فەلسەفە، رۆشنگەری، فێندەمێنتالیزم
ناوی ئەم کتێبەیە لە نوسینی (هاشم ساڵح)ە لە زمانی عەرەبییەوە وەرگێڕان کراوە بۆ سەر زمانی کوردی لە لایەن (شوان ئەحمەد)ەوە، یەکێکە لە بڵاوکراوەکانی مەکتەبی بیرو هۆشیاری (ی.ن.ک) کە لە ساڵی ٢٠٠٧ چاپکراوە. لەم کتێبەدا باس لە (فەلسەفە، رۆشنگەری، فێندەمێنتالیزم)دەکات کە بریتییە لە کۆمەڵێ وتارولێکۆڵینەوە، هەندێ بابەتی گرنگ و هەنوکەیی وەک( مۆدێرنەو رۆشنگەری، دیاردەی ئسوڵیەت، فەلسەفەو فکری سیاسی و چەند مەسەلەیەکیتر بدات).بە کوردی کردنی ئەم بەرهەمە تەقەللایەکی بچوکە بۆ ئاشنابوون بە هەندێ مەسەلەی فیکری گرنگ کە جێی بایەخی هەموو رۆشنبیرییە زیندووەکانی دنیان، بەشداری کردنی ئێمەش لەم مشتومڕە فەلسەفی و فکریانەدا پێداویستییەکی هەنوکەیی ژیاریە. بە تایبەتی گەر دەمانەوێت بە زمان و بە کەرەستەیەکی نوێوە داخڵ بە جیهانی تازەبین.
بەشی یەکەم
فەلسەفەو فکری سیاسی
ئەقڵی رۆشنگەری لە روی گرنگی و مەشروعیەتەوە جێگای ئاینی مەسیحی گرتەوە، یان با بڵێین ئەقڵی زانستی نوێ شوێنی ئەقڵی تیۆلۆژی کۆنی گرتەوەو بەڵێنی ئەوەی دا بە ئینسانی ئەوروپی کە هیواو ئومێدەکانی لە پێشکەوتن و کامەرانی و خۆشگوزەرانی مادی لەسەر ئەم زەوییە بۆ بەدی بهێنێت.
"لۆک ڤێری'' و "ئالان رینۆ" پێیانوایە فەلسەفەی هیومانیزم سەرەکیترین مەسەلەی فیکری هاوچەرخەو هەر بیرمەندێک شوێن دەستی دیاربێت، دەبێت هەڵوێستی خۆی لە بەهاکانی فەلسەفەی هیومانیزم دیاری بکات، ئەو بەهایانەی سەردەمی رۆشنگەری لەگەڵ خۆیدا هێنای و جێگای فێندەمێنتالیزمی مەسیحیان پێگرتەوە کە لە سەرەتاوەو تا سەدەی هەژدە بەسەر خۆرئاوادا باڵا دەستبوو.گومانی تێدانییە فەلسەفەی هیومانیزم لە پێناو خزمەتکردن بە بەرژەوەندی توێژو چینێکی دیاریکراودا لە رێی راستی خۆی لایداو بەلاڕێدابرا، بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەی دەستبەرداری پرانسیپەکانی ئەم فەلسەفەیە بین. ئەم تێکەڵکردنە لە نێوان فەلسەفەی هیومانیزم و چەوسانەوەو حەزی خۆسەپاندن و دەسەڵاتخوازیدا، دەرەنجامی زۆر خراپی دەبێت و ئایدیای پێشکەوتن و دیموکراسیەت و مافەکانی مرۆڤ نابوت دەکات.
فەلسەفەی سیاسی هاوچەرخ
تایبەتمەندی ئەم قۆناغە نوێیە بریتییە لە سەرکەوتن و بە جیهانبوونی سیستمێکی ئابووری دیاریکراو ئەویش: سەرمایەدارییە. کە دەڵێین (بەجیهانبوون) مەبەستمان تەعلیمکردنییەتی بەسەر تەواوی جیهاندا، تایبەتمەندییەکی دیکەی ئەم قۆناغە بریتییە لە سەرکەوتنی سیسیمی دیموکراسی خۆرئاوا، بەو پێیەی چاکترین سیستمێکە کە مومکین بێت یاخود خراپی لەچاو سیستمەکانی تردا کەمترە.
کامەیە سیستمی دیموکراسی؟ (ئەو سیستمەیە کە بە شێوەیەکی عەمەلی رێز لە سێ پرانسیپی سەرەکی دەگرێت)، ئەو پرانسیپانەش تەنها لە سایەی سیستمێکی پەرلەمانیدا ئەگەری مانەوەیان هەیە. ئەم سێ پرانسیپەش بەرهەمی دەستی سێ لە فەیلەسوفانی سەردەمی نوێیە: (پرانسیپی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ "جۆن لوک"، دووەم بۆ "جۆن لوک و مۆنتسکیۆ"، سێیەمیش بۆ "جان جاک رۆسۆ"). هەرسێ فەیلەسوفیش سەربە رۆژگاری فەردانیەتی لیبرالیزمن.کە لە لاپەڕە ٥٩ی ئەم کتێبە بە وردی باس لەو پرانسیپانە دەکات.
بەشی دووەم
مۆدێرنەو رۆشنگەری
هیچ زاراوەیەک لە جیهاندا هێندەی "مۆدێرنە" نێوبانگی پەیدا نەکردووە و بڵاو نەبۆتەوە، راستە لە ئێستادا زاراوەی "بەجیهانبوون" ناوبانگی زۆری پەیداکردووە، بەڵام زاراوەیەکی زۆر تازەیەو تەمەنی لە چەند ساڵێک زیاتر نییە، سەرەڕای ئەوەی "بەجیهانبوون" بۆخۆی هاوتای "مۆدێرنە"یە یان دەکرێت بڵێن درێژە پێدەری ئەوە، چەمکی "مۆدێرنە" بەهۆی زۆر بەکارهێنانیەوە کۆن بووە و لە هەمان کاتدا چەمکێکی دێرینیشە. دەتوانین بڵێن مۆدێرنە دەگەڕێتەوە بۆ "بۆدلێر"و ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە، هەرچۆنێک بێت لە دواییدا ئەم چەمکە بووە بەناوبانگترین چەمک لە جیهاندا، ئەگەر چی لە سەرەتادا "بۆدلێر" ترسی ئەوەی هەبوو بریندارکات و هێندەشی نەمابوو دەست لە هێنانە ئارای هەڵگرێت. فەیلەسوفەکان"مێژووی فکر" بەسەر سێ قۆناغی گەورەدا دابەش دەکەن: (سەردەمی یۆنانی-رۆمانی، سەدەکانی ناوەڕاست، سەردەمی مۆدێرنە).
باس و خواسی رۆشنگەری
لە راستیدا رۆشنگەری تا ئێستا تەنها لە ئەوروپای خۆرئاواو ئەمریکای باکوردا سەرکەوتوو بووە، بەڵام لە ناوچەکانی دیکەی جیهاندا هەندێ کاریگەری بەجێهێشتووە. تەنانەت لە دنیای شارستانیشدا کە دەمارگیری ئاینی تێدا کاڵبۆتەوە، رۆشنگەری هەر پێویستەو بایەخی خۆی هەیە بەڵام بۆ مەبەستێکیتر چونکە بەرخۆریکردن و گۆڕینی تەواوی دنیا بۆ کاڵایەکی بازرگانی لە لایەن بەجیهانبوونی سەرمایەدارییەوە ،هەڕەشەیە بۆسەر بەهاکانی رۆشنگەری، لە دنیای ئەمڕۆداو لەو کۆمەڵگا بەرخۆریانەدا دادپەروەری کۆمەڵایەتی لەبەردەم هەڕەشەو مەترسیدایە، چونکە خودی مرۆڤ بۆتە کاڵایەکی بازرگانی و کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت ئەمەش تەواو پێچەوانەی ئەو یاسا ئەخلاقیانەیە کە گەورە فەیلەسوفی رۆشنگەری "ئیما نوێل کانت" تەئکیدی لێکردۆتەوە دەڵێت:( نابێت مرۆڤ بکرێتە ئامرازێک بۆ بەدیهێنانی هیچ مەبەستێک، بەڵکو پێویستە هەمیشە خۆی وەکو ئامانجێک سەیربکرێت و رێزی لێبگیرێت، واتە نابێت بازرگانی پێوە بکرێت و بە هیچ شێوەیەک سوکایەتی پێبکرێت).
بەشی سێیەم
دیاردەی فێندەمێنتالیزم
فێندەمێنتالیزم کێشەی سەرەکییەو سەرچاوەی هەموو کێشەکانە هەربۆیە رۆشنبیرانی عەرەب یاخود ئیسلامی دوای بەسەرچونی ماوەیەکی زۆر نەبێت ناتوانن دەستنیشانی بکەن و چارەسەری بۆ بدۆزنەوە. ئەم مەسەلەیە تەواوی تواناکانی ئێمەی دەوێت، بە درێژای ئەم سەدەیە یان لانی کەم تا ناوەڕاستی ئەم سەدەیە.کێشە گەلێکی وەها هەن لە ماوەیەکی کورت خایەندا چارەسەر ناکرێن، بۆیە دەبێت لەمە بەئاگا بین، هەندێ کێشە هەن قەوارەو گەورەییان بەڕادەیەکە چارەسەریان لەسەروتوانای نەوەیەکەوەیە ،بەڵکو پێویستی بە چەندین نەوەی یەک لە دوای یەک هەیە تا چارەسەری بکەن و بنەبڕ بکرێت.
نوسەر دەڵێت: پێشتر وتومەو ئێستاش زیاد لە هەر کاتێکیتر سورم لەسەر ئەوەی کە: هەر رۆشنبیرێکی عەرەبی کێشەی فێندەمێنتالیزم بە کێشەی سەرەکی رۆژگاری ئەمڕۆمان نەزانێت، نە رۆشنبیرەو نە شایستەی ئەو ناوەیە. چونکە رۆشنبیر ئەو کەسەیە بە کێشەی میللەت و نەتەوەکەیەوە سەرقاڵەو گەر هاتوو خۆت بە شتە لاوەکییەکانەوە خەریک کردو مەسەلە سەرەکییەکانی پشت گوێ خست، ئەوا ئەوە مانای ئەوەیە ئەو لە دەرەوەی بازنەکەدایە. گەر بهاتبایەو ئەو فەیلەسوفانە لەگەڵ خۆیاندا بیانوتایە: مادامەکی زۆربەی زۆری میللەتانی ئێمە فێندەمێنتالستن یاخود لە تەفسیرکردنی ئاییندا شوێن پێی فێندەمێنتالیستەکان هەڵدەگرن و لەسەر ئێمەش پێویستە شوێن میللەت بکەوین و خۆمان بدەینە دەست ئەو چارەنوسە، ئەوا هیچ جۆرە گەشەو پێشکەوتنێک لە ئەوروپادا روی نەدەداو ئەوروپا بە نەزانی و دواکەوتووی دەمایەوەو تا ساتەوەختی ئێستاش بە دەست جەنگی ناوخۆو مەزهەبییەوە گیرۆدە دەبوو.
فێندەمێنتالیزم و پێکدادانی شارستانییەکان
بەبێ لەبەرچاوگرتنی مەسەلەی دەمارگیری ئایینی و ئەو شەڕە مەزهەبییانەی بە درێژایی دوو سەدە ئەوروپایان پەرتپەرت کرد، ناتوانین لەسەردەمی رۆشنگەری تێبگەین. چەمکی (لێکبوردن)یش هەر لەسەرەتاوە بۆ چارەسەر کردنی ئەم کێشەیە هاتە ئارا، واتا کێشەی هەڵکردن و پێکەوە ژیان لە نێوان هەردوو ئاینزا سەرەکییەکەی مەسیحیەتتدا. هاتنە ئارای رۆشنگەری لە پێناو خواستێکی گرنگی وەک: بەدەستهێنانی ئازادی بیروڕاو ویژداندا بوو، هەروەها بۆ ئەوە بوو مرۆڤ مافی ئەوەی هەبێت. لێکدانەوەی جیاوازی بۆ تێکستە پیرۆزەکانی هەبێت، کاتێکیش ململانێی نێوان پیاوانی ئایینی و فەیلەسوفەکان دەستیپێکرد هەر پەیوەنددی بە مەسەلەی (لێکبوردن)ەوە هەبوو چونکە زانایانی ئایینی مەسیحی پێیان وابوو بڕوا هێنان بە هەندێک بیروباواڕی ئایینی مەرجێکی سەرەکییە بۆ ئەوەی مرۆڤ لەو دنیا رزگاری ببێت و سەرفراز بێت، هەرکەسێکیش باوەڕی بەو عەقیدانە نەبێت ، ئەوا کافرەو چارەنووسی دۆزەخە. بۆیە پێویستە دژایەتی ئەو جۆرە کەسانە بکرێت و بەهەموو شێوازێک تەنگیان پێهەڵبچنرێت. هەروەها نابێت لەگەڵ ئەو کەسانەدا نەرمی بنوێنین و لێبوردەبین، لەبەر ئەوەی ئەوانە دەکەونە دەرەوەی بازنەی عەقیدەی خوداناسییەوە.