ناوی ئەم کتێبەیە کە لە نوسینی (ئەمیر حسێن رەحیم)ە، یەکێکە لە بڵاوکراوەکانی (ئەکادیمیای هۆشیاری و پێگەیاندنی کادیران) کە لە ساڵی ٢٠١١ چاپ کراوە. ناوەڕۆکی ئەم کتێبە باس لە فەلسەفەی سیاسی ئەکات سەبارەت بە ژیانی مرۆڤ و گرنگی مرۆڤ سەبارەت بە ئازادی ژیانکردنیان و دروستکردنی خێزان و پەیوەندیەکی نزیک لە نێوان مرۆڤەکاندا، لە کۆتای باسەکەیدا باسی دەسەڵاتە بۆ گەلەکەی کە پێویستە حکومەت بە پێی بەرژەوەندی گەلەکەی بڕیار لەسەر ئەرکەکانی بدات، بە پێی ئەو دەستورو رێساو یاسایەی کە بۆی دانراوە.
مەزنی گریکییەکان بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە، کە پەرستگای پارسێنتۆن یان هونەرو ئەدەبی تراژیدی و رەوانبێژی دیمۆستینیان بەرهەم هێناوە، بەڵکو بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە سیاسەتیان داهێناوە. (C.Mosse).
فەلسەفەی سیاسی، کە ئەرکی رێکخستن و تیۆریزەکردنی هەموو ئەو هزرۆکانەیە، کە لە نێو سەرجەم مرۆڤەکاندا بڵاوە لەمەڕ سروشتی پێکەوە ژیان و هەموو ئەو ئاستەنگ و قەیرانانەی روو بە رووی مرۆڤ دەبنەوە، بە تایبەت لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکاندا.
بەشی یەکەم: مرۆڤ و هاوڵاتی ئازاد
باسی یەکەم: مرۆڤ
مرۆڤ لە جیهانبینی مەبەستداریی ئەریستۆتێلیس، وێنایەکی سروشتی لەخۆدەگرێت. مرۆڤ بوونەوەرێکی مەبەستدارەو لە رەفتاریدا لە پێناو گەیشتن بە مەبەستێکی دیاریکراو تێدەکۆشێت، کە ئەویش ژیانێکی بەختەوەر و ئاسوودەیە لە نێوجیهاندا. بۆ ئەوەی سروشتی بەختەوەریی لە چێژ جیابکەینەوە، پێویستە ئاوڕێک لە دەروون بدەینەوە و هێزەکانی دیاریبکەین. ئەم هێزانە بەشێکیان لە نێوان سەرجەم بوونەوەراندا هاوبەشن وەکو توانستی خۆراکگری و گەشەکردن، کە مرۆڤ و ئاژەڵ و رووەک تێیدا هاوبەشن، یان توانستی هەستکردن، کە مرۆڤ لەگەڵ ئاژەڵدا تێیدا هاوبەشە، هێزی تایبەتمەندی دەروونی مرۆڤ کە وەکو خەسڵەتێکی جیاکەرەوە تەنها پێی دەناسرێت توانستی پەیڤینە. کەواتە بۆ ئەوەی مرۆڤ بەختەوەریی بەرجەستە بکات و پێداویستییە ژیارییەکانی دابین بکات، مەرجە لە نێو شارو کۆمەڵگەی مەرۆییدا بژیت. ئەگەر نا سروشتە تایبەتییەکەی بزر دەکات و ناتوانێت برەو بە خەسڵەت و هۆکارە مەترسیدارەکەی بدات، کە لە پێناویدا سروشتی مرۆیی هەڵگرتووە، یان سروشتی مرۆیی پێبڕاوە.
باسی دووەم: هاوڵاتی ئازاد
ئەریستۆتێلیس پێیوایە مرۆڤ چالاکی ئازادانەی لە پێناو بەختەوەرییدا دەخاتە گەڕو هەر ئەمەش پاڵنەری راستەقینەی رووداوەکانە لە نێو جیهاندا، هەر بۆیە بنیاتنانی ئازادیی مرۆڤ لە ژیانیدا شتێک نییە بەدەربێت لە توانستی سروشتی خۆی، واتا مرۆڤ خۆی بەرپرسە لە جۆری ئەو کەسایەتییەی کە لە دواجاردا بەرهەمی دەهێنێت.. ئەریستۆتێلیس پێیوایە مرۆڤ پێویستە بەردەوام پرۆژە بۆ ژیانی دابڕێژێت و مرۆڤی بێ پڕۆژە پەراوێز دەخرێت..ئەریستۆتێلیس لە دیدگای ئەمپیرییەوە سەرەتا ئاڕاستەیەک رووەو راڤەکردن و تێکشکاندنی چەند حەتمییەتێکی داسەپاو دەکات و بۆئەو مەبەستەش دەیانخاتە ژێر رەخنەوە،لەوانە( شکاندنی حەتمیەتی سروشتی، شکاندنی حەتمیەتی لاهوتی، شکاندنی حەتمیەتی ئاوەزمەندی سۆکراتی) کە لە لاپەڕە ٣٦ ئەم کتێبەدا بە وردی باسی لێوە کراوە. کۆمەڵگەو دەوڵەت بۆ ئەوە خوڵقاون پێداویستی ژیان و گەشەکردنی تاکەکان دابین بکەن، تا بگەن بە فەزیلەتی تەواو. هەر بۆیە دەڵێت "زۆر گرانە لە شوێنێکدا مرۆڤ پەروەدە بکرێت لەسەر فەزیلەت، تەنیا لە سایەی یاسادا نەبێت".
بەشی دووەم : خێزان و دەوڵەتشار
باسی یەکەم: خێزان
پاڵنەری پێکەوە ژیان و پێکهێنانی خێزان خۆشەویستییەو ئەمەش دژ نییە لەگەڵ سروشتە کۆمەڵایەتییەکەی مرۆڤ، بەڵام خواستی پێکەوە ژیان بە تەنیا لە سنوری پراکتیزە کردنی ئەم خۆشەویستییەدا ناوەستێت، بۆ ئەوەی وەچە بخەنەوە، ئارەزووە جەستەییەکانیان دابمرکێننەوە، چونکە سەرجەم بوونەوەرەکان لە ئارەزووی خستنەوەی وەچە و تێرکردنی ئارەزووە جەستەییەکانیاندا لەگەڵ مرۆڤدا هاوبەشن، بەڵام مرۆڤ لە پاڵ ئەو خواستانەدا مەبەستی باڵاتری هەیە، کە ئەویش دابینکردنی سەرجەم پێداویستییەکانیەتی لە هەموو رووەکانی خۆبەسی.. بەلای ئەریستۆتێریسەوە بە دەستبەرداربوونی مرۆڤ بۆ مافی پیکهێنانی خێزان و موڵکداری تایبەتی، ناتوانێت بگات بە ئامانجی سەرەکی لە رووی مۆڕاڵییەوە، کە یەکێکیان رێکخستنی ئارازووە (جنسییەکانە)، ئەوی دیکەیان بەدەستهێنانی سەرکەوتنی کۆمەڵایەتییە، بۆیە پێیوایە موڵکدارێتی تایبەتی و خێزان پێویستە هەبن و بپارێزرێن، چونکە زامنی پاراستنی پەیوەندییەکانی نێوان دوو مرۆڤی رەگەز جیاوازە.
باسی دووەم: دەوڵەتشار
لە دەوڵەتشارەکاندا بۆ یەکەم جار توێژە بەرفراوانەکانی خەڵک بەشداریان لە ژیانی سیاسییدا کردو رۆڵیان گێڕا، هەندێک دامودەزگای سیاسیی پێشکەوتوویان بۆ بەڕێوەبردنی ژیانی بە کۆمەڵ پێکەوەنا.. ئەریستۆتێلیس پێیوایە مەبەستی دەوڵەتشار شێوەیەکە لە مۆڕاڵی سیاسیی، واتا شاو ئامانجی دوایی دەوڵەتشار ئەوەیە، کە هاوشارییەکان ببن بە باشترین هاووڵاتی. بەمجۆرە مۆڕاڵ و سیاسەت پەیوەندییەکی توندو تۆڵیان بەیەکەوە هەیە، بەڵام ئەم دوو بەشە لە ئاکامدا مەبەستیان ئەوەیە مرۆڤ پێش بخەن بە راهێنان و فێربوونی سیستەماتیک.
بەشی سێیەم: رژێمی سیاسی و دەوڵەت و دەستوری نموونەیی
باسی یەکەم: رژێمی سیاسی
ئەریستۆتێلیس لە درێژەی شرۆڤەکردنی رژێمەکاندا، دوو پێوەر بە مەبەستی دابەشکردنی رژێمەکان بەکار دەهێنێت. یەکێکیان ژمارەیە( چەندێتی)، کە پەیوەستە بە ژمارەی ئەو کەسانەی دەسەڵاتیان بە دەستەوەیە، کە لە سێ شێوەدا خۆیان دەنوێنن :دەسەڵاتی تاکە کەسی(پاشایەتی)، دەسەڵاتی کەمینەیەکی دیاریکراو(ئەڕیستۆکراسی)، یان دەسەڵاتی زۆرینەی خەڵک(دێمۆکراسی). پێوەری دووەمیان بابەتییە ( چۆنێتی)، ئەم پێوەرەیان دەسەڵاتەکان بە پێی (چاک و خراپ) لە یەکتری جیا دەکاتەوە. واتا ئەگەر ئەو ڕژێمە دەسەڵاتدارە تێبکۆشێت لە پێناو چاکەی گشتی و پشت بە یاسا ببەستێت و خەڵک لێی ڕازی بێت ئەوا دەسەڵات و حکومەتێکی چاکە، بەلام کاتێک دەسەڵات هەوڵی زاڵکردنی بەرژەوەندییە تایبەتییەکان بدات، بە تایبەت بەرژەوەندی کەسی دەسەڵاتدار یان چینی دەسەڵاتدار بەرژەوەندی و چاکەی گشتی فەرامۆش بکات، ئیدی پابەندی یاسا نابێت، لێرەوە متمانەی زۆرینە لەدەست دەدات، ئەوا دەسەڵات و حکومەتێکی خراپە.
باسی دووەم: دەوڵەت و دەستوری نموونەیی
دەستور دەوڵەتە لە لای ئەڕیستۆتێلیس، بەڵام دەستور بە تەنها بەڕێوەبردنی دەوڵەت نییە، بەڵکو شێوە ژیانێکی گونجاوە، یان رێگەی ژیانێکی دیاریکراوە لەسەر بنەمایەکی یاسایی و هەروەها رۆحێکی مەعنەوی هەمەکی. ئەریستۆتێلیس پێی وایە کە دەوڵەتان تەنها لە رێگەی ئەم سێ دەسەڵاتەوە جیاوازی دەکەوێتە نێوانیانەوە، کە بریتین لە : (١-دەسەڵاتی یاسادانان، ٢- دەسەڵاتی جێبەجێکردن، ٣- دەسەڵاتی دادوەری)، ئەریستۆتێلیس پێیوایە، لەسەر هەموو هاوڵاتیان پێویستە بەشداری لەم سێ دەسەڵاتەدا بکەن بەو شێوەیەی کە رژێمەکەیان بۆیان دیاری دەکات.
بابەتی زیاتر