دروستبوونی تیرۆر لە وڵاتانی جیهاندا،مێژوو، جۆرەکانی، هۆکارەکانی
مێژوو،جۆرەکان، هۆکارەکانی دروست بوونی تیرۆر لەجیهاندا
یەکەم: مێژووی دروست بوونی تیرۆر لە جیهاندا
تیرۆر وەک دیاردەیەکی مێژوویی-کۆمەڵایەتی، بەیەکێک لە بابەتە گرنگ و هەستیار و قورسەکان لە قەڵەم دەدرێت لەڕووی دیاریکردنی مێژووەکەیەوە، چونکە ئەم دیاردەیە پەیوەندی بە هۆکارگەلێکی وەک (سیاسی و ئابووری و دەروونی و ئایینی و فیکری و کەلتوری و نەتەوەیی ...هتد) هەیە، بەڵام لەم توێژینەوەیەدا هەوڵدەدەین بەپێی هەبوونی بەڵگەی ئاماری و سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان، مێژووی دیاردەی تیرۆر بە (سێ قۆناغ) بخەینە روو، بەم شێوەیە:
أ- تیرۆر لە سەدەی کۆندا تاوەکو سەردەمی شۆڕشی فەرەنسا بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان دروست بوونی یەکەمین کردەی تیرۆر دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی کۆنی (فیرعەونییەکان) لە وڵاتی میسر، دیارترین کردەوەی تیرۆرکردن کە لەم سەردەمەدا ڕوویدابێت تیرۆرکردنی فیرعەونی (ئۆرزوریسە) پێش گرتنە دەستی دەسەڵاتی ئەمیری (شەشەم) .
وڵاتی یۆنان لە سەردەمی کۆندا بەچەندین شێواز کردەوەی تێدا ئەنجام دراوە و بینراوە، ئەویش وەک ئەنجامدانی کردەوە تیرۆریستییەکانی ململانێی نێوان هەردوو کۆمەڵی (ئۆلگارشییەکان و دیموکراتییەکان) لەشاری (Corcyca) . لە وڵاتی نێوان دوو رووباردا (میزۆپۆتامیا)، توندوتیژی و تیرۆر دەگەڕێتەوە بۆ (٣٠٠٠) ساڵ پێش زایین، کە پاشا (ئور) لەساڵی (٢٥٠٠)پ.ز، هەستا بە خاپورکردن و تاڵانکردن و خوێنڕشتن و لەناوبردنی شارەکە، کە ئەمەش شاهیدە لەسەر ئەنجامدانی توندوتیژیی خوێناوی لە خاکی نێوان دوو رووباردا.
هەروەها (ئاشورییەکان) هەستاون بە کاری توندوتیژی و تیرۆرکردن لەوڵاتی کورددا، بۆ نموونە (ئاشور ناسر بال) دەربارەی یەکێک لە شارەکانی باشووری سوریا بەم شێوەیە قسە دەکات: (لەو کاتەدا خانەدان و دەوڵەمەندەکان بەرەو ڕووم هاتن و بە ئامانجی دەربازکردنی ژیانیان کڕنووشیان بۆ قاچم دەبرد، وتیان ئەگەر دەتەوێت سەرمان ببڕە یان وازمان لێبهێنە با بمێنینەوە لەژیان، چیت دەوێت بە ویستی خۆت بکە، گەورەکانیان خۆیان رووت کردەوە و جەستەیان دەرخست هەستان بە پێشکەشکردنی جەستەیان، منیش هەستام بە ناشتنی هەندێکیان لە ژێر دیوار و پەرژینی شارەکەدا، هەندێکی دیکەیان کەوتنە سەر سک، هەروەها زۆرێک لە دیلەکان سوتێنران لەکاتێکدا کە زیندوو بوون، لەگەڵ دەرهێنانی چاو و بڕینی پەنجەی هەندێکی تریان، ژمارەیەکی تر لە سێدارەدران و هەڵواسران بە درەختەکانی ناو شارەکەدا، پاشان شارەکە خاپور کرا) .
سەردەمی (ڕۆمانیەکان) دوور نەبوو لە ئەنجامدانی توندوتیژی لەڕێگەی تیرۆرەوە، لەکاتێکدا (ئەسکەندەری مەکدۆنی) لەساڵی (٣٣٣-٣٢٣) پێش زایین، (ڕۆژهەڵاتی نزیک)ی داگیرکرد، هەستا بە بەکارهێنانی توندوتیژی دژی هاووڵاتیانی خۆی بەکارهێنا، هاوڵاتیانیش بۆ خۆپاراستن لە توندوتیژی و تیرۆر، دەگەڕان بەدوی پەناگەیەکی ئارام بۆ خۆپاراستن لەم زاڵمە، هەربۆیە ئازاردانی خەڵکی بەگشتی و بە کۆمەڵ لە دیارترین هۆکارەکانی تیرۆرن کە رۆمانییەکان بەکاریان هێناوە، بۆ نموونە (بەکارهێنانی سەگی هار و سوتاندن بە ئاگر، هەندێ کاتیش فرمانیان بە ئازاردانی خەڵکی دەکرد تا مردن کە بەمردنی چینی ناسرابوو.
لەسەدەی یەکەمی پێش زاینی، یەکەمین رێکخراوی تیرۆریستی ئایینی یهودی بەناوی (zealots) دروست بوون، وشەی (zealots) لەڕەچەڵەکدا وشەیەکی لاتینیە کە ڕۆمانەکان بەکاریان هێناوە بۆ دەستنیشانکردنی کەسی خەنجەر بەدەست و ئەوانەی خەڵکی بە خەنجەر دەکوژن، هۆی دروست بوونی زیلۆتەکان لەلایەن یەهودییەکانەوە دەگەڕێتەوە بۆ داگیرکردنی فەلەستین لەلایەن ڕۆماوە، کە پێشتریش جولەکەکان خاکی فەلەستینیان بە خاکی خۆیان ناسیوە.
لەسەردەمی دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی (ئەسکەندەری مەکدۆنی)یش دا لەنێوان ساڵانی (٣٣٣-٣٢٣)ی پێش زاینی، چەندین کردەوەی تیرۆرستی ئەنجامدراوە لەناو گەل و نەتەوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ژێر دەسەڵاتی، ئەویش بۆ بەدیهێنانی ئامانج و فراوانترکردنی دەسەڵاتی لە ناوچەکەدا، هەروەها لەسەردەمی دەسەڵاتی دەوڵەتی ئیسلامیدا بە تایبەت لەسەردەمی دەسەڵاتی دووەم خەلیفە (عومەری کوڕی خەتاب) لەسەر دەستی (ئەبولوئلوئەی مەجوسی) خەلیفەی موسوڵمانان تیرۆر کرا. دوای ئەویش سێیەم خەلیفەی موسوڵمان (عوسمانی کوڕی عەفان)یش، لەلایەن کۆمەڵە کەسێکەوە کە ناویان بە (هەڵگەڕاوە و لادەر لە ئاینی ئیسلام) دەرکردبوو، خەلیفەی موسوڵمانانیان لە کاتی قورئان خوێندن لەناو ماڵەکەی خۆیدا تیرۆر کرد.
لەسەدەی یازدەهەمدا، لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گروپی (حەشاش) ئایینی سەر بە بنەماڵەی ئیسماعیلیەکان دروست بوون، ناو هێنانیشیان بە حشاشین دەگەڕێتەوە بۆ بەکارهێنانی ماددەی (حەشیش) ئەم کۆمەڵەیە چەندین کردەوەی تیرۆریستی و توندوتیژیان ئەنجامداوە، وەک تیرۆرکردنی وەزیری سەلجوقی (نیزام ئەلمولک) لەساڵی (١٩٠٢)دا، لەگەڵ پاشای ئەم کۆمەڵەیە چەندین کردەوەی تیرۆرستی و توندوتیژیان ئەنجامداوە، وەک تیرۆرکردنی وەزیری سەلجوقی (نیزام ئەلمولک) لەساڵی (١٩٠٢)دا، لەگەڵ پاشای قودسی سەلیبی بەناو (کۆنراد موتغیرا).
ب- تیرۆر لەسەردەمی شۆڕشی فەرەنسا تاوەکو سەرەتاکانی سەدەی بیستەم.
لەگەڵ بەرپابوونی شۆڕشی فەرەنسا لە ساڵی (١٧٨٩) و کەوتنی پادشای فەرەنسا (لویسی شانزەهەم) و کۆتایی هێنان بە سیستمی دەرەبەگایەتیی کۆمەڵایەتی لەلایەن خەڵکەوە، فەرەنسا لەم سەردەمەدا بەچەندین قۆناغی تیرۆردا تێپەر بوو. بەتایبەتی دوای گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن (کۆماری جاکوبین – Jacbin)، بۆیە لەماوەی دەسەڵاتی جاکوبییەکان لەنێوان (١٠ی ئابی/١٧٩٢ تا ٢٧/٧/١٧٩٤) نزیکەی (٢٦٠٠) کەس لە (مەقسەلە)دران، کە ئەم ماوەیە بە (ماوەی تیرۆر یان حکومەتی ترس) ناودەبرێت لە مێژووی فەرەنسادا.
لەسەدەی نۆزدە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا گروپی تیرۆریستی و رەگەزپەرستی سپی پێستی بەناو (کوکلوکس کلان- Ku Klan Klux) دروست بوون، کە چەندین کردەوەی تیرۆریستییان دژی رەش پێستەکان ئەنجام دەدا، هەروەها لەساڵی (١٨٨١) سەرۆکی ئەمریکا (جیمس جارفیلد)، و قەیسەری رووسیا (ئەسکەندەری دووەم نیکولایفیتش رومانوف) لەهەمان ساڵدا تیرۆر کران، هەروەها لە ساڵی (١٨٨٢) سەرۆک وەزیرانی ئیرلەندا (لۆرد فردریک کافندش) و لە ساڵی (١٨٩٤) سەرۆکی فەرەنسا (سادی کارنو) تیرۆر کران.
ت- تیرۆر لە سەرەتای سەدەی بیستەم تاوەکو ئەمڕۆ
لە سەرەتای چارەکە سەدەی بیستداو لە ساڵی (١٩١٤) دوقی نەمسا (فرانز فیردیناند) و ژنەکەی تیرۆر کران، کە هەر بەم هۆیەوە شەڕی یەکەمی جیهانی لە بەرواری (٢٨/٦/١٩١٤)دا دروست بوو، هەروەها لە ساڵی (١٩٣٢)دا سەرۆک کۆماری فەرەنسا (بول دومیز) تیرۆر کرا. دوای ئەمیش لە ساڵی (١٩٣٤) پاشای یۆگسلاڤیا (ئەسکەندەری یەکەم) تیرۆر کرا.
لە کاتی هەڵایسانی جەنگی دووەمی جیهاندا، تیرۆر شێوازێکی دیکەی بەخۆوە گرت کە ئەویش بریتی بوو لە ستەم و زوڵمی حکومەتە دیکتاتۆرەکان دەرهەق بە هاوڵاتیانی خۆیان، لەم ماوەیەدا وشەی تیرۆر بۆ وەسفکردنی توندوتیژی و وەحشیەتگەری و تۆقاندن لەلایەن ڕژێمە سەرکوتکەرەکانی وەک (نازی و فاشیست و تۆتالیتارەکان) بەکاردەهات لەهەریەک لە وڵاتانی (ئەڵمانیاو ئیتاڵیاو سۆڤیەت) کە هاتنە سەر دەسەڵات، بەم جۆرە تیرۆر کردنەش دەڵێن تیرۆری حکومی.
لەدوای جەنگی دووەمی جیهانەوە لەناو وڵاتانی رۆژئاوادا، کردەوە تیرۆریستیەکان ئاراستەیەکی تریان وەرگرت و پەنایان دەبردە بەر شۆڕش و دروست کردنی رێکخراو، کە لەئاکامدا چەندین رێکخراوی تیرۆریستی بەهۆی ئایدۆلۆژیای جیاوازەوە لە وڵاتانی خۆرئاوا دروست بوون. کە ئەم جۆرە تیرۆرە پێی دەوترا رێکخراو. نموونەی ئەمە وەک: لە ساڵی (١٩٥٩) ڕێکخراوی توندڕەو و تیرۆریستیی (ئیتا -ETA) لە (هەرێمی باسک) لەناو وڵاتی ئیسپانیا دروست بوو، لەدوای ئەمیش لەساڵی (١٩٧٠) هەریەک لە گروپی تیرۆریستی بەناوی (لیوای سور – (BRICATE ROSSE) لە وڵاتی ئیتاڵیا و گروپی (بایدەر ماینهۆف) لە ئەڵمانیا دروست بوون.
وڵاتانی (ئەمریکای لاتین)یش چەندین گروپی تیرۆریستی جیاوازی تێدا دەرکەوتووە، کە گرنگترینیان دروست بوونی گروپی تیرۆریستی (ئێم -١٩)بوو لە وڵاتی کۆڵۆمبیا لە ساڵی (١٩٧٥)، گرنگترین کردەوە کە ئەم ڕێکخراوە ئەنجامی دابێت گرتنی کۆشکی دادگای شاری بۆگۆتا (Bogota) و بە بارمتە گرتنی (٥٠٠) کەس بوو لە ساڵی (١٩٨٥)، (٥٠) کەس لەو بارمتانە کە (١١) دادوەری وڵاتی کۆڵۆمبیای تێدا بوو کوژران.
ساڵی (١٩٥٨) لە عیراقیش لە ئەنجامی کودەتایەکی سەربازی بە سەرکردایەتیی (عەبدولکەریم قاسم)، هەریەک لە (مەلیک فەیسەڵی دووەم) و سەرۆک وەزیرانی عێراق (نوری سەعید) تیرۆر کران . دوای ئەوە (عەبدولکەریم قاسم)یش هەر خۆی کە پێشتر بە کودەتایەکی سەربازی چووبووە سەر دەسەڵات و کۆتایی بەڕژێمی پاشایەتی لەعێراق هێنابوو، لەلایەن لایەنگرانی حیزبی بەعسەوە ساڵی (١٩٦٣) تیرۆر کرا. ساڵی (١٩٨١) سەرۆکی میسر (محەمەد ئەنوەر سادات) و ساڵی (١٩٩٥)یش سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل (ئسحاق رابین) تیرۆر کران.
لە سەدەی بیست و یەکدا گەورەترین کردەوەی تیرۆریستی لەلایەن گەورەترین رێکخراوی تیرۆریستی بە ناوی (قاعیدە) بە سەرۆکایەتی (ئوسامە بن لادن) ئەنجام درا، لە ١١ی سێپتەمبەری (٢٠٠١) کە هەردوو (تاوەری بازرگانی) لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرانە ئامانج و تەقێندرانەوە ، هەروەها لە (کانوونی دووەمی ٢٠١٥) گروپە تیرۆریستییەکان لەناو جەرگەی وڵاتی فەرەنسادا هێرش دەکەنە سەر رۆژنامەی چارلی ئیبدۆ و چەند کەسێک تیرۆر دەکەن .
دووەم: جۆرەکانی تیرۆر لە جیهاندا
شارەزایانی بواری تیرۆر لەجیهاندا، چەندین پۆلێنبەندییان بۆ جۆرەکانی تیرۆر کردووە، کە هەر یەکەیان پەیوەستن بە هۆکار و هەلومەرجێکی تایبەت بە خۆیانن، بۆیە لەم توێژینەوەیەدا سەرەکیترین جۆرەکانی تیرۆری پۆلێن کراو بە (سێ بەش) دەخەینەروو کە ئەمانەی لای خوارەوەن:
١- تیرۆر لە روانگەی بکەری ئەنجامدەرەوە، پێکدێت لە:
أ- تیرۆری دەوڵەتی :
بەپێی زۆربەی بەڵگە مێژووییەکان بەکارهێنانی چەمکی تیرۆری دەوڵەتی بۆ یەکەم جار دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دوای شۆڕشی فەرەنساو بەدیاریکراوی سەردەمی دەسەڵاتی کۆماریی جاکۆبییەکان و سەرکردە رۆبسبێر، ئەویش دوای ئەو کارە توندوتیژ و تیرۆرکردنانەی کە بەناوی دەوڵەتەوە دژی هاووڵاتیانی فەرەنسا بەکاریان دەهێنا. هەندێ بەڵگەی مێژوویی تر پێیان وایە ئەم چەمکە سەرچاوەکەی لە مارکسیزمدایە، نیشاندەری سیاسەتەکانی دەوڵەتە تۆتالیتارەکانی وەک (ئەڵمانیای نازی و روسیای ستالینی)یە، بەپشت بەستن بە پۆلیسی نهێنی و کردەوەی سەرکوتکردن و تیرۆرکردن دژی هاووڵاتیانی خۆیان بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان بەکاریان دەهێنا.
ب- تیرۆری تاکەکەس: بەو کردەوە تیرۆرستیانە دەوترێت کە لەلایەن تاکێک، یان بە هاوکاریی گروپێکی رێکخراو دژی تاکێکی دیاریکراو ئەنجام دەدرێت، لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجێکی دیاریکراودا.
ج- تیرۆری کۆمەڵی: بریتییە لەو کردەوە تیرۆرستیانەی کە لەلایەن کۆمەڵ و گروپێکی رێکخراوەوە ئەنجام دەدرێت، بەمەبەستی (ترساندن و بەزاندنی بەرامبەرەکەیان و دەست بەسەراگرتنی کەرتی بازاڕ و ترساندنی دەسەڵاتدارانی سیاسی و یاسایی) .
٢-تیرۆر لە روانگەی شوێنی ئەنجامدانەوە، پێکدێت لە:
تیرۆری نێودەوڵەتی: دەستەواژەی تیرۆری نێودەوڵەتی دەرخەری دەستێوەردانی دەوڵەت، یان دەوڵەتەکانە لە کاروباری نێوخۆیی، یان دەرەکیی دەوڵەتێکی دیکە، بە ئامانجی دروستکردنی ترس و تۆقاندن لەڕێی ئەنجامدان یان بەشداریکردن لەکارە تیرۆریستیەکان یان پشتیوانیکردن لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی بە مەبەستی لەنێوبردن، و لاوازکردن و هەڵتەکاندنی ناوخۆی دەوڵەتێکی دیکە یان دەزگای رێبەرایەتی ئەو دەوڵەتە، هەروەها یارمەتیدانی دارایی و سەربازی و سیاسی بۆ گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان و بەشداریکردن لە پەلاماردانی وەک دانانی بۆمب، چاندنی مین لە بەندەرەکان و کەناراوەکان، مرۆڤ کوژی، دزینی فڕۆکە و تیرۆرکردنی کەسانی پلە بەرزی وڵاتان، ئەمانە نموونە گەلێکن لەو بوارەدا.
٣- تیرۆر لە روانگەی شێوەوە: کە لەمانەی خوارەوە پێک دێت
أ- تیۆری سیاسی :تیرۆریزم بە سروشتی خۆی جوڵانەوەیەکی سیاسییە، چونکە هانا دەبات بۆ بەکارهێنانی هێزو بەدەستهێنانی هێز بە مەبەستی ناچارکردنی ئەوانیتر بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکان، ئەم مۆدێلەی تیرۆریزم بە ئامانجی گۆڕینی رێڕەوی سیاسیی دەوڵەت یاخود گروپ و لایەنێک ئەنجام دەدرێت و رواڵەتێکی سیاسییانەی هەیە، ئەمەش وەک کردەوە تیرۆریستییەکانی نێوان حیزبی بەعس و حیزبی شیوعی لە شەستەکانی سەدەی رابردوو، دیارترین نموونەی ئەم جۆرە تیرۆرەیە.
ب- تیرۆری شۆڕشگێر: تیرۆریستە شۆڕشگێڕەکان کەسانێکن کە بە تاکتیکە نیمچە پارتیزانییەکان، هەم خاوەن دەسەڵاتە سیاسییەکان و هەم پشتیوانەکانیان تووشی شۆک و ترس و تۆقان دەکەن، ئامانجی ئەم تیرۆریستیانە ئەوەیە دەسەڵاتداران لەسەر کار لابەرن و رابەرانی سیاسیی هاوڕێیان بهێننە سەرکار، ئەو تاکتیکە باوانەی تیرۆریستان کەڵکی لێ وەردەگرن بریتین لە (بارمتەگرتن، نانەوەی بۆمب و کوشتار ..هتد)، یان لەڕێگەی راگەیاندنی گشتییەوە هەوڵی روخاندنی حکومەت دەدەن .
ت- تیرۆری ناسیۆنالیستی: ئامانجی تیرۆریستی ناسیۆنالیستی یەکگرتنەوەی نیشتیمانێکی پارچە پارچەکراو، یان رزگارکردنی گەلێکی چەوساوەو زوڵم لێکراوە. لەنێو رێکخراوە تیرۆریستیەکاندا ئەم گروپانە لە هەموویان سەرکەوتووترن، لەکاتێکدا حکومەتی فەرمانڕەوا پێدەچێت وەک تیرۆریست ئاماژەیان بۆ بکات، بەڵام زۆر کەس، بەتایبەتی هاووڵاتی و هاونەتەوەکانی خۆیان بە جەنگاوەرانی رێگای ئازادی و سەرفرازییان دەزانن، ئەم گروپانە زۆر بە وردی حساب بۆ چالاکی و لایەنگرانیان دەکەن و هەر کارێکی توندوتیژی کە بیانەوێت پێی هەستن بەجۆرێک نەخشەی بۆ دادەڕێژن، لەپێناوی سەرنجڕاکێشانی میدیاکانی جیهان بەلای خۆیاندا.
ث- تیرۆری فیکری (ئایدیۆلۆژی): تیرۆری فکری بە مانای دوژمنایەتی و بەکارهێنانی توندوتیژی نێوان مرۆڤەکان دێت، ئەویش بەکارتێکردنە سەر بیرو بۆچوونەکانی یەکتری، بە ئامانجی تێکدانی ژیان و ئاستی هۆشیاریی مرۆڤ، بە پەنابردن بۆ بەکارهێنانی کۆمەڵە ئامرازێکی وەک (پەستانی دەروونی، جەستەیی، ئابووری و کۆمەڵایەتی و کەلتووری و رۆشنبیری...هتد)، ئەمەش لەپێناو دەست بەسەرداگرتنی بیرو بۆچوونەکانی تاکەکان و کۆمەڵگا. هەندێکی تر پێیان وایە تیرۆری ئایدۆلۆژی بریتییە لەو جۆرەی تیرۆریزم کە رادەوەستێت لەسەر ململانێی چینایەتی وەک (سیستمی سەرمایەداری و سۆشیالیستی)، کە هەریەکە لەم دوو گروپە یان چینە دەیانەوێت بگەنە دەسەڵات بۆ جێبەجێکردنی ئەو سیستمە ئایدۆلۆژییەی کە بڕوایان پێیەتی، بە یەکێک لە ترسناکترین جۆرەکانی تیرۆریزم دادەنرێت، چونکە هەر یەکە لەم گروپانە دەیەوێت ئەویتر لەناوببات و بیگۆرێت بۆ ئەو سیستم و سیاسەت و ئایدیۆلۆژیایەی کە خۆی باوەڕی پێیەتی .
ج- تیرۆری کیمیایی : ئەمجۆرە تیرۆرە بە کەڵک لە مادە کیماییەکان بەڕێوە دەچێ، ئەو مادانەش وەک ( گازە خنکێنەرەکانی فۆسجین (Phosgene) و کلۆرین (Cholorine)، گازی خەردەل، گازەکانی تابوون (Tabun)، سارین (Sarin)، تێکدانی دەمار (VX).
ح- تیرۆری زانیاریی: بریتییە لەو جۆرەی تیرۆریزم کە لەڕێگەی بەکارهێنانی تۆڕەکانی پەیوەندیکردن و کۆمپیوتەر و گواستنەوەی ئەلکترۆنیی زانیارییەوە هێرش دەکەنە سەر ناوەند گەلێکی وەک (بنکەو دامودەزگا حکومییەکانی بەرگری و ئاسایش و بازرگانی و گواستنەوە و دەزگای زانیاری و سیخورییەکانی وڵاتان). ئەم هێرشانە دەتوانن ناوەند گەلێکی نەتەوەیی بخەنە مەترسییەوە و هەموو کارەکانی دەوڵەت تێک بدەن، بۆیە تیرۆریی زانیاری لەم سەردەمەی ئێستادا دەتوانێت بە ئەندازەیەک ئاسەواری وێرانکاری بەجێی بهێڵێت لەناو گەلان و دەوڵەتاندا کە لە چەکی کیمیایی و میکرۆبی زیاتر بێت .
سێیەم : هۆکارەکانی دروست بوونی تیرۆر لە جیهاندا
بەدرێژایی مێژووی مرۆڤایەتی و لە سەردەمە جیاوازەکاندا، ئەنجامی کردەوە تیرۆریستییەکان لەلایەن مرۆڤەوە کۆمەڵێک هۆکاری جیاوازی وەک (سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و دینی و دەروونی و رۆشنبیری و کەلتووری ...هتد) لەپشتەوە بووە، کە گرنگترینیان ئەمانەن:
یەکەم: هۆکاری سیاسی
گرنگترین هۆکارە سیاسییەکانی دروست بوونی تیرۆر، ئەمانەی لای خوارەوەن :
أ- پاڵپشتیکردنی وڵاتان: هاوکاریکردنی ماددی لەلایەن هەندێ لە دەوڵەتان بۆ هەندێ رێکخراوی سەرەکیی تیرۆریستی، بۆ دروستکردنی هێزێکی ناسیستمی یان چەکداری، بە مەبەستی دروستکردنی پشێوی و نانەوەی ئاشوب لە هەندێ هەرێمی دەوڵەتێکی تر، کە ئەمەش رۆڵێکی گەورە دەبینێت لە سەرهەڵدانی چەندین رێکخراوی تیرۆریستی لە جیهاندا. بە بڕوای ولیام چەمبلیس (William Chambliss) سەرۆکی ئەنجومەنی تاوانناسیی ئەمریکا (American society chiminology) (دەوڵەتەکان زۆربەی کات لە سیاسەتی دەرەوەدا بۆ جێبەجێکردنی ئامانجەکانیان خەریکی کاری قاچاغی چەک و مادە سڕکەرەکانن، یەکگرتوون لە پلانەکانی مرۆڤ کوژی و کردەوەی تیرۆریستی و تاوانەکانی تردا، سەرەڕای نایاساییبوونی ئەم کردەوانە) .
ت- سیاسەتی دەرەوەی وڵاتان و سەپاندنی هێز بەسەر وڵاتە بیهێزەکاندا :
سەپاندنی هێز لەلایەن وڵاتە زلهێزەکانەوە لە بواری دەسەڵاتی سەربازی و سەرمایەدارییەوە، بە هۆکارێکی سیاسی تر دادەنرێت لە دروست بوونی تیرۆر لە جیهاندا، یەکێکیش لە دیارترین نموونەی ئەم وڵاتانە ئەمریکایە. چونکە ئەمریکا بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی سیاسەتی دەرەوەی ئاراستە دەکات و لەڕوانگەی ئەو بەرژەوەندییانەوە دەڕوانێتە دیاردە و دەرکەوتە جیهانییەکان. لە شەڕی یەکەم و دووەمی جیهانی و شەڕی ساردیشدا ئەمریکا زیرەکانە قەڵەمڕەوی هەژموونی خۆی فراوان و تۆکمە کرد، هەر یەکە لەو شەڕانەش ئەگەر بە لێهاتوویی و لێزانی سیاسەتمەدارانی ئەمریکا نەبوایە ئەستەم بوو لەو هاوکێشە هەستیارە نێودەوڵەتییە گرەوی دەستەمۆکردنی جیهان بەرێتەوە، بۆیە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەدوای کەوتنی یەکێتی سۆڤیەتەوە بوو بە زلهێزی یەکەمی جیهان و بەهۆی دەوڵەمەندی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە (مادەی خاو، نەوت، بوونی ئابووریەکانی باش ...هتد)، هەوڵی بڵاوکردنەوەی سیاسەتەکانی خۆی لەژێر ناوی بڵاوکردنەوەی دیموکراسی و پاراستنی مافی مرۆڤ و لەناوبردنی تیرۆردا، کە سامان و دارایی ئەم وڵاتانەی بۆخۆی قۆرخ کردووە و هەر وڵاتێکیش رووبەڕووی ببێتەوە بە تیرۆریست ناوی دەبات. بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستیەش، رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست) لە وتارێکدا دەنووسێت (پێویستمان بە نەوتی سعودی و بەکارهێنانە جۆراو جۆرەکانی، لەلای ئێمە گرنگترە لە مافە مەدەنییەکان و مافی ئافرەت و شتی تر لەم وڵاتەدا).
دووەم: دروست بوونی شەڕ و داگیرکاری و بەرپەرچدانەوەی نەتەوەیی هەروەک دیارە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دیاردەی تیرۆر دەگەڕێتەوە بۆ (نەبوونی بارودۆخی ئارام و بڵاوبوونەوەی پشێوی و پاشاگەردانی و نەبوونی ئاسایش و شەڕ و داگیرکردنی وڵات و بوونی ململانیی ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی. هەروەها پاڵنەری نەتەوەیی بەهۆکارێکی تر دادەنرێ لە دروست بوونی تیرۆر لەو کۆمەڵگایانەدا کە زیاتر لە نەتەوەیەکی تێدایە. لەدۆخی دەست بەسەرداگرتنی نەتەوەیی بەسەر جڵەوی کاروباری وڵات و گرنگی دان بە شوێنکەوتووانی و پێدانی دەستکەوتی ئابووری و پلەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی باڵا لەسەر حیسابی نەتەوەکانی تر، ئەمە هەستی خۆ بەکەم زانینیان لەلا دروست دەکات و هەستی نەبوونی شایستەیی بۆ وەرگرتنی پلەو پایەی هەستیار لە دەوڵەتدا، بەم شێوەیە ئەم جیاوازی و بەربەستانە لەنێوان نەتەوەکاندا زیاد دەکات، نەتەوەی چەوسێنراو داوای مافەکانی دەکات. کاتێکیش نەتەوەی چەوسێنراو کەس نابینێ گوێی لێبگرێ و بەدەم داواکارییەکانیەوە بێت، ناشتوانێت بەشێوازی ئاشتیانە داواکارییەکانی بەدی بهێنێت لەڕێگەی هۆکارە دیموکراتییەکانەوە، بۆیە پەنا دەبەنە بەر شێوازی توندوتیژی و تیرۆر وەک تاکە ڕێگاو تاکە چارەسەر بەو ئومێدەی کە هەندێک دەستکەوت بەدەست بهینێت .
سێیەم: هۆکاری ئابووری
زۆرێک لە زاناو فەیلەسوفانی یۆنان و رۆمان لە چەرخە کۆنەکاندا و فەیلەسوفە عەرەبەکان لە چەرجی ناوەڕاست، لەگەڵ زاناکانی کۆمەڵناسیی ئەوروپا لە سەدەی نۆزدە و بیست دا لەڕێگەی توێژینەوەکانیانەوە ئەوەیان سەلماندووە کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دروست بوونی تاوان، دەگەڕێتەوە بۆ بارودۆخە ئابوورییەکان، بۆیە لێرەدا گرنگترین ئەو هۆکارە ئابووریانە دەخەینە روو کە دەبنە هۆی دروست بوونی تیرۆر، کە ئەمانەی لای خوارەوەن:
أ- دروست بوونی هەژاری: هەردوو فەیلەسوفی یۆنانی (ئەفلاتون و ئەرستۆ) پێیان وایە هەژاری بارێکی هەڵچوونی نزم لەلای تاکەکەس دروست دەکات کە بەرەنجامی هەستکردنە بە نەبوونی دادپەروەری، ئەم رەوشەش پاڵ بەکەسێکەوە دەنێت بۆ خراپەکاری بە هەموو شێوەکانیەوە کە تاوانکردن یەکێکە لەو شێوانە.
ب- جیاوازی چینایەتی: زانای هۆڵەندی بواری تاوان، ولیام ئەدریان بۆنگیر (١٩٤٠-١٨٧٦) (Williem Adriaan Bonger) کە یەکێکە لە زاناکانی (تیۆری ئابووری)، لەکتێبە بەناوبانگەکەی خۆی بەناوی (تاوان و بارودۆخە ئابوورییەکان) دەڵێ: سیستمی سەرمایەداری هۆی تاوانە رەفتارییەکانە، چونکە لەژێر سایەی سیستمی سەرمایەداریدا جیاوازییەکی زۆر لەنێوان چینی خاوەن کارو چینی کرێکاردا هەیە لە ڕووی (سوود و قازانجی بازرگانی، خانوو، جلوبەرگ، خواردن، خوێندن و زۆر لە پێویستییەکانی ژیانی هاوچەرخ، بۆ نموونە سەعاتە زۆرەکانی کار، باری ناهەمواری کرێکار و تەندروستی، کەمی کرێ، نەبوونی جێگەی حەوانەوە...هتد) کە هەموو ئەمانە گیانی رق و کینەو ئیرەیی لەدڵی چینی کرێکاردا بەرپا دەکات لە دژی چینی خاوەن کار و سەرمایەدارەکان، کە زۆربەیان لەڕێگەی تاوانەوە ئەم رق و کینەیەیان دەڕێژن.
ت- دروست بوونی بێکاری: کێشەی بێکاری پرسێکی ئابووریی زۆر نیگەرانکەری سیاسییە، ئەگەر لە ماوەیەکی دیاریکراودا حکومەت چارەسەری نەکات، ئەوا بێکاری هانی کەسانی نیمچە رۆشنبیر، لاو، دانیشتوانی شار دەدات کە پشتگیری لە بزوتنەوە سیاسییە توندڕەوە ئیسلامییەکان بکەن و دەرەنجامەکەی کردەوەی تیرۆری لێ دەکەوێتەوەو ناچار دەبن پەنا بۆشۆڕش و بەشداریکردنی گروپی ماددە هۆشبەرەکان بەرن، یان بەشداری لە کاری تاواندا بکەن .
ث- نەبوونی بەرپرسیارێتی و گەندەڵیی سەرکردەکان: یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی دروست بوونی تیرۆر لە وڵاتانی جیهاندا بە تایبەت رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک (سوریا، کوێت، سعودیە، عێراق، ئێران، لوبنان، میسر،...هتد)، دەگەڕێتەوە بۆ بوونی گەندەڵی و گەندەڵیش بریتییە لە ئیستیغلال کردنی دەسەڵات لەپێناو بەرژەوەندیی تایبەت. هەروەها گەندەڵی بنچینەی خراپەکاری لەسەردەمەکاندا دەنوێنێت، ئەدگاری قێزەونی خۆی لە هەموو جێگایەک ئاشکرا دەکات و سەرچاوەی زۆربەی کێشەکانی کۆمەڵگایە . ئەمە لە لایەک و لە لایەکی ترەوە نەبوونی بەرپرسیارێتیش لەلایەن دەستەبژێر و فەرمانڕەواکانەوە، کە هەلی گەورە دەخوڵقێنێت بۆ دروست بوونی گەندەڵی، بەهۆی ئەوەی کە دەسەڵاتی بڕیاردان لەم وڵاتانەدا، لە باڵاترین ئاستەکانی ڕژێمەکەوە دەخوڵقێت، واتە ئەو خەڵکانەی کە لە خێزانی پاشایەتی لەدایک بوون، خەڵکیش میکانیزمێکی یاسایی ئەوتۆیان نییە کە بتوانن لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکەن. بۆیە لێرەدا زمانی گفتوگۆ کردن و لێپرسینەوە لە دەسەڵاتدار و بەرپرسانی سیاسیی وڵات لەلایەن چینی زوڵم لێکراوەوە دەگۆردرێت بۆ بەرپەرچدانەوە و بەکارهێنانی کردەوەی تیرۆریستی و توندوتیژی .
چوارەم: هۆکاری کۆمەڵایەتی
بەبڕوای زاناکانی کۆمەڵناسی لە (تیرۆری کۆمەڵایەتی)دا، تاوانکردن یەکێکە لە دیاردە کۆمەڵاتییەکان و دوورە لە مەسەلەی تاکایەتی مرۆڤەوە ( واتە بە هەست و نەست و رەفتاری تاکەکەسانەوە نەلکاوە)، بەڵکو بەلای ئەوانەوە (ڕەفتاری تاوانکاری)، رەفتارێکی مرۆڤایەتییەوە لەنێو گروپێک لەخەڵکیدا دێتە ئاراوە و بە تەواوەتی پەیوەستە پێیانەوە، ئینجا بۆ ئەوەی لەم رەفتارە تێبگەین پێویستە حەقیقەتە کۆمەڵایەتییەکان کە پەیوەستن بە ڕەفتارەوە توێژینەوەیان لە سەر بکرێت، واتە بۆ پرۆسە کۆمەڵایەتییەکان و بونیادی کۆمەڵگاو گۆڕانی کۆمەڵ و کارلێکە کۆمەڵایەتییەکان. گرنگترین ئەو هۆکارە کۆمەڵایەتییانەی کە دەبنە هۆی دروست بوونی تیرۆر ئەمانەی خوارەوەن :
أ- لاوازی بونیادی خێزان: خێزان بە ناوکی دروست بوونی کۆمەڵ و بە یەکەمین بنەما دادەنرێت بۆ دروست بوونی کۆمەڵگاو ژیانی کۆمەڵایەتی لەسەر رووی زەوی، ئەگەر هاتوو ئەو بنەمایەی کە خێزانی لێ دروست دەبێت بنەمایەکی راست بوو، ئەوا خێزانێکی پتەوو بەهێزو کۆمەڵگایەکی خاوەن بونیاد و پەیوەندی بەهێز و تەندروست دروست دەبێت، بەڵام ئەگەر لەسەر بونیادێکی لاواز بێت و بناڵێ بەدەست نەزانی و دواکەوتنەوەو لە هەڵوەشاوەییدا بژی، ئەوا بێگومان ئەمە دەبێتە هۆی گەشەکردنی کەسانی ناڕێک و بە ئاسانی هەڵدەخەڵەتێن بۆ ئەنجامدانی تاوان و تیرۆر.
ب- جیابوونەوە (تەڵاق): لەئەنجامی لێک جیابوونەوەی (ژن و مێرد) وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیی ترسناک دەبێتە هۆی هەڵتەکاندنی بنەمایەکی خێزان و کۆمەڵ و پەرتەوازەکردنی منداڵ لەناو خێزاندا .
ت- پەروەردەکردنی هەڵەی منداڵ: پەروەردەکردنی هەڵەی منداڵ وەک (لێ نەپرسینەوە، شکاندنەوەی منداڵ، گوێنەگرتن لە داواکاریی منداڵ، جیاوازیکردنی ئەندامانی خێزان، خۆسەپاندنی دایک و باوک بەسەر منداڵدا، لێدانی منداڵ، ڕاکردن لە قوتابخانە...هتد)، کاریگەری گەورەو نەرێنی هەیە لەسەر کەسایەتیی منداڵ و شێوازی هەڵسوکەت و قسەکردنی لە داهاتوودا و بە یەکێک لە هۆکارەکان دادەنرێت بۆ دروست بوونی کەسایەتی منداڵ و گەنج وە دەشێ زەمینەیەکی لەبار بێت بۆ توندوتیژی و تاوان و تیرۆر لە ئاییندەدا .
پێنجەم: هۆکاری ئایینی
دروستبوونی ناکۆکی و ململانێ ئایینییەکان بەدرێژایی مێژوو تاوەکو ئەمڕۆ بەهۆکارێکی دیار دادەنرێن لە دروستبوونی توندوتیژی و کوشتن و تیرۆرکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی لەناو کۆمەڵگادا، کە زۆربەی جار بوونەتە هۆی مەترسی بۆسەر ئاسایشی دەوڵەتان: نموونەی ئەم جۆرە ململانێ ئایینیە وەک سەردەمی ئیمپراتۆریەتی (مەسیحی) لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، لەلایەن پیاوانی ئاینی کە ناودەبران بە (پاپا)، ئەمانە خۆیان بەنوێنەری خودا دەزانی لەسەر رووی زەوی و خاوەنی دەسەڵاتێکی رەها بوون لەناو کەنیسەکان و دەوڵەتدا، ئەمە بووبووە هۆی ئەوەی کە لەژێر ناوی ئاییندا چەندین کردەوەی تیرۆر دژی هاوڵاتیانی مەسیحی و غیرە مەسیحی ئەنجام بدەن، ئەمەش هەروەک دروست بوونی شەڕی نێوان لایەنگرانی هەردوو رێبازی ئاینی مەسیحی (کاسۆلیکی) و (پرۆتستانتی) کە بووە هۆی کوشتنی هەزاران هاووڵاتی لەیەکتر، جگە لە ئەنجامدانی ئەو شەڕو کوشتن و پاکتاوی ئاینییەی کە لەکاتی داگیرکردنی وڵاتانی ئیسلامیدا ئەنجامیان دا، هەروەها لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستدا و لەئەنجامی دروست بوونی جەنگی ناوخۆیی لەوڵاتی (یۆگسلاڤیا) بووە هۆی کەوتنەوەی هەزاران قوربانی لە موسوڵمانەکانی بۆسنە و هەرسک لەسەر دەستی سربیەکان ، هەروەها لەم سەردەمەی ئێستادا کە (بە سەدەی بیست و یەک) ناودەبرێت بەکارهێنانی توندوتیژی و تیرۆرکردن لەناو لایەنگرانی دیینی ئیسلام دەگەڕێتەوە بۆ چەندین هۆکاری جیاواز، ئەوانیش وەک :
أ- زۆری ژمارەی خوێندنگا ئاینییەکان: یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی سەرهەڵدان و گەشەکردنی توندڕەویی ئیسلامی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لەزۆربەی وڵاتانی ئیسلامیدا خوێندنگای ئایینی دامەزراون، کە ساڵانە چەندان کادری ئیسلامیی گۆشکراو بە شەریعەت و رێبازی ئیسلامی دەردەچن بەسود وەرگرتن لەهەلومەرجی ناوخۆی وڵاتەکە بەشداری لە گروپە توندرەوە جیهادییەکان یان حیزبە ئیسلامییەکان دەکەن کە خۆیان دەیانەوێت.
ب- شارەزا نەبوونی تیرۆریستان لە مەرجەکانی شەڕ لەروانگەی ئایینی ئیسلامەوە: ئایینی ئیسلام کۆمەڵێک مەرجی داناوە بۆ شەڕکردن کە ئەمانەن:
دەبێت بەرامبەرەکەت بە تەواوی لە (دار الحرب)دا بێت و موسوڵمانیش لە (دار الإسلام)دا بێت.
دەبێت بەرامبەرەکەت جەنگاوەرێکی کافر بێت و بەئاشکرا شەڕی دژی ئیسلام و موسوڵمانان راگەیاندبێت، واتای تەواوی (عدوالله) بگرێتەوە.
دەبێت دەوڵەتێکی ڕاستەقینەی خەلافەتی ئیسلامی هەبێت و خەلیفەی ئیسلامیش بەڵێن و بەیعەتی (الولاء والبراء)ی وەرگرتبێت لەلایەن زۆرینەی موسوڵمانانەوە.
دەبێت ئەنجومەنی ڕاستەقینەی شورای موسوڵمانان و (الحل والعقد) بوونی هەبێت بۆ ڕاگەیاندنی شەڕ و ئاشتی .
دەبێت مەرجەکانی کەسایەتی (موجاهید) هاتبێتە جێگەو تەنیاو تەنیا جیهادەکە (في سبيل الله)بێت نەک بە مەبەستی تر .
ت- تێنەگەیشتنی تیرۆریستان لەواتای ئایەتەکانی قورئانی پیرۆز: ئەمیش وەک لێکدانەوەی هەڵە بۆ واتای (فیقتلون ویقتلون): لە ئایەتی پیرۆزی (إن اللە اشتری من المؤمنین أنفسهم وأموالهم بأن لهم الجنة یقاتلون في سبیل اللە فیقتلون ویقتلون وعدا علیە حقا في التوراة والإنجیل والقرآن ومن أوفي بعهدە من اللە فاستبشروا ببیعتکم الذي بایعتم بە و ذلک هو الفوز العظیم) . لەڕاستیدا ئەم ئایەتە، تیرۆریستان وەک بەڵگەیەک دەیهێننەوە لەسەر دروستی خۆکوشتن و خۆتەقاندنەوە، ئەویش بە پاڵپشتی بە خوێندنەوەیەکی لاوەکی بۆ دوو وشەی (فیقتلون ویقتلون) کەوا دەگەیەنێت (دەکوژرێن و دەکوژن)، بەڵام ئەو خوێندنەوەیە پێچەوانەی ریوایەتی دروستی ئەهلی تەفسیرە، کە بەم جۆرەیە (فیقتلون ویقتلون) (البناء للمعلوم) پاشان (البناء للمجهول)، واتە (دەکوژرێن و دەکوژن)، واتە پێویستە بجەنگێن لەکۆڕی ڕاستەقینەی جیهاددا، بەو مەرجانەی پێشوو کە باسمان کرد .
ث- دروست بوونی گروپ و رێکخراوە سەلەفییە توندڕەوەکان: لە وڵاتانی ئیسلامی و ئەو وڵاتانەی کە بەشێکی خەڵکەکەیان موسوڵمانن، چەندین پارتی سیاسی و کۆمەڵەو رێکخراو دروست بوون کە لەڕووی بیروبۆچوون و میتۆد و ئەو چالاکییانەی کە ئەنجامیانداوە بەتیرۆر ناوبانگیان دەرکردووە، ئەمەش چەند نموونەیەک لەو رێکخراوە تیرۆریستیانە وەک (گروپی جیهادی میسر، رێکخراوی ئەلقاعیدە و بزوتنەوەی تالیبان و کۆمەڵەی ئیسلامیی چەکداریی جەزائیر و بزوتنەوەی ئۆزبەکی و بزووتنەوەی حەماس لە فەلەستین...هتد).
شەشەم: هۆکاری دەروونی
زانای نەمسایی سیگمۆند فرۆید (1856-)(Sigmund Freud 1939). لە تیۆریی (شیکردنەوەی دەروونیدا) دەڵێت: هەر رەفتارێکی مرۆیی، لەوانەش تاوانە رەفتارییەکان، پاڵنەرێکی دیاریکراوی هەیە لەناو ناخی مرۆڤەوە جا ئەو پاڵنەرە هەستی (شعوری) بێ یان نەستی (لاشعوری بێت). ئەوەی پێش فرۆید ناسرابوو تەنها هەست بوو، بەڵام فرۆید باسی لە جیهانێکی تر کرد کە بریتی بوو لە جیهانی نەست و پێی وابوو پاڵنەرە نەستییەکان رۆڵێکی زۆر گەورەتر لەڕۆڵی پاڵنەرە هەستییەکان دەبینن لە پاڵدانی مرۆڤ بەرەو ڕەفتارە جیاجیاکانی ژیانی رۆژانەی. جیهانی نەست بەوە لەگەڵ جیهانی هەست جەدایە کە مرۆڤ هەستی پێ ناکات و نازانێ چی تێدایە و چی تێدا نییە، کە مرۆڤ رەفتارێکیش دەکات لەوانەیە وا بزانێ بەهەست کردویەتی کەچی لەراستیدا لە نەستییەوە هەڵقوڵاوە .
فرۆید بەشەکانی (دەزگای دەروونی) مرۆڤی دابەشکردووە بۆ سێ بەش ئەوانیش (ئەو -Id، من Ego ، منی باڵا Super ego)، بەبڕوای فرۆید ئەم سێ بەشە هەمیشە لە ململانێدان بۆیە دەکرێت ململانێکان لەم هاوکێشەیەدا روون بکەینەوە :
ئەو دژی من
منی باڵا دژی من
ئەو + من دژی منی باڵا
منی باڵا دژی ئەو
لەدیدی فرۆیددا تاوانە رەفتارییەکان لە دوو باردا روودەدات، یەکەمیان ئەوەیە کاتێک من (کە بەشی تێگەیشتوو و پێگەیشتووی دەروونە) ناتوانێ کۆنتڕۆڵی ئەو (کە بەشی حەزو ئارەزوو و غریزە سەرەتاییەکانە)بکات، دووەمیان ئەوەیە کاتێک منی باڵا (کە بەشی نموونەیی دەروونە و پێی دەگوترێ ویژدان) لاوازەو ناتوانێ بە تەواوی بە ئەرکی سەرشانی خۆی هەستێت کە بریتییە لە چاودێری کردنی من بەش و ڕێگە گرتن لە زاڵبوونی حەزو ئارەزووە نادروستەکان بەسەریدا .
لایەنی دەروونی دەبێتە هۆی دروستبوونی تیرۆر، ئەوەش بەهۆی تێکچوونی بەهاکان و بۆشایی رۆحی و پشێوی و دڵەڕاوکێ و لەدەستدانی کەسایەتیی هاوسەنگ و بێ ئومێد بوونی گەنجان لە ژیان و بۆ هێنانەدی خەونەکانیان، هەموو ئەمانە دەبنە هۆی دروست بوونی ئارەزووی تۆڵەسەندنەوە، وای لێدەکات گرنگترین توێژی کۆمەڵگا و بەهێزترینیان کە (گەنجە) ئامادەبێت هەرکارێک بکات بۆ هێنانەدی ئامانجەکانی و چارەسەرکردنی کێشەکانی بەهەر هۆکارێک بێت. جگە لەوەی پاڵنەری (خودی) تاکەکەسیش دەبێتە هۆی دروست بوونی تیرۆر، ئەویش کاتێک کە کەسێک لە ناخیدا غەریزەی دوژمنکارانەی هەیە، ئەوا ئەو کەسە نزیکترە لە ئەنجامدانی تاوانە جیاوازەکان، ئامادەیی هەیە بۆ هاوبەشی کردنی لەهەر کارێکی دوژمنکارانە، ئەم ئارەزووە وا لە تاک دەکات کە زۆرتر دوژمنکارانە بێت و ئارەزووی خۆسەپاندن بەسەر ئەوانیتر لەلای بەهێز دەکات، دەکرێت غەریزەی دوژمنکارانە سودی لێوەربگیرێ و ببێتە مایەی سوود لێوەرگرتن، لەڕێگەی گۆڕین و ئاڕاستە کردنی بۆ ئاکار و رێبازێک کە تاک هەیبێت بەرامبەر بە داگیرکەران .
حەوتەم : هۆکاری (دەزگاکانی راگەیاندن و ئامڕازەکانی پەیوەندیکردن)
هەریەک لە (تەکنەلۆژیای نوێ و دەزگاکانی راگەیاندن و تەلەفزیۆن و سەتەلایت و تۆڕەکانی پەیوەندی کردنی ئینتەرنێت...هتد) وەک داهێنراوێکی جیهانگیری لە سەدەی بیست و یەکدا رۆڵێکی گەورە دەبینن لە نانەوەی تیرۆریزم و توندوتیژیی پروپاگەندە، لە رێگەیەوە هانی دەروونی تاکەکان دەدات بۆ هەستان بە کاری قێزەون و تێکدەرانە، یان ترساندنی جەماوەر وەک چەکێکی کاریگەر بەکاردێت بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان .
گەورە فەیلەسوفی فەرەنسا (جاک دریدا)ش پێی وایە تیرۆر کەم تا زۆر کاریگەری لەسەر دنیای راگەیەندراوی ئێمە هەیە، ئەوەی مایەی لەسەر وەستانە لای دریدا ئەوەیە کە تیرۆر دەتوانێ سنورەکان تێپەڕێنێت و زیاد لە ئاست و زیاد لە شوێن و لە هەموو کاتێکدا توانای ئەنجامدانی هەیە، ئەمەش بەو مانایە دێت کە تیرۆر کۆمەڵگە کراوە و دیموکراتەکانیش دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە، هەروەها دەڵێت تیرۆر لە داهاتوودا دەچێنرێت نەک لە ڕابردوو، ئەمەش بەردەوام دەمانخاتە چاوەڕوانییەوە تیرۆر ''هەواڵە بەپەلەکان''Breaking news'' دەوڵەمەند دەکات و ئەمەش سەرجەم تۆرەکانی میدیای جیهانی داگیرکردووە، نیگەرانی دریدا لەو روانگەیەوە کە تیرۆر دیاردەیەکی دیار نییە بەڵکو کردەوەیەکی شاراوەیە و لە چاوەڕوانیدا ئەنجام دەدرێت، ئەمەش ترس و گومان بەرهەم دەهینێت و هەمیشە لە چاوەڕوانی رودانیداین .
هەشتەم: هۆکاری ململانێی شارستانی و کولتوری
نووسەری بەناوبانگی ئەمریکی (سامویل. پ. هەنتینگتۆن) لە ساڵی (١٩٩٣)دا، لە گۆڤاری کاروباری دەرەکی ئەمریکا، وتارێکی بەناوی (پێکدادانی شارستانییەکان) بڵاوکردەوە، نوسینی ئەم وتارەش لە لایەن (هەنتینگتۆن)ەوە دەگەڕێتەوە بۆ هۆکارگەلێکی وەک (گۆڕانی هاوسەنگی هێز لەنێوان شارستانییەکاندا، ئەو پێکدادانەی کە لەجیهانگیریی رۆژئاواییەوە سەرچاوە دەگرن، سەرخستنی موسوڵمانان لە لایەنگرانی چینەکانەوە، شەڕی سنوری هەڵەو ئایندەی ڕۆژئاوای جیهان و شارستانییەکان) . ئەم زانایە پێی وایە بەدرێژایی ژیانی مرۆڤایەتی کارلێک و پەیوەندی نێوان شارستانییەکان یان ناوبەناو بووە یان لە ئارادا نەبووە، بەڵام نزیکەی پتر لە (چوارسەد ساڵە) وڵاتانی وەک (بەریتانیا، فەرەنسا، نەمسا، روسیا، ئەڵمانیا، لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سنوری شارستانیی رۆژئاوا سیستمێکی فرە جەمسەریی نێونەتەوەییان پێکهێناوە بۆ راپەڕاندنی کارەکانیان، بەڵام دوای کۆتاییهاتن بە شەڕی سارد لە کۆتایی هەشتاکان و رووخانی (یەکێتیی سۆڤیەت – ڕووسیای جاران)، ئەم هاوکێشە سیاسییە گۆڕانی بەسەردا هات، چیدی سێ بلۆکەکەی شەڕی سارد نەمان، بەڵکو (حەوت یان هەشت) شارستانیی سەرەکیی جیهان دەبێت ئەوانیش وەک (ئەمریکا، ئەوروپا، چین، ژاپۆن، روسیا، هیندستان، وڵاتانی ئیسلامی، لەگەڵ وڵاتە ناوەندی و بچووکەکان) .
هەنتینگتۆن پێی وایە چیدی پێکدادانی ترسناک لەنێوان چینی کۆمەڵایەتی و گرووپە ئابوورییە هەڵکەوتووەکان روونادات، بەڵکو لەنێوان ئەو گروپ و خەڵکانەدا روو دەدات کە سەر بە چۆنایەتیی کولتوری جیاوازن، مەترسیی هەنتینگتۆن لەوەیە لە ئەنجامی یەکگرتنی (شارستانیی ئیسلامی و شارستانیی چینی) لەدژی شارستانیی ئەوروپی و ئەمریکی، ئەوا شارستانی ئەوروپی و ئەمریکی لەناو دەچێت، بەسەرکەوتنی شارستانیی ئیسلامی و چینی کۆتایی دێت .
ئەم بۆچوونەی (هەنتینگتۆن)، زۆر لەڕاستییەوە نزیکە، چونکە ئەوەی ئێستا لەجیهاندا روودەدات، زۆربەی شەڕی پێکدادانی شارستانیی و هەیمەنەی شارستانیی دەوڵەتە سەرمایەدار و زلهێزەکانی جیهانە، ئەویش لەژێر پاساوی لەناوبردنی تیرۆر و یارمەتیدانی وڵاتانی هەژار، هەروەها یەکگرتنی هەریەک لە وڵاتانی (چین و رووسیاو ئێران...هتد) کە بەهۆی بەرژەوەندیی ئایدۆلۆژی و سیاسی و بازرگانیی نەوتەوە، پشتگیریی لە دەوڵەتی شیعی و رژێمی بەشار ئەسەدی سوریا دەکەن، لەو لاشەوە هەندێ لە وڵاتانی (ئەوروپی و ئەمریکا، سعودیە ...هتد) لەبەر نەگونجاندنی بەرژەوەندی و سیاسەتەکانیان لە دژی ئەم وڵاتانە دەوەستنەوەو بە تیرۆر و تاوانبار ناوزەندیان دەکەن.
ئەم توێژینەوەیە لەکتێبی جێکەوتەکانی شەڕی دژی تیرۆر لەسەر خێزانی خاوەن شەهید، وەرگیراوە
بابەتی زیاتر