شارۆ شاهۆ
دۆکتۆرینی مۆنڕۆ (Monroe Doctrine)، بە یەکێک لە کۆڵەکە هەرە سەرەکی و مێژووییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دادەنرێت، کە لە ساڵی 1823 لەلایەن سەرۆک (جەیمس مۆنڕۆ)وە راگەیەندرا. ناوەڕۆکی سەرەکیی ئەم دۆکتۆرینە، بریتی بوو لە هۆشداریدان بە زلهێزە ئەورووپییەکان کە چیتر رێگەیان پێنادرێت لە کیشوەری ئەمریکادا (باکوور و باشوور)، کۆلۆنیالیزم و داگیرکاریی نوێ ئەنجام بدەن، یان دەستوەردەنە کاروباری دەوڵەتە سەربەخۆکانی ئەم ناوچەیە.1 لەو سەردەمەدا، ئەمریکا دەیویست خۆی وەک پارێزەری سەربەخۆیی وڵاتانی ئەمریکای لاتین نیشان بدات، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا، ئەم دۆکتۆرینە گۆڕدرا بۆ ئامرازێک بۆ سەپاندنی هەژموونی ئەمریکا بەسەر تەواوی ناوچەکەدا، بە شێوەیەک کە ئەمریکای لاتین وەک «حەوشەی پشتەوەی واشنتۆن» مامەڵەی لەگەڵ دەکرا. لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، تیۆدۆر رۆزڤێڵت پاشکۆیەکی بۆ ئەم دۆکتۆرینە زیاد کرد (Roosevelt Corollary)، کە مافی ئەوەی بە ئەمریکا دەدا دەستوەردانی سەربازی لە وڵاتانی دراوسێیدا بکات ئەگەر تووشی ناسەقامگیریی سیاسی، یان ئابووری ببن؛ ئەمەش رێگەی خۆشکرد بۆ دەیان ساڵ دەستوەردانی راستەوخۆ لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی وەک مەکسیک، کوبا، نیکاراگوا، هۆندووراس و ڤەنزوێلا و هتد.2 تێهەڵکێشکردنی پرسی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان بەم دۆکتۆرینە، لە سەردەمی سەرۆکایەتیی رۆناڵد رێگن (1981-1989) گەیشتە ترۆپک. لە دیدگای ئیدارەی رێگندا، بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان چیتر لەناو بەستێنە کۆمەڵایەتی و تەندروستییەکاندا چەقی نەبەست، بەڵکو بووە پرسێکی پەیوەندیدار بە ئاسایشی نەتەوەیی؛ ئەمەش بووە هۆی دەستواڵاکردنی سوپا لە دەستێوەردانی راستەوخۆ بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیی ماددەی هۆشبەر، شانبەشانی پۆلیس و لایەنە پەیوەندیدارەکانی تر. سەرباری ئەوەش، لە رێگەی دەرکردنی «یاسای دژە بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان» لە ساڵانی 1986 و 1988، بودجەیەکی زەبەلاح خرایە بەردەم سوپا و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەمەبەستی فراوانکردنی ئۆپراسیۆنەکانیان. ئەمەش سەری کێشا بۆ دەستوەردانی سەربازیی ئەمریکا لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی وەک «پلانی کۆڵۆمبیا» و «دەسپێشخەریی مێریدا» (Merida Initiative)، کە تێیدا ملیۆنان دۆلار و چەک و مەشقی سەربازی رەوانەی ئەم وڵاتانە کرا. بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی کارتێلەکانی ماددەی هۆشبەر و بەو پاساوەی گروپە کارتێلەکانی لاتین بەرپرسیارن لە ناردنی بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەر بۆ ناو ویلایەتە یەکگرتووەکان.3
دۆکتۆرینی مۆنڕۆ (Monroe Doctrine)، بە یەکێک لە کۆڵەکە هەرە سەرەکی و مێژووییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دادەنرێت، کە لە ساڵی 1823 لەلایەن سەرۆک (جەیمس مۆنڕۆ)وە راگەیەندرا. ناوەڕۆکی سەرەکیی ئەم دۆکتۆرینە، بریتی بوو لە هۆشداریدان بە زلهێزە ئەورووپییەکان کە چیتر رێگەیان پێنادرێت لە کیشوەری ئەمریکادا (باکوور و باشوور)، کۆلۆنیالیزم و داگیرکاریی نوێ ئەنجام بدەن، یان دەستوەربدەنە کاروباری دەوڵەتە سەربەخۆکانی ئەم ناوچەیە ستراتیژیی «سەری مارەکە» و دۆسیەی «ئێل مێنچۆ» ستراتیژیی ناسراو بە «سەرکردەی باندەکان» (Kingpin Strategy)، کە لە ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا لەلایەن دەزگای دژە ماددە هۆشبەرەکانی ئەمریکاوە (DEA) پەرەی پێدرا، بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی مەکسیکدا سوودی لێ وەرگیرا بۆ رووبەڕووبوونەوەی گروپە کارتێلییەکانی مەکسیک. پوختەی ئەم ستراتیژە لەسەر بنەمای فەلسەفەی «بڕینی سەری مارەکە» داڕێژراوە؛ بەو بڕوایەی کە لێدانی لوتکەی هەڕەمەکە و لەناوبردنی سەرکردە باڵاکان، دەبێتە هۆی پەکخستنی تەواوی ئەو تەونە جاڵجاڵۆکەییەی کە کارتێلەکان پاوەجێیان کردووە، بەڵام ئەزموونی خوێناویی ئەم ستراتیژە نەک هەر نەبووە هۆی کۆتاییهێنان بەو بازرگانییە، بەڵکو بووە هۆی «پارچەپارچەبوونی» (Fragmentation) گروپە کارتێلییەکان و هێنانە ئارای خوێنڕێژیی زیاتر.4 لە سەردەمی میگێل ئەنخێل فێلیکس گایاردۆ (ناسراو بە باپیرە گەورە)، کۆمەڵگەی مەکسیکی جۆرێک لە «ئاشتیی مافیایی» (Pax Mafiosa) بەخۆیەوە بینی؛ ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕایەوە کە گایاردۆ توانی هەموو باندە پەرتەوازەکان لەژێر چەتری یەک رێکخراوی ناوەندیدا (کارتێلی گوادالاخارا) کۆبکاتەوە. لەو سەردەمەدا لەبری شەڕ و پێکدادان، سیستمی «پلازا» (Plazas) پەیڕەو دەکرا؛ واتە هەر ناوچەیەک بە رێککەوتن بۆ گروپێک دیاری دەکرا و هەمووان لەژێر فەرمانی گایاردۆدا بوون. ئەم یەکگرتووییە وای کردبوو توندوتیژییەکان لە نێوان باندەکاندا لە کەمترین ئاستدا بێت و بازرگانییەکە بە شێوەیەکی رێکخراو و بە هەماهەنگی لەگەڵ هەندێک ناوەندی دەسەڵات بەڕێوەبچێت، بەڵام کاتێک ئەم ستراتیژە کارا کرا و زۆرێک لە سەرکردە مافیاکان دەستگیرکران، یاخود کوژران، چیتر ئەو کۆدەنگییە نەما و کارتێلەکانی مەکسیک کەوتنە وێزەی یەکتری، کە تا ئێستاش بەردەوامە. ترسناکترین دەرئەنجامیشی ئەوە بوو، «نێمیسیۆ ئۆسێگێرا سێرڤانتێس» ناسراو بە «ئێل مێنچۆ»، توانی لە پاشماوەکانی کارتێلی «میلینیۆ»، هێزێکی نوێ بە ناوی کارتێلی «نەوەی نوێی خالیسکۆ» (CJNG) دابمەزرێنێت و بەرگی یەکێک لە بەهێزترین و ترسناکترین رێکخراوە نایاساییەکانی جیهانی بەبەردا ببڕێت.5 شایەنی باسە، لە پاش کوژرانی ئێل مێنچۆ لە رۆژی یەکشەممە، 22ی شوباتی 2026، لە ئۆپراسیۆنێکی گەورە لە رۆژئاوای مەکسیک بە هاوکاری ناوەندی هەواڵگری ئەمریکا (CIA). چەکدارانی (ئێل مێنشۆ) لە هەڵمەتێکی فراواندا لە 8 ویلایەتی مەکسیک و پایتەختی وڵات، دەستیان بە تۆڵەسەندنەوە کردووە. دەیان دوکان و 20 بانکیان کردووەتە ئامانج و رێگەوبانەکانیان بە ئۆتۆمبێلی سووتاو داخستووە. لە رۆژئاوای مەکسیک ژیان بەتەواوی وەستاوە و فڕۆکەخانەکانیش لەکارکەوتوون. هەتاکوو هەنوکەش ئاسۆیەکی روون نییە کە داخۆ ئاراستەی ئەم کوشتار و تۆڵەسەندنەوەیە بەرەو چی ئاستێک سۆنگە دەگرێت؟ لێکەوتەکانی چین لەسەر لایەنی ئاسایش و ئابووری ئەو وڵاتە؟ 6
ئەنجامگیری
لە کۆتاییدا دەتوانین ئەوە هەڵبگۆزین، ئەو دیمەنە خوێناوییەی ئەمڕۆ لە مەکسیک و ناوچەکە دەبینرێت، تەنها جەنگێکی ناوخۆیی کارتێلەکان نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ئامادەگی «دۆکتۆرینی مۆنڕۆ»یە، بەڵام لە فۆڕمێکی جیاوازتردا. دەستگیرکردنی «نیکۆلاس مادۆرۆ»ی سەرۆکی ڤەنزوێلا لە 3ی کانوونی دووەمی 2025 لەلایەن هێزەکانی «دەلتای ئەمریکی» لەناو جەرگەی کاراکاس، نیشانەیەکی ڕوونی تێپەڕاندنی قۆناغی دیپلۆماسی و گەڕانەوەیە بۆ دەستوەردانی سەربازیی ڕاستەوخۆ بەناوی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان.7 ئەم هەنگاوەیش، نیشاندەری ئەوەیە کە ستراتیژیی «سەری مارەکە» تەنها بۆ سەرکردەی کارتێلەکان نییە، بەڵکو بۆ ئەو سەرکردە سیاسییانەشە کە واشنتۆن وەک هەڕەشە بۆ سەر هەژموونی خۆی دەیانبینێت. بەڵام ئەزموونی کوژرانی «ئێل مێنچۆ» سەلماندی کە لێدانی لووتکەی هەڕەمەکان بەبێ چارەسەری ریشەیی، تەنها پشێوی و «تۆڵەی کوێرانە» بەرهەم دەهێنێت. ئەمڕۆ مەکسیک لە نێوان بەرداشی سیاسەتە ئەمنییەکانی ئەمریکا و ئاگری کارتێلەکاندا دەسووتێت. ئەم تەقینەوە ئەمنییە گەورەیە، تەنها چەند مانگێک پێش دەسپێکردنی جامی جیهانی 2026، مەترسییەکی جددی لەسەر شاری «گوادالاخارا» دروستکردووە کە مۆڵگەی سەرەکی کارتێلەکەیە و بڕیارە یارییەکانی مۆندیالی تێدا ئەنجام بدرێت. لە کاتێکدا مەکسیک ئامادەکاریی بۆ میوانداریکردنی 13 یاری لە سێ شاری جیاواز (مەکسیکۆ سیتی، مۆنتێری و گوادالاخارا) دەکات، ئێستا فیفا (FIFA) لەبەردەم فشارێکی نێودەوڵەتی گەورەدایە بۆ گواستنەوەی یارییەکان بۆ ئەمریکا یان کەنەدا، چونکە جەنگی کارتێلەکان و ناسەقامگیریی شارەکان گەیشتووەتە ئاستێک کە سەلامەتی یاریزانان و هاندەران بەهیچ شێوەیەک مسۆگەر ناکرێت8.
سەرچاوەکان:
1. https://history.state.gov/milestones/1801-1829/monroe.
2. Daniel K. Williams, “What the Roosevelt Corollary Suggests for Trump’s Latin American Policy”, Politics of the Cross (blog), January 5, 2026, https://danielkwilliams.substack.com/p/what-the-roosevelt-corollary-suggests.
3. Ronald Reagan Presidential Library & Museum, October 27, 1986. https://www.reaganlibrary.gov/archives/speech/remarks-signing-anti-drug-abuse-act-1986.
4. The New York Times, “Mexico’s Kingpin Strategy Against the Drug Cartels,” February 16, 2016, https://www.nytimes.com/interactive/2016/02/16/world/americas/mexicos-kingpin-strategy-against-the-drug-cartels.html.
- Giralt Brun, Eduardo, and Genevieve Kotarska. “The Kingpin Strategy: More Violence, No Peace.” Royal United Services Institute, November 17, 2022. https://www.rusi.org/networks/shoc/informer/kingpin-strategy-more-violence-no-peace.
5. Grillo, Ioan (2011), «El Narco: Inside Mexico›s Criminal Insurgency», Bloomsbury Press.
- InSight Crime (2020), «Jalisco Cartel New Generation (CJNG) Profile», insightcrime.org.
6. BBC News, “Violence erupts in Mexico after drug lord El Mencho killed” (February 23, 2026), https://www.bbc.com/news/articles/c795qgejzpxo.
7. United States Department of State, “Nicolás Maduro Moros” (Bureau of International Narcotics and Law Enforcement Affairs, August 7, 2025), https://www.state.gov/nicolas-maduro-moros.
8. Phillips, Tom, and Oliver Holmes. “Mexico’s Violence-Hit Guadalajara to Host World Cup Games after Cartel Boss El Mencho’s Killing.” The Guardian, February 23, 2026. https://www.theguardian.com/football/2026/feb/23/mexico-guadalajara-world-cup-host-el-mencho-drug-cartel-killing.