ئامادەکردن و وەرگێڕانی: ئەردەڵان عەبدوڵڵا

دەربارەی ئەم کتێبه
ئەم کتێبەی بەردەستتان بریتییە لە گەشتێکی فکریی بەناو باخی فەلسەفەدا، هەوڵی زۆرمداوە لەناو باخەکەدا تەنها گوڵەکان هەڵبژێرم و خۆم لە دڕک و دەوەنەکە بەدوور بگرم. کام گوڵی بۆنخۆشە بیهێنمه بەردەستتان و ئێوەش هێواش هێواش بۆنی بكەن.
لەم گەشتەماندا دەمەتەقێیەک لەگەڵ فەیلەسوفانی جیهان دەکەین، لێیان نزیک دەبینەوەو گوێیان بۆ ڕادەگرین بزانین ئەوان چۆن وەڵامی پرسیارەکانی: بوون، مەرگ ،ژیان، کات، شوێن، شەڕەنگێزی، ئاشتیخوازی، چارەنووس، ژیاندۆستی، مەرگدۆستی، کۆمەڵگه، تاوانکاری، دەدەنەوه.
 دواتریش چۆن وەڵام یان چارەسەریان چییە بۆ کێشە گەورەکانی کە ڕووبەڕوی مرۆڤایەتی دەبنەوە بەتایبەتی لەئێستاماندا لەوانەش:
پیسبوونی ژینگە، گەرمبوونی زەوی، نایەکەسانی، پرسی پێشکەوتنی زانست و کۆنترۆڵکردنی مرۆڤایەتی، تیرۆر، جەنگ و ئاشتی.
ئەم كتیبە باسی کارو بەرهەمی سی و پێنچ فەیلەسوفى جیهان دەكات لەخۆرهەڵاتەوە بۆ خۆرئاوا، سەرەتا لەخۆرهەڵاتەوه دەستمپێکردووه، باسی ژیان و کار و فکری فەیلەسوفانی ئیسلامی ((ئیبن روشد سوهرەوەردی))م کردووە کاریگەریی ئەم کەڵه فەیلەسوفانەم بەسەر فکری جیهانەوە بەگشیی و ئەوروپا بەتایبەتی باسكردووه. پاشان چوومەتە هیندوستان و باسی سێ عاریف و بیرمەندی گەورەی ئەم وڵاتەم کردووە کەئەوانیش : تاغور، ئۆشۆ، کریشنا مۆرتی.  پاشانیش هاتومەتە ئێران هەوڵمداوە تیشکێک بخەمە سەر هزرو فکری بیرمەندی ئیرانی داریوش شایگان.

دواتر پەڕیومەتەوە بۆ كیشوەرە پیرەکه، سەرەتا لە یۆنانی كۆنەوە دەستمپێکردووە و بە سوکراتى باوكى فەلسەفەی کلاسیکی
ئەوروپا دەستمپێکردووه، دوای ئەویش خوێندکارەکانی کەئەوانیش ((ئەفلاتۆن ئەرستۆ)). پاشان باسی مارتین لۆتەر و شۆڕشە فکریی و ئاینییە گەورەکەی لەسەدەکانی ناڤیندا. دوای ئەو باسى ((دیكارت))م كردووە كەوەکو زۆر كەس دەڵێن، بە باوكى فەلسەفەی مۆدێرنی ئەوروپا دادەنرێت ئینجا سپینۆزا و فەیلەسوفانی رۆشنگەریی ڤۆلتێر و رۆسۆ و دیدرۆ، كانت و دەیڤید هیوم و هیگل و نیتچە. پاشانیش مارکس و کاریگەریی گەورەی بەسەر فکری چەپ و ڕاستدا. پاشان باسی هۆسڕل دەکەم و کاریگەرییەکانی بەسەر فکر و فەلسەفەی خۆرئاوایی دەردەخەم بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بەفینومینۆلۆژییەوه
هەیه. دواتر دێمە سەدەی بیستەم باسی هایدگەر دەکەم کە تارمایی بەسەر تەواوی فەیلەسوفانی سەدەکەوە هەیە بەتایبەتی فەیلەسوفانی قوتابخانەی فرانکفۆرت و فەیلەسوفانی فەرەنسا. دواتریش باسی گرامشی و ئەلبێرت كامۆ و ئەرنست ماندڵ و میشێل لیوڤە و شتراوس و هانا ئارێنتم كردووە. لەكۆتایشدا بازمداوە بۆ ئەمریکا و دیدوبۆچوونی ناسراوترین فەیلەسوفی ئەمریکام باسكردووه کەئەویش فرانسیس فۆکۆیامایە. بۆچوونە سیاسی و فکرییەکانیم باسكردووه.
کتیبەکەشم بەگەنجترین فەیلەسوف کۆتایی پێهیناوە کە ئەویش فەیلەسوفی ئیسرائیلى یوڤال نوح هەرارییە بۆچوونەکانی لەبارەی مێژووی مرۆڤایەتیی و شۆڕشی کشتوکاڵیی و پیشەسازیی و تەكنولۆجی. هەروەها کێشەکانی مرۆڤایەتی لەئێستادا چین و دەبێت چیبکەین.



فکر و فەلسەفەی ئەفلاتون
د. محەمەد تۆفیق زەکەریا

ئەفلاتون ((یان وەکو بەزمانی لاتینیی پێی دەڵین پلاتۆن)) لەساڵی ٤٢٧ پ.ز لەدایک بووەو لەساڵی ٣٤٧ پ.ز کۆچی دواییکردووه. ئەفلاتون یەکێکە لە باشترین خوێندکارەکانی سوکرات، هەروەها مەزنترین بیرمەنده لەمێژوودا، جگە لەوەش ئەو یەکەمین زانكۆ ((ئەکادیمیا))ی دامەزراند، کەتێیدا خوێندکارەکان دانیشتن و کۆبوونەوەکانی سوکراتیان وەکو وانەی زانستی دەخوێند.
ئەفلاتون لەئەسینا لە بنەماڵەیەکی ئەرستۆکراتی لەدایک بووە ناوی ڕاستەقینەی خۆى ((ئەرستۆ کلیس)) پاشتر ناویان لێناوە ((پلاتۆن ، ئەفلاتون»، چونکە لەڕووی جەستەییەوە کەسێکی چوارشانەو بەهێز بووه، ئەو سەرباز و زۆرانبازێکی بەهێز بووە و لەتەمەنی لاوێتیدا چەندین خەڵاتی وەرزشی بردۆتەوه.
دیارە زۆر زەحمەتە جیاوازى لەنێوان فەلسەفەی سوکرات و ئەفلاتوندا بکەیت، بەڵام دەتوانین بڵێین کە فەلسەفەی ئەفلاتون زیاتر میتافیزیکی و سۆفییگەری بووە تاوەکو فەلسەفەى سوكرات.
كۆمارەکەی ئەفلاتون
لەكتێبى كۆماردا، ئەفلاتون ئەفسانەی ((هاوڕێیانی ئەشکەوتی)) بەکارهێنا، کە ئەویش بریتییە: باسى كۆمەڵێک زیندانی دەکات که هەر بەمنداڵی بە زنجیر دەبەسترێنەوەو لەبەردەم دیوارێكدا لەناو ئەشكەوتێكدا زیندانی دەکرێن، ئەوانیش لە رەوشێکی زۆر خراپدان، هیچ ئاگایان لە دۆست و خزم و بنەماڵەكانیان نییەو نازانن چی له دەرەوەی ئەشکەوتەکە دەگوزەرێت.
لە پشتیشیانەوە ئاگرێک کراوەتەوە کە لەسەر شوێنیکی بەرزەوه دەگەشێتەوه، لەنێوان ئاگرەکەو زیندانییەكانیش ڕێگەیەکی بەرز هەیه کەدیوارێكی بچكۆلانەی لەسەر بنیاتنراوه. لەسەر تەواوی دیوارەکەش کۆمەڵیک پیاو وەستاون هەندێک شتیان هەڵگرتووە کە لە بەرد و دارو شتی تر دروستکراوە. ئەوكاتە زیندانییەكان تەنها ئەو تارماییانەیان دەبینی کە ئاگرەکە لەسەر دیوارەکەی بەرامبەریان دروستیکردبوو.
ئەگەر زیندانییەکانمان ئازاد بکردایە بۆئەوەی ئەشکەوتەکه بەجێبهێڵن، ئەوا رووبەروی تیشکە بەهێزەکانی ڕووناکی دەرەوه دەبوون و بەمشێوەیەش نەیاندەتوانی تەنانەت تارمایی ئەو شتانەش ببینن کە پێشتر لەناو ئەشکەوتەکەدا دەیانبینیی و لەسەری راهاتبوون.
پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئایا بەمشێوەیە باشە یان زیندانییەکان هەر لەناو ئەشكەوتەکەدا بمێننەوه؟!
ئەگەر فشارمان بخستایەتە سەر زیندانییەکان کە دەبێت بێنه پێشەوەو لەبەر ڕۆشناییی رووناکی ئاگرەکە سەیرى شتەكان بكەن، ئەوا بەدڵنیاییەوە چاوەکانیان ئازاریان دەكێشا و رایاندەکرد و دووباره دەگەڕانەوە سەیری سێبەری تارمایی شتەکانیان دەکرد، چونکه بەمشێوەیە ئاسانتر و باشتریش شتەکانیان هەست پێدەکرد تاوەکو لەبەر ڕۆشنایی رووناکی ئاگرە بەهیزەکە. جێگەی ئاماژەیە ئێستا زانستی نوێ، راستیی و دروستیی ئەم تێزەی ئەفلاتونی سەلماندووه.
ئەگەریش بە زۆر بیانبەینە دەرەوەی ئەشكەوتەوە و بیانخەینە بەردەم خۆرەتاوەکەوە. ئەوا زیاتر ئازار دەکێشن و هەوڵیش دەدەن ڕابکەن، چونکە ناتوانن هەروا بەئاسانى خۆیان لەسەر ئەم ڕەوشە نوێیه بگونجێنن.  
 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved