جیۆپۆلەتیکی پێکهاتەی ناسنامەی نەتەوەیی لە تورکیا
بەشی یەکەم
د.کیم ریلکیل
لەمانگی مارسی ١٩٩٦دا یەکێک لە بەناوبانگترین نووسەرەکان لەئاستی جیهانیدا، (یاشار کەماڵ) کە بەڕەگەز کوردە، لەتورکیا دەستبەسەر کراو ٣٠ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنرا. ئەویش بەبۆنەی نووسینی وتارێک لەژێر ناوی"هەورە رەشەی سەر تورکیا". یاشار کەماڵ بەوە تۆمەتبار کرا کەلایەنگری بزووتنەوەی جوداییخوازییە و ئەوبزوتنەوەیەش هەڕەشەیە بۆ سەر یەکێتی دەوڵەتی تورکیا. لای یاشار کەماڵ وڵاتی تورکیا بریتییە لە چەندین کولتووری جیاواز. ئەو بۆچوونەش لای دەوڵەتی تورک مەترسیدارە. یاشار کەماڵ بۆچوونەکەی خۆی بەم جۆرە دەربڕی" دونیا لای من باخچەیەکی کولتوورییە، لەو باخچەیەدا هەزاران گوڵ گەشە دەکەن. لەرەوتی مێژوودا کولتوورەکان یەکتر پەروەردە دەکەن، تێکڵاو بەیەکتر دەبن و بەو جۆرەش دونیای ئێمە دەوڵەمەند کراوە. سڕینەوەی کولتوورێک بە مانای لەدەستچوونی رەنگێک و تیشکێک و سەرچاوەیەکی جیاوەزە. من هەر بەو جۆرە لایەنگری هەموو گوڵێکی ئەم باخچەیەم کولتورەکەی خۆشم خۆش دەوێت. لای من ئاناتولیا هەموو کاتێک شوێنی گوڵە جۆراوجۆرەکان بووە و دونیای بەگوڵ و تیشک رازاندۆتەوە. ئێستەش دەمەوێت هەروابێت" (١٩٩٥a).
لای کەماڵ، دونیا باخچەیەکە لە کولتوور و دڵی تورکیای ئێستا ئەناتولییە، ئەو شوێنەی چەندین کولتوور تیایدا گەشەیان کردووە. لای یاشار کەماڵ نەتەوەی تورکیا بریتییە لە چەندین کولتوور، ئەم جۆرە روانینەش لەبنەڕەتدا جیاوازە لەوەی دەوڵەتی تورک کە فرە کولتووری بەمەترسییەک بۆ تەبایی و یەکێتی خۆی دەزانێت. لای دەوڵەتی تورک دونیا باخچەیەک نییە بەڵکوو بریتییە لە چەندین باخچە. هەر باخچەیەکیش گوڵ و رەنگی تایبەت بە خۆی بەرهەم دێنێت. ئەم بۆچوونە بەو مانایە کە نەتەوەی تورک یەک نەتەوەیەو ئەو خەڵکانەی لە تورکیا دەژین بریتی نییە لە چەندین کولتووری جیاواز بەڵکو تەنها کولتوورێکە، ئەویش کولتووری تورکە کە یەک کولتوورە و پێش هەموو شتێک خۆی وەک دانیشتووی تورکیا دەناسێنێت. بەم جۆرەش بەپێی بۆچوونی دەوڵەتی تورک، ناسنامەی ئەوانیتر واتە (ناتورک) تەنیا بۆی هەیە لە دەفەری تایبەتدا خۆی دەربخات و لەبواری گشتیدا پێوستە کۆنتڕۆڵ بکرێت. هەر ئەوەی کە دەوڵەت مانەوەی خۆی بەیەکێتی نەتەوەی تورکی گرێداوە، کۆنتڕۆڵکردنی جیاوازیەکان لەبواری گشتیدا بەشتێکی پێویست بۆ ئەو مانەوەیە دەزانێت. لە ئەو دوو بۆچوونەی سەرەودا (بۆچوونی یاشار کەماڵ و بۆ چوونی دەوڵەتی تورک ) دوو روانگەی جیاوازن سەبارت بە (چەمکی) نەتەوە. یەکەمیان بەپێی "جیاوازیی"یە و لەگەڵ بۆچوونی دووهەمدا یەک ناگرن. بۆ چوونی دووەم لە تێڕوانینی جیۆپۆلەتیکی سەدەی بیستەمدا زۆر باو بووە و جیاوازە کولتووریەکان لە کۆمەڵگایەکی فرەکولتووریدا دەسڕێتەوە ئەویش بە ویستنی جۆرێک لە "لایەنگیری" کردنی ناسنامەیەکی نەتەوەیی لە چوار چێوەی "نیشتمان"ێکی دیاریکراودا. ئاماژەی بۆچوونی دووهەم تێگەیشتن لە چەمکی ناسنامە وەک شتێکی ئەزەلی و یەکدەست بەپێی نەتەوەیە. هەر چۆنێک بێت هەر وەک ستوارت هاڵ، دیدو هێڵد و تونی مەک گرو دەڵێن؛ ناسنامەی نەتەوەیی شتێکی ئەزەلی نییە بەڵکو دەستکردە ئەویش لە ڕێگای نیزامگەلی نواندنی کولتووری کە پێیوایە خۆی وەک ناسنامە دەردەخات و لە واقیعدا ئەزەلی و نەگۆڕ و یەکدەستە McGrew:1992:292 all,held and))، هاڵ و ئەوانیتر وای بۆ دەچن کە ناسنامە بوونێکی یەکدەست نییە تاکو خۆی بنوێنێت، یەکدەستی ئەفسانەیە ئەویش بەو هۆیەی زۆربەی نەتەوە مۆدێرنەکان پێش هەموو شتێک بریتین لە کولتوورە جۆراوجۆرەکان و تەنیا لە پرۆسەی درێژخایەنی شەڕانگێزی و سەرکوتکردنی زۆرەکی کوولتوورە جیاوازەکان و داگیرکردنی گەل و زمان و داب و نەریتەکەیان لە پێناو سەپاندنی ناسنامەیەکی یەکدەستی کولتووری خولقاوە (هەمان سەرچاوە،ل٢٩٦). بەم جۆرەش پێش ئەوەی"لایەنگری" لە ناسنامەیەکی یەکدەست بخولقێت، شەڕانگێزی لەسەرەتای دروستکردنی نەتەوەی مۆدێرندا روویداوە(هەمان سەرچاوە). دواتریش پێویستە بگۆڕێت نەتەوە بریتییە لە چەندین چینی کۆمەڵایەتی، رەگەز و گرووپی ئەتنی جیاواز (هەمان سەرچاوە، ل ٢٩٧). لەم وتارەدا بەپێی پڕۆژەی "پێداچوونەوەی تێفکرێنی جیۆپۆلەتیک" باس لە وەدەکەم کە چۆن دەوڵەت ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆی دەخولقێنێت ئەویش بەپێی ئەو ستراتیژییە فەزا ییەی کە ناسنامە و فەزا یەک دەخات. ئەم ووتارە ئەوە نیشان دەدات کە چۆن دەوڵەت ناسنامەی نەتەوەیی دروست دەکات و تێدەکۆشیت ئاسایشی سنووری خۆی بچەسپێنێت. سنووری دەوڵەت لێرەدا هەم سنووری ئەندامیەتی نەتەوەی دەوڵەتە و هەم سنووری نیشتمانەکەیەتی کە لە نیشتمانەکانی تر جیای دەکاتەوە و لەنێو خۆی نیشتیماندا یاسای "سەروەر"ی خۆی دەسەپێنێت.هەر بەو جۆرەی کە واڵکر (١٩٩٣) دەڵێت؛ خوڵقاندنەوەی ناسنامەی نەتەوەیی پێویست بە رووبەرووبوونەوە و تارادەیەکیش سڕینەوەی ناسنامە تایبەتەکان لە پێناو لایەنگریەکی گشتگیر دەکات بەو جۆرەی ئەو لایەنگرییە پێش هەموو شتێک بۆ دەوڵەت بێت . واڵکر دەڵێت؛ "بانگەشەی گشتگیر بوون" لەنێو خۆی دەوڵەتدا پەیوەندە بەناساندنی ئاشکرا و هەروەها بێدەنگ، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئەو بانگەشەیە تایبەتەو تەنها بە پێویستی گرووپێکی تایبەت لە دانیشتوان خولقێندراوە و گشت ئەندامانی کۆمەڵگا ناگرێتەوە (هەمان، ل٦٣). بزوتنەوەی نەتەوەیی/قەومی لەنێوخۆی ئەو دەوڵەتەی کە بانگەشەکەی تایبەتە و ناسنامە سیاسی/کولتووری ئەو بزووتنەوەیە ناگرێتەوە دەتوانرێت وەک رەنگدانەوەی ئەو جۆرەکێشەیە دەرکی پێ بکرێت.
لێرەدا من وەک نموونە دەوڵەتی تورک و پێوەندی بە دانیشتوانی کورد دەخوێنمەوە. سەرەتا باس لەوە دەکەم کە چۆن دەوڵەتی تورک لەڕێگای نواندنی نەتەوەیی تورک وەک نەتەوەیەکی باڵا دروست دەکات و بەم جۆرەش ناسنامە کولتووریەکانی تر وەک ناسنامەی کورد دەخاتە پەراوێزەوە. کوردیش کەپێش هەموو شتێک خۆی وەکو "کورد" دەردەخات بەهەمان لۆژیکی دەوڵەتی تورک رەکابەرییەکی سیاسی رێکخستووە. لۆژیکی بزووتنەوەی کورد کە بەهەمان لۆژیکی دەوڵەتی تورک کار دەکات بەم جۆرەیە؛ پێویستە ناسنامەیەکی نەتەوەیی باڵای کوردی لەلایەن بزووتنەوەی کوردەوە لەپێناو نواندن و دەرخستنی داخوازیەکانی کورد دروست بکرێت. هەر جۆرێک بێت چیرۆکی ناسنامەیەکی کوردی جیاوازییە راست و گرینگەکانی وەک"ڕەگەز" پشت گوێ خستووە. من لەباسەکەمدا (فاکتەر)ی رەگەز لەبەر چاو دەگرم بۆ لێکدانەوەی پێکهێنانی ناسنامەی نەتەوەیی ئەوەش نیشان دەدات کە ژنان رێگا و هۆکاری جۆراوجۆر لەپێناو بەشداریکردن لە کێشەی نەتەوەییدا دەگرنەبەر، ئەو جۆراوجۆرییەی کە لە ناسنامەی بەسیاسەتکراودا خۆی دەردەخات و لەهەمان کاتیشدا لەنواندنی فەرمی ئەو ناسنامەیەدا کپ دەکرێت. هەر بەو جۆرەی کە نیرا یووال دەیویس دەڵیت؛ بەشکانی رەگەز (نێر و مێ ) دەورێکی بەرچاوی هەیە لەپێکهاتەی تایبەتی "قەومییەت"دا.
رەگەز سنوورەکانی قەومی دەردەخات و هەروەها جیاوازییە نەتەوایەتییەکانیش بەرهەم دێنێت (Moghadam,1994:413in ) بەپێی رۆڵی رەگەز لەکۆمەڵگادا، ژنان لەئەزموون و کێشە سیاسیەکانی پەیوەند بە پڕۆژە نەتەوەییەکان دەور دەگێڕن و لەولایشەوە ئەو ئەزموون و کێشانە کار دەکەنە سەر ژنان ئەویش لە چەندین رێگای جیاواز لەپیاوانەوە. ژنان ئەو کاتەی جیاوازییە نەتەوەیی و کولتووریەکان دەخوازرێت دەبنە ئامانجی تایبەتی دەوڵەت و کردەوەی گرووپەکان( بو وێنە بڕوانە؛Meznaric1994).ئەم لێکۆڵینەوەیە بەپێی فاکتەری رەگەز ئەو رێگایانەی کە "کۆبەند"ی نەتەوەیی بەرهەم دێنێت و هەروەها ئەو"فرە جۆری"یەی کەلەو کۆبەندەدا دەردەکەوێت، دیاری دەکات( بڕوانە؛Davis 1993 Yuval-). پتر لەوەش، پەیوەندی رەگەز و ناسیۆنالیزم و بزووتنەوەی نەتەوەیی زۆر گرنگە ئەویش بەو هۆیەی؛ لەو شوێنەیدا ژنان درێژە بە خزمەتکردنی دەرخستنی سنووری نێوان کۆبەندی مەزهەبی و نەتەوەییە جۆراوجۆرەکان دەدەن، دەرکەوتنیان هەروەکو "ئەندامی تێروتەسەلی کۆمەڵگە" دەکەوێتە مەترسییەوە( Kandiyoti 1991 a:435).
پێکهێنانی نەتەوەی تورک"
کۆنتڕۆڵکردنی ناسنامەی کورد
دەوڵەتی تورکیا لەناخی (رەوتی) سەدەکانەوە هەڵنەقوڵاوە بەڵکو بە ئەنقەست لەئاکامی رووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەوە پێکهێنراوە. گوشاری پێکهێنانی دەوڵەتی نوێی تورکی لەکۆتایی سەدەی نۆزدەدا دەستی پێکرد ئەویش لەئاکامی گوشارە نێوخۆیی و دەرەکیەکانی سەر ئیمپراتووریەتی فرەنەتەوەی عوسمانیدا. زلهێزە ئەوروپییەکان کارتێکردنی زۆرتریان لەناوچەکەدا نەویست، نەتەوەکانی ناتورکی ئیمپراتۆری عوسمانی (وەک گریکییەکان و ئەرمەنەکان) سەربەخۆییان دەویست و تورکەکانیش خۆیان نوێبوونەوەو دیمۆکراسییان دەخواست(Moghadam: 1993:80 ). بەڕووخان و شکستهێنان و دواتریش دابەشبوونی ئیمپراتۆری عوسمانی، سەرۆک کۆماری ئەوکاتەی ووڵاتە یەکگرتووەکان، وودرۆ ویلسۆن تیشکی خستنەسەر مافی چارەی خۆنووسینی کەمەنەتەوەکانی ئەو ئیمپراتۆریەتە. بڕگەکانی٦٢ تا ٦٤ی پەیمانی سیڤەر (١٩٢٠)راشکاوانە لەسەرەتادا مافی"ئۆتۆنۆمی ناوچەیی" بۆ کورد دیاری کردبوو دواتریش کورد دەیتوانی سەربەخۆیی خۆی راگەیەنێت(Lazier,1991). هەر جۆرێک بێت بەپێی پەیمانی لۆزانی (١٩٢٣)کە لەنێوان کەماڵ ئاتاتۆرک و زلهێزە داگیرکەرەکان لەکۆتایی شەڕ و سەرەتای دامەزراندنی تورکیای نوێی سیکۆلار مۆر کرا، مافی کورد وەکو کەمە نەتەوەیەک کە مافی خۆی هەیە، پشتگوێ خرا. لەو پەیمانەدا تەنیا سێ گرووپ مافی تایبەتییان بۆ دیاریکرا. مافی تایبەتی بۆ ئەرمەنەکان و گریگیەکان و جولەکەکان بەپێی ناسنامەی مەزهەبی خۆیان لەسێبەر سیستەمی میللەت دا چەسپێنرا. کوردیش کە زۆرینەیان موسڵمانن بەڵام کولتوری خۆیان هەیە، پێگەیەکی تایبەتییان بۆ دیاری نەکرا.
لەسەرەتادا، تێڕوانینی ناساندنی جیاوازییە کولتورییەکان لەئاستی گشتییدا، وەک دژ بەپرۆسەی دروستکردنی دەوڵەت سەیری دەکرا. بیرۆکەی دروستکردنی دەوڵەتی نوێ و سیکۆلاری تورکی لەدەرەوەی ئیمپراتۆریەتی فرە کولتووری عوسمانی تارادەیەک بەپێی سڕینەوەی زۆرەکی جیاوازییە کولتوورییەکان لەپێناو کۆمەڵگایەکی یەکگرتوو کە دەوڵەتێکی ناوەندی کۆنترۆڵی بکات، بوو. ئەمەش دروست بوو ئەویش بە وێناکردنی ئەو راستییەی کە سەرکوتکردنی ئەو جیاوازییە کولتووریانەی کە گریکییەکان و ئەرمەنییەکانی بندەستی عوسمانی تارادەیەک هۆکاری رووخانی ئەو ئیمپراتۆرییەتە بوو. بەم جۆرەش ئاتاتورک پێی وابوو؛ پێکهێنانی ناسنامەیەکی نەتەوەیی گشتی و تورکی بەپێی ناسیۆنالیزمێکی شارستانی تێروتەسەل لەپێناو یەکگرتووی دەوڵەتی تورک پێویستە. ئەو جیاوازییە کولتورییانەی کە ئیمپراتۆری عوسمانی دەرفەتی دەرخستنی دابوو لە ژێر کۆنترۆڵی ناسنامەی نەتەوەیی تورکیای نوێدا، پشتگوێ خران. بەواتایەکی تر، دەوڵەتی تورکیا زۆربەی ناسنامە کولتورییە تایبەتەکانی لەنێوان حکومی تورکیای نوێدا دابەزاند و ئەو ناسنامە جیاوازانە تەنها لە توێژ و پێگەی تایبەت و تاکە کەسیدا مانەوە. دەوڵەتی تورک وای بۆ دەچوو کەسڕینەوەی جیاوازییەکان لەنێوان حکوومەتدا بۆ خولقاندنی یەکیەتی لەنێوان گرووپە کولتووریە جیاوازەکاندا و بەو پێیەش بەهێزکردنی لایەنگرییەکی بێ وێنە بۆ دەوڵەتی تورک، پێویست بوو.
لەپێناو دروستکردن و خولقاندنەوەی ناسنامەیەکی نەتەوەیی یەکگرتوو لە خەڵکێکی فرە کولتووریدا، دەوڵەتی تورک ئەو سیاسەتەی پەیڕەو کرد کە جیاوازیەکانی بەتایبەت جیاوازی کولتووری کوردەکان لە حکوومەتدا دەسڕییەوە و بنبڕی دەکرد. بۆ وێنە دەوڵەتی تورک گەشەی بەهونەر و کولتوور و پەروەردە و سیاسەتی "تەنیا تورک"ی دا ( Entesser, 1989:93). دەوڵەتی تورک بۆ وێنە ئەو یاسایەی خولقاند کە باکارهێنانی زمانی کوردی قەدەغە دەکرد، هەر وەکو یاسای ساڵی ١٩٢٤ پەروەردەی بەکوردی لە قوتابخانەکاندا قەدەغەکرد. لەساڵی ١٩٦٠ دا مناڵانی کورد لەسەریان بوو لەو فێرگە شەو و رۆژیانەدا بخوێنن کە تیایدا زمانی کوردی قەدەغەکرابوو(Chaliand 1993:72). خاڵەکانی ٢٦ و ٢٨ی یاسای بنەڕەتی ١٩٨٢ بڵاوکردنەوەی بیرو بۆچوونی بەو زمانانەی کە یاسا دیاری کردبوو قەدەغە دەکرد. هەر چەند خاڵی ٢٨ لەیاسای ١٩٩١ دا لەلایەن سەرۆک کۆماری ئەوکاتە؛ تورگوت ئوزاڵ گۆڕدرا بەڵام بەکارهێنانی زمانی کوردی بۆ مەبەستی فێرکاری و سیاسی نەدەکرا ( Fuller 1993:114). بەم گشتەوە، ئێستاش زۆربەی کوردان لە ژێر بڕگەی ٨ی یاسای دژە تیرۆردان کە خاڵێکی گشتگیرە و هەر چەشنە بانگەشەیەک سەروەری خاک و نەتەوەی دەوڵەتی تورک بخاتە مەترسییەوە، قەدەغە دەکات(UNHCR1994).بە لەبەرچاو گرتنی چاکسازی بڕگەی ٨، یاسای دژەتیرۆر دەسەڵاتێکی بەرین بەدەوڵەت بۆ رووبەرووبوونەوەی هەر کردەوەیەک یەکگرتوویی بەدواداچوون و زەوت کردنی دارایی. بۆ وێنە، ئێستا لەژێر ئەم یاسایەدا زۆرێک لەکوردان بەهۆی بەکارهێنانی زمانی کوردی بۆ مەبەستی سیاسی نەک مێژوویی و کولتووری لەژێر گوشاردان ( UNHCR1993).
وەرگیرانی: د.ئەسکەندەر مورادی
بەشی دووەم
کیم ریگیل١
دەوڵەتی تورک بێجگە لەو سیاسەتەی کە بەکارهێنانی زمانی کوردی قەدەغە کردووە، گوتاری فەرمی هەرچەشنە دەرکەوتنێکی ناسنامەی کوردی وەکو ناسنامەیەکی سەربەخۆ رەتدەکاتەوە. بۆ وێنە خاتوو فوگان ئۆکەی سەرۆکی بەشی مافی مرۆڤی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە هەشتاکاندا دەریبڕی کە کورد کەمینە نییەو پەیمانی لۆزانی ١٩٢٣ تەنیا دانی بەکەمینەی مەزهەبیدا ناوە (Whitman1990:2). راستییەکەی ئەوەیە تاکو ئەم دواییانە، گوتاری فەرمی لە وشەی کورد سڵی کردۆتەوەو کورد وەک "تورک شاخ" ناو براوە ( Ignatieff1993:136) بوونی ناسنامەیەکی سەربەخۆی کوردی لە ژێر حوکمی تورکدا بەزۆرەملێ بەم گوتارە بەناوبانگەی کە "بەختەوەر ئەوەیە کە تورکە" رەتکراوەتەوەو هەر بەو جۆرەی یاشار کەماڵ دەڵێت: ئەم گوتارە لە لێواری هەموو شاخەکانی رۆژهەڵاتی ئەناتولیا لەکوردستانی تورکیا نوسراوەو هەموو منداڵێکیش لەسەری بوو هەموو ڕۆژێک لە خوێندنگاکاندا بیڵێتەوە: من تورکم، من راستبێژم، من تێدەکۆشم (١٩٩٥b).
هەر جۆرێک بێت، پەیوەندی دەوڵەتی تورک و کەمینە کوردەکەی ئاڵۆزترە لەو هاوشێوانەی کە کێشەی نەتەوەیین ئەویش لەو شوێنەدا کە دەوڵەتی تورک ستراتیجییەکی توکمەو تێر و تەسەل بۆ سەرکوتکردنی مافی کەمینەکان پێڕەو دەکات. لەلایەکەوە دەوڵەتی تورک بوونی ناسنامەی سەربەخۆی کوردی رەتدەکاتەوەو لە لایەکیتریشەوە ئەو کوردانەی کە وەک تورک خۆیان دەردەخەن پەسەند دەکات و ئەوان لە ژیانی سیاسی گشتیدا بەشداری بکەن. ئەم کردەوەش ئامانجێکی گەورەتری مەبەستە، کە بریتییە لە کۆنترۆڵکردنی جیاوازیەکان و بەمپێییەش ئەوە یەکبوونی حکومەتە. بۆ وێنە چەندین سیاسەتمەداری بەناوبانگی تورکیا لەراستیدا کوردن وەکو سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆماری پێشوو تورگوت ئوزال و وەزیری دەرەوەی پێشوو حیکمەت چیتین. بەم گشتەوە هەر وەک مێهرداد ئیزەدی دەڵێت: راستییەکی حاشاهەڵنەگر ئەوەیە: یەک لە پێنجی ئەندامانی پەرلەمانی تورکیا ئەو کوردانەن کە ناسنامەی ئەتنی خۆیان پشتگوێ نەخستووە ( ١٩٩٢؛٢٠٠). دەوڵەتی تورک لە دانیشتوانی خۆی داخوازێت: لەپێناو ژیانێکی گشتیدا، ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان لە توێژی تایبەتدا بهێڵنەوە. ناسنامەی یەکێتی تورکی پێویست بە توێژی گشتی دەکات و لەگوتاری فەرمی دەوڵەتدا جیاوازی و فرەڕەنگی بوونی نییە. بۆ وێنە: شەرەفەدین ئیلچی ئەندامی پێشووی پەرلەمان لەساڵی ١٩٨١دا بەو هۆیەی کە گوتبووی: من کوردم، کورد لەتورکیا بوونی هەیە، تاوانبارکرا (WHITMAN1988:7). هەرچەندە دەوڵەتی تورک دەرفەتی دەرخستنی شوناسە کولتوریەکان لە توێژی تایبەتدا بە دانیشتوانەکەی دەبەخشێت، بەڵام پرسی کورد بە کێشەی ترۆریزم دەزانێت نەک نەتەوەیی. دەوڵەتی تورک تاوانبارکردنی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد و پرسی پارتی کرێکارانی کوردستان
( PKK)بە پرسێکی نەتەوەیی نازانێت ئەویش بەو هۆیەی پێیوایە یاسای بنەڕەتی مافی یەکسانی ئابووری و سیاسی بۆ هەموو کەسێک دیاریکردووە. لۆجیکی دەوڵەت لەلایەن یەکیەتی رۆژنامەنووسانی ئەنکاراوە دەرکەوتووە. ئەویەکیەتییە دەڵێت: تەنیا یەک واقعی نەتەوەیی (نەتەوەی تورک) لە تورکیا بوونی هەیە. لەتورکیا پرسی نەتەوەیی بوونی نییە. جیاوازییە نەتەوەییەکان لەتورکیادا خاڵی لاوازنیین، بەپێچەوانەوە میراتێکی کولتووری دەوڵەمەندن (Pkreality:1).٢ بۆچوونی یەکیەتی رۆژنامەنووسانی تورکیا بەمشێوەیە پاساو دەدرێتەوە:
لەتورکیادا هیچ جۆرە هەڵاواردنێک لەنێوان دانیشتواندا بوونی نییە. هەموو دانشتوان مافی دەنگدان و هەڵبژاردنیان هەیە و لەچوارچێوەی یاسادا مافی سیاسی یەکسانیان هەیە... بەپێی خاڵی١٠ی یاسای بنەڕەتی تورکیا هەمووان بێ لەبەرچاوگرتنی زمان و رەگەز و رەنگ و بیروبۆچوونی سیاسی و فەلسەفی و فاکتۆرگەلێک لەم چەشنە یەکسان و بەرانبەرن... تەنیا نەتەوەیەک بوونی هەیە و ئەندامانی ئەم نەتەوەیە لەبەرانبەر یاسادا یەکسانن. هەموو کەسێک بێ لەبەرچاوگرتنی ریشەو رەچيڵەک و مەزهەب و رەگەز دەتوانن ناسنامەی تورکی خۆیان دەرببڕن (Ibid:4-5).٣
بەپێی ئەم لۆژیکە دەرخستنی ناسنامەی کوردی لەئاستی گشتی و دەوڵەتدا یەکیەتی نەتەوە و ئەندامانی کۆمەڵگاکە بێ لەبەر چاوگرتنی رەگەزو میراتی کولتووری مافێکی یەکسانیان هەیە، دەخاتە مەترسییەوە. لەراستیدا ئەم لۆژیکە لە چەندها خاڵی یاساییدا دەرکەوتووەو ئەو کەسانە تۆمەتبار دەکات کە زمانی کوردی بۆ دەربڕینی مەبەستی سیاسی بەکاردێنن. (خاڵی ٨ی یاسای دژە تیرۆر و خاڵی ٨٩ی یاسای یەکیەتی نەتەوەیی). لەروانگەی دەوڵەتی تورکدا، پرسی کورد کێشەی تیرۆریزمە ئەویش بەو هۆیەی،یەکەم: دەوڵەت دەرفەتی دەرخستنی جیاوازییە قەومییەکانی توێژی تایبەتدا رەخساندووەو دووهەمیش: مافی یەکسانی بۆ هەمووان بێ لەبەرچاوگرتنی رەگەز و جیاوازییە نەتەوەییەکان دەستەبەر کردووە. هەرچۆنێک بێت: ئەوەی دەوڵەتی تورک دەرکی پێنەکردووە و ئەوەی کورد دەیکات ئەمەیە کە بانگەشەی"گشتگیری" لەبەرامبەر دانیشتواندا تایبەتە. هەر بەو جۆرەی کەواڵکر(١٩٩٣) دەڵێت: کێشەکە لەوەدایە کە بانگەشەی گشتگیری دەوڵەتی تورک لەبەرانبەر دانیشتواندا لەراستیدا تایبەتەو تەنها بەشێکی دیاریکراوی کۆمەڵگا دەگرێتەوەو ئەو بانگەشەیە سروشتی تایبەتی شوناسی کورد ناگرێتەوە.
کۆنترۆڵکردنی رەگەز
بێجگە لەکۆنترۆڵکردنی جیاوازییە کولتورییەکان وەکو کورد، دەوڵەتی تورک لەپێناو دروستکردنی ناسنامەیەکی نەتەوەیی باڵاتر، رەگەزیشی کۆنترۆڵکردووە ئەویش بەتێهەڵکێشکردنی ژن لە پرۆسەی پێکهێنانی دەوڵەتدا. بونیاتنانی دەوڵەتی نوێی سێکۆلاری تورکی لەلایەن ئاتاتورکەوە لەساڵی ١٩٢٣دا هاوئاهەنگییەکی ئاشکرای لەنێوان رزگاری ژنان و نوێخوازیدا لەرێگای(پرۆسە)ی رۆژئاوایی کردنەوە خوڵقاند. لەژێر کاریگەری "رۆشنبیری فەرەنسە"دا، ئاتاتورک چاکسازی کەمالیزمی خوڵقاند، کە بریتی بوو لە گەشەکردنی ئابووری و جیاکردنەوەی ئایین لەدەوڵەت و پشتگوێخستنی نەریت و بەلاتین کردنی ئەلفوبێ و باوکردنی جلوبەرگی ئەوروپی و گۆڕینی یاسای بنەماڵە بەپێی ئایینی ئیسلام و جێگیرکردنی یاسای مەدەنی و سیکۆلار) Moghadam1993:81). بەلەبەر چاوگرتنی ئەوەی کە ئایینی ئیسلام یاسای زۆر تایبەتی هەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی کردەوەی ژن و پیاو جیاکردنەوەی دین و دەوڵەت و خوڵقاندنی یاسای مەدەنی لەلایەن ئاتاتورکەوە، پێگەیەکی جیاوازی بۆ ژنان دەستەبەر کرد. هەروەها ئاتاتورک لەدەرەوەی ئەم گۆڕانانەدا بانگەشەی رزگاری ژنانی دەکرد. ئاتاتورک لە وتەیەکدا لەساڵی ١٩٢٣ گوتبووی: ئەو شارستانییەتەی کە تیایدا تەنیا رەگەزێک (رەگەزی پیاو) سەروەرە دەتوانرێت ئیدانە بکرێت، ئەو شارستانیەتە رووخاوە. ئەو خەڵکەی کە بڕیاریداوە پێشکەوێت و گەشە بکات پێویستە بە خێرایی دەرک بەمە بکات. هۆکاری شکستهێنانی رابردوومان ئەوەیە ئێمە چارەنووسی ژنمان پشتگوێ خستبوو (هەمان سەرچاوە،ل٨٢).
ئاتاتورک لەشوێنێکیتردا هەمان بیروبۆچوونی دەربڕیوە:
دوژمنانی ئیمە دەڵێن تورکیا ناتوانێت وڵاتێکی مەدەنی بێت ئەویش بەو هۆیەی ئەو وڵاتە بریتییە لە دوو بەش: ژن و پیاو. ئایا ئێمە ئەتوانین بەشێک لەکۆمەڵگا پشتگوێ بخەین و بەشەکەی تر پێشبخەین و بەمپێیەش کۆمەڵگاکەمان پێشکەوێت؟ رێگای پێشکەوتن پێویستە لەلایەن هەردوو بەشەوە (ژن و پیاو) شانبەشانی یەکتر هەموار بکرێت (هەمان سەرچاوە).
بەپێی بۆچوونەکانی ئاتاتورک، مافی هاووڵاتیبوون بۆ ژنان بۆ دروسکردنی تورکیایەکی نوێ پێویستە. دەستەبەرکردنی مافی ژنان دەبێتە هۆی ئەوەی ژنان چالاکانە لەپرسی نەتەوەخوازانەدا بەشداری بکەن و بەمپێیەش لایەنگری خۆیان بۆ دەوڵەتی تورک دەربخەن. بەمپێیەش، بۆچوونی ئاتاتورک شوناسی ژنان وەک هێمای نەتەوە دەنوێنێت. بەشێوەیەکی تایبەتیتر، ئەوە ژنی ئازادکراوە کە سنوورەکانی نەتەوەی تورکی نوێ و سێکۆلارو رۆژئاوایی دەردەخات و پێناسەی دەکات. ژنی رزگار دەوڵەتی کەمالی مۆدێرن لە دەوڵەتی عوسمانی دواکەوتوو و ئیسلامی جیادەکاتەوە. هەر بەو جۆرەی کە "نیرایووال دەیویس و فلۆیا ئەنزیاس" دەڵێن: دەرکەوتنی ژنان لەپێناو بە هێماکردنی نەتەوە لەدەورانی کێشەی نەتەوەییدا بوو. ئەوان دەڵێن: بەهۆی رۆڵی جیاوازی ژنان وەکو بەرهەمهێنی کولتووری و بایۆلۆجی کۆمەڵگاو (هەروەها) وەکو هێمای ناسنامەی کولتووری و بڕواپێکراویی، کردەوەو جۆری پۆشینی ژنان بوو بە هێمای جیاوازیی گرووپ بۆ وێنە، سنوورەکانی بەئەندامبوون لە تورکیای نوێدا لەڕێگای کردەوەو جۆری پۆشینی ژنان هەر وەکو ژنی سێکولار و نوێخواز نەک وەکو ژنی ئیسلامی بەهێزکراو دووبارە بەرهەمهێنرا.
بە لەبەرچاوگرتنی چەمکی رەگەز، ئەو چەمکە وێنە نەتەوە وەکو چەمکێکی یەکبوون دەخاتە گومانەوە ئەویش بەو هۆیەی ئەو چەمکە جۆرێک داخوازی تایبەت بۆ ژنان دەردەخات و ئەو داخوازیانە جاروبار سنووری نەتەوە دەخاتە گومانەوە. بۆ وێنە، هەرچەند لەلایەکەوە مافی هاووڵاتی بوون بۆ ژنان لەپرۆسەی پێکهێنانی دەوڵەتدا چەسپێنرا بەڵام لەلایەکیتریشەوە مافی ژنان سنووردار کرا ئەویش بەهۆی تێهەڵکێشکردنی ژن لە پرۆسەی دەوڵەتسازیدا . هەر بەو جۆرەی کە شیرین تەکەلی دەڵێت: ئەو نرخەی لەپێناو "فینیزمی دەوڵەتی"دا خەرجکرا خوڵقاندنی ئەفسانەی مافی یەکسانی ژنان و پیاوان بوو. ئەو مافە لای نەتەوە ئەوروپییەکان پێش ژنان بۆ پیاوان چەسپێنرابوو و بەمجۆرەش هەبوونی زۆرتری رێکخراوی ژنان پێویست نەبو(١٤٠:١٩٩٢). ئەمەش بوو بەهۆی بەستنی چەندها رێکخراو بۆ ژنان لە ساڵەکانی ١٩٣٠دا. پێکهێنانی ئەو رێکخراوانە ئەوە دەگەیەنێت کە مافی ژنان تەنها لەرێگای دەوڵەتەوە دەسەلمێت نەک لەرێگای بزووتنەوەو رێکخراوی سەربەخۆی ژنان. تەکەلی دەنووسێت:
ئەومافەی کە کەمال بۆ ژنانی دەویست لەرووی ستراتیژییەوە بەشێکی گرنگ بوو لە پرۆسەی شۆڕشگێڕانەی گواستنەوەی دەسەڵات لە ئیمپراتۆریەتی فرەنەتەوەو دەسەڵاتی ئایینی عوسمانییەوە بۆ دەوڵەت-نەتەوەی سێکۆلاری کۆماری تورکیا.. لەژنان دەخوازرا کەلەو باوەڕەدابن :تەنها دەوڵەت بەپێێ "چاکسازی لەسەرەوە" دەتوانێت خەم و پەژارەی ئەوان بسڕێتەوە. ژنانی کەمالیست بڕوایانوابوو کە "پەروەردە" کلیلی کۆتایی هێنانە بەو زوڵمەی بەرانبەریان دەکرێت ( هەمان سەرچاوە،ل ١٤٢و١٤٣). دابینکردنی مافی هاووڵاتی بوون بۆ ژنان لەپێناو تێوەگلانی ژنان لەپرسی نەتەوەخوازیدا و بەمپێیەش یەکدەستکردنی حکومەت وایکردووە کە توێژەرانێک وەک "کاندێۆتی" بەو ئەنجامە بگەن ، دەستێوەردانی دەوڵەت لە مافی ژناندا ئەنجامێکی باشی لێنەبۆتەوە. کاندیۆتی بەرانبەر ئاجێندای ئامراز خوازانەی سیاسەتی ناسیۆنالیستی ئاماژە بەوە دەکات، کە ئەو سیاسەتە تەنها ئەو کاتەی کە پێویست بێت ژنان بەکار دێنێت وەک هێزی کارو تەنانەت وەک بەرەی شەڕ دواتریش لەو کاتەی دۆخی نالەباری نەتەوەیی کۆتایی پێدێت ژنان دەگەڕێنەوە بۆ ناو کۆمەڵگاو پلەوپایەو رۆڵێکی نزمتریان پێدەدرێت. ئەو شتەی کاندیوتی باسی دەکات لەتورکیادا خۆی نواندووە. هەرچەند دەوڵەتی تورک پێداگرە لەسەر مافی یەکسان بۆ ژنان ئەویش بەپێی مافی هاووڵاتی بوون بەڵام راستیەکەی ئەوەیە ژنان خراونەتە پەراوێزەوەو بە هاووڵاتی پلە دوو لەقەڵەم دەدرێن و ژن لە بنەماڵەدا سەربەخۆ نییە و سەر بەویستی سەرۆکی بنەماڵەیە (واتە پیاو). شیرین تەکەلی دەنوسێت: ژنانی کەمالیست تێدەکۆشن لە بیرۆکەی چاکسازی کەمالیسم داکۆکی بکەن بەڵام لەکۆتاییدا مەجبورن ملکەچی ئەوەبن کەهاووڵاتی پلە دوون و مافی یەکسانیان نییەو سەربەخۆنیین(١٩٩٢:١٤٠). تەکەلی بۆ پشتراستکردنی سەربەخۆ نەبوونی ژنان ئاماژە بە خاڵەکانی ١٥٢ و ١٥٩ی "یاسای مەدەنی" دەکات. بەپێی خاڵی١٥٢پیاو سەرۆکی بنەماڵەیە. ئەمە بۆ زۆربەی فیمنیستەکان باوکسالارییەکی روون و ئاشکرایەو دەبێت بسڕێتەوە. هەر چەند ١٥٩ لە مانگی جولای ١٩٩٢ دا چاکسازی کرا، بەڵام بەپێی ئەو چاکسازیەش ژن گەر بیەوێت لەدەرەوەی ماڵدا ئیش بکات پێویستە پیاو کە سەرۆکی بنەماڵەیە ئەو دەرفەتەی پێبدات. بێجگە لە خاڵی١٥٢و١٥٩، ئایشە ساکتەرنبیر ئاماژە بەخاڵی ٤٤٠ی یاسای سزادان دەکات، کە بەپێی ئەو یاسایە سزای ژن و پیاو لەبەرامبەر پەیوەندی سێکسی بە کەسێکیترەوە بەرابەر نیین(١٩٩٤:١٢٤ -١٢٥). ئەو دەڵێت گەر ژنی شودار پێوەندی بکات بە مێردێکیترەوە سزا دەدرێت، بەڵام ئەو تاوانە بۆ پیاو دەبێت بسەلمێنرێت(هەمان ١٥٢). بە واتایەکیتر لە لایەکەوە دەوڵەت لەرەوتی پێکهێنانی دەوڵەتدا ژنان تێهەڵکێشی پرسە نەتەوەییەکان دەکات و بەمپێییەش جیاوازی رەگەز لەپێناو یەکێتی ناسنامەی نەتەوەیی کۆنتڕۆڵ دەکات و لەلایەکیتریشەوە بەپێی یاسای مەدەنی جیاوازی (ژن و پیاو) لە چوارچێوەی بنەماڵەدا وەک خۆی دەمێنێتەوە و ژن لەو چوارچێوەیەدا هاووڵاتی پلە دووە.
وێنەیەکیتر کە چۆن تایبەت بوونی ژنان سنووری نەتەوەو ئەفسانەی یەکێتی نەتەوە دەخاتە گومانەوە پرسی جۆری پۆشینی ژنانە لەدەیەی ٩٠ی وڵاتی تورکیادا. دەرکەوتنی نەتەوەی مۆدێرن کە بەپێی کەمالیزم خۆی لە ژنی رزگاری غەربیدا دەرخست ئێستا لەلایەن ئافرەتانی ئیسلامییەوە گومانی لەسەرە. لەو ساڵانەدا خوێندکارانی ژن بۆ دەرخستنی خۆیان لە زانکۆکاندا بەجلوبەرگی ئیسلامییەوە رووبەڕووی دەسەڵاتی تورک بوونەوە٤. بۆ ئافرەتانی ئیسلامی جلوبەرگی ئیسلامی دەبێتە هۆی ئەوەی ئەوان لەتوێژی گشتی و زانکۆکاندا بە تواناتر دەرکەون و پابەندیش بن بە کردەوەی ئیسلامییەوە وبەمپێیەش لەژیانی تایبەتیشدا پلەو پایەی خۆیان هەبێت (Kadioglu 1994). هەر جۆرێک بێت لای دەوڵەتی تورک، تێهەڵکێشبوونی ئیسلام و جلوبەرگی ئیسلامی و دواکەوتوویی بوەتە هۆی رەتکردنەوەی دەرخستنی ژن بە جلوبەرگی ئیسلامییەوە لە توێژی گشتی و زانکۆکاندا. دەوڵەتی تورک پێیوایە جلوبەرگی ئیسلامی هەڕەشە لە شوناسی سێکۆلاری دەوڵەت دەکات. پلاتفۆرمی خەباتی دەسەڵاتی ئەو کاتەی تورکیا واتە پارتی ئیسلامی خوشگوزەرانی (رفاە) کە دەرفەتی بە ژناندا خۆیان لە بینا حکومیەکاندا بە جلوبەرگی ئیسلامییەوە دەربخەن نارەزایەتی لەلایەن هاووڵاتی ودەسەڵاتدارە سێکۆلارەکانەوە لێکەوتەوە. نمونەی جلوبەرگی ئیسلامی دەریدەخات کە ژنان سنووری نەتەوە دیاریدەکەن و دەیخەنە گومانەوە. تێهەڵکێشبوونی ژنی سیکۆلارو رزگار و رۆژئاوایی لەگەڵ دەوڵەتدا ئێستەش وەکو ساڵەکانی ١٩٢٠ گرنگە. هەرچۆنێک بێت ئێستا ئەوە ژنی ئیسلامییە کە پێناسەی دەوڵەتی تورک دەخاتە گومانەوە.
پێکهێنانی نەتەوەی کورد
ئەوانەی کە سەرقاڵی پرسی ناسیۆنالیزمی کوردین، سیاسەتی خۆیان لە چوارچێوەی تێگەیشتنێکی هاوشێوەی دەوڵەتی تورک لە چەمکی "ناسنامە" رێکخستووە. ناسنامەی کوردی پێویستە وەک یەک ناسنامەی تەباو جیاواز لە ناسنامەی تورک لە پێناو پرسی نەتەوەیی و "خۆبەرێوەبردن" خۆی دەربخات. هەرجۆرێک بێت هەروەک گشت ناسنامەکان بەپێی تێگەیشتنێکی رەها لە چەمکی ناسنامە، ناسنامەی کوردی بریتییە لە فرە جۆری. هەر بەو جۆرەی دەیوید مەک دواڵ دەڵێت: دانیشتوانی کورد فرە جۆرن، بریتین لە چەندین گرووپی زمانەوانی و مەزهەبی. هەرچەند زۆرینەی کورد موسڵمانن، بەڵام جوولەکەو مەسیحی و ئیزیدی و بەشەکانیتر وەک عەلەوی و ئەهلی حەقیشیان تێدایە( ١٩٩٢:١١) هەروەها بوونی زارە جیاوازەکان لە زمانی کوردیدا بۆچوونی ئاسانگیرانەی "نەتەوەی کورد" وەک یەک نەتەوە دەخاتە گومانەوە(هەمان سەرچاوە،ل١١). بۆ وێنە زمانی کوردی بریتییە لەدوو زاری سەرەکی و چەندین وردە زاریتر : زاری کرمانجی لەباکووری عێراق و تورکیا و زاری سۆرانی( کوردی) لە عێراق و ئێران و هەروەها وردە زاری کرماشانی و لەکی و گۆرانی و زازا (McDowall: 1989:7). کوردناسێکیتر، مارتین وانبرۆینەسین دەڵێت: فرە جۆری زمانی کوردی بە بەسەرهاتێکی سەرنجڕاکێش دەگێڕێتەوە. ( برۆینەسین) لە وتووێژ لەگەڵ لاوێکدا، لێی دەپرسێت: تۆ کوردی یان ئازەری؟ ئەو لاوە دەڵێت هەم کوردم هەم ئازەری، هەروەها فارسیشم ( ١٩٩٢:٤٥). برۆێنەسین وەڵامی ئەو لاوە بەم جۆرە لێکدەداتەوە: دایکی ئەو لاوە تەنها بەکوردی قسە دەکات، بەڵام ئەو لاوە لەگەڵ باوکیدا بەکوردی و بە ئازەری قسە دەکات و جاروباریش بە فارسی. باوکی ئازەری بوو دایکیشی کورد. من دەمویست لە هەڵوێستی ئەو لاوە تێبگەم. باوکی هەم کورد بوو هەم ئازەری و هەم فارس. ئەم وشانە بۆ ئەو لاوە تەنها زمانەوانی بوو. پرسیاری من بەپێی بۆچوونی من سەبارەت بە "نەتەوە" بوو (هەمان سەرچاوە،ل٤٥).
برۆینەسین دەڵێت زۆربەی ئەو کەسانەی بینینم رەگەزێکی تێکەڵاویان هەبوو. خۆیان بەشێوەیەکی نادیار وەکو کورد و تورک و عەرەب پێناسە دەکرد. کەسانێکیش بوون کە وامدەزانی کوردن بەڵام دەیانگوت تورکین. ئەوان بەهەردوو زمانەکە قسەیان دەکرد. کەسانێکیش لەو ناوچەدا بوون کە ناسنامەیەکی دیاریکراوی نەتەوەییان نەبوو (هەمان:ل٤٥و٤٦).
برۆینەسین دوو نموونەی تریش بۆ سەلماندنی "سەیالییەت"ی ناسنامەی کوردی دەگێڕێتەوە. ئەو دەڵێت لەحەفتاکاندا چاوی بەچەندین تورکی عەلەوی کەوتووە، کە خۆیان وەکو کورد دەرخستووە بەڵام دوور لەمەبەستی سیاسی (هەمان سەرچاوە،ل٤٦).
کەسانێکیش بوون بەتایبەت لەو ناوچانەی کە کێشەی مەزهەبییان هەیە، عەلەوی یان سننە بوون و خۆیان لەسەرەتادا وەک عەلەوی یان سوننە دەردەخست نەک وەک کورد یان تورک (هەمان،ل٤٧). برۆینەسین دەڵێت لەم نموونانەدا هۆکاری سەرەکی لە گۆڕانی ناسنامەی نەتەوەییدا "سیاسی" بوو. برۆینەسین بەم ئامانجە دەگات، کە هەرچۆنێک بێت دەرکەتنی ناسیونالیزمی کوردی وەک هێزێکی سیاسی گرنگ بوو بە هۆی ئەوەی خەڵکانێک ناسنامەیەکی ئاشکرای نەتەوەیی هەڵبژێرن (هەمان ل،٤٨). لەنێوان پارتە سیاسیەکوردییەکاندا هەر وەکو پارتی کاری دیمۆکراتێک کە لە مانگی جوونی ١٩٩٤ و پارتی دیمۆکراتیکی گەل کەلە جوونی١٩٩٦دا پێکهێنران و تێدەکۆشن تاکو داخوازی کورد بەشێوازێکی ئاشتیانە دەربخەن، پارتی کرێکارانی کوردستان زۆرتر (لەهەموو پارتێکیتر) لەپێناوی مافەکانی خاڵکی کوردستاندا خۆی نواندووە ( Ismet1992,Bulloch and Morris 1992:186).
پێناسەکانی سنوورەکانی دەوڵەت
لەسەرەوەدا تێکۆشاوم ئەورێگایانەی کە دەوڵەت تێدەکۆشێت شوناسی نەتەوەیی خۆی هەر وەکو شوناسێکی نەگۆڕو یەکدەست لەپێناو چەسپاندنی ئاسایشی خۆی پێکبهێنێت و بنوێنێت، نیشانبدەم تاکو، یەکەم: سنوورەکانی ئەندامییەتی نەتەوە دیاری بکات و دووهەم: سنوورەکانی نیشتمانی خۆی بۆ دەستەبەرکردنی فەزای خۆی و بەم پێیەش چەسپاندنی یاسای سەروەری خۆی بسەلمێنێت. ئەوەم سەلماند کە دەوڵەت ناسنامەی نەتەوەیی خۆی بەسەرکوتکردن و سڕینەوەی ئەو ناسنامە جیاوازانەی کە نواندنی فەرمی ناسنامەی نەتەوەیی دەخەنە گومانەوە دەسەپێنێت. لەم بەشەدا دەمەوێت ئەوە نیشانبدەم کە دەوڵەت هەروەها ناسنامەی نەتەوەیی خۆی لەرێگای "گواستنەوەی فەزا" لە نێوان و دەرەوەی سنوورەکانی خۆیدا دەسەپێنت. دابەشبوونی نێوخۆیی فەزا لە نێوخۆی دەوڵەتدا لەرووی سیاسییەوە ئامرازێکە لە پێناو کۆنترۆڵکردنی ئەو جیاوازیانەی کە پێدەچێت پێکهێنانی کۆمەڵی سیاسی بخەنە گومانەوە. هەر بەو جۆرەی دەیوید ئیسمیت دەڵێت: کۆنترۆڵکردنی نیشتمان لەلایەن دەوڵەتەوە دەبێتە هۆی زاڵبوونی کولتورێک کە ئازادانە لە فەزاداو لەنێوخۆی سنوردا بکەوێتەگەڕ. ئەوەش دەبێتە هۆی دابەشبوون و بەڕێوەبردنی نیشتمان بەجۆرێک کە بەر لە هەر جۆرە گەشەکردنی وردە کولتوورەکان بگرێت (١٩٩٠:١١).
پێدەچێت نموومەیەکی دیار کە چۆن دەوڵەتی تورک فەزای بۆ کۆنترۆڵکردنی جیاوازییەکان لە باشووری رۆژهەڵاتدا بەکارهێناوە ئەو یاسایە بێت کە لە ساڵی١٩٣٢دا لەپێناو کپکردنی شۆڕشی ١٩٣٠ ئارارت پەسەندی کردو ئاکامی ئەو یاسایە چۆڵکردنی بە کۆمەڵ و زۆرە ملێی دانیشتوان بوو لەرێگای چوار هەرێمی تایبەت. تایبەتمەندی ئەو چوار هەرێمە هەر بەو جۆرەی جیراردچالیاند ( ١٩٩٤) دەڵێت، بەم جۆرەیە:
هەرێمی ژمارەیەک برتی بوو لەو ناوچانەی کە دەخوازرا لەوێدا دانیشتوان کولتووری تورک قبوڵ بکەن.
هەرێمی ژمارە دوو بریتی بوو لەو ناوچانەی کە دەخوازرا دانیشتوان لە کولتووری تورکدا بتوێنەوە.
هەرێمی ژمارە سێ بریتی بوو لەو ناوچانەی کە تورکە هاوردەکان لەوێدا ئازادانە بۆیان هەبوو خۆیان بسەپێنن. هەرێمی ژمارە سێ ئەو ناوچە کشتوکاڵیانە دەگرێتەوە کە زۆر بە پیت و بەرەکەت بوون.
هەرێمی ژمارە چوار ئەو ناوچانە دەگرێتەوە کە دەخوازرا دانیشتوانە کوردەکەیان بگوێزرێنەوەو بۆ مەبەستی سیاسی و پزیشکی و کولتوری ستراتیجی و رێکخستنی گشتی قەدەغە بکرێن. هەرێمی ژمارە چوار ناوچە سەخت و دژوارەکانی کوردستانی دەگرتەوە. ئێستاش دەوڵەتی تورک لەپێناو کۆنترۆڵکردنی جیاوازییەکان سیاسەتێکی فەزایی هاوشێوەی سەرەوە پێڕەو دەکات. بۆ وێنە دەوڵەتی تورک (سیاسەت)ی "دابڕانی جەستەیی" کوردانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاناتۆلیا بەپێیراگەیاندنی "دۆخی نالەبار" پێڕەو دەکات. ئەو کاتەی ناوچەیەک لە هەرێمێک کۆنترۆڵ ناکرێت سیاسەتی کۆچپێکردن پێڕەو دەکرێت. بەم بەشەی خوارەوە زۆرتر باس لەو سیاسەتە دەکات.
دابڕانی ناوچە کوردییەکان لە تورکیا:
راگەیاندنی یاسای "دۆخی نالەبار" لە باشووری رۆژهەڵاتدا ئەو کاتەی یاسا "دۆخی نالەبار" راگەیەندرا، لەنێوان ساڵەکانی ١٩٧٩ تاکو١٩٨٩ "یاسای نیزامی" جێگیر کرابوو (Whitman1988:21). یاسای دۆخی نالەبار دەسەڵاتی زۆرتری بەدەوڵەت بەرانبەر دانیشتوانی کورد لەباشووری رۆژهەڵاتدا، کە زۆرینەی کوردن دەبەخشی. چاودێری مافی مرۆڤ دەڵێت: سەرۆکی ناوچەی دۆخی نالەبار هێزە چەکدارەکان و پۆلیس و هەموو رێکخراوێکی خزمەتگوزاری و مەدەنی کۆنترۆڵ دەکات. ئەو سەرۆکە دەسەڵاتێکی رەهای هەیەو بەرانبەر هەر کردەوەیەک کە ئەنجامی بدات بەرپرس نییە (١٩٩٦:٦). یاسای دۆخی نالەبار بە سەرۆکی ئەو ناوچە ئەو دەسەڵاتە دەبەخشێت کە بەشێوەیەکی جیاواز دانیشتوانی تورک لەگەڵ کوردان هەڵسوکەوت بکات. پۆلیس لەو ناوچەیەدا دەسەڵاتی چوڵکردنی گوندەکانی هەیە. پۆلیس بە دروستکردنی کارتی پێناسەی دانیشتوان هەموو زانیارییەک و هەر جۆرە هاتوچۆی دانیشتوان کۆنتڕۆڵ دەکات. سەرۆکی ناوچەکە هەروەها دەسەڵاتی سانسۆرکردنی هەواڵ و زانیاری و دوورخستنەوەی دانیشتوانی ناوچەکەی هەیە. یاسای دۆخی نالەبار بەشێوەیەکی کارامە دەسەڵاتی دابڕانی دانیشتوانی بە دەوڵەت و بە تایبەت بە هێزەکانی پۆلیسی بە بەخشیوەو دانیشتوان مەجبوور دەکات ملکەچی دەوڵەت ببن. ستراتیجی دابڕانی دانیشتوانی کورد لە بەشەکانی تری وڵات بەشێکە لە پرۆسەی فراوانتری یەکدەستکردنی نەتەوە . ئەو یاسایە دەستێوەردانی دەوڵەت لە ژیانی تایبەتی دانیشتوانی کورد لە ناوچەکەدا دەبەخشێت. دەرخستنی "کوردایەتی" لانیکەم لەرووی تیۆرییەوە قەدەغەکراوە.
دەوڵەت بە پێکهێنانی "گاردی گوند" بۆ پشتیوانیکردنی پۆلیس، تێدەکۆشێت خەڵکی کوردستان لە PKK داببڕێت گاردی گوند لە جوتیارانی گوندنشین پێکهاتووەو دەوڵەت مانگانە پارەیان پێدەدات و چەکداریان دەکات. پێدەچێت بەشداریکردن لە گاردی گونددا ئارەزوومەندانە بێت بەڵام خەڵکی گوندەکان لەنێوان دەوڵەتی تورک و PKKدا داگیریان خواردووە. گاردی گوند لەلایەن PKK وە دەکرێنە ئامانج و ئەگەریش یارمەتی PKK بدەن و پێشنیاری دەوڵەت رەتبکەنەوە تۆمەتبار دەکرێن و دەوڵەت لێپرسینەوە و ئەشکەنجەو زیندانیان دەکات (UNHCR1993). ترسناکتر ئۆپەراسیۆنی ئەندامانی تیمەکانی تایبەتن کە بە کوردی قسە دەکەن و خۆیان وەک گەریلا دەردەخەن و مەبەستیان دەرکەوتنی لایەنگری و یارمەتی پارتی کرێکارانی کوردستانە (هەمان سەرچاوە). ئەم سترانیجییە کەش و هەوایەکی پڕ لەترس و هەڕەشەو هەروەها بێبڕوایی لەنێوان خەڵکی کوردستان و گوندنشیناندا خوڵقاندووە. دەوڵەتی تورک ئەوکاتەی سەپاندنی دیسیپلین لەباشووری رۆژهەڵاتدا بەئەنجام ناگات، دانیشتوانی کورد ملکەچی چۆڵکردنی ناوچەکە دەکات و لەشارە گەورەکانیرۆژئاوای تورکیادا، واتە ئەو شوێنانەی کەسیاسەتی تواندنەوە سەرکەوتوو بووە جێگیریان دەکات. دەوڵەتی تورک تا ئێستا ٢٠٠٠ هەزار گوندی چۆڵکردووە و لەئاکامدا٣٠٠ هەزار کورد راستەوخۆ لەئاکامی ئەو پێچۆڵکردنەدا حاڵ و ماڵی خۆیان بەجێهێشتووە و ئەویش لەحاڵێکدایە٢ ملیۆن کەسیش بەهۆی ئابووری و لەپێناو ژیانێکی باشتردا روویان لە شارە گەورەکان کردووە(MEL,21July1995:13). هەر بەو جۆرەی سەرۆک ئۆزال لە ئاکامی شەڕی شرناخ لە١٨ی ئاگۆستی ١٩٩٢دا لەهەمبەر پەنابەران گوتبووی: کێشەکە زۆر بەئاسانی چارەسەر دەکرا ئەگەر ٥٠٠ هەزار لە دانیشتوان ناوچەکە یان چۆڵبکردایەو لەرۆژئاوای تورکیادا جێگیر بکرنایە(MEI10September1992:10).
پێچۆڵکردنی گوندەکان بوەتە هۆی ئەوەی ژمارەی دانیشتوانی کوردی باشووری رۆژهەڵات دابەزێت. ئالێت دەڵێت سیاسەتی پێچۆڵکردن هاوشێوەی یاسای باری نائاسایی ستراتیجییەکی کاریگەر بووە ئەویش بەهۆی ئەوەی بووەتە هۆی رووخانی هەستی دەربڕین و دەرخستنی (ناسنامە)ی نەتەوایەتی لە باشووری رۆژهەڵاتدا(٢٦:١٩٩٤).دەوڵەتی تورک بە تواندنەوەی ناسنامەی کوردی سەر بە PKK و دروستکردنی لایەنگری سەر بە دەوڵەت، کەش و هەوایەکی خوڵقاندووە کە PKK ناتوانێت بەردەوام بێت. دیسان بۆچوونی بەرینتر کە بنەمای پرس و تێگەیشتنی ئاسایشی دەوڵەتە ئەو بیرۆکەیە کە یەکبوونی کولتوری لەنێوان نەتەوەدا پێویست بەرێکخستن و کۆنترۆڵکردنی هەرێمێکی تایبەتە. لای دەوڵەت هەر جۆرە جیاوازییەک هاوشێوەی ناسنامەی کوردی هەرەشە لەیەکێتی و تەبایی و رێکخستنی نەتەوەیە.
توندوتۆڵکردنی سنورەکانی دەوڵەت:
کۆنترۆڵکردنی ناسنامە لەدەرەوەی دوڵەتدا بێجگە لەبەکارهێنانی ستراتیجی فەزایی لەپێناو رێکخستنی ناسنامە لە نێوان دەوڵەتدا، دەوڵەتی تورک سنوورەکانی حوکمی خۆی بە توندوتۆڵکردنی سنورە فیزیکییەکانی وڵات کۆنترۆڵکردووەو بەمپێیەش لەنێوان ئەندامانی خۆی و خەڵکی بیانیدا ئاشتبوونەوەی خوڵقاندووە. کورد (لەرووی ژمارەی دانیشتوانەوە) چوارەمین گرووپی نەتەوەیین لەڕۆژهەڵاتی ناویندا کە وڵاتەکەیان لەنێوان تورکیا، ئێران، عێراق، سوریا، ئەرمەنیا و ئازەربایجان دابەشکراوە(Hassanpour1994:3). بەو بۆنەوە کە دروسبوونی دەوڵەتی کوردی دەبێتە هۆی دابەشبوونی هەر کام لەو دەوڵەتانە، زۆربەی دەوڵەتانی ناوچەکە لەهەمبەر کورداندا سیاسەتی ئەمنی پێڕەو دەکەن کە بریتییە لە تواندنەوەو کۆنترۆڵکردنی کەمینەی کوردو پێشگرتن لە دروستبوونی هەرێمێکی خودگەردانی کوردی. لای ئەو دەوڵەتانە دروستبوونی هەرێمێکی خودگەردان یەکەم هەنگاوە لەپێناو دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردیدا.مەک دواڵ دەڵێت: لەنموونە تورکیەکەیدا، پرسی سەرەکی دەوڵەتی تورکیا، لەوەتەی خەباتی کوردایەتی ڕوو لە گەشەکردن دەکات و هەروەها لەوەتەی PKK لەناوچە ئەمنیەکانی کوردستانی ئێران و تورکیا کەڵک وەردەگرێت، داخستنی ناوچە سنووریەکانە(١٤:١٩٨٩). ئەو دەڵێت ئێستا ژمارەی ئەو کوردانەی کە هەست بە ناسنامەیەکی هاوبەش لەگەڵ کوردانی دەرەوەی سنووری تورکیا لەو وڵاتە دەکەن، روو لە زیادبووندایە (٢١:١٩٩٢). مەک دواڵ هۆشداری دەدات ئەگەر دەوڵەتی تورک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کوردەکەی ئیجابی مامەڵە نەکات هەستی پان کوردی لەوانەیە تەشەنە بکات(هەمان،ل٢١).
دروستکردنی ناوچەی ئارام لەباکووری عێراق لەکۆتایی شەڕی کەنداو لەساڵی ١٩٩١ بۆ پاراستنی خەڵکی کوردستانی عێراق لە دەستدرێژی زۆرتری رژێمی سەدام حسێن تورکیای لەتەشەنەکردنی ویستی خۆبەڕێوەبردنی کوردستانەکەی تۆقاندووە. لەمانگی جوونی١٩٩٢دا لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهات. هەرچۆنێک بێت PKK لەناوچەی ئارامەوە هێرشەکانی خۆی بەرانبەر ئەرتەشی تورک رێکخستووە. لەدوای جێبەجێبوونی" ئۆپەراسیۆنی بەدیهێنانی ئارامی" کوردەکانی عێراق رووبەرووی دوو گەمارۆی سەخت واتە گەمارۆی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرانبەر عێراق و گەمارۆی رژێمی بەعس بەرانبەر کورد بووەوە. گەمارۆی ئابووری سەر عێراق و کوردستان وای لە کوردەکانی عێراق کرد بۆ پاراستنی ئاسایش و ژیانی خۆیان لەگەڵ ئانکارادا دانووستان بکەن. بۆ دابینکردنی گوزەرانی خەڵکی کوردستان و گەیاندنی شتومەکی پێویست لەدەرەوە لەرێگای تورکیاوە کە تەنها رێگای گەیاندن بوو بۆ باکووری عێراق، سەرۆکایەتی سیاسی کوردستان بەناچار ئەو دەرفەتەی بە تورکیا داوە جاروبار بۆ لێدانی PKK سنوور ببەزێنێت. لەئۆکتۆبەری ١٩٩٢دا حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆشداریدایەPKK یان پاشەکشە بکەن یان دەردەکرێن. دوای ئەو هۆشدارییە شەڕی قورسی کورتخایەن لەنێوان حکومەتی هەرێم و PKKدا ڕوویداو هێزی ئاسمانی تورکیاش لەو شەرەدا بەکارهێنرا(Kutschera1994:14). ئەو نموونەش دەریدەخات کە چۆن حکومەتی تورک سنووری وڵاتی خۆی لەگەڵ عێراقدا توندوتۆڵ دەکات و بە هەڵگیرساندنی شەڕ لەنێوان کوردەکاندا پێش لەگەشەکردنی یەکییەتی کوردەکانی هەردوولا دەگرێت.
دەوڵەتی تورک بێجگە لە سیاسەتی توندوتۆڵکردنی سنوورەکان،کوردانی دانیشتووی سەر سنووری تۆقاندووە ئەویش بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی "راوەدوونانی سەرسەختانە"و بۆردمانکردنی ناوچە سنووریەکان٦. نموونەیەکی دیاری ئەو ئۆپەراسیۆنە بەکارهێنانی پێنج هەزار سەرباز بوو لە١٤ی مەی ١٩٩٧دا بەرانبەر پەکەکە. ئەرتەشی تورک هەروەها بۆ لێدانی پەکەکە لەو ساڵانەدا ناوچەی بۆشایی سنووری بە درێژایی٣مل دروستکردو ئامرازی چاودێریکردنی هاتووچۆی گەریلاکانی لەسنووردا جێگیر کردووە. بەو هۆیەی کە جیاکردنەوەی خەڵکی گوندنشین وگەریلاکان ئاسان نییە، ئۆپەراسیۆنی راوەدوونانی سەرسەختانە وای لە ئەرتەشی تورک کردووە کوردەکان بتۆقێنێت و پێش لە دروستبوونی یەکیەتی کورد و گەریلاکان بگرێت. کوردەکانی عێراق کەلەو ئۆپەراسیۆنانە ئازار دەبینن هاوکاری ئەرتەشی تورک بۆ چەسپاندنی ئاسایشی سنوور دەکەن تاکو ئاشتی و ئارامی و خودگەردانی خۆیان بپارێزن. دەوڵەتی تورک پێیوایە بە دژوارکردنی ژیانی کوردانی هەردوولا هاتووچۆی سەرسنووری گەریلاکان و یەکگرتنی کوردانی تورکیا و عێراق دژوار دەکات. هەرچۆنێک بێت هەر بەو جۆرەی مەک دواڵ دەڵێت: ئەنجامێکی چاوەڕواننەکراوی ئەم سیاسەتە ئەوەیە پەیوەندییە ناوچەییەکان هەر وەکو پێوەندی خێڵایەتی و فێودالی دەسڕێتەوە. ئەو جۆرە پێوەندییانە لەرابردوودا لەمپەر بوو لە هەمبەر درووستبوونی بزووتنەوەیەکی ناسیۆنالیستی کوردانە نەک تەنها لە تورکیادا بەڵکو لە ئێران و عێراقیشدا. سڕینەوەی پێوەندییە ناوچەیی و خێڵایەتییەکان لەوانەیە ببێتە هۆی گەشەکردنی ناسیۆنالیزمێکی پان-کوردی. بەکوردی:دەوڵەتی تورک سنوورەکانی خۆی لە سەرەتادا بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەی ئارامی باکووری عێراق توندوتۆڵ دەکات. بەدابەشکردنی دانیشتوانی کورد دەوڵەت تێدەکۆشێت کوردەکانی خۆی لە عێراق و ئێران داببڕێت و بەمپێیەش سنوورەکانی ناسنامەی تورکی بەهێز بکات. هێشتنەوەی دووبەرەکی لەنێوان گرووپە کوردییەکانی هەرکام لەو وڵاتانە دەبێتە هۆی لەنێو چوونی درووستبوونی دەوڵەتی کوردی لە تورکیادا. سنوورەکان هەروەها بە پێی سیاسەتی تواندنەوەی کورد لە ناسنامەی تورکیدا ئەویش بە دابڕاندن و تۆقاندن و پێچۆڵکردن توندوتۆڵ دەکرێن. دیسان ئامانجی ئەمەش یەکخستنی دانیشتوانە لەپێناو رێکخستنی دەوڵەتی تورک. هەر بەو جۆرەی هەڵسوکەوتی دەوڵەتی تورک بەرانبەر کورد دەریدەخات مەبەستی دەوڵەتی تورک کۆنترۆڵکردنی جیاوازییەکان و نواندنی وێنە تورکە وەکو نەتەوەیەکی کۆکۆتەبا . ئاکامی ئەمجۆرە لۆجیک و سیاسەتەش نائەمنی و شەرانگێزی زۆرترە.
بەدووری سیاسەتێکی جێگردا:
بەشداریکردنی فرە ناسنامە لە "فەزا"دا
لەم وتارەدا ئەوەم باسکرد کە ئەو ناسنامە نەتەوەییەی بەرهەمی ئەزموونی جێۆپۆڵەتیکی سەدەی بیستەم بووەو بە پێی ئەو ئەزموونە دەوڵەتانێک وەک تورکیا ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان پێخوڵقاندووەو سنوورەکانی خۆی دیاریکردووە سیاسەتێکی وایخوڵقاندووە کە لەگەڵ فرە جۆری و جیاوازیدا یەکناگرنەوە. پێکهێنانی دەوڵەت و نواندنی ناسنامەی نەتەوەیی بەپێی کپکردنی جیاوازییەکان لەوانەش جیاوازی نەتەوەیی و رەگەز بووە. لە ئەزموونی جیۆپۆڵەتیکی سەدەی بیستەمدا، فەزا وەکو شتێک وێناکراوە کە بۆی هەیە یەکدەست بکرێت و دابەشبکرێت و لەکۆتاییدا بە (چەمکی) نیشتماندا ببەسرێتەوە. یەکبوونی فەزا بەشێکی تەواوکەر بووە بۆ پێناسەکردن و دەرخستنی یەکێتیی ناسنامەی نەتەوەیی. هەروەها یەکێتیی ناسنامەی نەتەوەیی ستراتیجییەکی گرنگ بووە لەپێناو توندوتۆڵکردنی سنوورە جیاکەرەوەکانی نیشتمان. ئەم سیاسەتە بەپێی بارودۆخی ئێستا کە جیهانیبوون بوەتە هۆی پێوەندییەکی زورترو تێکەڵاوبوونی کولتورو گەلان، بۆ رێکخستنی کۆمەڵگا زۆر مەترسیدارە. خوێندکارانی زانستی کۆمەڵایەتی و مرۆیی پێویستە دووبارە بە چەمکی جیۆپۆڵەتیکدا بچنەوە ئەویش لە پێناو رێگایەکی ئاشتیانەترو قبوڵکردنی جیاوازییەکان. لەسەرەتای ئەم وتارەدا دوو بۆچوونی "وێناکردن"ی نەتەوە پێشکەشکرا واتە بۆچوونی یەشار کەمال و بۆچوونی دەوڵەتی تورک. بۆچوونەکەی یەشار کەمال کە ئالتەرناتیڤە. پێویستە بایەخی زۆری پێبدرێت. بەکارهێنانی ئەم "جێگر"ە پێویست بە بەرپرچدانەوەی چەمی فەزاو ناسنامەیە هەر وەکو چەمکێکی یەکدەست. بۆ وێنە هەر بەو جۆرەی کە میشیل شابیرۆ دەڵێت: دەوڵەت و ئەو نەتەوانەی کە لە ناویدا دەژین هەڵگری لایەنە جۆراوجۆرو جیاوازی گۆڕانی کولتوری ناوەوەی خۆیانن. ئەو لایەنە جیاوازانە ناتوانرێت بەپێی دووبارە دەرخستنی سنوورە جوگرافییەکان دەستەبەر بکرێت. لایەنە جیاوازەکان لە پێکهاتەی نادیاری "ئەویتر"ی شاراوە دەردەکەون. هەرجۆرە ئەزمونێک لەپێناو توندوتوڵکردنی سنوورەکان شێوازێکی نوێ لە جیاوازییە پەراوێزخراوەکان دەخوڵقێنێت(٤٩٦:١٩٩٤). ژیانی ئاشتیخوازانە لەگەڵ جیاوازییەکاندا پێویست بەوە دەکات "رێکخستن" لەسەر بنەمای خوڵقاندنی فەزای زۆرەکی و یەکخستنی زۆرەملێ نەبێت (هەمان سەرچاوە،ل٤٩٩).
لەوانەیە پێداچوونەوەی چەمکی ناسنامە پێویست بە پەسەندکردنی بۆچوونی یاشار کەمال بکات، کە بەپێی ئەو بۆچوونە دەوڵەت ئەو شوێنەیە کە لەوێدا هەزاران کولتور گەشە دەکەن. لەجیاتی ئەوەی کە دەوڵەت ئەو شوێنەیە کە لەوێدا ناسنامە حاشاهەڵنەگرو نەگۆڕو یەکدەستە، ئێمە دەبێت ئەوە قبوڵبکەین کە ناسنامە نەگۆڕنییە، گومانی لەسەرەو فرە لایەن و فرە رەگەزە. مەبەستم لە "فرە رەگەز"ی سروشتی پێکهێنراوی ناسنامەیە هەم لەرووی مێژووییەو هەم بەپێی گوتار. هەر بەو جۆرەی ئیدوارد سەعید دەڵێت: تارادەیەک بەهۆی "ئیمپراتۆری"یەوە هەموو کولتورەکان تێکەڵ بە یەکتر کراون، هیچکام لەو کولتورانە پوخت و بێ هاوتا نیین، هەموویان فرە رەگەز و فرە جۆرن و یەکدەست نین (١٩٩٣XXV:). بەواتایەکیتر، لەجیاتی ئەوەی شوناسەکان رووبەرووی یەکتر ببنەوە، ئێمە پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگرین کە ناسنامەکان کار لە یەکتر دەکەن و ناسنامەی دەوڵەتی نەتەوەش بریتییە لە ناسنامە کولتوری و نەتەوەیی و رەگەزییە
بابەتی زیاتر