د.ئيسماعيل نه‌جمه‌دين زه‌نگەنه
یه‌كه‌م: ده‌ستپێك
ماددەی 140ی دەستووری کۆماری عیراقی ساڵی 2005، یەکێکە لەو ماددانەی هه‌وڵی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی خاوه‌ندارێتیی ناوچه و زه‌وییه كێشه‌له‌سه‌ره‌كان ده‌دات، له‌نێوان هه‌ردوو ئاستی حكومڕانی (فیدراڵی – هه‌رێم) ده‌دات، ناوه‌ڕۆكی ئه‌و مادده‌یه ده‌گونجێ وه‌ك به‌هێزترین خاڵی ناكۆكیی و ناجۆریی سیاسی له عیراقدا ته‌ماشابكرێت، به‌جۆرێك لەسه‌رووی لیستی هه‌ر ناكۆكی و دڕودۆنگێكی نێوان ئه‌و دوو ئاسته ناوه‌ڕۆكی ئه‌م مادده‌یه به‌رده‌وام ئاماده‌یه، هه‌روه‌ها لە ئاماده‌كردن و نووسینی به‌رنامه و پرۆگرامی دانوستان و هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵات و حزبه سیاسییه‌كانی هه‌رێمه‌وه، باسكردنی زه‌روه‌ره‌تی جێبه‌جێكردنی ئه‌م مادده‌یه‌ی هه‌میشه له‌خۆگرتووه.
به قه‌زاكردنی هه‌ردوو ناحیه‌ی قه‌ره‌ته‌په و جه‌له‌ولا كه بۆ خۆیان یه‌كێكن له‌و ناوچانه‌ی دیمۆگرافیایان تێكدراوە، كه‌چی ئێستا له‌ژێر ناونیشانی خزمه‌تكردنه‌وه ئه‌وه‌نده‌ی دیكه ئه‌و دیموگرافیایه و پێگه كارگێڕییه‌كان خراپتر و په‌رش و بڵاوتر ده‌كه‌نه‌وه ماددەی 140ی دەستوور، ده‌روازه‌یه‌كی سیاسی ویاساییه بۆ به‌دیهێنانی دادپه‌روه‌ری و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ماف بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی
جێبه‌جێكردنی ناوه‌ڕۆكی مادده‌ی 140 به سێ قۆناغ ده‌بێت، هه‌ریه‌كه‌یان پرۆسه‌یه‌كی جیاواز و سه‌ربه‌خۆن، به‌ڵام ته‌واوكاری یه‌كترن، ئه‌وانیش بریتین له: ئاساییه‌كردنه‌وه، سه‌رژمێری دانیشتووان، گشتپرسی، ئه‌و سێ قۆناغه‌ش، سێ قۆناغی ئامانجدارن بۆ دیاریکردنی چاره‌نووسی كه‌ركوك و ناوچه كێشه‌له‌سه‌ره‌كانی دیکە. هه‌روه‌ك خودی دەستووره‌كه میچێكی زه‌مه‌نیی دیاریكردووه بۆ جێبه‌جێكردنی ناوه‌ڕۆكی ده‌قه دەستوورییه‌كه له‌سه‌ر زه‌وی، به‌جۆرێك ئەم پرۆسەیە دەبوایە پێش کۆتایی ساڵی 2007 تەواو بکرایە، بەڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی تێبینییه تا ئەمڕۆ هیچ ناوچەیەک له‌و ناوچانه نەگەیشتۆتە خاڵی كۆتایی قۆناغه‌كانی پرۆسه‌كه، به‌ڵكو به‌ته‌واوی هه‌ست به وه‌ستان و له‌هه‌ندێ باردا گه‌ڕانه‌وه بۆ دواوه ده‌كرێت له هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانی جێبه‌جێكردنی پرس و پرۆسه‌كه.
سه‌رباری ئاریشه هه‌ره گەوره‌كه، كه بریتییه له جێبه‌جێنه‌كردنی ماددەی 140 یان دواخستنی جێبه‌جێكردنی به‌ئه‌نقه‌ست، ئاریشه و كێشه‌یه‌كی دیكه به‌رۆكی ئه‌و ناوچانه‌ی گرتووه، ده‌گونجێ بڵیین ئه‌نجامدانی سه‌رپێچی و پێشێلكاری زه‌قی ناوه‌ڕۆكی مادده‌كه و داهاتووی جێبه‌جێكردنییه‌تی، ئه‌و ئاریشه و کێشە‌یه‌ش خۆی له هه‌وڵ و كرده‌كانی ئه‌نجامدانی گۆڕانکاری كارگێڕیدا ده‌بینێته‌وه، لە سنوور و پێگەی کارگێڕی ئه‌و ناوچانه‌وه، بەتایبەتی بەقەزاکردنی ناحیه‌ی قەرەتەپە و ده‌ركردنی بڕیاری به قه‌زابوونی ناحیه‌ی گوڵاڵە و دابڕینیان له سنووری قه‌زای خانه‌قین، به‌ده‌ر له‌جێبه‌جێكردنی پرۆسه دەستوورییه‌كه دوو نموونه‌ی دیار و به‌رچاون بۆ كرۆكی كێشه‌كه.
دووه‌م: ماددەی 140 و ناوچە كێشه له‌سه‌ره‌كان
ماددەی 140ی دەستووری كۆماری عیراق، یه‌كێكه له مادده ناسراوه‌كان، زیاده‌ڕۆی نییه به‌هۆی ناوهێنانی ئه‌و مادده‌یهوە له‌لایه‌ن هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كان و كایه سیاسییه‌كانی دیكه‌وه، وایكردووه له خودی دەستووره‌كه ناسراوتر بێت، مادده‌كه چاره‌سه‌ری بۆ كێشه‌ی زه‌وی نێوان هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵی له‌خۆگرتووه، ئه‌و چاره‌سه‌ره‌ی به‌لای خوێنه‌رانه‌وه ناسراو و ئاشنایه له‌ڕووی تیۆرییه‌وه، به‌ڵام له‌ڕووی كرده‌ییه‌وه، ده‌گونجێ بڵێین چاره‌سه‌رێكی لاستیكییه و له‌وه‌ش كاره‌ساتبارتر حكومه‌تی فیدراڵی تێیدا به‌رپرس كراوه به‌جێبه‌جێكردنی، كه بۆخۆی لایه‌نێكی كێشه‌كه‌یه، به‌پێی راڤه‌ی دەستووری دادگای باڵای فیدراڵی، ئه‌وه‌ش هیچیتر ناگه‌یه‌نێت جگه له كۆكردنه‌وه‌ی هه‌ردوو سیفه‌تی دژبه‌ر و داوه‌ر له‌یه‌ك لایه‌ندا!
هه‌رچی ناوچەکانی ماددەی 140ن، ئه‌گه‌رچی دەستوور شاری كه‌ركوكی به‌ناو هێناوه، به‌ڵام ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یوشی پێوه لكاند‌ووه (ناوچه‌كانی دیكه)، واته به‌ته‌نها كه‌ركوك نییه و ناوچه‌ی دیكه‌ش ده‌گرێته‌وه، له‌وانه: (شه‌نگال، خانەقین، شێخان، مەندەلی،.. و له چوارچێوه‌ی خانه‌قینیشدا ناحییه‌كانی؛ قەرەتەپە و گوڵاڵە و سه‌عدیه و جه‌باره‌ش ده‌گرێته‌وه.
ئەم دوو ناحیەیە لە باکووری عیراق و باشووری هه‌رێمی كوردستاندان، لەو ناوچانه‌ن كه له‌چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی گۆڕینی دیمۆگرافی دانیشتووانه‌وه به‌ستراونه‌ته‌وه به پارێزگای دیاله‌وه، له‌ئێستادا دانیشتووانی ئه‌و ناحیانه تێکەڵن: له‌نێوان عه‌ره‌ب (كه به‌شی زۆریان هێنراون له چوارچێوه‌ی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی باسكرا)، کورد، تورکمان، كه هه‌ردوو ده‌توانین بڵیین دانیشتووانی ره‌سه‌نی ئه‌و ناحیانه‌ن، به‌ڵام به‌هۆی سیاسه‌تی نه‌گریسی به‌عه‌ره‌بكردن و گۆڕینی دیموگرافییه‌وه گه‌وره‌ترین زیانییان به‌ركه‌وتووه و رۆژ به رۆژ رێژه‌و ژماره‌یان له‌چاو نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب له‌پاشه‌كشه‌كردندایه.
سێیه‌م: هێنانه‌كایه‌ی قه‌زا یان به قه‌زاكردن له‌ڕووی یاسا به‌ركاره‌كانه‌وه
بە قەزاکردن: بە واتای گۆڕین یان به‌رزكردنه‌وه‌ی پێگەی كارگێڕی ناحیە دێت بۆ قه‌زا و له سیستمی كارگێڕی خۆجێی له عیراقدا، یه‌كه كارگێڕییه‌كان پله‌به‌ندی كراون له به‌رزتره‌وه بۆ نزمتر، ئه‌وانیش:(پارێزگا، قه‌زا، ناحیه)ن، به‌مانایه‌كی دیكه، هه‌ر پارێزگایه‌ك له‌چه‌ند قه‌زایه‌ك پێكدێت و هه‌ر قه‌زایه‌كی نێو پارێزگاكانیش ده‌گونجێ له‌چه‌ند ناحیه‌یه‌ك پێكبێت، كه‌وابێ گۆڕینی پله و پێگه‌ی ناحیەیەک بۆ قەزا، به‌مانای ئه‌وه دێت، ئه‌و یه‌كه كارگێڕییه سەربەخۆیی و ده‌سه‌ڵاتی كارگێڕی زیاتر به‌ده‌ستدێنێت، بودجەی زیاتری ده‌بێت و دەزگا و به‌ڕێوه‌به‌رێتی و فه‌رمانگه‌کانی چ ئه‌منی بن یان خزمەتگوزاریی بەشێوەیەکی جیاوازتر ئیدارە دەکرێن، كه‌وابێ قه‌زا، یه‌كه‌یه‌كی كارگێڕیی ناوچه‌یی یان خۆجێییه، له‌ڕووی پله‌به‌ندی نێوان یه‌كه كارگێڕییه‌كانه‌وه بچوكتره له پارێزگا و گه‌وره‌تره له ناحیه.
له‌ڕووی یاساییشه‌وه هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك له‌سنووری یه‌كه كارگێڕییه‌كان پێویستی به بڕیارێكی ته‌شریعی (بۆ پارێزگا) یان بڕیارێكی كارگێڕی (بۆ قه‌زا و ناحیه) ده‌بێت، ئه‌مه سه‌رباری ئه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نه خۆجێیه‌كانیش به‌شداری سه‌ره‌كی ده‌بن له‌و پرۆسه‌یه‌دا.
ئه‌وه‌تا له یاسای پارێزگا نه‌به‌ستراوه‌كان به هه‌رێمه‌وه، ژماره (20)ی ساڵی 2008ی هه‌مواركراو، له مادده‌ی 7/یانزه‌هه‌مدا هاتووه (المصادقة بالاغلبية المطلقة لعدد اعضاء المجلس على اجراء التغييرات الادارية على الاقضية و النواحي و القرى بالدمج والاستحداث و تغيير اسمائها و مراكزها وما يترتب عليها من تشكيلات ادارية ضمن حدود المحافظة، بنا‌ء على اقتراح المحافظ أو ثلث اعضاء المجلس).
به‌ر له باسكردنی مه‌رجه‌كانی گۆڕانكاریكردن له قه‌زا و ناحیه و گو‌نده‌كان به‌پێی ئه‌و ده‌قه یاساییه، پێویست ده‌كات، سنووری گۆڕانكاریكردنی كارگێڕی له یه‌كه كارگێڕییه‌كان بزانرێت، كه بریتییه له (پێكه‌وه‌لكاندن، هێنانه‌كایه، گۆڕینی ناو و گۆڕینی ناوه‌ند)، یان (هه‌ر گۆڕانكارییه‌كی دیكه‌ی كارگێڕی به‌هۆی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی یه‌كه‌مه‌وه پێویست بێت).
سه‌باره‌ت به مه‌رجه‌كان
*پێشنیازێك له‌لایه‌ن پارێزگار یان سێیه‌كی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن پێشكه‌ش بكرێت.
*ره‌زامه‌ندی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا به رێژه‌ی ده‌نگدانی زۆرینه‌ی ره‌های ئه‌ندامان.
به خوێندنه‌وه‌ی مادده یاساییه‌كان، به‌و پێیه‌ی هه‌ر یاسایه‌یه‌ك وه‌ك جه‌سته‌یه‌ك یه‌كدی ته‌واو ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌ت مادده‌ی 2/ یه‌كه‌م، هه‌ر ئه‌نجومه‌نی پارێزگایەک ده‌توانێت په‌یڕه‌و و رێنمایی و بڕیار ده‌ربكات، به‌و مه‌رجه‌ی دژ نه‌بێت له‌گه‌ڵ دەستوور و له‌گه‌ڵ ئه‌و یاسا فیدراڵییانه‌ی ده‌چنه چوارچێوه‌ی تایبه‌تكارییه قه‌تیسكراوه‌كانی حكومه‌تی فیدراڵییه‌وه.
كه‌وابێ، مه‌رجی سێیه‌م بۆ توانایی ئه‌نجومه‌ن بۆ گۆڕانكاریكردن له یه‌كه كارگێڕییه‌كان، زیاد ده‌بێت به‌م ده‌ربڕینه؛
*بڕیاری گۆڕانكارییه‌كه دژ نه‌بێت له‌گه‌ڵ حوكمه‌كانی دەستوور و ئه‌و یاسا فیدراڵییانه‌ی ده‌چنه چوارچێوه‌ی تایبه‌تكارییه قه‌تیسكراوه‌كانی حكومه‌تی فیدراڵییه‌وه .
ئه‌گه‌رچی له یاساكه‌دا باسی ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕینی هیچ وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌یه‌كی فیدراڵی نه‌كراوه، به‌ڵام به‌پێی بڕیارێكی ده‌سته‌ی هه‌ماهه‌نگی نێوان حكومه‌تی فیدراڵی و پارێزگا نه‌به‌ستراوه‌كان به هه‌رێمه‌وه، هه‌ر گۆڕانكارییه‌كی له‌و جۆره پێویستی به بڕیار و ره‌زامه‌ندی وه‌زاره‌تی پلاندان ده‌بێت، دوای پێشكه‌شكردنی دیراسه‌یه‌كی چڕ له‌مه‌ڕ ئه‌و گۆڕاكارییه له‌لایه‌ن فه‌رمانگه‌ی گه‌شه‌پێدانی هه‌رێمایه‌تیی و خۆجێیی وه‌زاره‌ته‌كه‌وه، به واتای ئه‌وه‌ی مه‌رجی چواره‌میش زیاد ده‌بێت، به‌مجۆره:
*ره‌زامه‌ندی وه‌زاره‌تی پلاندانانی فیدراڵی له‌سه‌ر گۆڕانكارییه‌كه.
هه‌ردوو هه‌وڵی به قه‌زاكردن، ئەگه‌ر به‌ته‌واوی سه‌ربگرن و له‌سه‌ر زه‌وی و نه‌خشه‌ی كارگێڕی جێبگرن، ئه‌وكات ده‌ره‌نجامه‌كانی ئه‌و گۆڕانکارییە لەسەر پرس و پرۆسەی ماددەی 140 روون ده‌بێت به‌جۆرێك: سنوور و پێگەی کارگێڕی ناوچەکان دەگۆڕێت پێش ئەوەی گشتپرسی بکرێت له‌و ناوچانه، ئەمەش بە واتای ئەوەیە، کە ئەو خەڵکەی دەنگ دەدات، ئەو ناوچەیەی دەنگی لەسەر دەدرێت و ئەو دیموگرافیایەی ئامادە ده‌كرێت بۆ ده‌نگدانه‌كه، به‌پێی سیناریۆی خوازراوی كاتی نووسینه‌وه‌ی دەستووره‌كه و دواتریش نابێت، به‌ڵكو ده‌كرێت سیناریۆكه به‌جۆرێك بگۆڕدرێت چیتر مانایه‌ك بۆ كرۆكی مادده دەستوورییه‌كه نه‌هێڵێته‌وه و له ئه‌گه‌ری جێبه‌جێكردنیشیدا ده‌ره‌نجامه‌كان زۆر جیاواز و دوور له چاوه‌ڕوانی بن.
چواره‌م: مەترسییەکانی ئه‌نجامدانی گۆڕانكاری كارگێڕی له ناوچه كێشه‌له‌سه‌ره‌كاندا
1.مەترسیی سیاسی: گۆڕانکاری یەکلایه‌نە لە سنووری كارگێڕی یه‌كه كارگێڕییه‌كاندا بۆ خۆی راجیایی و هه‌ستیاری گشتی و خۆجێی به‌دوای خۆیدا دێنێت، به‌تایبه‌ت ئەگه‌ر گۆڕانكارییه‌كه له‌ناوچه كێشه‌له‌سه‌ره‌كاندا بێت. ئه‌مه‌ی دواییشیان به‌رده‌وام سه‌رچاوه‌ی دژبه‌ری هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵی لێده‌كه‌وێته‌وه، ئه‌وه‌تا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ئاستی رەسمی و له‌سه‌ر ئاستی پارته سیاسییه‌كانیش، ئه‌و بەقەزاکردنانە ره‌تكراونه‌ته‌وه و به مه‌ترسییان زانیوه بۆسه‌ر چاره‌نووسی ئه‌و ناوچانه، چونكه روونه ئه‌و هه‌وڵانه تێپه‌ڕن و گۆڕانكارییه‌كان جێبه‌جێبكرێن، ئه‌وا كاریگه‌رyی نه‌رێنیی له‌سه‌ر زه‌مینه‌ی گشتپرسییه‌كه به‌دوای خۆدا جێدێڵێت، به‌تایبه‌ت خواستی گۆڕانكارییه‌كه له سنوورێكی دیاریكراودا ناوه‌ستێ و پێدراوه‌كان به‌و ئاراسته‌یه‌ن ئه‌و گۆڕانكارییانه چ به‌قه‌زاكردن یان به ناحیه‌كردن به‌رده‌وام ده‌بێت.
2.مەترسیی گۆڕینی دیمۆگرافی و ناسنامه‌ی ناوچه‌كه: هه‌ردوو ناحیه‌ی قەرەتەپە و گوڵاڵە، بە دیموگرافیای تێکەڵ ناسراونه‌ته‌وه، بۆیه هەر گۆڕانکارییەکی كارگێڕی به‌بێ ئاساییكردنه‌وه بارودۆخه دیمۆگرافییه شێوێندراوه‌كان له‌و ناوچانه، ئه‌وا ماف به گروپێك ده‌دات زیاد له قه‌باره و شایسته و بوونی خۆیان (عه‌ره‌ب) له‌و ناوچانه و مافی پێكهاته ره‌سه‌نه‌كان زیاتر و زۆرتر پێشێل ده‌كات، به‌وپێیه‌ش ده‌بێتە سه‌رچاوه‌ی كێشه و گیروگرفتی نوێ و ئاینده‌یی له‌و ناوچانه و شیرازەی کۆمەڵگه‌یی ئەو ناوچانە زیاتر تێكده‌دات.
3.مەترسیی دەستووری و یاسایی: دەستوور بەڕوونی دیاری کردووە، کە سنووری ناوچەکانی ماددەی 140 دەبێت لەڕێگەی پرۆسەگه‌لێكی دەستوورییەوە چاره‌سه‌ر و یه‌كلابكرێته‌وه و به‌ویستی دانیشتووانه ره‌سه‌نه‌كانیی، نه‌وه‌ك بەپێی بڕیاری یەکلایانەی كارگێڕییه‌وه، له‌وه‌شه‌وه هەر بەقەزاکردنێک بەبێ تەواوکردنی ئەو پرۆسەیە و به‌بێ ره‌چاوكردنی مه‌رج و ئاسته‌نگه دەستوورییه‌كان، كێشه‌ی دەستووریی و یاسایی لێده‌كه‌وێته‌وه و ده‌توانرێت به تانه‌دان له‌به‌رده‌م دادگای تایبه‌تمه‌ند، هه‌وڵی راستكردنه‌وه و رێگریلێكردنی بدرێت.
پێنجه‌م: چاره‌سه‌ری دەستووریی و
یاسایی بۆ پرسه‌كه
ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و بابه‌ته، زیاتر چاوه‌كان له‌سه‌ر بكه‌رانی گۆڕانكاریه‌كه‌ن (ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و وه‌زاره‌تی پلاندانان)، ئه‌مه‌ش به‌بۆچوونی ئێمه هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه، داوای دادپه‌روه‌ری و دادخوازی له‌دژبه‌ره‌كه‌ت بكه‌یت، یان ئه‌وه‌ی بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرێت رێكاره‌كانی ئه‌و هه‌نگاوه راگیراون یان راده‌گیرێن، ئه‌مه‌ش بۆخۆی مه‌ترسی بابه‌ته‌كه كه‌م ناكاته‌وه، چونكه له‌هه‌ر كاتێكدا ده‌توانرێت تێیداهه‌ڵبچنه‌وه و پرۆسه‌كه به‌كۆتا بگه‌یه‌نرێت، بۆیه رێگای دروست و بنبڕ به بۆچوونی ئێمه په‌نابردنه بۆ دادگا وه‌ك گونجاوترین رێگه‌چاره، ئه‌وه‌ش به‌م رێگانه:
- ده‌توانرێت تانه‌ی یاسایی تۆمار بكرێت، له‌به‌رده‌م دادگای باڵای فیدراڵی له‌به‌ر رۆشنایی( م93/ سێیه‌م و چواره‌م و پێنجه‌م) له دەستووری كۆماری عیراق ساڵی 2005، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێت تانه‌ی دەستووری تۆمار بكات، به‌وپێیه‌ی لایه‌نه‌كانی ناوچه كێشه‌له‌سه‌ره‌كان به‌پێی روونكردنه‌وه‌ی پێشتری دادگای باڵای فیدراڵی حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵین یان به‌پێی تایبه‌تكاری راڤه‌كاریی دەستووریی، داوا له دادگای باڵای فیدراڵی بكرێت، بۆ ده‌ركردنی رایه‌كی راڤه‌كاری له‌مه‌ڕ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره‌ی، ئایا به‌پێی دەستوور ده‌توانرێت گۆڕانكاری له‌سنووری یه‌كه كارگێڕییه‌كانی ناوچه جێناكۆكه‌كانی مادده‌ی (140) بكرێت، به‌ویستێكی تاكلایه‌نه و له قازانجی پێكهاته‌ی عه‌ره‌بی به‌ته‌نها.. بێگومان بۆ ئه‌وه‌ش ده‌توانرێت له‌لایه‌ن سه‌رۆك كۆمار یان سه‌رۆكی هه‌رێم و یان سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه ئه‌و داوایه بكرێت .. به‌گوێره‌ی (م 7/یه‌كه‌م و دووه‌م و سێیه‌م) له‌به‌ر رۆشنایی م4 له په‌یڕه‌وی ناوخۆی دادگای باڵای فیدراڵی ژماره 1ی ساڵی 2025.
- ده‌توانرێت تانه‌ی یاسایی تۆماربكرێت، له‌به‌رده‌م دادگای دادوه‌ریی كارگێڕی، له‌لایه‌ن كه‌سێكی خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندییه‌وه (بۆ نموونه ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا)، ئه‌وه‌ش دوای دادخوازیكردن (تظلم) له بڕیاره‌كه و داواكه‌ش بینا بكرێت له‌سه‌ر هه‌بوونی نه‌نگیی له پایه‌كانی بڕیاری به‌قه‌زاكردنه‌كه، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه له‌به‌رچاوبگیرێت ئه‌م جۆره داوایه ماوه‌ی هه‌یه بۆ داخوازیكردن و تۆماركردنی تانه‌ی دادوه‌رییش، له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ماوانه تانه‌كه ره‌تده‌كرێته‌وه.
شه‌شه‌م: ئه‌نجامگیری
ماددەی 140ی دەستوور، ده‌روازه‌یه‌كی سیاسی و یاساییه بۆ به‌دیهێنانی دادپه‌روه‌ری و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ماف بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی، دوای چه‌ندین ساڵ له‌په‌یڕه‌وكردنی زه‌بروزه‌نگ و توندوتیژی جۆراوجۆر دژ به نه‌ته‌وه‌ی كورد و نه‌ته‌وه‌ی توركمان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌بینرێت رۆژ به رۆژ رێكار و قۆناغه‌كانی ئه‌و پرۆسه‌یه له‌بری پێشڤه‌چوون به‌ره‌و دواتر ده‌گه‌ڕێته‌وه، له‌بری سڕینه‌وه‌ی ئاسه‌واری گۆڕانكاری ناڕه‌وا له دیموگرافیای دانیشتوانی ئه‌و ناوچانه، كه‌چی ئاسه‌واره‌كان توندتر و تۆختر ده‌كرێنه‌وه، ئه‌وه‌تا به قه‌زاكردنی هه‌ردوو ناحیه‌ی قه‌ره‌ته‌په و جه‌له‌ولا كه بۆ خۆیان یه‌كێكن له‌وناوچانه‌ی دیمۆگرافیایان تێكدراوە، كه‌چی ئێستا له‌ژێر ناونیشانی خزمه‌تكردنه‌وه ئه‌وه‌نده‌ی دیكه ئه‌و دیموگرافیایه و پێگه كارگێڕییه‌كان خراپتر و به‌رشوبڵاوتر ده‌كه‌نه‌وه، به ئامانجی دابڕینی یه‌كجاری ئه‌و شوێنانه له هه‌رێم و كۆتایهێنان به‌هه‌ر ئومێدێك له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی مادده دەستوورییه‌كه، هه‌ڵبچێنرێت.
له‌مه‌شه‌وه، په‌نابردن بۆ دادگای فیدراڵی و دادگای دادوه‌ری كارگێڕی به باشترین چاره‌سه‌ر ده‌زانین، بۆ رێگیریكردن له‌و سیاسه‌ت و هه‌وڵه مه‌ترسیدارانه.