تۆمـــــاس هــۆبس
(١٥٨٨ – ١٦٦٩)
ن/ د. موسا ئیبراهیم
و/ شوان ئەحمەد
بەگشتی:
ئەو هۆکارو هەلومەرجە سیاسیەی تەوقی ژیانی "تۆماس هۆبس"یان دابوو هەر لە لەدایکبوونیەوە تا لە دنیا دەرچوونی، کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر دیاریکرنی سروشت و ئاڕاستەی بیرکردنەوەی ئەو بەجێهێشت، سەدەی حەڤدەهەم ئەو سەدەیەی "هۆبس"ی تیا ژیا، سەرەکیترین خەسڵەتی بریتی بوو لە جەنگ و شۆڕشە ناوخۆییەکان. لەسەر ئاستی ئەوروپا بەگشتی جەنگی سی ساڵە (١٦١٨-١٦٤٨) ڕویداو، پاشان جەنگی نێوان فەرەنساو ئیسپانیا دەستی پێکردو تا ساڵی ١٦٥٩ بەردەوام بوو. ئەم جەنگە بە ڕێکەوتننامەی بیرنییە کۆتایی هات لە هەمان ساڵدا مۆرکرا. لەسەر ئاستی ناوخۆو لەو ماوەیەدا ئینگلتەرا چەندین جەنگ و شۆڕشی ناوخۆیی بەخۆیەوە بینی.
لەکۆتاییەکانی سەدەی شازدەهەمدا، پرۆتستانیەت ئینگلتەرای گرتەوە و پادشاش بووە ڕابەرو پارێزەری. لەو ساڵەی "هۆبس"ی تێدا لەدایک بوو،"فیلیپی دووەم" پادشای ئیسپانی کاتۆلیکی، کەشتیگەلی لەشکان نەهاتووی (ئەرمادا)ی ڕەوانەی کەنارەکانی ئینگلتەرا کردبوو، تا مل بە شاژنە "ئەلیزابێسی یەکەم"ی پرۆتستانت مەزهەب کەچ بکات، بەڵام ئینگلیزەکان بەهۆی قارەمانی و یەکگرتوویی میللەتەکەیانەوە، توانیان شکست بە ئیسپانیەکان بهێنین و کەشتیگەلەکەیان تێکوپێک بدەن.
لە هەلومەرجێکی پڕ لەشەڕو شۆڕی وەهادا، ترس دایکی "هۆبس"ی سمی بوو، هەر بۆیە بەر لەوادەی دیاریکراوی خۆی لەدایکبوو، دواتر ئەمە وایلێدەکات بەردەوام بڵێت: (من و ترس دوانەی یەک سکین). ئەم ترسەش بەدرێژایی تەمەنی لێینەبووەوە. بەریتانیا بەتایبەت لەسەردەمی "شارلی یەکەمدا"، ڕووبەڕووی چەندین جەنگ و شۆڕشی ناوخۆیی بووەوە. "شارل"، هەریەک لە هاوسەرە کاتۆلیکیەکەی ( کە کچی هنری پادشای چوارەمی فەرەنسا بوو) لەگەڵ هەندێک لە وەزیرەکانی، هەوڵیاندەدا ستەمکاری بکات و زەبرو زۆر لەگەڵ گەل و پەرلەماندا بەکاربهێنێت، هاوکات هەموو ماف و دەسەڵاتێکیشی لە پەرلەمان سەندەوە،کارێک کە بووە مایەی بەرپابوونی جەنگێکی ناوخۆیی و ماوەی حەوت ساڵی خایاند. ئەم جەنگە لەنێوان دەستەو دایەرەی پادشاو لایەنگرانی پەرلەماندا بوو بەڕابەرایەتی "کرۆموێل"، سەرەنجامی شەڕەکەش بە لایەنگرانی پەرلەمان کۆتایی هات. ساڵی ١٦٤٩ "کرۆموێل" سستمی کۆماری ڕاگەیاندو "شارلی یەکەمیش" بە مەقسەڵە سەری لە لاشەی جیاکرایەوە.
سەرەڕای ئەم هەلومەرجە دژوارە، "هۆبس" لەماوەی ساڵانی خوێندنی لە زانکۆی ئۆکسفۆرددا، بەچاوی خۆی مشتومڕێکی زۆری دەربارەی دەسەڵاتی پادشاو لێکدانەوەی ئینجیل و مافە کەسیەکان و دەمارگیری ئایینی بینی. ئەمانە ترسی ئەوەیان لادروستکرد، ببنە مایەی لەقکردنی دەسەڵاتی پادشاو خستنەوەی دووبەرەکی لەنێوان هاوڵاتیانداو ئەمەش زەمینە بۆ هەڵایسانی شەڕی ناوخۆیی خۆشبکات. سەروەختێک "هۆبس" لەساڵی ١٦٤٠ دا پێیوابوو شەڕی ناوخۆیی بەریتانیا لەتەقینەوەدایە، ڕووی کردە تاراوگە و بۆماوەی یانزە ساڵ دوور لە ووڵات ژیانی بەسەربرد. لەو ماوەیەدا چاوی بە "دیکارت" کەوت، هەروەها بوو بە مامۆستای "شارلی دووەم" کە لەو کاتەدا ئەویش وەک پەنابەرێک لەشاری پاریس دەژیا. "هۆبس" شانازی بەوەوە دەکرد کە لە یەکەمین ئەو کەسانە بووە وڵاتی جێهێشتووە، چونکە خۆی بە لایەنگرێکی سەرسەختی پاشایەتی دەزانی. ساڵی ١٦٥١ لە پاریس کتێبە بەناوبانگەکەی ئەژدیها (Leviathan)ی نوسی و تیایدا بۆچونە توانج ئامێزەکانی سەبارەت بە مرۆڤ و هاوڵاتیانی خستبووە ڕوو. بەماوەیەکی کەم دوای ئەوە "کرۆموێل" ڕێگایدا بگەڕێتەوە بۆ بەریتانیا پاش کۆچی دوایی "کرۆموێل" و شکستی لایەنگرانی، سستمی پاشایەتی سەرلەنوێ گەڕایەوە بۆ بەریتانیاو لەساڵی ١٦٦٠دا، "شارلی دووەم" کە لەفەرەنسا لەسەر دەستی "هۆبس" خوێندبووی بوو بە پادشای وڵات.."شارل" داوای لێکرد لەگەڵیدا بێت. هەرچەندە کە لایەنگرانی پادشا دژیشی بوون، ئەویش بەهۆی ئەو بۆچونانەی لە (Leviathan) باسی لێکردبوون و هەموو شۆڕش و ڕاپەڕینێکی لەدژی دەسەڵات بەکارێکی تێکدەرانەو ناڕەوا وەسف کردبوو. "هۆبس" تیۆریای پەیمانی کۆمەڵایەتی بۆیە بە گرنگ دەزانی، تا ئەوە بسەلمێنێ کە پێویستە کەسی حوکمڕان پشت بەڕەزامەندی گەل ببەستێت نەک بە مافی یەزدانی(١) .
Leviathan و فەلسەفەی سیاسی "تۆماس هۆبس" :
کتێبی Leviathan تەعبیر لەفەلسەفەی فیکری و سیاسی "تۆماس هۆبس" دەکات. کتێبەکە ناونیشانێکی سەیرو سەرنج ڕاکێشی هەیە. Leviathan ناوی دڕندەیەکی دەریایە کە تەورات لەسیفری ئەیوبدا باسی دەکات. هەروەها بە مانای گەورەترین ماسی ناو دەریاکانیش دێت کە ماسی خوارتر لەخۆی دەخوات، بۆ ئەوەی نەهێڵێت ماسیە بچوکەکان بخۆن. کەواتە Leviathan ماسیە بچوک و لاوازەکان لەهێرشی ماسیە گەورەکان دەپارێزێت. لەمەشدا بە دەوڵەت دەچێت کە خەڵکانی بێدەسەڵات لەهێرش و پەلاماری هێزدارەکانی وەک (کڵێسا و سەندیکاکان) دەپارێزێت، واتە لەو گروپ و ڕێکخراوانە دەیانپارێزێت کە لەخوار دەوڵەتەوەن .
بەرگی پێشەوەی کتێبی Leviathan وێنەیەکی ڕەمزی تێدایە، ئەو وێنەیە ئەژدیهایەکی زەبەلاحە و لەشولاری لە هەزاران کەس پێکدێت، بەدەستی ڕاستی شمشێرێکی هەڵگرتووەو بەدەستی چەپیشی داردەستی قەشەکان. لەشکرێکی پڕ چەکیش کە لەحاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ جەنگ، لەدەوری ڕاوەستاون و پیاوانی ئایینیش خەریکی ویرد خوێندنن.
"هۆبس" پێیوایە دەبێت کڵێسا گوێڕایەڵی دەسەڵاتی دەوڵەت بێت و نابێت خۆی لە کاروباری سیاسی هەڵقورتێنێت، کاروباری سیاسی لەلایەن پادشاوە بەڕێوەدەبرێت و دەسەڵاتی ئەویش رەهایەو سنوری بۆ نییە. بە نوسینەکانیدا وەها دیارە لایەنگری سستمی دیسپۆتیزمی و پادشایەتی ڕەهابووبێت لە بەریتانیا، بەڵام کاتێک داکۆکی لە سستمی حوکمرانی ڕەها کردووە پشتی بە تیۆریای مافی یەزدانی نەبەستووە، چونکە بە بۆچونی ئەو تیۆریەی مافی یەزدانی لەسەر ئەقڵ و لۆژیک دروست نەبووە.
"هۆبس" داکۆکی لە سستمی پاشایەتی ڕەها دەکات، بەمەرجێک پشتی تیۆریای مافی سروشتی و پەیمانی کۆمەڵایەتی بەستبێت. فکری ئەو لە ناوەرۆکدا فیکرێکی فەرگەرایەو ئەوەی بنەمای ڕەهایەتیشە لەلای ئەو مافی تاکە کەسە لە مانەوەو بەردەوامێتی.."هۆبس" لەژێر کاریگەری ئاقارە فیکریەکانی سەردەمەکەیدا بووە، بەتایبەت ئاقاری ئەندازەیی کە پشت بە ڕێبازی هەڵێنجان و شیکاری و پرانسیپی هۆکارێتی دەبەستێت و دواجار لەبەر ڕۆشنایی پرۆسە ئەقڵیەکاندا هۆکار و دەرەنجامەکان پێکەوە گرێ دەدات. "هۆبس" لای خۆیەوە ئەم شێوازە بەسەر دەوڵەت و سستەمی سیاسیدا جێبەجێ دەکات و پێیوایە کۆمەڵگە بۆخۆی بریتیە لە پرۆسەیەکی ماتماتیکی و تۆڕێک لە هۆکار و دەرەنجام کە جوڵەیەکی دیاریکراو ئاڕاستەی دەکات. هەروەها وەکو "فرانسیس بیکۆن" و " ڕینییە دیکارت"، بڕوای وابوو میتۆد کلیلی مەعریفەیە.
لە کتێبی Leviathan دا (کە بەشێوەیەکی گشتی بە مەزنترین بەرهەمی ئەو دادەنرێت)، میتۆدی هەڵێنجاندنی پەیڕەو کردووە و کتێبەکەی کردووە بە دوو بەشەوە: یەکەمیان بریتیە لە کۆمەڵێک پێناسەو بەڵگەنەویست و زۆر بەوردی ئەو دیدو بۆچونانە دەستنیشان دەکات کە لە دووتوێی کتێبەکەدا دێتە سەر باسکردنیان. دووەمیشیان بریتیە لە زنجیرەیەک کە ڕاستەوخۆ خوێنەر دەگەیەننە ئەو دەرەنجامەی "هۆبس" مەبەستێتی پێیان بگات(٢) .
"تۆماس هۆبس" لەژێر کاریگەری سۆفیستەکان و ئەبیقۆریەکاندا بووە. داکۆکی لە فەردانیەت دەکات و کۆمەڵگە وەک ژمارەیەک فەردی ئازاو سەربەخۆ دەبینێ کە غەریزەی مانەوە ناچاریان دەکات، شەڕێکی بێ ئامان بکەن. لێرەوە ئەو تیۆریانەی "ئەرستۆ"ی پێ پەسەند نەبوو کە دەڵێت: (مرۆڤ بەسروشتی خۆی بونەوەرێکی کۆمەڵایەتیە و هەر بەشێوەیەکی خۆڕسک هەوڵی دروستکردنی دەوڵەت دەدات)، چونکە بە بۆچونی ئەو دەوڵەت بەرهەمێکی هونەری دروستکراوە و دروستکراوی دەستی مرۆڤ خۆیەتی .
" هۆبس" بە یەکەمین فەیلەسوفی نوێ دادەنرێت کە هەوڵی هێنانە ئارای ڕێبازێکی سیاسی مۆدێرنی دابێت و هەرچی لە تواناشیدا بێت کردبێتی، بۆ ئەوەی لەسەر بنەمایەکی زانستی تاوتوێی ئەو ڕێبازە سیاسیە بکات، بەجۆرێک ڕووماڵی سەرجەم حەقیقەتەکانی سروشت بکات، لەوانە ڕەفتارو هەڵسوکەوتی مرۆڤ لەڕووی فەردی کۆمەڵایەتیەوە. دەشێت ئەم ڕێبازە سیاسیەی ئەو بەڕێبازێکی ماددی بدەینە قەڵەم، هەرچەندە تەنها لەدوا ساڵەکانی ژیانیدا، دەستی بەلێکۆڵینەوەی ماتماتینک ناسی و سروشت ناسی کردووە. "هۆبس" بەناوبانگترین نوسەری فەلسەفەی سیاسی دەدرێتە قەڵەم لەناو میللەتانی ئینگلیزی زماندا، ئەویش بەهۆی ڕوون و ڕەوانی بۆچونەوەکانیەتی کە هیچی لەشێوازە تازەکەی لەنوسیندا کەمتر نییە(٣) .
دۆخی سروشتی :
بەپێچەوانەی "مەکیاڤیللی"یەوە، "هۆبس" سەرقاڵی دەست نیشانکردنی ئەو هۆکارانە بوو کە دەبنە مایەی دروستبوونی دەوڵەت و مرۆڤ لەقۆناغی سەرەتاییەوە دەگوازنەوە بۆ دۆخی کۆمەڵایەتی و لەم دۆخەشدا ناچار دەبێت بەوەی ملکەچی دەسەڵاتێکی سیاسی باڵا بێت ."مەکیاڤیللی" بەر لە "هۆبس" باسی لە دەوڵەت کردووە وەکو پێدراوێکی واقعی سەیری کردووە، لەبەرئەوە "ماکیاڤیللی" بەنوسەرێکی سیاسی دادەنرێت نەک فەیلەسوفێکی سیاسی.
گەڕانی "هۆبس" لەهۆکارەکانی دروستبوونی دەوڵەت، بەرەو ئەویان برد تا لەو ڕێسایاناش بکۆڵێتەوە کەبەسەر هەڵسوکەوتی مرۆڤدا زاڵن و لەمەشدا بەوە گەیشت بڵێت: مرۆڤ غەریزەی حەزی مانەوە و خودپەرستی تێدایە، ئەمەش بەدرێژایی ژیانی ناچاری دەکات هەوڵبدات لەو ئامرازانەش بگەڕێت کە ئارامی و دڵنیای بۆ مسۆگەر دەکەن. مرۆڤ لە ئەنجامی گەڕانی بەدوای ئاسایش و ئارامیدا، پەنا دەباتە بەر ئامرازەکانی هێزداری وەک: (سەروەت و سامان پلەو پایە و نێوبانگی باش)، چونکە دەزانێت ئاسایش و سەلامەتی پەیوەستە بەهێزەوە.
"هۆبس" دەڵێت: (لەدۆخی سروستیدا پەیوەندی نێوان مرۆڤێک بە مرۆڤێکی دییەوە، لەسەر بنەمای گومان و ململانێ یاخود حەز لەشکۆمەندی بوو)(٤) . بێگومان ئەمەش دەبێتە مایەی هەڵایسانی جەنگ لەنێوان هەموواندا. مرۆڤ مادامەکی گورگە بۆ برای خۆی و تەنها لەخەمی بەرژەوەندی و قازانجی خۆیدایە، ئەوا بەرپابوونی جەنگی هەمون لەدژی هەمووان شتێکی حەتمیە.
لەم قۆناغەدا (کە قۆناغی بەر لە کۆمەڵایەتیە)، ئەوەی باڵا دەست بووە یاساکانی جەنگەڵ بووەو مرۆڤ گورگ بووە بۆ برای خۆی، دەسەڵاتیش تەنها بۆ هێز و زۆرزانی بووە. لەم دۆخەدا هیچ جیاوازییەک لەنێوان دادپەروەری و ستەمکاری یان لەنێوان ئەم موڵک و ئەو موڵکدا نەبوو، ئەوەی ئازا بووبێت و توانیبێتی پارێزگاری بکات، ئەو موڵکەی ویستویەتی پاوانی کردووە بۆ خۆی و بۆتە موڵکی ئەو.
لە دۆخی سروشتیدا ژیانی مرۆڤ، ژیانێکی گۆشەگیرو نەدارو چەپەڵ و دڕندانەو کورتخایەن بووە. لەمبارەیەوە "ڕایت" دەڵێت: (مرۆڤ لەدۆخی پێش پەیدابوونی دەوڵەتدا، تەنها لە خەمی پاراستنی ژیانی خۆیدا بوو، بەشێوەیەکی خۆپەرستانە سەرگەرمی کۆکردنەوەی پارەوپوڵ و دروستکردنی شکۆمەندی خۆی بوو. هاوکات لەو دۆخەدا هیچ بەهاو مۆڕاڵێک لە ئارادا نەبووە، مرۆڤ مافی هەموو شتێکی بەخۆی دەدا بۆئەوەی چی دەوێت بیکات. نە یاسا هەبوو نە دەستوور، سەرەنجامێکی دۆخێکی لەمجۆرەش بریتی بوو لە جەنگی هەمووان دژ بە هەمووان.. مرۆڤ جگە لەشەڕی بەردەوام ڕێگایەکی دیکەی لەبەردەمدا نەبوو، یان دەبوو بجەنگێت یان بترسێت و چۆک دابدات تا ئەوانی کە هێرش بکەنە سەری و پەلاماری بدەن)(٥) .
لێرەدا دەتوانین کۆمەڵیک خەسڵەتی مرۆڤی سەرەتای لە دۆخی سروشتیدا دەستنیشان بکەین:
١- هیچ جۆرە جیاوازیەک لەنێوان کاری ڕاست و کاری هەڵەدا نەبوو. کەس نەیدەتوانی بەهیچ پێودانگێک، ئەخلاقی و نائەخلاقی کارو کردەوەیەک دیاری بکات، لەبەرئەوەی لەو قۆناغەدا پێوەرێکی لەو جۆرە نەبوو.
٢- هیچ جیاوازیەک لە نێوان ئەوەی دادپەروەریەو ئەوەی ستەمکاریە نەبوو، چونکە ئەوکات یاسایەک نەدۆزرابووەوە ئەمانە دیاریبکات. دادپەروەری سەروەختێک لە ئارەدا دەبێت کە مرۆڤ لەڕێی دەوڵەتی یاساوە، لەگەڵ مرۆڤەکانی تردا لە پەیوەندیدا بێت.
٣- هیچ موڵک و ماڵیکی دیاریکراو نەبوو تایبەت بێت بە تاکە کەسێک، لەبەرئەوەی هەموو مرۆڤێک دەیتوانی لەرێی هێزەوە هەرچییەک دەخوازێت ببێتە خاوەنی و تا ئەو کاتەشی دەیتوانی پارێزگاری لێبکات، وەک موڵکی خۆی دەمایەوە(٦) .
"هۆبس" بەمجۆرە وێنای دۆخی سروشتی و مرۆڤ لەو قۆناغەدا دەکات، دۆخێک کە نیشانەکانی بریتی بوون لە چاوچنۆکی و خودپەرستی شەڕێکی نەبڕاوە. مرۆڤ لەو سەردەمانەدا سەرچاوەی هەموو گوناه و خراپەکارییەک بوو.. هەمیشە چەکی بەڕووی ئەوانی تردا هەڵکێشابوو، بەردەوام چاودێری خەڵکی دەکرد و ناخی پڕی بوو لە ترس و گومان.. بەکورتییەکەی مرۆڤ لەو قۆناغەدا گورگێک بوو لەناو کۆمەڵە گورگێکی تردا دەژیا.. دوای ئەوەی لەباسکردنی دۆخی سروشتی تەواو دەبێت، دەکەوێتە سۆراخکردن لەوەی چۆن ڕێگایەک بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی کۆمەڵگە پەرەپێبدات و بەرەو پیشی بەرێت، لەم سەروبەندەشدا ئەو پێیوایە مرۆڤ دوو ڕێگای لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی لەم هەلومەرجە ڕزگاری بێت، هەلومەرجێک کە بە حەتمی مرۆڤایەتی بەرەو لەناوچوون دەبات. ئەو دوو ڕێگایەش ئەمانەن:
یەکەم /ترس لەمردن کە ناچاری دەکات داوای ئاشتی و ئارامی بکات.
دووەم/بەکارهێنانی ئەقڵ کە دەزانێت بەرژەوەندی مرۆڤ لەکوێدایە و ڕێسا گەلێکی تایبەتی بۆ دادەنێت تا بەرەو ئاشتی ببەن، کارکردنیش بەو ڕێسایانە دەیگەیەنێتە ئەوەی لەگەڵ ئەوانی تردا پێکبێت و لەیەکتر حاڵی ببن. ئەم ڕێسایانەی ئەقڵ سەرنجمانی بۆ لا ڕادەکێشێت، بەبۆچونی "هۆبس" جگە لە یاساکانی سروشت شتێکی تر نییە،ئەم یاسایانەش بیرۆکە یاخود بنەمایەکی گشتین و ئەقڵ خۆی پەییان پێدەبات، بۆ ئەوەی نەهێڵێت مرۆڤ کارێک بکات ببێتە مایەی وێرانبوون و لەدەستدانی ژیانی. ئەقڵ لەڕێی کەشفکردنی یاساوە ئامرازگەلێکی پێویست دێنێتە ئارا، بۆ ئەوەی ژیانی مرۆڤی پێ بپارێزێت و ئەو شتانەشی پێساغ بکات کە مایەی هەڕەشەو مەترسین بۆسەر ئارامی و ئاسایشی ئینسان(٧) .
ئەو دەیەوێت بۆچوونی خۆی لەمەڕ یاسا سروشتییەکان لەم دەستەواژەیەدا کورتبکاتەوە کە دەڵێت: (بەو جۆرەی پێت خۆشە مامەڵەت لەگەڵدا بکرێت، مامەڵە لەگەڵ خەڵکیدا بکە). کەواتە ئەو پێیوایە ئەقڵ و سۆز دوو ئەنگێزەی سەرەکین بۆ ئەوەی مرۆڤە ئاساییەکان Homme artificial پێدروست بکەن. ئەم مرۆڤەش بەهۆی هێز و توانایەوە لەوانی تر باڵادەسترەو دەتوانێت بیانپارێزێت و بەرگریان لێبکات.
"هۆبس" زۆر بە توندی پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە Leviathan بەرهەمی هونەرو لێزانی و ئیرادەی مرۆڤێکە درک بە بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکات. بەپێچەوانەی "ئەرستۆ"وە کە پێی وایە مەیلی کۆمەڵایەتی بوون، مەیلێکی خۆڕسکانەیە لەمرۆڤدا و بۆ ئەوەیە لەچوارچێوەی شار – دەوڵەتدا بە بەرکەماڵی بگات. بەبڕوای ئەو یاسا سروشتیەکان بنەمای دروستبوونی کۆمەڵگەیەو هەر ئەوە بە مرۆڤی دەسەلمێنێت بەرژەوەندییان لە ئاشتی و پێکەوە ژیان و هاریکاری کردنی یەکتریدایە، نەک لە ململانێ و بەکارهێنانی هێزدا. ئەوەش ئاشکرا دەکات کە ئاشتی بە متمانەکردن بە یەکتری و پاراستنی وەعدو بەڵێنەکانەوە بەندە. لەم ڕاستیانەوە"هۆبس" تیۆریاکەی خۆی لەسەر ئەوە دادەڕژێت کە مرۆڤ بونەوەرێکی خۆپەرستەو هەمیشە عەوداڵی بەرژەوەندی و سەلامەتی خۆیەتی، لەبەر ئەوە تیۆریاکەی هەم پراگماتی و هەم فەردخوازە.
"هۆبس" بەکارهێنانی دەسەڵاتی دەوڵەت و هێزی یاساکانی دەوڵەت، بەکارێکی پێویست دەزانێت بۆ دابینکردنی ئاسایش و ئارامی تاکە کەس. ئەوەی ئەو گرنگی پێدەدات بەرژەوەندی کۆمەڵگە نییە وەک گشتێک، بەڵکو ئەو تاکە کەسانەیە کە کۆمەڵگە پیکدێنن. کۆمەڵگەش بە بۆچوونی ئەو پێکهاتەیەکی ناسروشتییەو تاکە کەسەکان هێناویانەتە ئارا، لەبەرئەوەی پێیانوایە بوونی دەوڵەت سوودی زۆری تێدایەو لەو دۆخە باشترە کە دۆخی سەرەتاییەو مرۆڤ تێدا بێدەوڵەت بووە. دەوڵەت دەتوانێت ژیانی ئینسانەکان مسۆگەر بکات و دڵنیاییان بۆ بهێنێ، هەروەها دەسگیرۆیشیان بکات بۆ ئەوەی لەناوخۆیاندا خزمەتگوزاری و شمەکەکان بگۆڕنەوە.
مرۆڤ بۆیە حەزی بە ژیانی کۆمەڵایەتیە، لەبەرئەوەی بەرژەوەندی و پێداویستی خۆی تێدا دەبینێتەوە، نەک وەک "ئەرستۆ" پێیوایە ژیانی کۆمەڵایەتی مەیلێکی خۆڕسکانە بێت لەناخی مرۆڤدا. کەواتە دەوڵەت بەرهەمی ئیرادەی ئینسانەکانەو لە بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرێت. دەوڵەت ئەگەرچی دڕندەیەکی زەبەلاحەو مرۆڤەکان ڕێزی ناگرن و چارەیان ناوێت، بەڵام لەپێناو بەدیهێنان و پاراستنی بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی خۆیاندا ملکەچی دەبن و گوێڕایەڵی دەکەن.
دەوڵەت شتێکی ناچارییە، وەک چۆن سیستمی پاشایەتی ڕەهاش شتیکی ناچارییە، بۆ پاراستنی ئینسانەکان و چاودێریکردنی موڵک و ماڵات و مافەکانیان، ئەم دەرەنجامەی دواییان کە لەتیۆریای دەوڵەتی "هۆبس"یدا هاتووە جێی ناڕەزایی پاشایخوازەکانە.
پەیمانی کۆمەڵایەتی بنەمای گۆڕانی دەوڵەتە:
"هۆبس" پێیوایە متمانە بەیەککردن لەنێوان کەسەکاندا، بنەمای دروستبوونی کۆمەڵگەیە، بەڵام بەو پێیەی مرۆڤ لای ئەو بە خۆڕسک بونەوەرێکی خۆپەرستەو کۆمەڵایەتی نییە، کەواتە چۆن دەتوانێت ڕێزی مافی ئەوانی تر بگرێت و متمانەیان پێبکات ؟
لەوەڵامی ئەم پرسیارە دەڵێت: (لەجێی خۆیدا نییە چاوەڕوانی ئەوەبین خەڵک خۆبەخۆ ڕێز لەمافەکانی یەکتر بگرن، تەنها بوونی حکومەتێکی بەهێز دەتوانێت تەواوی ئەندامانی کۆمەڵگە ناچار بکات ڕێز لەو ڕێکەوتننامەی نێوانیان بگرن و کاریشی پێبکەن. چونکە دەوڵەت دەتوانێت سزای ئەوانە بدات کە سەرپێچی بڕگەکانی ڕێکەوتننامەکە دەکەن). هەر لەدرێژەی قسەکانیدا سەبارەت بەم مەسەلەیە دەڵێت: (پەیمان و بەڵین بەبێ شمشێر هەر قسەیە و هەرگیز هێزی ئەوەی نابێت ئاسایش دابین بکات. وشەکان زۆر لەوە لاوازترن بتوانن جڵەوی چاوچنۆکی و توڕەیی و حەزەکانی مرۆڤ بکەن، ئەگەر ترس لەهێزێکی وا نەبێت کە توانای کۆنتڕۆڵکردنی ئەو شتانەی هەبێت)(٨) .
کەواتە ئاسایش و ئارامی بەندە بە بوونی حکومەتێکەوە، کە توانای پاراستنی ئاشتی و سەپاندنی سزاگەلێکی هەبێت، ئەو سزایانەی کۆمەڵگە پێویستی پێیەتی تا لەو مەیلە ناکۆمەڵایەتیانەی ناخی مرۆڤ کامکاتەوە کە بەشێوەیەکی خۆڕسک تێیاندایە. ئەو هۆکارە بەهێزەی خەڵک ناچار دەکات کۆببنەوە و پێکەوە بژین ترسە لە سزادان، یاساش هیچ دەسەڵاتێکی نییە ئەگەر هێزێک نەبێت جێبەجێکردنی بەزۆر فەرز بکات. بەمەبەستی پاساودانەوەی هێز،"هۆبس" پەنا دەباتە بەر تیۆریای پەیمانی کۆمەڵایەتی، بەڵام لێرەدا کەسی فەرمانڕەوا هەڵدەبوێرێت لەوەی پابەندی ئەو پەیمانە بێت. ئەو لەشوێنێکدا بەم جۆرە باس لە پەیمانی کۆمەڵایەتی دەکات : (ڕێکەوتنێکە لەنێوان کۆمەڵە کەسانێکدایە کە دەستبەرداری ئیرادەی خۆیان دەبن و ملکەچی دەسەڵاتی فەرمانڕەوا دەبن). بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتری ئەم تێزەیە دەڵێت: (من دەستبەرداری مافی خۆم دەبم لەوەی حوکمڕانی خۆم بکەم و ئەم کارە دەدەمە دەست ئەو کەسە یان ئەو کۆمەڵە کەسە، بەمەرجێک ئەوانی دیکەش هەمان کاری من بکەن و هەمان ئامادەگیان تێدابێت)(٩).
سەرنجدەدەین ئەم پەیمان و ڕێککەوتنە لەنێوان خەڵک و کەسی فەرمانڕەوادا نییە، بەڵکو لەنێوان خەڵک و خۆیاندایە. بەپێی ئەو ڕێکەوتنە کەسەکان دەستبەرداری هەموو ماف و ئازادییەک دەبن بۆ کەسی فەرمانڕەوا، کە ڕەنگە زیان بە ئاشتی و ئارامی کۆمەڵگە بگەیەنێت.
"هۆبس" پێیوایە کۆمەڵگە تەنها بیرۆکەیەکی خەیاڵییە، نە دەتوانێت هیچ مافێک بەدەست بێنێت نە بەکارێکیش هەڵبستێت، بەڵکو ئەوە کەسەکانن کە ماف بەدەست دێنن کارەکانیش ڕادەپەڕێنن، سەروەختێک دەوترێت کۆمەڵگە کارێکی وایکرد، لەواقیعدا ئەمە مانای وایە کەسێک یان گروپێک بەناوی کۆمەڵگەو لەبری کۆمەڵگە ئەو کارەیان کردووە، بەو پێیەی ئەوان نوێنەرو بریکاری سەرجەم ئەندامانی کۆمەڵگەن. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کۆمەڵگە تەنها خورافەیەکە، هەروەها کۆمەڵگە ئەنجومەنێکی دەستەجەمعی نییە، بەڵکو تاکە کەسێکە (سەرۆک یاخود فەرمانڕەوا) کە دەبێت وەک نوێنەری ئیرادەی سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگە، مل بۆ ئیرادەی بدەین. کۆمەڵگە بەتەنها واتە کەسی فەرمانڕەوا، ئەگەر فەرمانڕەوا نەبێت کۆمەڵگەش نابێت. "هۆبس" ئەم تیۆریانە بەسەر سەرجەم دام و دەزگاکاندا پراکتیزە دەکات و دەڵێت: (لەڕاستیدا دام و دەزگا بەهیچ شێوەیەک ئەنجوومەنێکی دەستەجەمعی نییە، بەڵکو تاکە کەسێکە کە سەرۆکیەتی یاخود بەڕێوەبەرێتی و دەبێت لەبری ئیرادەی سەرجەم ئەندامەکانی ئەو دەزگایە، ئیرادەی ئەو کەسە لەبەرچاو بگرێت و پەسەند بکرێت)(١٠) .
شێوازەکانی حوکمکردن و سەروەری :
شێوازەکانی حوکمکردن لای "هۆبس"، جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ ئەو فۆڕمانەدا نییە کە لای "ژان بودان" هەیە. جیاوازی نێوان شێوازەکانی حوکمکردن دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕۆکی سەروەری هیچ فۆڕمێکی شێواو و نادروستی حومکردن نییە، ئەوەی هەیە خەڵکی هەڵەو بەلاڕێدا بردنی دەوڵەت، بە زاراوە گەلێکی وەک: ستەمکاری و حوکمی کەمینەوە گرێ دەدەن، تەنها لەبەرئەوەی پێیان خۆش نییە مل بۆ هیچ دەسەڵاتێک بکەن، هەروەها ئەگەر شێوازێکی حوکمکردنیان بەدڵبێت و پەسەندی بکەن، زاراوە گەلێکی وەک : (پاشایەتی و دیموکراسی) بەکاردەهێنن. سەروەری لە هەموو فۆڕمەکانی حکومەتدا هەیەو گرنگ ئەوەیە لە خاوەنی سەروەریەکە بگەڕێین، تا دەستنیشانی شێوازی حکومەتەکەی پێبکەین.
"هۆبس" بڕوای بە بوونی حکومەتی تێکەڵ نییەو هەروەها باوەڕی بە سستمی حوکمڕانی دیاریکراو یاخود دیسپلینکراو نییە، لەبەرئەوەی سەروەری و دەسەڵاتی ڕەها دابەشبوون و پارچە پارچە بوون قبوڵ ناکات. پێویستە کەسێکی وا هەبێت بڕیاری کۆتایی بەدەست بێت. ئەوەی خاوەنی بڕیار بێت و توانای جێبەجێکردنی هەبێت، دەبێتە خاوەنی دەسەڵاتی ڕەهاو سەروەری ڕاستەقینەش بۆ ئەوە. بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم هەڵوێستەی خۆی، "هۆبس" پێیوایە: (هۆکاری سەرەکی جەنگی ناوخۆیی لە ئینگلتەرادا ئەوە بوو، پادشا لەبری ئەوەی دەسەڵاتی تەواوەتی لەدەستی خۆیدا بهێڵێتەوە، دەرفەتی ئەوەی بۆ پەرلەمان ڕەخساند – کاتێک ڕەزامەندی لەسەر یاسای هەڵنەوەشاندنەوەی نیشاندا- ، تا گەورە بێت و لەپاڵ دەسەڵاتی پادشادا ببێتە هێزێکی سەربەخۆ، بەم جۆرە وڵات دوو سەردارو گەورەی بۆ پەیدا بوو)، ئەم پرۆسەیە بۆ ئەو مانای لەدەستدانی سەروەری دەگەیاند، چونکە پێیوایە (بەشبەشکردنی دەسەڵات و مانای وێرانکردن و نابوتکردنیەتی)(١١) .
چەمکی یاسا لای "هۆبس" :
"هۆبس" پێیوایە تەنها یەک هەنگاو هەیە بۆ ئەوەی لە تیۆریای سەروەرییەوە بگوازینەوە بۆ تیۆریای یاسای مەدەنی، یاساش لای ئەو فەرمانی ئەو کەسەیە کە خاوەنی سەوەرییە لە دەوڵەتدا (١٢) . ئەو جیاوازی لەنێوان یاسای سروشتی و یاسای مەدەنیدا کردووە و یەکەمیان بە کاری ئەقڵ دەزانێت و دووەمیشیان هێزێکی لەپشتە کە کار بۆ جێبەجێکردن و سەپاندنی دەکات. یاسای مەدەنی لایەنی ئەمر پێکردن یاخود بەزۆر سەپاندنی تێدایە. لەڕاستیشدا ئەو دەسەڵاتەی ئەرکی جێبەجێکردنی دەکەوێتە ئەستۆ، وادەکات هەمووان ناچاربن بە جێبەجێکردنی، یاساش لە جەوهەردا یاسای ئەوەیە کە دەسەڵاتی هەیە.
سەبارەت بە نەریت، ئەوا بەردەوامبوونی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە کەسی فەرمانڕەوا لای خۆیەوە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پەسەندی کردبێت. بەڵام نەریت هێزی یاسایی نابێت، تەنها مەگەر کەسی دەسەڵاتدار (ئەو کەسەی هیچ شتێک سنور بۆ دەسەڵاتەکانی دانانێت، تەنانەت یاسا سروشتییەکانیش)، بڕیاری لەسەر دابێت. "هۆبس" ڕای وایە بۆ دەرکردنی یاسایەک پێویستمان بە ڕەزامەندی وەرگرتنی پەرلەمان نییە، ڕەنگە بۆ دەرکردنی یاسایەک کەسی فەرمانڕەوا ڕاوێژ بە پەرلەمان بکات، یاخود ڕێگای ئەوەی پێبدات یاسا دابنێت، بەڵام نابێتە یاسا، تەنها ئەو کاتە نەبێت خاوەن شکۆ بڕیاری لەسەر دەدات و فەرمانی جێبەجێکردنی دەردەکات. ئەوکاتە یاساکە بەناوی کەسی فەرمانڕەواوە دەردەچێت. "هۆبس" دژایەتی دەسەڵاتی پەرلەمان ناکات، گەر بتوانێت یاساکان دابڕێژێت و جێبەجێیان بکات و چاودێریان بکات.
دواجار ئەو ئەمە لەگەڵ پەرەگرافی ئەودیودا بکرێن بەیەک لەوەدا بەهەڵەدا چوو کە پێیوابوو دەتوانێت پشتیوانی لە پادشایەتی ڕەها بکات، بەڵام ئەو بۆچوونەی لەجێی خۆیدا بوو کە دەیووت : (دەوڵەتی مەرکەزی دەبێتە مۆدێلی سەرەکی دەوڵەتی مۆدێرن).
ملکەچپێکردنی دەسەڵاتی ئایینی بۆ دەسەڵاتی دنیایی:
"هۆبس" کڵێسای خستە ژێر ڕکێفی دەوڵەتەوە و پێیوابوو کڵێساش وەکو هەر دامەزراوەیەکی تر پێویستە سەرێکی هەبێت، ئەو سەرەش کەسی فەرمانڕەوایە.. بە بۆچونی ئەو حوکمی ڕۆحی و دنیایی لێک جیانین و ناشێت هیچ کێشەو ململانێیەک لەنێوان یاسای ئیلاهی و یاسای ئینسانیدا هەبێت، ئایینیش بە تەواوەتی ملکەچی دەسەڵاتی یاساو دەسەڵاتی کەسی فەرمانڕەوایە .. چل ساڵ دوای ئەم بۆچونانە و کاتێک "جۆن لۆک" دەستی بە نوسینکرد، دەیتوانی گرییمانەی ئەوە بکات کە مەسەلە سیاسیەکان لەگەڵ ئاییندا تێکەڵ نەکرێت و لێک جیابکرێنەوە، ئەمەش بە فرخەسێک دوور بوو لەوەی "هۆبس" مەزەندەی دەکرد.
مافی موڵکایەتی :
ڕێکخستنی موڵکداری لەنێوان هاوڵاتیاندا، یەکێکە لە نیشانەکانی مومارەسەکردنی دەسەڵات لە لایەن دەوڵەتەوە. لەم سەروبەندەشدا ئەوەی مافی دابەشکردنی موڵک و ماڵاتی هەیە، کەسی فەرمانڕەوایە، ئەو کەسەی سەروەرەو دەسەڵاتێکی ڕەهای هەیە. چونکە ئەو خاوەنی فیعلی شتەکانەو خەڵک و خواش تەنها ئەو مافەیان هەیە بەهرەمەندبن لێیان و سودی لێببینین. خاوەندارێتی کەسەکان بۆ هیچ موڵک و ماڵاتێک سەرناگرێت و بەردەوام نابێت، گەر ڕەزامەندی دەوڵەتی لەسەر نابێت. بەواتایەکی تر موڵکدارێتی دەسکەوت و بەخششێکە دەوڵەت دەیبەخشێت بە خەڵکی.
گرنگترین دەرەنجامەکانی فەلسەفەی سیاسی "تۆماس هۆبس":
دەکرێت دەرەنجامە گرنگەکانی فیکرو فەلسەفەی سیاسی "تۆماس هۆبس"، بەم شێوەیەی لای خوارەوە دەستنیشان بکەین:
١- کۆمەڵگەو دەوڵەتی لێک جیانەکردۆتەوە جیاکردنەوەکانی بەکارێکی نادروست وەسفکردووە، هەروەها جیاوازی لەنێوان حکومەت و دەوڵەتدا نەکردووە و پێیوابووە ئەگەر حکومەتێکی ئاشکرا نەبێت، ئەوا نە دەوڵەت دەبێت و نە کۆمەڵگە، ئەوەی دەبێت ئاپۆرەیەکە لە خەڵک (بەبێ سەر).
٢- هاوکات جیاکردنەوەی یاساو مۆڕاڵ بە کارێکی نادروست دەزانێت، چونکە پێیوایە کۆمەڵگەیەک دەنگی هەیە قسەی پێبکات و یەک ئیرادەشی هەیە بتوانێت بیسەپێنێت، ئەویش ئیرادەی کەسی فەرمانڕەوایە کە دەتوانێت کۆمەڵگە بکاتە حەقیقەتێکی حاشا هەڵنەگر.
٣- بەبۆچونی ئەو دەسەڵات دەبێت دەسەڵاتێکی بێ سنوور و ڕەها بێت، چونکە لە نێوان دەسەڵاتی ڕەها یاخود پشێوی و بێسەروبەریەکی تەواودا، ڕێگایەکی دیکەمان لەبەردەمدا نیە. پێویستە تێکڕای دەسەڵاتە کۆمەڵایەتیەکان لەدەست فەرمانڕەوادا بێت و تەواوی ئەو یاسا و مۆڕاڵانەشی لەناو دەوڵەتدا هەن، پابەندی ئیرادەی ئەو بن. کەسی فەرمانڕەوا خاوەنی سەرجەم ئەو دەسەڵاتانەیە کە بۆ حوکمڕانیکردن پێویستن، وەک دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری و بەڕێوەبردن. هاوکات "هۆبس" کەسی فەرمانڕەوا لە تێکڕای ئەو کۆت و بەندانە هەڵدەبوێرێت، کە"ژان بودان" داینابوو.
٤- هەرچەندە "هۆبس" تەئکید دەکاتەوە لەوەی نابێ دژایەتی دەسەڵات بکرێت و لەدژی ڕاپەڕن، چونکە کارێکی وا پێویستی بە ڕەزامەندی دەسەڵات خۆی هەیە، بەڵام باس لەوەش دەکات کە ڕوودەدات گەر هاتوو حکومەت نەیتوانی ئارامی و ئاسایش دابین بکات، چونکە ئەوە تەنها هۆکارێکە وادەکات هاوڵاتیان ملکەچی دەسەڵاتی دەوڵەت بن.ئەگەر ڕاپەڕینەکە سەرکەوتوو بوو، ئەوا فەرمانڕەوا دەسەڵاتی لەدەست دەدات و هاوڵاتیانیش گوێڕایەڵی ناکەن و پەنا بۆ ئامڕاز و توانا تایبەتیەکانی خۆیان دەبەن تا خۆیان بپارێزن، یان رەنگە پابەندی فەرمانەکانی حوکمڕانێکی دیکە بن کە بتوانێت پارێزگاریان لێبکات.
لە تیۆریەکەی "هۆبس"دا هێزی دەسەڵات تاکە گرنتیە بۆ ڕەوایەتی حوکمکردن، بەبێ بوونی هێزو دەسەڵات ناکرێت لافی هیچ شەرعیەت و ڕەوایەتیەک لێبدەین. ئەمەش لایەنگرانی سیستەمی پاشایەتی توڕە کردو وایلێکردن، لە دەرئەنجامەکانی پراکتیزە کردنی ئەو تیۆریە بترسن کە پابەندی هیچ شێوازێک لە شێوازەکانی حوکمڕانیکردن نابێت..جێی باسە "هۆبس" سیستمی پاشایەتی بە چاکترین سستمی حوکمڕانی دەزانێ.
حوکمکردن لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و سودو قازانجی خەڵک دەبێت و بوونی هەر سستمێکی حوکمڕانیش لەپشێوی و ئاژاوە چاکترە، مادامەکی بتوانێت ئاشتی و ئارامی بپارێزێت، مەبەست لەدروستکردنی کۆمەڵگەش دەستەبەرکردنی ئەو شتانەیە. دوای خۆی چەندین بیریار توانیان کار لەسەر تیۆریەکەی بکەن، بۆ ئەوەی بەسەر فۆڕمە جیاجیاکانی حوکمکردندا پراکتیزەی بکەن.
کۆتایی:
"هۆبس" پێیوایە بنەمای بوونی کۆمەڵگەو دەوڵەت، حکومەتێکی بەهێزە. لەبەر ئەوەی ئەو دەتوانێت ئاشتی و ئارامی بۆ ئینسانەکان فەراهەم بکات سەرو ماڵیان بپارێزێت. ئەمانەش هۆکاری سەرەکین بۆ دروستبوونی دەوڵەت و هاتنە ئارای حکومەتەکان. لەلایەکی ترەوە "هۆبس" باوەڕی نە بە بەرژەوەندی گشتی هەیە نە بە ئیرادەی گشتی، بەڵکو ئەوەی ئەو داکۆکی لێدەکات بەرژەوەندی تاکە کەس و ئیرادەی کەسی فەرمانڕەوایە. چونکە بەبڕوای ئەو دەوڵەت بەرەنجامی خواستی تاکە کەسانە، بۆ ئەوەی لە ژیاندا بەردەوام بن و پارێزراوبن. لەبەرئەمانە تیۆریاکەی بە تیۆریایەکی فەردی – پراگماتی، ناوزەند دەکرێت. لەکتێبی Leviathan دا تیۆریا سیاسیەکەی خۆی دەخاتە ڕوو کە بە بەهێزترین داکۆکیکردنێک لە سستەمی پاشایەتی ڕەها دادەنرێت، سستمیک کە لەسەر بەرژەوەندی دادەمەزرێت و لەڕووی ئەقڵانی و لۆژیکیەوە پاساوی خۆی هەیە و لە ئایین و هەموو حەز و ئارەزوویەکیش بەدەرە.
هەروەها بە مەبەستی تاوتوێکردنی دەوڵەت و سستمی حوکمڕانی، کەوتە بەکارهێنانی یاسای سروشتی، بەڵام ئەمەی بۆ ئەوە نەکرد تا ئاستێک بۆ دەسەڵاتی کەسی فەرمانرەوا دابنێت. چونکە بە بۆچوونی ئەو کەسی فەرمانڕەوا نە سنورێک بۆ دەسەڵاتەکانی هەیە و نە ئیرادەشی دیاری دەکرێت. لەمەشدا پێچەوانەی "ژان بودان" بوو کە سنووری بۆ دەسەڵاتەکانی حوکمڕانی ڕەها دانابوو.
باسکردنی دەسەڵاتی ڕەهای فەرمانڕەواکان و گرنگیدان بە تاکەکەس کە شوێن بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی خۆی دەکەوێت، بۆچوون و تیۆریای سروشتی بوون بۆ سەردەم و ڕۆژگارێک کە زۆرێک لە دامەزراوە تەقلیدییە ئابووری و ئایینیەکانی بەرەو پوکانەوە دەچوون و هاتنە ئارای دەوڵەتگەلێکی بەهێزیشی بەخۆیەوە دەدی کە خولیای سەرەکیان چەسپاندنی یاسا بوو. مەسەلەی بەهێزکردنی دەسەڵاتی یاساو داننان بە بەرژەوەندیە تایبەتیەکاندا بەو پێیەی سەرەکیترین ئەنگێزەی ژیانە، لەسەردەمی نوێدا برەوی زیاتری پەیدا کرد و زۆر تەشەنەی سەند، ئەمەش بەڵگەی مەزنی و لێهاتوویی "هۆبس"ە لە بواری فیکری سیاسیدا.