکان.
٢- پاشایەتی: لەم حکومەتەدا بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا لە ئەستۆی پاشادایه کە بەگوێرەی یاسا هەڵسوکەوت لەگەڵ خەڵکدا دەکات و گرووپێکیش وەگ نێوانگیر لە نێوان پاشا و خەڵکدا چاودێری لە جێبەجێکردنی یاسا لە وڵاتدا دەکەن.
لە سیستمی پاشایەتیدا پێویستە لە نێوان پاشا و خەڵکدا دەستەیەک وەک نێوانگیر هەبێ، کە بریتین لە ئەندامانی پەڕلەمان، پیاوانی ئایینی، نوێنەری شارە جیاجیاکان و پیاوماقووڵ و ئەریستۆکراتەکان.
٣- ئیستبدادی: لەم حکومەتەدا کە بەزۆرەملێ و بە ئارەزووی دەستەی فەرمانڕەوایه یاسا و بڕیاری دروست لە ئارادا نین. ئەگەر هەبن جێبەجێ ناکرێن و بە کردەوە تەنها هەوەس و ئارەزووی حاکم بەسەر کۆمەڵگادا دەسەپێنرێ.
بە ڕای مۆنتیسکیۆ ئەم جۆرانەی حکومەت بەدەر نین له هەرەس هێنان، چونکە هەر کات بنەمای پێکێنهری هەر کامێیان بکەوێتە مەترسییەوە، واتە نیشتمانپەروەری بایەخی پێ نەدرێ گەندەڵی لە دەزگای حکومەتدا سەرهەڵدەدات، جەستەپەرستی و تەمبەڵی برەو دەسێنێ، تاکەکان تەنیا بایەخ بە بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان دەدەن و... حکومەتیش لەناو دەچێت.
بۆ بەڕێوەبرددنی سیستم و هێشتنەوەی سەروەت و سامان، خەڵک دەبێ باج بدەن، بەڵام لەبەرامبەر ئەمه‌دا دەوڵەت دەبێ پێداویستییە واقیعییەکانی خۆی دابین بکات و بە گوێرەی داهات باج لە خەڵک وەربگری. هەروەها لەسەر دەوڵەت پێویستە پارێزگاری لە خەڵکی بێ توانا بکات و لەو کارانەی پێویستە لەو ڕێیەدا ئەنجامی بدات دۆزینەوەی کاره بۆ هەژاران. بە ڕای مۆنتیسکیۆ هۆی هەژاریی ئەم گرووپە نەبوونی پارە نییە بەڵکو بێکاری هۆیی سەرەکیی هەژارییه [٣٩].
خاڵێکی تر کە لە تیۆرییەکانی مۆنتیسکیۆدا بایەخێکی زۆری هەیه بڕوای ئەووە بە پرەنسیپی لێکجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە وڵاتدا. دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لە کۆمەڵگادا دەبێتە هۆی هێنانەدی کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتی و باشتر ئەنجامدانی کاروباره‌کان، هەروەها بەو ئاکامە دەگات کە ئەم سێ دەسەڵاتەی خوارەوە دەبێ هەبن (لەژێر کاریگەریی بۆچوونی جۆن لۆک):
 -  دەسەڵاتی یاسادانان کە یاسا دادەڕێژێت،
  -  دەسەڵاتی دادوەری کە لەسەرایەتی ئاگاداری تاوان و سەرپێچییەکان بێت و ئامانجی بەرەوڕووکردنی سیستم و ڕێکخستنە،
 -  دەسەڵاتی جێبەجێکردن کە هەڵدەستێ بە جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەی کە دەسەڵاتی یاسادانان دایهێناون.
خاڵێکی تر کە ئەو لە کتێبی ڕۆحی یاساکاندا سەرنجی داوەتێ، کاریگەری بارودۆخی جوگرافییە لەسەر کاروباری کۆمەڵایەتییەکان و ڕەفتاری تاکەکەسان. بە بڕوای ئەو ئاو و هەوا و بارودۆخی کەشناسی دەشێ دیاردەی کۆمەڵایەتی جیاجیا بێنێتە کایەوە. لە ناوچە گەرمەکاندا ئارەزووی بەکارهێنانی مادە ئەلکهولییەکان دروست دەبێت و زەمینە بۆ هاتنەکایەی حکومەتی ئیستبدادی خۆش دەکات. لە ڕووی مەسەلە دەروونی-کۆمەڵایەتییەکانیش ئەنجامگیرییەکە تا ڕادەیەک ڕەشبینانەیە. بە بڕوای ئەو، لەبەر ئەوەی هەمیشە دەشێ تاکەکەس بە هەڵە سوود لە پێگە و دەسەڵاتی خۆی وەربگرێت، ئەرکی دەوڵەتە کە لە ڕێی دانانی یاساکانەوە، ڕێ لە سەرهەڵدانی ئەم جۆرە مەسەلانە بگرێت.
کتێبی نامە ئێرانییەکان لە ڕووی قسەی چەند ئێرانییەکەوە نووسراوە کە سەفەریان بۆ فەڕەنسا کردووە و ئەوەی دەبینن و دەیبیستن تۆماری دەکەن. "مۆنتیسکیۆ" ئەم کتێبەی بە وەسیلەی [نێوان] دوو کولتوور و بە تایبەت ڕەخنەگرتن لە کۆمەڵگای فەڕەنسی سەردەمی خۆی لەقەڵەم دەدات. لە تۆژینەوە مێژووییەکاندا مۆنتیسکیۆ ڕوانگەیەکی فەلسەفی هەیه و هەوڵ دەدات پەیوەندی هۆ و ئەنجام لە نێوان دیاردە مێژووییەکاندا دروست بکات. یەکێک لە بەرهەمەکانی بە ناوی لێکۆڵینەوە لە هۆیەگانی پێشکەوتن و هەرەسەینانی ڕۆمییەکان نموونەیەکی لەم جۆرە ڕووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ کێشە مێژووییەکان دەدا بەدەستەوە.
ڤۆڵتێر
بەرهەمەکانی فەیلەسوفی فەڕەنسی " فرانسوا ڤۆڵتێر " (F. Voltaire) (١٦٩٤-١٧٧٨) لە بواری فەلسەفی، سیاسی و کۆمەڵایەتیدا لایەنێکی وەسفی و ڕەخنەگرانەی هەیه. "ڤۆڵتێر" لە سەرەتای لاوەتیدا لەبەر ئەوەی بایەخی بە ئەدەبیات دەدا لە کۆڕە ئەدەبییەکاندا ئامادە دەبوو، بەڵام هەمیشە حەزی لە ڕەخنەگرتن و گاڵتەپێکردن هەبوو. هەر لەبەر ئەو چەندین جار بۆ دەرەوەی وڵات دوور خرابۆوە. سەرەڕای ئەوەی "ڤۆڵتێر" هەمیشە حەزی لە ئەدەبیات دەکرد، بەڵام لە چل ساڵیدا ڕووی لە تۆژینەوە لە بابەتە فەلسەفی، زانستی و کۆمەڵایەتییەکان کرد. "ڤۆڵتێر" سەرەنجام بووە ئەندامی ئەکادیمیای فەڕەنسا. لە بواری بۆچوونی فەلسەفی-کۆمەڵایەتییەکانیدا، ئەو لە تیۆرەکانی " جۆن لۆک "ی فەیلەسوفی ئینگلیزی نزیک بوو و لە بواری زانستە سروشتییەکاندا زۆر پشتی بە بەرهەمەکانی ((نیوتن)) دەبەست. بە بەراورد لەگەڵ ئەم دووانە بەرهەمی زانایانی تری بە ئەفسانە لەقەڵەم دەدرێت.
"ڤۆڵتێر" دژی بۆچوونی ئەو کەسانە بوو کە پێیان وابوو بزووتنەوەی مێژوو هەمیشە ڕێڕەوێکی تایبەت دەروات، بەڵکو تەنیا بە بەرهەمی ململانێی مرۆڤەکانی دەزانی. ئەو لێکۆڵینەوەی قووڵی لە بارەی مێژووی میللەتە جۆراوجۆرەکان ئەنجام داوە و کتێبی  مێژووی سەدەی لویسی چواردەهەم ی ڤۆڵتێر بە یەکێک لە یەکەمین کتێبە نوێیەکانی مێژوو لەقەڵەم دەدەن.
خاڵێکی تر کە "ڤۆڵتێر" بایەخی پێ دەدا لێکجیاکردنەوەی تایبەتمەندییە کانی سروشتی مرۆیی و دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی وەکو ڕێنماییەکان، دابونەریت و عادات و بیروباوەڕەکان بوو. ئەو پێیوابوو کە سروشتی هاوبەش و وەکو یەکی ئادەمیزاد لە کۆمەڵگا جیاوازەکاندا بارودۆخی جیاجیا دێنێتە کایەوە. تا ئەو کاتەی خەڵک هەبن و ژیان بە ململانێیەک بۆ مانەوە و خۆ بەهێزکردن لەقەڵەم دەدری ناتوانین وا دابنێین کە نایەکسانی لەناو دەچێت. یەکسانی بەو شێوەیەی زۆر لە فەیلەسوفان قسەیان لەبارەیەوە کردووە لە خەونێک زیاتر نییە. ناکرێ بۆ نموونە گشت خەڵکی وڵاتێک دەسەڵاتێکی یەکسانیان هەبێ. بەڵام لەبەرامبەر ئەمەدا ئازادی دەشێ وەدەست بێ. زانیاریی تەواو لەسەر یاسا وادەکات هەموو خەڵک ئازاد بن [٣٣].
خەڵکانێکی زۆر "ڤۆڵتێر" پێش هەموو شتێک بە ڕەخنەگرێکی کۆمەڵایەتی دادەنێن، و بێگومان ئەو و بەشێکی زۆری ژیانی خۆی تەرخان کردووە بۆ ململانێ لەگەڵ هەندێ بیروباوەڕ و ڕێوڕەسم و بۆچوونی خورافی.
"ڤۆڵتێر" بە پێی ئەو لێکۆڵینەوەیانەی لەسەر شارستانییەتی میللەتان ئەنجامی داون تیۆرگەلێکی لەبارەی چۆنیەتی گۆڕان لە زانستەکان، هونەر، تەکنیک و پیشەسازی و تایبەتمەندییە کولتوورییەکانی تر خستۆتە ڕوو کە گوزارشت لە وردبینیی تۆژەرانەی ئەو سەبارەت بە مەسەلە کۆمەڵایەتییەکان و چۆنیەتی سەرهەڵدانیان دەکات. "ڤۆڵتێر" زۆر دژی جەنگ و دەبێخستە ڕیزی تاوانە هەرە گەورەکان. کاتێک نەتەوەیەک هێرش دەکاتە سەر نەتەوەیەکی تر هەوڵی پاساو بۆ هێنانەی دەدات [٣٣].
ئەو سەرەڕای ئەوەی ڕەخنە دەگریت؛ بەڵام سەبارەت بە بارودۆخی دونیا لە داهاتوودا زۆر گەشبینە.
"ڤۆڵتێر" هەم ڕەخنەگر و هەم چاکساز و چاکەکار. ئەوەی زیاتر ڕۆڵە کۆمەڵایەتییەکەی دەردەخات ئەو ڕەخنانەیە کە لە بوارە جیاجیاکاندا دەری بڕیوە. ئەو دژی دەمارگیریی باوە ئاینییەکانی کۆمەڵگای ئەوروپا (کە پاشماوەی سەدەکانی ناوەڕاست بوون) بوو و گاڵتەی بە قسەی زانایانی ئاینی مەسیحی دەکرد. ئەم کارە بووە هۆی ئەوەی بە کافر و ئیلحاد تاوانباری بکەن. ئەو کە لە ڕێی لێکۆڵینەوەی سەفەرنامەکان و زانیاریی ترەوە ئاشنایەتی لەگەڵ ژیانی میللەتان و شارستانییەتە جیاجیاکاندا هەبوو، لە نووسینەکانیدا سوودی لەو زانیارییانە وەگرتووە.
زەحمەتە بتوانین "ڤۆڵتێر" بە بەرگریکەر لە جۆریکى تایبەتی حکومەت لەقەڵەم بدەین. سەرەڕای ئەوەی تا ڕادەیەک مەیلی بۆ حکومەتی کۆماری هەبووە، لە هەمان کاتدا ڕەخنەشی لێگرتووە. بە بڕوای ئەو ((کۆماری)) یەکێتیی نەتەوەیی لەناو دەبات، چونکە لەم جۆرە حکومەتەدا خەڵک لە ناو گرووپی بچووکدا کۆدەبنەوە، و تەنانەت ئەگەر ناکۆکییەکییش لەنیوانیاندا سەرهەڵنەدات، خەڵک ناتوانن حوکمی خۆیان بکەن. کۆماری بەشێوەیەکی گشتی حکومەتێکی کاتییە و هەر لەبەر ئەوە وڵات سەقامگیرییەکی پێویست بەخۆیەوه نابینی. کۆماری تایبەتە بە کۆمەڵگا سەرەتاییەکان، چونکە بەرهەمی هاوبەندیی گرووپە خزمایەتییەکانە. لەگەڵ پەره‌سەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا، حکومەتی کۆماری ئیعتباری خۆی لەدەست دەدات. لە هەمان کاتدا، ئەو ناتوانیت بەو ئەنجامە بگات کە کام جۆری حکومەت گونجاوترە، و ڕادەگەیەنێت کە ئەمە باسێکی زۆر کۆنە و هەر گرووپ و دەستەیەکى کۆمەڵگا حەزی لە جۆرێکی حکومەتی تایبەت هەیە. دەوڵەمەندان حەزیان لە حکومەتی ئەریستۆکراسییە و چینەکانی ناوەڕاست حەزیان لە حکومەتی کۆمارییە.
جان جاک ڕۆسۆ
"جان جاک ڕۆسۆ" (J. J. Rousseau) (١٧١٢-١٧٧٨) فەیلەسوفی ناودار لەو کەسانەیە کە هزرەکانی لە بواری کۆمەڵایەتی، سیاسی و پەروەردەییە جیاجیاکان لە سەدەی ١٨دا و دواتر لە ئەوروپا کاریگەرییەکی زۆریان هەبووە. "ڕۆسۆ" لە "جنیڤ" لەدایکبووە و ژیانێکی سەختی بردووەتە سەر؛ ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری لەسەر بەرهەمەکانیدا هەبووە. تا نزیکەی تەمەنی چل ساڵی بەرهەمێکی ئەوتۆی "ڕۆسۆ" بڵاونەکراوەتەوە و ناوبانگی ئەو کاتە دەستی پێکرد کە لە پێشبڕکێ و چالاکییەکانی یەکێک لە کۆمەڵە ئەدەبییەکانی فەڕەنسادا بەشداری کرد. لە دانیشتنی دووەمی ئەم کۆمەڵەیە "ڕۆسۆ" نامەیەکی لەبارەی هۆیەگانی بێزاریی خەڵک نووسی و هۆیەەکەشی گێڕایەوە بۆ مەیلی ژیانی سەرەتایی بۆ شارستانییەت. لە بیرۆکەکانی "ڕۆسۆ"دا جەخت لەسەر مەسەلەی ئازادیی مرۆڤ و یەکسانبوونی مرۆڤەکان لە دۆخی سروشتیدا و بەبێ بوونی هیچ جۆرە ئیمتیازێکی تاکەکەسی و چینایەتی، کراوە.
بە بڕوای ئەو و بە مەبەستی گەڵاڵەبوونی ڕێکخستنی حکومی و کاروباری سیاسییەکان ئەندامانی کۆمەڵگا پەیمانێکیان لەگەڵ یەکتردا بەستووە و دەستەیەکى فەرمانڕەوایان بەسەر کۆمەڵگادا باڵادەست کردووە. لەم بارودۆخەدا تاکەکەسان لەبەرامبەر کۆمەڵگادا یەکسانن و شوێنکەوتەی ئەو یاسا بڕوانەن کە خۆیان دایانهێناون. لەبەر ئەوەی ویستی حاکم بەرهەنجامی ویستی ئەو تاکەکەسانەیە کە دایانهێناوە، کەواتە لە ڕاستیدا تاکەکەسان پەیڕەوی لە خۆیان دەکەن.
لە لایەکی تره‌وە یاسا دروستکراوی دەستی دەستەی فەرمانڕەوایه، واتە خەڵک و کەواتە هەموویان دەبێ ملکەچی بن.
بەپێچەوانەی "ڤۆڵتێر"، "ڕۆسۆ" لە هەموو حاڵەتەکاندا ((کار)) دەخاتە پێش ((فکر))ەوە. بە ڕای "ڕۆسۆ" ئەو کاتە ((دادگەری)) دێتە کایەوە و خەڵک دەگەنە بارودۆخێکی ((یەکسان))ەوە کە ئەو یاسایانەی هەن لەناو بچن و زەمینەی هاتنە کایەوەیان بڕەخسێ. "ڕۆسۆ"ش وەکو زۆربەی فەیلەسوفانی سەدەی هەژدەیەم دژی ئەو ڕێوڕەسمە ئایینی و دابونەریت و عادەتانە بوو کە ئەهلی کەنیسە دایانهێنابوو و دەبێگوت دەبێ ئارام بگرین تا تاکەکەس خۆی، ئایینی خۆی هەڵبژێری.
"ڕۆسۆ" جیاوازی دادەنێت لە نێوان چەمکی ((حاکم)) کە مەبەست لێی خەڵک گشتی و چەمکی ((حکومەت)) کە لە ژمارەیەکی کەمى تاکەکەسان پێکدێت. بە بۆچوونی ئەو حکومەت دەبێ ئەو یاسایانە جێبەجێ بکات کە حاکم بڕیاری لەسەر داوە. ئەو دەسەڵاتی یاسادانان لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن جیادەکاتەوە. بەو بۆچوونە تایبەتە کە بۆ حکومەت هەیەتی ئەو کاتە بە ڕاست و ڕەوای دەزانێت کە ئەم هەلومەرجانەی خوارەوە بێتە کایەوە:
 -  حکومەت لە ویستی گشتییەوە سەرچاوە بگری و بە هەڵبژاردن بێ،
 -  تاکەکەسان بتوانن بەیەکەوە دانیشن و باس و مشتومڕ لەسەر کاروباری و کێشەکانی خۆیان بکەن و بە کورتی بەشدارییەکی ڕاستەوخۆی چالاکییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بکەن،
 -  نابێ هیچ گرووپێک وەکو نێوانگیر لە نێوان خەڵک و دەزگای حکومەت هەبێ.
لە بارەی شارستانییەت و ژیان لە کۆمەڵگادا پێیوایه کە شارستانییەت ژیانی مرۆڤی لە حاڵەتی سادە و سروشتی (کە سەرەتا وا بووە) بردووەتە دەرەوە. تاکەکەسان لە ژێر کاریگەریی پەروەردەی هەڵەوە بەره‌و ڕێگای هەڵە دەڕۆن، لە ئەنجامدا ئەخلاقی مرۆڤ لەناو دەچێت و هەر لەبەر ئەمە مرۆڤ لە پلەوپایەی ڕاستەقینەی مرۆڤایەتییەوە دێتە خوارەوە. "ڕۆسۆ" دان بەو خاڵەدا دەنێ کە مرۆڤەکان لە دۆخی سروشتیشدا جیاوازییەکیان هەیه، بەڵام ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەم جیاوازییە زۆر گرنگ نییە. لە دۆخی سروشتیدا مرۆڤ خەیاڵی لای دوو شتە: دڵسۆزی سەبارەت بە ئەوانی تر و پاراستنی خۆی. لەبەر ئەوەی پێداویستییەکانی مرۆڤ لە دۆخی سروشتیدا زۆر نین بە ئاسانی پێداویستییەکانی خۆی دابین دەکات و کەواتە پاراستنی خۆ زۆر ئاسانە. لە لایەکی تره‌وه‌ لەبەر ئەوەی ڕەفتاری ئەو بەستراوەتەوە بە سروشتی سەرەتایی ئەوەوە بۆیە مە یلی دەستدرێژیکردن و خراپەکاری لەگەڵ ئەوانی تردا لە ناخیدا جێگیر نەبووە. لەگەڵ سەرھەڵدانی شارستانیەتدا، تاکخوازی جێگەی ھاوکاری دەگرێتەوە، کرێکار و خاوەنکار سەرھەڵدەدەن، مرۆڤ بەدوای بەرژەوەندییە تاکەکەسییەکانی خوێدا دەگەڕێ، گونجان زۆر زەحمەت دەبێ، بازنەی جیاوازییەکان گەورە دەبێ، یاسا و بەرپرسانی دەوڵەت دەست لە پەیوەندی نێوان خەڵک وەردەدەەن و... سەرەنجام مرۆڤ وردە وردە لە سروشت دوور دەکەوێتەوە و زیاتر دەکەوێتە ناو گەندەڵییەوە. " ڤۆڵتێر " کە دژی ئەم بۆچوونانە بوو ڕەخنەیەکی توند و تەنانەت گاڵتەجاڕانەشی لە " ڕۆسۆ " گرتووە.
" ڕۆسۆ " وردە وردە گەیشتە ئەو بڕوایەی کە گەڕانەوە بۆ دۆخی سەرەتایی بەکردەوە نەشیاوە و لەو ڕووەوە ھەوڵی دەدا بتوانێت ڕێگەیەک بۆ تێکەڵکردنی هەر دوو دۆخی سەرەتایی و شارستانیەت بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی ئازادیی سەرەتایی بێتە کایەوە و لە هەمان کاتدا مرۆڤ سوود لە دەستکەوتەکانی شارستانیەتیش وەربگرێت. تیۆرەکانی " ڕۆسۆ " لایەنی دەروونییان هەیه. ئەو چاره‌نووس و ڕەچەڵەکی مرۆڤی بە پاک و بێگەرد دادەنا کە بە هۆی شێوازی پەروەردەی هەڵەوە پاکی و سیفەتی سەرەتایی خۆی لەدەست داوە. ئەو لە کتێبی  ئەمیل دا شێوازی پەروەردەی خۆی لەسەر بنەمای ئازادیی فیکر، ڕێزگرتن و گەورەیی پلەوپایەی مرۆڤ داڕشتووە.
" ڕۆسۆ " دەیکوت دەبێ واز لە منداڵ بێنین بۆ ئەوەی سیفەتە ئیجابی و باڵاکانی تیایدا دەربکەون، هەروەها هەوڵی دەدا مرۆڤ بگێڕێتەوە بۆ دۆخی سروشتی یان سەرەتایی خۆی بۆ ئەوەی بتوانێت بە بەختەوەریی ڕاستەقینە بگات. بۆ ئەم مەبەستە دوو ڕێگەی دۆزیوەتەوە: ڕێکخستنەوەی پێکھاتەی کۆمەڵگا لە ڕێی پەیمانی کۆمەڵایەتییەوە، و پەروەردە و فێرکردن.
لە ڕاستیدا هەموو بیروڕاکانی " ڕۆسۆ " لە دەوری ئەم دوو خاڵەی سەرەوە دەخولێنەوە. بنەمای بیروڕا کۆمەڵایەتییەکانی " ڕۆسۆ " لەم کتێبانەدا خراونەتە ڕوو: هێلویزی نوێ کە لە ساڵی ١٧٦١ بڵاوکرایەوە، ئەمیل کە دەربارەی پەروەردە و فێرکردنە (١٧٦٢)، گرێبەستی کۆمەڵایەتی (١٧٦٢)، دانپیانانەکان کە دوای مردنی " ڕۆسۆ " چاپ کرا.
وەگیراوە لە کتێبی کۆمەڵناسیی گشتی



 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved