ساموێل هەنتنگتۆن و تیۆریی پێکدادانی شاستانیەتەکان
نووسینی:فەخری ساڵح
نوسەرو لیکۆڵیاری ئەکادیمیستی ئەمریکایی ساموێل هەنتنگتۆن (١٩٢٧ – ٢٠٠٨ ) یەکێکە لەو کەسایەتییە ڕۆشینبیریانەی کەتوانیویەتیی نوێنەرایەتیی سەردەمێک بکا یاخود ببێ بەچاپتەرێکی مێژووی گرنگ .
هانتنگتۆن پاش ئەوەی کتیبی پێکدادانی شارستانیەتیەکان وسەرلەنوێ دارشتنەوەی سیستەمی جیهانی ی دەرکرد ناوبانگی زۆریپەیدا کرد ، چونکە ئەم کتێبە هاوزمان بوو لەگەڵ روخانی یەکێتی سۆڤیەت و کوژانەوەی ئەستێرەی بەختی کۆمۆنیزم لەدنیادا . پاش ئەوەش کە ئەمریکا تووشی رووداوەکانی ١١ی سێپتەمبەری ساڵی ٢٠٠١ هات کەتێیدا هاردوو بورجەکەی سەنتەری بازرگانیی جیهان وێران کران و دەوروبەری سێ هەزار هاوڵاتیی ئەمریکیش بوونە قوربانی ی ئەوهێرشەی کە فرۆکە نەفەرهەڵگرەکان ئەنجامیان داو کردەوەکەش لەسەر رێخراوی قاعیدەی سەر بەئوسامە بن لادن ساغ بووە، هەنتنگتۆن ناوبانگێکی زۆرتری پەیدا کرد . بەپشتبەستن بەم پێشینەیەی رووداوی سیاسی کە بووە هۆی گۆڕینی رەورەوەی مێژووی و هەروەها مرۆڤایەتیی خستە سەر کێرڤێکی میژووی وا کەگۆرانی پەیوەندیی هێزی نێوان دەوڵەتان و گروپە سیاسەکانی جیهانی لێ کەوتەوە ، بایەخی نووسینەکانی هەنتنگتۆن دەردەکەون ، چ نووسینە بەراییەکانی وەک سیستەمی سیاسی کۆمەڵگا گۆراوەکان (١٩٦٨ ) ، تەنگژەی دیمۆکراسی (١٩٧٨ ) سیاسەتی ئەمریکا (١٩٨١ ) ، شەپۆلی سێیەم . بڵاوکردنەوەی دیموکراسی لەدوماهیی سەدەی بیستەمدا (١٩٩١ ) و چ نووسینەکانی پاشتری وەک" پێکدادانی شارستانیەتیەکان" (١٩٩٦ ) و " ئێمە کێین؟ مشتومڕە گەورەکەی" (٢٠٠٤) . لەسەرتاپای ئەم کتێبەدا هەنتنگتۆن خەمی ئایندەی سیاسی ئەمریکاو یەکگرتووی ناوخۆی و سروشتی پەیوەندی نیوان پێکهاتە ئیتنێکی و ئاینی و کەلتورییەکانێتی و بیر لەدەسەڵات و دەسترۆیشتوویی ئەمریکا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەکاتەوە و ئەوە لە کەللەی داوە کەچۆن ئەمریکا وەک زلهیزێکی جیهانی بمینیتەوە و بتوانێ رابەرایەتی سیستەمی جیهانی بکات .
هەنتنگتۆن دوای ئەوەی لە تەمەنی هەژدە ساڵیدا خوێندنی لە زانکۆی بێل تەواو کردو پاشان لە تەمەنی بیست و سێ ساڵیدا دکتۆرای لە زانکۆی هارڤارت وەدەست هێنا ، کەوتە دروست کردنی ستراکتۆرێکی تیۆری لە نوسینە ئەکادیمیەکانیداو دەستی کردبە بانگێشەکردن بۆ پێویستی پاراستنی هەژموونی ئەمریکا وەک زلهیزیکی روو لە هەڵکشان پاش جەنگی دووەمی جیهان
دەتوانین بڵێن هەنتنگتۆن ئەگەر چی لەکۆتای سەدەی بیستەمدا ناوی دەرکردوە بەڵام بەیەکێ لەو ئەکادیمیستیانا دەژمێریت ، کە لەسەردامی جیا جیادا ، چ کاتێک کۆماریخوازەکان جڵەوی دەسەڵاتیان بەدەستەوە بوو چ کاتێک دیموکراتەکان حکومڕانیان کردوە ، کاریگەری زۆری لەسەر سیاسەتی ئەمریکا هەبووە . هەنتنگتۆن پۆستی راوێژکارانەی گرنگی وەدەست هینا و لەسەردەمی سەرۆکی دیموکرات ، جیمی کارتەدا لەنیوەی دووەمی سەڵەکانی حەفتای سەدەی رابردودا ، لەکۆشکی سپی کاری کرد بەڵام ناوبانگی هەنتنگتۆن زیاتر بۆ کتێبی پێکدادانی شارستانێتێتییەکان و سەرلەنوێ دارشتنەوەی سیاسەتی ئەمریکا '' دەگەرێتەوە . ئەم کتێبە وەک تێزێکی ستراتیجی و ئیلهامبەخشێک بۆ دروستکەرانی بریار لە ئەمریکا بەتایبەتی و لەرۆژئاوا بەگشتی نووسراوە بۆئەوەی بتوانن دەستەواژەی پێکدادانی شارستانیەکان لەبری جەنگی سارد بەکار بهینین ، چونکە جەنگی سارد بە نەمانی یەکێتی سۆڤیەت نەما بوو. هەر کەسێک ئەم کتێبە بخوینیتەوە، بۆی دەردەردەکەوێ کە هەنتنگتۆن بایەخێکی زۆر بە ئیسلام دەداو وای دادەنێ کە لەوانەیە ئیسلام لە ساڵانی داهاتوودا لەبری کۆمۆنیزیم رۆڵی دوژمنی ئەمریکا وڕۆژئاوا ببینێت
ئەو وتارەی کەناو بانگی بۆ دروست کرد
بیرۆکەی سەرەکی ناو کتێبەکە پشت ئەستورە بەوتارەی کە هەنتنگتۆن لە گۆڤاری فۆرین ئەفێرز . ی ئەمریکیدا لەساڵی ١٩٩٣ دا بە نێونیشانی پێکدادانی شارستانێتییەکان بڵاوی کردبۆوە. ئەم وتارە مشتومڕێکی زۆری نایەوە و وەک ئیدیتۆرەکانی ئەم گۆڤارە دەڵێن لەساڵانی چلەکانەوە هیچ وتاریک لەو وتارانەی کەلەم گۆڤارە بڵاو کراونەتەوە ، بەقەد ئەم وتارە مشتومڕی نەناوەتەوە . لەراستیدا ئەم گۆڤارە بە کەڵکی ئەو کەسانا دێ کە حەز دەکەن لەریی وتارە بڵاوکراوەکانەوە بزانینن سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەنیازی چیەو ئەو بۆ چوونانە چین کەدروستکەری بڕیار لە ئەمریکا دەیەوێ بەپەخش کردنی ، بزانێ کاردانەوەی چۆن دەبن بۆ ئەوەی ئەگەر کاردانەوەکە کیشەی نەنایەوە ، دروستکەری بڕیار دەتوانێ پیادەیان بکات و دەست بە جێبەجێکردنیان بکات دیارە وتارە بە ناوبانگەکەی هەنتنگتۆن، بەبێ گوێدانە راست و دروستی و بەها زانستیەکەی ، یەکێ لەو وتارانە بوە کەشتیکی وا لەنێو دێرەکانی دەخوێندرێتەوە کەدروستکەری بڕیار لە ئەمریکا پاش نەمانی ئەوەی رۆژئاوا ناوی ناوە مەترسی کۆمۆنیزم و رەوینەوەی سەردەمی جەنگی سارد، بەنیازە رێوشوێنێکی تر بۆ بەڕێوەبردنی ململانی لە جیهان بگرێتە بەر . واتە بەوشەی رۆشنتر ، وتارەکەی هەنتنگتۆن کاتێک بەخۆرای جەختی کردۆتە سەر تێری پێکدادانی شارستانیەتەکان، لەهەوڵی ئەوەدا بووە کە دوژمنێکی تر بدۆزیتەوە کە ببێتەوە هۆی یەکپارچەکردنی ڕۆژئاوا، واتا ئەورەپا و شارستانیەتیە نا رۆژئاوایەکانی دیکە.
شارستانیەتیەکان و گەف لە ئاشتی
هەنتنگتۆن لەبەرایی کتێبەکەیدا کەتیدا پەرەی بەو وتارە داوە و پشتی بە بیرۆکە سەرەکیەکانی بەستووە ، ئاماژە بۆ ئەوە دەکا کە هیچ کتیبێکی ئەو بەقەد کتیبی پێکدادانی شارستانێتیەکان، لەدنیادا هەرای نەناوەتەوەو هیچیش بەقەد ئەم کتیبە نەبۆتەوە هۆی هاوسۆزی و توڕەبوون و ترس و سەرسامی. ئێمە دەزانین هەنتنگتۆن پێش ئەم وتارە ناسراوە نەبوو . ئەم وتارە ناو بانگێکی جیهانیی بۆ دروست کردو دەنگدانەوەیەکی زۆری لێ کەوتەوە بەهۆی زۆرهێرش کرایە سەر هەنتنگتۆن ، بەڵام هەنتنگتۆن لە کتیبەکەدا کەوتە پەرەپێدان و هەموارکردن و پیشخستنی بیرۆکەکانی ناو وتارەکەو زۆر بابەتی دیکەی خستە پاڵ چونکە بەشی ئەو بابەتانە لەوتارەکە بەسوکی ئاماژەیان بۆ کرابوو ، وتارەکەش هەموی چەندلاپەرەیەک بوو . لە کتیبەکەدا هەنتنگتۆن توێژینەوەی لەسەر چەندان بابەت دەکات وەک چەمکی شارستانێتی جیهانی ، پەیوەندیی نێوان دەسەڵات وکەلتور، گۆڕینی باڵانسی هێز لە نێوان شارستانێتێییەکاندا، پەلوپۆی کەلتوری ڕۆژئاوایی بۆ ناو کۆمەڵگا نا ڕۆژئاواییەکان ، کارلێکی نیوان کۆمەڵگا ناڕۆژئاواییەکان و کەلتوری ڕۆژئاوای ، ستراکتۆری سیاسی شارستانییتیەکان ، ئەوململانێ و کێشمەکێش وگۆڵمەزانەی کەشارستنێتی ڕۆژئاوایی دروستیان دەکات کاتێک خۆی وەک شارستانێتییەکی جیهانی پێشکەش دەکات ، ئیسلامی سیاسی ،دەرکەوتنی چین وەک هێزێکی جیهانی زەبەلاح و ئاکامەکانی ئەم دەرکەوتنە لەسەرهێنانە ئارای پێشبڕکێی خۆ چەکدارکردن لەنێوان چین و دراوسێکانی دا، پاشەڕۆژی ڕۆژئاواو جیهان کەلە چەند شارستانییتیەکی بنەرەتی گەورەگەورە پێک دێت . بەگوێرەی ئەم بنەما سەرەکییانەی کەهەنتنگۆن بۆکتێبەکەی دادەنێ دەڵێ؛ پێک دادانی شارستانییەکان گەورەترین هەرەشەیە بۆسەرئاشتیی جیهان و لەم نێوانەدا گەیشتن بەسیستمێکی جیهانی پشت بەستوو بەشارستانییتیەکان فاکتەرێکی زۆر کارایا بۆڕێگرتن لەهەڵایسانی جەنگێکی جیهانی'' بەم پێیە ،نوسەر وەها دانانێ کەکتێبەکەی لێکۆلینەوەیەکە دەربارەی سۆسیلۆژیا ، بەڵکو وەهای بۆ دەچێت کەڕۆشنکەرەوەی ئەو پرەسەندنە سیاسییەیە کەپاش بڕانەوەی جەنگی سارد هاتۆتە ئاراوا . لەهەمانکاتیشدا نووسەر لەهەوڵدایە بۆ پێشکەشکردنی مۆدێلێک ببێ بەمایەی رونکردنەوەی ئەو سیاسەتە جیهانییەی کەپاش جەنگی سارد پیادە کراوە ، بەجۆرێک کەئەم مۆدێلە مۆدێڵێکی سودبەخش بێ بۆ توێژەران و دروستکەرانی بریار لە جیهاندا دیارە ئامانجەکە بەشێوەیەکی بنچینەی ئامانجیکی سیاسیە . وتارەکەی هەنتنگتۆن و کتێبەکەشی دوو ئامرازن و مەبەست لییان دارشتنی سیاسی دەرەوەیە لەسەر بنەمای بەردەوامیی قوتبوونەوەی دوژمن لەبیری سیاسی ڕۆژئاواییدا . لەم بارودۆخەدا روسەکان دەوڵەتە ناسیۆنالیست و چەپەکانی دنیای سێ چیدی ناتوانن رۆلی هەرەشەکەر ببینین، بۆیە داهینانی دوژمنی تازە کەبریتیە لەشارستانیتییە ناڕۆژئاوایەکان ، دەبێتە شتیکی پیویست و لەو دۆخەدا شارستانیتیەکان بریتی دەبن لە شارستانیتییەکانی ئیسلام و کۆنفۆشیوسیزم ( چین) و ئەرتۆدۆکس ( ڕوسیا) و ئەم دوژمنە تازەیە دەبیتە ئەنتەرناتیڤی قۆناخی شەری ساردو ئەو بنەما بنەرەتیە لێک جیاکەرەوانە دابین دەکا ، کە پێویستی پێیەتی. لە پێکدادانی شارستانیتیەکان دا
هەنتنگتۆن باس لەوە دەکات کە مرۆڤ پاش بڕانەوەی جەنگی سارد سەر لەنوێ کەوتۆتەوە دۆزینەوەی ناسنامەی کەلتوریی خۆی . ناسنامەی کەلتوریش بۆ مرۆڤ لەهەر شتیکی تر بە بەهاترەو بە بایەخترە . لەبەر ئەوە ، لەو هەلومەرجەدا ئاڵاکان بەرز کرانەوە و خاچ و هیلال و سەرپۆشەکان بونە سمبولی ناسنامە کەلتوریەکۆنەکان . ئیدی لەسۆنگەی هەموو ئەمانەوە ، نووسەر ترس و نیگەرانی دایدەگرێ و سامی ئەوەی لێ دەنیشێ نەبا ریزبەندی و سەنگەر بەندییە تازە دەرکەوتووەکان ، بەپشت بەستن بەپێشینە شارستانییتیەکان ، ببن بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگ لەنێوان دوژمنە شارستانییە کۆنەکاندا ، بەتایبەتی کەئەو گرو پانەی بەشوێن ناسنامەی کەلتوری دا دەگەرێن و سەرلەنوی پەیوەندی لەگەڵ ئەر ئیتنیەکاندا پەیدادەکەن ، کەڕەچەکیان دەچێتەوە سەر ، پێویستیان بەوەهەیە دوژمنی وایان هەبێت کەجیاوازییەکان پشتراست بکاتەوە. لێرەوە تەوەری سەرەکی کتێبەکە ئەوەیە کە کەلتوری ناسنامەی کەلتورییەکان ،واتا شارستانییتیەکان بەمانایەکی فراوانتر ، لەقۆناخی پاش برانەوەی جەنگی سارد . شێوەی ململانێ و پێکدانان و لێکترازان پێکدێنن . هەنتنگتۆن لەدارشتنی تێۆریەکان پشت بەچەند ئەنجامگیرێک دەبەستێ کە ئەمانەن :
١- یەکەم جارە ، بەدرێژایی ماوەیەکی دوورو درێژ، جیهان ببی بەجیهانێکی فرە جەمسەرو فرە شارستانێتی و وەک هەندێ بیرمەندی سیاسی وا لیی تیگەشتون ، ئەوەی کە پێی دەگوترێت شارستانیتی سەرتاسەری جیهان بەرهەمی مۆدیرنێتە نییە.
٢-لەم قۆناغەی ئێستای مێژووی جیهاندا گۆران لەبالانسی هێزی شارستانییتیە جیاوازەکانی جیهان ڕوودەدا . لەم ڕووە هێزی ڕۆژئاوا ڕوو لەداشکانەو شارستانییتیەکانی ئاسیا فراوانتر دەبن و هێزی ئابوری و سوپایی وسیاسیان زێدەتر زێدەتر دەبێ لەهەمانکاتدا ئیسلام لەسەر ئاستی دیموگرافیە درێژبوونەوە بەخۆیەوە دەبینێت و لەئاکامی ئەم دریژبوونەوەیەدا باڵانسی هێز لەناوخۆی وڵاتە موسڵمانەکان و لەنێوان ئەم وڵاتانەو دراوسێکانیان دا دەشێوێ.
٣- پەیدابوونی سیستمێکی تازە لەجیهاندا لەسەربنەمای رەوت و جیاوازییە شارستانتیەکان بەچەشنێک کەتیایدا دەوڵەتەکان لەسەر ئەو بنەمایە هاوکاری یاکتری دەکەن کەرەچەڵەکیان دەچێتەوەسەر شارستانییتی، نەک بەپێچەوانەوە .
٤-بانگەشەی ڕۆئاوا کەگوایا نوێنەرایەتی شارستانییەتی سەرتپاگیری جیهان دەکات ، لەئایندەدا توشی ململانەی دەکات لەگەڵ شارستانییەتیەکانی تر ، بەتایبەتی دوو شارستانێتێکەی ئیسلامی و چینی.
٥- توانای ڕۆژئاوا بۆ مانەوە وەک هێزێکی سەرەکی لەجیهاندا دەوەستێتەسەر سەرلەنوێ جەختکردنەوەی ئەمریکییەکان لەسەر ناسنەمەی کەلتوریی ڕۆژئاواییانەی خۆیان و پیداگرتنی ڕۆژئاواییەکان لەسەر ئەم ناسنامە کەلتوریی وەک کەلتورێکی بەسروشت جیهانی وسەرتاپاگیرو یەک خەرەوە کەهانیان دەدات بەگژ خۆنواندنی شارستانییەتیەکانی تردا بچنەوە خۆلادان لەهەڵایسانی جەنگێکی جیهانی لەنێوان شارستانییەتیە جیاجیاکاندا دەوەستیتە سەر ڕێککەوتنی ڕابەرانی جیهان لەسەر پاراستنی ناسنامەی شاەستانییەجیاوازەکان لە جیهاندا
سێ بلۆکی سیاسی
هەنتنگتۆن پێی وایە حەوت یان هەشت شارستانییەتی جێی ئەوجیهانە کۆنە دەگرنەوە کەجاران لەسێ بلۆکی سیاسی پێک هاتبوو، واتە ڕۆژئاواو بلۆکی سۆسییالیست و دەوڵەتانی بێلایەن . لەجیهانی تازەدا ململانێی مەترسیدار لەنێوان گروپە شارستانییەکان پەیدا دەبێ و دەشێ ململانێ خوێناوییەکانی بۆسنیا وقەوقازو ناوەراستی ئاسیاو کشمیر جەنگی گەورەیان لێ بکەوێتەوە ، چونکە گەلە بەشەڕهاتووەکان هەریەکەیان ڕەگ و ڕیشەو ڕەچەڵەکی شارستانیی جیاوازی خۆیان هەیە . هەنتنگتۆن ئەوسەرنگەر بەندییەی کە لە جەنگی بۆسنییە رویدا ، بەنموونە دەهێنێتەوە . لەوجەنگەدا ڕوسیا لەروی سوپای وسیاسیەوە پشتی سربەکانی گرت و هەر یەک لەسعودیە و تورکیاو ئێران و لیبیا لەسۆنگەی فاکتەری وشارستانییەوە پشتوانییان لەبۆسنییەکان کرد .
بۆچوونە ئایدۆلۆژەکەی هەنتگتۆن لەوەدا دەردەکەوێ ، کەجەخت دەکاتە سەر سێ شارتتانێتی گەورە ، کە دەشێ دووبەرەکی بکەوێتە نێوان حەوت یان هەشت شارستانێتیەکەدا ( واتا شارستانیتی چینی یان کۆنفۆشیۆسی،ژاپۆنی هێندی، ئیسلامی ، ڕۆژئاوای، روسی ئەرتۆدۆکس ، ئەمریکای لاتینی و ئەفریقی ) سێ شارستانیتی بنچینەی هەیە کە بریتینین لە شارستانیتیەکانی ڕۆژئاوا و ئسلام و ئەرتۆدۆکس ( واتا ئەو شارستانێتەی کەروسیا و دەوڵەتە لایەنگرەکانی نوێنەرایەتی دەکان ) ناوبراو لەو بروایەدایە کە ئەو لەمپەڕە سەرەکیە کە جاران لەزەمانی شەڕی ساردا رۆژهەڵات و رۆژئاوای لێک جیاکردۆتەوە ، چەند سەد میلێک بەرەو رۆژهەڵات لەناوەرەستی ئەوروپا دورکەوتۆتەوەو بۆتە هۆی جیاکردنەوەی ڕۆژئاوای مەسیحی لەگەڵانی موسوڵمان و ئەرتۆدۆکس . سەرەڕای گۆرانی بلۆکە شارستانییە رکابەرەکان، رۆژئاوا بۆ چەندین ساڵی تر وەک بەهێزترین شارستانیتی چیهان دەمێنێتەوەو لەکاتیکدا کەڕۆژئاوا لە هەوڵ و کۆشیشدایە بۆ پێداگرتن لەسەر بەهاکانی و پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ، کۆمەڵگا تا ڕۆژئاوایەکان هەر ئەو رێگەیەیان لەبەردەم دایە کەیان دەبێ لاسای ڕۆژئاوابکەنەوە ،یان دەبێت رووبەرووی ببنەوە . بەپیی ئەم قسەیە، پێناچێ هانتنگتۆن بانگەشە بۆ لێک تێگەیشتنی شارستانێتێکان بکاو لەوبڕوایەدایەو کەلەمپەری سەخت شارستانێتیەکان لێک جیادەکەنەوەو بونی ئەم لەم پەرە شتێکە بەدرێژایی مێژوو هەبووە.
لێرەوە هەنتنگتۆن دژی ئەم تیۆرییە دەوەستێتەوە ، کەدەڵێت برانەوەی جەنگی سارد بەمانای کۆتایی هاتنی ململانی سیاسیە جیهانیەکان و پەیدابوونی دنیای پێکەوەسازان وهاوئاوازیی ڕێژەی دێ و لەم هەڵوێستەدا دژی تێۆرییەکەی کۆتایی مێژووی فرانسیس فۆکۆیاما دەوەستێتەوە کە پییوایە، دیموکراسیی لیبرالیی ڕۆژئاوایی بڵاو دەبێتەوەو دەبێتە مۆدێلی یەکجارەکیی دەوڵەت لەمێژووداو بەهۆی ئەمەوەململانەی سیاسی لەجیهاندا نامێنێ وجیهان لەسایەی شارستانێێتێ ڕۆژئاوا دەبێتە جیهانێکی هاوئاهەنگی یەکگرتوو . هەنتگتۆن بەلایەوە وایە ئەو ڕێوشوێنەی کەجەنگی ساردی پێ دوایی هاتووە، غەمی هاوریتمی و هاوئاهەنگی ی هێناوەتە ئاراوەو جیهانی ساڵانی نەوەتەکانی سەدەی ڕابردووجیاوازبوو، بەڵام ئاشتیی راستەقینەی بەخۆیەوە نەبێنی . ئیتر لەگەڵ هەڵکشانی ئەو ململانێیانەی کەریشەیان دەچێتەوە سەر هۆکاری نەژادی و سەرهەڵدانی پرۆسەی پاکتاو کردنی رەگەزی و یەککەوتنی یاساو ڕوخانی سیستەم و پەیدا بوونی شێوەی تری هاوپەیمانێتی و گەرانەوەی بیروباوەری کۆمۆنیزم و سەردەرهێنانی بزاڤی فاشستیی تازەو هەڵکشانی فەندەمیتالیزمی ئاینیدا ئەم بزرکاندنە ڕەویەو هیچ ئاسەواریکی نەما . ئەم لێکۆلیارە ئەمریکیە جیهان نە بەسەر رۆژهەڵات و رۆژئاوادا دابەش دەکات ، نە بەسەر باکورو باشوردا و هەمو ئەمانە بەئەفسانەی رۆژئاوای دادەنێ . کاتێک ئەم دابەشکردنەش رەت دەکاتەوە ، پشت بەبۆچونەکانی ئێدوارد سەعید دەبەستێ کە لە کتیبەکەیدا بەنێونیشانی '' رۆژهەڵات '' بانگێشەی بۆ کردوون . هەنتنگتۆن زیاتر حەزی لەوەیە کە باسی چەمکی '' رۆژئاواو ئەوانی تر '' بکاو لێرەدا دەچیتەوە سەر نۆرینەکەی خۆی کە جیهان بەسەر رۆژئاواو نارۆژئاوادا دابەشدەکات . لەهەمبەردا ، نۆرینێکی تر بۆ جیهان لەقۆناغی پاش جەنگی سارد هەیەو وەهای دەبینێ کەڵاوازی دەوڵەت و شکستی لەکۆنترۆڵکردنی لێشاوی سەرمایەو پوکانەوەی بیڕۆکەی سنورە نێودەوڵەتیە تەقلیدیەکان بونەتە هۆی پەیدابونی مۆدێلی دەولەتە لاوازە بێدەرتانەکە'' ؛کەمۆدێلێکە داخورانی دەسەڵاتی حەکمەت پەرەپێ دەداو دەبیتە هۆی نەشونماکردنی کێشمەکێش ودووبەرەکیە خێلەکی و رەگەزی و دینیەکان ، هەروەها دەبیتە هۆی پەیدابوونی مافییای جیهانیی تاوان و پەرەساندنی ژمارەی کۆچبەرەکان ، کەسەرجەمیان لەدەیان ملیۆن کەس ڕەت دەبێ وبڵاوو بونەوەی چەکی ناوکی وچەکی کۆکوژ وبڵابوونەوەی تیرۆر زۆربونی ژمارەی جینۆساید قرتێخستن وئۆپراسێۆنەکانی پاکتاوی رەگەزی .
هەنتگتۆن وەهای بۆ دەچێت کەئەم دیمەنە قیزەون و تەڵخەی جیهان کەلەپاشەگەردانی سەرتاپاگیر سیخناخ بووە،بەری بۆچوونی دوونوسەر و تیۆریسینی گرنگی ئەم سەردەمەیە کەبریتین لەزیبگنیۆ برینجیسکی و پاتریک مۆینهیان . نووسەر واتێگەشتوە کەمۆدیلی جیهانی ڕۆچوو لەپاشاگەردانی و ئاژاوەو بێ سەروبەری تا ئەندازەیەکی زۆر مۆدیلێکی ڕیالییستیە چونکە وێنایەکی ڕاستەقینەی بەسەرهات و روداوەکانی ئەم جیهانە پێشکەش دەکات
نەخشەی ململانەی جیهانییەکان
هەنتگتۆن بەوچەشنەی بۆدەچێت کەمۆدێلیی پێکدادانی شارستانیەتیەکان لەنەخشەیەکی سانا بۆ تێگەیشتنی بەسەرهاتەکانی جیهانی سەدەی بیستەم دەست دەخات . دواجار ، ڕۆژیک ئەو گۆرانکاریانەی کەپاش جەنگی سارد هاتونەتەئاراوە ،دەتوانریت لەناوەخنی مۆدێلی پێکدادانی شارستانییتیەکاندا ببینرێت . لەم باری سەرنجەوە ، نووسەر روونی دەکاتەوە کەئایین بەردی بناخەی دیاری کردنی شارستانییتیە جیاوازەزەکان . چونکە خەڵکی دەشێ لە رەچەڵەکی ئیتنیکی و زمانەوانیدا هاوبەش بن ، بەڵام رەچەڵەکی ئاینیان وایان لێدەکات سەر بەشارستانێتیی جیا جیا بن بەم پێیە ، هەنتنگتۆن جیهان بەسەر دوو ئاینی سەرەکیدا دابەش دەکا کە مەسیحیەت و ئیسلامە ، کە هەر یەکیکیان چەندان نەژادو ڕگەزی جیاوازی لەخۆ گرتوە لەم سوربوونەدا ئێمە هەست بەوە دەکەین کە نووسەر لەهەوڵێکی بێ وچاندایە بۆ دروستکردنی دووبەرەکی لە نێوان جیهانی رۆژئاوا مەسیحی و ئسلام و ، بۆ رێخۆشکردن بۆ باسکردنی ئەوەی کە دوژمنی سەرسەختی رۆژئاوا . ئیسلامە بەم جۆرە دەردەکەوێ ئارەزوی گەران بەدوای دوژمنێکدا لەیەکەم لاپەرەی کتێبەکەوە تا دوایی لاپەرەی زاڵە بەسەر بۆچوونەکاندا . ئەمە بۆتە هۆی لاوازکردنی شیکردنەوەکە و هەروەها بۆتە هۆی شێواندنی بابەتەکە لەرەوتی پراتیزەکردندا. بەلای هەنتنگتۆنەوە . پەیوەندی جارانی نێوان شارستانییەتیەکان رووبەرو بونەوە بووە پانتاییە پان و بەرینەکانیش کەجاران بلۆکە شارستانییکانییان لێک دادەبرێ، پانتاییەکی بنەرەتی بوون و نەیان هیشتووە کارلیک لەنێوان ئەو شارستانیتیەدا روو بدات . بەڵام دوای ئەوەی کە شارستانیتیەکەی، رۆژئاوا پەیدا بوو و لەماوەی چوار سەدەی رابوردوودا پەلوپۆی بەمڵا و بەولادا هاویشت ، ژمارەیەک شارستانێتی خستە ژێر رکێفی خۆیەوە . ئەوەی کەبووە هۆی ساناکردنی پڕۆسەی بڵاوبوونەوەی شارستانیەتی ڕۆژئاوا لەجیهاندا ، پیشکەوتنی دامودەزگاکان و پتەوی سیستەم و ڕاهێنانی باشی سوپاکان و پێشکەوتنی چەک و خزمەتگوزارییە نۆژداریەکان و ئاسانی ئۆپەراسیونی گواستنەوەو هاتوچۆو دەستەبەر کردنی هێڵی ئازوخەی لەشکرەکان و تاکەکان بوو. تەواوی ئەمانە بەرهەمی شۆرشە پێشکەوتووەکەی پیسەسازی بوون کە بووە هۆی سەرکەوتنی رۆژئاوا بەسەر نەیارو خەنیمەکانیدا . رۆژئاوا ، بە پێچەوانەی ئەوەی کەزۆرێک لەتاکەکان وسەرکردە سیاسیەکانی ڕۆژئاوا تێی گەشتون، بەهۆی بەرزیی بەهاو بۆچوون و ئاینەکەیەوە سەر نەکەوت، بەڵکو بەهۆی ئەوەوە سەرکەوت ، کەزەبروزەنگی بەشێوەیەکی سیستەماتیک لەدژی سارستانیەتیەکانی تر بەکارهیناوە . بەڵام توانای ڕۆژئاوا بۆ داگیرکردنی رووبەرێکی فراوان و برینی جیهان ، بوو بەهۆی گۆڕینی سروشتی پەیوەندی نێوان شارستانیەتیەکان لەرووبەرووبوونەوە بۆ کارتێکردن . لەم سنورەدا هەنتنگتۆن تێروانی خۆی بۆ کارلێکی نێوان شارستانیەتیەکان بەگوێرەی جەند ڕاستیەکی پراکتیکی هەڵدەسەنگێنێ ، ئەویش بەم چەشنەی خوارەوە ''
١ پەلوپۆهاویشتن و درێژبوونەوەی ڕۆژئاوا ئەمرۆ کۆتای هاتوەو قۆناخی رووبەڕووبوونەوەی ڕۆژئاوا دوستی پێکردوە، بەتایبەتی پاش لاواز بوونی ڕێژەی شارستانیتیی رۆژئاوا بە بەراورد لەگەڵ شارستانیەتیەکانی تردا لێرەوە نەخشەی جیهان لەساڵی ١٩٢٠. ئەگەر چی رۆژئاوا هێشتا کاریگەری و ئاسەواری لەسەر کۆمەڵگاکانی تر هەیە ، بەڵام ناتوانێ وەکو جاران مێژووی مرۆڤایەتی بەئارەزوی خۆی دروست بکا ، بگرە بەپێچەوانە ، کۆمەڵگا نارۆژئاوایەکان ئەمرۆ مێژوو دەبزوێنن و کاریگەری لەسەر مێژووی خودی ڕۆژئاوا بەجی دەهيڵن
٢- بەپێێ رەوتی پەرەسەندنی پێشوو، سیستەمی جیهانی سنوری ڕۆژئاوا ی تێپەراندو وای لیهات کە ببێت بەو سیستەمەی کەسەر بەچەند شارستانیەتەکی جیاوازە . لەهەمان کاتیشدا ململانیکانی نێوان خودی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا رووی لەوە کرد کە '' حکومەتی خۆی '' پێک بێنی . ئەوسا لەکۆتای سەدەی بیستەمدا هێشتا ئەو حکەمەتە نەهاتبووە دی ئەگەرچی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا دەمیک بوو خەویان پیوە دەبینی
٣ جوگرافیا ی سیاسی جیهان لەقۆناخی یەک جیهانی ساڵی ١٩٢٠وە رووی کردە قۆناخی جیهانی سێ جەمسەری لەساڵانی شەستەکاندا و پاشانیش گەیشتە ئەو ئاستەی کەجیهان شەش هێز یان زێدەتری لەساڵانی نەوەندەکانی سەدەی بیستەمدا بەخۆوە بینی . هەنتنگتۆن لەبۆچونەکەیدا سەبارەت بەپێکدادانی شارستانیەتیەکان بەپیشتنە ئەستورە بەنۆژەنبوونەوەی ناسنامە کرلتورییەکانی گەلان و نەسازانی ئەم ناسنامە لەگەڵ فاکتەری رۆژئاواگەریدا لەکۆمەڵگا رۆژئاوایەکاندا .لەم روەوە مستەفا کەمال ئەتاتورک لەسەرەتای سەدەی بیستەمداو پاش بەزینی تورکیا لەجەنگی یەکەمی جیهاندا کەوتە گۆڕینی ناسنامەی تورکایەتی بەشێوەیەکی بنەرەتی بەهۆی رۆژئاواگەرییەوە بەمەبەستی گەشتین بەمۆدێرتیزەکردنی رۆژئاوا ، بەڵام وازنەهینانی تورکەکان لەناسنامەکەیان ، ئەمرۆ کێشەی ناوەتەوە و دەبێتەهۆی روودانی پێکدادانێکی سەخت و دژوار لەنێوان پارێزەرانی رۆژ ئاواگەری و لایەنگرانی ناسنامەی تورکی . ئەگەر چی هەنتنگتۆن باوەری وایە کەپەیوەندییەک لەنێوان مۆدێرنێتەو رۆژئاواگەریدا هەیە ، بەڵام لەو بڕوایەشدایە کەناچارکردنی کۆمەڵگاکان بۆ بەرۆژئاوای کردنی ناسنامەکانیان لەوانەیە کاردانەوەی سەختی لەدژی بەرۆژئاوای کردن لێ بکەوێتەوە و بشبێتە هۆی سەرلەنوێ بانگەشەکردن بۆ زیندوکردنەوەی ناسنامە کەلتورییە رەسەنەکانی ئەو گەلانەی کەناسنامەکەیان مۆرکیکی رۆژئاوای وەرگرتوە ، یاخود بەشێوەیەک لەشێوەکان بوونەتە پاشکۆی رۆژاوا بەڵام هەنتنگتۆن کاتێک دەچێتە سەر باسکردنی کاردانەوە لەدژی بەرۆژئاوای کردن. بەسێ هۆی راستەقینەی دژایەتیکردنی پرۆسە مۆدێرنێتە لەکۆمەڵگا تارۆژئاوایەکان ناکات و لەم رەوتەدا ئاماژە بۆ سروشتی دەستدرێژکەرانەی رۆژئاوا ناکات و ناچێتەسەر گیرانەوەی یادەوەریەکانی جاران و ئێستای ئیمپریالیزم ، کەوایان کردووە گەلانی داگیرکراوو گەلانی داگیرکراوو گەلانی ژیر هەزمونی رۆژئاوا بەگژ رۆژئاوادا بچنەوەو رقیان لێ بێ.
ئەم بابەتە لە ژمارە (٣ ) کەلتور لە نیسانی ٢٠١١ بڵابووتەوە