چەند تێبینییەک دەربارەی چەمکی باڵایەتی لە مافەکانی مرۆڤدا
نووسین: د.صالح جواد کاظم
وەرگێڕان: دیلمان محەمەد

پێشەکی
نووسەری ئەم بابەتە واتە د.صالح جواد دەیەوێ بیسەلمێنێ کە هەردوو جۆرە سەرەکییەکانی مافەکانی مرۆڤ (مافە مەدەنی و سیاسییەکان لەلایەک و مافە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لەلایەکی ترەوە) لەرووی گرنگییەوە، لەیەک ئاست و پلەدا دێن کە بیرۆکەی ئەم مامۆستایە لەڕوانگەی بیری قوتابخانەی بەکۆمەڵی ( جماعی) (یان سۆسیالیستی) سەرچاوە دەگرێت.
سوسیالیستەکان پێیان وابوو کە مافە ئابوری و کۆمەڵایەتیەکان گرنگن، بەڵام مافە مەدەنی و سیاسیەکان مافی شکلین و هیچ مانایەکیان نییە. بەلای ئەوانەوە مافە مەدەنی و سیاسیەکان کاتێک مانای راستەقینەیان دەبێ کە مرۆڤ بتوانێ بەفیعلی چێژ لەو مافانە وەربگرێ، ئەویش بەدابین کردنی هەلومەرجی پێویست، بۆیە ئەوان مافە ئابوری و کۆمەڵایەتییەکان بەگرنگ دەزانن و دەڵێن تا مرۆڤ مافە ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانی بۆ مەیسەر نەبێ ناتوانێ لەڕووی واقعییەوە چێژ لەمافە مەدەنی و سیاسیەکانی، یاخود مافە تاکییەکانی وەربگرێ.
بەپێچەوانەوە لایەنگرانی قوتابخانەی (فردی) یان لیبرالی پێیان وایە کە تاک میحوەری هەموو کارێکە و تەنها مافە تاکییەکان واتە مافە مەدەنی و سیاسیەکان گرنگن و مافە ئابوری و کۆمەڵایەتییەکان لەڕاستیدا بەمافی راستەقینە دانانرێت، لای ئەوان ئەرکی دەوڵەت تەنها بەوە مەیسەر دەبێ کە هەوڵی یەکسان بۆ چێژ وەرگرتنی هەمووان لەمافە مەدەنی و سیاسیەکان دابین بکات، هەمووان وەک یەک، یەکسان ئەو مافانەیان هەبێ کە دەبێتە مایەی داهێنان و بەرەو پێشچوون، چونکە لای ئەوان هەموو دابینکردنێکی مافی تاک نەک هەر ناکۆکییە لەگەڵ مافی کۆمەڵ، بەڵکو بەپێچەوانەوە دابینکردنی مافە تاکییەکان سەرەنجام دەبێتە هۆی خۆشگوزەرانی و پێشکەوتنی کۆمەڵ و لەئەنجامدا دابینکردنی مافە ئابوری و کۆمەڵایەتییەکانی لێ دەکەوێتەوە. بۆیە لای ئەوان ئەرکی دەوڵەت ئەرکێکی سلبیە واتە ئەرکی دەوڵەت دەست تێوەردان نییە، بەڵکو دەبێ بار و زروفی مادی وابخولقێنێ کە تاکەکان مافەکانیان مومارەسە بکەن، چونکە دەڵێن ئەو جۆرە دەست تێوەردانە دەبێتە هۆی استبدادی دەوڵەت، لەسەر حیسابی پانتایی مافەکانی تاکەکان دەبێت، لەئەنجامدا نەک هەر دەوڵەت، بتوانێ مافە ئابوری و کۆمەڵایەتییەکانی دابین بکات، بەڵکو مافە مەدەنی و سیاسیەکانیش بەرجەستە نابن و دەبێتە هۆی نەمانی هەموو مافەکان، بەڵام ئەگەر بەپێچەوانەوەبوو، واتە ئەرکی دەوڵەت سلبی بوو واتە تەنها بەرەخساندنی هەلی یەکسان بۆ هەمووان و رێگرتن لە ئاستەکانی بەردەم تاکەکان لە چێژکردن و مومارەسە کردنی مافەکانیان بوو ئەوا لەئەنجامی دابینکردنی ئازادییە تاکییەکان (مەدەنی و سیاسیەکان) داهێنان و تەقینەوەی توانای تاکەکانی
لێ دەکەوێتەوە و لە ئەنجامدا دەبێتە مایەی خۆشگوزەرانی و دابینکردنی هەموو جۆرە مافە مەدەنی و سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتییەکان.
دیارە ئەزموون و بۆچوونی لیبرالییەکان سەلماندی کە دابینکردنی مافە مەدەنی و سیاسییەکان بەشێوەیەکی مەرجی دەبنە مایەی دابینکردنی مافە ئابوری و کۆمەڵایەتییەکان، چونکە لەئەنجامدا داهێنان و تەقینەوەی توانا تاکییەکان و لەکۆتایشدا کۆتایی هەموو توانا فەردییەکان دەچنە خزمەتی کۆمەڵ و خۆشگوزەرانی کۆمەڵیان لێ دەکەوێتەوە.
د.صالح جەواد کاظم وەک مامۆستایەکی سەردەمی بەعس، یان وەکو مامۆستایەکی یاسای دەستوری کەلەسەردەمی بەعس دەینووسی نەیدەتوانی لەئایدیۆلۆجیای حزبی بەعس وەک حزبێکی داشکێنەر بەلای بیر، یان قوتابخانەی بەکۆمەڵی لابدات نوسینەکەی پشتگیری مەزهەبی فەردی بێ. بۆیە دەبینین لەم نووسینەدا دەیەوێ بێ هودە بیسەلمێنێ کە هیچ نەبێ مافە مەدەنی و سیاسییەکان لەیەک ئاست و پلەدان ئەگەر مافە ئابوری و کۆمەڵایەتییەکان باڵاتر نەبن.
گۆڤاری نۆڤین

یەکێک لەو لایەنانەی کە بڕوانامەی نەتەوە یەکگرتووەکانی پێ دەناسرێتەوە و لەبەڵگەنامەی کۆمەڵەی گەلان ( غصبة الآمم ) جیای دەکاتەوە. گرنگی دانێتی بەمافی مرۆڤ و ئازادییە بنچینەییەکان. بەمەش ئەو بەڵگەنامەیە بووە یەکەم پەیماننامەی فرە لایەن لەمێژووی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکاندا، خودی رێکخراوەکەش بەپێی ئەو ئامانجە دامەزراوە. بەو شێوەیە لەدەقی بەڵگەنامەکەدا هاتووە و دەڵێ ( یەکێک لەو ئامانجانەی کە لەسەرەوە باسمان کرد) بریتییە لە ((بەدەستهێنانی هاوکاری نێودەوڵەتی لەسەر پتەوکردنی بەهای ڕێزگرتن لەمافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنچینەییەکانی بۆ هەمووان بەبێ جیاوازی کردن بەهۆی رەگەز و جنس و زمان و ئایین)) ١؟( هەروەها ئەم دەقە دەنگدانەوەی هەبوو لەبەر جەستەبوونی ئەوەی کەلە دیباجەی بەڵگەنامەکەدا هاتبوو). ئەمەش بریتی بوو لەدووبارە جەخت کردنی دانەرەکانی ئەم بەڵگەنامەیە لەباوەڕبوونیان بە ((مافە بنچینەییەکانی مرۆڤ و کەرامەت و قەدەری تاک و هەروەها بەمافی یەکسانی نێوان ژنان و پیاوان..))٢ ئەمەش پێویستە باوەڕی هەموو دەوڵەتەکان بێت، واتە هەر(١٥٩) دەوڵەتەکەی کە ( UN)یان لێ پێکهاتووە. نەک هەر باوەڕی ئەو (٥٠) دەوڵەتە بێت کە لەبەر (٤٢) ساڵ ئەم ڕێکخراوەیان پێکهێناوە. ئەم ئامانجە راگەیەنراوانەش ئەرکێک نییە بەتەنها ڕێکخراوەکە بیکات، بەڵکو ئەرکێکە دەبێ هەموو ئەندامەکان بیکەن. بەتەنیا بێت یان بەکۆمەڵ و لەگەڵ یەکدا.٣ تەواوی دەوڵەتەکانیش پابەندن بەجێ بەجێ کردنی ئەو ئەرکانەوە، بۆیە گوێ نەدان و وەلانانی ئەم پابەندییە لەگەڵ ئەوەی لێپرسراوێتیەکی ئەخلاقی هەیە، لێپرسراوێتی یاسایشی لێ دەکەوێتەوە. دیاریکردنی (ڕێزگرتن لەمافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکانی) وەک ئامانجێک لە ئامانجەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆخۆی، بەڵگەیەکە لەسەر:
یەکەم: گرنگی دانی نەتەوەیەکگرتووەکان بەخۆی٠ وەک رێکخراوێک.
دووەم: لەسەر پەیوەندی ئەم ئامانجە بەباقی ئەنجامەکانی ترەوە، بەتایبەت ئامانجی پارێزگاری کردن لەئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی٠ لەڕاستیشدا هیچ کەسێک گومانی لەوە نییە ، کەڕێزگرتن لەمافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکانی لەبەر ئەوەی بەبوونی مرۆڤەوە گرێدراوە، کەواتە ڕێزگرتنیشی مانای ڕیزگرتنە لەو بوونە.
هەرچەندە جیاوازیش هەبوو لەسەر مانای ئەو ئازادی و مافانە، هەروەها لەسە سەرچاوەکانیان یان لەسەر ئامرازی پاراستنیان، بەڵام بەدرێژایی مێژووی کۆمەڵگاکان بەجۆرێک لەجۆرەکانی دانیان پێدانراوە، بەتایبەت پاش ئەوەی دەوڵەت ئەو ماف و ئازادییانەی کە پێویستە چێژیان لێ وەربگیریت بەخشی بەتاکەکانی، ئیتر بەهەر رێژەیەک بوبێت یان هەر ناوەڕۆکێکی هەبووبێت. هەروەها ئەو فەلسەفە و چەمکانەی کە ئازادییەکانی مرۆڤ پشتی پێ بەستبوون هەرچیەک بووبێت، رێککەوتن و پێک هاتن لەسەر ئەو ئازادییانە ئامرازێکە لەریزی پێشەوەدا بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیە جۆرا و جۆرەکانی مرۆڤ، چ لەڕوی مادییەوە، چ لەڕوی مەعنەوییەوەبێت، گرنگترین ئەو پێداویستیانەش بریتی یە لەگەشەپێدانی کەسایەتی خۆی و بەدەستهێنانی خود، واتە دەستە بەرکردنی مرۆڤێتی مرۆڤ. ئازادییەکانی مرۆڤی تاکیش لەسایەی کۆمەڵگادا نەبێت هەرگیز ناتوانرێت بەدەست بهێنرێت، بەوپێیەی کە دەریش دەکەوێت لەبنەڕەتدا ئازادییەکان تایبەتمەندی کۆمەڵگەییان هەیە و رادەی ڕێگە پێدان و ڕیگە پێنەدانیشی دەگریتەوە بۆ مومارەسەی خودی ئازادییەکان.ئەگەر کۆمەڵگاش سەرچاوەی ئازادی و زامن کردنی بووبێت، تاکیش ویستبێتی چێژ لەو ئازادیانە وەربگرێت، ئەوا لەبەرامبەر کۆمەڵگادا چەند ئەرک و فەرمانێکی
لەئەستۆبووە، بەڵام بەرادەیەک کە زەروورەتی پارێزگاری کردن لەو ئازادییە سەپاندبێتی. هەر ئەمەشە کەجارنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ ساڵی (١٩٤٨) بڕیاری لەسەر دراوە، ئەمەش بە پشت بەستن بەبڕوانامەی نەتەوەیەکگرتووەکان. کەلەدەقێکی دا دەڵێت ((هەر تاکێک بەرامبەر ئەو کۆمەڵگایەی کە تیایدا رێگەی پێ دەدرێت کەسایەتییەکەی گەشەیەکی ئازادانەو تەواو بکات، کۆمەڵێ ئەرکی لەئەستۆدایە)) بەمەرجێک ((لە مومارەسەی ماف و ئازادییەکانیدا ملکەچ بێت بۆ ئەو کۆت و بەندانەی کەتەنها یاسا بڕیاری لەسەر دەدات، ئەمەش لەپێناوی زامنکردنی ئەوەی پێویستە بۆ ڕێزگرتن و دان نان بە ماف و ئازادییەکانی ئەوانی ترو هەروەها بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی کۆمەڵگای دیموکراسی))٤ کەواتە لەهەموو حاڵەتێکدا نابێت خودی ئازادی ئامرازێک بیت بۆ نەهێشتنی ئازای٠ هەر ئەمەشە کە جاڕ نامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ جەختی لەسەر دەکاتەوە و دەڵیت ((لەم جاڕنامەیەدا رێگە بەهیچ راڤە کردنیک نادرێت کە ماف دەدات بەهەر دەوڵەتێک یان کۆمەڵێک یان هەرکەسێک.کەمەبەست لەکار و چالاکییەکانی زەوت کردنی هەرماف و ئازادییەک بێت٥ هەریەکەش لەپەیمانی نێودەوڵەتی تایبەت بە مافە ئابوری و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریەکان٦ وپەیمانی نێودەوڵەتی تایبەت بە مافە سیاسی و مەدەنیەکان٧ جەخت لەسەر ئەم کۆتە (قیدە) دەکەنەوە، بەمانایەکی تر مەبەست لەوکاروچالاکیانە کۆسپ خستنە بەردەم مافەکانی مرۆڤ نەبێت.
*دەستەواژەی((مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنچینەییەکان)) کە ماوەی زیاتر لە پەنجا ساڵێک دەبێت هەموو دنیا گوێبیستی بوون و راهاتوون لەسەر خوێندنەوەی، شایانی ئەوەیە کە لەسەر هەندێک لەماناکانی رابوەستین ئەمەش لەچەند خاڵیکی سەرەکیدا کۆدەکەینەوە، لەوانە:
یەکەم: ئەوە روون و ئاشکرایە کە بەڵگەنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان نە پێناسەی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنچینەییەکانی کردووە، نەدەست نیشانیشی کردوون کاتێکیش دەوڵەتە بچووکەکان لەکۆنگرەی (سان فرانسیسکۆ)ی ساڵی ١٩٤٥دا پێشنیاری ئەوەیان کرد، کە بەڵگەنامەی (لآئحة)یەک لەخۆبگرێت ئەو مافانە دەست نیشان بکات، پێشنیارەکەیان رەت کردەووە٠
ئەم رەت کردنەوەیەشیان لەبەر رۆشنایی دوو فاکتەری سەرەکیدا راڤە کرد:
١-چونکە هەستێک باڵی بەسەر کۆنگراکەدا کێشابوو کە پێێ وابوو رێکخراوەکە خۆی ئەو پێشنیارانەی بەشێوەیەکی باشتر بەرجەستە دەکات، بەڵام پاش ئەوەی بەتەواوی بنیاد دەنرێت ئەمەش یان لەرێگەی لیژنەیەکی تایبەتەوە کە بەپێی مادەی(٦٨)ی بڕوانامە پێکدێت یان لەهەر رێگەیەکی ترەوە بێت ٨ .
٢-زۆرینەی دەوڵەتە ئەندامەکان وایان دەبینی کە پێشنیارەکە کۆسپێکی گەورە لەسەر شکۆمەندیان دروست دەکات. لەبۆچوونی ئەم راڤە کارانەشدا ((هیچ لائیحەیەکی تایبەت بەمافەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان باشتر پشتی پێ دەبەستن. ناکرێت لەڕووی هێز و (حجە)وە هاوشێوەی ئەو لائیحانە بێت کە لە ناوەڕۆکی بەڵگەنامەکەدا هاتووە٩ بەهۆی هەر فاکتەرێکیشەوە بووبێت دەستەواژەی ((مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنچینەییەکان)) بەبێ دیاریکردن مانەوە، تا کاتی راگەیاندنی (جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ)) پاش سێ ساڵ، ئەمەش بۆ ئەوەی هەندێک لەماناکانی دیاری بکرێت
دووەم: دەستەواژەی (مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنچینەییەکان) چەند پرسیارێک دەورووژێنێت، هەم لەسەر ئەگەری هەبوونی جیاوازی لەنێوان (مافەکان)و (ئازادییەکان) هەم لەسەر گرنگی و بایەخی ئەم جیاوازییە، ئەگەر هەبوو؟ مێژووی گەڵاڵە بوونی بەڵگەنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەمان لا ئاشکرا دەکات، ئەوەی لەبنەڕەتدا لەکۆنگرەی (دومبارتن اوکس) ی ساڵی(١٩٤٤) پێشنیار کرا بریتی بوو لەدەستەواژەی
((مافە بنچینەییەکانی مرۆڤ))،بەڵام پاشتر گۆڕا بۆ ئەو دەستەواژەیەی ئێستا، ئەم گۆڕانەش تاوەکو ئێستا هیچ راڤەیەکی بۆ نەکراوە١٠. هەرلەوێشدا هەندێک بۆچونیان وابوو کەداڕشتنی ئەو دەستەژەیە پەردە پۆش بکرێت، ئەمەش بەپشت بەستن بەوەی کە ئازادیەکانی مرۆڤ خۆی لە خۆیدا بریتی یە لەمافەکانی مرۆڤ. واتە مرۆڤ ئەو مافانەی هەیە کە ئازاد بێت لەو کۆت و بەندانەی ئەخوازێ بەسەریدا بسەپێنرێت٠١١ ئەو بۆچوونەی ئەمانەش هەیانە بۆچوونێکی راستە چونکە مافەکانی مرۆڤ جگە لەو کۆمەڵە ئازادییەی دانی پیانراوە بەئامرازێک لە ئامرازەکان پارێزراو، هیچ شتێکی تر نین.
ئەگەر مەبەست لەئازادی بریتی بێت لە ئازادی هەڵبژاردن (الأختیار). واتە (هەڵبژاردنی هەموو بوارەکانی ژیان بە ئازادییە)، ئەوا مومارەسەی خودی ئەو هەڵبژاردنە پێویستی بەرەخساندنی هەموو دەرفەتەکانی ئازادی هەیە بەشێوەیەکی کرداری، لەپێشەوەیاندا دەرفەتی ئابووری و کۆمەڵایەتی، کە دەستەبەرکردنیان کۆمەڵێک ماف لەخۆ دەگرێت، کە لە دەستوور و تەشریعە ناوخۆییەکاندا دەقی لەسەر هاتووە ئەگەر سەیری زاراوەی ((ئازادی)) بکەین وەک حاڵەتێکی سەربەخۆ دەردەکەوێت، واتە شتێکە لەگەڵ مرۆڤدا لەدایک دەبێت و سروشتێکی شاراوەی هەیە، بەڵام هەر بەو شێوەیەی خۆی نامێنێتەوە، ئەگەر نەگۆرێت بۆ مافێک کە لەتوانادا بێت دەستەبەر بکرێت.
جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤیش بەم جۆرە لەبارەی (مافی ئازادی)١٢یەوە دەدوێت، کە هەم وەک دەستەواژە و هەم وەک حاڵەتێکیش دووشتی ڕەهان، ئەمە لەروویەکەوە. لەروویەکی تریشەوە دەربارەی ئازادی دەدوێت وەک شتێکی سنووردار و بەرجەستە. نمونەی ئەم جۆرە مافانەش بریتییە لە(مافی ئازادی هاتووچۆ)١٣،((مافی ئازادی بیرکردنەوەو ویژدان و ئایین))١٤ ، ((مافی ئازادی ڕادەربرێن و گوزارشت لێکردن))١٥، ((مافی بەشداری کردن لە کۆمەڵەکاندا))١٦. بەمەش ئەم ئازادیانە دەبنە (ماف) و دەکرێت داوای دەستەبەرکردن و زامن کردنیان بکرێت. تاڕادەیەکیش هەردوو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تایبەت بەمافە مەدەنی و سیاسیەکان. کە لەساڵی ١٩٦٦ دەرچوون، هەرهەمان کاریان کردووە. بەهەرحاڵ لەو بەڵگەنامە نێودەوڵەتیانەدا کە پەیوەستن بەو مەسەلەیەوە ، وەک (بەڵگەنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ، هەردوو پەیمانی نێودەوڵەتی کە پێشتر ئاماژەمان بۆ کردن، (ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی بۆ بنەبڕکردنی هەموو شێوازەکانی جیاوازی ڕەگەزی و هەروەها ڕێککەوتنامەی نێودەوڵەتی بۆ نەهێشتنی هەموو شێوازەکانی چەوساندنەوەی دژی ژنان)، شتێک نییە ئەوە بسەلمێنیت، کە هەم لەڕووی سیاسییەوە، هەم لەرووی یاسایییەوە، جیاوازی هەیە لەنێوان هەردوو وشەی ((ماف)) و ((ئازادی))، هەروەها لەهەموو بەڵگەنامەکاندا ئازادییەکان بوونەتە (ماف)، واتە لەدنیای رەهایییەوە گوازراوەتەوە بۆ دنیای بەرجەستە.
سێیەم: وشە ((بنچینەیی))کە لەدەستەواژەی ((مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنچینەییەکان))دا هاتووە، پرسیارێکی وروژاندووە سەبارەت بەو ماف و ئازاییانەی کە بنچینەیین و ئەوانەی کە بنچینەیی نین و ئاسایین. لەراستیشدا لەو کارانەدا کە بۆ ئامادەکاری بەڵگەنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە، شتێک نییە ئەوە روون بکاتەوە کە بۆچی بەو ماف و ئازادییانە دەوترێت ((بنچینەیی)). لەو بەڵگەنامە نێودەوڵەتیانەی کە پێشتر ئاماژەمان بۆ کرد لەیەک کاتدا دەستەواژەی ((مافەکانی مرۆڤ)) و دەستەواژەی ((مافە بنچینەییەکانی مرۆڤ))و دەستەواژەی ((ئازادییە بنچینەییەکان)) و ((ماف و ئازادییەکان)) بەکاردێت، بەڵام ئەو دەستەواژەیەی زۆر گونجاوە بریتیەلە ((مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکان)). ئەم دەستەواژانەش هەموویان دەکرێ لەبری یەکتر بەکاربهێنرێن، بێ ئەوەی هیچ جیاوازییەکی یاسایی و جەوهەری رووبدات لەنێوانیاندا، کە شایانی دەستنیشان کردن بێت. لەمەشەوە دەکریت بڵێین ((مافەکانی مرۆڤ)) هیچ کەمتر نین لە ((بنچینەییەکانی مرۆڤ)). لەگەڵ ئەمەشدا هەندێک لە نووسەرەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە جیاوازی جەوهەری هەیە لەنێوان مافە بنچینەییەکانی مرۆڤ و مافەکانی تردا، ئەمەش لەسەر بنەرەتی پلەی باڵایەتی لەنێوان مافەکاندا١٧.ئەم فکرەیەش*(فکرەی باڵایەتی لەنێوان مافەکاندا) لەلایەن دادگای دادی نێودەوڵەتییەوە کار بۆ بڵاوکردنەوەی کرا، بەتایبەت لەو حوکمەیدا کە لەکێشەی نێوان بەلجیکا و ئیسپانیا ساڵی (١٩٧٠) دەریکرد، ئەمەش بەکێشەی (Percelona-Traction) ناسراوە و تیایدا هاتووە ((مافە بنچینەییەکانی تاک))لەسەر هەموو ئیلتیزامات دروست دەکات، واتە لەسەر هەموو دەوڵەتەکان، بێ گوێدانە ئەوەی کە ئەو دەوڵەتانە لایەن بن یان لایان نەبن لەو ڕێککەوتننامەیەدا کە ئەو مافانە رێکدەخات١٨. ئەم بۆچوونەش ساڵی ١٩٧٦ لەلایەن لیژنەی یاسای نیودەوڵەتیەوە ڕوون کرایەوە بەوەی ((ژمارەیەک ئیلتیزاماتە نێودەوڵەتییەکان، ئەگەرچی کەمیش بن لەو ئیلتیزاماتانەن کە جێ بەجێکردنیان بەرژەوەندی یاسایی بۆ هەموو دەوڵەتەکان تێدایە، ئەمەش لەبەر گرنگی بابەتەکە بۆ هەموو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بەپێچەوانەی ئیلتیزاماتەکانی ترەوە))١٩.
مافەکانی مرۆڤ بەشێوەیەکی گشتی پۆلێن کراوە، بواری یەکەم مافە مەدەنی و ساسییەکان لەخۆدەگرێت، دووەم مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییەکان لەخۆ دەگرێت، سێیەمیش ئەوە لەخۆ دەگرێت کە پێی دەوترێت مافی هاوکاری (حق التضامن)، وەک (مافی دەستەبەری ئاشتی، مافی گەشەپێدان و مافی پاراستنی ژینگە) بواری یەکەم و دووەم وا ناسراون کە یاسایەکی جێ بەجێ کراون. بەڵام بواری سێیەم بەو جۆرە نییە، بگرە ئارەزوومەندییە کە بۆ ئەوەی بکرێتە یاسا، بەپێی ئەمەش پلەی باڵایەتی دەگەرێتەوە بۆ بواری یەکەم و دووەم٠هەروەها مەسەلەی باڵایەتی دیسانەوە لەنێوان ئەوەی کە بە (مافەکانی تاک) و (مافە گشتییەکان ) ناسراوە سەرهەڵدەداتەوە.٢٠ بۆ ئەمەش گوتراوە، نابێت قوربانی بەجۆری یەکەم بدرێت، واتە مافەکانی تاک٢١. ئەوەی ئەو حاڵەتەشی داوە کە دووجۆر ماف هەیە، واتە مافی بنچینەیی و مافی ئاسایی، ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییە گرنگەکانن، وەک پەیمانی نێودەوڵەتی تایبەت بەمافە مەدەنی و سیاسییەکان کە خۆدزینەوەی دەوڵەتە ئەندامەکان قەدەغە دەکات لە ئیلتیزامات کردنیان بۆ ڕێزگرتن لەهەندێک مافی دیاریکراو، بەڵام بەپێچەوانەوە لەبەرامبەر هەندێک مافی تردا ڕێگەیان پێ دەدات. بۆ نموونە ئەو پەیماننامەیە ئەوەی لەسەر دەوڵەتە ئەندامەکان قەدەغە کردووە کە خۆیان بدزنەوە لە ئیلتزام کردن، بە ڕێز گرتنی مافی ژیان، قەدەغەکردنی ئەشکەنجە و بەکۆیلەکردن، زیندانیکردن بەهۆی ئەوەوە کە کەسێک نەتوانێ ئیلتیزاماتی گرێبەستەیی (التعاقدی) جێ بەجێ بکات، تۆمەت خستنە پاڵ (کارێک یان ئەنجام نەدانی کارێک) کە لە کاتی ئەنجامدانی بەپێی یاسای نیشتیمانی و نێودەوڵەتی باتاوان لەقەڵەم نەدرێت، ئیمزا کردن لەسەر سزایەکی توندتر لەو سزایەی کە پێویستە جێ بەجێ بکرێت لەکاتی ئەنجامدانی تاوانەکەدا، دانپیانان بە هەموو تاکێکدا وەک کەسایەتییەکی یاسایی، هەروەها دانپیانان بەدەستە بەرکردنی ئازادی بیروباوەڕ و ویژدان و ئایین دا ٢٢. لەبەرامبەریشدا ئەم پەیماننامەیە ڕێگەی بەدەوڵەتەکانە داوە لەکاتی نائاساییدا ئیلتیزامەکانی پشت گوێ بخات لەبەرامبەر باقی مافەکانی تردا٢٣. لێرەشدا ئەو مافانەی کە بەهیچ شێوەیەک و لەژێر سایەی هیچ بارودۆخێکدا ناکرێت پشتگوێ بخرێت، بەوە ناسراون کە ((بنچینەیین))و لەسەرو مافەکانی ترەوەن٢٤. هەندێک پێیان وایە ئامانج لەبوونی پلە باڵایەتی لەنێوان مافەکانی مرۆڤدا، دانانی کۆمەڵێک رێگری ئەخلاقی و یاساییە بۆ ڕزگار بوون لەلادان و شیواندنی هەندێک لەو مافانە. هەروەها دەڵێن ناساندنی هەندێک مافی دیاریکراو بەمافی ((بنچینەیی)) مانای ئەوە دەبەخشێت کە پێکهاتەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەر گۆڕان و پێشێلکارییەکی ئەو مافانە رەت دەکاتەوە، کە چێژ لێ وەرگرتنیان گرنگییەکی رەسەنی هەیە و لەسەروو مافەکانی ترەوە دێت، پاشان بانگەشەیان بۆ ئەوە کرد کە فکرەی ((مافە بنچینەییەکان)) وەک لەڕابردوودا یارمەتیدەر بووە، ئێستاش بەهەمان شێوە یارمەتیدەرە بۆ چەسپاندنی ئەو بیروباوەڕەی، پێی وایە ئەو ئیلتیزاماتانەی کە لەپەیماننامەکەدا هاتووە، ئەکرێت ئەو دەوڵەتانەش بگرێتەوە کە ئەندام نین تیایدا (Erga omnes)، ئەم بیروباوەڕەش دەورێکی یەک لاکەرەوە دەبینێت لەزامنکردنی لەڕێزگرتن لەمافەکانی مرۆڤ، بەمەش ئەو مافانە دەبنە شتێکی ڕەها و دەکرێت خۆپیشاندانیان لەسەر بکرێت لەبەرامبەر هەموو دەوڵەتەکاندا ٢٥. بەپێی ئەمەش ئەگەر هاتوو کێشەیەک یان بەریەککەوتنێک ڕوویدا لەنێوان ئەو مافانەی بنچینەیین ئەوانەی ئاسایین، ئەولەویەت بۆ یەکەمیان دەگرێتەوە٢٦٠ پێشتریش هەندێک لە نووسەرەکان لەوەیان دەپرسی، کە ئایا هەر لەبنەرەتدا شتێک هەیە بەمافە بنچیینەیەکانی مرۆڤ ناوزە بکرێت. وەڵامیش بۆ ئەم پرسیارە ئەوە بوو، کە فکرەی مافە بنچیینەییەکان زادەی فکرەی مافە سروشتییەکانە، لێرەشدا کۆمەلە کارێک بوونیان دەبێت و دەبنە مایەی شێواندنی هەندێک لەیاسا بنچیینەییەکانی ئەم گێتییە: لەکۆتاییشدا گەیشتنە ئەو باوەڕەی کە لەهەموو زەمەنەکاندا سنوورێک بەدی دەکرێت نزیک بەپێوەرە ڕەوشتێەکان کە پێویستە حکومەتەکان پابەند بن پێوەی لەبەرامبەر هاووڵاتییەکانیاندا، ئەویش بریتییە لەو پێوەرانەی کە خەڵکانێکی ژیر و ئاقڵ لە هەموو ناوەنداکانەوە داوای دەکەن، گرەنتی ئەو پێوەرانەش بریتییە لەمافە بنچینەییەکانی مرۆڤ٢٧.لەکاتێکدا ئەوان جەخت لەسەر بوونی مافە بنچینەیی و ئاساییەکان دەکەنەوە، لەهەمان کاتدا دان بەوەشدا دەنێن کەکارێکی گرانە بەردەوام جیاوازی بابەتی بکرێت لەنێوان مافەکاندا، دیسانەوە کارێکی دژوارە هەموو دەوڵەتەکان لەسەر ئەو جیاوازییانە کۆک بن و پێکبێن. لەڕاستیشدا پێکهاتن لەسەر ئەوەی کە (مافی ژیان و مافی پاراستن لە ئەشکەنجەدان و هەروەها مافی ڕزگاربوون لەجیاکاری ڕەگەزی) بریتین لەمافە بنچینەییەکان، کارێکی ئاسانە، بەڵام ئەگەر جیانەکرانەوە لەگەڵ مافەکانی تردا، ئەوا کارێکی زۆر دژوارە جیاوازی بکرێت لەنێوان ئەو مافانەی زۆر گرنگن و ئەوانەی کەمتر گرنگن. ئەم دژوارییەش فاکتەری تایبەتی خۆی هەیە، گرنگترینیان بریتییە لەنەبوونی پێوەرێک بۆ ئەو جیاوازییانە، کە لایەنەکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەسەری ڕێککەوت بن. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازی لەو بەها کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و فکریانەی کە دەوڵەتان پیادەی دەکەن و بەر لەوەی ئەو پێوەرانە، گۆڕانکارییان بەسەردا بێت. دواجاریش دەڵێن جیاوازیکردن لەنێوان مافەکاندا بەپێوەرێک کە هەموو لایەنەکان لەسەری ڕێک نەکەوتبن، دەبێتە لایەنگرێکی شەخسی و فکری و سیاسی٢٨. ئەوەی لەسەرەوە هاتووە جێگای گرنگی پێدان و بگرە ڕێزلێنانیشە، ئەمەش بەڕادەیەک کە بە هەموویانەوە ببنە مایەی دەستەبەری پاراستنێکی نێودەوڵەتی بۆ لانی کەمی هەندێک لە مافەکانی مرۆڤ، بەتایبەت لەقۆناغی ئێستای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، کە ڕێگە بەو جۆرە پاراستنە دەدات. بەڵام کێشەی سەرەکی و ترسناک ئەوەیە کە ئەو حاڵەتانەی پێشتر باسمان کرد بەشێوەیەکی هەمیشەیی جیاوازی لەنێوان مافەکاندا دروست دەکەن نەک بەشێوەیەکی کاتی، بەمەش هەندێك لەمافەکان دەکاتە مافی پلە دوو، بەمانایەکی تر دەیانکات بەو مافانەی کە مەرکەزی یاسایی و مەعنەوییان لاوازە و هاوتای مافەکانی تر نین. واتە پێچەوانەی حاڵەتی ئەو مافانەن کە مەرکەزیان بەهێزە لە هەردوو ڕووەکەوە، دیسانەوە لەبواری پاراستنی نێودەوڵەتیشدا ئەم مافانە* (مەرکەز لاوازەکان) نابنە هاوتای ئەوانی تر. ڕەنگە لەبەر ئەوەی بەگشتی ئەو حاڵەتانەی پێشتر باسمان کردوون هەڵسەنگێنین، زۆر پێویست بێت لەسەر هەریەکەیان کەمێک ڕابوەستین:-
یەکەم: خوێندنەوەیەکی نزیک لەو بۆچوونەی کە لەبڕیاری دادگای دادی نێودەوڵەتی لەساڵی(١٩٧٠) هاتووە، نامانگەیەنێتە ئەوەی کە لەڕاستیدا جیاوازییەکی ڕوون و ئاشکرا هەیە لەنێوان ئەوەی دادگاکە ناوی لێ ناوە ((مافە بنچینەییەکانی تاک))و مافە ئاساییەکان، بەڵام وەک ئەوەی دادگاکە باسی لێوە دەکات، لێپرسراوێتی لایەنەکانی دەرەوەی بەڵگەنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان تەنها لەسەر شێواندنی مافە بنچینەییەکان دروست دەبێت٢٩. لەڕاستیدا ئەو گفتوگۆیانە چەندین ساڵە لەلایەن لیژنەی مافەکانی مرۆڤەوە ئەنجام دەدرێن، کە بەپێی پەیمانێکی نێودەوڵەتی تایبەت بە مافە مەدەنی و سیاسییەکان دامەزراوە. ئەو دەرەخەن ئەو گفتوگۆیانە تەنها لەسەر مافە بنچینەییەکان کورت نەکراوەتەوە، بگرە بەبێ جیاوازی هەموو مافەکانی مرۆڤی لەخۆ گرتووە و هەموو دەوڵەتەکانی ناو لیژنەکەش بەگشتی گرنگییان پێ داوە. ئەوەی لەئەنجامی ڕاوبۆچوونی دادگای دادی نێودەوڵەتیشەوە هەڵێنجراوە ئەوەیە کە هیچ مافێک نابێتە مافی ((بنچینەیی)) تەنها لەو کاتەدا نەبێت کە ((لەیاسای نێودەوڵەتیدا بەهۆی هێزەوە رەگ و ڕیشەی داکوتابێت))، واتە تەنها داواکارییەک یان ئامانجێکی ڕوون نەبێت.٣٠ ئەگەر ئەم هەڵێنجانە لەڕاوبۆچوونی دادگای دادی نێودەوڵەتی راست بێت، کەواتە هەر مافێک لەمافەکانی مرۆڤ کە لەڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتیدا نەهاتبێت مولزەم نییە، هەرچەندە مافەکانی مرۆڤ بەهەمووی بەشێک لەیاسای عورفی نێودەوڵەتی پێکدێنێت.
دووەم: لیژنەی تایبەت بەیاسای نێودەوڵەتی ساڵی ١٩٧٦ جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بەرژەوەندی تەواوی دەوڵەتەکان لەوەدایە کە ئیلتیزاماتەکانیان لەبەرامبەر مافەکانی مرۆڤدا جێ بەجێ بکەن. چونکە گرنگی بابەتەکانی بۆ هەموو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەوەدایە هیچ تەموومژێک لەسەر جێ بەجێ کردن نەمێنێ. بەڵام دابڕینی هەندێک ئیلتیزاماتی تر لەو تایبەتمەندییەی سەرەوە دەبێتە مایەی ورووژاندنی شک و گومان، چونکە ئەگەر مەبەست جیاوازی بوبێت لەنێوان ئەو ئیلتیزاماتانەی کە تایبەتن بە مافەکانی مرۆڤ. ئەوا لێرەدا شتێک نییە ئەوە دیاری بکات، کەبەرژەوەندی دەوڵەتان لەوەدا خۆی حەشار داوە پابەند بێت بەپاراستنی ئەم مافەوە بێ ئەوی تر، یان پێی وابێت ناوەڕۆکی ئەم مافە گرنگییەکی زیاتری هەیە بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەناوەڕۆکی ئەوی تر.
سێ یەم: چەمکی ئەو سێ بوارەی تایبەتن بەمافەکان* (بواری مافە مەدەنی و سیاسسەکان، بواری مافە ئابوری و کۆمەڵایەتیی و ڕۆشنبیرییەکان، بواری مافی هاوکاری). هەروەها ئەولەویەت دان بەمافە سیاسییەکان بەتانها لەسەر بناغەیەکی ڕێک و پتەو ڕانەوەستاوە، ئەمەش لەبەر ئەوەی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەکان هەروەها مافی گەشە پێدان و پاراستنی ژینگە، خۆی لەخۆیدا گەشەکردن و درێژبوونەوەیەکی مافە سیاسییەکانەو پێچەوانەی یەکتریش نین. هەروەها ناکرێت ناچوونەیەکی تەواو لەنێوان( مافەکانی تاک) و (مافە گشتی) یەکاندا دروست بکرێت. بەڵام ئەوەی دەکرێ رووبدات ئەوەیە کەهەندێک جار مافەکانی تاک بەناوی مافە گشتییەکانەوە دەشیوێنرێت. واتە*(مافەکانی تاک بەهۆی لێک جیانەکردنەوەی لەمافە گشتی یەکان، پێ شێل دەکرێت، نەک بەهۆی مافە گشتی یەکانەوە یان لەپێناویدا.
چوارەم:ئەوەی لەپەیمانی تایبەت بەمافە سیاسی و مەدەنییەکاندا هاتووە بۆ لادان و دەربازکردنی هەندێک ماف لەهەر رێگرییەک و لەهەر بارودۆخێکدا، بریتییە لەهەنگاوێکی پێشکەوتوو بۆ پاراستنی لانی کەمی هەندێک لەمافەکانی مرۆڤ، ئەم مافانەش لەگەڵ ئەوەی هەڵاو وێردراون، بۆ خۆیان لەمافە گرنگ و بایەخدارەکانن. ئەمەش بریتی یە لەوپەڕی گەشەکردن کەکۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەم قۆناغەیدا توانیوێتی بیگاتێ. لەبەر ئەوە دەبینین فراوان کردنی بازنەی ئەومافانە لەسایەی لێک نزیک بوونەوەیەکی فراوانی نێوان کۆمەڵگاکان شتێکی دوور نییە. گرنگیشە لێرەدا ئەوە بزانین، کەئەو مافانەی بەپێی پەیمانەکە(ئیستثناء) نەکراون لەڕووی گرنگییەوە لەوانی تر کەمتر نین، هەروەها فکرەی رەسەنایەتی یان گرنگی هەندێک ماف لەهەندێکی تر ، هیچ بەڵگەیەکی بابەتی نییە کەلەسەری ڕابوەستێت،
پێنجەم: دواجار ڕوودانی هەر ناچونیەکیەک لەنێوان ئەو مافەی کە بەمافی بنچیەیی ناسراوە و ئەو مافەی بەمافی ئاسایی ناسراوە، جگە لەتێڕوانینێکی تەواوی ئەکادیمیانە، هیچ شتیکی تر نییە. لەوەی کە تائێرە باسمان لێ کرد، پێویستە تێ بینی ئەم حالەتانەی لای خوارەوە بکەین:-
یەکەم: فکرەی جیاکردنەوە لەنێوان مافەکانی مرۆڤدا هەر لەسەرەتاوە لەچەمکی باڵایەتی لەبنەماکانی یاسای نێودەوڵەتییەوە هەڵێنجراوە، ئەمیش بۆخۆی لەچەمکی باڵایەتی یان پلەبەندی (تدرچ)ی یاسای نیشتیمانی یان ناوخۆیی یەوە سەرچاوەی گرتووە. گومان لەوەدا نییە کە باڵایەتی لەیاسای نێودەوڵەتیدا بە (القواعد الآمرة) ناسراوە، واتە ئەو بنەما یاسایی یانەی کەدەوڵەتان لەڕێککەوتننامەکانی نێوانیاندا ناتوانن لێ ی دەربچن، لێرەشدا شتێکی ئاسایی یە ئەگەر بڵێین مافەکانی مرۆڤ نەک هەندێکی، بگرە هەمووی دەکەونە چوارچێوەی ئەو بنەمایانەوە. هەر ئەمەشە وای کردووە کە (فیردروس)ی شارەزای ئەم بوارە بڵێت((هەموو بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی،کە بۆ مەبەستی مرۆڤایەتی دروست بوون))، بریتین لە (القواعد الآمرة)٣١ بەپێی ئەمەش ناکرێ مافێک تایبەتمەندی (القواعد الآمرة)ی پێ بدرێت و جیابکرێتەوە لەمافێکی تر. هەروەها ئەگەر لەدەستوورە ناوخۆییەکاندا پێوەرێک نەبوایە لەسەر باڵایەتی لامافەکاندا، ئەوا هیچ جیاوازی باڵایەتیەک لەنێوان مافەکانی مرۆڤدا رووی نەئەدا، کەلەهەندێک لەو دەستورانەدا دەقی لەسەر هاتووە یان لە لائحەی تایبەت بەمافەکاندا ئەو پێوەرانە دیاریکراون.
دووەم: هەرمافێک لەمافەکانی مرۆڤ بەپێی سروشتی خۆیان مافی (بنچینەیی)ن بۆ ئەمەش تەنها دان پیانان بەمافێکدا بەڵگەیە لەسەر زەروورەتی ئەو مافە، بەتایبەت ئەگەر ئەو دان پیانانە نێودەوڵەتی و گشتگیربوو، واتە تەنها لەلایەن چەند دەوڵەتێکی دیاریکراوەوە دەرنەچووبێ. لەهەموو حاڵەتێکیشدا ناکرێت لەبەرامبەر مافێکدا داستبەرداری مافێکی تربین، تەنها لەو کاتەدا نەبێت کە ئەو مافە هەر لە بنەڕەتەوە زەروور نەبێت. بۆ نموونە ناکرێت مافە مەدەنی و سیاسییەکان ئاڵو گۆڕ پێ بکرێت لەگەڵ مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەکاندا. ئەو پەرەسەندنانەش کەپاش جەنگی دووەمی جیهانی ڕویاندا، ئەوەیان دەرخست کەناکرێت زامن کردنی مافی کار و ژیانی کۆمەڵایەتی و تەندروستی و پەروەردە ببنە ئەلتەرناتیڤێک بۆ زامن کردنی مافی ئازادی بیرکردنەوە و ڕادەربرین و هەروەها مافە سیاسییەکان. هەروەها دەری خستت کەتەنها چێژوەرگرتنی تاکەکان لەمافە سیاسییەکان مانای ئەوە نییە بەکرداری چێژیان لەمافە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان وەرگرتووە، بەتایبەت مافی کارکردن. کەواتە ناکرێت مافی کارکردن لەسەروو مافی ئازادی بیرکردنەوە و رادەربڕینەوە سەیربکرێت، هەروەک ناکرێ بەپێچەوانەشەوە سەیر بکرێت.
سێ یەم: ناساندنی هەر مافێک وەک مافیێکی بنچینەیی، یان وەک مافێک کەلەڕوی زەروورەت و گرنگییەوە هیچ مافێکی تری لەسەرەوە دانەنرێت، مانای ئەوەنییە لەهەموو مافەکانی تر سەربەخۆیە. بۆنمونە، ناکرێت مافی ژیان٣٣داببڕێت لە(مافی تاک بۆ سەرنەوی نەکردن لەئەشکەنجەدان)، لەمافی تاک بۆ پابەندنەبوونی بەتاقیکردنەوەی پزیشکی و زانستی بێ ڕەزامەندی خۆی،٣٤ لەمافی خۆڕزگارکردن لەبرسێتی،٣٥ هەروەها لەمافی تاک بۆ بەدەستهێنانی ئاستێکی گونجاو لەبژێوی بۆ خۆیی و خێزانی، لەوانە خۆراک و پۆشاک و شوێنیی گونجاو بۆ نیشتەجێ بوون.٣٦ هەروەها ناکرێت جیابکرێتەوە لەمافی کار کردن، لەوانەش ئازادی هەڵبژاردن و پەسەند کردنی کار.٣٧ ئەم پەیوەندییانەش مانای ئەوە دەبەخشن، کەمافەکانی مرۆڤ یەکتری تەواو دەکەن و وێنەی سیستمێکی پتەو و تۆکمە دەنوێنن و هەرگیز بەش بەش ناکرێت، هەروەها باڵایەتی هەندێک لەو مافانە بەسەر هەندێکی ترەوە ناکرێت لەم جۆرە سیستمانەدا بەدی بکرێت.
چوارەم: دروست کردنی جیاوازی یان پلەی باڵایەتی لەنێوان مافەکانی مرۆڤدا، رەنگە ببێتە مایەی لێکەوتنەوەی تایبەت بەمافە ئابووری وسیاسیەکان، مافی گەلانی تایبەت بە (بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆیان)ی لەچوار چێوەی مافەکانی مرۆڤدا داناوە. ئەم مافەش* (مافی بڕیاردان لەسەر چارەنووس) هەریەکە لەمافی بڕیاردان لەسەر ناوەندی سیاسی و ڕێڕەوی گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و مامەڵە کردن باداهات و بەروبوومی سروشتیەوە لەخۆ دەگرێت. بۆدڵنیا بوون لەمەش ئەم (مادە)یە لایەنەکانی هەردوو پەیماننامەکە بەوانەشەوە کە لێپرسراوێتی بەڕێوەبردنی ئەو هەرێمانەیان لەئەستۆیە کەخۆیان حکومی خۆیان ناکەن، یان ئەوانەی کەلەژێر(وصایة)دان، پابەند دەکات بەکارکردن بۆ بەدەستهێنانی ئەو مافانە و ڕێزلێگرتنیشیان. لێرەشدا ئەوەی شایەنی ئاماژەیە بۆ کردنە، جاڕنامە جیهانیەیە کەکۆمەڵەی گشتی سەربەنەتەوەیەکگرتووەکان ساڵی ١٩٦٠ دەری کرد و تایبەت بوو بەبەخشینی سەربەخۆیی بۆ ئەو هەرێم و گەلانەی کە داگیر کراوون. لەجاڕنامەکەدا هاتووە و دەڵێ ((مل پێ کەچ کردنی گەلان بۆ کۆیلایەتی و هەیمەنە و ئیستیحلالی بیانی تەواو پێچەوانەی مافە بنچینەییەکانی مرۆڤن)).بەپێی ئەمەش مافی بڕیاردان لەسەر چارەنوس دەبێتە یەکێک لەمافەکانی مرۆڤ. هەندێکیش هەبوون ئەوەیان ڕەت دەکردەوە کەئەم جۆرە مافانە بشێک بێت لەمافەکانی مرۆڤ، ئەمەش بەشێوەیەکی گشتی تێ ڕوانینێکی ڕۆژئاواییانەبوو، هەر لایەنگرانی ئەم تێ روانینەش بوون هەوڵیان دا ئەم مافە لەزنجیرەی جاڕنامەی جیهانیمافەکانی مرۆڤدا لابەرن. بەم شێوەیە دەیانگووت( مافێکی گشتی لەم شێوەیە لەڕووی جۆرەوە جیاوازیەکی ڕوون و ئاشکرای هەیە لەگەڵ شێوە فەردیەکەی مافی مرۆڤدا، ڕەنگە ئەمەش جێگای گومانێکی زۆر بێت، چونکە دان پیانان بەمافی چارەنووسدا وەک مافێکی سیاسی و بنچینەیی زۆر لەوەزیاترە کە پێی دەڵێن مافە سیاسیەکانی تاک، هەروەها پشێویەکی زۆر لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دروست دەکات).٣٨ بێ ئەوەی درێژە بەوەڵامی ئەم جۆرە قسانە بدەین، ئەوە بەسە ئاماژەی پێ بدەین، کە ئەگەر مافی بڕیاردان لەسەر چارەنووس زامن نەکرابێت بۆ گەلێک، ئەوا هیچ دەرفەتێک بۆ تاکەکانی ناڕەخسێت کە چێژ لەهیچ مافێکی خۆیان وەرگرن. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ پەیمانی نێودەوڵەتی تایبەت بەمافە مەدەنی و سیاسییەکان، دەبینین دەوڵەتە ئەندامەکان لەپشت گوێ خستنی پابەندبونیان بەڕێزگرتن لەهەندێک مافی دیاری کراو قەدەغەکراون. پێشتر ئەو مافانەمان بەگشتی دەستنیشان کرد، کەبە مافی بنچینەیی ناسرابوون. بەڵام لەنێوانیاندا مافی ( بڕیاردان لەچارەنوس)مان بەدی نەکرد. لەدەرئەنجامدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کەئەم مافە مافێکی بنچینەیی نیە و دەکرێت هەرلەکاریش بخرێت. شتێکی ئاسایشە دەربارەی ئەوە بپرسین، کەئایا پەڕاندنی یان فەرامۆش کردنی ئەم مافە لەلیستی ئەو مافانەی کەناکرێت پێشێل بکرێت، بە مەبەست بووە یان لەئەنجامی هەڵەوەیە؟
ئایا دەرهێنانی ئەم مافە لەلیستی ئەو مافانەدا کەتایبەتمەندی باڵایەتیان هەیە نمومەیەکە لەو ئاکامە خراپانەی کە چەمکی باڵایەتی دروستی کردووە؟ دیسانەوە ئایا حساب نەکردنی مافی گەشە پێدان وەک مافێکی بنچینەیی، کەلەپەیمانی نێودەوڵەتی تایبەت بەمافە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان دەقی لەسەر هاتووە و ٣٩ هەروەها جاڕنامەی کۆمەڵەی گشتی سەربە(UN) ساڵی ١٩٨٦ جەختی لەسەر کردۆتەوە، نمونەیەکی تری ئەو ئاکامانە نییە؟. لێرەدا ئەوە بەسە وەبیری بهێنینەوە کە ئەم جاڕنامە جیهانییە مافی گەشە پێدانی (حق التنمیة) ی وەک یەکێك لەمافە جێگیرەکانی مرۆڤ داناوە و بەپێی ئەمەش هەموو کەسێک و هەموو گەلێک مافی ئەوەیان هەیە بەشداری بکەن لەگەشە پێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و سیاسیدا و هەروەها سودیشی لێ وەربگرن، واتە بەشێوەیەکی گشتی مافی گەشە پێدان دەکرێت تەواوی مافەکانی تری لێوە دەستەبەر بکرێت هەروەها جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە، کەتاک خۆی ناوەندی سەرەکی گەشە پێدانەو لەهەمان کاتیشدا پێویستە ببێتە بەشدارێکی کارای ئەو گەشە پێدانەو لێشی سوودمەند بێت. دیسان ئەتوانین بپرسین، ئایا دانەنانی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەکان لەچوارچێوەی ئەو بنەمایانەدا کەبە ( القواعد الآمرة) ناسراوە نموونەیەکی زەقی تری ئەو ئاکامە خراپانە نییە کەلەچەمکی باڵایەتی لەنێوان مافەکاندا کەوتۆتەوە تەنها لەبەر ئەوەی بەرجەستە بوونی ئەو مافانە بەشێوەی قۆناغ بەقۆناغ دەبێت یان بەشێوەیەکی ڕاستەو خۆ و خێرا. بەم جۆرە ( ئایانسینلیر) ٤٠گومانی هەیە لەوەی کەئایا لەتوانا هەیە ئەومافانەی لەچوار چێوەی پەیمانی نێودەوڵەتیدا هاتوون و تایبەتن بەو مافانەی لەسەرەوە دیاریمان کردوون ( القواعد الآمرة) یان لێ پێک بێت. چونکە پەیمانەکە خۆی دەڵێ بەرجەستە بوونی تەواوی ئەو مافانە بەشێوەیەکی پلە بەند (تدریج) ی دەبێت.٤١ ڕەنگە ناوبراو ئەو ڕۆتینانەی لەیاد کردبێت کەلەواقعدا هەن، بۆیە ئەو گومانەی لەخۆیدا هەڵگرتووە. بۆنموونە مافی فێربوون کەهەموو دەوڵەتەکانی ناو پەیماننامەکە بڕیاریان لەسەرداوە پێویستی بەپارە خەرج کردن و ڕاهێنان و بینا دروست کردن هەیە بەر لەوەی کەسێک بتوانێێ سودی لێ وەربگرێت . واتە ئەمە مافێکە ناکرێت یەکسەر سودی لێ وەربگیرێت. بەپێچەوانەی ئەمەشەوە دەکرێ مافی کەسێک لەسەی وەک کەسایەتییەک لەبەردەم یاسادا دانی پیادا بنرێت بەشێێوەیەکی خێرا و یەکسەری سوودی لێ وەربگیرێت. ئەمە بۆ هەموو ئەو مافانە بەهەمان شێوە کەدەوڵەتەکان بەپێی پەیماننامەی نێودەوڵەتی تایبەت بەمافە سیاسی و مەدەنییەکان ئیلتیزامی پێوە دەکەن واتە پابەندن بەجێ بەجێ کردنیەوە هەر لەکاتی بەستنی پەیماننامەکەوە لەهەموو حاڵەتەکانیشدا هەردوو نموونەکەی سەرەوە لەڕووی هێزەوە هاوتان و هیچیان لەوەی تر لەپێشتر نین. ئەو نموونانەش بەوە کۆتایی پێ دەهێنین کەمافی تاک لەگەڕانەوەی بۆ ووڵاتی خۆی لەو مافانەی کەلەپەیماننامەکەدا هاتووە و نابێت پشتگوێ بخرێت ( ئیستثناء) کراوە بەم پێوەرەش مافی گەڕانەوە بۆ ووڵات مافێکی بنچینەیی نییە و بگرە بەئاسانی دەتوانرێت لێی لابدرێت و پشتگوێ بخرێت٤٢ دواجار ئەو ناکۆکیەی لەسەر فکرەی باڵایەتی هەیە لەنێوان مافەکاندا رەنگدانەوەی ئەو ناکۆکیە کەتایبەتە بەلێکدانەوەی مانای ئەو مافانە کەلەخودی پەیماننامەکەدا هاتووە ئەمەش بۆخۆی ئەرکێکە لەو ناکۆکیانەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی توشی کێشەکردووە ئەگەر هاتوو ئەم ناکۆکیەش ڕەویەوە ئەوا کارێکی ئاسان دەبێت بۆ ئەم کۆمەڵگایە لەدەرئەنجامدا بگاتە دیاریکردنی ئەو مافانەی کەدەبنە مایەی ڕەوینەوەی چەمکی باڵایەتی لەنێوان مافەکاندا. ئەمەش بەدانانی پێوەرێک دەبێت هەموو دەوڵەتەکان لەسەری کۆک بن بەڵام ئایا بەڕاستی ئەوە دەبێتە مایەی ڕزگاربوون لەو پاشاگەردانەی کەفکرەی باڵایەتی جێی هێشتوون؟ ئەگەر نا رەنگە ئەم جۆرە ڕێککەوتنە گەرچی بەکۆمەڵیش بێت ئەوحاڵەتەی پێشوو هەر بهێڵێتەوە بۆ زۆرێک لەمافەکان. هەروەها دەپرسین ئایا دەتوانین بڵێین پانتایی گرنگی هەندێک لەمافەکان شتێکی جێگیرە و هەرگیز ناگۆڕێت لەئەنجامی گۆڕانی پێداویستیەکانی؟. ئەوەی گومانی تێدا نییە ئەوەیە کەبەردەوام مافی نوێ بۆ مرۆڤ دروست دەبێت ئەمەش لەبەر ئەوە نا کە گۆڕان لەزانست و تەکنەلۆجیا و سروشتدا ڕووئەدات بەڵکو لەبەر پەرەسەندنی ناوەڕۆکی مافەکانی خۆیان لەمەشەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کارێکی ئاسان نییە هەروەها دروست نییە کەپێش وەخت لەڕێگەی چەمکی باڵایەتییەوە یان لە هەر ڕێگەیەکی ترەوە کۆسپ بخەینە بەردەم ئەو مافانە.

سەرچاوە: گۆڤاری نۆڤین، ژمارە (٢) ساڵی ٢٠٠٤

 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved