خەلیل عەبدوڵڵا
پێشه‌كی
زاراوه‌ی مافی چاره‌نوس زاراوه‌یه‌كی كۆنه‌و ره‌گو ریشه‌كی مێژووی هه‌یه‌و سه‌ره‌تا وه‌ك زاراوه‌یه‌كی سیاسی ده‌ركه‌وت.دواتر شه‌قڵ و مۆركێكی یاسایی وه‌رگرت. ئێستا چه‌مكێكی یاساییه‌و له یاسای نێوده‌وڵه‌تی هاوچه‌رخدا شوێنێكی دیاریكراوی هه‌یه‌و پره‌نسپێكی پابه‌ند گشتییه. هه‌موو ئه‌و گه‌ل و نه‌ته‌وانه ده‌توانن داوا و پیاده‌ی بكه‌ن كه مه‌رج و پێوه‌ره‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ده‌یانگرێته‌وه. ئه‌گه‌ر چی تا ماوه‌یه‌كی دوور و درێژ ئه‌و بۆچوونه زاڵ بوو كه مافی چاره‌نوس ته‌نها هه‌رێم و وڵاتانی كۆلۆنی و وڵاتانی ژێر سایه‌ی سیستمی راسپارده‌ی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمه نائۆتۆنۆمه‌كان ده‌گرێته‌وه‌و ئه‌و گه‌ل و نه‌ته‌وانه ناگرێته‌وه كه به‌شێكن له ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ و دانپێدراو و رێگه‌ی پیاده‌كردنی ئه‌و مافه‌و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نوێیان پێ نادرێت. به‌ڵام گۆرانكاریه‌كانی دوای جه‌نگی سارد و بایه‌خدان به پاراستنی مافه‌كانی مرۆڤ و مافه‌كانی گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كانی سنوری ده‌وڵه‌تانی سه‌ربه‌خۆ و خاوه‌ن سه‌روه‌ری، دید و تیروانینی نوێیان گه‌ڵاله كرد و ئیدی تاراده‌یه‌ك رێگه به‌و گه‌ل و نه‌ته‌وانه‌ش درا كه بڕیاری چاره‌نوسی خۆیان بده‌ن، به دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نوێی سه‌ربه‌خۆشه‌وه.ئه‌وه به وه‌چه‌رخانێكی گرنگ وگه‌وره له بواری یاسای نێوده‌وله‌تی داده‌نرێت و كردنه‌وه‌ی ده‌رگایه‌كی گه‌وره‌یه بۆ هه‌موو ئه‌و گه‌ل و نه‌ته‌وانه‌ی له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆدا ده‌ژین بێبه‌شن له مافی چاره‌نوس.
به‌ڵام ئه‌و مه‌سه‌له‌یه هه‌ر وا ئاسان و بێ كێشه نییه.به‌ڵكو پێویستی به ره‌زامه‌ندی ده‌وڵه‌ته خاوه‌ن سه‌روه‌رییه‌كه و نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كانیش هه‌یه.
له‌و بواره ده‌توانین گه‌لی كۆسۆڤۆ به نموونه بهێنینه‌وه كه به‌شێك بوو له سه‌روه‌ری ده‌وڵه‌تی سربستان.به‌ڵام به هۆی پێشێلكاریی سامناكی مافی مرۆڤ و كۆمه‌ڵكوژی كه له دژی ئه‌نجامدرا.له ساڵی 2008 په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌ی یه‌كلایه‌نه بڕیاری جیابونه‌وه‌و راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی دا‌و دادگای دادی نێوده‌وڵه‌تیش پشتیوانی كرد و به بڕیارێكی گونجاوی دووتۆیی یاسای گشتیی نێوده‌وڵه‌تی نوێی كۆسۆڤۆدا ناوه.به‌ڵام ده‌وڵه‌تانی سربستان و رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان دانیان به سه‌ربه‌خۆیی ئه‌و ده‌وڵه‌ته نوێیه‌دا نه‌ناوه.ئه‌وه‌ش ئاسته‌نگێكی گه‌وره‌یه بۆ به ره‌سمی ناسینی ئه‌و ده‌وڵه‌ته.ئه‌مه‌ش ئه‌و راستیه ده‌رده‌خات كه راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ كارێكی قورسه‌و پێویستی به ره‌زامه‌ندیی ده‌وڵه‌ته خاوه‌ن سه‌روه‌رییه‌كه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانیش هه‌یه.
له‌م لێكۆلینه‌وه‌یه‌دا له رووی تێۆریه‌وه تیشكمان خستۆته سه‌ر مافی چاره‌نوس و شێوه‌كانی وبه‌ده‌ستهێنان و جێبه‌جێكردنی ئه‌و مافه‌مان رونكردوه‌ته‌وه.
هه‌ر له‌و چوارشێوه‌یه‌دا ئاماژه‌مان به‌خه‌باتی گه‌لانی وه‌ك (كورد، چیك و سلۆفاك، باشوری سودان، بیابانی خۆرئاوا، فه‌له‌ستین) كردووه كه به چ شێوازێك هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی مافی چاره‌نوسیان داوه.
یه‌كه‌م:پێناسه‌ی مافی چاره‌نوس
تا ئێستا زانایان و پسپۆرانی بواری یاسا‌و سیاسه‌ت له‌سه‌ر پێناسه‌یه‌ك بۆ مافی چاره‌نوس رێنه‌كه‌وتوون و هه‌ریه‌كه‌یان له دیدو تێروانینی خۆیه‌وه پێناسه‌ی كردووه.(لینین) به‌م شێوه‌یه پێناسه‌ی مافی چاره‌نوسی كردووه:" دیاریكردنی چاره‌نوسی نه‌ته‌وه‌كان به مانای جیابوونه‌وه‌ی سیاسی ئه‌و نه‌ته‌وانه له گروپه نه‌ته‌وه‌یه‌كانی تر‌و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆ دێت.
رێكه‌وتنامه‌و به‌ڵگه‌نامه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له ساڵی 1950 ه‌وه له‌سه‌ر ئه‌م پێناسه‌یه بۆ مافی چاره‌ی خۆنوسین كۆكن كه ده‌لێت:((مافی چاره‌نوس مافی گه‌لانه به ئازادی چاره‌نووسی سیاسی‌یان دیاری بكه‌ن و چاودێریی گه‌شه‌پێدانی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیرییان بكه‌ن )).
ئینسكلۆپیدیای جیهانی سیاسه‌ت ئه‌م پێناسه‌یه‌ی به گونجاو داناوه:(( مافی چاره‌نوس به مانای دابینكردنی ئازادی ته‌واو بۆ هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ك دێت بۆ دیاریكردنی چاره‌نووسی سیاسی و به‌رێوه‌بردنی كاروباری ناوخۆیی، دوور له هه‌ژمونی لایه‌نه نیوده‌وڵه‌تیه‌كان)
به‌رای ئێمه گونجاوترین پێناسه بۆ مافی چاره‌نووس ئه‌مه‌یه ((مافی چاره‌نوس مافی هه‌موو گه‌لانه كه به‌وپه‌ڕی ئازادییه‌وه باری یاسای و ده‌ستووری و نێوده‌وڵه‌تیان به پێی بنه‌ماكانی یاسای گشتی نێوده‌وله‌تی دیاری بكه‌ن كه له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیاندا بگونجێت))
دووه‌م:سوبێكتی یاسای داواكاری مافی چاره‌نوس
په‌یمانامه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و به‌ڵگه‌نامه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان به روونی و راشكاوی ئاماژه‌یان به مافی چاره‌نوس كردووه، به‌ڵام میكانیزمی داواكردن پیاده‌كردنی ئه‌و مافه‌یان دیاری نه‌كردووه له به‌رئه‌وه زانایان و پسپۆڕانی بواری یاسای گشتی نێوده‌وڵه‌تی دیدو تێڕوانینی جیاوازیان سه‌باره‌ت به‌و مه‌سه‌له‌یه هه‌یه.هه‌ندێكیان رایان وایه كه مافی چاره‌نوس دوو توێی به‌ڵگه‌نامه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ته‌نها هه‌رێم و وڵاتانی كۆڵونی و وڵاتانی ژێر سایه‌ی سیستمی راسپارده‌ی نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی و هه‌رێمه نائۆتۆنۆمیه‌كان ده‌گرێته‌وه، به‌ڵام گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كانی ناو سنوری ده‌وڵه‌تانی سه‌ربه‌خۆ و دانپێدانراو ناگرێته‌وه ئه‌و مافه، مافی گه‌لی زورینه‌ی ناو چوارچێوه‌ی ئه‌و ده‌وڵتانه‌یه.هه‌ندێك زانای تر رایان وایه كه پیاده‌كردنی مافی چاره‌نوس ته‌نها هه‌رێمه كۆلۆنیكراوه‌كان ده‌گرێته‌وه به مه‌رجێك ئه‌و هه‌رێمه چاره‌نووس خۆی یه‌كلانه‌كردبێته‌وه‌و نه‌بوبێته به‌شێك له ده‌وڵتانی سه‌ربه‌خوی خاوه‌ن سه‌روه‌ری.هه‌ندێك له زانای تر رایان وایه كه پیاده‌كردنی مافی چاره‌نوس ته‌نها هه‌رێمه كۆلۆنیكراوه‌كان ده‌گرێته‌وه به مه‌رجێك ئه‌و هه‌رێمه چاره‌نووسی خۆییه‌كلانه‌كردبێته‌وه نه‌بوبێته به‌شێك له ده‌وڵه‌تانی سه‌ربه‌خۆی خاوه‌ن سه‌روه‌ری.
هه‌ندێك له زانایان پسپۆرانی تری بواری یاسای گشتی نێوده‌وڵه‌تی رایان وایه كه‌مافی چاره‌نووس ماف و پره‌نسیپێكی گشتییه‌و هه‌موو گه‌لانی ژێر ده‌سه‌ڵات و سه‌روه‌ری ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندامی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌و مافه‌یان هه‌یه، به مه‌رجێك پێوه‌ره‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بیانگرێته‌وه.ته‌نانه‌ت دیباجه‌ی په‌یماننامه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بیانگرێته‌وه، دیباجه‌ی په‌یماننامه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانیش به ده‌سته‌واژه‌ی (ئێمه‌ی گه‌لانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان) ده‌ستی پێكردووه باس ده‌وڵه‌تان ناكات، ئه‌وه‌ش به مانای ئه‌وه دێت كه زاراوه‌ی گه‌لان هه‌موو گه‌لان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌گرێته‌وه به‌و گه‌لانه‌شه‌وه كه سه‌ربه‌خۆنین و خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی خۆیان نین. ئه‌و بۆچوونه‌ی كه ده‌ڵێت مافی چاره‌نوس ته‌نها بۆ گه‌له كۆلۆنیكراوه‌كان و گه‌لی زۆرینه‌ی ناو ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیه.چه‌ندین گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ی بێ ده‌وڵه‌تی ژێر ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه گه‌وره‌كان له مافی چاره‌نوس بێبه‌ش ده‌كات راسته مافی چاره‌نوس مافێكی گشتیه، به‌ڵام ئه‌وه‌ش به مانای ئه‌وه نییه كه به‌شێوه‌یه‌كی ره‌ها هه‌موو گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌ك ده‌گرێته‌وه.به‌ڵكو چه‌ند مه‌رج و پێوانیه‌ك بۆ ئه‌و گه‌لانه دانراوه كه دوای ئه‌و مافه ده‌كه‌ن.
راپۆرتی (كریتسكۆ) كه نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له ساڵی 1981 بڵاوی كرده‌وه، چوار مه‌رج و پێوانه‌ی بۆ ئه‌و گه‌لانه داناوه كه دوای مافی چاره‌نووس ده‌كه‌ن كه ئه‌مانه‌ن.
1-ده‌بێت ئه‌و گروپه زمان یان رۆشنبیری یان ئایینی جیاوازی هه‌بێت.
2-ده‌بێت تاكه‌كانی ئه‌و گروپه هه‌ستی مێژووی هاوبه‌شیان هه‌بێت.
3-ده‌بێت تاكه‌كانی ئه‌و گروپه پابه‌ندبن به پاراستنی ناسنامه‌ی خۆیان.
4-ده‌بێت گروپه‌كه خاوه‌ن هه‌رێمی تایبه‌تی خۆی بێت.به پێی بڕیاره‌كانی ژماره 637 ی 16 ی كانونی یه‌كه‌می 1952 و ژماره 2865 ی 20 ی كانونی یه‌كه‌می 1971ی كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، ده‌كرێت مه‌رجێكی تریش زیاد بكرێت ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه ده‌بێت گه‌له‌كه خۆی داوای پیاده‌كردنی مافی چاره‌نوس بكات به‌و شێوه‌یه‌ی كه به گونجاوی ده‌زانێت.به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌ره‌نجه له‌و خاڵانه‌شدا ئاماژه به میكانیزمی داواكردن و پیاده‌كردنی مافی چاره‌نوس نه‌كراوه.
له‌و روانگه‌یه‌وه هه‌موو ئه‌و گه‌لانه‌ی ئه‌و مه‌رجه‌یان تێدایه ده‌توانن داوای پیاده‌كردنی مافی چاره‌نووس بكه‌ن، به پێی په‌یماننامه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانیش ئه‌و مه‌رجانه زیاتر هه‌رێم و وڵاتانی كۆلۆنی و وڵاتانی ژێر سایه‌یی سیستمی راسپارده‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌رێمه نائۆتۆنۆمه‌كان ده‌گرێته‌وه، ئه‌و گه‌ل و نه‌ته‌وانه ناگرێته‌وه كه به‌شێكن له ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ و دانپێدانراو و رێگه‌ی پیاده‌كردنی ئه‌و مافه‌و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نویان پێ‌نادرێت، چونكه له رووی پراكتیكییه‌وه ئه‌و كاره هه‌روا ئاسان نییه‌و رووبه‌رووی پرنسیپی سه‌لامه‌تی هه‌رێمی و یه‌كپارچه‌ی ده‌وڵه‌تانی خاوه‌ن سه‌روه‌ری ده‌بێته‌وه.كه په‌یماننامه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان زۆر جه‌ختی لێكردوه‌ته‌وه.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا هه‌ندێك له شاره‌زایانی بواری یاسای گشتیی نێوده‌وڵه‌تی رایان وایه كه مه‌به‌ست له سه‌لامه‌تی زه‌میننی.پاراستنی ده‌وڵه‌ته له مه‌ترسی و هه‌ره‌شه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی سنوور.نه‌ك ناوخۆ و ئه‌ركی سه‌ره‌كی ده‌وڵه‌ت پاراستنی مافه بنچینه‌ییه‌كانی گه‌له‌كه‌یه‌تی، ئه‌گه‌ر ئه‌و مافانه پێشێل بكات، ئه‌و گه‌له مافی ناره‌زایی و خۆپشاندان و ته‌نانه‌ت یاخی بوونی مه‌ده‌نی و جیابوونه‌وه‌شی هه‌یه.له‌و چوارچێوه‌یه‌دا لیژنه‌ی قه‌ده‌غه‌كردنی پاكتاوی ره‌گه‌زی و پاراستی كه‌مینه‌كانی سه‌ر به نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له ساڵی 1981 له راپۆرتێكدا ئاماژه‌ی به‌وه كردووه كه پێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤ له‌گه‌ڵ بنه‌مای جیانه‌بوونه‌وه‌ی به‌شێك له ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆی خاوه‌ن سه‌روه‌ری یه‌كناگرنه‌وه. ئه‌وه‌ش به مانای ئه‌وه دێت كه جیابوونه‌وه‌ی هه‌رێمێكی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ وه‌ك بنه‌مایه‌كی گشتی رێگه پێنه‌دراوه، به‌ڵام له حاله‌تی پێشێلكردنی مه‌ترسیدار و سامناكی مافه‌كانی مروڤ له‌و هه‌رێمه‌دا رێگه پێدراوه.ئه‌وه‌ش به‌وه‌چه‌رخانێكی گرنگ و ناوازه له یاسای گشتی نێوده‌وڵه‌تی داده‌نرێت و پشتیوانی ئه‌و تێزه ده‌كات كه مافی چاره‌نوس مافێكی گشتییه‌و هه‌موو ئه‌و گه‌لانه ده‌گرێته‌وه كه مه‌رج و پێوه‌ره‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ده‌یانگرێته‌وه به‌و گه‌لانه‌شه‌وه كه له سنووری ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ و دانپێدنراودا ده‌ژین و به‌شێكن له سه‌روه‌ری ئه‌و ده‌وڵه‌ته.به‌و مه‌رجه‌ی ده‌وڵه‌ته خاوه‌ن سه‌روه‌رییه‌كه‌و كۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ره‌زامه‌ندبن له‌و باریه‌وه.
سێیه‌م:شێوه‌كانی داواكردن و پیاده‌كردنی مافی چاره‌نوس
یه‌كه‌م:شێوه‌كانی داواكردنی مافی چاره‌نوس
مافی چاره‌نوس، یه‌كێكه له‌و مافانه‌ی كه ده‌بێت به یه‌كێك له شێوه‌كان له لایه‌ن ئه‌و گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌وه داوابكرێت كه له‌و مافانه بێبه‌شه، به مه‌رجێك پێوه‌ره‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بیگرێته‌وه.
شێوه‌كانی به‌ده‌ستهێنانی مافی چاره‌نوس دوو جۆره كه ئه‌مانه‌ن:
أ.شێوه‌ی ئاشتیانه
ب.شێوه‌ی توند‌و تیژی (خه‌باتی چه‌كداری)
په‌نابردن بۆ هه‌ریه‌ك له‌و شێوانه بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافی چاره‌نوس په‌یوه‌ندی به ئاستی هۆشیاری و پێشكه‌وتنی هه‌ر گه‌لێك و سروشتی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌وه هه‌یه كه داوای ئه‌و مافه‌ی لێده‌كرێت.له ده‌وڵتانی شارستانی و دیموكراسیدا ئه‌و مافه به شێوازێكی ئاشتیانه ده‌سته‌به‌رده‌كرێت.به‌ڵام له ده‌وڵه‌ته دواكه‌وتوو دیكتاتۆریه‌كاندا به‌ناچاری په‌نا بۆ شێوه‌ی توند‌و تیژی و خه‌باتی چه‌كداری ده‌برێت
أ.شێوه‌ی ئاشتیانه
داواكردنی مافی چاره‌نوس به‌شێوه‌ی ئاشتییانه به شێوازێكی شارستانی و سه‌رده‌میانه داده‌نرێت.ئه‌م شێوازه په‌یوه‌ندی به ئاستی هۆشیاری سیاسی ئه‌و گه‌له‌وه هه‌یه كه داوی ئه‌و مافه ده‌كات، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندی به عه‌قلیه‌یه‌تی ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌وه هه‌یه كه ئه‌و داوایه‌یی لێده‌كرێت.واته ده‌بێت هه‌ردووكیان له ئاستی به‌رجه‌سته‌كردنی ئه‌و مافه‌دابن به شێوه‌ی ئاشتییانه.
ئه‌و گه‌له‌ی به شێوه‌ی ئاشتییانه داوای پیاده‌كردنی مافی چاره‌نوس ده‌كات ده‌بێت له ئاستێكی گونجاوی هۆشیاری سیاسی و پێشكه‌وتندا بێت و خاوه‌نی دامه‌زراوه شارستانیه‌كانی وه‌ك ( حزبی سیاسی، سه‌ندیكا، رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی، میدیای ئازاد) بێت .
ده‌بێت ئه‌و دامه‌زراوانه به شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه خواست و داخوازییه‌كانی گه‌ل بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافی چاره‌نوس له رێگه‌ی كۆڕ كۆبوونه‌وه‌و میدیا و خۆپشاندان و وتار و گفتوگۆ‌و دانوستان لێدوانی سه‌ركرده سیاسیه‌كانه‌وه بخه‌نه‌ڕوو.
كۆتایی هاتنی جه‌نگی سارد زه‌مینه‌یه‌كی له‌باری ره‌خساند بۆ ئه‌وه‌ی چه‌ندین گه‌ل و نه‌ته‌وه به‌شێوه‌ی خه‌باتی ئاشتیانه به مافی چاره‌نوس بگه‌ن و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ خۆیان رابگه‌یه‌نن.له‌وانه یۆگۆسلاڤیا (سلۆڤینیا، كرواتیا، مه‌كدۆنیا، بۆسنه‌و هه‌رسك، مۆنتینیگرۆ)
یه‌كێتی سۆڤیه‌ت (توركمانستان، ئازه‌ربایجان، گورجستان، ئۆكرانیا، ئه‌رمه‌نستان، قیرغزستان، ئۆزبه‌گستان، لاتیفیا، ئستونیا، لیتوانیا..هتد).
ب.شێوه‌ی توند و تیژی (خه‌باتی چه‌كداری)
په‌نابردن بۆ شێوه‌ی توند‌و تیژی یاخود شۆڕش و خه‌باتی چه‌كداری، به قۆناغێكی باڵا و مه‌ترسیدار و خوێناوی به‌ده‌ستهێنانی مافی چاره‌نوس داده‌نرێت. هه‌ڵبژاردنی ئه‌م شێوازه له دوای ئه‌وه دێت كه هه‌موو ده‌روازه‌كانی خه‌باتی ئاشتیانه داده‌خرێن و به ناچاری په‌نا بۆ ئه‌و شێوه خه‌باته ده‌برێت.چه‌ند هۆكارێك واده‌كات كه په‌نا بۆ شۆڕش یاخود خه‌باتی چه‌كداری ببرێت له‌وانه:
1-ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی وه‌ڵامی داوای ئاشتیانه‌ی ئه‌و گه‌له نه‌داته‌وه.
2- ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی ده‌سپێشخه‌ربێت له په‌نابردن بۆ شێوازی توندوتیژی.
3-په‌شیمان بوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی له‌و به‌لێنانه‌ی كه بۆ به‌خشینی مافی چاره‌نووس به‌و گه‌له دابووی.به پێی یاسای گشتیی نێوده‌وڵه‌تی، ئه‌و گه‌له‌ی رێگه‌ی لێ بگیرێت كه به شێوازی ئاشتییانه به مافی چاره‌نوس به‌و گه‌له دابووی.به پێی یاسایی گشتی نێوده‌وڵه‌تی، ئه‌و گه‌له‌ی رێگه‌ی لێ بگیرێت كه به شێوازێكی ئاشتییانه به مافی چاره‌نوس بگات،مافی خۆیه‌تی په‌نا بۆ شۆڕش و خه‌باتی خه‌باتی چه‌كداری ببات.نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له چه‌ند بۆنه‌و مه‌سه‌له‌یه‌كدا، دانی به ره‌وایه‌تیی په‌نابردن بۆ شۆڕش و خه‌باتی چه‌كداری ناوه بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافی چاره‌نووس.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی به پێی بڕیاره‌كانی(232 و 235) له 16ی كانونی یه‌كه‌می 1966 و 29 ی شوباتی 1979 دانی به ڕه‌وایه‌تی خه‌باتی چه‌كداریدا ناوه بۆ گه‌یشتن به مافی چاره‌نوس، له‌وانه (شۆڕشی گه‌لی ئه‌نده‌نوسیا، شۆڕشی گه‌لی كشمیر، خه‌باتی چه‌كداری گه‌لانی نامیبیا و فه‌له‌ستین).
دووه‌م:رێگاكانی جێبه‌جێكردنی مافی چاره‌نوس
جێبه‌جێكردنی مافی چاره‌نووس به چه‌ند رێگایه‌ك ده‌بێت له‌وانه (راپرسی گشتی، بریاری ده‌ستیه‌كی نیشتمانی هه‌لبژێردراو (په‌رله‌مان)، بڕیاری سه‌ركردایه‌تیی بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاری نیشتمانی، گفتوگۆ و دانوستان، بڕیاری نێوده‌وڵه‌تی له رێگه‌ی كۆنگره‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی یاخود په‌یماننامه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی).
به‌ڵام له سه‌رده‌می نوێ‌دا و پیاده‌كردنی مافی چاره‌نوس به دوو رێگه‌ی سه‌ره‌كی ده‌بێت، ئه‌وانیش ( راپرسی گشتی و بڕیاری ده‌سته‌یه‌كی نیشتمانی هه‌لبژێردراو(په‌رله‌مان).ئه‌ویش به هۆی ئه‌وه‌ی كه ئه‌و دوو رێگه‌یه ده‌ربری خواستی راسته‌قینه‌ی گه‌له بۆ به‌رجه‌سته‌كردن و پیاده‌كردنی مافی چاره‌نوس.به پێویستی ده‌زانین به كورتی ئاماژه به دوو رێگه سه‌ره‌كیه‌كه‌ی پیاده‌كردنی مافی چاره‌نوس بكه‌ین .
أ.راپرسی گشتی
رێگه‌ی راپرسی گشتی بۆ پیاده‌كردنی مافی چاره‌نوس، شێوازێكی شارستانی و دیموكراسی گونجاوه بۆ ده‌ربڕینی خواستی جه‌ماوه‌ر بیرۆكه‌ی ئه‌نجامدانی راپرسی بۆ سه‌رده‌می شۆرشی فه‌ره‌نسا ده‌گه‌رێته‌وه و له سه‌رده‌می كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لانیش كار به راپرسی گشتی كراوه بۆ نموونه له 16 ی مایسی 1920دا، 56% ی هاووڵاتیانی سویسرا له راپرسیه‌كدا ده‌نگیان دا كه وڵاته‌كه‌یان ببێته ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان، هه‌روه‌ها هه‌رێمی سارن كه هه‌رێمێكی ئه‌ڵمانی بوو له ژێر ده‌سه‌ڵاتی فه‌ره‌نسادا بوو، ساڵی 1935 له رێی راپرسیه‌وه گه‌رایه‌وه سه‌ر ئه‌ڵمانیا.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه په‌یماننامه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ئاماژه‌ی به راپرسی وه‌ك شێوازێكی پیاده‌كردنی مافی چاره‌نوس نه‌كردووه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دانی به شێوازی راپرسیدا ناوه له ژێر سایه‌ییدا چه‌ندین راپرسی ئه‌نجام دراوه.هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یدا هه‌ردوو گه‌لی (مۆنتینیگرۆ و تیمۆری خۆرهه‌ڵات) له رێی راپرسیه‌وه به مافی چاره‌نووس گه‌یشتن و ئێستا خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆن.
ب.بڕیاری ده‌سته‌یه‌كی نیشتمانی هه‌ڵبژێردراو(په‌رله‌مان)
په‌رله‌مان ئه‌و دامه‌زراو گرنگه‌ی یاسادانانه كه له لایه‌ن گه‌له‌وه، له رێی سندوقه‌كانی ده‌نگدانه‌وه متمانه به ئه‌ندامه‌كانی ده‌به‌خشرێت، ئه‌و دامه‌زراوه‌یه نوێنه‌رایه‌تی راسته‌قینه‌ی خواستی گه‌ل ده‌كات و بریاره گرنگ و چاره‌نووسازه‌كانی وه‌ك مافی چاره‌نوس ده‌دات.ده‌توانین نموونه‌ی چه‌ندین گه‌ل بهێنینه‌وه كه له رێی په‌رله‌مانه‌وه چاره‌نوسی خۆیان دیاری كردووه، له‌وانه په‌رله‌مانی سودان له ساڵی 1956دا به كۆی ده‌نگ بریاری سه‌ربه‌خۆی وڵاته‌كه‌یدا، كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی هیندستان له ساڵی 1949 بڕیاری سه‌ربه‌خۆی وڵاته‌كه‌یدا ، په‌رله‌مانی وڵاتانی نایجیریاو كه‌مبودیا و مۆریتانیا له ساڵی 1960 بڕیاری سه‌ربه‌خۆی وڵاته‌كانیان ده‌ركرد.په‌رله‌مانی كۆسۆڤۆ له ساڵی 2008 بڕیاری وڵاته‌كه‌ی په‌سه‌ند كرد .په‌رله‌مانی كوردستان له ساڵی 1992 به راگه‌یاندنی فیدراڵی چاره‌نووسی گه‌له‌كه‌ی دیاری كرد.
چواره‌م:خه‌باتی گه‌لان بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافی چاره‌نوس
له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌و راستیانه‌ی كه له به‌ڵگه‌نامه نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا سه‌باره‌ت به داواكردن و پیاده‌كردنی مافی چاره‌نووس هاتوون، پێویسته باس له خه‌باتی سیاسیی و ئاشتیانه‌و خه‌باتی چه‌كداری چه‌ند گه‌لێك بكه‌ین بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافی چاره‌نووس له‌وانه (گه‌لی كورد، گه‌لی بیابانی خۆرئاوا، گه‌لی باشوری سودان، گه‌لی فه‌له‌ستین، هه‌ردوو گه‌لی چیك و سلۆڤاك)
1.گه‌لی كوردستان له عێراق
پرنسیپی مافی چاره‌نوس یه‌كێكه له پرنسیپه‌كانی یاسای گشتی نێوده‌وڵه‌تی و له بنه‌ما پابه‌نده‌كانه، له هه‌مان كاتدا په‌رله‌مانی كوردستان مافی بڕیاردانی چاره‌نوسی به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كێتیی ئاره‌زوومه‌ندانه له چوارچێوه‌ی فیدرالیزمدا پیاده‌كرد، مافێكه له مافه مرۆییه بنچینه‌ی و جێگره‌كان، له‌و روانگه‌یه‌وه چه‌ند پابه‌ندیه‌كی دیاریكراو ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌گشتی و ئه‌ندامانی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و له ناویاندا عێراق به تایبه‌تی و كه چه‌ند رێوشوێنێكی پراكتیكی به شێوه‌ی تاك و هاوبه‌ش بگرنه به‌ر له رێگه‌ی داموده‌زگاكانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی گه‌لانی ژێر ده‌سه‌ڵاتیان به مافه‌كانیان بگه‌ن، به پێی پابه‌ندییه‌كانی ماده‌كانی (56 و 102)ی په‌یماننامه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان.
گه‌لی كوردستان وه‌ك هه‌موو گه‌لانی تری جیهانی ، مافی دابینكردنی مافه‌كانی هه‌یه‌و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به گشتی و عێراق به تایبه‌تی له‌وباریه‌وه پابه‌ندییان ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆ.ئه‌ویش له‌به‌رئه‌وه‌ی كه عێراق ئه‌ندامی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانه، ده‌بێت پابه‌ندی هه‌ردوو مادده‌ی (56 و 103)ی په‌یماننامه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بێت.كه هه‌ردوو ماده‌كه جه‌خت له پابه‌ندێتی ئه‌ندامانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان به به‌نده‌كانی په‌یماننامه‌كه‌یه‌وه ده‌كه‌نه‌وه.له لایه‌كی تره‌وه به حوكمی ئه‌وه‌ی كه عێراق هه‌ردوو په‌یماننامه‌ی ساڵی 1966ی مافه‌كانی مرۆڤی به ره‌سمی ئیمزا‌و په‌سه‌ندكرد كردووه، پابه‌ندێتی ده‌كه‌وێته سه‌رشانی كه پشتیوانی له دابینكردنی مافه‌كانی گه‌لی كوردستان بكات.
گه‌لی كوردستان مافی چاره‌نوسی خۆی له رێی په‌رله‌مانه‌وه له فیدراڵیدا به‌رجه‌سته‌كردووه، به‌ڵام مافی خۆیه‌تی ئاستی ئه‌و داوایه‌ی له كاتێكی گونجاو‌دا به‌رزتربكاته‌وه.
مافی چاره‌نوس، مافێكه له مافه‌كانی گه‌لان و ئه‌رك نییه، له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌بێت ئه‌و گه‌له خۆی داوای ئه‌و مافه بكات و ناكرێت له لایه‌نی تره‌وه داوابكرێت یاخود بوروژێنرێت.
وه‌كو پێشتر ئاماژه‌مان پێكرد دوو رێگا هه‌یه بۆ داواكردنی مافی چاره‌نوس، ئه‌وانیش یه‌كه‌مییان رێگه‌ی ئاشتییانه‌و دووه‌میان رێگه‌ی خه‌باتی چه‌كدارییه.
گه‌لی كوردستانی عیراق له قۆناغه جیاجیاكان و به پێی هه‌لومه‌رجه ناوخۆی و ده‌ركیه‌كان په‌نای بۆ هه‌ردوو شێوازه‌كه بردووه بۆ داواكردنی مافه‌كانی.پێویسته ئاماژه به‌و هه‌وڵانه بكه‌ین كه گه‌لی كوردستان له‌و دووبواره داویه‌تی:
یه‌كه‌م:رێگه‌ی ئاشتیانه:
أ.دامه‌زراندنی حیزب و رێكخراوه‌كان
له سه‌ره‌تای بیسته‌كانی سه‌ده‌ی رابردووه تا ئێستا گه‌لی كوردستان له عێراق چه‌ند حیزب و رێكخراوێكی سیاسی و مه‌ده‌نی دامه‌زراندووه وه‌ك ئامرازێك بۆ به‌ده‌ستهینانی مافه‌كانی.له‌و چوارچێوه‌یدا ئاماژه به به‌شێك له‌و حیزب و رێكخراوانه ده‌كه‌م كه ئه‌مانه‌ن(كۆمه‌ڵه‌ی سه‌ربه‌خۆی كوردستان له 1920، كۆمه‌ڵه‌ی كوردستان له 1922، كۆمه‌ڵه‌ی لاوان له 1933، كۆمه‌ڵه‌ی برایه‌تی له 1938، حیزبی هیوا له 1939، لیژنه‌ی ئازادی له 1945،حیزبی شیوعی كورستان (شوڕش) له 1945، پارتی دیموكراتی كورد 1946، یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان له 1975 و چه‌ندین حیزب و رێكخراوی سیاسی و مه‌ده‌نی تر)
ب.سازدانی گفتوگۆ و پێشكه‌شكردنی یاداشت:
له‌سه‌ره‌تای دروستبونی ده‌وڵه‌تی عیراقه‌وه، نوێنه‌رایه‌تی گه‌لی كوردستان چه‌ندین گفتوگۆ و وتوێژیان له‌گه‌ل حكومه‌ته یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عیراق ئه‌نجامداوه و چه‌ندین یاداشتیان پیشكه‌ش كردوون.له‌م بواره‌دا ئاماژه به‌م هه‌وڵانه ده‌كه‌م:( یاداشتی كه‌سایه‌تیه‌كانی كورد بۆ كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان له دوای ئیمزاكردنی په‌یمانی ئه‌نگلۆ-عێراقی له 30 حوزه‌یرانی 1930، گفتوگوكانی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌گه‌ڵ حكومه‌ته‌كانی عێراق له كۆتایی ساڵی 1983، گفتوگۆی به‌ره‌ی كوردستانی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق له ساڵی 1991).
سازدانی گفتوگۆ و نوسینی یاداشت نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه كه نوێنه‌رایه‌تی گه‌لی كوردستان په‌نایان بۆ شێوه‌ی ئاشتییانه‌ی داواكردنی مافه‌كانیان بردووه كه زۆرجار خۆی له داواكردنی ئۆتۆنۆمیدا بینیوه‌ته‌وه.
دووه‌م: رێگه‌ی خه‌باتی چه‌كداری
له دوای جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانیه‌وه تا راپه‌رینی 1991، گه‌لی كوردستان له عێراقدا چه‌ندین شۆڕش و راپه‌رینی ئه‌نجامداوه بۆ گه‌یشتن به مافه‌كانی، له‌وانه ( شۆڕشه‌كانی شێخ مه‌حمودی حه‌فید له ساڵانی بیسته‌كاندا، شۆرشی بارزان (1943-1945) شۆڕشی ئه‌یلول (1961-1975)، شۆڕشی نوێ (1976-1991)، راپه‌رینی ئازادی 1991).
شێوه‌كانی پیاده‌كردنی مافی چاره‌نوس
دوو شێوه یان دوو رێگه‌ی سه‌ره‌كی هه‌یه بۆ پیاده‌كردنی مافی چاره‌نوس، ئه‌وانیش یه‌كه‌میان راپرسی گشتی و دووه‌میان برٍیاری ده‌سته‌یه‌كی نیشتمانی هه‌ڵبژێردراو (په‌رله‌مان).
گه‌لی كوردستان له عێراق بۆ دیاریكردنی چاره‌نوسی رێگه‌ی دووه‌می هه‌ڵبژاردو به پێی بڕیاری ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان بڕیاری فیدراڵی په‌سه‌ند كرد.له‌و چوارچێوه‌یه‌دا به پێی یاسای ژماره یه‌كی ساڵی 1992 ی ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی كوردستان بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی كوردستانی عێراق به‌شێوه‌یكی ره‌سمی و به ده‌قێكی یاسایی ژماره یه‌كی 1992 ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستانی عێراق به شێوه‌یه‌كی ره‌سمی و به ده‌قێكی یاسایی ده‌سه‌ڵات به‌و ئه‌نجوومه‌نه درابوو كه بڕیار له مه‌سه‌له چاره‌نوسازه‌كانی گه‌لی كوردستانی عیراق و به‌شێوه‌یه‌كی ره‌سمی و به ده‌قێكی یاسایی ده‌سه‌ڵات به‌و ئه‌نجومه‌نه درابوو كه بڕیار له مه‌سه‌له چاره‌نوسسازه‌كانی گه‌لی كوردستانی عیراق و رێكخستنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندیدا بدات و.هه‌ر بۆیه له ڕۆژی 4 ی تشرینی یه‌كه‌می 1992 ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان له دانیشتنێكدا به كۆی ده‌نگی هه‌ر (105) ئه‌ندامه‌كه‌ی بڕیاریدا په‌یوه‌ندی یاسایی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی له‌سه‌ر بنه‌مای فیدراڵی رێك بخات.رۆژی 5ی تشرینی یه‌كه‌می 1992، ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان له دانیشتنێكی تردا بڕیاریدا كه ده‌سه‌ڵاته تایبه‌ته‌كانی هه‌رێمی كوردستان هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانی حكومه‌تی فیدراڵی پیاده‌بكات له هه‌موو كاروباره‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا شوێنی بگرێته‌وه تا ئه‌وكاته‌ی كه حكومه‌تی ناوه‌ندی به‌غدا دان به بڕیاری فیدراڵی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان و ده‌سه‌ڵاته یاساییه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا ده‌نێت .
بێگومان رژێمی پێشووی به‌غدا، دانی به ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا نه‌نا، تا ئه‌و كاته‌ی له پرۆسه‌ی ئازادی عێراقدا ئه‌و ڕژێمه رووخا‌و ئیدی زه‌مینه‌یه‌كی له‌باره ره‌خسا كه مافه‌كانی گه‌لی كوردستان له چوارچێوه‌ی یاسا‌و ده‌ستوردا به‌رجه‌سته بكرێن.له‌وچوارچێوه‌یه‌دا سیستمی ناوه‌ندی عێراق كۆتاییهات و سیستمی فیدراڵی بووه سیستمی ره‌سمی ده‌وڵه‌ت و هه‌رێمی كوردستان وه‌ك هه‌رێمێكی فیدراڵ له یاسای به‌رێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تی عێراق كۆتاییهات و سیستمی فیدراڵی بووه سیستمی ره‌سمی ده‌وڵه‌تی عێراق بۆ قۆناغی گواستنه‌وه له ساڵی 2004 و دواتر له ده‌ستوری هه‌میشه‌ی عێراقدا له ساڵی 2005 به ره‌سمی ناسێندرا.
واته له قۆناغی ئێستادا گه‌لی كوردستان مافی چاره‌نوسی خۆی له‌سه‌ر بنه‌مای فیدراڵی دیاریكردووه ئه‌و مافانه له ده‌ستوردا چه‌سپیوه كه زۆرینه‌ی 79%ی گه‌لانی عێراق به راپرسیی گشتی په‌سه‌ندیان كرد .
دووه‌م:گه‌لانی چیك و سلۆفاك
كۆماری چیكۆسلۆفاكیا له ساڵانی (1918-1939) و (1945-1992) ده‌وڵه‌تێكی یه‌كگرتووی نێوان هه‌ردوو گه‌لی چیك و سلۆفاك بوو.
سوپای سوری یه‌كێتی سۆڤیه‌ت له كاتی جه‌نگی دووه‌می جیهانیدا، ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی له بنده‌ستی ئه‌ڵمانیا ده‌ركرد.ئه‌وه‌ش بووه هۆی ئه‌وه‌ی كه ببێت به یه‌كێك له ده‌وله‌تانی بلۆكی خۆرهه‌ڵات و ئه‌ندامی په‌یمانی وارشۆ بكه‌وێته ژێر سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت.
ساڵی 1989 له رێی سندوقه‌كانی ده‌نگدانه‌وه كۆتایی به ده‌سه‌ڵاتی ره‌های حیزبی حیزبی كۆمۆنیستی ئه‌و وڵاته هات و ناوی ده‌وڵه‌ته‌كه له كۆماری چیكۆسلۆفاكیای سۆسیالیستیه‌وه بۆ كۆماری چیكۆسلۆفاكیای فیدڕال گۆڕا.
له دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت، په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته به شێوه‌یه‌كی شارستانی و ئاشتیانه بڕیاری هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی كۆماری چیكوسلۆفاكیای فیدراڵی له ساڵی 1992 دا‌و وه‌ك هه‌ردوو كۆماری سه‌ربه‌خۆ ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیان له ساڵی 1993 راگه‌یاند.
لێك جیابوونه‌وه‌ی ئه‌م دوو كۆماره به‌و شێوازه نموونه‌ی و جوان و شارشتانی و ئاشتیانه‌ی گه‌یشتن به مافی چاره‌نووسه
سێیه‌م:گه‌لی باشوری سودان
كێشه‌ی باشوری سودان كێشه‌یه‌كی كۆنی نێوان گه‌لی باشوری سودان و حكومه‌ته مه‌ده‌نی و سه‌ربازیه‌كانی سودانه.
ئه‌گه‌ر چی سودان له ساڵی 1956 سه‌ربه‌خۆی وه‌رگرت و له ده‌سه‌ڵاتی كۆلۆنیالی به‌ریتانی رزگاری بوو، به‌ڵام حكومه‌تی خۆماڵی نه‌یتوانی كێشه سیاسیه‌كانی باشوور چاره‌سه‌ر بكات و ناوچه‌كه‌ی فه‌رامۆش كرد و دانیشتوانه‌كه‌ی بێبه‌ش كرد له به‌شداری ده‌سه‌ڵاتی سیاسی وڵات.بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و هه‌لومه‌رجه ناهه‌مواره گه‌لی باشور به سه‌ركردایه‌تی بزوتنه‌وه‌ی ئه‌نانیا له ساڵی 1962 خه‌باتی سیاسی و چه‌كداری هه‌ڵبژاردو ئه‌و خه‌باته‌ش ده ساڵی خایاند.له ساڵی 1972دا حكومه‌تی سودان و بزوتنه‌وه‌ی ئه‌نانیا رێكه‌وتنامه‌ی (ئه‌دیس ئه‌بابا) یان ئیمزاكرد و به پێی ئه‌و رێكه‌وتنامه‌یه كۆتایی به‌شه‌ڕهات و باشور ئۆتۆنۆمیه‌كی فراوانی پێی به‌خشرا، به‌ڵام كێشه‌كان چاره‌سه‌ری ریشه‌ییان بۆ نه‌كراو و جارێكی تر سه‌ریان هه‌ڵدایه‌وه له سه‌ره‌تای هه‌شتاكاندا جارێكی تر خولێكی تری شه‌ر ده‌ستی پێكرده‌وه.دۆزینه‌وه‌ی نه‌وت له ناوچه‌ی (بانتیۆ)ی باشوری سودان و سه‌پاندنی شه‌ریعه‌تی ئیسلامی به‌سه‌ر سه‌رانسه‌ری وڵات‌دا له ساڵی 1983 دا كێشه‌كانی نێوان سودان و باشوری وڵاتی قوڵتر كرده‌وه.له‌به‌رئه‌وه‌ی له ساڵی 1983 وه بزوتنه‌وه‌ی گه‌لی رزگاری سودان به سه‌رۆكایه‌تی (جۆن گه‌ره‌نگ) خه‌باتی چه‌كداری ده‌ستپێكرده‌وه.ئه‌و شێوازه خه‌باتكردنه به‌رده‌وام بوو تا 20 ی ته‌موزی 2002 كه رێكه‌وتنامه‌ی ماشاكۆس له نێوان وه‌فدی حكومه‌تی سودان و بزوتنه‌وه‌ی گه‌لی رزگاری سودان ئیمزا كرد‌و ئاگربه‌ست راگه‌یه‌نرا، له كانونی دووه‌می 2005 رێكه‌وتنامه‌ی نیفاشا له نێوان عومه‌ر حه‌سه‌ن به‌شیری سه‌رۆكی سودان و جۆن كه‌ره‌نگ سه‌رۆكی بزووتنه‌وه‌ی گه‌لی رزگاری سودان ئیمزاكرا.به پێی ئه‌و رێكه‌وتنامه‌یه به یه‌كجاری وكۆتایی به‌شه‌ر هات و ده‌سه‌ڵات و سامان دابه‌شكرا و بڕیاردرا دوای شه‌ش ساڵ له رێگه‌ی راپرسی گشتیه‌وه چاره‌نووسی باشوری سودان دیاری بكرێت.به‌وه‌ی كه له‌گه‌ڵ سودان ده‌مێنێته‌وه یاخود ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ راده‌گه‌یه‌نێت مانگی كانونی دووه‌می 2011 ئه‌و راپرسیه ئه‌نجامبدرێت بۆ دیاریكردنی چاره‌نووسی سیاسیی گه‌لی باشوری سودان .گه‌لی باشور هه‌موو شێوه‌كانی خه‌باتی ئاشتییانه‌و چه‌كداری بۆ به‌ده‌ستهینانی مافی چاره‌نووس گرتۆته به‌ر، به‌ڵام به‌و مافه نه‌گه‌یشتووه‌و ده‌یه‌وێت له رێی راپرسی گشتیه‌وه چاره‌نووسی خۆی دیاریبكات.
چواره‌م:بیابانی خۆرئاوا
زۆرینه‌ی دانیشتوانی بیابانی خۆرئاوا له نه‌ته‌وه‌ی ئه‌مازیغین و موسڵمانن وه‌ك گه‌لێكی جیاواز له گه‌لانی تری ناوچه‌كه خۆیان پێناسه ده‌كه‌ن.
ئه‌و ناوچه‌یه له ساڵانی (1884-1975) واته 91 ساڵ له ژێر ده‌سه‌ڵاتی كۆلۆنیالی ئیسپانی و دواتریش له خه‌باتدا بوون بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافی چاره‌نووس و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا به‌ره‌ی پۆلیساریۆ وه‌ك رێكخراوێكی سیاسی ماوه‌ی زیاتر له 16 ساڵ له خه‌باتێكی سه‌ختی چه‌كداریدا بوو بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافی چاره‌نوس، به‌ڵام كێشه‌كه به‌شه‌ڕ یه‌كلایی نه‌بۆوه‌و هه‌ردوولا لایه‌نی كێشه (مه‌غریب و به‌ره‌ی پۆلیساریۆ) گه‌یشتنه ئه‌و بڕوایه‌ی كه كێشه‌كه به شێوازی سیاسی چاره‌سه‌ر بكه‌ن.بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له ساڵی 1991 دا به ره‌سمی ئاگربه‌ستیان راگه‌یاندو بڕیاریاندا له رێگه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان به راپرسی گشتی كێشه‌كه یه‌كلابكه‌نه‌وه.ئه‌گه‌رچی كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له ساڵی 1966 ه‌وه بڕیاریدا بوو ئه‌و كێشه‌یه به راپرسی گشتی یه‌كلایی بكرێته‌وه.به‌ڵام ئه‌و بڕیاره له كاتی خوی‌دا جێبه‌جێ نه‌كرا .جارێكی تر ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی له نیسانی 1991 دا بڕیاریدا ئه‌و كێشه‌یه له رێگه‌ی راپرسی گشتیه‌وه چاره‌سه‌ر بكرێت و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته بڕیاری پێكهێنانی تیمێكی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانی دا بۆ رێكخستنی راپرسیی گشتی له‌و ناوچه‌یه‌دا.بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیاره‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی تیمه‌كه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان كه‌وته كار‌و له بواری كاركردندا ڕووبه‌رووی كێشه‌یه‌كی گه‌وره بۆوه، ئه‌ویش كێشه‌ی دیاریكردنی ناسنامه‌ی ده‌نگده‌رانی ناوچه‌كه بوو، واته كێ مافی ده‌نگدانی پێده‌درێت، هه‌ر لایه‌نێكی كێشه‌كه ئه‌وی تری تۆمه‌تبارده‌كرد كه خه‌ڵكی غه‌ریبه‌ی له ناوچه‌كه نیشته‌جێ كردووه،به مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی راپرسییه‌كه.ئه‌و كێشه‌یه بوه هۆی دواخستن و په‌كخستنی ئه‌نجامدانی پرۆسه‌كه.مانگی مارسی 1977 جیمس بیكه‌ر نێردراوی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان چه‌ند چاره‌سه‌رێكی خسته‌ڕوو بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه له‌وانه:
1-چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی بیابانی خۆرئاوا له‌سه‌ر بنه‌مای ئۆتۆنۆمی فراوان له ژێر سایه‌ی سه‌روه‌ری مه‌غریبدا.ئه‌و بیرۆكه‌ی پشتیوانیه‌كی گه‌وره‌ی عه‌ره‌بی و نێوده‌وڵه‌تی لێكرا، به‌ڵام به‌ره‌ی پۆلیساریۆو جه‌زائیر ره‌تیان كرده‌وه به بیانووی ئه‌وه‌ی كه مافی سه‌ربه‌خۆی به هه‌رێمه‌كه نه‌دابوو .
2-ئه‌نجامدانی راپرسی گشتی بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی چاره‌نوسی هه‌رێمه‌كه.
مه‌غریب و پۆلیساریۆ كه هه‌ردوو لایه‌نی كێشه‌كه بوون به‌و شێوازه چاره‌سه‌ره رازیبوون، به‌ڵام دواتر به‌هۆی كێشه‌ی ناسنامه‌ی ده‌نگده‌ران كه پۆلیساریۆو جه‌زائیر له دژی ئه‌وه بوون كه چه‌ند هۆزێكی دیاریكراوی بیابانی خۆرئاوا به‌شداری پرۆسه‌ی راپرسیه‌كه بكه‌ن.ئه‌و تێزه سه‌ری نه‌گرت.
23-چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه له‌سه‌ر بنه‌مای دابه‌شكردنی بیابانی خۆرئاوا له نێوان مه‌غریب و پۆلیساریۆدا.پۆلیساریۆ جه‌زائیر به‌و چاره‌سه‌ره رازی بوون،به‌ڵام مه‌غریب ره‌تیكرده‌وه به بیانووی ئه‌وه‌ی كه هه‌موو خاكی بیابانی خۆرئاوا به‌شێكی جیانه‌كراوه‌یه له خاك و سه‌روه‌ری مه‌غریب.
4-به هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ر سێ چاره‌سه‌ره‌كه نه‌چوونه بواری جێبه‌جێكردن و له لایه‌ن لایه‌نه‌كانی كێشه‌كه‌وه په‌سه‌ند نه‌كران.نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان بیرله‌وه ده‌كاته‌وه كه واز له‌و دۆسیه‌یه بهێنێ.به‌وه‌ی كه هێزه‌كانی ئاشتی پارێزراو چاودێره نێوده‌وڵه‌تیه‌كان له بیابانی خۆرئاوا بكشێنێته‌وه.ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كه جارێكی تر شه‌ر له نێوان هێزه‌كانی پۆلیساریۆ و مه‌غریبدا هه‌ڵبگیرسێته‌وه.
گه‌لی بیابانی خۆرئاوا هه‌موو شێوه‌كانی خه‌باتی سیاسی و چه‌كداری گرتوه‌ته‌وه به‌ر بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافی چاره‌نوس،به‌ڵام تا ئێستا به‌و مافه نه‌گه‌یشتووه.
پێنجه‌م:گه‌لی فه‌له‌ستین
له جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانیدا، ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی شكستی هێنا و به‌شێكی زۆری ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵات و قه‌له‌مڕه‌وی له‌ده‌ستدا.به پێی هه‌ردوو په‌یمانی سیڤه‌رو لۆزان فه‌ڵه‌ستین له ژێر سه‌روه‌ری و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و ئیمپراتۆره‌دا نه‌ما.
دواتر به پێی بڕیاری كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان له ساڵی 1922 فه‌له‌ستین خرایه ژێر ئینتیدابی به‌ریتانیا بۆ ئه‌وه‌ی گه‌لی فه‌له‌ستین ئاماده‌بكات بۆ خۆ به‌رێوه‌بردن و سه‌ربه‌خۆی.
بڕیاری (181) س كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له 22 تشرینی دووه‌می 1947 سه‌باره‌ت به دابه‌شكردنی فه‌ڵه‌ستین،رێگه‌ی به دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی فه‌ڵه‌ستندا چه‌ندین بڕیاری دیكه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان پشتیوانی له گه‌لی فه‌له‌ستین كرد بۆ گه‌یشتن به مافی چاره‌نوس،به‌ڵام سه‌رباری ئه‌و پشتیوانیه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان گه‌لی فه‌له‌ستین به‌و سنوره رازی نه‌بوو كه بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی دیاریكرابوو، بۆیه كێشه‌ی فه‌له‌ستین به پێی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی دیاریكرابوو،بۆیه كێشه‌ی فه‌له‌ستین به‌پێی ئه‌و بڕیارانه چاره‌سه‌ر نه‌كرا،ئیدی گه‌لی فه‌له‌ستین هه‌موو رێگاكانی خه‌باتی سیاسی و چه‌كداری گرته‌به‌ر بۆ گه‌یشتن به مافه‌كانی له‌و چوارچێوه‌یه‌دا له ساڵی 1964 وه گه‌لی فه‌ڵه‌ستین له ژێر سه‌ركردایه‌تی رێكخراوی رزگاری فه‌له‌ستینیدا خه‌باتی سیاسی و چه‌كداری ئه‌نجامدا تا ساڵی 1994 هه‌ردوو لایه‌نی ئیسرائیلی و فه‌له‌ستینی رێكه‌وتنامه‌ی ئاشتی ئۆسلۆیان ئیمزاكرد وبه پێی ئه‌و رێكه‌وتنامه‌یه ده‌سه‌ڵاتی ناوخۆی فه‌له‌ستینی له كه‌رتی غه‌زه‌و كه‌ناری خۆرئاوا دامه‌زرا، به‌ڵام ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ده‌سه‌ڵاتێكی ناوخۆییه‌و له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی وه‌ك ده‌وڵه‌ت نه‌ناسێندراوه و دانی پێدانه‌نراوه.ده‌توانین بڵین ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ده‌سه‌ڵاتێكی ئۆتۆنۆمیه‌كی فراوانه، كه به ئۆتۆنۆمی فراوان ناوده‌برێت، چونكه له رێگه‌ی رێكه‌وتنامه‌ی ده‌ره‌كی ئۆسلۆ به شاهیدی چه‌ند ده‌وڵه‌تێك په‌سه‌ندكراوه و به قۆناغی پێش سه‌ربه‌خۆی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت داده‌نرێت.
له ئه‌نجامی لێكۆلینه‌وه له خه‌باتی گه‌لانی كورد و بیابانی خۆرئاوا و باشوری سودان و فه‌له‌ستین و چیك و سلوڤاك، گه‌یشتنه ئه‌و راستییه‌ی كه چوار گه‌لی یه‌كه‌م و هه‌ردوو شێوازی خه‌باتی سیاسی و چه‌كداریان په‌یڕه‌و كردووه بۆ گه‌یشتن به مافی چاره‌نوس، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا گه‌لی كورد ئه‌و مافه‌ی به شێوه‌یه‌كی فیدراڵی له چوارچێوه‌ی عیراقدا به‌رجه‌سته كردووه.گه‌لی فه‌له‌ستین مافی ئۆتۆنۆمی نێوده‌وڵه‌تی به‌ده‌ستهێناوه‌و به‌ره‌و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت هه‌نگاو ده‌نێت.باشوری سودان تا ئێستا به‌و مافه نه‌گه‌یشتووه‌و له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ندی سوداندا له‌سه‌ر ئه‌وه رێكه‌وتوه كه سه‌ره‌تای ساڵی داهاتوو له رێی راپرسیه‌وه چاره‌نووسی دیاری بكات.
به‌وه‌ی كه له‌گه‌ڵ سوداندا ده‌مێنێته‌وه یاخود جیاده‌بێته‌وه و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ داده‌مه‌زرێنێت.بیابانی خورئاواش كێشه‌كه‌ی ئالۆزه‌و ئاسۆی چاره‌سه‌ركردنی روون نییه.جیا له‌و چوار گه‌له هه‌ردوو گه‌لی چیك و سلۆڤاك به‌شێوازێكی ئاشتیانه‌و به بێ كێشه‌و گیروگرفت له رێی بڕیارێكی په‌رله‌مانه‌وه به مافی چاره‌نوس گه‌یشتن و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆیان راگه‌یاند.
سه‌رچاوه‌و په‌راوێزه‌كان
1.عبدالرحمان سلیمان الزیباری .الوضع القانونی لاقلیم كوردستان العراق، مطبعه وزاره التربیه/اربیل 2003،ص 346
2.عبدالرحمان سلیمان الزیباری،المصدر السابق.ص 347
3.موسوعه عالم السیاسیه/13 سعد مفرج ولجنه من الباحثین بیروت_2006 ص 210.
4. .عبدالرحمان سلیمان الزیباری.المصدر السابق ص 247
5. عبدالرحمان سلیمان الزیباری. المصدر السابق ص 350
6. عبدالرحمان سلیمان الزیباری. المصدر السابق ص 365
7.سایته‌كانی ئینته‌رنێت .
1.www.mohtaw.org
2.www.aljazeera.net
3.www.ingdz.com
4.www.wikipididia.org
5.www.moqatel.com
6.www.qudsent.com
ئەم بابەتە لە گۆڤاری کەلتور لە ژمارە 2ی کانوونی یەکەمی ساڵی 2010 بڵاوبۆتەوە.