محەمەد مێرگەسۆری

لە  کتێبی ڕێکخراوی سۆسیال ئینتەرناسیۆنال چییە؟      
کە ئامادەکردنی لەلایەن محەمەد مێرگەسۆری ساڵی  چاپکراوە 2011  دەربارەی ڕێکخراوی سۆسیالیست ئینتەرناسیۆنال  هاتووە ، بزووتنەوەیەکی نێودەوڵەتی سۆسیالیستی دیموکراتی فراوانە. لە کۆمەڵێک پارت و ڕێکخراوی سیاسی خاوەن دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن پێکهاتووە، بە هەموو ڕەنگ و دەنگە جیاوازەکان. کار بۆ بەدیهێنانی بنەماکانی مافی مرۆڤ و ئاشتی جیهانی دەکات. گرنگی بە ئازادی و بنەماکانی دەدات، کار بۆ دادپەروەری کۆمەڵایەتی و هاوبەندی کۆمەڵایەتی دەکات.       
لەگەڵ ئەمانەش ڕێکخراوی سۆسیالیست ئینتەرناسیۆنال، ئامانجی سەرەکی بەدیهێنانی ئارامی و ئاشتی جیهانییە، کە لە سایەیدا هەموو دەوڵەت و هەرێمەکان لە بارودۆخێکی سەقامگیری سیاسی دابن. هەروەها هەوڵدەدات، کە ڕاو بۆچوونی سیاسی هاوبەش و هەمەلایەنە لە نێوان هەموو ئەندامانی ناو ڕێکخراو بێتە ئاراوە، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان و دانانی میکانیزمی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی هەموو پێشهات و ئەگەرێک کەوا لە داهاتوودا بێنە پێشەوە.      
لە سایەی خەباتی زۆر لە ئەندامانی ئەم ڕێکخراوە، لە زۆربەی ناوچە و هەرێمەکانی جیهان، زۆر لە ئەندامانی ئەم ڕێکخراوە، لە هەرەمی دەسەڵاتی سیاسیدان و توانیویانە پێگەیەکی فراوان و تۆکمە لە نێو هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگاکانی خۆیان دروست بکەن، کە هەمیشە وەکو هێز و لایەنی ڕۆڵگێڕ و ئەلتەرناتیڤی قۆناغە چارەنووسسازەکان بژمێردرێن، هەروەها بەشێکی تری ئەندامانی ئەم ڕێکخراوە، وەک ئۆپۆزسیۆن کار و خەباتی خۆیان دەکەن، لە پێناوی ئامانجی سیاسی و دیموکراتی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و... هتد.   

ستراتیژ و پرەنسیپەکانی ڕێکخراوی سۆسیالیست ئینتەرناسیۆنال
گۆڕانکارییەکانی جیهان و پێشهاتەکانی داهاتوو

لەگەڵ ئەو ڕۆڵەی ئەم ڕێکخراوە لەسەر ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتی جیهانیدا گێڕای، بەتایبەت لە سەدەی بیستەم، کە بووە هۆی سەرکەوتن و بەرەوپێشچوونی بەرچاو لە ناو بزووتنەوە سیاسییەکانی زۆر لە دەوڵەتانی جیهان، بەتایبەت لە بواری چاکترکردن و باشترکردنی ژیان و بژێوی کرێکاران و زەحمەتکێشان.
لەگەڵ ئەمانەش گۆڕانێکی ڕیشەیی لە ڕووی (ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی) لەسەرجەم وڵاتانی جیهان هاتووەتە ئاراوە. بەڵام ئەوەی لەلای ئەم ڕێکخراوە گرنگ و جێگەی لێدوان و لێکۆڵینەوەیە، مەودای فراوانبوونی پیادەکردنی دیموکراسی و پرەنسیپەکانیەتی، چونکە ئەمیان مەرجی سەرەکی و پێویستی گەشەسەندنی بنەما ئازادییەکان و مافەکانە لە ناو هەموو کۆمەڵگەیەک، بۆیە ئەم ڕێکخراوە هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بووە، کە هەموو لایەک لەسەر ئەم گیانە دیموکراسییە ڕابھێنێ. 
بەمەبەستی زیاتر خزمەتکردنی چین و توێژەکانی گشت کۆمەڵگاکان، بەتایبەتی ئەو کۆمەڵگایانەی، کە ھەتا ئێستا بەدەست کێشە و گرفتی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە دەناڵێنن.
لەبەر ئەوەی گەشەسەندنی بنەمایەکی دیموکراسی و ئازادییەکان مەرجی سەرەکیی لێکنزیکبوونەوەی کۆمەڵگاکانە لە یەکتر و دۆزینەوەی میکانیزمێکی ھاوبەشی ھاوکاری و ھەوڵ و کۆششی ھەمەلایەنەیە، لەپێناو فەراھەمکردنی ژیانێکی خۆشگوزەران بۆ ھەموو لایەك.
ئەمڕۆش ئەو پێشکەوتن و گەشەسەندنەی لە کۆمەڵگاکان ھاتوونەتە ئاراوە نابێت لەسەر حسابی پیسکردنی ژینگە و تێکدانی سروشت و گەردوون و ئیکۆلۆژی بێت.       
بۆیە ئەم ڕێکخراوە پاراستن و پارێزگاریکردنی ژینگە و ئیکۆلۆژی سروشتی، بە ئەرکی خۆی دەزانێ، لەڕێگەی ھوشیارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان و ئەندامانی ڕێکخراو، بۆ ئەوەی ڕێگەی گونجاو بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە بدۆزنەوە و بەربەستێکیش لەبەردەم پەرەسەندنی ئەو کێشەیە دابنێن، تاکو زیاتر تەشەنە نەکات. وەک نموونەی ئەو حیزب و لایەنانەی، کە لە وڵاتانی "ئەڵمانیا، سوید" و چەند وڵاتی تر دەیگرنە بەر. هەندێ لەو حیزبانە بەرنامەی تایبەت و گونجاویان داناوە یان دایانڕشتووە، تاکو سنوورێک بۆ پیسبوونی ژینگە دابنێن. هەروەها ئەم پرۆگرامانە، ڕۆڵێکی زۆر دەگێڕن لە کارنامەی هەڵبژاردن و پروپاگەندەکانی هەڵبژاردن.
ئەم ڕێکخراوە، پێشبینی ئەو مەترسیانەی کردووە، کە لە ئەنجامی پێشکەوتنی هەندێ لە لایەنەکانی زانستی و بوارەکانیتر دروست دەبن. بە تایبەت وەک دەرکەوتن و سەرهەڵدانی دیاردەی "بێکاری، هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵایەتی و خێزانی"، بەوەی کە ئەم دیاردانە، بە تەنیا کار ناکەنە سەر چین و توێژە هەژار و کەم دەرامەتەکان، بەڵکو زۆربەی پێکهاتەکانی کۆمەڵگاش زەرەرمەند دەبن.


 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved