وشە سەرەکیەکان: کۆمەڵگای پیشەیی، موڵکدارێتی بەرژەوەندییە تاکی و کۆییەکان، یەکسانی لیبرالیزم، کار، ئیعتیبار،
سان سایمۆن لە ساڵی ١٧٦٠ لە شاری پاریس لەدایک بووە، ئەو خاوەنی چەندان لایەن و دیمەن بوو کە کەسایەتی و روخسارێکی جێگەی سەرنجی پێ دەبەخشی. ئەو لەیەک کاتدا ڕۆژنامەنووس، ئابوریزان هەروەها دەڵاڵێکی شارەزا بوو کە لەڕێگەی بوورسبازیی زەوییەوە لەو سەردەمە تایبەتەی کە تێیدا دەژیا، توانی بگاتە سەروەت و سامانێکی زۆر. ئەو ژیانێکی پڕ هەوراز و نشێوی هەبوو، یەکەم جار لە شەڕەکانی سەربەخۆیی ئەمریکادا بەشداری کرد و پاش ئەوەی گەشت و گەڕانێکی تایبەتی لە ئەوروپاوە دەست پێکرد. لەکاتی شۆڕشی فەرەنسا لە گێرمەو کێشە سیاسییەکان خۆی بەدوور گرت، بۆیە سەرقاڵی کڕین و فرۆشتنی کەل و پەلی کڵێساکان بوو. ماوەیەکی کورت زیندانی بوو پاش ئازادبوون خوێندن و فێربوونی پزیشکی و ئەندازیاریی دەست پێکرد. هەر لەم سەردەمەدا بوو کە لەگەڵ تاقمێک لە فەیلەسووفان و زانایان ناسیاوەتی پەیداکرد و بۆ باسکردن و دەربڕینی بیروڕاکانی خۆی دەستی کردە نووسین. سایمۆن ئەو سەروەت و سامانە گەورەیەی کە لە باوکییەوە بۆی مابووەوە بە ماوەیەکی کەم لەدەستی بۆوە و تەواوی کرد، دواتر تێدەگەن تێڕوانینی سایمۆن بۆ پرسی ئابووری و لایەنە کۆمەڵایەتییەکانی هاوکێشە ئابوورییەکان هۆکاری ئاوەها هەڵس و کەوتێک بووە لە مەڕ سەروەتێک کە لە باوکییەوە بۆ مابووەوە. واتە سایمۆن ئەو سەرمایەی کە لە باوکییەوە پێی گەیشتبوو لە ماوەیەکی کورتدا لە کیسیدا بەڵام لەسەر بنەمای باوەڕێک دەستی بۆ وەها لەکیسدانێک شل کرد، هەر بۆیەش بیر و باوەڕی بە ئامانج و نیگای دادپەروەرانە لەبارەی هاوکێشە ئابووریەکان درێژە پێدا. ئەو پێی وابوو کە مافە کۆمەڵایەتییە باوو سەپاوەکان لە ناو هاوکێشە ئابوورییەکاندا بابەتێکی نادادپەروەرانەیە، لەوانەش سەروەت و سامانی باوکێك بە کوڕێک! ئەو پرسیاری دەکرد چۆن دەبێت سەروەت و سامان و موڵک لە دەستی تاقمێکدا بێت و دواتر وەک ئیرس بدرێت بە تاقمێکی دیکە؟ لەسەر چ بنەمایەک ئامێرەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایە دابەش کراوە؟ کێ چینەکانی بەرهەمهێنەری لە قەوارەی کارکەر، سەرمایەدار پێناسەو دابەش کردووە؟ ... بەهەر حاڵ ئەو باوەڕی وابوو کە ئەرک و ریسالەتێکی گەورەی ئەخلاقی و مرۆیی بۆ مەبەستی ئاسایشی ئینسانی لەسەر شانە. ئەو تەنانەت لە کاتی مەرگیشدا ئەم ئامانجەی لە بیر نەکرد و گوتی: تاقە ئامانجێک لە ژیانمدا پاڵنەر و بزوێنەرم بووە کە ئەوەش دابین کردن و بوارکردنی هەلێکە کە هەموو توانا و هەڵکەوتوویە ئازادە مرۆییەکان دەرکەون و گەشە بکەن. سان سایمۆن لە ساڵی ١٨٢٥ دا کۆچی دوایی کرد.
بەرهەمەکانی سان سایمۆن
سایمۆن بەرهەمی زۆری لێ بەجێ ماوە کە هەر کامەیان وەک سەردێڕ و تایتڵێک لە هزری مرۆییدا پێناسە دەکرێت. بەرهەمەکانی بریتین لە: گەڵاڵەی <<ئینسکلۆپیدیایەکی نوێ>>، نامیلکەیەک لەبارەی زانستی مرۆیی، تیۆرەگەلێک لەبارەی موڵکدارێتی و یاسادانان، نۆژەن کردنەوەی ڕێکخستنەکانی کۆمەڵگەی ئەوروپی، لەبارەی پیشەسازیی، سیاسەت، ئایینی مەسیحییەتی تازە و هەروەها پێشەکییەک بۆ موتاڵا و خوێندنەوە زانستییەکانی سەدەی نۆزدە. ئەمانە بەرهەمەکانی سایمۆنن کە ئەگەر هەڵوێستەیەکی کورت لەسەر ناوی هەر کامەیان بکەین بە سانایی بۆمان دەردەکەوێت دوو خاڵ تیایاندا بەرجەستە و دیارن.
یەکەمیان: ئیرادە و خواستێک بۆ گۆڕانکاریی و چاکسازیی و دووهەمیان: بەهادایین و پێداگرییەکی تایبەت و نوێ لە ئەخلاق، ئەگەرچی لە قەوارە ئایینێکی تازەشدا بێت.
زۆربەی ئەو ئابوریناسانەی پەرژاونەتە سەر بەرهەمەکانی سایمۆن تووشی چەشنێک حەپەسان و بێ هیوایی بوونەتەوە. هەندێک بە دژبەر و دژایەتیکەری کلاسیکەکان دەیبینن، هەندێکی دیکەش وەک سۆسیالیستێک پێناسەی دەکەن، بە هەموو ئەمانەشەوە تەواوی شرۆڤەکارانی بەرهەمەکانی سایمۆن، لەو لایەنە ئایینییەی کە بیروڕا و هزری سایمۆنی لە کۆتاییەکاندا سەرقاڵی خۆی کردبوون حەپەسابوون، بەڵام بەم حاڵەشەوە ئەمانە هەموو ئەو شتانە نین کە لە بارەی سایمۆنەوە دەگوترێت، بەڵکو لایەن و ڕەهەندی زۆرە، بەڵام بە هۆکارانێکی دیار و نادیار لە مێژووی هزر و بیری مرۆییدا بە شێوەیەکی سەیر پەراوێز کەوتووە!.
ڕەگ و ریشەی تێڕوانین و میتۆدە زانستییەکەی سان سایمۆن
سان سایمۆن، وەک کۆمەڵناس و وەک هەندێک دەڵێن فەیلەسووفی فەرەنسی، ئەگەرچی لە بنەماڵەیەکی زەنگین و دەست رۆیشتوو لەدایک بوو، بەڵام بە هۆکارانێکی جیاجیا ساڵەکانی کۆتایی ژیانی لە هەژاری و دەستکورتیدا بردە سەر. ئەو بە خوێندنەوە و ناسینی بیروڕاکانی ژان ژاک رۆسۆ فەیلەسووفی هاووڵاتی خۆی و سەردەمی رۆشنگەری، ڕزگاریی مرۆڤی کردە ئەرک و ئامانجی ئینسانیی خۆی. سایمۆن بەهۆی باوەڕی بە روانگە و تێڕوانینە ئەنترناسیۆناڵەکان، لەسەر ئەم خاڵە پێی دادەگرت کە کارکردن و جووڵەی هێز و ئیرادە یەکخواز و هاوگەراکان دەبنە هۆی سنوردار کردن و پاشەکشە بە سنوور و هێڵە کەلتووری و سیاسییەکان و بەم شێوەیە کۆمەڵگایەکی یەکخواز و جیهانگیر دێتە ئاراوە. لەم رەوت و پێشفە چوونەشدا زانستە کۆمەڵایەتییەکان و پیشەسازیی دوو فاکتۆر و وتەزان کە رۆڵی بنەمایی و کاریگەر دەگێڕن. سان سایمۆن لە رووی زانستییەوە نیگا و تێڕوانینێکی نیوتنی هەبوو و پێی وابوو چونکە نیوتن لەڕێگەی تێڕوانینێکی زانستییەوە توانیویەتی پێکهات و شێوازی بوون و کارکردی جیهان بناسێت و پێناسە بکات. هەروەها جۆر و (سومبول) و فۆرمە دووپات بوو و چەسپاوەکان بخاتە بەر تیشکی تاقیکاری و لێکدانەوە و بەم شێوازەش یاسا گشتگیر و جێگرەکانی بناسێت، بۆیە ئێمەش هەر بەو شێوەیە دەتوانین پێکهاتی کۆمەڵگا، یاسا و رێسای ئیشکردن و گەڕاندنی بدۆزینەوە و پێناسەی بکەین. ئەو پێداگریی لەسەر بەدیهێنانی تێڕوانینێکی زانستی سەبارەت بە ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی دەکرد، لای ئەو کۆمەڵگا وەک پێکهاتێکی سروشتی و ئۆرگانیزمێکی خۆڕسک و زیندوو شکڵی گرتووە و هەر بەو شێوەیەش گەشە دەکات. بۆیە ئەرکی ئێمە ئەوەیە کە لە گەشەکردن (گۆڕانی کۆمەڵایەتی) و هۆکارەکانی پشت جێگیریی و چەسپاویی کۆمەڵگا تێبگەین و یاسا و ڕێسا ئیشکەرەکان و میکانیزمی ڕێکخەرانە و جێگیرکەرانەی کۆمەڵایەتی شیبکەینەوە. لە ڕوانگەی سان سایمۆنەوە تاقیکردنەوە و لێکدانەوە و ناسینی جۆرەکان دەشێت لە تیۆرەیەکی مێژووییدا کۆببنەوە تاکو لە ڕێگەیەوە ئێمە بتوانین هۆکارە سەرەکی و بنەڕەتییەکانی گۆڕانە مێژووییەکان لە سێ جەمسەری کاتییەوە واتە ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو بناسین و شییان بکەینەوە. بەڕای ئەو دەشێت هۆکاری ڕوداو و بەدواهاتەکانیان پێش لە داهاتن و ڕوداویان بناسرێت و بیری لەسەر بکرێتەوە ئەگەر بەم فۆڕم و ڕوانگەیەوە ئیش بکەین کەمال و گەشەی بێ سنوور، بەدواداهات و دەرهاویشتەیەکی حەتمییە. واتە بەم میتۆدە و لەسەر بنەمای ئەم تێڕوانینە، زانستە کۆمەڵایەتیەکان دەتوانێت بە لێکدانەوە شارستانیەت و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی پرۆسێسەکانی گۆڕانکاریی، سەرچەشن و یاسا و ڕێسا زاڵەکانی سەر ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی لەڕێگەی تاقیکارییەوە ئاشکرا دەکات و لەسەر ئەم بنەمایەش پێکهاتی گشتی کۆمەڵگاکان و ڕەوتی گشتی مێژوو و گۆڕانکارییە کۆمەڵاتییەکان دەستنیشان و دیاری دەکرێت. ئەگەر بمانەوێت کۆمەڵگاکان لەسەر بنەمای زانست شیکاری و شرۆڤە بکەین دەبێت بە خوێندنەوەی مێژوو و شیکاریکردنی ڕوداوەکانی هەناوی مێژوو، بەدوای یاسا و ڕێسا زاڵەکانی بین. لەم ڕووەوە زانستە کۆمەڵایەتییەکان مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی پێناسە دەکات بەبێ ئەوەی کە پەیوەندی و هۆگرییە کەلتوورییەکان لەبەرچاو بگرێت و لای وایە بەمشێوەیە مرۆڤەکان باشتر یەک دەخرێن و یەک ڕیز دەبن. لەپاڵ ئەمەشدا سایمۆن بۆ ڕێکخستنی دووبارەی کۆمەڵگا لەڕووی دابەشکاریی زانستییانەی <<کار>>ەوە تیۆرەی <<سیستمی پیشەسازی (نەزمی سەنعەتی)>> خستەڕوو. لەم ڕوانگەیەوە تەکوزیی پیشەیی دەبێتە بنەمایەک بۆ دابەشکاری <<کار>> و ئیشەکان لەنێوان توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگادا. لای سایمۆن کۆمەڵگا لە بنەڕەتدا دابەش دەبێتە سەر توێژگەلێکی جۆراوجۆر و جیاواز و چەماوە و ئەو میتۆدە زانستییەی نیوتن کە لەسەر بنەمایەکی پوزیتیویستی و سەلمێنەرانە دروست بووە، پشت قایمە بە لێکدانەوەی زانستییانەی یاسا و ڕێساکان و عەقڵ و دەتوانێت توێژ و چینە کۆمەڵایەتییەکان دیاری بکات. هەروەک دەردەکەوێت سایمۆن ڕوانینێکی چینایەتی و زنجیرە پلەیی بۆ کۆمەڵگا و چین و توێژەکانی هەبوو و لای ئەو توێژ و چینی شایستە ڕۆشنبیران، پیشەسازان، دادوەران و...بوون بەگشتی تێڕوانین و پوزیتیویستیانە زانست تەوەرانەی سایمۆن بۆ کۆمەڵگا و شێوازی دابەشکاریی <<کار>> چەشنێک لە سیستم و ڕێکوپێکی پیشەی ڕێکدەخست و گەشەی پێ دەدا. لە ڕوانگەی ئەودا پیشەسازی لە جەوهەر و بنەمادا بابەت و ئەمرێکی فراوان خواز و گەشەسێنەرە و گەشەسەندنی وەها پرۆسێس و دەرهاوێشتەیەک لە کۆمەڵگا غەیرە ئەوروپییەکان دەبێتە هۆی گەشەکردن و بەربڵاوبوونی کەلتورە ئەوروپییەکان. بۆیە لەم هاوکێشەیەدا پیشەسازی و ئابووری دەکەونە گەڕ بۆ دروستبوونی چەشنێکی بەربڵاو لە یەکخوازی و هاوسانیی کەلتوریی و بەمشێوەیە دەشێت کۆمەڵگایەکی جیهانگیر و یەکدەستی نێونەتەوەیی پێک بێت. سایمۆن خەونی بە کۆمەڵگایەکی قورمیشکراو و بەرنامە بۆ داڕێژراو و پێکهاتێکی نێونەتەوەییەوە دەدیت کە تێیدا تەکنەلۆجیا و پیشەسازی لەو پەڕی گەشەسەندنی خۆیدابێت. بە باوەڕی ئەو لەدواجاردا هەموو کۆمەڵگاکان بۆ دروستکردنی کۆمەڵگایەکی جیهانگیر یەکدەگرن و دەبن بە یەک، لای سایمۆن کاروباری ڕێکخستن و سەرکردایەتی وەها کۆمەڵگایە دەبێت لە ئەستۆی نوخبە و ئیلیتەکان بێت، چونکە خەڵکی ئاسایی ناتوانن بنەما پێکهاتێکی کۆمەڵایەتی کە لەسەر کۆڵەکەی زانست داڕێژراوە، دەرک پێبکەن و لێیتێبگەن و دواتر بەڕێوەی ببەن.
پیشەگەری و زانست، بەرئەنجام و دەرهاویشتەی لۆژیکییانەکەی جیهانگیرییەو هاوتەبایی و یەکناگیریی پێشکەوتوخوازانەی جیهان بەدواوەیەی. ئەو کۆمەڵگایەی کە خەونی سایمۆن بوو کۆمەڵگایەک بوو کە سیستم و تەکوزیی، ڕێکوپێکی، داهات و دەستکەوت، کۆنتڕۆڵی گشتی ئامێرەکانی وەبەرهێنان و ئازادیی وردە وردەی ژنان تێیدا دەهاتە ئاراوە. بیروڕا و تێڕوانینی سایمۆن و سایمۆن خوازەکان کاریگەرییەکی زۆر و زەبەندی لەسەر بیر و هزری سۆسیالیستی پاش خۆی دانا.
ڕوانگە و دیسپلینەکانی سان سایمۆن
نموونە و سەرچەشنێک بۆ کۆمەڵگای پیشەیی: سەرچەشنی کۆمەڵگای پیشەیی دەبێت لە خۆگریی بنەمایەکی میتافیزیکی تایبەت بێت؛ چونکە یەکەم: بەسەرنجدان بەو تێڕوانینە پۆزیتیفیستی و سەلمێنەرانەی سایمۆن تێدەگەین کە ئەو پێی وابوو کە کۆمەڵگاش وەک سروشت لە کۆمەڵێک یاساوڕێسای زانستی پێکهاتووە و لەم رووەوە دەبێت ئەم یاسایانە بناسین و هەڵس و کەوتەکان لەسەر بنەمایان ئەنجام بدرێت و بەم حاڵەشەوە گەشە و کەماڵ وەک پرۆسێسێکی هەمیشەیی لە داهاتوودا دێتە ئاراوە و پێشبینیش دەکرێت. دووەم: سایمۆن مەبەستی ئەوە بوو کۆمەڵگا بەتەواوەتی زانستی بکاتەوە، ئەو ئەم پرۆسێسە بە هۆکاری پێشکەوتن و پێشڤەچوونی کۆمەڵگا دەزانێ. لەم پرۆسێسەدا چینە بەرهەمهێنەرەکان دەسەڵات دەگرنە دەست و چینە نابەرهەمهێنەرەکانیش وەک ئەشرافزادەکان، خانەدانەکان و مامۆستا ئایینیەکان دەچنە ژێر رکێف و باڵی ئەوانەوە. خاوەن پیشەکان بەرهەمهێنەرانی سەرمایە لەم کۆمەڵگایەی کە مەبەستی سایمۆنە، بەگشتی وەک چین و پلە تایبەت و دانسقە و سەرووی کۆمەڵگا هەژمار دەکرێن.
پاراستنی بنەما ئەخلاقییەکان؛ ئەو هەمیشە بایەخێکی تایبەتی بە ئەخلاق دەدا. بەڕای سایمۆن ڕێکخستن و پێکهاتی کۆمەڵگا بەبێ بنەماڵە هاوبەشی ئەخلاقی مسۆگەر نابێت، بەڵام دوو خەوش و بۆشایی لە زانستی ئەخلاقدا هەیە: کە یەکەمیان پەیوەستە بە پێوەندییە نێونەتەوەییەکان و دووهەمیان دەگەڕێتەوە بۆ پێوەندی نێوان حکومەت و هاوڵاتیانی. بۆشایی دووهەم لەوکاتەدا پڕ دەبێتەوە و نامینێت کە حکومەت وەک نوێنەر و هۆکارێک کە بەرپرسی ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگایە لەلایەن جەماوەر و خەڵکی ئەو کۆمەڵگایە بناسرێت. ئەگەرچی سایمۆن پێی لەسەر ئەوە دادەگرت کە دەبێت بنەما ئەخلاقییەکان کۆڵەکەی ڕاهێنان و سیستمی پەروەردەبن، بەڵام دەشیزانی کە دابینکردنی پێویستی و پێداویستییەکانی کۆمەڵگا بەتەنها لەڕێگەی ئەخلاقەوە ناکرێت و دەبێت ئەم ئەرکە بخرێتە سەرشانی ئایین. ئەو دەستی دایە بنیاتنانی ئاینێکی نوێ و دواتر کەوتنە ناو ئەو وەسوەسە و وڕێنەیەوە کە پێغەمبەری خودایە و شرۆڤەکەری قسەکانی ئیلاهییە.
هەرەوەزی و هاوکاری: سایمۆن و لایەنگرانی باسی ئەوە دەکەن کە لە سەرتاسەری مێژوودا لەنێوان دوو بەرە واتە بیر و خواستی دژایەتی و دژبەریی بەرژەوەندییەکان لەلایەک و بیر و خواستی هاوکاری و هەرەوەزیش لەلایەکی دیکە شەڕ و پێکدادان و کێشمەکێش هەبووە. هەر کاتێ کە بیر و خواستی دووهەم بەسەر یەکەمدا سەرکەوتووە، کۆمەڵگای مرۆیی چەند هەنگاوێکی بەرە و پێشەوە ناوە واتە هەر کات بنەمای چالاکییەکان هەرەوەزی و هاوکاریی بووە، خەڵک لە خۆشی و بەختیاری و ئاسایشدا ژیاون و بە پێچەوانەشەوە هەرکات کە لێکدژی بەرژەوەندییەکان دەرکەوتووە پشێوی و پاشاگەردانی کۆمەڵگای گرتۆتەوە. چینی بەرهەمهێنەری سەروەت: کە خاوەنی دەسەڵاتی ئابوورییە دەبێت دەسەڵاتی سیاسیشی بەدەستەوە بێت و ئێمە بمانەوێت و نەمانەوێت کۆمەڵگا بەرەو ئەو هاوکێشەیە دەڕوات کە تێیدا هێزە ئابوورییەکان دەسەڵاتی سیاسیشیان بەدەستەوە دەگرن. بەڕای ئەو خاوەن پیشەکان بەپێی بەرژەوەندی خۆیان، باشتر و زۆرتر لە هەر چینێکی کۆمەڵگا یارمەتی گەشەی ئابووری وڵات، هێمنی و ئاسایش، ئاشتی و بەختیاری، لەناوبردنی نادادپەروەری و زوڵم دەدەن و ئەگەر بەرپرسایەتی کۆمەڵگا بگرنە ئەستۆ دەتوانن بە باشترین شێوە کۆمەڵگا بەڕێوە ببەن،چونکە بەو شێوەیەش بەروەژندییەکان خۆیان واتە کارگە گەورە و پیشەییەکانی خۆشیان پاراستووە و بەڕێوەیان بردووە.
کار: سان سایمۆن زۆر رقی لە بێکاری بووە و چەشنێک لە ئایین و ئەخلاقی کارکردن و پیشەسازیی پێشنیار دەکرد و داکۆکیشی لێدەکرد، کە بەم شێوەیە هیچ هێزێک لە کۆمەڵگادا بە خەسار ناچێت. بە دەربڕینێکی تر روانگەی سایمۆن بە پێچەوانەوە و لە دژی گریمانە و تێڕوانینە کلاسیکە نوێکانە، کە پێیان وابوو چوونە سەرەوەی ڕێژە و ئاستی کار لە چۆنایەتی و باشبوونی کار کەم دەکاتەوە، لەلای سایمۆن باش بوونی بارودۆخی کرێکاران و کار لە شۆڕشە لەناکاو و گشتییەکان دوورمان دەخەنەوە.
بەرژەوەندی شەخسی: سایمۆن پێی وابوو کە بەرژەوەندی خوازیی شەخسی و تاکڕەوانە لە ناخی سەمایەدار و زەنگینەکاندا هەیە و دەبێت لە ڕێگەی پێناسە و فێرکاری ئەخلاقێکی نوێوە خواست و رۆحییەتی بەرژەوەندخوازانەی دەوڵەمەندان و زەنگینان بگۆڕدرێت یان لانی کەم چاکسازیی تێدا بکرێت. بەم شێوەیە سایمۆن ئیدی گریمانە سەرەکییە کلاسیکەکانی رەت دەکردەوە، کە پێیان وابوو بەرژەوەندییە تاکەکەسی و تایبەتییەکان بەشێوەی خۆڕسک و ئۆتۆماتیک هاوتەریبە لەگەڵ بەرژەوەندییە کۆمەڵایەتی و گشتییەکان.
موڵکدارێتی تایبەتی: سایمۆن و لایەنگرانی لە هەمان کاتدا کە پرس و تەزای کێبڕکێ و کارکردی بازاڕیان رەت نەدەکردەوە، خوازیاری لابردن و نەمانی موڵکدارێتی تایبەتی بوون و دەیانویست هەرەوەزی و رێکخراوەگەلی هەرەوەزخواز لەبری دابنێن و گەشەی پێبدەن. لای ئەمان موڵکدارێتی تایبەتی و میرات دەبێتە هۆی چەوساندنەوەی کرێکارو بەشێوەیەک یەکێکە لەو ئامرازو میکانیزمانەی کە نادادپەروەری دروست دەکات.
لیبرالیزم: لە تێڕوانینی سایمۆن دا لیبرالیزم ناتوانێت بەختەوەری و بەختیاریی کۆمەڵگا دابین بکات. بۆ گەیشتن بەم مەبەستە نابێت و ناکرێت کە ئەو هێزە کە کۆمەڵگا دەگۆڕێت و ئەو هێزەی ئەم گۆڕانە جێبەجێ دەکات هەرگیز دەوڵەت بێت، چونکە دەست تێوەردانەکانی دەوڵەت لەباتی ئەوەی کە سوودبەخش بێت زیانبەخشە، بۆیە دەبێت ئەم توانست و هێزە بدرێتە دەست <<هەڵکەوتووان>> و توانادارەکان واتە زانستمەندان، ئەندازیاران و بەرهەمهێنەران (بازرگانان و پیشەییەکان).
لابردنی مافی میراتی: بەڕای سایمۆن بەدابین کردنی هەل و دەرفەتی یەکسان و چوونیەک بۆ هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا، کۆمەڵگا باشتر دەتوانێت بگاتە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، بۆیە ئەو مافی موڵکدارێتی میراتی رەت کردەوەو لەبری ئەوە موڵکدارێتی لەسەر بنەمای توانست و هەڵکەوتوویی پێناسە کرد. بەم پێیەش لەم سیستەمەدا دەوڵەت بە خاوەنی حکومەت دەزانێت و وەک بانکێکی نیشتیمانیی گەورە دەیبینێت کە هەموو ئامێرەکانی بەرهەمهێنانی تێدا دەبەخشنەوە. ئەم بانکە نیشتمانییە ئامێرەکانی بەرهەمهێنان دەداتە بانکە خۆماڵییەکان تا ئەوانیش بیدەنە هەڵکەوتووان و تواناکارەکان.
یەکسانی: ئەو یەکسانییە خوازراوو تایبەتەی کە سایمۆن پێناسەی دەکرد، هەر لەسەرەتای لە دایک بوونەوە دەست پێدەکات، کە تێیدا هەر کەسەو بە ئەگەرو هەلومەرجی یەکسان دەست دەداتە هەوڵ و تێکۆشان و چالاکی و بەپێی ئەم هەوڵ و تێکۆشانەو تواناو هەڵکەوتووییەکانی خۆی لە خزمەتگوزاریی و ئەگەرەکانی کۆمەڵگا کەڵک وەردەگرێت.
رێبازی سان سایمۆن
بەهۆی ئەوەی کە بیروڕاکانی سایمۆن تارادەیەک ناتەواو ناروون بوون، لایەنگران و قوتابییەکانی کەوتنە راڤەو شرۆڤەو لێکدانەوەی، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە ببێتە رێبازێکی پێشەنگ و پڕ دەستکەوت. گوستێن تیێری، مێژوونووسی بەناوبانگ، ئاگۆست کۆنت، فەیلەسووف و کۆمەڵناسی ناودار کە جێبەجێکاری بەشێک لە بیروڕاو پرۆژەکانی سایمۆن و یاریدەدەریشی بوو، برایانی پێرێرو ئانفاتێن و بۆشز کە یەکێک بوو لە بنیاتنەرانی بزووتنەوەی هەرەوەزی و... لە لایەنگران و پێڕەوکەرانی رێبازەکەی بوون.
روانگەی لایەنگرانی سایمۆن پاش ئەو
لایەنگرانی سایمۆن زۆر زوو ئەو شتەی کە هۆکاریی هاوسەنگی و تەبایی بیروڕاکانی سایمۆن بوو لەبیریان کردو لایەنی ئابوری و پیشەیی بیروڕاکانیان بە تەواوەتی لە لایەنی ئەخلاقیی تێڕوانینەکانی جیاکردەوە. دەستەیەک هەستان بە گەشەدان و پەرەپێدانی پیشەسازیی و دەستەیەکیش بەتەنها لایەنی ئایینی و ئەخلاقی بەرهەمهێنانیان خستە بەر سەرنج. لایەنگرانی سایمۆن بە پێچەوانەی خۆیەوە بەرەو بیروباوەڕە سۆسیالیستییەکان چوون. گرنگترین بەرهەمی ئەم دەسەتەی دوایی لایەنگرانی سایمۆن، کتێبێکە بەناوی <<شیکاریی بیروڕاکانی سایمۆن>> کە قورسایی دەخاتە سەر بیرۆکەی دژایەتیکردنی بێکاریی و شیکاریی و روونکردنەوەگەلێکی نوێش دەخەنە ڕوو. بەڕای لایەنگرانی سایمۆن، نادادپەروەری ئەو کاتە دەگاتە چڵەپۆپەی خۆی، کە تاکێک یان تاکەکەسێک لە داهاتی سەرمایەیەک کەڵک وەربگرێت کە بۆ بەدەستهێنانی هیچ هەوڵێکی نەدابێت. بۆیە لایەنگرانی سایمۆن لەگەڵ ئەو یاسا کۆمەڵایەتی و ئابورییەی کە <<مافی میراتی>> ناوی نرابوو دژبەربوون و رەتیان دەکردەوەو لەباتی ئەوە پێشنیاریان دەکرد کە سامانگرو میراتگری هەموو سەرمایەو داراییەکان دەوڵەت بێت. بڕێک لە لایەنگرانی بەشێوەیەکی پراکتیکی بەرەو کۆمۆنیزم و باوەڕی هاوبەشێتی و سۆشیالیزمی ڕۆیشتن. پاش شەڕی یەکەمی جیهانیی بیروڕاکانی سان سایمۆن و لایەنگرانی گڕوتینێکی تازەیان وەبەرکەوتەوەو رێبازی نوێی سان سایمۆن بنیات نرا.
سایمۆنخوازەکان
بیروڕای سایمۆنییەکان تێکەڵەیەکی سەیرە لە خەیاڵ و حەقیقەت، واتە خەیاڵ داڕێژی و حەقیقەت خوازی تانپۆی بیروڕاکانیان پێک دێنیت. ئەو سۆسیالیزمەی کە لای ئەوان مەبەستە بەهیچ شێوەیەک و ببڕای ببڕ داکۆکی لەسەر کۆی خەڵک و جەماوەر ناکات و بەردەنگی خۆی بە توێژی رۆشنبیری کۆمەڵگا دادەنێت، ئەم روانینەی ئەوان لە ناسین و خوێندنەوەی ژیانی کرێکارییەوە سەرچاوەی نەگرتووە، بەڵکو هەڵێنجراوی تێبینی و تێڕوانینی زۆر دروستیانە بە نیسبەت گەڕیان و رەوتە گەورە ئابورییەکانی سەردەمی خۆیان.
پاش لێک هەڵبڕان و هەڵوەشاندنەوەی رێبازی سایمۆن خوازەکان، دەرکەوت کە پێشەوا سایمۆنییەکان رۆڵێکی کاریگەرو بەرچاو لە بەڕێوەبەرایەتی ئابوری فەرەنسا دەگێڕن و بوونەتە پێشەنگی کۆنتڕۆڵ و بەڕێوەبردنی گرنگترین لایەنە مادی و بازرگانی و پێشەکییەکانی سەردەمی خۆیان. برایانی فێریە لەساڵی ١٨٦٣دا بانکی ئیعتیبارە مەنقوولەکانیان بنیات نا، کە یەکێک بوو لە نموونە هەرە تەواو و باشەکانی کۆمپانیا بازرگانی و داراییەکانی هاوچەرخ. ئانفاتێنیش هۆکارێکی گرنگی بنیاتنانی هێڵێکی ئاسن بوو کە دواتر بە ناوی هێڵی ئاسنی پی، ئێڵ، ئێم (پاریس، لیۆن، مارسێل) ناوبانگی دەرکردو هەروەها یەکەمین کۆمپانیای کەناڵی سوئێز هەر بە دەستی ئەو دروست کرا. میشل شوالیە لە خوێندنگەی باڵای کلژدۆفرانس داکۆکی دەکرد لە داهێنانە ئابورییەکانی دەوڵەت و لەو پرۆژە گەورە بیناسازییانەدا کە لە بەرژەوەندی گشتیدا بوو پشتگیریی دەکردو هەروەها هۆکاری رێکەوتنی بازرگانی ساڵی ١٨٦٠ لەگەڵ ئینگلتەرا بوو کە بووە بەردی بناغە لە دەسپێکردنی سەردەمێکی ئازادیی تایبەت لە بواری بازرگانی دەرەکیدا.
بە هەمان شێوە رەنگە بتوانین زۆرێک لە سایمۆنییەکان یان سایمۆنخوازان ناو ببەین کە لە مێژووی ئابوری سەدەی نۆزدەهەم هۆکارو پاڵنەری گرنگ بوون. ئەوان بە تایبەتی توانیان گرنگی و بایەخی بانکە گەورەکان و کۆی رێکخراوە پیشەییەکان لە سیستەمی ئابوری نوێدا پێشبینی بکەن، لە راستیدا بانکە گەورەکان و کۆی رێکخراوە پیشەییەکان لە سیستەمی ئابوری نوێدا پێشبینی بکەن، لەراستیدا بانکە گەورەکان و کۆی رێکخراوە پیشەییەکان لە سیستەمی ئابوری نوێدا پێشبینی بکەن، لە راستیدا بانکە گەورەکان شوێنی راسپاردە داراییەکانی خەڵک بوو و ئەم بانکانە بەبێ بوارو مۆڵەتی خەڵک دەستێوەردانیان لە پارەو سەرمایەکانیان نەدەکردو مافی خاوەندارێتی و موڵکییەتی خەڵکیان دەپاراست و هەر ئەمەش هۆکاری ئەوە بوو کە بانکەکان ببنە خەزنەدارو خەزێنەی گەورەو متمانە پێکراو لای خەڵک و بانکەکانیش بەو هۆیەوە پارەو سەرمایەی خەڵکیان دەخستە کەناڵە جۆراوجۆرەکانی بازرگانی و ئابورییەوە. هەنووکە بە تایبەتی لە فەرەنسا زۆرێک لەو نووسەرانەی کە تەنانەت سۆسیالیستیش نین، رەخنەو لۆمەی بانکەکان دەکەن کە لە جێبەجێکردنی ئەرکێکی زۆر گەورە واتە رێکخستنی ئیعتیبارە پیشەییەکان و هاندان و رەخساندنی بنیاتە پیشەییەکان و هاندان و رەخساندنی بنیاتە پیشەییەکان کە سایمۆنییەکان پێشبینییان کردبوو و سروشتی خستنەگەڕو سووڕانی ئیشەکانیان خستبووە ئەستۆ، بەرادەی پێویست بەرگری و داکۆکی ناکەن. رووداوەکانی دواترو داهاتوو دروستی ئەم تێڕوانینەی سایمۆنەکانی سەلماند واتە بەدیتنی دەوری بنەمایی و کاریگەری بانکەکان و بنیاتە داراییە نێونەتەوەییەکان لە پارە قەرز دایین و وام دایین بە ئەو دەوڵەتە ئەوروپییانەی کە پاش بیست ساڵ شەڕ، لە دۆخی نێوان داڕمان و بووژانەوەی ئابوریدا بوون و هەروەها دیتنی کاریگەریی پێوەندییە بنەماڵەیی و تاکەکەسییەکان لەسەر خاوەن بانکەکان، سایمۆنییەکان تونیان دەورو گرنگی متمانە <<ئیعتیبار>> لە سیستەمی ئابوری نوێدا بەباشی دەرک پێ بکەن. باشتر لەمەش تێگەیشتنیان بوو لەم راستییەی کە پێویستە لە سیستەمی نوێی ئابوریدا بەڕێوەبەرایەتییەک رێک بخرێت کە بتوانێت بەرهەمهێنانی سەرمایە لە هاوکێشەی کێبەرکێیەکی ئابوریی بێ سەروبەر دەربهێنێت و لەگەڵ پێویستییە بەرخۆرییەکانی خەڵک و کۆمەڵگا هاوئاراستەی کات،کە لەم ئەرک و پەیامە گەورەیەشدا تەنها دەوڵەت بەرپرسیار نییە. هەروەک ئێستاش کە دەیبینین رێکەوتن و گرێبەستانێکی زۆر لەنێوان خاوەن کۆمپانیا گەورەکان دەبەسترێت و فرۆشگە گەورەکان و یەکیەتییە بەرهەمهێنەرەکان دروست دەبن، کە ئامانجی هەموویان یەکێکە واتە خۆپاراستن و خۆ لادان لە زەرەرو زیانەکانی کێبڕکێی بێ سەروبەر لەرێگەی پێشبینی و پارێزو وردبوونەوەی هزرمەندانە لەسەر بابەتەکان. ئەم فۆرم و شێوەیەش لە بەڕێوەبەرایەتی ئابوری تا رادەیەک جێبەجێکردنی یەکێکیترە لە بیروڕاکانی سایمۆن خوازەکان.
ئەگەر بەو شێوەیەی سەرەوە کە باسمان کرد کاریگەری و کارتێکەریی تاک بە تاکی سایمۆن خوازەکان لە مێژووی ئابوری دا هێندە جێگەی سەرنجە، دەبێ دان بەمەش دا بنێین کە لە ئەندێشەو بیروڕاکانیان دا گوشراوەو کۆکراوەی هەموو بیرو هزرێکی رەخنەگرانەو بنیات نەرانە، دروست یان نادروست، کە تایبەتمەندیی سەرەکی سۆسیالیزمی سەدەی نۆزدەیە، ئامادەیە. لێرمینە گوتەنی کە سەردەمێک خۆی یەکێک بوو لە سایمۆنییەکان، بیروڕای هزری سایمۆنییەکان وەک پێڕست یان پێشەکی کتێبی سۆسیالیزم دەشێت ئەژمار بکرێت.
خاڵێکیتری جێگەی سەرنج ئەمەیە کە لە وتەو دەربڕینی سایمۆنخوازەکاندا زۆر دروشم و رێکەوەند (عبارت) دەبینینەوە کە لە بەرهەم و دەربڕینی بیرمەندە کۆمەڵگا خوازەکاندا بە زۆرو زەبەندی بوونی هەیە. تەنانەت رێکەوەندی <<چەوساندنەوەی مرۆڤ بە دەستی مرۆڤ>> تا ساڵی ١٨٤٨ گشتگیرییەکی تەواوی هەبوو و دەربڕینی >>ململانێی چینایەتی>> کە پاش مارکس لباو دەبێت و دەچێتە جێگەی ئەو رێکەوەندەوە، هەر هەمان واتای هەیەو جگە لەو واتایە ناشێت هیچ مانایەکی دیکەی بەسەردا ساغ بکرێتەوە. سایمۆنخوازەکان پێشتر لە مۆی بلان >>رێکخراویی کار>> یان کردو پێش لە مارکسیش دەستەواژەی <<ئامێری کار>> یان کرد کە مەبەست لە سەرمایە گواستراوەو نەگواستراوەکان بوو. سایمۆنخوازەکان تەنانەت کەڵک وەرگرتن لە تیۆرەی <<سوودی خاوەندارێتی زەوی>>یان – کە دواتر کەوتە بەر سەرنج و هزری سۆسیالیستەکان – پێشبینی کردبوو. سەرەڕای ئەمانەش لە بەرهەمەکانیان دا زۆر گەڵاڵە و پێشنیارتر بەدی دەکرێت کە بەهیچ کڵۆجێک لایەنی سۆسیالیزمی تێدا نەبوو: بۆ نموونە بیرۆکە بەشداری دانی کرێکاران لە کەڵک وەرگرتن لە بەرژەوەندی کارگە گەورەکان، کە تا ئەو شوێنەی ئێمە ئاگاداربین، بۆ یەکەم جار لە یەکێک لە وتارەکانی رۆژنامەی بەرهەمهێنەردا تیشکی خراوەتە سەرو شی کراوەتەوە.
هەرچەند فرەتر لەسەر بیروڕاکانی سان سایمۆن بدوێین و شی بکەینەوە، زۆرتر ئاگاداری لایەنی پێشەنگییانەو پێشگۆیانەی بیرو هزرەکانی دەبین و تێدەگەین کە لە مێژووی هزرو ئەندێشەی مرۆڤایەتیدا بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە پەراوێز خراوەو لاتەریک کەوتووە. ئەنگڵز، هاوڕێ وەک هەندێک دەڵێن وتەبێژو راوێژکاریی کارل مارکس، سەبارەت بە سان سایمۆن دەڵێت: بلیمەتیی و گەورەیی هۆش و هزری ئەو بەشێوەیەکە کە گوشراوەو کۆکراوەی زۆرێک لە بیروڕاکان بە تایبەتی بیروڕا نائابورییەکانی کۆمەڵگاخوازەکانی دواتر، تێیدا بەدی دەکرێت. یەکێک لە مەبەستەکانی ئەنگڵز ئەوەیە کە لە بیروڕاو تێڕوانینی سان سایمۆندا بیروڕا <<تایبەتە ئابورییەکان>> ئامادەگی نییە، واتە مەبەستێتی بڵێ کە بۆچی سایمۆن بای تیۆرەی <<زێدەبایی>> نەکردووەو لە روانینی ئەنگڵزەوە ئەمە دەبێتە خەوش و بۆشاییەکی گەورە لە بیروراو تێڕوانینەکانی سایمۆندا، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە نە تەنها لایەنی لاواز و بۆشی بیر و راکانی سایمۆن نییە بەڵکو خاڵێکی درەوشاوە و ئەرێنیە لای سایمۆن کە سۆسیالیزمی لەسەر بنەمای تیۆریەکی هەڵە و چەوت بەناوی <<زێدەبایی>> پێناسە نەکردووە و بوونیاتی نەناوە بەڵکو لەباتی ئەوە سۆسیالیزمی لەسەر بەستێنی ڕاستەقینە و بنەڕەتیی کۆمەڵگا بنیات ناوە و هەوڵی پێناسەکردنی داوە. لایەنی سەرکەوتووی سایمۆنخوازان تەنها کورت ناکرێتەوە لە وتە و دروشم و بنەما و یاسا و ڕێساکانیان. بەڵکو زۆر خاڵی تایبەت و سەرنجڕاکێشی تێدایە کە دەکرێت بە بەشێک لە ململانێی گەورەی نێوان دوو لایەنی سۆسیالیستی و فەلسەفی سەدەی نۆزدەهەم ئەژماربکرێت. لەسەدەی نۆزدەیەمدا دوو لایەن واتە لایەنێکی ئابووری ناس و لایەنێکی کۆمەڵناس لە ئاستی هزری و فەلسەفییەوە بەرەو ڕووی یەک دەبنەوە. لایەنی یەکەم ڕەسەنایەتی و قورسایی دەخستە سەر مرۆڤ وک بوون و مافێکی کۆمەڵایەتی نەک ئابووری و لایەنی دووەمیش قورسایی خستبووە سەر لایەنی ئابووری و مافی ئازادانەی خاوەندارێتی و موڵکییەتی تاکەکان کە بە ئیشکردن و تێکۆشان بەدەست دێت. بیروڕاکانی سایمۆن لەبەرەی ئابووریناس و ئینسانگەراکان جێدەگرێت. بەهەرحاڵ دژایەتی نێوان ئەم دوو بەرە و لایەنە بەڕادەیەکە کە دەڵێی بە دوو زمانی جیاواز جیاواز قسە دەکەن. هێڵە گشتییەکانی تێڕوانین و بیروڕاکانی ئەم دوو لایەنە بەم شێوەیەیە :
١- ئادام سمیک، ڕیکاردۆ و ژان باتیست سی، ڕوبەر و پانتای زانستی ئابووریان بەشێوەیەکی ڕاشکاوانە و ڕوون لە پانتا و قەڵەمڕەوی کۆمەڵایەتی جودا کردۆتەوە. خاوەندارێتی هەر بەو شێوەیەی کە پێشتر گوتمان، لای ئەوان بابەتێکی کۆمەڵایەتییە بەبێ هیچ سێ و دوو و ئەم لاولایەک قبوڵی دەکەن، هەر بۆیەش شێوازەکانی دابەشکردنی موڵکدارێتی و فۆڕمی گواستنەوەیان، هۆکارەکانیان و ئەو بەدواداهاتنەی کە لێیەوە دێنە ئاراوە، لە بەستنی باس و خواسەکانیان ونە و بێ بایەخە. مەبەستی ئەوان لە دابەشکردن و بەشینەوەی سەروەت و سامان، دابەشکردنی داهاتی ساڵانە لەنێوان لایەنە بەرهەمهێنەرەکانی سەرمایەدایە بەدور لەهەر لایەنێکی تایبەتی و تاقانە و مرۆڤایەتی. ئەوان دەیانویست بزانن کە نرخی سود و نرخی کرێی زەوی و نرخی مووچە بە چ شێوەیەک پێناسە دەکرێت و دواتر دابەش دەبێت. تیۆرەی بەشینەوەی سەروەتی ئەم لایەنە شتێک نیە جگە لە تیۆری <<نرخی خزمەتگوزاری>>یەکان و کارێکیان بە لایەنی مرۆیی و تاکەکەسی بابەتەکەوە نیە. بەپێی بیر و ڕای ئەوان داهاتی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمایەکی پێویستی یاسایی لەنێوان سێ هۆکار واتە زەوی، سەرمایە و کاردا دابەش دەکرێت. ئەم لایەنە واتە لایەنی کۆمەڵگاخواز هەندێ جار بە مەبەستی ئاسانبێژیی و ڕاشکاوبوون لە دەربڕیندا کەسایەتی دەدەنە ئەو سێ هۆکارەوە کە لەسەرەوە باسمان کرد و بە موڵکدار، سەرمایەدار و کرێکار ناویان دەبەن، بەڵام لە دواجاردا مەبەستیان هەر هەمان لایەنی نا تایبەتی و غەیری شەخسی هۆکارەکانی بەرهەمهێنانە.
بەڵام لای سایمۆنخوازەکان و سۆسیالیستەکان، پرسی بەشینەوەی سەروەت لە پلەی یەکەمدا بریتیە لە وەڵامدانەوە و ڕونکردنەوەی ئەم پرسیارە کە : لەنێوان تاکەکانی مرۆڤدا بە چ شێوازێک مافی <<موڵکدارێتی>> دابەشبووە؟ بۆچی هەندێک موڵکدارن و هەندێکی دیکە نا؟ بۆچی ئامێرەکانی کار و بەرهەمهێنانی سەرمایە واتە زەوی و سەرمایە لە دەستی گروپێکی بچووکدایە؟ بۆچی داهاتی تاکەکان، ئەو داهاتەی کە لە دابەشکردن و بەشینەوەی داهات بەدەست دێت، ئەوەندە نا دادپەروەرانە و نا یەکسانە؟ کۆمەڵگاخوازەکان لەباتی سەرنجدان بە هۆکارە گشتی و دەرهەست و فەلسەفییەکان، هۆکارە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان واتە سەروەت کە بریتییە لە ئەو مرۆڤانەی کە زیندوون و هەناسە هەڵدەکێشن یان باشتر وایە بڵێین کە پلە و توێژە کۆمەڵایەتییەکان و ئەو پەیوەندیانەی کە مافەکانی باوی کۆمەڵگای دەستنیشان کردووە، لەبەرچاو دەگرن. ئەم دوو شێوە ڕوانین و تێگەشتنە جیاوازە بۆ شێوازی بەشینەوەی سەروەت، کە یەکێکیان لە بنەڕەتدا ئابووریانە و ئەویشیان لە بنەمادا کۆمەڵایەتییانەیە، پرس و بابەتی جیاوازیان زۆربوو، بەڵام لە تەواوی سەدەی نۆزدەیەم دا شانبەشانی یەکدی مانەوە بێ ئەوەی سەرنجی تایبەتمەندی و خاڵە جوداوازەکانیان بدرێت.
٢- یەکێکی دیکە لە خاڵە جیاوازەکانی تێگەیشتن و تێڕوانین لەنێوان ئابووری خوازان و کۆمەڵخوازاندا ئەمەیە کە چ لێکدژیی و دژایەتییەک لەنێوان بەرژەوەندی گشتیی و بەرژەوەندی تایبەتی یان تاکیدا هەیە؟
زاناکانی بواری ئابووریی کلاسیک بەرژەوەندی بەکارهێنەران و بەرخۆران بە بەرژەوەندی گشتیی و لە هەمبەر ئەمەشدا بەرژەوەندی بەرهەمهێنەران بە بەرژەوەندی تایبەتیی و شەخسی پێناسە دەکەن، بەڵام سایمۆنخوازەکان و دواتریش سۆسیالیستەکان، لێکدژی نێوان کارکەر و بێکارەکانیان وەک لێکدژی نێوان کرێکار و سەرمایەدارەکان دەبینییەوە، بەڕای ئەمان بەرژەوەندیی گشتی واتە بەرژەوەندی کارکەران و بەرژەوەندی شەخسی و تایبەتیش مانای بەرژەوەندی بێکارانی هەیە کە لەسەر حسێبی کارکەر و ئیشکەران تەواو دەبێت. ئانفاتێن دەڵێت: ئێمە تا ئێستا چەندینجار کێشەی ئەو دابەشکارییەی کە ئابووری خوازان کردوویانە، ڕوونمان کردۆتەوە. دەستەواژەگەلی <<بەرهەمهێنەران>> و <<بەرخۆران>> ناتوانێت تەعبیرێکی دروست و ڕەوا لەو پەیوەندییانەی کە لە کۆمەڵگادا هەیە بکات چونکە تایبەتمەندیی جیاکەرەوەی نێوانیان کار و بێ کارییە. ئاکامی وەها جیاوازیەک لە تێڕوانیندا دەبێتە هۆی جیاوازیش لە پێناسەکردنی پێکهات و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی. لای ئابووری خوازان ئەوە درووستە کە ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی دەبێت بە سەرنجدان و بە چەقکردنی بەرژەوەندی بەکارهێنەران و بەرخۆران بێت، بەڵام لای کۆمەڵگا خوازان ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی دەبێت هاوئاهەنگ و هاو ئاڕاستەی بەرژەوەندیی کارکەران بێت و لایان وایە بەرژەوەندی گشتی کاتێک دابین دەکرێت کە ئەوان بتوانن مافی ڕەوا و ڕاستەقینەی خۆیان لە داهاتی گەشەکراو، وەربگرن.
٣- لە دواجاردا و دواهەمین خاڵی جیاوازی تێڕوانینی ئەم دوو لایەنە، کە بایەخ و گرنگی لە لایەنەکانی دیکە کەمتر نییە، ئەمەیە کە ئابوری ناسە کلاسیکەکان هەوڵ دەدەن تاکو بیسەلمێنن کە هەموو پشێوی و بێ سەرو سامانییەک کە لە کردە تاکڕەوانەکانی مرۆڤدا هەیە هۆکارگەلێکی زانستی تایبەت بە خۆی هەیەو چونکە لەم رووەشەوە سەرکەتوو بوون، بەشێوەیەک کە باوەڕو بیر بە هاوئاهەنگی و هاوتەریبی بەرژەوەندییەکان و هاوسانییەکان پەیدا دەکەن، کە لە هەر چەشنە چاکسازی و دەست تێوەردان تێیدا، پارێزەر دەکەن. بۆ ئەوان هەر ئەوەندەی کە بیسەلمێنن کە: هێزەکان و خواستە کۆمەڵایەتییە خۆڕسک و سروشتییەکان وەک کێبڕکێ، خۆخوازیی شەخسی و تاکەکەسی بەرتەسک دەکەنەوەو تەنگی پێ هەڵدەچنن و لە درێژایی زەمانیشدا دەبێتە ئامێرێک بۆ سەرکەوتن و هەڵکشانی بەرژەوەندییە گشتی و کۆمەڵایەتییەکان. ئاوان ئیدی لە بارەی ئەم پرسیارانەوە بیر ناکەنەوە:
١- ئایا ناکرێت خەستی و بڕستی توندوتیژانەی ئەم هێزانە کەم بکەینەوە؟
٢- ئایا ناکرێت جۆرە چاکسازییەک لە ناخی ئەم هێزانەدا بکرێت کە بە نەرمییەکەوە لەگەڵ یەک بجوڵێنن و ئیش بکەن؟
بەپێچەوانەی ئاوانەوە سایمۆنخوازەکان بیر لە خاوی و هێواشیی رەوتەکە، تەسک کاری و هەروەها توندوتیژی کردەوەییانەی هێزە کۆمەڵایەتییەکان دەکەنەوەو بەم پێیەش دەیانەوێت لەباتی کۆمەڵگا پەرچەکردارێکی خوازراو و ئیرادی و گونجاو و هەروەها بە بەڵگە بخاتە ڕوو. ئەوان لە هەمبەر بیرۆکەو تیۆرەی خۆسازیی پێکهاتی ئابوریی و چاکبوونی ئۆتۆماتیکی بەرژەوەندییەکان، چاکسازیی رێکەوتنی یان چاکسازی دەسکرد دەخەنە روو بە گەرموگوڕییەوە هەوڵی جێبەجێکردنی دەدەن. هەر لێرەشەوە کە ئەو هەوڵە زۆرو زەبەندانە دەکەونە گەڕ تاکو شێوە رێکخستن و ئۆرگانییەتێک ببنەوە کە جێگەی ئەو سیستەمەی پێشوو بگرێتەوە هەر لێرەشەوە کە کۆمەڵێک پێشنیاری لاوازو منداڵکارانە وەک رێکخستن و هاوئاهەنگ کردنی هێزە ئابورییەکان دەخرێنە روو. ئەو هەوڵ و گەڵاڵە لاوازانە بێگومان شکست دەهێنن و گونجاوترین بەڵگەش دەدا بە دەست دوژمنانی سۆسیالیزمەوە. بەڵام بەم حاڵەشەوە هەموو ئەم هەوڵ و تێکۆشانانە بێ ئاکام نەبوو و تەنانەت هەندێکیان لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکانی داهاتوودا کاریگەر دەبن.
ئەم دژایەتیەی نێوان زانستی ئابوریی لەلایەک و سۆسیالیزم لە لایەکی دیکە بۆ یەکەم جار بە بەرچاوترین شێوە لە بیروڕای سایمۆنخوازەکاندا دەرکەوت. راستە کە رێبازی سایمۆن لەنێو بزەو گاڵتەجارییەکانی زەمان و کارە سەیرو سەمەرەکانی ئانفانتێن دا ون بوو، بەڵام بەم حاڵەشەوە لە مێژووی زانست دا ئەوەی وا گرنگە پێشەنگ بوونی بیروباوەڕو هزرەکانەوە و لەم رووەوە بەرای ئێمەو بە دڵنیاییەوە رێبازی سان سایمۆنی یەکەمین و دەنگ بڵندترین و کاریگەرترین شێوازی دەربڕینی بیروباوەڕو هزرو هەستگەلێگە کە سۆسیالیزمی سەدەی نۆزدەهەمی پێک هێنا. و هەر لێرەشەوەیە کە کاریگەری خۆی لەسەر هەندێک لە گەورەترین بیرمەندانی ئەو کات دادەنێت. تەنها بەسە بۆ ئەوەی ناوی لامنە و سانت بوف وەک نموونەیەک لەو بیرمەندانەی کە بە تەواوەتیش سایمۆنخوازییان قبووڵ نەبوو، ببەین، کە بیرمەندانێک بوون بە شێوازو فۆڕمی تێڕوانین و بیرکردنەوەی خۆیان. ئەمەش پیشانی دەدا کە سایمۆنخوازیی و بیروڕاکانی سان سایمۆن چەندە ڕاکێشەرو کارتێکەر بووە.
هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی کۆتایی
ناکرێت سان سایمۆن وەک ئەندامێکی رێبازە سۆسیالیستییەکان هەژمار بکەین، چونکە ئەو لایەنگری لابردن و رەتکردنەوەی موڵکدارێتی تاکەکەسی نەبووەو ناهاوسەنگیە کۆمەڵایەتییەکانی بە شتێکی سروشتی دەزانی. بیروباوەڕەکانی لە دواجاردا لایەنی ئایینی بەخۆوە گرت و بە تەواوەتی لە فەلسەفەو تێڕوانینە مادییەکان دوور کەوتەوە. سایمۆن و لایەنگرانی داکۆکییان لە دەسەڵات و کارکردنی دەوڵەت لە کاروبارە ئابورییەکان دەکرد بەڵام ئاماژەشیان بەم خاڵە گرنگ و چارەنوسسازە دەدا کە دەبێ دەسەڵاتی حوکمڕانی لە دەستی کارکەران واتە زانستمەندان، ئاندازیاران و ...بێت.
بێگومان زۆرێک لە بیروڕاکانی جێگەی رەخنەیە بەڵام لەچەند لایەنی بنەماییشەوە موتاڵاو تیۆرەکانی سایمۆن زۆر بەدەرکەوت و پڕبەر بووە، کە دەکرێت بەم شێوەیەی خوارەوە ئاماژەیان پێبدەین:
١. پێویستی دروست کردن و رێکخستنی گرووپێکی نوخبەو دانسقە (پێشەنگ) بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارە کۆمەڵایەتییەکان کە دەبێت لەسەر سێ بنەمای زانست، ئیرادەو ئەخلاقی چی بێت. بەڕای لایەنگرانی سایمۆن دەبێت حکوومەت و دەسەڵات لە دەستی نوخبەو پێشەنگە راستەقینەکانی کۆمەڵگا بێت نەک خەڵکی ئاسایی و جەماوەر.
٢. ئەگەر حکوومەتێکی بە دەسەڵات لەسەر بنەما ئەخلاقی و ئاینییەکان چی نەکرا بێت، بمانەوێ و نەمانەوێت سەر لە نادادپەروەری و زوڵم دەدات.
٣. پێویستی بەشداریکردنی تاقم و گرووپە جیاواز و جۆراوجۆرە پیشەییەکان لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا.
٤. بایەخ و گرنگی دەوری بانک و دامەزراوەکان، لە بەشینەوەی <<ئیعتیبار>> لە ئابوری وڵات و بوژاندنەوەو گەشەپێدانی.