هیوا شارباژێڕی
ئایدۆلۆژیا لە زمانەوانیدا و لە کۆندا بە مانای زانستی بیر و ئایدیا هاتووە و سەرچاوەیەکی فەرەنسی هەیە، بەڵام ئەم مانا کۆنەی نەپاراستووە و لە دەستیداوە. لەبەرئەوەی زۆربەی کات بە تەواوی مۆڕال و ئەخلاق و ئەو ئامانجانە هاتووە کە دەویسترێت گەڵاڵە بکرێت لە ژیانی مرۆڤایەتیدا، هەندێکجار بە مانای ڕاستێتی و تێڕوانینی مرۆڤ دێت بۆ گەردوون هەروەک دەوترێت فڵان کەس ئایدۆلۆژیانە سەیری گەردوون دەکات.
کەواتە بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین ئایدۆلۆژیا بە کۆی تێڕوانینێکی میتۆدی دەوترێت کە بە هۆیەوە ڕوئیا و تێڕوانینێکی گشتگیر و دیاریکراو بەرجەستە دەکات لە بەرامبەر هەر ڕووداو و کاروبار و بارودۆخێک کە لە ژیانی ڕۆژانەدا دەخولقێن یان هەر بارودۆخێکی فەلسەفی و سیاسی دیاریکراو.
بە شێوەیەکی تایبەت یان بەو کۆمەڵە بیر و ئایدیایە دەوترێت کە خۆی هەیمەنەی واقیع دەکات. لە تەواوی کۆمەڵگەكانی سەر زەویدا زۆر لە تەیاراتی سیاسی بوون و کەینونەیان هەیە لەمسەری ڕاستڕەوەوە بۆ ئەوپەڕی چەپ و بابای مارکسیی کە دەیانەوێت لە ڕێگەی ئەو بیروباوەڕ و ئایدیایەی کە هەیەتی گۆڕانکاریی بکات و کۆمەڵگە بە ئاراستەیەکی تردا ببات، بەڵام هەریەکە و بە شێوە و فۆرمەلەیەکی جیاواز لەوی تر، کەواتە ئایدۆلۆژیا ڕۆڵێکی بەرچاو دەبینێت لە ئاراستەپێدانی ئەو ڕەوت و تەیاراتە سیاسییانەدا و دەکرێت ببێتە فاکتەرێکی زۆر پۆزەتیڤ بۆ هێنانەدی ئامانجە هیومانیستییەکانی مرۆڤایەتی وە دەشکرێت فاکتەرێکی ئاراستە پێچەوانە بێت و مرۆڤایەتی لە سایەیدا گیرۆدەی زیانەکانی بێت و گۆمی خنکانی مرۆڤەکان بخولقێنێت بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە ئایدۆلۆژیستەکان لە خوێندنەوەی واقع و دادگایکردنی ئەوانەی خولقێنەری ڕووداوەکانی ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگە ن بە باگراوندێکی تاکڕەهەندیانەوە بڕیار لەسەر ڕووداوەکان نەدەن و لە ڕاستەقینەیان دوور بکەونەوە بە ئەندازەیەک تاک لە کۆمەڵگەدا تەنها ڕووە خراپەکەی ئایدۆلۆژیا ببینێت هەروەك لە مێژوودا بینیمان كە بۆشى کوڕ دواى 11ى سێپتەمبەر چۆن بڕیارى ئایدۆلۆژیایەکی دا کە بەرەی دۆست و دووژمنی جیاکردەوە، یان ئوسامە بن لادن کە تەنها وایدەبینی دوو جۆر لە ڕەوتى مرۆڤایەتى بوونى هەیە و سێیەم بوونى نییە .
کەواتە ههرکاتێک ئایدۆلۆژیا وەکو عەصایەکی سیحری و موعجیزایی تەماشای بکرێت و هەموو تەفسیرات و خوێندنەوەى ستراتیژیانەی واقیعی لێ بەدووربگیریت ئەوا مرۆڤایەتى لەقەیرانى ناسرووشتیانەی ژیانکردن نزیکدەکاتەوە سەرەڕای دەرهاویشتەکانی تری بوارە جیاوازەکانی گوزەرانی سیاسی و ئابووری و کلتووریی و پێکەوە ژیانی ئایین و نەتەوە جیاوازەکانی دونیا.
بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین ئایدۆلۆژیا وەکو چەمک لە لایەن زۆربەی ناوەندەکانەوە بە هەموو ئەم شێوانەی خوارەوە پێناسە کراوە:
*نەسەقێکی عەقیدەیی سیاسییە.
* کۆمەڵێک ئەفکاری سیاسییە کە ئاراستەیەکى زانستی و براکتیکی لە پشتەوەیە.
* ئەفکاری چینی دەسەڵاتدار و فەرمانڕەوایە.
* ڕوئیای دەستەبژێرێکی تایبەتە سەبارەت بە جیهان.
* ئەفکارێکی سیاسییە کە گوزارشت لە بەرژەوەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان دەکات.
* جۆرە ئەفکارێکە کە وا لە تاک دەکات لە بازنەیەکدا بمێنێتەوە کە هەمیشە خاوەنی وەلائى خۆی بێت بۆ بنچینە فکرییەکانی.
* مەزهەبێکی سیاسی گشتگیرە بۆ قۆرخکردنی حەقیقەت.
ئایدۆلۆژیا، چڕبوونەوە و غیاب
ئایدۆلۆژیا هێڵ و مەودا و تایبەتمەندییەکی هەیە کە ئەگەر بێتوو هێندە
چربکرێتەوە کە وا بزارێت دەتوانێت تەفسیری هەموو ڕەهەندەکانی جیهان و
مەعریفەی ژیان بکات بەبێ ئەوەی ئاوێتهی واقیع و نێوکۆی ڕووداوەکان بێت،
ئەوا چڕبوونەوەیەکە بۆ لە قاڵبدان و کۆنکرێتی مەعریفی و ئایدیای خۆفەرزکردن. خۆ ئەگەر هاتوو لە ئاراستەپێدانی ژیانی سیاسی و کلتوری و فەرهەنگی و تەنانەت ململانێ ئایینی و نێودەوڵەتی و شارستانیەتییەکانیشدا ئایدۆلۆژیا غیابی هەبوو ئەوا بە پێی زۆربەی توێژینەوەکان پێشکەوتنی ژیاریی و کلتوریی و ئاوێتهبوون گەڵاڵە نابێت بەو شێوەیەی کە مرۆڤایەتی چاوەڕێی دەکات لەبەر ئەوەی زۆربەی ئەو کارگەرییە مرۆڤایەتییانەی لە ژیانی مرۆڤایەتیدا بوونی هەیە بە پاڵپشتی ئایدۆلۆژیا کراوە ئەگەرچی لە ڕووە نیگەتیڤەکەشیداجەنگی خوێناوی جیهانی بەرهەمهێناوە.
کەواتە ئەو کاتەی ئایدۆلۆژیا دەکرێتە فاکتەرێک بۆ گەیشتن
بە ڕابەرایەتیکردن و پێشەنگی جیهان لە ئاراستەپێدانی بە مرۆڤایەتیبوونێکی
سروشتیانەی پێکەوەژیان ئەوا مانایەکە بۆ ژیان بەڵام ئەو کاتەش کە دەبێتە فاکتەری هەیمەنەکردن بەسەر کۆی ڕەهەندە ژیاری و بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی میللەتێک و تێکشکاندنی ئێسک و پروسکی ئیتنیک و نەتەوەکانی دی ئەوا مانایەکە بۆ بێ مانایی.
ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە لەو ساتەوەختەی ئایدۆلۆژیا لەودیو خوێندنەوە بۆ مێژوو واقعیی سیاسییەوە بڕیار لەسەر دەرئەنجام و مامەڵەکردنی ڕووداوەکان دەدات ئەوا لە سنووری فەشەل نزیک دەبێتەوە هەرچەندە ئەو ئایدۆلۆژیایە لە بنچینەدا پەیامی ئاشتی جیهانی بۆ کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە هەگبەدا بێت، تەنانەت لە پۆوتانی ئایدۆلۆژیادا دەبێت پلان و میتۆدەکان لەقووڵبونەوە بەرەگوریشەکانی ئایدۆلۆژیادا نەکرێت بەو ئەندازەیەی کە دیوی دەرەوەی ئایدۆلۆژیا لەیادبکرێت، لەبەر ئەوەی ئایدۆلۆژیا تیۆرایەک نییە لە بۆشایی و لەئاسماندا تەیی بکرێت، بەڵکوو بۆ زەمین و زەمەنی سەر زەوییە.
ئایدۆلۆژیا و ئایین:
لەوانەیە زۆر لە توێژەرەوان ئەو هەڵەیان کردبێت کە باس لە ئایدۆلۆژیا کرا یان باس لە ئایین دەکرێت، یان بە مانایەکی دی ئەو دوو چەمک و مانایەیان تێکەڵ بە یەکدی کردبێت هەر بۆیەشە بەشێک لە خوێنەران هەروا تێگەشتوون لەو دوو چەمکە کە یەک چەمک بێت، ئەمە لە کاتێکدا جیاوازییەکی زۆر لەو نێوانەدا هەیە.
ئایین کۆی ئەو ئوامرانەیە کە لە چوارچێوەی قورئان و سوننەتدا لە ڕێگەی پێغەمبەرانەوە بە مرۆڤایەتی گەشتووە، بەڵام ئایدۆلۆژیا زادەی جۆرێک لەبیرکردنەوەیە کە زۆربەی کات ڕێکدەخرێت لە کردەی سیاسیدا و لەوانەشە چەندە بۆ بونیادنانەوە ئەوەندەش بۆ ڕووخاندنی خاوەن هێزەکان بێت، هەروەک ئەندرو هیود پێی وابووە بەو مانایەی کە پشت دەبەستێت بە چۆنیەتی و چەندێتی بیرکردنەوە و ئایدیای بیرمەندێکی دیاریکراو وەکو ئایدۆلۆژیای مارکسیستی کە هەڵقوڵاوی بیرکردنەوەی مارکسە، یان ئایدۆلۆژیای ئیسلامی کە هەڵقوڵاوی دەرهاویشتە فکرییەکانی دەقێکی تەشریعاتی گشتییە، کەواتە ئایدۆلۆژیای دینی بریتی نییە لە دین بەڵکو پاڵپشتە بە تێکستی ئاینی لەبەر ئەوەی دین بەرهەمێکی خواییە و مرۆڤ دەستی نەبووە و نییە لە دارشتنیدا، بەڵام ئایدۆلۆژیا بەرهەمی بیرمەند و واقیعی ڕۆشنبیریی دیاریکراوە، دەبینین ئایین بۆخۆی یەک ئاڕاستە و میتۆدی هەیە بەڵام ئایدۆلۆژیای ئاینی فرەیین و ڕەوتی جیاوازیان هەیە وەکو سەلەفی و ئیخوانی و حزبه ئیسلامیهکانی دونیا، ئاین تەواوە و کامڵە بەڵام ئایدۆلۆژیا کەموکورتی هەیە و بە پێی بەردەوامبوون پێشدەکەوێت، دەبینین تەواوی موسڵمانان لەسەر دینی ئیسلامن بەڵام هەریەکە و خاوەنی ئایدۆلۆژیایەکی تایبەتی دینی خۆیەتی هەریەکە و بە شێوە و فۆرمێک .
جیهانگەریی و مەرگی ئایدۆلۆژیا!
هەمیشە مرۆڤ و گروپە سیاسییەکان لە دونیادا لە ڕێگەی خستنەڕووی ئەو داتا فکرییانەی کە هەیەتی لە بوارەکانی مافی مرۆڤ گەشەپێدانی سیاسی و بانگەشەکانی ئازادی و یەکسانی و دادپەروەریی لە ڕێگەی ئایدۆلۆژیاوە ئاراستە بە خستنەڕوو و عەرزی مەغزا فکرییەکانیان دەكەن و هەمیشەش ئەمە لە بەردەوامبووندایە.
فۆکۆیاما وتی ئایدۆلۆژیا مرد و کۆتایی مێژووە، بەڵام ئایا ئایدۆلۆژیا بە مەرگ دەبێت یان ڕوو لە لاوازی دەکات و پاشان تووشی هەستانەوە و بەرخودان دەبێتەوە؟
لە ناو کۆی عەولەمە و مونتەمیانیدا ململانێیەکی چڕ هاتە گۆڕێ لەسەر ڕەتکردنەوەی ئایدۆلۆژیا بە شێوەیەکی ڕەها یان بە شێوەیەکی ڕێژەیی یان ڕەتنەکردنەوەی لەبەرئەوەی ڕاستە دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت نەوا خرایە ڕوو کە ئایدۆلۆژیا تووشی مەرگ بوو، بەڵام بەهۆی ئەو جوڵانەوە نەوعی و زیندووەی کە لە سەدەی بیست بە دواوە هاتە مەیدانی جیهانییەوە بە شێوەیەک ئاراستەی ململانێکەی گۆڕی کە ئایدۆلۆژیا تووشی بە مەرگبوون نابێت، بەڵام تووشی کەموکورتی و تەنگەتاویی دێت.
ئەگەر جیهانگەرایی لە ڕووە ماددیگەراییەکەیەوە بیەوێت سنوورەکان ببەزێنێت، ئەوا لە لایەنی واتایی و ڕوحییەوە کاریگەریی نەوعی و جەوهەریی لە کۆنەست و کۆهەستی تاکەکان لە تەواوی کۆمەڵگەکانیدا بەجێدەهێڵێت، ئەمەش وایکردووە بازنەی ئایدۆلۆژیستی عەقڵی تاکەکانی بە شێوەیەک لە شێوەکان تەسککردبێتەوە بۆ مەودایەکی کورتتر لە جاران و لە سرووشتی خۆی، لەبەرئەوەی کاریگەریی ئایدۆلۆژیا لە ڕابردوودا بۆیە بەهێزتر و دەرهاویشتەی زیاتری هەبوو چونکە لە کۆی دەستبژێر و خاوەن دەسەڵات و یاسا داڕێژەراندا بەرجەستە دەبوو بۆ ئەوەی لەوێوە یاسا و بنچینەیەکی گشتی بخولقێت بۆ ئاراستەپێدانی مرۆڤایەتی و کۆمەڵگە، بۆیە تاک نەیدەتوانی ڕووبەڕووی ئەم ئایدۆلۆژیایە بوەستێت تەنها مەگەر لە ڕێگەی هێزەوە نەبێت، بەڵام هەنووکە جیهانگەرایی تاکی بردۆتە ناو دەستبژێرەکانەوە و هەموویانی بردۆتە ئاستێکەوە هەر بۆیە كاریگەرییەکانی ئایدۆلۆژیای کەمتر کردووەتەوە، بەڵام زۆر لە توێژەران پێیانوایە لەو دەوڵەت و کۆمەڵگەیەی کە زۆر وابەستەی ئایدۆلۆژیای حوکم و دەسەڵات و کلتوری خۆیانن کەمتر ڕەنگی ئایدۆلۆژیای خۆیان کاڵتربۆتەوە، بەڵکو هەمیشە ڕووبەڕووی لایەنە خراپەکانی جیهانگەریی بوونەتەوە.
یەکێک لەو گرفتانەی کە جیهانگەرایی بۆ ڕەوت و دەرهاویشتە و کاریگەرییەکانی ئایدۆلۆژیای دروستکردووە قۆرخکردنی مەعریفەیە لە ڕێگەی ئەو هەیمەنە جیهانییەی کە دەسەڵاتی نێودەوڵەتی بۆ نموونە وەکو ئەمریکا هەیەتی و سەپاندوویەتی بۆ توانەوەی کلتوری میللەتانی دی لە نێو کلتورێکی گشتگیر و سەپێنەردا، جا لەبەرئەوەش کۆی بەرهەمی ڕۆشنبیریی و بیری مرۆڤەکانە بۆیە دەتوانیت ڕووبەڕوو و ململانێی ئایدۆلۆژیا ببیتەوە.
لە نێوان بەمەرگبوون و هەستانەوەدا
لە ئێستادا کە قسە لەسەر بنەما جێگیرەکانی ئایدۆلۆژیا دەکرێت لە بەردەم ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە واقیع و مێژوودا ڕوویانداوە یان ڕوودەدەن ئەوە دەردەخەن بەش و پشکێکی گەورەی سەرکەوتن و براوەکانی جیهانی ئابووری و مێژووی سیاسی لە هەگبەی ئایدۆلۆژیادایە و ئەو بەدەستی هێناوە و ئەمەش ئەوە دەگەینێت کە ئایدۆلۆژیا تەنها لە بەش و لق و پۆپەکانیدا بەمەرگ دەبێت و لە بنچینە و لە جەوهەردا کۆمەڵێک بنەمای جێگیری هەیە کە تووشی ڕووبەڕوونەوەی بەمەرگبوون نابێت کە ئەمە ڕاوبۆچوونی بەشێک لە توێژەرەوانی بواری بیری سیاسی و فەلسەفی سەدەی نوێیە.
بەشێکی دیکەی توێژەران و تایبەتمەندانیش پێیانوایە کە ئایدۆلۆژیا لە ئێستادا بە هۆی هەیمەنەی جیهانییەوە مردووە بەڵکو لە ڕابردوودا مونتەمیانی ئایدۆلۆژیا سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە و تووشی پوکانەوە و بەمەرگبوون بوون لەبەرئەوەی وەفابوون بۆ ئایدۆلۆژیای دەسەڵات و فەرمانڕەوایی وایکردبوو کە سیستمی دیکتاتۆریەت و چەوساندنەوەی میللەتانی دی گەڵاڵە ببێت و ئەمانەش تەنها لە ڕێگەی سەپاندن یان کودەتاوە گەیشتوونەتە دەسەڵات کە نموونەمان لە جیهانی عەرەبیدا زۆرە، بۆیە ئێستا سەرهەڵدانی ئەم جۆرە خزمەت کردنە بە ئایدۆلۆژیا نەماوە یان زۆر کەمبۆتەوە و ئایدۆلۆژیاش لێرەدا تووشی بەمەرگبوون هاتووە ئەمەش وایکرد کە ئەو بۆچوونە نوێیە سەرهەڵبدات کە هەتاکو کرانەوە و چەسپاندنی زیاتری بنەماکانی دیموکراتیەت و مافەکانی مرۆڤ بەرجەستە ببێت ئەوا بازنەکانی ئایدۆلۆژیا ڕوو لە بچووکبوونەوە دەکەن و پەیوەندییان بەیەکەوە پەیوەندییەکی پێچەوانە دەبێت لەبەرئەوەی لە دەوڵەتی کراوەدا سیستمی سیاسی و بنەما ئینسانی و دەستووریەکان هەیمەنە دەکەن بەسەر یەکلابوونەوەی کێشە و واقیعدا و ئایدۆلۆژیا لە بڕیارداندا دووردەکەوێتەوە.
بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا و دوای ئەوەی چەندین گۆڕانکاریی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوویاندا ئەو بۆچوونەی بەهێزتر کردەوە کە ئەگەر ئایدۆلۆژیا بەمەرگیش ببێت ئەوا خاوەنی سرووشتێکە هەمیشە ئامادەیە بۆ هەستانەوە و زیندووبوونەوە لەبەرئەوەی هەمیشە لایەنگرانی بەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕێن کە جارێکی دی لە خۆئامادەکردن و هەستانەوەیەکدابن تەنانەت دەست بەسەر سیستمی سیاسیشدا بگرن بە شێوەیەک هەموو بنەما کلتوریەکانی کۆمەڵگە بە ئایدۆلۆژیای خۆیان لە قاڵب بدەن کە خزمەت بە ئایدۆلۆژیاى خۆیان بكات ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە لە خوێندنەوەی تازەی فەرهەنگی ئایدۆلۆژیدا ئەوە دەخرێتە ڕوو کە تەنانەت ئەوەش کە هەنووکە هەیمەنەی کردووە بەسەر جیهاندا یان ئەو بیرۆکەیەی کە پاڵپشتی دیموکراتیەت و کرانەوە و برینی سنووری شارستانیەتی میللەتان دەخاتە پاڵ باکگراوندی ئایدۆلۆژیای لە پشتە چونکە لە پشت هەموو هەیمەنەیەکی بەو شێوە گشتگیرییەوە هەیمەنەیەکی دی هەیە کە هەیمەنەی ڕەگوڕیشەکانی ئایدۆلۆژیایە بەڵام لە ژێر پەردەیەکی ڕووپۆش کراو و نازناوێکی دیداو جاری واش هەیە ئەمە دەکرێتە بەڵگەی هەستانەوە و زیندووبوونەوەی ئایدۆلۆژیا.
سەرچاوەکان:
١- موسوعة ويكيبيديا، الموسوعة الحرة.
٢- موتء انبعاث الايدولوجيات لطيف القصاب، مركز المستقبل للدراسات، ۲۰۱۰.
٣- الايدولوجية في زمن العولمة، د. هبة رؤوف، ۲۰۰۹ ، القاهرة ، ص ٤٩.
٤- علم الاحياءء الايدولوجياء الطبيعة البشرية ستيفن روزء آخرون، ترجمة الى العربية: د.مصطفى ابراهيم فهمى، عالم المعرفة، ۱۹۹۰ ، ص ٥٣.
بابەتی زیاتر