قەیرانی دیموکراسی خۆرئاوا و ئاستەنگەکانی لە جیهانی سێ دا
محەمەد فەرید حجاب
و: دڵشاد فەتاح
دیموکراسی لە زمانەوانی یۆنانیدا واتای (فەرمانڕەوایی گەل) دەگەیەنێت. بنەڕەت و ڕەگی ئەم بەها سیاسیە لە ئەزموون و کلتووری سەدە جیاوازەکانەوە درێژ دەبێتەوە تا دەرکەوتنەوەی لە سەردەمی نوێدا بەو شێوازە زانراوەی بە هەردوو ڕەهەندی سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە هەیە .
دیموکراسی بۆتە گرنگترینی ئەو خەسڵەتانەی کە جیهانی ئەمڕۆ بەخۆوە دەگرێ، سیستەمە فەرمانڕەواکان لەمەڕ واتاو بنەماو لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریەکانی دیموکراسی جیاوازن، بەڵکو جیاوازن لە دام و دەزگاکان کە لە ڕێیانەوە ممارەسەی دیموکراسی دەکەن.
لە یاسای دەستووری سیاسیدا، چەندین زاراوەو دابەشبونێکی تایبەت بە دیموکراسی سەری هەڵدا وەک: دیموکراسی ڕاستەوخۆ، دیموکراسی پەرلەمانی یان نوێنەرایەتی. دیموکراسی نیمچە ڕاستەوخۆ (شبە مباشر)، دیموکراسی لیبڕاڵی، دیموکراسی کۆمەڵایەتی، دیموکراسی کۆمەڵایەتی، دیموکراسی پیشەسازی، دیموکراسی گەلی و دیموکراسی ئیسلامی .
دیموکراسی، لە تێڕوانینێکی ئایدیاڵانەوە، شێوەیەکە لە شێوەکانی دەوڵەت یان کۆمەڵگە کە تێیدا ئیرادەی گشتی دروست دەبێت،یان بریتیە لە سیستەمێکی کۆمەڵایەتی کە لە لایەن گەلەوە دروست دەبێت و دواتر ئەم سیستەمە فەرمانڕەوایەتیان دەکات. لەم سیستەمە کۆمەڵایەتی و سیاسیەدا پەیوەندی نێوان تاکەکان و دەوڵەت بە گوێرەی دوو پرنسیپی یەکسانی نێوان هاوڵاتیان و بەشداری کردنی ئازادانە لە دروستکردنی یاساکاندا کە ژیانی گشتی ڕێکدەخات دروست دەبێت .
بەڵام بنەمای دیدی دیموکراسی، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پرنسیپەی دەڵێت گەل خاوەنی سەروەرێتی و سەرچاوەی یاسادانانە، بەشێوەیەکی دی حکومەت بەرپرسە لە بەردەم نوێنەرانی هاوڵاتیاندا و دەست بەستەبوونی ئیرادەیانەیە. پرنسیپەکانی دیموکراسی پێکدێت لە مافی ممارەسەکردنی گەل لە چاودێریکردنی جێبەجێبوونی ئەو یاسایانەی مافە گشتیەکانی تاکەکان و ئازادیە مەدەنیەکانان دەپارێزێت .
بەڵام ئەو پرسیارەی لێرەدا خۆی دەسەپێنێ ئەوەیە: مانای فەرمانڕەوایی گەل چیە؟ وەڵام دانەوەی نموونەیەکی وەک ئەو پرسیارە گرفتی دیموکراسی بووە لە سەردەمی کۆنەوە. گرفتی دیموکراسی لای ئەرەستۆ بریتی بووە لە چۆنێتی کۆکردنەوەی نێوان سەروەری گەل و بەڕێوەبردنێکی دانایانە، کە ئەوە لە ڕووی کردەییەوە ناتوانرێت هەموو تاکەکانی گەل لە بەڕێوەبردنێکی دانایانە، کە ئەوە لەڕووی کردەییەوە ناتوانرێت هەموو تاکەکانی گەل لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت یان فەرمانڕەواییکردندا بەشداری بکات، یان لە دروستکردنی بنەمایەکی تۆکمە لە دەوڵەتدا بەشداری بکات کە هەمووان ملی بۆ بدەن یان بەگوێرەی ئەو فەرمانڕەوایەتی بکەن، مەگەر تەنها لە چەند بارێکی زۆر ڕیزپەردا نەبێت. وەک ئەوەی لە سەردەمی کۆندا لە یۆناندا ناسراوە بە دیموکراسی ڕاستەوخۆ یان هەندێک شێوەی لە کانتۆناتی سویسرا لە سەردەمی نوێدا، ئەمە وێڕای خۆ دور ڕاگرتن لە هاوشێوەی پیادەکردنی ئەو دیموکراسیە.
شێوەی پێویست بۆ چەمکی دیموکراسی، بە واتای فەرمانڕەوای گەل یان بەشداری گەل لە دەسەڵاتدا لە ڕووی کردارییەوە نابێت تەنها بۆ گرۆیەکی بچووکی تاکەکان نەبێت لە دەوڵەتدا. هەمیشە ئەو گرۆیە بە (گەلی پۆسەتیڤ) ناودێر دەکرێت کە ئیرادەی گشتی دەوڵەت پێکدێنێت. ئەم مەسەلەیەش نامۆ نابێت ئەگەر سەرنج بدەین کە ڕێگرییە سروشتیەکانی وەک تەمەن و دۆخی ژیری و ڕەوشتی گۆڕاون بێ ئەوەی هیچ فراوان بوونێک لە پێدانی مافە سیاسیەکاندا ڕوبدات، هەروەک ڕێنمونیەکانی دیموکراسی کۆسپی زۆر و بەرفراوان سەبارەت بە کۆی بەشداربووانی دەسەڵات یان فەرمانڕەوایەتی کردن وەردەگرێت.
ئەگەر جیاوازی نێوان ئەوانەی مافی بەشداری کردنیان هەیە لەگەڵ ئەو کەسانەی بە فعلی بەشداری دەکەن بە هەند وەربگرین، ئەوا جیاوازی نێوان بیری ئایدیاڵی و بیری واقعی بۆ چەمکی گەل کە فەرمانڕەوایەتی دەکات ڕوون دەبێتەوە، گەر جیاکردنەوەی نێوان ئەوانەی گوزارشت لە (جەماوەر) دەکەن کە نە دەسەڵات نە پایەو نرخیان هەیە، بەڵکو ملکەچی کاریگەریەکانی ئەوانی ترن لە سەریان، ئەوانەش بە ڕاستی بەشداری دەکەن – کە کەمینەن – پێویست بێت بەڕای من ئاڕاستەیەکە وەڵامی شێوەی باڵای دیموکراسی پێدەدرێتەوە.
یەکەم: دیموکراسی و خەسڵەتەکانی لە سەردەمی نوێدا
لە کۆتاییەکانی سەدەی ناوەڕاستدا ئەوروپا پێشکەوتنێکی گەورەی لە سیستمی سیاسیدا بەهۆی هەرەسی سیستەمی دەرەبەگایەتی بەخۆیەوە بینی، دەوڵەتی نەتەوەیی خاوەن سەروەرێتی، یان سیستەمی پاپەوی لاواز بوو و دەسەڵاتی کەنیسە هەرەسی هێنا و ئاڵوگۆڕی بازرگانی گەشەی سەند و شارەکان دروست بوون و پەروەردەی مەدەنی بڵاوبۆوە، بایەخی گەل سەری هەڵدا هەروەها پەرلەمانەکان کە ڕوویەکە لە ڕووەکانی بەشداری چینەکانی گەل لە ژیانی سیاسیدا دەرکەوتن.
فەلسەفەی یاسای سروشتی کە لە سەردەمی نوێدا لە ئەوروپا دەرکەوت ڕۆڵیکی گەورەی بینی لە دەرخستنی مافی سروشتی یەکسان بۆ تاکەکان، هەروەک لەو قۆناغەدا تیۆری گرێبەستی کۆمەڵایەتی دەرکەوت کە دروستبوونی دەسەڵاتی سیاسی و دەوڵەت و کۆمەڵگەی سیاسی و مەدەنی دەگرێتەوە بۆ ئیرادەی ئازادی تاکەکان، بەوەش شرۆڤەکردنی مرۆییانە بۆ دەسەڵاتی سیاسی جێی شرۆڤەکردنی میتافیزیکی گرتەوە کە بەندبوو لەسەر تیۆری مافی خودایی. ئەو بیر و تیۆریانە ڕۆڵێکی گەورەیان بینی لە سەرهەڵدانی شۆڕشەکان لە ئەوروپا و ئەمریکا، لە پێشکەوتنی شێوە جیاوازەکانی دیموکراسی وەک دیموکراسی لیبڕاڵی و کۆمەڵایەتی.
دیموکراسی چەندین پێکهاتەی هەیە کە قوتابخانە کۆمەڵایەتیە جیاواز و پێکناکۆکەکان بایەخێکی تایبەتیان پێداوە، کە هەر قوتابخانەیەک بەشێوەیەکی تایبەتی پێ لەسەرهەندێک لەو پێکهاتانە بەدەر لەوانیتردا دەگرێت.
لەڕووی کلاسیکەوە. ئەوەی قوتابخانەی دیموکراسی لیبراڵی جەختی لەسەر دەکاتەوە بریتیە لە مافە تاکە کەسیەکان کە پێویستە فەراهەم بن وەک بنەمایەک بۆ دابینکردنی یەکسانی و بەشداری کردن لە ژیانی گشتیدا، لەو مافانەش ئازادی قسە و ڕادەربڕین و بیروباوەڕ و مافی کۆبوونەوە و مافی هەڵبژاردن و مافی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستە گشتیەکان. هەروەک بیری دیموکراسی و سیستەمی دیموکراسی مافە تاکە کەسیەکان لە لایەنە نێگەتیڤەکان دەپارێزێت، بۆ نمونە مافی تاکەکان لە زۆرداری دەسەڵات و دەست بەسەرکردنی چۆنایەتی دەپارێزێت، تاکە کەس تەنها بە گوێرەی دەقە یاساییەکان ئیدانە دەکرێت و بەڵگە دادوەرییەکان بەپێی ڕێوشوێنێکی یاسایی ڕەسەن و تەندروست دەخرێتەڕوو.
لەبەرئەوەی دیموکراسی لیبڕاڵی جەخت دەکاتەوە سەر ئازادی و سەربەخۆیی تاک پەیوەندی بە هەڵسوکەوتی تایبەتیەوە هەیە ئەوا زیاتر پێدادەگرێت کاتێک دەڵێت پێویستە ناکۆکی لەنێوان ڕەوتی سەبەخۆیی تاک و پێداویستیەکانی ڕەفتاری کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە بوونی هەبێت، دەبێت ئەو ناکۆکیە لەسەر باجی مافەکانی تاک یەکلا نەکرێتەوە، بەڵکو لەڕێی یەکخستن و هاوسەنگیەوە، بەگوێرەی پرنسیپی زۆرینە لەگەڵ بەدەستخستن گرەنتی پێویست کە تیۆری مافە تاکەکەسیەکان دەیانگرێتەوە.
بەتەنیشت مافە دیموکراسیەکانی تاکەوە دەبێت چەندین دامودەزگای دیموکراسی وەک دەستور، ئەنجوومەنەکانی نوێنەرایەتی کردن، دادوەری سەربەخۆ، بەڕێوەبردنی حکومی بێخەوش، ڕۆژنامەوانی ئازاد و سەندیکا و ڕێکخستنە پیشەییەکان بوونیان هەبێت.
جیاکردنەوی دەسەڵاتەکانی دووپاتکردنەوەی مافە چەسپاوەکانی تاک بەگوێرەی دەستوور، لەو هۆکارانەن کە ڕێگرن لەوەی کە (ئەلکسیس دی تۆکفیل) بەستەمکاری ناودێری دەکات.
ڕەنگە ئەوەی پێیدەوترێت ڕای گشتی کە گوزارشت لە هێزێکی واتایی نابەرجەستە یان نەبینراو دەکات، لە باشترینی پێوەرەکانی کەش و هەوای دیموکراسی بێت لە کۆمەڵگە و توانای دانانی کاریگەری لەسەر سیاسەتی گشتی هەبێت ئەمە وێڕای ئەوەی هێز و کاریگەری ڕای گشتی بەشداری دەکات لەدورخستنەوەی کۆمەڵگە لە دەرئەنجامەکانی ستەمکاری و لە گرەنتی کردنی بەردەوام نەبوونی تاوان و مەترسیەکان، بێ ئەوەی مانای ئەوەبێت کە ڕای گشتی توانای لە دەرچوواندنی ئازادیە تاک و کۆمەڵە کەمینەکان دانپێدانراوی لە دەستووردا هەبێت.
کۆمەڵێک لە خەسڵەت و بنەما هەن کە دەتوانین لە دەلالەتی مێژوویی یان پێشکەوتنی مێژووی دیموکراسیدا کورتی بکەینەوە، گرنگترینیان بریتیە لە :-
١- دیموکراسی دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی مرۆییە.
٢- ڕاستی و دانایی هەلێکی گەورەتری دەرکەوتنیان هەیە کاتێک گفتوگۆی ئازاد و کراوانە بوونی هەبێت.
٣- بانگەشەنەکردنی پیرۆزێتی هیچ کەمینەیەک لە جۆری تایبەتدا، بەڵکو پیرۆزی لە مافی هەر کەسێکدا دەبێت لە ممارەسەکردنی ئاڕاستەیەکی ڕێکخراو و هۆشیارانە بۆ ژیان بەشێوەیەک کە لەگەڵ بیرو ئەزموونەکانیدا ڕێکبکەوێت.
ئەم خەسڵەتانە لەسەر ئاستی پیادەکردندا رەنگی داوەتەوە، سیستەمی دیموکراسی لیبڕاڵی لەسەر چەند بنەمایەک دروست بووە، گرنگترینیان:-
١- فرەیی سیاسی کە بەندە لەسەر حیزبە سیاسیەکان، (هانس کلسن) لەو بارەیەوە دەڵێت بانگەشەی دیموکراسیەتی شیاو بەبێ بوونی حیزبە سیاسیەکان بەڕاستی فێڵ و چەواشەیە... لەتوانای دیموکراسیدا نیە بەشێوەیەکی جدی ڕێکبکات تەنها ئەگەر لەنێوان تاک و دەوڵەتدا دروست نەبێت، ئەو پێکهاتانە کۆمەڵین...دیموکراسی بێ دەوڵەتی حیزبەکان مەحاڵە.
٢- بڕیاری سیاسی بریتیە لە بەرهەمی کارلێکی نێوان تێکڕای هێزە سیاسیەکانی پەیوەندیدار بە بابەتەکەوە بەندە لەسەر سازشی نێوان ئەو هێزانە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ناوەندی یان چارەسەرکردن.
٣- ڕێزگرتنی پرنسیپی زۆرینە لە بڕیاردانداو ئەوەی کۆسپی جێبەجێبوونی شێوەی باڵای دیموکراسیە بریتیە لە کۆدەنگی.
٤- دەوڵەتی یاسا ئەو چوارچێوەیە کە دەتوانرێت لە ڕێگەیەوە نموونەی باڵای دیموکراسی جێبەجێبکرێت. کۆڵەکەکانی ئەو دەوڵەتی یاسایە بریتیە لە بوونی دەستوور، جیاکردنەوەی نێوان دەسەڵاتەکان، پابەندبوونی فەرمانڕەواکان بە یاساوە، بڕیاردانی مافە تاکە کەسیەکان، ڕێکخستنی چاودێری بەسەر دەزگاکانی دەسەڵاتەوە.
دیموکراسی لیبڕاڵی لە ڕووی تیۆری و کرداریەوە ڕووبەڕووی چەند ڕەخنەیەک بۆوە کە بووە هۆی گومانکردن لە سوودەکانی کارکردن بۆ گۆڕینی بۆ تیۆر و شێوەی دیکەی دیموکراسی. وە گرنگترین ڕەخنەکانی دیموکراسی لەم خاڵانەی لای خوارەوە بەرجەستە دەبن.
١- جێبەجێکردن و گرەنتی ئازادی و مافە تاکەکەسیەکان پەیوەندییەکی بەتینی بەدراوە مادیەکانەوە لە کۆمەڵگەدا هەیە. لە زۆر لە سیستەمە خۆرئاواییەکاندا ناکۆکیەکی توند لەنێوان ئازادیەکان کە دیموکراسی بەرگرییان لێدەکات (مافی بەشداریکردنی سیاسی) دەرکەوت، لەبەرئەوە هەمیشە پەیوەندیەکی ڕاستەوانە لەنێوان دەستگرتن بەسەر داهاتەکان و ممارەسەکردنی ئازادیەکانی دیموکراسی بوونی هەیە. بە واتایەکی تر ئازادی زیاتر، دەستگرتنی زیاتر بەسەر داهاتەکانەوە.
٢- دەرکەوتنی گومان لەبارەی چەمکی فرەیی سیاسیەوە، لەبەرئەوەی ئەم فرەیی سیاسیە زۆرجار ئەو توێژ و دەستەبژێرانە لە خۆدەگرێت کە خاوەنی بەرژەوەندییەکی تایبەتن، سەرباری جیاوازی ئەو دەستەبژێرانە لە ڕووی توانست و شارەزایی و تواناوە، بەشێوەیەک هەڕەشە لە پرنسیپی یەکسانی سیاسی بکات کە یەکێکە لە بنەما گرنگەکانی دیموکراسی.
٣- دام و دەزگا لیبڕاڵیەکان جەختیان دەکردە کە مرۆڤایەتی دەتوانن لەسەر سروشتی ئازادی ڕێکبکەون و بڕیار لە شێوازگەلێکی دیاری کراوی دام و دەزگاکان بۆ پاراستن و چاودێری کردنی ئازادیەکانیان بدەن، وە دەتوانرێت نموونەی ئەو دام و دەزگایانە لە ژینگە جیاوازەکاندا دروستبکرێت، بەڵکو ئاستی گەشبینی بیروباوەڕەکە گەیشتە ئەوەی کە دەتوانرێت دەستوورێک دیموکراسی بۆ تێکڕای جیهان دابنرێت و ئازادی وڵاتان بپارێزێ کە دەستوورەکانیان دەیپارێزێ بە واتایەکی تر ئازادی مرۆڤایەتی.
پاش جەنگی یەکەمی جیهانی دەستوورێک بۆ کۆماری ڤایماری ئەڵمانیا دانرا کە لەڕووی تیۆریەوە بە دەستورێکی زۆر دیموکراسی هەر لە نوێنەرایەتی ڕێژەییەوە تا دەسەڵاتی جێبەجێکردنی بەرپرس دادەنرا. بەڵام ئاشووبی توندی کۆمەڵایەتی کۆڵەکەکانی ئەو کۆمارەی ڕووخاند و لەگەڵیدا دامو دەزگا لیبڕاڵیەکانی تریش هەرەسی هێنا،نازیەت لە ئەڵمانیا و پاشان فاشیەت لە ئیتاڵیا سەریان هەڵدا.
ئەوەی لە ڕەخنەکانی دیموکراسی لیبڕاڵی کەوتەوە سەرهەڵدانی چەمکەگەلێکی نوێی دیموکراسی و کۆمەڵایەتی و دیموکراسی گەلی بوو. لایەنگرانی ئەو چەمکە نوێیانە تەماشای دیموکراسی لیبڕاڵیان وەک ڕیدان بە زاڵبوونی چینێکی کۆمەڵایەتی دیاریکراو بەسەر تێکڕای چینەکانی تری کۆمەڵگەیان دەکرد و داوای دروستکردنی سیستەمێکی فەرمانڕەواییان دەکرد کە لە سایەیدا شێوەو دام ودەزگاکانی دیموکراسی گۆڕانکاریان بەسەردا بێت، ئەو چوارچێوەی بۆ زۆرینە ڕێدراوە فراوانبکرێت. مارکسیەکان پشتیان بەست بۆ شرۆڤەکردنی دیموکراسی لیبڕاڵی بەو پێودانگەی قۆناغێکی مێژووییە زادەی دروستبوونی کۆمەڵگەی سەرمایەداری بۆرجوازیە کە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی فیدڕاڵی سەری هەڵداوە. وە مارکسیەکان دەڵێن کە دیموکراسی سەرمایەداری گەشەی چینی ناوەڕاست و ئابووری بازاڕ دەگونجێنێ و ئەوەی لەوەش دێتەدەر بەکارهێنانی دەوڵەتە وەک ئامڕازی زۆرلێکردنی چینایەتی بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکان بۆرژوازیەت، وە سیستەمی سیاسی پلە پلە بۆ سیستەمی خۆسەپێنەری نا دیموکراسی و بێ گەیشتنی چینی کرێکاران بە مافەکانیان دەگۆڕێت، ناکۆکیەکی بەهێز لە نێوان کەمینەی خاوەندارو زۆرینەی بێفەڕ دروست دەبێت و ئەو ناکۆکیە تەنها لە ڕێگەی پەنابردنی زۆرینەی زۆرەوە (کرێکاران) لە کۆمەڵگە پیشەسازیەکاندا بۆ شۆڕش و دروستکردنی سیستەمێکی دیموکراسی یەک چین چارەسەر دەبێت.
بەڵام ماوەیەکی زۆر بەسەر سەرهەڵدانی سیستەمە شیوعیەکاندا تێنەپەڕی تا لە نشێوی دیکتاتۆریدا کەوت و شکستی هێنا. بۆ نموونە ستالین لە ڕێی زاڵبوونی تەواوەتی بەسەر حیزبی شیوعی سۆڤێتیدا پشتی بەست بە ممارەسەکردنی دیکتاتۆری تاکڕەوانە، وە خودی چینی کرێکاران - بە هەموو ڕێکخراو و ئاستە ڕێکخستنیەکانیەوە - بێبەش کرد لە بڕیارسازی سیاسیدا، یان دانان و بڕیاردانی سیاسەتەگشتیەکان، یان ڕا دان لەڕووی بەڕێوە چوونی کۆمەڵگەی سۆڤێتیەوە، بەپێچەوانەی ئەوەی نیشاندرا لە نەمانی ناکۆکیەکانی نێوان چینەکان پلەو پایەی کەمینە دیاریکراوەکان لە پێشەوایانی حیزبی شیوعی و سەرکردەکانیان زیادیکرد.
لایەنێکی گرنگی گرفتەکە ئەوەیە کە بەلای حیزبە شیوعیەکان و حیزبە سۆسیالیستە شۆڕشگێڕەکانی تر ئەستەمە بنەمایەکی گونجاو بۆ هاوئاهەنگی نێوان ممارەسەکردنی دیموکراسی لە نێو حیزب و سەرکردایەتی کۆمەڵی و پیادەکردنی پرنسیپی هەڵقوڵانی سەرکردە لە بنەوەڕا و ئەو مافەی لە لێپێچینەوەی سەرکردە لەلایەن بنکەوە زامن دەبێت بدۆزنەوە، لایەنێکی تری گرفتەکە لاوازی ڕەگەکانی ممارەسەی دیموکراسیە لە دەرئەنجامی جەورو چەوساندنەوەی حیزبە شۆڕشگێرەکان لە سەرهەڵدانی شۆڕشدا دەرهەق بە سیستەمەکانی پێشوو.
ڕێکخراوە سیاسیەکانی زۆرینەی گەلی – لە هەندێک لە سیستەمەکانی وەک یەکێتی سۆڤیەت و وڵاتانی ئەوروپای خۆرهەڵات و ژمارەیەک لە وڵاتانی جیهانی سێی خاوەن سیستەمی تۆتالیتاری – کاتێک دەستیان گەیشتۆتە دەسەڵات ممارەسەی ستەمکاریان دژ بە چین و گروپەکانی کۆمەڵگە کردووە.
ئەو سیستەمانە بەدەست نەبوونی ئازادیە تاکەکەسی و سیاسیەکان و بێ توانایی لە وەرگرتنی ڕەخنە و نەبوونی گفتوگۆی گشتی لە بارەی سیاسەت و پەسەندکاریەکانەوە و نەمانی هۆکار و پاڵنەرەکانی داهێنکاری لای تاکەکان زاڵبوونی چەمکەکانی موبلیزەکردن بەسەر چەمکەکانی بەشداری کردنەوە دەناڵێنن.
بەڵگەی دیموکراسی لیبڕاڵی بۆ هەرەسی چەمکەکانی دیموکراسی گەلی و کۆمەڵایەتی پتر نیە لەو گۆڕانکاریە خێرایەی بەسەر ئەوروپای خۆرهەڵات و یەکێتی سۆڤیەتدا هات لە ساڵی ١٩٨٩ بەنەمانی ئەو سیستەمی فەرمانڕەواییەی بەندبوو لەسەر ئەو چەمکانە کۆتایی هات و بەرەو دیموکراسی لیبڕاڵی و ئابووری بازاڕ هەنگاوی هەڵگرت.
دووەم: ئاستەنگەکانی دیموکراسی لیبڕاڵی:
دیموکراسی لیبڕاڵی لە ئاستی دەرەوە و ناوەوە ڕووبەڕووی چەند ئاستەنگێک بۆتەوە، دەتوانین ئەو ئاستەنگانە لەم خاڵانەی لای خوارەوە چڕ بکەینەوە
١- ژمارەیەک لە بیریاران و سیاسەتناسانی خۆرئاوا دڵەڕاوکێیەکی زۆریان لە بارەی دیموکراسی لیبراڵی دەربڕیوە بە هۆی گومانکردن لە خودی دام و دەزگا سیاسیەکانی دیموکراسی لەلایەکی دیکەوە، گەر سەرکەوتوو نەبێت لە چارەسەرکردنی گرفتە ئابووریەکان لەسەرو هەموویانەوە هەڵئاوسان و داشکاندن و بێکاری. ئەو گرفتانە دەبنە هەڕەشەی هەرەسهێنانی دیموکراسیەت ئەگەر کۆشش نەکرێت بۆ نەهێشتنیان و گێڕانەوەی متمانە بۆ دیموکراسیەت و دام و دەزگاکانی.
٢- دەوترێت گەر سیستەمە دیموکراسیەکان توانیبێتی لە ژمارەیەک حاڵەتی بەرچاودا بەسەر گرفتە بونیادی و سیاسیەکاندا سەربکەوێت، دوورخستنەوەی هۆکارە کۆمەڵایەتیەکان (چڕنەبوونەوەی سەرمایە بە شێوەی قۆرخکاری،بنیادنانی دەوڵەتی خۆشگوزەران، بەرزکردنەوەی ئاستی بژێوی چنینی کرێکار، دیاریکردنی نزمترین ئاستی کرێ، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و فێرکردن، هاوبەندیەکانی دژ بە بێکاری و بەساڵاچووان) واتای ئەوە نیە کە سیستەمی ئابووری بازاڕ دەتوانێت بەرپەرچی ئەو گرفتانە بداتەوە کە ڕووبەڕووی دیموکراسی دەبنەوە. لە بنەڕەتەوە گرفتی دیموکراسی لە زەوتکردنی هۆکارەکانی ڕاگەیاندن لە لایەن کەمینەیەکی دەوڵەمەند و کاریگەری لەسەر ڕای گشتی و بە واتایەکی تر بە شێوە و هۆکاری جیاوازەوە کاردەکاتە سەر پرۆسەی بڕیارسازی دەنگدەران دروست دەبێت، لەبەرئەوە چینە هەژارەکان لە کۆمەڵگە سەرمایەدارەکاندا کەمتر هۆشیار و کەمتر پەرۆشی و توانایان دەبێت لە بەشداریکردن لە ژیانی گشتی کۆمەڵگەدا و توانایەکی زۆر لاوازیان دەبێت لە فەراهەمکردنی سەرچاوەی پێویست و تەواو بۆ دامەزراندنی ڕێکخراوە سیاسیەکان و کۆمەڵەی فشار کە گوزارشت بکەن لێیان.
بەو شێوەیە گرفتی کۆبوونەوەی خاوەندارێتی هۆکارەکانی بەرهەمهێنان لەدەست گروپێکی تا ڕادەیەک کەمدا خۆی وەک ڕێگرێکی بەردەم ممارەسەکردنی دیموکراسی تەواو لەلایەن زۆرینەوە دادەنێت، چونکە ئەو زۆرینەیە کارلێککراو و کارتێکراو دەبێت بە سیستەمی سیاسی زیاد لەوەی پێکهاتەیەکی کارلێککەر و کارتێکەری سیستەمی سیاسی و دروستکەری بڕیارەکانی بێت.
وە هەستی کەم بایەخکردنی تاکی لایەنداری چینە هەژارەکان دەبێتە هۆی بێباکی و نامۆبوون لە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئەمەش پێچەوانەی گریمانە و بەهاو ئامانجەکانی دیموکراسی ڕاستەقینەیە کە زامنی سەلماندنی خودی مرۆڤ دەکات لە ڕێی بەشداریکردنی کۆمەڵایەتیەوە.
وە بیرو باوەڕی ناکارامەیی جەماوەرو کەمی هۆشیاری دەبێتە هۆی دروستبوونی تیۆری دەستەبژێر لە نێو ئەو کۆمەڵگایانەدا و ئەوەی کۆکن لە سەری کە ژیانی هاوچەرخ بەوەی هێنایە کایە لە پێشەنگی لە ڕێکخستنی بیرۆکراسیانەی کۆمەڵگە و زیادبوونێکی زۆری دابەشکردنی کار لە ئەنجامی گەشە و پەلهاویشتنی ئابووری تەکنەلۆژیا، وێڕای زیادبوونی دانیشتوان، ئاستی کۆسپ خستنە بەرناوەندی ممارەسەی دیموکراسی بەرزکردەوە.
٣- چەند دیاردەیەک هەیە هێمای بۆ ئەو مەترسیانە دەکات کە لە ئاستی ناوخۆدا ڕووبەڕووی دیموکراسی دەبنەوە و دەبنە هەڕەشەیەک بۆ سەر مانەوەی، بۆ نموونە نووشستی تێکڕای دەنگدان لە هەڵبژاردنە جیاوازەکاندا و سەرهەڵدانی ئاڕاستەی بەرژەوەندی مادی لای دام و دەزگا و سەرکردە سیاسیەکان و زاڵبوونی هەڵمەتەکانی ڕاگەیاندن بەسەر هەڵبژارنەکاندا پتر لە گفتوگۆ گشتیەکانی مەسەلە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان کە ڕووبەڕووی نەتەوە دەبێتەوە، سەرهەڵدانی چالاکیەکانی گروپەکانی فشار و گروپە بەرژەوەندیخوازەکان و زاڵبوونیان بەسەر ئەندامانی دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتداراندا بەشێوەیەک لە نێوان دەسەڵاتداران و گوێ بیستی دەنگەکانی گەلدا هاتوچۆ دەکات و گەشەکردنی بیرۆکراسیەت لە تێکڕای ئاستە حکومیەکاندا، بەڕادەیەک دەبێتە هۆی دابڕینی سەرکردە هەڵبژێردراوەکان لە هاوڵاتیان ئەوانەی وادادەنێن کە نوێنەرایەتیان دەکەن.
لە ڕاستیدا دیموکراسی نوێنەرایەتی ڕێ بە گەل ((دەنگدەران)) دەدات هەموو چەند ساڵێک بەشداری لە هەڵبژاردنە گشتیەکاندا بکات، لە کاتێک دا ئەوانەی بە فعلی بەشداری لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا دەکەن نوێنەرەکانن کە لە ڕاستیدا کەمینەیەکی بچووک پێکدێنن، جگە لە کەمینەیەکی کەم خەڵک سیاسەت و ئاڕاستەیان نازانێت، سەرباری ئەوانە پەیوەست بوون بە پارتە سیاسەکانەوە لە دۆخێکی دروستدا نیە، کە هەندێک لە لێکۆڵەرە خۆرئاواییەکان تێبینیان کردوە لە ١٠٪ ی ئەندامانی حیزبەکان ئەوانەن چالاکانە کاردەکەن، پاشان گرفتی گەڕان بەدوای تەکنەلۆژیا و میکانیزمەکانی پێشکەشکردنی دەرفەتی تەواو بە ئەوانەی دی تا بەڕاستی هەست بکەن ئەوان بەشێکی زیندووی ئەو دەوڵەتەن کە تێیدا دەژین دروست بوو. بۆ ئەوەش کاتێک باس لە مەسەلەی دیموکراسی تەکنەلۆژیا دەکەین دەخەینە ڕوو.
دیموکراسی لیبراڵی ڕووبەڕووی قەیرانێکی دیکە دەبێتەوە کە پەیوەندی بە ئاییندەی دیموکراسیەوە هەیە لە سەر ئاستی جیهانی. چەندە وڵاتە ئەوروپیەکان هەوڵی زاڵبوون بەسەر بازاڕی ئابووری جیهاندا دەدەن، بە هەمان شێوە هەوڵی زاڵبوون بەسەر بازاڕی ئابووری جیهانیدا دەدەن، بە هەمان شێوە هەوڵی زاڵبوون بەسەر بازاڕی سیاسی جیهانیشدا دەدەن. پاشان، داوای بازاڕکردنی بەرهەمە ماددی و ئابووریەکان وە گومان نیە کە مانەوە و بڵاوبوونەوەی دیموکراسی تا ڕادەیەکی زۆر پشت دەبەستێت بە ئەگەری بە دەستهێنانی سەرکەوتن یان ئەگەری خواستنی شکستهێنان لە بازاڕی سیاسی جیهانیدا.
ڕەنگە ئەوەش ئاستی ئەو بایەخپێدانە گەورەی وڵاتە ئەوروپیەکانمان بۆ شرۆڤە بکات، بەوەی ڕوویداوە – و ئەوانەشی ئێستا ڕوودەدات – لە گۆڕانکاریەکانی ئەوروپای خۆرهەڵات و یەکیەتی سۆڤیەتی (پێشوو--- (وەرگێڕ) ئەو ڕۆڵەش کە لەو گۆڕانکاریەدا بینیویەتی و هاندان و پاڵپشتکردن و پشتگیرکردنی گۆڕانکاریەکان.
سەرەڕای ئەوەش گرفتێکی دیکە هەیە ڕووبەڕووی بڵاوبوونەوەی دیموکراسی دەبێتەوە.
بەربڵاوی کۆڵەکەکانی مانای گشتی دیموکراسی و فرەیی تیۆرەکان لە بارەی دیموکراسیەوە، سەرباری جیاوازی شێوەکانی و فرەیی سیستەمەکانی و جیاوازی لە بارەی ئامانجەکانی و هەوڵەکانی پیادەکردنی لە کۆمەڵگە خودان بەهاو پێکهاتە کۆمەڵایەتی و مێژووییە جیاوازەکاندا، مەسەلەی بڵاوبوونەوەی شێوازی دیموکراسی وورد و جێگیری لە ڕووی کرداریەوە کردۆتە مەسەلەیەکی نەشیاو.
سێیەم : دیموکراسی و تەکنەلۆژیا
چاودێرانی هاوچەرخان ڕاڕان لە پەرۆشی و ڕەخنەگرتن لە بارەی هەڵسەنگاندنی ئەو ڕۆڵەی دەشێ پێشکەوتنی بەرچاوی تەکنەلۆژیا – کە وڵاتە ئەوروپیەکان پێیدا تێپەڕیون – بیبینێ لە کاریگەری خستنە سەر گرینگترین دام و دەزگای کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان، بەواتایەکی تر لە دیموکراسی. دەتوانین گرنگترین تێڕوانینەکان لەو بارەیەوە لە مانەدا کورت بکەینەوە:-
١- گرفتی تەکنۆ – دیموکراسی:
هەندێک پێیانوایە کە حکومەتی نوێ دەبێت حکومەتی شارەزاکان بێت یان ناچارە ملکەچی شارەزاکان بێت، بابەتەکانی وەک بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی، توێژینەوەی ئەتۆم (ناوەکی)، ڕێکخستنی هێزە چەکدارەکان مەرجەکانی بازرگانی نێودەوڵەتی، مەسەلەکانی دانیشتوان، جگە لە هەزارەها بابەت و مەسەلەگەلی دیکەی ئاڵۆز، کە هاوڵاتی ئاسایی یان تەنانەت ئەندام پەرلەمانی ئاسایی ناتوانێت پێی هەڵبستێ یان بەشداری تێدا بکات تەنها بە ڕێژەیەکی دیاریکراو نەبێت.
یەکێک لە نووسەرە ئەمریکیەکان کتێبێکی لە بارەی شۆڕشی بەڕێوەبردنەوە داناوەو ئەوەی تێدا خستۆتە ڕوو کە فەرمانڕەوا ڕاستەقینەکان ئەوانەن پیشەسازکارن، ئەگەر سەرمایەداری چارەنووسی نەمان بێت ئەوا سۆسیالیزم بەدوایدا نایەت، بەڵکو شێوەیەک لە شێوەکانی حکومەتی شارەزاکان بە دوایدا دێت. (ه.ج. ویلز) لە دوا ساڵەکانیدا پەیوەندیکرایە سەر ئەو شارەزایانەی کە ڕۆڵێکی زاڵیان بەسەر پرۆسەی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتیەوە هەبوو، بە تایبەتی لە لایەن ئەو کەسانەی بەسەر پیشەسازیەوە زاڵدەبن.
ئاڵۆزبوونی بەڕێوەبردن لە کۆمەڵگە شارستانیەکاندا و بڵاوبوونەوەی یاساکانی نوێنەرایەتی و ڕاسپاردن، بایەخی ڕوو لە زیادی شارەزایان و هونەریەکان، هەموو ئەوانە فەرمانڕەوایکردنی والێکرد زیاتر ئاڕاستە بێت چونکە دەبێتە بابەتی شارەزاکان.
هەندێک لە تیۆرناسان هەوڵیاندا تیۆری دەستەبژێر لە بارەی دیموکراسیەوە دابنێن لەسەر ئەو بنەمایەی کە جەماوەر توانای ڕا دانی نیە لە کێشە ئاڵۆزەکاندا کە ڕووبەڕووی کۆمەڵگەی نوێی پیشەسازی دەبێتەوە، دەستەبژێر لە زانایان و شارەزایان و هونەری و کارگێڕیەکان بەهۆی ئەو شارەزایی و زانیاری و توانا ڕێکخستنەی هەیەتی باش و هەڵسەنگاندنی ئەنجامەکان دەتوانێت چارەسەرێک بۆ کێشە ئاڵۆزەکان پێشکەش بکات کە ڕووبەڕووی کۆمەڵگە دەبێتەوە.
هەندێک لە لایەنگرانی دیموکراسی دەستەبژێر پێیانوایە کە سەقامگیربوونی دیموکراسی پێویستی بە ڕێژەیەک لە ئارەزوونەکردن و بێباکی بە مەسەلە سیاسیەکان هەیە، زیادبوونی بەشداری جەماوەر لە پرۆسەی سیاسیدا بنەماکانی ئەو سەقامگیریە دەخاتە مەترسیەوە، بەڵکو هەندێک ڕاشکاوانە هێما بۆ ئەوە دەکەن کە چینە میللیەکان ئاڕاستەیەکی دەسەڵاتخوازی نادیموکراسیان هەیە.
بەو شێوەیە دیموکراسی لیبڕاڵی تووشی تەنگ و چەڵەمەیەکی دیکە بوو کە بریتیە لە ناکۆکی نێوان شێوەی ئایدیاڵی دیموکراسی (ماف و ئازادیە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان بۆ تێکڕای چینە میللیەکان) و دیموکراسی دەستەبژێر (توانای فەرمانڕەوایی کردن بە لێهاتووی بۆ چینی تەکنۆکرات).
لەبەرئەوە چەند هەوڵێک لە لایەن هەندێک بیریارەوە دەرکەوت بۆ دەربازبوون لەو تەنگ و چەڵەمەیە بۆ یەکخستنی پرنسیپی دیموکراسی واقیعی و پێشکەوتنی زانستی و تەکنەلۆژی نوێ لەڕێگەی کێشکردنی هاوڵاتیان بۆ بەشداری کردن لە پرۆسەی فەرمانڕەوایەتیدا لەسەر بنەمای ئاستی پسپۆرێتی لە لایەک و ئاستی تواناکانی بەو پێودانگەی دەنگدەرە لە لایەکی دیکەوە.
وە ئەم هەوڵی یەکخستنە پشت دەبەستێتە ئەو بڕوایەی کە هەموو تاکێک تا ڕادەیەک لەو بوارەی کاری تێدا دەکات شارەزایەوە ژیانی پەیوەستە بەو بوارەی کە بریتیە لە خاڵی پەیوەندیکردن بە ڕێکخستنەکانی دەوڵەتەوە، بە واتایەکی تر خاڵی بایەخدانی بە سیاسەتەوە.
لەو بارەیەوە دروستکردنی جۆرێک لە نوێنەرایەتی کردنی سیاسی – پیشەیی لەڕێی سەندیکای کرێکاران و یانە پیشەییەکانەوە پێشنیاز کراوە، بە واتایەکی تر بنیادنانی پەرلەماناتی پیشەیی تا بتوانێت چوارچێوەی بەشداری گەل لەسەر بنەمای پسپۆرێتی فراوان بکرێت .
جگە لەوە ژمارەیەک کۆسپ و هەن لە پیادەکردنی پرنسیپی نوێنەرایەتیکردنی سیاسی – پیشەیی وەک نەتوانینی یەکخستنی نێوان بەرژەوەندیە پیشەییە بەرتەسکەکان و بەرژەوەندیە پیشەییە بەرتەسکەکان و بەرژەوەندییە نیشتمانیە گشتیەکان کە دیموکراسی هەوڵی بۆ دەدات. هەروەک ناشێت ئەو جۆری نوێنەرایەتیکردنە ببێتە بریگر (ئەڵتەرناتیڤ)ی پەرلەمان و دەسەڵاتی یاسادانانی هەڵبژێردراو کە نوێنەرایەتی تەواوی گەل دەکات. لەبەرئەوە داواکاری بۆ کردنی ئەو دەزگا میللی و پیشەییانە بە ئەنجوومەنی ڕاوێژکاری نەک یاسادانان دەرکەوت.
بەڵام ئەم چارەسەرە ڕێکخستنیە بێ توانایە لە هێنانەدی نموونەی دیموکراسی کاتێک دەزگاکانی نوێنەرایەتی سیاسی – پیشەیی بەر (یاسا ئاسنینەکانی ئۆلیگارشی) دەکەوێت، کە وەک ئەوەی (میشلز) وێنای دەکات واتای ئاڕاستەیەکی گشتی هەیە لە هەموو ڕێکخستنە گەورەکانی وەک سەندیکاو حیزبەکاندا ڕووە و گەشەکردنی دەزگا کارگێڕیەکان: کە ئازادییەکی دوور لە چاوەدێری ئەندامە سادەکانی دەداتە سەرکردەکەی، پلە پلە وادەکات بەرژەوەندیەکانی سەرکردە ناکۆک و جیاواز بێت لەگەڵ بەرژەوەندی ئەندامەکانی .
٢- گرفتی پەیوەندی – دیموکراسی:
پێشکەوتنی گەورەی تەکنەلۆژیای پەیوەندیکردن لە وڵاتانی ئەوروپا – بە تایبەت لە بواری مانگە دەستکردەکان، تەلەفزیۆن – تۆرەکانی کۆمپیوتەر یان حاسیبەی ئەلیکترۆنی ئەو کۆنگرانەی لەڕێی وێنەگرتنەوە دەبەسترێت – هانی هەندێک لە بیریاران و لێکۆڵەرە سەرپەرشتی کەرەکانی دا بۆ بەرگریکردن لە توانای بەکارهێنانی سیاسیانەی تەکنەلۆژیای نوێ بۆ هێنانەدی ئەوەی دیموکراسی دەیخوازێت.
وە ئەو بیریارانە لەو ڕۆژەیان دەڕوانی کە تێیدا هەموو هاوڵاتیان سەرقاڵ دەبن بە دروستکردنی سیاسەتی گشتیەوە. بۆ ئەوەش زاراوەیەکی نوێیان دانا کە بریتیە لە پەیوەندی – دیموکراسی (Teledemocracy) کە واتای دامەزراندنی دیموکراسی ڕاستەوخۆیە لەڕێی بەکارهێنانی هۆکارەکانی نوێی ڕاگەیاندن، کە لە ئاییندەدا خەڵک دەتوانێت بایەخ بداتە ئەو کێشانەی ڕووبەڕووی نەتەوە دەبنەوە، بە واتایەکی تر دەتوانن لە ژوورەکانی ئینتەرنێت دا ڕای خۆیان تۆمار بکەن لەبارەی چۆنێتی چارەسەرکردنی ئەو کێشانە، هەروەها ئەو بیریارانە پێشبینی نەمانی دام و دەزگا نوێنەرایەتیەکان دەکەن و هاوڵاتیان بە ڕاستی خۆیان بەڕێوە ببەن، بەشداریکردنی هاوڵاتیان لەڕێی تەکنەلۆژیاوە دەبێتە هێڵی سەرەکی بەرگریکردن لە چەمکی پەیوەندی – دیموکراسی .
(فریدریک ویلیامز) لەو بارەیەوە دەڵێت (تەکنەلۆژیای پەیوەندیکردن دەرفەتێک دەسازێنێ بۆ گەیشتنی هاوڵاتیان بە زانیاریەکان و بۆ بەشداری کردن بە شێوەیەک کە نەوەکانی پێشوو خەونیان پێوە نەبینیوە، دیموکراسی لە کۆسپەکانی سەدەی هەژدەیەم دەرباز دەبێ و بە ئاقاری خەسڵەتەکانی سەدەی بیست و یەک هەنگاو دەنێ.
وێڕای ئەو بیروبۆچونانە لەبارەی پەیوەندی – دیموکراسیەوە تا ئێستا لەژێر گەشەی چاودێریکاریدایە، ئاماژەیەکە بۆ جۆرێک لە هەبوونی قەیران کە تووشی دیموکراسی لیبڕاڵی بووە، ئەم قەیرانە لەشێوەی خراپی شێوازی بەشداریکردنی هاوڵاتیان دەردەکەوێت وەک بەڵگەیەک لەسەر لاوازی دام و دەزگا سیاسیە باوەکان و بێ توانایی کارکردنی بەگوێرەی ئەوەی دەگونجێ لەگەڵ پێداویستیەکانی دیموکراسی نوێ. لایەنگران لەبارەی بایەخی تەکنەلۆژیا لە پاڵپشتکردنی دیموکراسی گریمانەی ئەوە دەکەن کە چارەسەر لە بەشداریکردنی هاوڵاتیان و کاراکردنێتی بە یارمەتی تەکنەلۆژیای پەیوەندیکردن.
هەندێک ڕووبەڕوو بوونەوە بۆ بە درۆخستنەوەی بانگەشەکردنی تەکنەلۆژیا بۆ خزمەتکردنی دیموکراسی، لێرەدا ڕەخنەگرانی پەیوەندی – دیموکراسی پێیانوایە بەکارهێنانی هۆکارەکانی تەکنەلۆژیای پەیوەندیکردن لە سنوورێکی گشتگیردا سەرکردەکان دەتوانن بە شێوەیەکی بەهێزتر پەیوەندیان بە هاوڵاتیانەوە هەبێت. (لودون) دەترسێ لەوەی توانای گرتنە ئەستۆی بەرپرسیارێتی گشتی کەم بێتەوە بەهۆی ناهاوهێزیەکی بەرچاو لە نێوان سەکردەکان و هاوڵاتیاندا، ئەوەش بەهۆی نەبوونی چینی ناوەڕاستی لە سەرکردە پلە دووەکان بۆ پێشکەشکردنی ڕا و زانیاری و چارەسەری ئەلتەرناتیڤ، دوا ئەنجام نا دیموکراسی دەبێت و خۆی لە هێزی کەمتر، دەستپێشکەری کەمتر و هەڵبژاردەی ئەلتەرناتیڤی کەمتر بۆ هاوڵاتیان بەرجەستە دەکات. (جان ئەلشتاین) درێژەی پێدەدات کە سیاسەتی خۆسەپێنەرانە دەشێت جێبەجێبێت لەژێر ڕێککەوتن و ڕازیبوونی زۆرینەدا. ئەمە وێڕای کۆ ڕاکان ناتوانێت ڕۆشنبیری مەدەنیانە دروست بکات، کەواتە پێویستە پرۆسەیەکی گفتوگۆکاری هەبێت و بێتەهۆی دروستکردنی هەستکردنی هاوبەش بە بەرپرسیارێتی ئەخلاقی لە کۆمەڵگەدا، ڕەفتاری تاکەکەسی و کەسێتی تاکەکەس لەڕێگەی بایەخدانی هاوبەشەوە برەو پێبدات.
چوارەم: دیموکراسی و گرفتەکانی لە جیهانی سێ :
ئەگەر کێشەی دیموکراسی خۆرئاوا بریتی بێت لە چۆنێتی کێشکرنی خەڵک بۆ بەشداری کردنێکی کارا لە ژیانی سیاسیدا لەڕێی هۆکارە نوێیە جیاوازەکانی تەکنەلۆژیاوە، کە هەوڵدەدات بۆ هاندانی کارابوونی هاوڵاتیان و خستنە بەردەستی توانای پێویست بۆ بەشداریکردن و تۆمارکردنی بایەخدانەکانی ڕووە و چالاکی سیاسی بەهۆی لاوازی یان کەم و کورتی دامو دەزگا سیاسیە کلاسیکیەکان – وێڕای زۆری و جۆراوجۆرێتیان – بۆ هێنانەدی دیموکراسی، ئەوا کێشەکە لە جیهانی سێ ئاڵۆزتر و چارەسەرکردنیشی ئاسان نیە، لەبەرئەوەی ئەو کۆمەڵگایانە تا ئێستا لە قۆناغی داواکاریدان لەلایەن تاک و کۆمەڵەکانەو بۆ بەشداریکردن لە ژیانی سیاسیدا، دەشێت گرنگترین گرفتەکانی دیموکراسی لە جیهانی سێ لەم خاڵانەی خوارەوە بخەینە ڕوو.
١- دواکەوتوویی لە وڵاتانی جیهانی سێ دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوە لە پیشەسازی لە بواری ئابووری و دوورکەوتنەوە لە ڕێکخستنی پیشەیی و حیزبی لە ژیانی سیاسیدا.
هەر لەو حاڵەتەدا قەوارەی چینی ناوەراست بچووک دەبێتەوە کە تۆکمەیی زیاد دەکات و نێوانی چینە کۆمەڵایەتیەکان نزیک دەکاتەوە و بڕیاری ممارەسەکردنی بەشداری سیاسی دەدات، سیستەمگەلێک لە دام و دەزگا ناوەندیەکان و کۆمەڵەی سەربەخۆی خودان توانا لەسەر ڕاهێنانی سیاسیانەی هاوڵاتیان بنیاد دەنێ، جۆرێک لە سەقامگیری لە کۆمەڵگەدا دروست دەکات، هەموو ئەوانە مەرجگەلێکن بۆ سەرهەڵدانی دیموکراسی.
٢- نەخوێندەواری و هەژاری دژ بە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و لاوازکردنی هێزی ئارەزووکردن بۆ بەشداری کردن کاردەکات، ئەوانیش دوو مەسەلەی پێویستن بۆ ممارەسەی دیموکراسی.
٣- دابەشبوونی ناوچەگەری و خێڵەکی و هۆزگەری دژ بە هەڵسوکەوتی ئەقڵانیانەی هاوڵاتیان کاردەکات، و ڕێگری دەکات لە ممارەسەکردنی ئازادیە تاکەکەسیەکان و دەبێتە کۆسپێک بە ڕووی گەشەکردنی بەهاو نموونەی دیموکراسی.
٤- بارودۆخی ئافرەت بە گشتی و تاکرەوی پیاو بە دەسەڵاتەوە لەنێو خێزاندا بەشداری دەکات لە لاوازکردنی بڵاوبوونەوەی کەش و هەوای دیموکراسی لە کۆمەڵگەکانی جیهانی سێ دا.
٥- سەپاندنی جۆری دام و دەزگا یاسایی و سیاسیەکان لە وڵاتانی جیهانی سێ لە سەرەوەڕا، هەمیشە لە لایەن هێزە داگیرکەرەکانەوە. تەنانەت کۆمەڵگە کاتێک لەپێناو سەربەخۆیی و ڕزگارکردنی نیشتمانی چووە نێو خەباتکردن دام و دەزگاو شێوەکانی دەوڵەتی پاراست، تەنانەت زۆرجار ڕوی داوە دام و دەزگاکان لە سەردەمی داگیرکاریەوە بۆ سەردەمی سەربەخۆیی بێ هیچ گۆڕانکاریەک گوێزراوەتەوە. بە واتایەکی تر دەوڵەت لە جیهانی سێ گوزارشت لە تایبەتمەندێتی کلتوری و پێشکەوتنی مێژوویی تەندروست و تایبەتمەندیەکانی کۆمەڵگەو پێکهاتە کۆمەڵایەتی و شارستانیەکانی ناکات. هەندێک لە لێکۆڵەران ناوی دەوڵەتی پاش داگیرکاری – Post colonial state) بەسەر ئەو دەوڵەتانەدا دانێن.
٦- کاریگەریە نێگەتیڤەکانی ئەزموونی داگیرکاری و دەستێوەردانی بیانی لە کاروباری ناوخۆی کۆمەڵگای جیهانی سێ نەیهێشتووە ئەو کۆمەڵگانە بگاتە مەرجی پێویست بۆ دروستبونی دیموکراسی. کە بریتیە لە یەکدەنگی نێوان گروپە سیاسیە کاراکان لەسەر کەمترین ئاستی هاوبەشی گریمانەو بەهاکان کە زامنی بەردەوامبوونی کێبەرکێی دیموکراسیانە لە کەش و هەوای ئاشتیانەدا دەکات، بە واتایەکی دی سەقامگیربوونی خودی سیستەمی دیموکراسی دەکات (نموونەی ئەوەش نەبوونی کەمترین ئاستی هاوبەشی نێوان کۆمەڵە فێندەمێنتال و کۆمەڵە لیبڕاڵیەکان).
مانای ناوەڕۆکی کۆڵەکەکانی دیموکراسی و کاردانەوەی لەسەر دەستپێشکەری تاک و جووڵەی گشتی لە کۆمەڵگە دواکەوتوو و تازە گەشەکردووەکاندا، دژی کۆمەڵگە بە گشتی دەوەستێ.
بێ هەستکردن بە یەکسانی واتایی و مادی و ممارەسەنەکردنی بەشداری کردن، ئەستەمە تواناکانی هاوڵاتیان دەربکەون و پێکهاتە شاراوەکانی دەرباز بن کە دەم کوتکردن و بێبەشکردن و ترس و دڵەڕاوکێ و هەستی کەمتەرخەمی ژێرپێینابوون.
بێ بوونی نەریتە دیموکراسیەکان ڕای گشتی ئامادەیی نابێت لە ممارەسەکردنی کاریگەرە پێویستەکەی لە سەپاندنی ڕێزگرتنی بەهاکانی مرۆڤ و کارکردن بۆ وەدەستخستنی کەرەستەکانی پێشکەوتنی ئەو بەهایانە، بەڵکو ئەستەمە ئاشتی کۆمەڵایەتی بێتەدی چونکە گەل سەرچاوەی ڕەوایی نابێت. بێ بوونی ڕەوایەتی گەل سیستەمەکان ڕووبەرووی داڕوخان و ئاشووب و شۆڕش دەبنەوە.
هەروەها کرانەوەی شارستانی و کلتوری نێودەوڵەتی هاوچەرخ لە دەرئەنجامی ڕزگاری سیاسی و شۆڕشی تەکنەلۆژیا لە ناوەندەکانی ڕاگەیاندن و پەیوەندیکردن و فێرکردندا مەسەلەی دوورکەوتنەوە لە ممارەسەکردنی دیموکراسی کردە مەسەلەیەکی ئابڵوقەدراو بە مەترسیەکانی پێکدادانی کۆمەڵایەتی بەهۆی هەستکردن بە چەوسانەوە و دوورەپەرێزی لەڕێڕەوی شارستانیەت.
لەو بارەیەوە دەبێت کۆمەڵگەکانی جیهانی سێ لەڕێی بنیادنانی ڕێگەیەکی سەربەخۆدا بن بەرەو دیموکراسی، ئەمەش ناشێت لاسایی کۆمەڵگەکانی خۆرئاوا بکاتەوە لە جەختکردنە سەر شێوە و دروستکردنی دیموکراسی لەسەر حیسابی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و ئابووری بۆ ماوەیەکی درێژخایەن. هەروەک ناشێت نموونەی کۆمەڵگە گشتگیرەکان بگرێتەبەر کە ناتوانێت ئازادیە دیموکراسیەکان بۆ تاک دەستەبەر بکات تەنانەت گەر پێشکەوتنی گەورەی پیشەسازیش بەدەستبێنێ.
دەبێت بۆ ئەو ڕێگە سەربەخۆیە – کە پێویستە وڵاتانی جیهانی تێدا ڕێبکات – لە هاوسەنگی و ڕێککەوتن لە نێوان هێنانەدی خودێتی تاک و ڕەوتی ڕووە و ئازادی و نێوان پێداویستە کۆمەڵایەتیەکانەوە بۆ گەشەکردنی هەستی بە پابەندیە کۆمەڵایەتیەکان لە ڕێگەی هاوڵاتیبوون و بەشداری کردنەوە هەبێت لەسەر ئەو بنەمایەی کە ئەوانە ماف و ئەرکن – و خزمەتکردنی ئامانجە کۆمەڵایەتیەکان و بەرژەوەندی گشتی کۆمەڵگەن بە گشتی.
دەتوانین بڵێین ئەو ناوەندەی کە یاسای دەستووری کلاسیکی و تیۆری دیموکراسی لیبڕاڵی تێدا دروست بووە لە وڵاتانی جیهانی سێ کەش و هەوایەکی تەواو جیاواز دەردەکەوێت لەبەر چەند هۆکارێک گرنگترینیان.
دەرنەکەوتنی چەمکی دەوڵەت – نەتەوە (Nation – State) لەجیهانی سێ.
دیاردەی دواکەوتوویی ئابووری و تەکنەلۆژی لە وڵاتانی جیهانی سێ.
لای خوارەوە بەشێوەیەکی تێرو تەسەل لەبارەی ئەو دوو هۆکارەوە دەخەینە ڕوو.
١- چەمکی دەوڵەت – نەتەوە و دیموکراسی
پێکهاتنی نەتەوە لە خۆرئاوادا بەشێوەیەکی گشتی پێش پێکهاتنی دەوڵەت دەکەوێت، ئەم مەسەلەیەش لە جیهانی سێ پێچەوانەیە، کە دەوڵەت پێش پێکهاتنی نەتەوە دروست دەبێت، کۆمەڵێک هۆکار هەن کە کۆسپن یان پێکهاتنی نەتەوەیان لە وڵاتانی جیهانی سێ داخستووە، بریتین لە :-
أ- هۆکارە جوگرافیەکان، لەبەرئەوەی هەندێک لە وڵاتانی جیهانی سێ پەیوەندی زەوییان لە نێواندا نیە وەک ئەندوسیا و پاکستان – پێش ساڵی ١٩٧١ – بووە هۆی دروستبوونی ناسەقامگیریەکی مەترسیدار. ئەمە وێڕای ئەوەی کە سنووری جیاکەرەوەی نێوان زۆر لە وڵاتانی جیهانی سێ سنورێکی شێوەیی دەستکردە و دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژگاری داگیرکاری، کۆسپێکی زۆری لەبەردەم ئەم وڵاتانەدا دروست کردووە بە تایبەت ئەوەی پەیوەندی بە تەواوکاری نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی یان بنیادنانی نەتەوە هەبێت.
ب- نەبوونی پەیوەستی نەتەوەیی یان زمانی لە زۆربەی وڵاتانی جیهانی سێ- بۆ نموونە لە ئەفریقا و ئاسیا – کە دەبێتە هۆی نەتوانەوەو تێکەڵنەبوونی ڕەگەزە جۆراوجۆرەکان لەڕووی زمان و کلتورو نەتەوە – لە یەک بۆتەدا- واتە دەگۆڕێت بێ دروستبوونی چەمکی هاوڵاتیبوون و یەک وەلائی بۆ دەوڵەت لەبری چەندین وەلائی نەتەوەیی و زمان و ئایینی. نەبوونی ئەم پەیوەستیەش دەبێتە هۆی ڕوودانی چەندین کێشەی ناوخۆیی وەک جەنگی ناوخۆو کودەتای سەربازی لەو وڵاتانەدا.
ت- پیرێتی کۆمەڵگەی کۆن، ئەمەش خەسڵەتێکی هاوبەشی نێوان زۆر لە وڵاتانی جیهانی سێیە. هیندستانیش پێش سەربەخۆیی نزیکەی (٦٠٠) مەملەکەت و میرنشینی تێدا بوو کە بەگوێرەی ئەو شێوازو پرنسیپانەی لە سەدەکانی ناوەڕاستدا هاتبوون فەرمانڕەوایەتیان دەکرد جگە لەو ناوچانەی بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە لایەن بەریتانیاوە فەرمانڕەوایەتی دەکران.
هەروەها کۆنی بونیادە کۆمەڵایەتیەکان دیاردەیەکە لە وڵاتەکانی تریش دا. بۆ نمونە لە ئەفریقا حکومەتی باو لەڕووی ناوچەگەری و خێڵەکی و دەشتەکی یەوە دروست دەبێت، سەرکۆی تەقلیدی دەسەڵاتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئایینی هەیە کە هاوکاری دروستبوونی کۆمەڵگەیەکی فراوانتر ناکات. ئەنجامی ئەوەش تا ئەم کاتەی ئێستا سەرهەڵدانی ناکۆکیە خێڵەکیەکانە کە بێ یەکخستنی وڵات وەک بەربەستێک وەستاوە.
٢- پێکهاتنی ناتەواوی نەتەوەو دیموکراسی.
دیموکراسی چەمکی بە گەل کردنی دەسەڵات دەسەپێنی، واتە گەل هۆشیار دەکاتەوە کە خاوەنی ڕەسەنی دەسەڵاتە، داوای چاودێری کردنی فەرمانڕەواکان دەکات و دەبێت بۆ ئەوەش هۆکار گەلێ پێویستی لەبەردەستدا بێت. هەروەها دیموکراسیەت فەرمانڕەواکان ناچار دەکات ڕازی بن بە چەمکی (بە گەل کردنی دەسەڵات) و بڕیاری چاودێری کردنی گەل بەسەر دەسەڵاتەکانیانەوە بدەن.
چەمکی (بە گەل کردنی دەسەڵات) مەرجە پێشوەختیە پێویستیەکانی فەراهەم نین بۆ دەرکەوتنی لە جیهانی سێ لەبەر چەند هۆکارێک :
أ- سەرهەڵنەدانی هۆشیاری لای گەل، گەل خاوەنی هۆشیاری نیە – یان ناکرێت زوو بگاتە هۆشیارییەکی تەواو تا ڕایبێنێت بزانێت خۆی خاوەنی ڕاستەقینەی دەسەڵاتە، هەروەها ئارەزووی تەواو و هۆکار گەلی پێویستی بۆ جاودێریکردنی فەرمانڕەواکان لەبەردەستدا نیە، نەریتی باو لە زۆرترین – یان تێکڕای وڵاتانی جیهانی سێ هەمیشە لە بەرژەوەندی فەرمانڕەوایی ڕەهادایە. هەروەک ئەستەمە ڕای گشتی یان ڕۆشسنبیرییەکی گشتی سیاسی دروست بکات – دیموکراسی بێ ئەو واتای خۆی نابێت ئەویش بەهۆی بڵاوی نەخوێندەواری لەلایەک و خاوەندارێتی حکومەت بەسەر هۆکارەکانی ڕاگەیاندنی بیستراو و بینراو لەلایەکی دیکەوە. ئەمە سەرباری ئەوەی کە ترس لە برسێتی لەو کۆمەڵگە لاوازانەدا لە زۆربەی حاڵەتەکاندا هەستی نیشتمانی خامۆش دەکات.
چاودێریارێکی پێشکەوتنی دیموکراسی لە خودی وڵاتانی ئەوروپادا تێبینی دەکات کە پەیوەندیەکی بەتین لەنێوان پێشکەوتنی دیموکراسی و فراوانبوونی چوارچێوەی نوێنەرایەتی کردن و نێوان ئاستی بژێوی و فێربوون و تەندروستی لەو وڵاتانەدا هەیە. بۆ نموونە لە بەریتانیا، ئەنجومەنی گشتی لە ساڵی ١٨٣٢ پێکهاتبوو لە ٥٠٨ خاوەنداری زەوی و ٨٣ سەرمایەدارو ١٠٠ سەرباز و دەریاوانی شارەزا. لە ساڵی ١٩٢٤ دا تەنها دوو کەس لە چینی کرێکار گەیشتە پۆستە وەزاریەکان. تا ساڵی ١٩٠٦ زیاد لە نیوەی ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران ئینتمایان بۆ چینی ئەرستۆکراسی هەبوو. پێش ساڵی ١٨٨٢ تەنها یەک کەس لەهەر چل کەسێک مافی دەنگدانی هەبوو و لە ساڵی ١٩٢٩ بۆ هەر کەسێکی پێگەیشتوو مافی دەنگدانی پێبڕا و لە ٧٥٪ی ئەو خەڵکانە ئەو مافەیان بە فعلی ممارەسە کرد، هیچ کام لەو خەڵکانە پێش ساڵی چواردەهەمی تەمەنی فێربوونی جینەهێشتووە، بەڵکو هەندێکیان تا ساڵی هەژدەهەمی لە فێربووندا ماونەتەوە.
لە ساڵی ١٨٥١ -و لە نێوان (٥) پێنج ملیۆن منداڵی بەریتانی لە نێوان (٣) سێ ساڵ تا (١١) یازدە ساڵ – نزیکەی ٢٥٪ ی ئەو مناڵانە یان کەمێک زیاتر درێژەیان بە فێربوون نەداوە. بۆ نموونە ئیتاڵیا ماوەی (٣٠) سی ساڵ زیاترە بەبۆنەی مردنی دواهەمین کەسی نەخوێندەوار لە وڵاتەکەیاندا ئاهەنگی گێڕا. هەروەها دڵنیایی (تأمین) دژی بێکاری و دڵنیایی پیری و بەساڵاچووان بەشێوەیەکی تەواو پێش ساڵی ١٩٤٨ لە بەریتانیادا نەبوون.
لێرەدا بەو ووتەیە کۆتایی دێنن کە پرۆسەی بەرزبوونەوەی ئاستی بژێوی و ڕۆشنبیری و تەندروستی هەمیشە فراوانبوونی چوارچێوەی هەڵبژاردنی سەرکردە سیاسی و کارگێڕیەکان و فراوانبوونی چوارچێوەی بەشداری سیاسی هاوڕێیەتی دەکات.
ب- کەمی ژمارەی دەستەبژێرە سیاسی و کارگێڕیەکان، چونکە زۆربەی وڵاتانی جیهانی سێ پێویستیان بە دەستەبژێری شارەزا هەیە لەلایەنی سیاسی و کارگێڕیەوە. ئەوەی لە ئەزموونەوە جێگیربووە کە ئەو سیستەمانەی دەچنەوە سەر دیموکراسی خۆرئاوا – بۆ ئەوەی لەنێو هەل و مەرجێکی گونجاودا کاربکات پێویستی بە ژمارەیەکی زۆر لە سیاسەتوان و کارگێڕانی بەتوانا هەیە، ئەمە وێڕای ئەگەری ئاڵوگۆڕکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات پێویستی بە ژمارەیەک لە گروپ و کۆمەڵەی ڕاهێنراو هەیە کە ئەمەش لە وڵاتانی جیهانی سێ دەستەبەر نین.
ئەنجامی گرنگی ئەو بارودۆخەش ئەوەیە کە توێژی سیاسی دەسەڵاتدار بەسەر کاروباری فەرمانڕەوایی و دەسەڵاتەوە بەهانەگەلی تەواو بۆ بەرهەڵستکاری هەبوو بیرێکی گۆڕانکاری دەدۆزێتەوەو بۆ ئەوەی بێ هیچ توانایەکەوە لە فەرمانڕەواییەکەیدا بمێنێتەوە – یان سوکایەتی ئەو کەسانە دەکات کە لە فەرمانڕەواییکردندا جێی دەگرنەوە. ئەم مەسەلەیەش زۆرجار دەبێتە هۆی پەنابردنە بەر سوپا ببێتە ئەلتەرناتیڤ.
ج- بەرپەرچدانەوەی چەمکی چاودێریکردنی گەلی، ئەگەر چاودێری گەل بەگوێرەی نەریتەکانی دیموکراسی لە خۆرئاوا بێتە هۆی گۆرینی فەرمانڕەواکان، ئەوا بارەکە لە وڵاتانی جیهانی سێ تەواو پێچەوانەیە، چونکە گەیشتنە دەسەڵات لە زۆربەی ئەو وڵاتانەدا ڕێگەیەکە بۆ سوود وەرگرتن بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە دەسکەوتە ماددی و دەسەڵات و پایە کۆمەڵایەتیەکان(ڕێگەیەکە بۆ بازدانی کۆمەڵایەتی)، لە بەرامبەر ئەمەدا دەستبەرداربوون لە فەرمانڕەواییکردن واتە زیانی مادی و لەبیرچوونەوە و بێفەڕی. لەبەرئەوە لکان بە فەرمانڕەواییکردنەوە و ڕەتکردنەوەی چەمکی چاودێری گەل و چەمکی گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات، مەسەلە گەلێی پڕ بایەخن لای توێژی فەرمانڕەوای زۆربەی وڵاتانی جیهانی سێ.
هەروەها لێرەدا جێی باسە کە ڕەنگە داواکاری بۆ بەشداریکردن لە ژیانی سیاسیدا زۆرجار خاڵی نەبێت لە هەلپەرستی و ئارەزووی هێنانەدی دەسکەوتی مادی و واتایی زۆر دوور لە ئامانجە ڕاستەقینەکانی دیموکراسیەوە. هەروەک ئەو داواکاریە هەمیشە لە لایەن ڕۆشنبیرانەوە دێت نەک لەلایەن کۆمەڵەو هێزو توێژە کۆمەڵایەتیەکانی دیکەوە کە خاوەنی بەرژەوەندی ڕاستەقینەن لە داواکردنی مافی بەشداری کردندا. لەبەرئەوە داواکاری بۆ بەشداری کردنی سیاسی زۆرجار گوزارشت لە هەلپەرستی ڕؤشنبیران دەکات.
د- ڕۆڵی ئایین : ئایین لەزۆربەی وڵاتانی جیهانی سێی (ڕۆڵێک دەبینێ کە یارمەتی گەشەکردنی بیری دەوڵەتی نەتەوەیی نادات و یارمەتی سەرهەڵدانی چەمک و دام و دەزگا دیموکراسیەکان لە جۆری ئەوروپی یان خۆرئاوایی نادات. ئەمەش لەسەر هەندێک ئایینزاکانی وەک هیندۆسی و بوزی پیادە دەبێت بەهۆی سروشتی دابەشبوونی چینایەتی ئایینی تێیاندا (هیرارشی ئایینی). بەڵام لە ئایینی ئیسلامدا چەمکە گەلێک بۆ بەشداری کردن بەدی دەکرێت وەک چەمکەکانی شورا و ئەهلی حل و عەقد و فەرمانکردن بە چاکەو ڕێگرتن لە خراپە، هەڵوێست وەرگرتن لە بارەی دیموکراسیەوە ئاڵۆز دەردەکەوێت بەڵکو دەبێتە هۆکارێک لە هۆکارەکانی دابەشبوونێکی توندی هزری لەنێوان لایەنگرانی دیموکراسی لیبڕاڵێ خۆرئاواو بەرپەرچکەرانی دیموکراسی لیبڕاڵی خۆرئاوا لە بەرژەوەندی چەمکی شورا و چەمکە ئیسلامیەکانی دیکە هەوڵنێران بۆ یەکخستنی نێوان دیموکراسی لیبڕاڵی خۆرئاوا و شورای ئیسلامی، بێگومان ئەو ناکۆکیە لە بارەی دیموکراسیەوە لە دیدی ئایینی ئیسلامیەوە یارمەتی دەرکەوتنی چەمکەکانی دیموکراسی نادات. ڕەنگە ڕووداو و پێشکەوتنە سیاسیەکان کە پاکستان لەو ساڵانەی دواییدا بە خۆوە بینی لایەنێکی گەورەیان ڕەنگدانەوەی ئەو ناکۆکیە بێت لەبارەی پیادەکردنی چەمکە ئیسلامی و دیموکراسیەکان لەژیانی سیاسیدا.
وە ئەگەر درێژە بدەینە ئەو جیاوازیە لە بارەی چەمکەکانی دەوڵەت و نەتەوایەتی لەلایەک و نەتەوە لە لایەکی ترەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە ئەو گرفتانەی ڕووبەڕووی هەوڵەکانی بڵاوبوونەوەی دیموکراسی لە وڵاتانی جیهانی سێ دەبێتەوە چەندە...
٣- دواکەوتوویی و دیموکراسی.
ئەوەی ڕێککەوتوون لەسەر کە وڵاتانی دواکەوتوو لەڕووی ئابووریەوە ئەو وڵاتانەن کە بەهۆی نەبوونی یان لاوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و هۆکارەکانی تەکنەلۆژیاوە داهاتە مرۆیی و مادە سەرەتاییەکانیان تەواو نەقۆستۆتەوە ڕێبداتە زانیاریەکان خەڵکی دەستی پێیان بگات.
پێوەرەکانی دواکەوتوویی ئابووری بریتین لە: نزمی ئاستی داهاتی تاک، کشتوکاڵی سەرەتایی، کەمی بەکارهێنانی وزەی میکانیکی، پیشەسازی سەرەتایی و هەڵئاوسان لە کەرتی بازرگانیدا .
بەڵام پێوەرەکانی دواکەوتوویی کۆمەڵایەتی بریتین لە : بەرزی ڕێژەی نەخوێندەواری، کەمخۆراکی و نزمی ئاستی تەندروستی، بەرزی ڕێژەی مردن و زیادبوونی تێکڕای لەدایکبوون .
ئەزموونی دیموکراسی لە جیهانی خۆرئاوادا – کە چەند سەدەیەکی خایاندووە تا کۆڵەکەکانی کامڵ بوون – جەخت دەکاتەوە کە مەرجی پێشوەختی (Pre requisites) ئابووری و کۆمەڵایەتی هەن، بە واتا ئامادەسازی کەش و هەوا بۆ دەرکەوتنی دیموکراسی بوونی بونیادێکی دیاریکراو و ئاستێکی دیاریکراو لە پێشکەوتن و گەشەی کۆمەڵایەتی و ئابووری دەسەپێنێ.
پێویستە وا تێنەگەین کە باش بەڕێوەچوونی کاری دیموکراسی داوای گشتاندنی خۆشگوزەرانی بەسەر هاوڵاتیاندا، یان یەکسانی فعلی نێوانیان دەکات. جگە لەوەی پێویستی دەکات کە پێداویستیەکانی بژێوی ژیان هەموو تواناکانی تاک هەڵنەلوشێت، هەروەک پێویستی دەکات نابێت دەسەڵاتی ئابووری و کۆمەڵایەتی لەدەست توێژی کەمینەدا کۆببنەوە. ئەمەش لانیکەمی مەرجەکانی دیموکراسین و بەشێوەیەکی گشتی لە وڵاتە دواکەوتووەکاندا فەراهەم نین.
دڵەڕاکێ و ترس لە برسێتی یارمەتی سەرهەڵدانی لانیکەمی هەستی نیشتمانی یان بایەخدان بە کاروباری دەوڵەت نادات، بەڵکو کێشەی سەرەکی ڕۆژانەی تاکەکان پەیداکردنی پاروویەکی ژیان دەبێت، ئەگەر ئەو کێشەیە نەبوو، ئەوا لە حاڵەتی ئەنجام دانی هەڵبژاردنە گشتیەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرکردە باڵاکان، دەربڕینی متمانەی تایبەتی بۆ کەسێکی دیاریکراو ئومێدی یارمەتی پێدانی دەداتێ لە دەرچوون لە حاڵەتی بێ ئومێدی و دەبێتە هۆکارێک لەپشت نموونەی ئەو بەشدارییە سیاسیەوە.
بەڵام کۆبوونەوەی دەسەڵاتی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە دەستی کەمینە لە وڵاتێکی دواکەوتوودا، ئەمە دەبیتە کۆسپێک لە کارکردنی دام و دەزگاکان – لەسەر شێوەی خۆرئاوا – بەشێوەیەکی تەندروست، ئەم کۆکردنەوەیە هەروا دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی دەسەڵات لەدەست چینی فەرمانڕەوادا. تەنانەت ئەگەر هەڵبژاردنیش ئەنجام بدرێت و ڕێزی دەنگدانی نهێنی بگیرێت، ئەوا چینە بێفەڕەکانی وەک جووتیاران بۆ نموونە – ناتوانێت بەرەنگاری ئەو فشارە بێتەوە کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە.
جیهانی سێ- یان جیهانی دواکەوتوو – ئاخێنراوە بە ناکۆکی و تەواو جیاوازە لە وڵاتە دیموکراسیەکانی جیهانی خۆرئاوا. ئەم ناکۆکیەش بەشێوەیەکی ئاشکرا لە هەوڵدان بۆ چواندن بە جیهانی خۆرئاوا لە لایەک و وەستان بە ڕووی خۆرئاوادا لە لایەکی دیکەوە دەردەکەوێت، ئەم ناکۆکیەی نێوان جیهانی دواکەوتوو و جیهانی پێشکەوتوو و زیادبوونی کەلێنی نێوان هەردوو جیهانەکە مەترسی لەسەر ئاشتی جیهانی و لەسەر ئاییندەی یاسای دەستووری و دیموکراسی لە جیهانی سێ دا دروست دەکات.
لێرەوە، پێویستە کۆششێکی چڕ بکرێت بۆ دەربازبوون لە دواکەوتوویی لە جیهانی سێ و تێپەڕاندنی ئەو کۆسپانەی کە بە ڕووی دیموکراسیەتدا دروست دەبن.
وە دەتوانین ئەو کۆششانەش لەم خاڵانەی لای خوارەوە چڕ بکەینەوە.
١- پێشکەشکردنی یارمەتی لە لایەن وڵاتە پێشکەوتووەکانەوە بە وڵاتە دواکەوتووەکان بۆ دەربازبوون لەو دۆخەی تێیدایە، بەڵام ئەو یارمەتیە هەرچی چۆنێک بێت دەبێت دیاری کراو بێت.
٢- کۆششکردن لە لایەن جیهانی سێیەوە بۆ ڕزگاربوون لە دواکەوتوویی لە ڕێی دانانی ستراتیژیەتێکی ڕێک و ڕەوان بۆ گەشەپێدان کە بەندبێت لەسەر بنەمای بەزاندنی نەنگیەکانی بەرهەمی کشتوکاڵی و پیشەسازی تا بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی داهاتەکان زۆر دەبنەوە، بەشێوەیەک زۆربوونی دانیشتوان نەتوانێت تێکڕای ئەو داهاتانە بەشێوەیەکی خێرا لەبن دەربێنێ، لەبەرئەوەی باشترکردنی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی و پیشەسازی بەڕێژەیەکی داریکراو ئەنجامێکی پێچەوانەی لێدەکەوێتەوە کاتێک ئاستی خواردەمەنی و بەرخۆری و تەندروستی بەرز دەبێتەوە، بە واتایەکی دیکە دەبێتە هۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان بە ڕادەیەک ئاستەنگی دەکات لەو پێشکەوتنەی دەمانەوێت.
چاکتر وایە ئاماژە بە دوازدە پێویستیەکە (The twelve musts) بدرێ کە (جواو فرانک راکوستا) سکرتێری گشتی ڕێکخراوی (UNCSTD) بۆ گەشەپێدان دایناوەو بریتین لە :-
٣- دەبێت گەشەپێدان گشتگیر بێت لایەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کلتووری بگرێتەوە.
٤- دەبێت گەشەپێدان ڕەسەن بێت واتە گەشەپێدان لە واقعی کۆمەڵگەو بە لەبەرچاوگرتنی جیاوازیەکانی نێوان کۆمەڵگەکانەوە هاتبێ.
٥- دەبێت گەشەپێدان بەشێوەیەکی سەربەخۆ بڕیاردراو بێت.
٦- دەبێت گەشەپێدان بەند بێت لەسەر پشت بەستن بەخۆ یان هاوکاری کردنی ئاسۆیی نێوان وڵاتانی تازە گەشەسەندوو یان هاوکاری سێ لایەنی (تعاونی ثلاثی) بەشێوەیەک تێیدا وڵاتانی پێشکەوتوو بەشدار بن.
٧- دەبێت گەشەپێدان تەواوکاری بێت واتە بۆ نموونە کەرتی پیشەسازی و کەرتی کشتوکاڵی بەشێوەیەکی تەواوەتی لەگەڵ سیستەمی ڕاهێنان و فێرکردندا پێکبێت.
٨- دەبێت گەشەپیدان بەندبێت لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی ژینگەی سروشتی و کلتوری.
٩- دەبێت گەشەپێدان نەخشە بۆ دانراو بێت.
١٠- دەبێت گەشەپێدان ڕووە و سیستەمێکی کۆمەڵایەتی دادپەروەر و هێنانەدی یەکسانیەکان ئاڕاستە بکرێت.
١١- دەبێت گەشەپێدان دیموکراسی بێ، لەبەرئەوەی کە ئامانجەکانی کۆمەڵگە تێکڕا زانستی و تەکنەلۆژی نین، پێویستە ڕێگە نەدرێتە زانست و تەکنەلۆژیا بانگەشەی زاڵێتی و بڕیاردان بکەن .
١٢- دەبێت گەشەپێدان هەموو ناوچەکان بگرێتەوە، واتە دانەبڕینی ئەو ناوچانەی کەمتر پێشکەوتوون لە سنووری گەشەپێدان.
دەبێت گەشەپێدان نوێکاری و داهێنانی بێت و پشت نەبەستێتە سەر تەکنەلۆژیا کۆنەکان یان هاوردەکردنی تەکنەلۆژیا زۆر پێشکەوتووەکان.
١٣- دەبێت نەخشەڕێژکردنی گەشەپێدان بەند بێت لەسەر تێگەیشتنێکی ڕاستەقینە و واقعیی پێداویستیە نیشتمانیەکان.
پێنجەم: برەوپێدانی دام و دەزگا دیموکراسیەکان
کێشەکانی دیموکراسی ناتوانرێت بە پێناسەیەکی ئامادەکراو چارەسەر بکرێت، جا ئیتر لە وڵاتانی خۆرئاوادا بێت کە دیموکراسیەت تێیدا سەری هەڵداوە، یان لە وڵاتانی جیهانی سێ بێت کە دەیەوێت ببێتە دیموکراسی .
دیموکراسی ئۆتۆماتیکی دەردەکەوێت ئەگەر کۆڵەکە بنەڕەتیەکانی تەواو بن، پیادەکردنی سیستەمێک لە سیستەمەکانی فەرمانڕەواییکردن جا پەرلەمانی بێت یان سەرۆکایەتی یان سیستەمێکی دیکە بێت جگە لەو دوو سیستەمە ئەوە زامنی دەرکەوتن و ممارەسەکردنی دیموکراسی نیە، هەروەک دیموکراسی دەستبەجێ بە بڕیارێکی دەسەڵات، یان داواکاری گەلی ناسەپێندرێت.
هەندێک هۆکار هەن کە یارمەتی دروستکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ دەرکەوتنی دیموکراسی و برەودانی دام و دەزگاکانی فەرمانڕەوایی دیموکراسی دەدەن، دەتوانرێت گرنگترینی ئەو هۆکارانە لەم خاڵانەی لای خوارەوە کۆ بکەینەوە .
دەبێت دەوڵەت دەوڵەتێکی یاسایی بێت، واتە ڕێزگرتنی پرنسیپی سەروەری یاساو یەکسانیە یاساییەکان.
ڕێزگرتنی مافەکانی مرۆڤ.
بڵاوکردنەوەی فێرکردن.
ڕێزگرتنی ڕادەربڕین.
ڕێگەدان بە ڕێکخستنە کۆمەڵایەتی و پیشەیی و سیاسیەکان.
جیاکردنەوەی نێوان دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری، چاودێری کردنی دەزگاکانی دەسەڵات.
بڕیاردانی فرەیی سیاسی لەسەر بنەمای نا خێڵەکی و نا مەزهەبی.
دابینکردنی پێداویستیە سەرەکیەکانی سەرجەم هاوڵاتیان .
دروستکردنی ڕۆحی هاوڵاتیبوون و ئینتمابوون بۆ دەوڵەت.
بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیری سیاسی بۆ چەسپاندنی چەمکەکانی دیموکراسی.
دواجار دەتوانین بڵێین کە هەر ئامانجێک بەشێک لە هەمان ئامانج پێکدێنێت، لەبەرئەوە تاکە چارەسەر بۆ کێشەی دیموکراسی بریتیە لە زیادبوونی دیموکراسیەت، بە واتایەکی تر دیموکراسی هۆکار و ئامانجە لە هەمان کاتدا.
سەرچاوە :
علی خليفة الكواري(وأخرون), المسألة الديمقراطية في الوطن العربي
(سلسلة كتب المستقبل العربي (19), مركز دراسات الوحدة العربية, الطبعة الاولى, بيروت, 2000 .
زانکۆی ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو.