ن: ماری دەیڤیس (MARY DAVIS)
لە ئینگلیزییەوە: رێزان حەسەنی


پرۆفیسۆر ماری دەیڤس دەڵێت فێمینیزم لە لایەن لیبرالیزمەوە لە ماناکەی بەتاڵ بۆتەوەو – و تەنیا بوژانەوەی سیاسەتی سۆسیالیستی و چینایەتی دەتوانێت ئامانجی ڕەسەن و ڕیشەیی ڕۆژی جیهانی ژنانی کرێکار زیندوو بکاتەوە.

دروشمی " فەرمی" و گاڵتەجاڕی رۆژی ژن لە ساڵی ٢٠٢٦ ئەمەیە : " بیبەخشە بۆ ئەوەی وەربگری" . ئەمە یانی چی؟
چ دامەزراوەیەک لە پشتی ئەو رێکخراوە بێ روخسار و بێ ناوەوەیە کە پێمان ئەڵێت هەموو ساڵێک چۆن ئەبێ رۆژی خۆمان بەڕێوە ببەین و ئاهەنگی بۆ بگێڕین؟
ئەم رۆژە رۆژی ئێمەیە لەبەر ئەوەی لە لایەن فێمنسیتە سۆسیالیستەکانەوەو بە دەستپێشخەری کلارا زتکین لە ساڵی ١٩١٠ دامەزراوە، راست بۆ وەستانەوە دژی جۆرێک لە فێمنیزمی بۆرژوایی کە ئەو دەم باو بوو و ئێستاش هەرچەن فۆڕم و روخساری گۆڕیوە، لە ساڵی ٢٠٢٦ دا هەر بوونی هەیە.
سەد ساڵ لەوە پێش ژنان بۆ مافە بنەڕەتییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لەوانە مافی دەنگدان خەباتیان ئەکرد.
زتکین لای وا بوو ئەم خەباتە لە سەر خواستی ژنانی چینی ناوەڕاست بۆ یەکسانی لەگەڵ پیاوان لە بوارەکانی پەروەردە و کارکردن، دەستکەوتنی کۆمەڵێک دەستکەوتی کەسی. لە حاڵێکدا خەبات بۆ یەکسانی خەباتی هەموو ژنانە و بۆ هەموان گرینگە، بەڵام داواکارییەکانی ژنانی چینی کرێکار زۆر گەورەتر بوون لەوەی تەنها بۆ مافی یەکسانی خەبات بکەن.
باس لەوە دەکات، چەوساندنەوەی ژنانی چینی کرێکار لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە سەرمایەداری پێویستی بە کارێک هەیە بتوانێت بچەوسێنێتەوەو قورسایی و چەوساندنەوەی ژنان دوو قات بۆوە، ناتەبایی لە نێوان دەوری و نەخشی ئەوان وەک ئەو کرێکارانەی کە بە توندی دەچەوسێنەوەو دەور و نەخشی ئەوان لە مناڵ خستنەوە لە ناو ماڵدا.  کەوایە، رێگاچارە بۆ ژنانی کرێکار سەرەنجام رووخاندن و لەناوبردنی سەرمایەداری و گەیشتنە بە سۆسیالیزم. 
ئەم بابەتە بۆ ژنانی بۆرژوا بەو شێوەیە نییە. خەباتی ئەوان خەباتە بۆ یەکسانی، هەرچەند لە باری مێژووییەوە زۆر گرینگ بووە، بەڵام وەک زتکین ئاماژەی پێ ئەدات ئەکرێت لە چوارچێوەی سیستەمی بۆرژوازیدا پێی بگەن. ئەو سنوورداربوونی فێمنیزمی بۆرژوازی خستە ڕوو و بە ریفۆرمخواز ناوی برد، بەو پێیەی هەوڵی باشتر کردنی دۆخی ژنان ئەدەن لە " یاسایەکدا کە لە لایەن پیاوەکانەوە دامەزراوە (Gleichheit, December 1891) نەک هەوڵ بدات بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندی خاوەندارێتی و موڵکدارێتی سەرمایەداری، بابەتێک کە بۆ ئەو ژنانەی کە ئێستا مافی ئەوەیان هەیە خاوەنی سەرمایە و موڵک و ماڵی خۆیان بن، شتێک بوو کە گرینگییەکی نەبوو. کەوایە، نیگەرانی و دڵەڕاوکێی ئەو ناتوانێ و نایهەوێت لە سنوورەکانی چینە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان ئەوڵاتر بڕوات.
جۆری تێڕوانینی زتکین بۆ ئێستاش ئەبێت، لەبەر ئەوەی ئێمە هێشتا لە کۆمەڵگایەکی بۆرژوازی و چینایەتیدا دەژین و هەرچەن ژنان چینێکی دیاریکراو نین، بەڵام هێشتا لە ناو هێڵە چینایەتییەکاندا دابەش بووین. بە بەراورد بە سەدەکانی رابردوو کە ژنەکان موڵک و ماڵی پیاوەکان بوون و هیچ مافێکیان نەبوو، دۆخی ژنان لە بەشێکی زۆر لە وڵاتان لە باری یاسایی و سیاسییەوە باشتر بووە. ئێمە تەنانەت چوار ژنی رێبەرمان بووە لە حیزبی کۆنسێرڤات[1]-سێ کەسیان سەرۆک وەزیران بوون!
کەوایە بە پێی ئەمجۆرە پێوەرانە، فێمنیزم سەرکەوتووە. ئێستا هەموو کەس ئەتوانێت خۆی بە فێمنیست بزانێت و دروشمە بێ مەترسیەکانی کۆمپانیای IWD هەڵبژێرێت و پێڕەوی بکات. دیارە فێمنیزم بەلای بۆرژوازییەوە واتە لەناوبردن و نەهێشتنی لەمپەرەکانی بەردەم خۆپێشخستنی تاک.
بەم پێیە، یەکسانی بۆ ژنان بەو شێوەیەی کە ئێستا هەیە، لە رێگای پرۆسەیەکی شاراوە بۆ پەیوەستبوون بە رەوتە لێبراڵەکان، لەسەربنەمای سەرکەوتنەکانی چەند کەسێکی دڵخواز دامەزراوە، بەڵام بۆ ژنانی چینی کرێکار، بابەتەکە زۆر نەگۆڕاوەو گۆڕانکارییەکی کەمی تێدا کراوە.  سەرەڕای ئەوەی کە لە ئێستادا ژنان زیاتر لە نیوەی هێزی کار پێک دەهێنن، جیاکردنەوەی کار، کاری ناجێگیر و جیاوازی مووچە و حەقدەست بە پێی جێندەر و رەگەز هەر بوونی هەیە، کە بە هۆی ئەفسانەی " حەقدەستی بنەماڵە"ەوە پەرەی پێ دەدرێت بە نەبوونی مناڵ بۆ چاودێریکردن، لەبەر ئەوەی تێچوویان کەمترە، ئەم جیاوازییە زۆرتر ئەبێت.
سیاسەتی دەستپێوەگرتن (Austerity politics) کە بوە بە هۆی کەمبوونەوەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، بووە بە هۆی بەژنانەبوونی هەژاری. بە کورتی چەوسانەوەو سەرکوتی ژنان هەست پێدەکرێت و بەردەوامە.
فێمنیزمی سۆسیالیستی- فێمنیزمی راستەقینە- واتە  تێگەیشتن و بردنە ژێرپرسیاری رەگەکانی سەرکوتکردنی ژنان، واتە چەوسانەوەی چینایەتی.
بەمەبەشەوە، ئەمە شتێکی روون و ئاشکرایە هەموو فێمنیستەکان سۆسیالیست نین، رۆژ لە گەڵ رۆژ ئەوە زیاتر دەرئەکەوێ هەموو سۆسیالیستەکانیش فێمنیست نین.
ئەمەش بەڵگەی وەرگرتنی ناڕەخنەیی ئایدیۆلۆژیای دژە فێمینیست لەلایەن چەپەوەیە کە ناسنامەی ڕەگەزی بە گرنگتر لە سێکسی بایۆلۆژی دەزانێت.
ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە چەپ بێ رەخنەگرتن ئایدۆلۆژیایەکی پەسەند کردووە کە ناسنامەی جێندەری (gender identity )بە گرینگتر ئەزانێت لە رەگەزی بایۆلۆژیکی ( biological sex).
ئەنجامی پەسەندکردنی ئەم دۆگما دژە ماتریالیستییە ( anti-materialist dogma) ئەوە شی ئەکاتەوە کە بۆچی بزووتنەوەی کرێکاری بە پێی بڕیاری دادگای بڵا لە نیسانی ٢٠٢٥ کە رایگەیاند " ڕەگەز" لە یاسای یەکسانی ٢٠١٠ ئاماژەیە بۆ ڕەگەزی بایۆلۆژی و رەگەزی یاسایی کەسێک لە کاتی لە دایکبوونیدا دیاری ئەکرێت و بە هەڵگرتنی بڕوانامەی دانپێدانانی ڕەگەزی (GRC)  نابێ بە هۆی گۆڕانی یاساکە.

ژنان ٥٧ لە سەدی ئەندامانی یەکیەتییە کرێکارییەکانی بریتانیا پێک دێنن، بەمەشەوە بەشێکی زۆر لە ئەندامانی ژن، لەبەر ئەوەی پشتیوانیان کردووە لەم بڕیارە یاساییە هەڕەشەیان لێکراوە و بێدەنگ کراون.
ئەم بڕیارە تەنها جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ژنان هەموو کات دەیانزانی، رەگەز بە هۆی بایۆلۆژییەوە دیاری ئەکرێت نەک بە هۆی بۆچوون و روانگەوە.
ژنان هەروەها تووڕەن لەوەی کە کە سیاسەتی یەکیەتییە کرێکارییەکان، زیاتر گرینگی بە ناسنامەی رەگەزی ئەدات نەک مافە رەگەزییەکانی ژنان، کەوایە ئەم خەباتە بۆ بەرگریکردن و بەرفراوان کردنی مافەکانی ئێمە بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز بووە.
تیۆری خراپ پراکتیکی (کردەی) خراپی لێ ئەکەوێتەوە- لەم نموونەیەدا دەبیت بە هۆی دەستبەردار بوون لە ژنانی چینی کرێکار کە زۆرترین زیانیان لەوەوە بەرکەوتووە کە بزووتنەوەکە کەمتەرخەم بووە بەرامبەر کۆی ئەو بابەتانەی کە لە سەرەوە ئاماژەی پێدرا. خەبات نەکردن و نەبوونی خەبات بۆ ئەوان ئەبێت بە هۆی بەردەوامی دۆخی چەوساندنەوەی ژنانی کرێکار لە باری کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە.
بەم شێوەیە بەشێکی بەرچاو لە چەپ و بزووتنەوەی کرێکاری بە گشتی ئەو ئیزنەیان داوە کە پرسی فێمنیزم لە ساڵی ٢٠٢٦ لە لایەن بۆرژوازی لیبراڵەوە دەستی بەسەردا بگیردریت، دەرئەنجامەکەی بوو بەوەی فێمنیزم لە ناوەرۆکی ماناداری زیاتر لە دەربڕینی رێ و رەسمی رق و تووڕەیی لە توندووتیژی دژی ژنان و کچان بەتاڵ بۆتەوە.
بەمەشەوە هیوایەک لە ئاسۆدا دەبیندرێت بە سەرهەڵدانی بزووتنەوەی فێمنیستی سۆسیالیستی لە چوارچێوەی دوو رێکخراوی نوێدا- رایەڵەی ژنانی یەکیەتییە کرێکارییەکان FiLiA و هاوپەیمانی رزگاری ژنان (WLA).
رایەڵی ژنانی یەکیەتییە کرێکارییەکان (FiLiA) بۆ هێز و دەسەڵاتی ژنان لە شوێنی کار و یەکیەتییەکان خەبات ئەکات، بەو مەبەستەی هاوپەیمانییەک دروست بکات لە نێوان بەشەکاندا بۆ ئەوەی رێبەرەکان وڵامدەرەوە بن و دەنگی ژنان بخەنە ناو دڵی بزووتنەوەی کرێکارییەوە.
راگەیاندنی دامەزراندنی هاوپەیمانی رزگاری ژنان(WLA)  روانگەی فێمنیستی سۆسیالیستی کە سەد ساڵ لەوە پێش دەستی پێکردبوو، لەخۆیدا کۆکردۆتەوە. بنەما سەرەکییەکە ئەوەیە کە هەڵوەشاندنەوەی چەوسانەوەی چینایەتی، چەوساندنەوەی سێکسی و رەگەزپەرەستی، پێشمەرجی رزگاری ژنانە.
بەم شێوەیە WLA چەوساندنەوەی ژنان و ستەمی زیاتر بۆ سەر ژنانی کرێکار لە ئاستی نەتەوەیی و جیهانی دەباتە ژێر پرسیارەوە. (  ئەمە بە تەواوەتی لە ماڵپەڕی WLA  دا کە ئەمە ئەدرەسی ماڵپەڕەکەیە  www.womensliberationalliance.org.uk ڕوون کراوەتەوە).
جۆرە روانگەیەکی لەم جۆرە، مانای راستەقینەی رۆژی جیهانی ژنانی کرێکار دەگرێتە خۆی و جەوهەری خەباتی داهاتووی ژنان دیاری دەکات. بەم روانگەوە، دروشمی فەرمی " ببەخشە بۆ ئەوەی وەربگرەی هەڵدەوەشێنینەوە: ئێمە سوورین لەسەر بەردەوامی دان بە لێکدانەوەو شیکاری فێمنیستی مارکسیستی خۆمان و " ئەبەخشین" بۆ " بەدەستهێنانی" کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستی و سەرەنجام کۆتایی هێنان بە هەرچەشنە چەوساندنەوەیەک دژی ژنان.


سەرچاوە:
Morning Star. (7 March 2026). “What does feminism mean in 2026?”.
https://morningstaronline.co.uk/article/what-does-feminism-mean-2026#




[1] - چەمکی Tory Party بەکار هێنراوە کە مەبەست حیزبی کۆنسێرڤات ( Conservative Party)یە لە بەریتانیا. (و- کوردی)

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved