تورکی حەمە
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: ئەکبەرحەسەن
ساموێل هانتنگتۆن لە وتارە بەناوبانگەکەیدا (ململانێێ شارستانییەتەکان)، کە لەگۆڤاری ئەمەریکیدا بڵاوی کردۆتەوە، پێی وایە ململانێی شارستانیەتەکان (Foreign affairs) بەرهەمی جەنگی ساردە، جیهانی پاش ئەم جەنگەو رووخانی یەکێتی سۆڤیەت جیهانێکی دابەش دەبێت و لە دۆخی ململانێدا دەبێت لەنێوان ناوەندەکانی هاوپەیمانە شارستانیەکان (ئیسلامی،کۆنفۆشێوس، ڕۆژئاوایی،...هتد) لەم حاڵەتەدا پێویستە لەسەر داڕێژەرانی سیاسەتی دەرەوە لەڕۆژئاوا (بەتایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەوپێیەی کە ئێستا ناوەندی شارستانییەتی ڕۆژئاوایە) ئاگایان لەم حەقیقەتە بێت و بە گوێرەی ئەو حەقیقەتەش سیاسەتی دەرەوەیان دابڕێژن، لەسەربنەمای دروشمێکی گشتگیر، کە هانتنگتۆن پیی وایە دەبێت ئەمە ناوەڕۆکەکەی بێت: (رۆژئاواو ئەوانی دیکە) ئەمە ئەگەر هاتوو مەبەستەکە پاراستنی بەردەوامیی سەروەری شارستانی و سیاسی رۆژئاوابوون (١).
فرانسیس فۆکۆیاماش لە کتێبی (کۆتایی مێژوو و دواین مرۆڤ)دا پێی وایە مرۆڤایەتی گەیشتۆتە کۆتایی گەشتە مێژووییەکەی، لەوەدا کە پەیوەستە بە سیاسەت وسیستەمی حوکمەوە، ئەوەش لە ئەنجامی رووخانی سەربازگەی کۆمێرنیزم سەرکەوتنی یەکجارەکی دیموکراتی لیبرالی تارادەیەک خاڵیە لە کەموکورتی، (لەکاتێکدا فۆرمە پێشووەکانی حکومکردن پڕبوون لە کەموکورتی مەترسیدار و سنوربەزاندنەکانی عەقڵ، کە لە کۆتاییدا بوون بەهۆی رووخانی، کەچی دەشێت بووترین دیموکراتی دیموکراتی لبیراڵی خاڵیە لەم پارادۆکسە بنچینەییە ناوەکیانە)(٢) هەر لەبەر ئەوەش (لەوکاتەدا مرۆڤایەتی هەزار گوڵ نابێت، کە لەوێنەو شێوەی جیاوازدا دەمبکەنەوە(٣) بەڵکو وەک کاروانێکی درێژ دەبێت، کەلە چەندین گالسیکەی هاوشێوە پێکهاتبێت).
بەڕای من، هەردوو نووسەر دەگەنە یەک دەرەنجام، تەنانەت ئەگەر رێگاکەشیان تا ئاستی دژیەکییەکی رواڵەتی جیاواز بێت، کە ئەوەش زەرورەتی بەردەوامبوونی سەروەری کلتووری و سیاسەتی ڕۆژ ئاوایە. هانتنگتۆن لەڕێگەی (پیویستە بارودۆخەکە چۆن بێت)
دەگاتە دەرەئەنجامەکە، ئەوەش کاتێک کە دابڕانێکی یەکجارەکی لەنێوان رۆژئاوا و ئەوانیدیکەدا دروست دەکات و شارستانیەتی رۆژئاوایی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ململانێ ئامێزدا دادەنێت لەگەڵ پاشماوەی شارستانیەتە مێژوویەکانی دیکە لەجیهاندا و داوا لە بڕیاردەرانی خۆرئاوا دەکات ئەم بیرۆکەیە وەک حەقیقەتێک بە هێند وەربگرن و لەڕێگەی بونیادنانی هاوپەیمانێتی شارستانیەوە لەنێوان دەوڵەتە ڕۆژئاواییە هاوکولتوورەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان بەشێوەیەکی تایبەت.(٤) بەڵام فوکۆیاما لەڕێگەی ئەو مەسەلانەی کە بە حەتمی و زەرورییان دادەنێت، بەهەمان دەرەنجام دەگات.
هەروەها هەوڵ دەدات ڕوخانی بلۆکی سۆسیالیزم و کۆتایهاتنی جەنگی سارد لە رووی مێژووییەوە بفەلسەفێنێت. بەجۆرێک، ڕایدەگەیەنێ کەسەرکەوتنی دیموکراتی و پڕۆژەی ئازاد کۆتایی مێژووەو سەروەری سەرمایەداری و دیموکراتی ڕۆژئاوا بوون بەچارەنووسی کۆتایی هیچ بوارێک بۆ گۆڕانێکی ڕیشەیی قووڵ لە مێژووی ئایندەی مرۆڤدا نییە. گۆڕانە ئایندەییەکانیش لەوردەکاری و مەودای خێرایی دەوڵەت و میللەتەکانی دیکە لە گەیشتن بە مۆدێلێکی کۆتایی، واتا مۆدێلی ڕۆژئاوایی، زیاترنین .
بەشیکردنەوەی ناوەڕۆک و متیۆدی تێزەکانی هەردوو نووسەر، دەبینبن لەشکردنەوەکانیاندا پشتیان بە مەودای کورت بەستووە، لەگەڵ بڕێکی زۆر زانیاری وردو دەوڵەمەند، کە لە بایەخدان بەمەودای کورتدا بەسوودن، بەڵام لەکاتی هەوڵدان بۆ داڕشتنی تێورێک دەربارەی فەلسەفەی مێژوو، کە پشت بەمەودا درێژ ببەسێت، سوودێکی ئەوتۆیان نییە. لەڕاستیدا هەردوو نووسەر گوزارشت لە سروشتی ئەقڵی ئەمریکی دەکەن، کە لەگەڵ وردەکاری و زانیاری زۆر و مەودای کورت لەشیکردنەوەدا مامەڵە دەکات، بەڵام ناتوانێت مامەڵە لەگەڵ مەودای درێژدا بکات، بونیادنانی تیۆریی گشتگیریش پێویستی بە شیکردنەوە هەیە، بەڵام زیاتر پێویستی بەپێکهاتە هەیە. پابەندبوونی هەردوو نووسەر بەمەودای کورتەوە لەشیکردنەوەدا و دەرهێنانی دەرەنجامە گشتییەکان لە زانیاریە وردە تایبەتەکان، مەسەلەیەکی سروشتییە، بەجۆرێک، کە ئێمە دەزانین ئەوان لەبنەڕتدا پسپۆڕی لێکۆڵینەوە سیاسییە ستراتیژییەکانن، کە پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆیان بەبڕیاردانی سیاسیەوە هەیە لەویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. وەک ئاشکرایە بڕیاری سیاسی پراکتیکی لەبەرژەوەندییە هەنووکەیی و مەودا کورتەکانەوە سەرچاوە دەگرێت، بەڵام مێژوو وەک گشتێک، وەک یەکەیەکی شیکردنەوە، یاخود وەک ماوەیەکی درێژی مەودا درێژ بەبایەخ وەرناگریت، بەتایبەت لەوڵاتێکی وەک ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، کە جیاوازییەکی بەرچاوی هەیە لەگەڵ ئەقڵییەتی سیاسی ئەوروپیدا. لێرەوە وەک دەردەکەوێت، ئەو هەڵەیەی کە لەدەرەنجامی هەردوو توێژەردا هەبوو، لە ئەنجامی پەلەکردنیان و کاریگەربوونیان بوو بەرووخانی خیرای بلۆکی ڕۆژهەڵات و یەکێتی سۆڤیەت.(٥) هەردوو نووسەر لە ڕوداوێکی سیاسی دیاردکراوەوە دەستیان پێکرد و بەگوێرەی میکانیزمێکی بیرکردنەوەی خوازیارانەوە کە پەیوەستە بە چارەنووس و داهاتووی هەموو مرۆڤایەتیەوە بەچەند دەرەنجامێکی گشتی، بگرە رەهاوە لێیەوە دەرچوون، ئەمە سەرباری ئەوەی (مێژوو لەسەر ئەوسکەیە بەرەو ئایندە ناڕوات، کە پیشتر دیاریکراوە). وەک ئەوەی ئەلڤین تۆڤلەر دەڵێت.(٦)
هانتینگتۆن لەشیکردنەوەکەیدا گریمانی ئەوە دەکات کە دیاردەی ململانێی کولتوورەکان نێوان گروپە مرۆییەکاندا، کە بەهەڵە ناوی دەنێت ململانێی شارستانیەتەکان، لەپاش کۆتایهاتنی جەنگی سارد دیاردەیەکی گشتگیرو بەردەوامە، هەروەها لەمناڵدانی ئەم وەرچەرخانانەوە فۆڕمی جیهانی ئایندە دیاری دەکات. هەرچی فۆکۆیاماشە، گریمانی ئەوە دەکات کە سەرکەوتنی سیاسی و ئابووری لیبرالیزم دەرەنجامی کۆتاییە و گەڕانەوەی بۆ نییە (ڕاکردن لێی مەحاڵە). وەک دەردەکەوێت، هەردوو نووسەر پەیامێکی تایبەت ئاڕاستەی بڕیاردەرانی سیاسەتی دادوەری ئەمریکا دەکەن و پێشنیاری ئەوە دەکەن لەپاش جەنگی سارد ئەم سیاسەتە دەبێت چۆن بێت. ئەوەی یەکەمیان لەپەیامە ناوەڕۆکییەکەیدا دەڵێت:(ملمانێی شارستانیەکان لە ئارادایە پێویستە هاوپەیمانی نوێ دروست بکرێت،کە لەسروشتیدا جیاواز بێت لە هاوپەیمانەکانی پێشوو. ئەوەش لە پێناو بەردەوام پاراستنی سەروەریی جیهانی، بەڵام ئەوەی دووەمیان دەڵێت (سەرکەوتنی ئەمجارە یەکجارەکییە و گوزێکی کوشندەیە، هەرچەندە مەسەلەکە پێچەوانە دەربکەوێت پێویستە لەسەرتان ئەم سەرکەوتنە بەکار بهێنین بۆڕاکێشانی هەموو نەتەوەو گەلان بۆسەر خوانی لیبرالیزم). کورتە قسە ئەوەیە هەردوو نووسەر دەنووسن و پلانێکی دیاریکراو و پڕۆژەیەکی دیاریکراو بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکی لەپاش جەنگی سارد لەزینیاندایە، بەشێوەیەکی ڕوون و ڕاستەوخۆنەک لەدەستپێکردن لە بنەما مەعریفییە پەتییەکانەوە، کە لەوانەیە ئاڕاستەو ئاڕاستەکردنی سیاسی بگرێتە خۆی، بەڵام ڕاستەوخۆ ئەمە ناڵێت، وەک ئەو حاڵەتەی کە لەبەردەسماندایە، ئەمە مانای ئەوە نییە کە ململانێ لەنێوان شارستانیەتە جیاوازەکاندا نییە، چ لەڕابردوو چ لەئێستا، هەروەها ڕەتکردنەوەی حەقیقەتی سەرکەوتنی ئەمڕۆی لبیرالیزمیش نییە.
هەموو ئەمانە دەرکپێکراون و نابێت ڕەت بکرێنەوە، بەڵام پرسیارەکە ئەمەیە ئایا ئەم دەرئەنجامانە رەهاو سەرمەدین، وەک ئەوەی ناوەڕۆکی تێزی هەردوو نووسەرن؟
لەسەدەی نۆزدەیەمدا هیگڵ وکوڕە ڕۆحیە یاخییەکەی (مارکس) هەوڵیاندا پێشبینی کۆتایی مێژوو بکەن، یاخود وەک حەقیقەتێک سەیری کۆتایی مێژووبکەن بەپشتبەستن بەڕووداو گەلێکی سیاسی دیار، پێچەوانەی ئەو متیۆدەی کە بونیادیان ناو پەرەیان پێدا، کە لەڕووی لۆجیکی و مەعریفییەوە هیچ شوێنێکی تیادا نییە بۆ کۆتاییە ڕەهاکان، دوور لە سیاسەت و کون و کەلەبەرەکانی، هیگڵ بە بەرقەراربوونی دەوڵەت نەتەوەی پڕۆسی کۆتایی میژووی ڕاگەیاند، مارکسیش لە نزیکەوە کۆتایی مێژووی ناسراوو سەرەتای میژووی ڕاستەقینەی مرۆڤایەتی ڕاگەیاند. ئەوەش کاتێک جەختی کرد لەسەر ئەوەی کەسەرمایەداری بەهۆی پارادۆکسە ناوەکییەکانی، بەتایبەتی پارادۆکسی تەرزی بەرهەمهێنانی دەستەجەمعی و تەرزی خاوەندارێتی تاکەکەسی، لەلێواری تەقینەوە نزیک بووەتەوە، ئەوەش مرۆڤایەتی دەگەیەنێتە قۆناغی سەرهەڵدانی پادشانسینی مرۆڤ، کۆمۆنیزم کە بەپێی وتەزا مارکسییەکان پارادۆکسەکان هەڵدەوەشێنەوەو مێژووی ناسراو یاخود قۆناغی پێش مێژووی کۆتایی پێدێت. ئێمە ئەمڕۆ دەزانین کە ناسیونالیزم کۆتایی ویستگەو پایانی مێژوو نەبووە، بەڵکو لەمڕۆدا لەسەرەتای قۆناغی جیهانگیری وپۆست ناسیۆنالیزمدا دەژین، بەتایبەتی لەڕۆژ ئاوا،قۆناغی ناسیونالیزمیش هیچ نەبوو، جگە لەقۆناغێک لەقۆناغەکانی مێژوو، کەلە قۆناغەکانی دیکە باڵاتر نییە، یاخود کۆتی کات
و شوێن بەدەرنییە. وەک چۆن دەزانین سەرمایەداری لە ئەنجامی پارادۆکسە بونیادییە ناوەکیەکانی، کەمارکس قسەی لەسەرکردو مارکسیەکان گرەویان لەسەرکرد، هەرەسی نەهێناو بەڵکو بەگوێرەی چەند میکانیزمێکی دیکە پەرەی بەخۆیدا، هەرخودی سەرمایەداریش بەلای هەندێک کەسەوە کۆتایی مێژوو دەنوێنێ.
لەڕاستیدا فەلسەفەکانی کۆتایی مێژوو زۆرن، چ ئەوانەی لەسەر بنەمای ئەنجامگیر لەڕووداوێکی دیاریکراو بونیادنراون، چ ئەوانەش کەپشت بەژمارەیەک ڕووداو دەبەستن. ڕەنگە دیارترینی ئەم فەلسەفانە ئەو تیۆرە ئایینیانە بن، کە هەوڵ دەدەن بە گوێرەی دیدگایەکی ئایینی دیاریکراو مێژوو بفەلسەفێنن. وەک ئەوەی کە ئۆگەستین لەکتێبی (شاری خوا) بەپشتبەستن وئەنجامگیری لەڕووداوی ڕووخانی رۆما و هەرەسهێنانی ئیمپراتۆری ڕۆمانی کرد. دەتوانین لەم بوارەدا گریمانێک بگشتێنین، کە بەپێی ناوەڕۆکی ئەو گریمانەیە میللەتەکان بەزۆری لەدوو حاڵەدا مەیلیان بەلای بیرۆکەی کۆتایی مێژوودا هەیە: حاڵەتی سەرکەوتن، حاڵەتی تێکشکان. لەحاڵەتی یەکەمیاندا مێژوو بەگەشتن بەئەوپەڕی گەشەکردن و شارستانیەت و پەرەسەندن کەئەمڕۆ دەتوانێت پێی بگات، کۆتایی هاتووە، بەشێوەیەکی گشتی ئەمە لەفەلسەفە ناسیۆنالستییەکاندا دەبینین، لەحاڵەتی دووەمدا جیهان لەلێواری کۆتاییدایە، بەزۆریش فەلسەفە ئاینییەکان گوزارشت لەم حاڵەتەی دووەم دەکەن.(٧)
بەشێوەیەکی گستی، دەشێت بەکەمێک متمانەوە بوتریت ڕنگە ڕووداوە سیاسییەکان پاڵ بەو کەسانەوە بنێن کە لە سایەیدا دەژین، بگەن بەچەندین دەرەنجام و ئەنجامگیری خێرا، ئەوەش لەژێر کاریگەری ئەو ڕووداوەی کە تیایدا دەژی و دەخریتە چوارچێوەی فەلسەفەیەکی کامڵی مێژووەوە. بەڵام لەکاتی تاقیکردنەوەی ئەم جۆرە فەلسەفانە بەگوێرەی دیدگایەکی گشتگیر بۆ مێژوو و پاش ئەوەی کاریگەری ڕاستەوخۆی ڕوداوەکە کۆتایی دێت، ئەوا بەزۆری ڕەتکردنەوەی دەرەنجامەکانی ئەم جۆرە فەلسەفەیە کاریکی سەخت نابێت، ئەگەر کەسێک لەوانە کە پەلەی ئەنجامگیریانەو بە پشتبەستن بەڕووداوێکی سیاسی دیاردکراو دەرەنجامی رەها بەدەست دەهێنن و دەیخەنە ناو چوارچێوەی فەلسەفەیەکی دیاریکراوی مێژووەوە، ئەوا ئەوکەسە لە ئەوروپای ڕۆژگاری ململانێ ئاینییەکاندا دەژی، یان ڕۆژگاری ململانیی ناسیۆنالیسەکان، یاخود سەردەمی شۆرشەکان، لەوانەیە هەندێک دەرەنجامی ڕەها بەدەستبهێنێت، کە ناوەڕۆکەکەی ئەمەبێت کە بەپیی ئەوسەردەمەی تیادا ژیاوە، ململانێی ئایینیەکان یان مەزهەبەکان یاخود نەتەوەکان یان چینەکان، دیاریکەری چارەنووسی جیهانی و سروشتی پەیوەندییەکانی نێوان میللەتان و کۆمەڵگاکان و دەوڵەت و نەتەوەکانن، بەڵام ئەوەی کە لەواقیعی حاڵ و مێژوودا ڕوویداوە، ئەوەیە کە ململانێ ئایینیە خوێناوییەکان لە ئەوروپا، لەکۆتاییدا بوون بەهۆی سەرهەڵدانی بیرۆکەی لێکبووردەیی. بەسەر هەڵدانی بیرۆکەی (هاوبەشی) ململانێی چینایەتی و سەرهەڵدانی بیرۆکەی (هاوکاری) ململانێی نەتەوەیی کۆتاییان هات، ئەوەش لە کودەتاییەکی ڕیشەیی گەورەدا، کەبەسەر سروشتی پەیوەندییەکاندا هات، کەپێشتر
باوبوون. ئەگەر کەسێك لەژێرسایەی ئیمپراتۆریەتی رۆمانی لەکاتی گەشانەوەیدا بژیایە، یان لەرۆژگاری سەردەمی خەلافەتی ئیسلامیدا، ئایا دەیتوانی جگەلە بڕوابوون بە (کۆتایی مێژوو و دواین مرۆڤ)، بڕوای بەشتێکی دیکە هەبێت؟ رەنگە گوتەزای (سەرەتاکان هیچ شتێکیان بۆ دواینەکان نەهێشتەوە) باشترین گوزارشت بێت بۆ ئەوەی کە ئێمە لەم خاڵەدا مەبەستمانە، سەرەڕای ئەوەی دواینەکان شتگەلێکی وەهایان لەگەڵ خۆیاندا هێنا، کە ئەوانەی سەرەتا نەیانهێنا. پرسیارەکە لێرەدا ئەمەیە: ئایا کەسێك کە دیدگایەکی هەنووکەیی هەیەو تیۆریزەکەرێکی خێرایە، دەتوانێت پیشبینی ئەم جۆرە وەرچەرخانە ریشەییانە بکات لەدژەوە بۆ دژ، یان پێشبینی هەرەسهێنانی ئەوشتە بکات، کە بەکامڵی دەزانێ؟ یاخود ئەوەی کە بەکۆتایی زانییوە، سەرەتابێت؟ بەم لۆجیکە دەتوانین دوور لەهەنووکەیی هانتینگتۆن و پەلەکاریی فۆکۆ یاما پەیوەندی نێوان گروپە مرۆییەکان شی بکەینەوە.
شارستانییەتی مرۆیی یەك گشتەو لەجەوهەردا پارچە پارچە نابێت، ئەگەرچی لە قۆناغە مێژووییەکان و شوێنی بوونیدا پارچە پارچە بوونێت، لەو رووەوە کە ئاوەدانکەرەوەی زەوییەو جێگرەوەی خوڵقێنەرە لەمبارەیەوە: واذ قال ربك للملائكة اني جاعل في الارض خةليفة قالوا أتجعل فيها من يفسد فيها ويسفلك الدماء ونحن نسبح بحمدك ونقدس لك قال اني أعلم ما لا تعلمون (البقرة،30) بەگوێرەی زاراوەکانی ئیبن خەلدون عیمرانی مرۆیی لەجەوهەردا جیاواز نییە، خۆ ئەگەر لەدەرکەوتەو فۆرمەکانیشیدا جیاواز بێت، ئەوا بەگوێرەی ئەو کلتوورەیە، کە عومرانەکە لەسایەیدا چوارچێوەدار دەبێت. بەپێی ئەم تێگەیشتنەو وەك ئەوەی ئارنۆڵد توێنبی دەیبینێ، شارستانییەتی مرۆیی رەوتێکی روولەسەری بەردەوامی هەیە، ئەگەر هاتوو لەدیدگایەکی مێژوویی سەرەتاپاگیرەوە سەیری بکرێت، سەرەڕای ئەوەی هەموو شارستانیەتێك بەقۆناغی لەدایکبوون و پەرەسەندن و رووخاندا تاێدەپەڕێت (٨) شارستانیەتی پێشوو مەشخەڵی پرۆمیسۆس دەدات بەشارستانیەتی نوێ، دەرەنجامەکەش هەڵکشانێکی گشتی شارستانیەتی مرۆڤایەتی دەبێت وەك گشتێك، شارستانیەتەکان بە سروشتی خۆیان لەگفتوگۆدان و ئاڵۆزن، لەکاتێکیدا یەك جەوهەریان هەیە، کە ئەوەش ئاوەدانکردەوەی زەوییە، زۆرجاریش بەشێوەیەکی هەستپێنەکراو راستەوخۆیە، بەڵام کێشەکە لەدیالۆگی کولتوورەکاندایە، کە بەپێچەوانەی پەیوەنی نێوان شارستانیەکان لەچەندین ساتی مێژوودا لەدۆخی بارگرژیدان لەگەڵ یەکدا ، سیاسەتیش لەم بارگرژییەدا رۆڵێکی بەرچاوی هەیە . بێگومان لەم جیهانەدا پلۆرالیزمى کولتوورى هەیە، هەروەها ململانێ هەیە لەناو ئەم کولتورانەدا، کەجار ناجارێک روو دەدات، بەراى من ئەمە مەسەلەیەکى ناکۆکى هەڵنەگرە. بەڵام هەمەموو ئەمانە ماناى ئەوە نییە کە ململانێ کۆتایی وەێستگەکەیە ، یاخود جەوهەری پەیوەندییەکانی نێوان مرۆڤە، کە قورئان بەمشێوەیە باسی کردووە: (یاایها الناس اٍنا خلقناکم من ذكر وانثى وجعلناكم شعوبا وقبائل لتعارفوا ان اكركم عندااللە أتقاکم ان اللەعلیم خبیر) (الحجرات،١٣) یەکدی ناسین لێرەدا هەمان دیالۆگە، بەبێ دیالۆگ هیچ پەیوەندییەك لەئارادا نییە، بەبێ پەیوەندیش هیچ یەکدیناسینێك بوونی نییە، هیچ یەکدیناسینێكیش بەبێ دیالۆگ لەئارادا نییە: ئەمە بازنەیەکە، کەیەکەمیان هەمان دواینیان. کێشەکە هەمیشە لەبەسیاسیکردنی لەڕادەبەری شتەکاندایە، ئافاتی کاروبارە سیاسییەکان لەم بوارەدا. ئەوململانێیەی کە لەقۆناغە جیاوازەکانی مێژوودا لەنێوان کولتوورە جیاوازەکاندایە، بەزۆری پەیوەستە بەپاڵنەرو دیدگا سیاسییە پەتییەکانەوە، کە هەتاسەر بەوشێوەیە نامێنێتەوە، بەڵام رەوتی دیالۆگی نێوان کولتوورەکان ژاراوی دەکات، جا ئیتر لەم قۆناغەدا بێت یان لەقۆناغی دیکەدا، بەڵام ئەوە دیالۆگی نێوان شارستانیەتەکانە کە دەمێنێتەوەو بەردەوام دەبێت، تەنانەت ئەگەر لەڕووی مێژوویشەوە مەودا درێژبێت، شوێنەوارەکەش دەرناکەوێت تەنیا باش رەوینەوەی ناکۆکییە سیاسییەکان و ئەو دەمارگرژیەش نەبێت، کەسیاسەت دەیخوڵقێنێ، کە پێش ئەوەی کلتوورەکان لێی بەرپرسیاربن، سیاسەت لێی بەرپرسیارە.
بۆ نمونە ئیستعمار بێزاروو بۆگەنە، بەڵام بەدەر نییە لەئیجابیاتی دیاریکراو، بەتایبەتی کاتێك دیدی مێژوویی مەودا درێژ بەڵگەیە لەسەر کاروشیکردنەوە. کاتێك داگیرکەر هات، دیدێکی لوتبەرزانە و دروشمێکی ئایدیۆلۆجییانەی پاساوئامێزی لەگەڵ خۆی هێنا، کە هەڵگری ناونیشانی (باری پیاوە سپییەکە) بوو بۆ شارستانیکردنی میللەتە (دواکەوتووەکاندا)، یاخود کاتێك هەڵمە گەورەکان لەمێژوودا بە لۆجێك و دیدێکی باڵاخوازییەوە وڵاتانیان داگیردەکرد و میللەتیان دەچەوساندنەوە، مییللەتە داگیرکراوەکان کاردانەوەی کولتووریی خۆیان هەبوو، کە بریتی بوو لە ئاوڕدانەوە لەچەمکەکانی وەك ناسنامە و نیشتمان و سەربەخۆیی و مافی میللەتان، لەراستیشدا ئەم چەمکانە بەرهەمی کولتووریی خودی شارستانیەتی وڵاتە داگیرکەرەکەبوون. ئەگەر ئیستعمار هەڵگری چەوساندنەوە و قۆستنەوە و داگیرکردن و دیدی باڵاخوازی بێت لەمامەڵەکردن لەگەڵ میللەتانی دیکەدا، ئەوا لەهەمانکاتدا چەندین چەمکی تازەی هێناو، کەچوونە نێو تۆڕی کولتوورە داگیرکراوەکەوە، هەمان ئەم چەمکانەش رۆڵێکی گەوورەیان هەبوو لەرووبەڕووبوونەوە و دەرکردنی ئیستعماردا. ئەمە سەرەڕای ئەوەی زۆرجار هەمان داگیرکەر لەکۆتاییدا بەشێوەیەکی نائاگایی و هەستپێنەکراو بەشێك لەو کولتوورە وەردەگرێت، کە داگیریکردووە و ملکەچی کردووە، سەرەڕای دیدگا و مامەڵە باڵاخوازییەکەی. دیدی هەنووکەیی بۆمان روون دەکاتەوە کە ململانێی راستەوخۆ دۆخێکی سیاسی هەنووکەییە، بەڵام ئاوێتەبوون و کارلێککردن و بەیەکداچوونی درێژ لەنێون کولتوورەکاندا، تارادەیەکی زۆر تەنیا نەگۆڕی مێژووییە، ئەمە ئەو پەیامەیە کە پێویستە کەسانی هۆشیار بیگەیەنن، دوور لەناکۆکییەکانی سیاسەت و حەساسییەتی دەمارگیری کوێرانە.ئەگەر ململانێ مێژووییەکان لەکۆمەڵگایەکدا لەکۆتاییدا گەشتبێتنە جۆریك لەچوارچێوەی کۆمەڵایەتی، یان تەنانەت جۆرێك لەگرێبەستی کۆمەڵایەتی و لەمیانەیەوە بەگوێرەی چەمکەکانی وك لێکبوردن و دیالۆگ و ئازادی و مافی یەکسان بۆ هەمووان مامەڵە لەنێوان گروپەکاندا کرابێت، ئەوا دەشێت لەسەر ئاستی جیهان وەك گشتێك و نێوان گروپەکان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا هەمان شت رووبدات. تاك کولتووری کەهەندێك کەسی وەك فۆکۆیامە بانگەشەی بۆ دەکەن و هەندێکی دیکەی وەك هانتینگتۆن هەوڵی بۆ دەدەن، لەڕووی مێژووییەوە توانای بەرگەگرتن و مانای نییە، چونکە پلورالیزم و جیاوازی سروشتی خەڵك و شتەکان، مێژووش تێکستیکی کراوەیە بۆ هەر ئەگەریك، لەبەر ئەوەی هێشتا مرؤڤ نەگەشتۆتە ئەو قۆناغەی کە دەشێت ناوبنرێت قۆناغی کەمال وناشگات بەو قۆناغە، مەگەر ئەوەی ببیت بەخوداوەند، بەلام مرؤڤ لەهەواڵی گەشتندایە بەو قۆناغە، نهێنی شارستانیەت و دروستبوونی لەو هەواڵەدایە. بەڵام ئەوکەسەی کە پێی وایە کەماڵی رەها شتێکی مومکینە لەجیهاندا، ئەوا ئەم قسەیەکی فارابی بەسەریدا پراکتیزە دەبێت: ( هەرکەسێك خۆی خستە سەروو چارەنووسی خۆیەوە، ئیتر ناتوانێ کەماڵی خۆی بەدەست بهێنێ). لەم دێڕەدا نهینی داڕوخانی ئەو شارستانییەتە تازەیەمان بۆ دەردەکەوێت پاش ئەوەی دەگەنە لوتکە بەگریمانەیەکی وەهمی کە ناکریت لەمە باشتر بەدەست بهێنریت، لێرەدا کێشەی عەقڵ و کێشەی مرؤڤ خۆیان حەشارداوە.
لەوانەیە ئەوەی لەم پەلەپەلییەدا بۆی رۆیشتین، جۆرێك بێت لەبانگەشەی نیمچە نەزۆك یان بابڵێین بڕێکی زۆر یۆتۆپیای تیابێت لەم بارۆدۆخەی کە لەم رۆژگارەدا دەیگوزەرێنین، ئەمە گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە تۆوە گونجاوەکان لە کێڵگەکەدا بوەشێنین.. کێ دەزانێت چ کاتێك ئەو بارودۆخە گونجاوە بۆگەشەکردنی ئەم جۆرە تۆوە دێت؟ هیوا هەمیشە جوڵینەری ژیانەو بڕواش بە ئایندەیەکی جوانتر و باشتر پاڵنەری هەمان ژیانە.
پەراوێزەکان
Samuel p. Huntington. The clash ci vilization, in the summer 1993 issue of foreign affairs
2- فرانیسس فوکویاما، نهایة التاریخ وخاتم البشر، (القاهرة: مرکز الاهرام للترجمة والنشر 1993) ص٨
3- هەمان سەرچاوە، لاپەرە٢٩٣
4- Samuel p. huntingon. if not civilizatios what? In the November – December, 1993 issue of foreign affairs .
٥-هانتینگتۆن پرۆفیسسیۆری حکومەتناسییە و بەڕێوەبەری پەیمانگای (جۆن ئۆلین) بۆ
لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان لەزانکۆی هارڤارد. فۆکۆیاما جێگری بەڕێوەبەری کۆمەڵەی پلاندانانی سیاسەت بوو لەوەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا .
٦-الفن توفلر:العنف والثورة والمعرفة (مصراتة: الدر الجماهیریة، 1992)
7-البان ج. ویدجیرى. المزاهب الکبرى فی التأریخ (بیروت ،دار القیم 1979)
8- جورج حنا الحقیفە الحضاریە (بیروت : دار العلم للملاین : 1958) ص 15-20
سەرچاوە
مجەلە النهج العدد ٦٧-٢٠٠٢،ص-٢٨-٣٥.