مێژووی ئه‌فسانه له‌گه‌ڵ سه‌ره‌تاكانی سه‌رهه‌ڵدانی هۆشیاری له لای مرۆڤ هاوته‌ریبه، دواجار له درێژه‌ی وێستگه‌كانی په‌ره‌پێدانی هۆشیاریدا ئه‌فسانه ڕۆڵێكی گرنگ ده‌گێرێت.
ئه‌فسانه چیه ؟
ئه‌م تێگانه‌ی ئه‌مڕۆ له زمانه ئه‌ورپیه نوێیه‌كاندا له به‌رامبه‌ر وشه‌ی ئه‌فسانه به‌كاردێن، سه‌رجه‌میان له بنه‌ڕه‌تدا له وشه‌ی (mythos)ی گریكی وه‌رگیراون، كه به واتای په‌یڤ یان گۆ یان ئاخاوتن دێت، ئه‌و شته‌ی مرۆڤ به وشه ده‌ری ده‌بڕێت، پێی ده‌ڵێن (myth)، كه به زمانی ئینگلیزی واتای زمانی ئه‌فسانه ده‌به‌خشێت، دواتر واتاكه‌ی فراوان ده‌بێت و سه‌رجه‌م ئه‌و چیرۆك و حیكایه‌ته باوانه ده‌گرێته‌وه كه به شێوازی گێرانه‌وه ده‌رباره‌ی خودا‌و پاڵه‌وانه‌كان داڕیژراون، له ئینسكلۆپێدیای (funk) دا هاتووه ئه‌فسانه ئه‌و ڕوداوانه له خۆ ده‌گرێت كه له سه‌رده‌می زۆر كۆندا روویانداوه، هه‌روه‌ها (mythology) میسۆلۆجیا گه‌یاندنی بابه‌تێكه كه ده‌ماو ده‌م له قه‌دیمه‌كانه‌وه وه‌رگیراوه، دواتر به زانستی ئه‌فسانه‌كان ناسرا.
له ئه‌نسكلۆپیدیای به‌ریتانیدا، ئه‌فسانه مه‌به‌ست له چیرۆكێكه سه‌رچاوه ره‌سه‌نه‌كه‌ی، واته خاوه‌نه‌كه‌ی نه‌ناسراوه، بۆ مه‌به‌ستی راڤه‌كردنی هه‌ندێك بیروباوه‌ڕی باوی نێو كه‌له‌پووره میلیه‌كان به‌كارهێناوه، بۆیه ئه‌فسانه بایه‌خ به رووداوی نموونه‌یی ده‌ده‌ن، وه‌كو هه‌ڵسوكه‌وتی خوداوه‌نده‌كان و ئه‌و پاڵه‌وانانه‌ی كه هێزێكی سه‌روو سروشتیان هه‌یه، تا گه‌ییشتوه‌ته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه بایه‌خ به پێشكه‌شردنی نموونه له مه‌رٍ سلوكی مرۆڤه‌كان بدات.
له ئینسكلۆپیدیای ئه‌مریكیدا وشه‌ی (mythology) به واتای لێكۆلینه‌وه له ئه‌فسانه‌كان هاتووه، به‌ڵام خودی ئه‌فسانه وه‌كو حیكایه‌تێك ده‌گێردرێته‌وه، كه ئاماژه بۆ چه‌ند هه‌قیقه‌تێكی جه‌وهه‌ری نێو ئه‌و كۆمه‌ڵگایه ده‌كات، كه‌له‌پورێكی نوسراو یان تۆماركراویان نییه، ئه‌و بوونه‌وه‌ر و رووداوانه‌ش ئه‌فسانه بایه‌خیان پێده‌دات، ناسروشتین، بۆیه ئه‌فسانه‌كان ده‌وڵه‌مه‌نترین سه‌رچاوه‌ی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری و درامین له جیهاندا.
كلود لیفی شتراوس (c-l-strauss) وه‌كو پێشڕه‌وێكی قوتابخانه‌ی بونیادگه‌ری، ئه‌فسانه به هۆكارێكی باشی به‌ستنی په‌یوه‌ندی له نێوانی مرۆڤه‌كان ده‌زانێت، وه‌كو چۆن ژنان كه‌ره‌سته‌ی په‌یوه‌ندی خزمایه‌تین، هه‌روه‌ها به‌لای شتراوسه‌وه ئه‌فسانه له هونه‌ری مۆسیقا ده‌چێت، كه به ته‌نیا گوێگرتن لێی به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی راڤه‌و ئاماژه‌كانی تێبگه‌ین، چونكه مۆسیقا‌و ئه‌فسانه هه‌ردووكیان پشت به میتۆدی راڤه‌كاری و هه‌لقوڵان و هه‌ڵچونی ناوه‌وه‌ی مروڤ ده‌به‌ستێن.
به‌لای (مالینۆفیسكی) یه‌و ئه‌فسانه له لای مرۆڤی سه‌ره‌تایی به ته‌نها چیرۆك و گیرانه‌وه‌ی حیكایه‌ت نییه، به‌ڵكو بوونێكی راسته‌قینه‌و زیندووی هه‌یه، كاتێكیش بمانه‌وێت لێكۆلینه‌وه له مه‌ڕ ئه‌فسانه‌كان ئه‌نجام بده‌ین، پێویسته بگه‌رێینه‌وه بۆ كۆمه‌ڵگا سه‌ره‌تاییه‌كان و رێكخستنی په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی به باش بزانین.
هه‌روه‌ها (یوهیمروس) رای وایه ئه‌فسانه مێژوویه‌كی ده‌مامك دراوه، به‌ڵام ماكس مۆله‌ر وه‌ك نه‌خۆشیه‌ك له نه‌خۆشیه‌كانی زمان سه‌یری ئه‌فسانه ده‌كات، هه‌روه‌ها پێی وایه ئه‌فسانه ئه‌و هێزه‌یه، كه زمان به‌سه‌ر هزردا پراكتیزه‌ی ده‌كات، له هه‌موو بواره‌كانی چالاكی زه‌ینیدا.به‌لای (تیلیارد)ه‌وه، ئه‌فسانه توانای گێرانه‌وه‌ی چیرۆكێكی دیاریكراوه ده‌رباره‌ی رووداوێك یان شوێنێك یان كه‌سانی تایبه‌ت، ئه‌و كه‌سانه خه‌یاڵی بن یان راسته‌قینه، بابه‌تی ئه‌م چیرۆكانه‌ش به شێوه‌یه‌كی هۆشیارانه داڕێژراون و مه‌غزایه‌كی جوان ده‌به‌خشن.
ماركسیه‌كانیش ئه‌فسانه به جیهانبینیه‌كی سه‌ره‌تایی له لای گه‌لانی كۆن ده‌بینن كه هه‌وڵده‌دات به شێوازێكی تایبه‌ت پێداویستیه رووحییه‌كانیان تێربكات، كاتێكیش مرۆڤ هۆیه‌كانی به‌رهه‌مهێنان په‌ره پێ ده‌دات، ئامرازی گونجاوتر بۆ ده‌ستگرتن به‌سه‌ر سروشدا ده‌خاته‌گه‌ڕ، ئیتر شێوازی تری هۆشیاری جیاواز له ئه‌فسانه به‌رهه‌م ده‌هێنێت.
هه‌روه‌ها به‌لای زانایانی شیكاری ده‌روونیه‌وه به گشتی و له‌سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه (فرۆید) به تایبه‌تی ئه‌فسانه‌ی (ئۆدیب) وه‌كو خاڵی ده‌ستپێكی لێكۆڵینه‌وه به شوناسی ئه‌فسانه داده‌نێت، ئه‌فسانه به‌لای ئه‌وانه‌وه بریتیه له تێربوونێكی چڕكراوه جێگه‌ی ئاره‌زووه‌كانی مرۆڤ ده‌گرێته‌وه، كه له رابردوویه‌كی دووردا بایه‌خێكی زۆری پێدراوه، ئه‌گه‌ر چی مرۆڤ له‌گه‌ڵ ڕوژگاردا ئاره‌زووه‌كانی قه‌ید و به‌ند و خه‌فه‌و كپ كراون، به‌ڵام هه‌رگیز بزری نه‌كردوون، هه‌ر بۆیه له چیرۆكی ئۆدیبدا دووجۆر ئاره‌زووی ده‌ستگرتن و خاوه‌نداریه‌تیكردنی دایك و ئه‌وه‌ی تریان ئاره‌زووی كوشتنی باوك، ئه‌م ئه‌فسانه‌یه وه‌كو نموونه‌یه‌كی ره‌مزی سایكۆلۆژی وه‌رده‌گرن و راڤه‌ی ده‌كه‌ن.
له‌گه‌ڵ خستنه‌ڕووی هه‌موو ئه‌و بۆچوونه جیاواز‌و جۆراوجۆرانه‌ش هێشتا وه‌ڵامی پرسیاری ئه‌فسانه چییه؟ره‌نگه ئاسان نه‌بێت، چونكه جیا له‌وه‌ی هه‌ر بیرمه‌نده‌و له دیدێكی تایبه‌ته‌وه ده‌ڕوانێته ئه‌فسانه، خودی ئه‌فسانه خۆی هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك ئاماژه‌ی ئاڵۆز و هه‌ندێكجار دژبه‌یه‌كه، به‌ڵام گشتیترین پێناسه، زۆرترین ره‌هه‌ندی جیاجیا له‌خۆ بگرێ، ئه‌وه‌یه (ئه‌فسانه چیرۆكێكی پیرۆزه، مانا‌و واتایه‌كی قوڵی هه‌یه، هه‌وڵده‌دات په‌یوه‌ندی نێوان بوون و گه‌ردوون و ژیانی مرۆڤ ئاشكرا بكات.
به‌ڵام بۆئه‌وه‌ی له ناسینه‌وه‌ی ئه‌فسانه‌دا به‌هه‌ڵه نه‌چین و له تێكه‌ڵبوونی له گه‌ڵ خورافه‌و ده‌قه ئه‌ده‌بی و ئاینیه‌كان رزگاری بكه‌ین، پێویسته لێره‌دا هه‌ندێك خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌فسانه بخه‌ینه‌روو.
ئه‌فسانه له ڕووی شێوازه‌وه زیاتر له چیرۆكه‌وه نزیكه‌و، هه‌موو بنه‌ماكانی گیرانه‌وه‌ی چیرۆكی تێدایه هه‌ر له داڕشتن و گرێ و پاڵه‌وان..هتد ..، زۆرجاریش له بۆته‌ی شیعردا داده‌ڕێژرێت، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت له بۆنه‌و سوته ئاینیه‌كاندا كاریگه‌ری له‌سه‌ر دڵ و هه‌ڵچونه ده‌رونیه‌كان جێ بهێلێ ،ده‌قی په‌خشان ناتوانێت ئه‌م ڕۆڵه بگێڕێ.
ئه‌فسانه نه‌وه له دوای نه‌وه، ده‌ماو ده‌م بۆ یه‌كتری ده‌گوازنه‌وه، ئه‌مه‌ش هێزێكی گه‌وره‌ی خۆڕاگری و چه‌سپاوی پێده‌به‌خشێت، مه‌به‌ست له‌م به‌رگه‌گرتنه به به‌ردبوون و دۆگم نییه، چونكه هزری به‌رده‌وام هێزی ئه‌فسانه‌ی توانای به‌رهه‌مهێنانی ئه‌فسانه‌ی نوێی هه‌یه.
ئه‌فسانه به‌رهه‌مێكی خه‌یاڵی داهێنه‌رانه‌ی تاكه كه‌سێكی دیاریكراو نییه، هه‌ر بۆیه نووسه‌ر و داڕێژه‌ره‌كه‌ی دیارنییه، به‌ڵكو دیارده‌یه‌كی ده‌سته‌جه‌معیه‌و خه‌یاڵ و جۆش و خرۆشی ده‌روونی هه‌ڵچوی كۆمه‌ڵێك، به‌رهه‌می ده‌هێنێت.
مرۆڤ له نێو ئه‌فسانه‌دا ته‌نها ته‌نها ڕۆلێكی لاوه‌كی و ته‌واوكه‌رانه ده‌بینێ، چونكه خودا‌و هه‌ڵوێستی خواوه‌نده‌كان ڕوڵی سه‌ره‌كی ده‌گێرن.
بابه‌ته‌كانی ئه‌فسانه گشتین، وه‌كو دروستبوونی گه‌ردوون، ره‌گه‌زی مرۆڤ، مردن و زیندووبونه‌وه له‌و دونیادا، مانا‌و نهێنیه‌كانی ژیان و بوون و مردن ...(ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه دواتر فه‌لسه‌فه بایه‌خیان پێده‌دات، به‌ڵام پێچه‌وانه‌ی فه‌لسه‌فه)، ئه‌فسانه به‌رده‌وام په‌نا بۆ خه‌یاڵ و هه‌ڵچوونی سۆزدارانه‌و به سیمبولكردن ده‌بات له راڤه‌كردنی بابه‌كانیشدا به‌رده‌وام وێنه‌ی زیندوو به‌كارده‌هێنێنێ.
كه‌ره‌سه‌ی رووداوه‌كانی نێو ئه‌فسانه‌ی هه‌ڵگری مه‌غزایه‌كی پیرۆزن، ئه‌گه‌ر چی ئه‌م كه‌ره‌سته‌و بابه‌تانه له له ڕۆژگاری ئه‌مڕۆماندا نین، به‌ڵام له ناوه‌رۆكدا بۆ گوێگرانیان راستی و هه‌قیقه‌تن.
ئه‌فسانه وابه‌سته‌یه به سیسته‌مێكی دیاریكراوی ئاینیه‌وه، كارده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی بیروباوه‌ره‌كانی روون بكاته‌وه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ده‌چێته قوڵایی كه‌ش و سروته ئاینیه‌كان، كاتێكیش ئه‌م ئاینه شكست ده‌هێنێ، ئه‌فسانه‌كه‌ش له‌گه‌ڵیدا له ماناكانی به‌تاڵ ده‌بێته‌وه و ئیتر ده‌بێت به چیرۆكێكی ئاسایی.
ئه‌فسانه پیرۆزه، ئه‌م پیرۆزیه‌ش رێگه‌ی پێده‌دات باڵا ده‌به‌ستێت به‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌و هه‌ست و سۆزی ده‌روونی خه‌ڵكدا، ئه‌م خه‌سڵته‌ی ئه‌فسانه له رابردوودا له هه‌مان خه‌سڵه‌تی زانستی ئه‌مڕۆ ده‌چێت، چۆن ئه‌مڕۆ باوه‌ڕی ره‌هامان به ده‌ستكه‌وت و داهێنراوه زانستیه‌كان هه‌یه، وه‌كو نه‌خۆشیه ڤایرۆسیه‌كان، زانستی ئه‌تۆمی، دۆزینه‌وه‌كانی ئاسمان ...له سه‌رده‌مێكی دیاریكراویشدا مرۆڤ باوه‌رشی به هه‌موو ئه‌و شتانه كردووه، كه ئه‌فسانه‌كان باسیان كردووه.
هزری ئه‌فسانه‌یی
ئه‌فسانه به شێوازی تایبه‌تی خۆی هه‌وڵی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و خواسته‌ی مرۆڤ ده‌دات، كه ده‌خوازێت له نێو جیهانێكدا بژی و توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێت لێی تێبگات، هه‌روه‌ها رێكی بخات، بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ پێداویستیه‌كانی بگونجێت، ئه‌مه‌ش ده‌رهاویشته‌یه‌كی سروشتی نه‌شونماكردنی هۆشیاری مرۆڤی سه‌ره‌تایی و له ئه‌نجامدا خستنه‌رووی بیرۆكه‌كانه، چونكه ئه‌فسانه به ته‌نها ده‌ربڕی هه‌ڵچوونه ده‌روونیه‌كانی مرۆڤ نیه، به‌ڵكو له هه‌مانكاتدا رامان و بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤی سه‌ره‌تایی له مه‌ڕ دونیا‌و دیارده‌كان ده‌رده‌خات.
(له رێگه‌ی به‌كارهێنانی میتۆدی گواستنه‌وه )، هه‌ر بۆیه ئه‌فسانه له شێوه‌ی بونیادێكی تیۆری، له ده‌رئه‌نجامی په‌یوه‌ندی دیالێكتیكی نێوان مروڤ و سروشت هاتوه‌ته به‌ر، ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ی سه‌ره‌تا توشی ترس و سه‌رسام بوون كردووه خوێ وه‌ك به‌شێك له دیاریده‌كان زانیوه، هه‌ر بۆیه به‌رده‌وام له هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بووه، چۆن راڤه‌یان بكات، له هه‌مانكاتدا به‌شوێن شێوازێكی گونجاو‌دا گه‌ڕاوه بۆ ئه‌وه‌ی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكات به باشترین شێوه، له‌و پێناوه‌شدا هزری ئه‌فسانه‌یی وه‌كو گێرانه‌وه‌یه‌كی درامی به ئامانه‌ته‌وه ژیان و هه‌ڵوێست و خه‌ون خولیاكانی مرۆڤی سه‌ره‌تاییمان بۆ ئاشكرا ده‌كات، به‌م پێیه ئه‌فسانه میللیه‌كان وه‌كو كه‌له‌پورێكی مێژوویی، مه‌وداو پێگه‌یه‌كی پڕ بایه‌خ له نێو شارستانیه‌ته‌كاندا داگیرده‌كه‌ن، هه‌ر بۆیه گه‌لێك شك نابه‌ین كه ئه‌فسانه‌ی تایبه‌ت به خۆی نه‌بێت. ئه‌گه‌ر چی زۆرجار به نێویه‌كدا چوونێكی ئاشكرا له‌ره‌مز و كه‌ره‌سته‌و ته‌نانه‌ت له پێكهاته‌ی ئه‌فسانه‌كاندا به‌دی ده‌كه‌ین، چونكه زۆرجار ئه‌فسانه دوای ئه‌وه‌ی له دایك ده‌بێت و گه‌شه ده‌كات و پێ ده‌گرێ، هه‌ر زوو له شارستانیه‌تێكه‌و بۆ شارستانیه‌تێكی تر ده‌گوازرێته‌وه، ئه‌مه‌ش له رێگه‌ی ئاڵووێره هزریه‌كانه‌وه، بۆ نموونه ئه‌فسانه‌ی (ته‌موز و عه‌شته‌روت و یان ئه‌دۆنیس و عه‌شتار) ئه‌گه‌ر چی ناوه‌كانیشیان جیاوازبێت، به‌ڵام له یه‌ك كاتدا گه‌لانی بابلی و گریكی و رۆمانی و فینیقیه‌كان به هی خۆیانی ده‌زانن.
ئه‌فسانه به‌رهه‌می هۆشیاری ده‌سته‌جه‌معییه، بارودۆخێكی دیاریكراو پشان ده‌دات، كه ده‌توانین به هۆیه‌وه له‌گه‌ڵ پێكهاته هزری و رۆشنبیریه‌كانی میله‌تێك یان گه‌لێك ئاشنابین، چونكه بوونیادێكی هاوبه‌شی هزری و هونه‌ری و مێژوویی و شارستانییه، توانای درێژبوونه‌وه‌ی له نێوان رابردوو ئیستا‌و ئاینده هه‌یه.
ئه‌فسانه به‌رده‌وام هاوسه‌فه‌ری مرۆڤ بووه له تێكۆشانی نه‌پساوه‌یدا به‌رامبه‌ر سروشت و ئه‌و ئاڵوگۆرانه‌ی كه‌ش و هه‌واو دیارده سروشتیه‌كان به‌رهه‌میان هێناوه، زۆرجار هێنده توند‌و دڵ ره‌قانه كاریگه‌ربووه، مرۆڤی توشی شۆك و نائومێدی كردووه و ژیانی خۆی خستوه‌ته ژێر مه‌ترسیه‌وه، مرۆڤ وه‌كو په‌ناو ده‌روازه‌یه‌ك خه‌ون و هیواكانی ژیانێكی ئاسوده‌تری تێدا بینیوه‌ته‌وه، به‌ڵكو له ئاینده‌دا بێته‌دی، چونكه ئه‌فسانه پشت به سیسته‌مێكی دیاریكراوی تایبه‌ت به خۆی ده‌به‌ستێت، كه پشت ئه‌ستووره به خودا‌و هێزه میتافیزیكییه‌كان، ئه‌مه له ڕۆژگارێكدا، هێشتا مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی رۆشنبیرنییه، لێره‌وه سه‌رداریه‌تی ئه‌فسانه به‌سه‌ر ده‌روونی مرۆڤدا خۆی ده‌نوێنێت، له پێناو به‌رپاكردنی هه‌ستی ته‌بایی له نێوان جیهانی بینراوو نه‌بینراودا له نێوان بونه‌وه‌ره زیندوو و شته نازیندوه‌كاندا، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش په‌نای بۆ هۆكاری ره‌مزی زمانی مه‌جازی ده‌بات، كه ئیتر ده‌روازه‌یه‌كی فراوانی ئاگامه‌ندی له لای مرۆڤ ده‌خاته سه‌رپشت، ئه‌م پرۆسه‌یه له ئه‌زموونێكدا ده‌خرێته گه‌ڕ، كه مرۆڤ مه‌به‌ستیه‌تی پارێزگاری له سروشتی مرۆڤ و ئه‌و جیهانه‌ی له ناویدا ده‌ژی، بكات. ئه‌م سیسته‌مه ته‌باو پێكه‌وه سازانه به‌رهه‌می میتۆدێكی ئه‌قڵانی نییه، مرۆڤ خۆی له ده‌ره‌وه‌ی جیهان بینێت و هه‌وڵ بدات وه‌كو بابه‌تێكی دانراو راڤه‌ی بكات، به‌ڵكو سیسته‌می مرۆڤ فره ره‌هه‌نده‌و هێشتا خۆی به سروشت نامۆ نابینێ.ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه بۆ ئه‌و راستیه‌ی له ئه‌فسانه‌دا به راڤه‌كه‌ر و راڤه‌كراو دوو دیوی دراوێكن، واته له نێو جیهانی ئه‌فسانه‌دا هێشتا مرۆڤ و جیهانی هه‌ست پێكراو له یه‌كتری نه‌تۆراون.به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌فسانه هه‌وڵی به‌رده‌وامی له‌و پێناوه‌دایه كه مرۆڤ هۆشیاری له‌به‌رامبه‌ر گه‌ردوون و جیهانی فیزیكیدا پێكه‌وه كۆبكاته‌وه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئه‌فسانه په‌نا بۆ مانا‌و واتای ئه‌فسوناوی وشه‌كان ده‌بات، كه توانای ئاماژه‌ی ناراسته‌وخۆ و مه‌جازییان هه‌یه، چونكه له هه‌ر زمانێكدا وشه‌كان چه‌ن واتایه‌كی جیاواز ده‌گه‌یه‌نن، واتایه‌كیان راسته‌وخۆ به‌رامبه‌ر ناو لێنراوه‌كانه، واتایه‌كی تریان ئه‌فسوناویه‌و خۆی له پشت مانای ره‌وانبێژیدا ده‌شارێته‌وه، كه ناراسته‌وخۆیه، بۆ نموونه وشه‌ی خۆر، له كاتێكدا راسته‌وخۆ ئاماژه‌یه بۆ ئه‌ستێره‌یه‌كی ئاگرینی ئاسمان، به‌ڵام له لایه‌كی تره‌وه به‌واتای رووناكی و هێز و وزه‌و رێكخراوه‌ی ...دێت .
هزری ئه‌فسانه‌ی هه‌میشه باڵاپۆشه به پیرۆزی، ته‌نانه‌ت ئه‌م پیرۆزییه، ده‌بێته خاڵێكی به‌هێزی جیاكه‌ره‌وه، له لایه‌كه‌وه به‌رده‌وام ئه‌و متمانه پێویستیه‌ی بۆ دابین ده‌كات، كه وزه‌ی باڵا ده‌ستی پێ ده‌به‌خشێت، له لایه‌كی تره‌وه له‌و په‌لاماره به‌رده‌وامانه ده‌یپارێزێت، كه له ده‌روازه‌ی خورافه‌وه ده‌كرێنه سه‌ری، به بیانووی ئه‌وه‌ی كه هه‌ردووكیان یه‌كن، ئه‌مه له كاتێكدا ئاشكرایه ئه‌فسانه هه‌ڵگری په‌یامێكی سه‌رده‌می ئاراسته‌ی مرۆڤایه‌تی ده‌كات، كه‌ره‌سته‌و سیمبول و پاڵه‌وانه‌كانی له نێو جیهانی رودانگه‌دا هه‌ڵده‌هێنجێنێت، به‌رده‌وام هێزێكی سه‌روو سروشتیان پێ ده‌دات، به‌ڵام خورافه ناتوانێت هیچ په‌یامێك بگه‌یه‌نێت، چونكه به‌رهه‌می خه‌یاڵیكی ئه‌بستراكته، دووره له راستی و پاڵه‌وانه‌كانی وێنه‌یان له‌نێو سروشتی‌دا نییه، وه‌كو (جنۆكه‌و شه‌یتان) هه‌روه‌ها زێده‌ڕۆیی زۆری تێدا ده‌كرێ، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی له ده‌ستدانی متمانه ته‌نانه‌ت، له لایه‌ن ئه‌وانه‌شه‌وه، كه ده‌یگێڕنه‌وه.
ئه‌فسانه‌و ئاین
له رێگه‌ی به‌دواداچوون و پشكنینی. ئه‌و گۆرانه‌ی كه پێ ده‌چێت هی مرۆڤی سه‌ره‌تای بن ، ئه‌و راستیه‌مان له لا ئاشكرا ده‌بێت، مرۆڤی ئه‌و سه‌رده‌مه خاوه‌ن هزرێكی ئاینی سه‌ره‌تایی بووه، ئه‌مه‌ش له رێگه‌ی ئه‌و ئامراز و كه‌ل و په‌لانه‌وه كه له‌گه‌ڵ مردوه‌كاندا ناشتویانن، وه‌كو كه‌لوپه‌لی به‌ردینی خواردن و خشڵ و هه‌ندێك كه‌ل و په‌لی خۆپاراستن، ته‌نانه‌ت شێوازی ناشتنی له‌سه‌ر چیچكان و داپۆشینی هه‌ردوو ده‌ستی مردووه‌كان له‌سه‌ر سنگیان، هه‌موو ئه‌مانه ئاماژه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤی سه‌ره‌تایی باوه‌ری به ژیانێكی تر هه‌بووه، بۆ ئه‌وه‌ی بگاته ئه‌و ژیانه پێویسته به‌سه‌ر پردی مردن و مه‌ترسی و نهێنیه‌كان بپه‌ڕێته‌وه، تا له‌گه‌ڵ ژیانی هه‌تا هه‌تای ئاوێته ببێت، ئه‌م ژیانی تا هه‌تایه ( بێدوای یه‌ك) یه به تایبه‌ت دوای له خاچدانی مه‌سیح و هه‌ڵسانه‌وه‌ی له‌سه‌ر سه‌كۆی ئاینه‌كان، به روونی ده‌رده‌كه‌وێت، مه‌به‌ست له ژیانی بێدوایه‌كی زیندووبوونه‌وه و جارێكی تر گیانكردنه‌وه‌یه به به‌ر مردووه‌كانی گۆڕستاندا، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كی روونه بۆ ئه‌وه‌ی غه‌ریزه‌ی نه‌مری، به‌هێزترین غه‌ریزه‌یه له لای مرۆڤ چونكه مرۆڤ ته‌نها به گه‌یشتنه نه‌مری ده‌توانێت خودایانه بژیه‌ت، مرۆڤی ئه‌و سه‌رده‌مه پێی وابوو هیچی له خوداكان كه‌متر نییه، له هه‌ستكردن به خۆشی و ناخۆشیه‌كان، له چاكه‌و خراپه له‌گه‌ڵ خوداكان هاوبه‌شن، ته‌نها نه‌مری نه‌بێت، هه‌ر بۆیه میژووی دین و ئه‌فسانه مێژووی ململانێی خود بووه له‌گه‌ڵ مردن و نهێنیه‌كانیدا، نه‌مری خوداكان ئومێدێكی ته‌ماوی پێ به‌خشیووه، بۆ ئه‌وه‌ی لاساییان بكاته‌وه له مه‌ترسیه‌كانی مردن و نهێنیه‌كانی خۆی ڕزگار بكات .
ئه‌گه‌ر چی مرۆڤ له ئه‌نجامدا شكستی هێناوه له به‌شداریكردن له بێدوایه‌كی و خوایه‌تیدا، به شێوه‌یه‌كی ره‌ها چونكه مرۆڤ بونه‌وه‌رێكی دوایه‌كیه، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی رێژه‌ی مرۆڤ به‌شداره له پارستن و مانه‌وه‌ی ره‌گه‌زی مرۆڤایه‌تیدا، واتا راسته مرۆڤه‌كان له نێو یه‌كێتی بوونیاندا سه‌ركه‌وتوونین، به‌ڵام له نێو پاراستنی یه‌كێتی جۆره‌كه‌یاندا (ELDOD) سه‌ركه‌وتووبوون، ئه‌مه‌ش له رێگه‌ی پاراستنی ره‌گه‌زی مرۆڤایه‌تی تا ئه‌مڕۆ، هه‌ر بۆیه له دیدی هه‌ر ئاینێكه‌وه سه‌یربكه‌ین بوونی مرۆڤ بۆ سه‌ره‌تاكانی دروستبوونی جیهان ده‌گێڕێته‌وه.
مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی هزری ئاینی، بۆ مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی هۆشیاری ده‌گه‌ڕێته‌وه، له لای مرۆڤ ئاشكرایه ئه‌فسانه سه‌رداریه‌تی به‌سه‌ر ده‌رووندا باڵایه، ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیه ئه‌فسوناویه‌ی ئه‌فسانه، چاره‌نووسی له‌گه‌ڵ ئایندا گرێده‌داته‌وه، چونكه ئاین له هه‌ناوی سایكۆلۆژیه قوله‌كه‌یدا، ئیمتیحانكردنی پیرۆزیه، ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش ده‌رئه‌نجامێكی سروشتی هه‌ڵچوونه ده‌روونیه‌كانه پێش هه‌ر وێناكردنێكی عه‌قڵانی. ئه‌میل دۆركهایم پێیوایه (ئاین بریتیه له سیسه‌مێكی به ناویه‌كداچوو له بیروباوه‌ڕ و چالاكی وابه‌سته به پیرۆزیه‌كان، ئه‌و چالاكی وابه‌سته به پیرۆزیه‌كان، ئه‌و چالاكی بیروباوه‌رانه هه‌موو شوێنكه‌وتوانی له كۆمه‌ڵه‌یه‌كی مه‌عنه‌ویدا پێكه‌وه كۆده‌كاته‌وه).
ئه‌م ئه‌زموونه ئاینیه له سه‌ره‌تادا وه‌كو به‌رهه‌می تاكه‌كه‌س ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام تا سه‌ر به‌دیلی سایكۆلۆژیایی تاكه‌كه‌س نامێنێته‌وه، به‌ڵكو هه‌ر زوو ئاراسته‌ی ئه‌و شه‌پۆله وه‌رده‌گرێت، كه باوه‌ڕی باو و ده‌زگای كۆمه‌ڵایه‌تی و قاڵبی ئاماده‌كراو، له ده‌وروبه‌ری ده‌یخوازێت.تێكه‌ڵكێشبوونه‌وه‌ی سروته ئاینی و ئه‌فسانه‌ییه‌كان، ڕۆلێكی گه‌وره ده‌گێڕن، له پێشڕه‌وایه‌تی ئه‌زموونی باوه‌ڕدارانه‌و دواتر رێكخستیدا، چونكه ئه‌زموونی هه‌ڵچوون ده‌بێته وێنه‌یه‌ك، یان چه‌ند وێنه‌یه‌ك هێدی هێدی باوه‌ڕی ئاینی شانبه‌شانی ئه‌فسانه ده‌گوازرێته‌وه، بۆ نێو ئاگامه‌ندی، دواجار له نێو بیروباوه‌ری ئاینی ده‌چه‌سپێت، به‌و پێیه‌ش ئه‌زموونی ئاینی له بنه‌ره‌تدا ئه‌زمونێكی ئه‌قڵانی نییه، به‌ڵكو هه‌ڵچوونه، بۆیه په‌نا بۆ ئه‌رگومێنتی ئه‌قڵی نابات، به‌ڵكو ره‌وایه‌تی په‌یامه‌كه‌ی له جیهانی ده‌ره‌وه‌دا به‌ده‌ست ده‌هێنێت، له رێگه‌یه‌ی میسولۆجیاوه، ئه‌زموونێكی ئاینی هاوبه‌ش له توانیدا هه‌یه په‌ره‌بستێنێت، ئه‌وه‌نده فراوان بێت له ئه‌نجامدا مۆركێكی جیهانی له خۆبگرێت، له‌و پێناوه‌شدا ئه‌فسانه توانای ئه‌فسوناوی زمان ده‌خاته‌كار تاكو ئه‌م پرۆسه‌یه به پیرۆزی رابگرێت كه هه‌رگیز زمانی ئاسایی و رۆژانه له توانایدا نیه به‌م ئه‌ركه هه‌ڵبسێت، لێره‌وه سحری ئه‌م نهێنیه‌مان لا به‌تاڵ ده‌بێته‌وه، كه بۆچی په‌یامبه‌رانی ئاینه‌كان به درێژای مێژوو په‌یامه‌كانیان له رێگه‌ی ره‌وانبێژی و زمانی مه‌جازیه‌وه ئاڕاسته‌كردووه، نه‌ك ئه‌رگومێنتی عه‌قڵی، بۆیه هه‌میشه گوتاره‌كانیان ئاراسته‌ی ده‌روون و هه‌ڵچونه سۆزداریه‌كه‌ی مرۆڤ كردوه‌ته‌وه، بۆ نموونه گه‌ر ده‌قێك له هه‌ر كتێبێكی پیرۆز له (تاوی چینی، ئۆپانیشادی هیندی، زه‌ندی ئاڤێستای زه‌رده‌شتی، مه‌زامیری ته‌وراتی، ئینجیل یان قورئان ) وه‌ربگرین، ئه‌و بڕه‌ی له متمانه‌و ره‌زامه‌ندی باوه‌ڕ له لای شوێنكه‌وتوان ده‌چه‌سپێنێت، چه‌ندین ئه‌وه‌نده زیاتره له خوێندنه‌وه‌ی هه‌زاران لاپه‌ڕه‌و به‌شداریكردن له گفتوگۆ و هێنانه‌وه‌ی ئه‌رگومێنتی عه‌قڵی و لۆژیكی، چونكه ئه‌م ده‌قانه هه‌ڵگری شێوازێكی ره‌مزین، تیۆره‌كه‌یان داخراوه و ناتوانرێت ره‌ت بكرێنه‌وه، یان له رێگه‌ی ئه‌رگومێنتی تاقیكردنه‌وه‌ی پراكتیكی بسه‌لمێندرێن، ئه‌مه‌ش هه‌لی ئه‌وه بۆ ئاین ده‌ره‌خسێنێ به‌رده‌وام خۆراگر بێت، له به‌رامبه‌ر ره‌خنه‌ی فه‌لسه‌فی و زانسیدا، رۆڵی كاریگه‌ر له نێو شاره‌ستانیه‌ته‌كاندا له ده‌ست نه‌دات.
به‌و پێیه‌ی كه ئه‌فسانه‌و ئاین، له به‌شێكی زۆری (گه‌ر نه‌ڵێین هه‌موو) تایبه‌تمه‌ندی و خه‌سڵه‌ته بنچینه‌یه‌كانیاندا له‌گه‌ڵ یه‌كتری جووت ده‌بن، به تایبه‌ت له پیرۆزی و ڕۆڵی سه‌ره‌كی خوداكان و دروست بوونی گه‌ردوون و بزواندنی كه‌ف و كوڵی ده‌روون و به‌كارهێنانی زمانی ئه‌فسوناوی و مه‌جازی و ... هتد ، ئه‌وه له سروته‌كانیشاندا تێكه‌ڵ ده‌بن ته‌نانه‌ت له ئه‌نسكلۆپیدیای عه‌ره‌بی (المیسره) دا له مه‌ڕ په‌یوه‌ندی ئه‌فسانه‌و ئاین، ده‌ڵێت ( له نێوان ئاین و ئه‌فسانه‌دا په‌یوه‌ندیه‌كی به‌هێز هه‌یه و له‌زۆربه‌ی كاته‌كاندا سروته ئاینیه‌كان رووداوی ئه‌فسانه‌ی له‌خۆ ده‌گرن) مه‌به‌ست لێره موعجیزات و پێشبینیه‌كانی پێخه‌مبه‌ران و پیاو چاكانه، وه‌كو (ته‌مه‌نی نوح، ئاگره‌كه‌ی نه‌مروود، گۆچانه‌كه‌ی مووسا، دروستبوونی گه‌ردوون ..)
هه‌روه‌ها به رای (مالینۆفسكی) ئه‌فسانه زیاتر له‌و چیرۆكانه‌وه نزیكه، له مه‌راسیمه ئاینیه‌كاندا پێشكه‌ش ده‌كرێن، كاریگه‌ری له‌سه‌ر باوه‌ڕدران جێ دێڵن، هه‌روه‌ها پێی وایه ئه‌فسانه بۆ ئه‌وه ده‌گێڕدرێته‌وه، تاكو ئاره‌زووه ئاینیه‌كان قوڵ بكاته‌وه‌و ئه‌و پێداویستیه مۆڕاڵیانه دابین بكات، كه خواستی كۆمه‌لایه‌تی له‌سه‌ره، ته‌نانه‌ت به رای (رۆبرتس سمیس) ئه‌فسانه جگه له راڤه‌كردنی ترادسیۆنه ئاینیه‌كان هیچی ترنییه، ئه‌م راڤه‌كردنه‌ش بۆ ئه‌و كاته زۆر پێویسته، كه مانای راسته‌قینه‌ی ترادسیۆنه ئاینیه‌كان خه‌ریكه كاڵ ببنه‌وه.
ئه‌فسانه له‌به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌و زانست‌دا
خولیای زاینن لای مرۆڤ، له سه‌ده‌ی 6 ی (پ.ز) وه ، مرۆڤ ده‌خاته سه‌ر رێگای سه‌ركێشیه‌كی تر، هه‌رچه‌نده له سه‌ره‌تادا زۆر ساده خۆی ده‌رده‌خات، به‌ڵام له ئه‌نجامدا وه‌چه‌رخانێكی مێژووی لێ ده‌كه‌وێته‌وه، ئه‌مه‌ش له پێناو گه‌یشتن به دڵنیایی و یه‌قین.سه‌رسامی و گومانی به‌رده‌وام مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نێته قۆناغی فه‌لسه‌فه، لێره‌وه هزری مرۆڤ ئاراسته‌كه‌ی رووه هۆكاری یه‌كه‌می بوون و راڤه‌كردنی گشتیه‌تی گه‌ردوون و گه‌یشتن به هه‌قیقه‌تی بێ دوا یه‌كی وه‌رده‌گێرێ، فه‌یله‌سوفانی سروشتگه‌را سه‌ره‌تا له پێناو ئاشكرا كردنی نهێًنیه‌كانی سروشت تێوره‌كانیان خسته‌كار، تالیس وه‌كو یه‌كه‌مین فه‌یله‌سوفی سروشتی بوونی گیرایه‌وه بۆ ته‌نها یه‌ك توخمی بنچینه‌یی، پێی وابوو هه‌موو شته‌كان له ئاوه‌وه سه‌رچاوه‌یان گرتووه، به‌ڵام هه‌ر زوو پانتای ئه‌م رێچكه‌یه فراوانتر ده‌بێت و بوون له ته‌نها توخمێكه‌وه ده‌گوازرێته‌وه بۆ چه‌ند توخمێك، وه‌ك لای دیموكریتس، ئه‌گه‌ر چی ئه‌م شێوازه هزرینه داهێنراوێكی نوێ بوو، به‌ڵام هێشتا مرۆڤ خۆی و سه‌رجه‌م گیانه‌وه‌ران و رووه‌ك و هه‌موو دیارده سروشتیه‌كان، وه‌ك به‌شێك له سروشت ده‌بینێ، ته‌نانه‌ت پێی وابووه مرۆڤ هیچ نییه جگه له گه‌ردوونێكی بچووككراوه، هه‌روه‌ها گه‌ردونیش مرۆڤێكی گه‌وره كراوه، بۆیه هه‌ر زوو فه‌لسه‌فه له رێگه‌ی ره‌خنه‌و راڤه‌یه‌كی عه‌قڵانی، پشت ئه‌ستوور به ئه‌رگومێنت و لۆژیك، پرسیار و وه‌ڵاًمه‌كانی له مه‌ڕ گه‌ردوون و ژیان و مردن و ته‌نانه‌ت خودا‌و هه‌موو شتێك ده‌خاته‌ڕوو، ته‌نانه‌ت ده‌قه فه‌لسه‌فه داهێنراوه‌كانیش له ره‌خنه‌ی فه‌لسه‌فی به‌ده‌رنین، هه‌ر بۆیه پرسیاره‌كانی فه‌لسه‌فه له هه‌ر قۆناغێكدا و له لای هه‌ر فه‌یله‌سوفێك له فۆرمێكی جیاواز و نوێ‌دا خۆیان ده‌نوێنن، بۆ نموونه له پرسیاری گه‌ردوون چییه ؟ لای سۆفستاییه‌كان، تا ده‌گاته پرسیاری زانین چییه؟ یان چۆن ده‌گه‌ین به زانین ؟ یان ده‌توانم چی بزانم؟
ته‌نانه‌ت فه‌لسه‌فه، ده‌روازه‌یه‌ك ده‌كاته‌وه.چیتر ده‌قه‌كان ره‌وایه‌تی و پیرۆزی له ده‌ره‌وه‌ی سروشت وه‌رناگرن، یان چیتر فێرخوازان به ته‌نها گۆیگری مامۆستاكانیان نین، به‌ڵكو ده‌رفه‌تی ره‌خنه لێ گرتن و ره‌تكردنه‌وه‌و پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی تیۆره‌كانیشان هه‌یه، وه‌ك چۆن پلاتۆن ره‌خنه‌ی له تێوری مامۆستاكه‌ی گرت كه سوكراته، دواتر تیۆره‌كه‌ی خۆشی له لایه‌ن له لایه‌ن خوێندكاره‌كه‌یه‌وه كه ئه‌رستۆیه به‌رپه‌رچ ده‌درێته‌وه، ئه‌م ریتمه داینامیكیه ده‌بێته داینه‌مۆی فه‌لسه‌فه‌و به‌رده‌وام له دۆگم دیپارێزێ، له هه‌موو ده‌قێكی ئه‌فسانه‌ی و ئاینی جیای ده‌كاته‌وه، زانستیش وه‌ك دوانه‌ی فه‌لسه‌فه، هه‌ردووكیان كۆرپه‌ی هزرینی مرۆڤن، سه‌ره‌تا هیچ جیاوازیه‌ك له نێوانیاندا به‌دی نه‌ده‌كرا، به‌ڵكو به‌رده‌وام زانست سوودێكی زۆری له‌و ژینگه‌یه وه‌رگرتووه، كه فه‌لسه‌فه بۆی فه‌راهیم كردووه، ته‌نانه‌ت هه‌موو زانسته‌كان سه‌ره‌تا به زانستی فه‌لسه‌فی داده‌نران، ئه‌رستۆ سه‌رجه‌م زانسته‌كانی به فه‌لسه‌فه‌ی دووه‌م داناوه، كه پێگه‌و بنه‌مایان له فه‌لسه‌فه‌ی یه‌كه‌م وه‌رده‌گرن، له یه‌ك كاتدا فه‌یله‌سوف زانای فیزیایی و كیمیایی و ئه‌ستێره‌ناس و پزیشك و هونه‌رمه‌ند و كۆمه‌ڵناس و ئابووریناس و سیاسی...هتد بووه .دیكارت ده‌ڵێت (فه‌لسه‌فه وه‌كو دره‌خه‌تێك وایه ره‌گه‌كانی ده‌چنه‌وه سه‌ر مێتافیزیكا، قه‌ده‌كه‌ی زانستی سروشتیه په‌له‌كانی زانسته‌كانی ترن وه‌ك پزیشكی و زانستی میكانیكی و زانستی مۆڕاڵ) تا له سه‌ر ده‌ستی (ڕۆجه‌ر بیكۆن) زانست تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی خۆی وه‌رده‌گرێت و له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه هه‌نگاو به هه‌نگاو له یه‌كتری داده‌بڕێن.
تێزی زانستی به ته‌نها پشت به ئه‌رگومێنت و لۆژیك نابه‌ستێ، به‌ڵكو له رێگه‌ی تێبینی و گریمانه‌و ساغككردنه‌وه یاسا زانستیه‌كان داده‌ڕێژرێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌زموون و تاقیكردنه‌وه‌ی مه‌یدانی گریمانه‌ی دروستی و نادروستیان بچه‌سپێنێت، چونكه گه‌شه‌كردنی زانست به‌رده‌وام ده‌رفه‌تی ئه‌وه ده‌ره‌خسێنێت، تێور و یاسا زانستیه‌كان بواری به‌رپه‌رچدانه‌وه و پوچه‌ڵكردنه‌وه‌یان هه‌بێت.ئه‌مه‌ش زه‌مینه‌ی داهێنانی زانستی ده‌خولقێنێت، هه‌ر بۆیه (پوپه‌ر) پێی وایه، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام تێوری نوێ به‌رهه‌م بهێننین، پێویسته تێوره‌كانی گریمانه‌ی به‌درۆخستنه‌وه‌یان هه‌بێت، ده‌كرێت تێوره‌كه‌ی (كۆپه‌رنیۆكس) به نموونه وه‌ربگرین كه چۆن تیۆره‌كه‌ی (به‌تلیمۆس) ره‌تده‌كاته‌وه، ده‌رئه‌نجام تێورێكی نوێ داده‌ڕێژرێت.
لێره‌وه ده‌كرێت بگه‌ینه ئه‌و راستیه‌ی، ده‌قی فه‌لسه‌فی و زانستی خاوه‌نی تیۆری كراوه‌ن، ئه‌مه‌ش خاڵی به‌هێزی په‌ره‌سه‌ندن و داهێنانه زۆر و زه‌به‌نده‌كانیانه، به‌ڵام له به‌رامبه‌ردا ئه‌فسانه‌و ئاین، خاڵی به‌هێزیان له تیۆره داخراوه‌كان هه‌ڵده‌هێنجێن، ره‌وایه‌تی له پیرۆزی هێزه‌كانی ئه‌ودیوو سروشت وه‌رده‌گرن، له رێگه‌ی گه‌مه‌ی زمان و هه‌ڵچوونه ده‌روونیه‌كان، فه‌یله‌سوفه سروشتیه‌كان كاتێك تێورێكیان له مه‌ڕ هه‌وره بروسكه داڕشتووه، پێان وابوو ده‌رئه‌نجامی به‌ریه‌ككه‌وتنی گه‌ردیله قورسه‌كانه له‌گه‌ڵ گه‌ردیله سووكه‌كاندا، بێگومان هه‌ر زوو ئه‌م تیۆره به‌رپه‌رچ ده‌درێته‌وه، به تایبه‌ت دوای دۆزینه‌وه‌ی وزه‌ی كاره‌با، ئه‌م تێوره زانستیه پێیوایه هه‌وره بروسكه ده‌رئه‌نجامی به‌ریه‌ككه‌وتنی بارگه كاره‌بایه‌كانه(سالب و موجه‌ب) و ده‌بێته هۆی روودانی هه‌وره بروسكه، ده‌رئه‌نجام و كاردانه‌وه‌ی توڕه‌یی خواوه‌نده، بێگومان ئه‌م تیۆره داخراوه ئاینیه هێنده پته‌وو داڕێژراوه ، بواری به‌درۆخستنه‌وه و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی تێدا نییه، نه به لۆژیكی ئه‌رستۆی نه به تاقیكردنه‌وه‌و ئه‌زمونی زانستی، هه‌رچه‌نده شوێن كه‌وتوانی ئه‌م تێوره ئاینیه باوه‌ڕیش به كاره‌با بهێنن، كه ڕۆڵی له هه‌وره بروسكه‌دا هه‌یه، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا ئه‌و راستیه دووباره ده‌كه‌نه‌وه، كاره‌باش هیچ نیه جگه له ئامرازێك به ده‌ست ئیراده‌ی خواوه، كه‌واته ئه‌م خودایه ئه‌م هێز و تایبه‌تمه‌ندییه‌ی به كاره‌با به‌خشیووه.
له لایه‌كی تره‌وه تیۆری كراوه رێنمای تێدایه‌و بواری پراكتیككردنی هه‌یه، به‌ڵام تێوری داخراو ته‌نها راسپارده‌و فه‌رمانه، جێبه‌جێكردنیشیان ناتگه‌یه‌نێت به درووستی تیۆره‌كه، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر كه‌سێك بپرسێت رێگه‌ی كه‌نیسه له كوێوه‌یه ؟ له وه‌ڵامدا ده‌كرێت بڵێین، راسته‌وخۆ بڕۆ به لای راستدا بسوڕێڕه‌وه، كه‌مێكیتر بڕۆ ده‌گه‌یت به كه‌نیسه، بێگومان دوای ماوه‌یه‌كی كورت كه رێنمایه‌كانی جێبه‌جێكرد، ئه‌و كه‌سه‌ی كه پرسیاری كردووه، بۆی ڕوونده‌بێته‌وه ئایا ده‌گات به كه‌نیسه، بێگومان دوای ماوه‌یه‌كی كورت كه رێنمایه‌كانی جێبه‌جێكرد، ئه‌و كه‌سه بۆی ڕوونده‌بێته‌وه ئایا ده‌گات به كه‌نیسه یان نا، واته رێنمایه‌كه راسته یان هه‌ڵه، به‌ڵام كاتێك هه‌ر هه‌مان كه‌س دوای ئه‌وه‌ی ده‌گاته كه‌نیسه، بچێته لای كاهینه‌كه‌و لێی بپرسێت، چۆن ده‌توانم بگه‌م به مه‌له‌كوتی خودا؟ له‌وه‌ڵامدا كاهینه‌كه پێی ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر بڕێك له داهاته‌كه‌ت ببه‌خشیه كه‌نیسه‌و مۆمێك له‌به‌رده‌م میحرابه‌كه‌ی داگیرسێنی و هتد ... بكه‌ی كاتێك مردی ڕوحت ده‌چێته ئاسمان و له‌وێ مه‌له‌كوتی خودا ده‌سته‌به‌رده‌كات، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سه بڕه پاره‌كه‌ی به‌خشی و مۆمه‌كه‌ی داگیرساند‌و هه‌رچی داوای لێكرابوو جێبه‌جێی كرد، وه‌ك مه‌سیحیه‌كی باوه‌ڕدار، ئه‌م تیوه‌ره هیچ ئاماژه‌یه‌كی تێدانیه كه بواری جێبه‌جێكردنی هه‌بێت، وه‌كو كه‌سی یه‌كه‌میان كه رێگه‌ی كه‌نیسه‌ی پشاندرابوو، چونكه بابه‌تی ئه‌مه‌یان وابه‌سته‌یه به روحه‌وه كاتێك بۆ ئاسمان هه‌ڵده‌كشێت، به هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌زموون و تاقیكردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌نجامنادرێ، واتا دروستی و نادروستی ناتوانێت بسه‌لمێندرێت چونكه پرسیاركه‌ر ته‌نها راسپارده‌و فه‌رمانی پێكراوه، ناكرێت ده‌رباره‌یان گفتوگۆ بكات یان بپرسێت، به‌ڵكو پێویسته راسته‌وخۆ جێبه‌جێیان بكات، ئه‌م جۆره تیۆرانه رێنماییان تێدانییه، تاكو له ده‌رئه‌نجامی تاقیكردنه‌وه‌ی پراكتیكی دروستی و نادروستیان ئاشكرا ببێت.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا،گه‌ر سه‌رنج بده‌ین، هێشتا ئه‌فسانه په‌نایه‌كی پته‌وی هه‌یه، بتوانێت لێه‌وه به‌رگری له خۆی بكات، ئه‌ویش ئاینه، چونكه ئه‌فسانه ته‌نانه‌ت له نێو ئه‌و خێزانه‌شدا كه فه‌لسه‌فه‌ی لێوه هاتووه، دوای فه‌لسه‌فه‌ی سروشتگه‌ران و سۆفستایه‌كان و ته‌نانه‌ت سۆكرات و پلاتۆن و ئه‌رستۆش، هێشتا ئاین و ترادسیۆنه باوه گریكیه‌كان، وه‌كو ئه‌فسانه‌ی (ئه‌لیازه‌و ئۆدیسا) یان ئاینی (ئه‌لیوسیسیه‌و ئورفیه‌كان) پاشه‌كشه‌یان نه‌كرد، به‌ڵكو زیاتر له گه‌شه‌كردن فراوان بوون دابوون.به‌رده‌وام لایه‌نگریان زیادی ده‌كرد، ته‌نانه‌ت به‌هاری فه‌لسه‌فه ته‌مه‌نی زۆر كورت بوو، بۆیه هه‌رزوو، له ژێر هه‌ژموونی هزری ئاینی و ئه‌فسانه‌یدا كپ ده‌بێته‌وه، كاتێك به درێژایی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست له ئه‌وروپا ده‌كه‌وێته پاشه‌كشێ و ده‌بێته دیلی باوه‌ڕی ئاینی تا له ئه‌نجامدا له ژێر فشاری هزری عه‌ره‌بیدا كه ئه‌میش له سێبه‌ری ئایندا خۆی رێكخستوه‌ته‌وه، جارێكی‌تر ده‌گه‌رێته‌وه ده‌گه‌رێته‌وه ئه‌وروپا، منی هزرڤانی دیكارت، بنه‌ماكانی شۆڕشی رۆشنگه‌ری به‌سه‌ر ئاین و ئه‌فسانه‌دا په‌رپا ده‌كات، كۆپه‌رنیكۆس تیۆرێكی نوێ له مه‌ڕ (نیزامی شه‌مسی) داده‌رێژرێت، ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تای رزگار بوونی زانسته له ئاین، دواتر گالیلۆ و نیوتن بنه‌ماكانی هزری زانستی نوێ داده‌رێژرن.
ئه‌فسانه‌و مرۆڤی هاوچه‌رخ
به‌و پێیه‌ی مرۆڤ ئاڵۆزترینی بونه‌وه‌ره‌كانه، رێكه‌وتن له‌سه‌ر وه‌ڵامێكی گشتی و چه‌سپاو له به‌رامبه‌ر پرسیاری (مرۆڤ چیه) هێنده ئاسان نییه، یان به‌رهه‌مهێنانی تێگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش له مه‌رش مرۆڤ زۆر ئه‌سته‌مه،ئه‌گه‌ر نه‌لێن هه‌ر مه‌حاڵه، چونكه ئه‌و پرسیاره ئه‌وه‌نده‌ی خودی مرۆڤ ئاڵۆزه، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌رێته‌وه فه‌یله‌سوفان له هیچ سه‌رده‌مێكدا له‌سه‌ر وه‌ڵامێكی دیاریكراو له نێوان خۆیاندا ساغ نه‌بوونه‌ته‌وه، چونكه له نێو جیهانی فه‌لسه‌فه‌دا مرۆڤ هه‌ڵگری كۆمه‌لێك ره‌هه‌ندی جیاجیایه، ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌تی ئه‌وه بۆ هزرڤانان ده‌ره‌خسێنێت، هه‌ر یه‌كێكیان دیدێكی دیاریكراوه‌وه یان له ره‌هه‌ندێكی تایبه‌ته‌وه له مرۆڤ بدوێن، ته‌نانه‌ت به لای (فۆكۆ) وه، مرۆڤ بونه‌وه‌رێكی كۆن نییه، به‌ڵكو بونه‌وه‌رێكی نوێیه‌و زانست دایهێناوه، فۆكۆ پێی وایه پێش سه‌ده‌ی هه‌ژده مرۆڤ ئاماده‌یی له نێو سیسته‌می بونه‌وه‌ره‌كاندا نه‌بووه، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی ئاماده‌بووه ئاده‌میزاده، بۆیه فه‌لسه‌فه‌ی گریكی بایه‌خی به سروشت و سیسته‌می كۆسمۆس داوه ته‌نانه‌ت ئاده‌میزادیش وه‌كو شانه‌یه‌كی بچووك ئاماده‌یی له نێو سیسته‌می گشتی جیهانیدا هه‌بووه، بۆیه به رای فۆكۆ له دوای سه‌ده‌ی هه‌ژده‌وه مرۆڤ دنیای زانینی به خۆیه‌وه سه‌رقاڵ كردووه.
له دوای شۆڕشی زانستیه‌وه، كاتێك هه‌وڵی یه‌كخستنی یاساكانی سروشت ده‌درێت، دیكارتیش ئاده‌میزاده‌كان له ژێر ته‌نها یه‌ك ره‌هه‌ندی (عه‌قڵ) دا كۆده‌كاته‌وه، كاتێك پێی وایه عه‌قڵ باڵاترین و ره‌واترین خه‌سڵه‌ته، هه‌مووان تیایدا هاوبه‌شن، بێگومان عه‌قڵیش جه‌وهه‌ری بیركردنه‌وه‌یه، لێره‌وه ئیتر ته‌بایی نێوان مرۆڤ و سروشت كۆتای پێدێت، رووه‌و ده‌ست به‌سه‌رداگرتن و داگیركردنی سروشت هه‌نگاو ده‌نێت، به‌ڵام هه‌ر زوو زانسته مرۆییه‌كان جارێكی تر ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌یان فه‌راهم كرده‌وه، مرۆڤ له جه‌وهه‌ردا بونه‌وه‌رێكی فره ره‌هه‌نده‌و ناكرێت بۆ ته‌نها یه‌ك ره‌هه‌ند چڕبكرێته‌وه، ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌تی توێژینه‌وه‌ی له به‌رامبه‌ر مرۆڤ، گواسته‌وه بۆ بونه‌وه‌رێكی ئابوری و كومه‌ڵایه‌تی و سیاسی، ئه‌م دۆخه (پۆڵ ریكۆر) هان ده‌دات بانگه‌شه بۆ ئه‌نترۆپۆلۆژییه‌كی نۆی بكات، تاكو هیچ ره‌هه‌ندێكی مرۆڤ فه‌رمۆش نه‌كرێ، ته‌نانه‌ت گه‌ر هه‌ندێك له‌و ره‌هه‌ندانه ئاماژه‌ی لاوازی مرۆڤیش بن، له پێناو رزگاركردنی مرۆڤ توانای بیرچوونه‌وه، به مه‌به‌ستی پارێزگاریكردن له شوناسی جۆراوجۆری، به‌و پێیه‌ی بونه‌وه‌رێكی سیمبولی له به‌رده‌وام سیمبولیش ئاماژه‌یه بۆ فره‌یی و واتای جۆراوجۆری مرۆڤ له نێوان زانستی و ئاینی و هونه‌ری و ئه‌فسانیه‌دا، فه‌لسه‌فه هه‌وڵده‌دات له پێناو چه‌سپاندنی تێگه‌یشتنی مرۆڤ به‌شداری ئه‌كتیڤ له‌م پرۆسه‌دا بكات، بۆچی مرۆڤی هه‌ڵگری ره‌هه‌ندی جیاجیا، له ئه‌نجامدا ده‌بێته مرۆڤی تاك ره‌هه‌ند؟
بێگومان كاتێك ئێمه باس له مرۆڤی سه‌رده‌م ده‌كه‌ین، مه‌به‌ستمان مرۆڤی نێو كۆمه‌ڵگه‌ی پیشه‌سازیه، (ماركوزه) پێی وایه له‌م جۆره كۆمه‌ڵگایانه‌دا بوونی مرۆڤ په‌یوه‌سته به پێداویستی و توانایی جێبه‌جێكردنی ئه‌و پێداویستیانه، واته زامنكردنی هه‌ڵگرتنی شوناسی مرۆیی وابه‌سته‌یه به‌و هێزه‌وه كه به‌رده‌وام ئه‌و پێداویستیانه، واته زامنی هه‌ڵگرتنی شوناسی مرۆیی وابه‌سته‌یه به‌و هێزه‌و كه به‌رده‌وام ئه‌و پێداویستیه زۆر و زه‌به‌ندانه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی پیشه‌سازی ده‌یانخاته بازاره‌وه، دابین بكات.
(ماركس) یش دواجار به هه‌مان ئه‌نجام ده‌گات كاتێك ده‌ڵێت:ئه‌وه‌ی مرۆییه ده‌بێت به ئاژه‌ڵی و ئه‌وه‌ی ئاژه‌ڵیه ده‌بێت به مرۆیی به واتای ئه‌و ره‌هه‌ندانه‌ی مرۆڤ له ئاژه‌ڵ جیاده‌كاته‌وه تا ئه‌و جێگایه كاڵ ده‌بنه‌وه"، له كۆمه‌لًَگه‌ی پیشه‌سازیدا ئیتر مرۆڤ ره‌هه‌ندی عه‌قڵانی و مۆراڵی و سیاسی له ده‌ست ده‌دات، له مرۆڤ بوون داده‌ماڵرێ و شوناسێكی ئاژه‌ڵیانه هه‌ڵده‌گرێت، ئه‌ویش تێركردنی پێداویستیه‌كان و ئاره‌زووی به‌كار هێنانیانه، مرۆڤ به‌ها ناوه‌ندییه‌كه‌ی له دابینكردنی پێداویستیه‌كانی و رێژه‌ی به‌كارهێنانیان دایه، ئه‌مه‌ش وه‌كو پۆڵ و ریكۆر ئاشكرای ده‌كات له جێگه‌ی منی هزرڤانی دیكارت، كه له بنه‌ره‌تدا منێكی ئه‌كتیڤ و كراوه‌یه و پێشره‌وایه‌تی سه‌رده‌می ڕۆشنگه‌ری ده‌كات، منێكی تێكشكاو بریندار و پاسیڤ، ته‌نانه‌ت ئاگامه‌ندی نیه له به‌رامبه‌ر بێ ئاگای ره‌هاو نا عه‌قلانیه‌ت، به‌ڵكو ته‌نها منێكی هه‌ڵچووه، لای ماركوزه ئه‌م منه بایه‌خ به هیچ نادات ته‌نها دابینكردنی پێداویستیه ماددیه‌كانی نه‌بێت ئه‌مه‌ش ئازادی و عه‌قڵی لێ وه‌رگرتوه‌ته‌وه، كه جه‌وهه‌ری مرۆڤی ڕۆشنگه‌رییه( ته‌نانه‌ت پێی وایه ته‌كنه‌لۆژیای به‌رهه‌مهێنان زیاتر ته‌كنه‌لۆژیایه‌كی سیاسیه، بۆیه پێشوه‌خت ئامانجه‌كانی عه‌قڵ و ئازادی فه‌رامۆش ده‌كات.
سیما سه‌ره‌كیه‌كانی ئه‌م جۆره مرۆڤه له (به‌شت بوون و به‌كارهێنان و نامۆ بووندا ده‌رده‌كه‌ون)، مرۆڤ له كۆمه‌ڵگای ته‌كنه‌لۆژیدا، به‌رده‌وام رووبه‌ڕووی به‌رهه‌می پیشه‌سازی نوێ ده‌بێته‌وه، به ئه‌ندازه‌یه‌ك پێشبرشكێی كۆمپانیاكان ڕۆژانه مۆدیلی نوێی كاڵاكانیان ده‌خه‌نه بازاره‌وه، مانشێتێكی گه‌وره‌شیان له هه‌زاران كۆمپانیای راگه‌یاندنی زه‌به‌لاح به مه‌به‌ستی پڕوپاگه‌نده‌ی بازرگانی بۆ بازار خۆشكردنی به‌رهه‌مه‌كانیان خستوه‌ته گه‌ڕ، لێره‌وه مرۆڤ به‌رده‌وام هه‌ڵپه‌ی گۆرینی كه‌ره‌سته‌و كاڵاكانی ڕۆژانه‌ی دایه، ئه‌م گۆڕینه به‌رده‌وامه، قازانج بۆ كۆمپانیاكان مسۆگه‌ر ده‌كات.خواستی ئالوگۆڕی به‌رده‌وام، دواجار دیارده‌ی به‌شت بوون ده‌خه‌مڵێنێت، له‌گه‌ڵ خواستی خاوه‌ندارێتی و كۆیله بوون، بۆ به‌رهه‌مه تازه بابه‌ت و مۆدێله‌كان.به ئه‌ندازه‌یه‌ك مرۆڤ چێژێكی زۆر له به‌كارهێنان ده‌بینێ و هه‌موو په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌خاته چوارچێوه‌ی كه‌ل وپه‌ل ئاسا، لێره‌وه به‌شت بوون دیارده‌یه‌كه مرۆڤ له سایه‌یدا ته‌نها مه‌یله ته‌كنه‌لۆژی و ئابوورییه‌كانی، سلوكه كۆمه‌ڵایه‌تیه دیاریكراوه‌كه‌ی ئاراسته ده‌كه‌ن، به‌شت بوون له سێ ئاستدا خۆی ده‌رده‌خات، ئاستی یه‌كه‌م: كۆمه‌ڵگه‌یه به‌رده‌وام ئاره‌زووی نوێ لای مرۆڤ ده‌خولقێنێت، بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین مه‌سره‌ف بكات، ئاستی دووه‌م:هه‌ڵپه‌ی به‌رده‌وامی خاوه‌ندارێتی ده‌بێته پاڵنه‌ری مرۆڤ، خواستی خاوه‌ندارێتی هه‌موو شتێك ده‌كات ئه‌مه‌ش مرۆڤ ده‌كاته كۆیله‌ی كاڵاكان، ئاستی سێیه‌م:به‌های فعلی مرۆڤ په‌یوه‌سته به‌و شتانه‌ی كه هه‌یه‌تی، هه‌روه‌ك لای ماركوزه مرۆڤه‌كان له‌رێگه‌ی كه‌ره‌سته‌و كه‌ل و په‌له‌كانیانه‌وه شوناسی خۆیان دیاری ده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت به‌های مه‌عنه‌ویان، له ئۆتۆمبێلی دوا مۆدیل و ڤیللاو ته‌له‌فزیۆن و مۆبایلی هه‌ستیار..هتد دا ده‌بینیه‌وه، چه‌مكی منی هزرڤان ده‌گۆڕێت بۆ منی به‌كارهێن، چونكه عه‌قڵ ته‌نها ڕۆڵی ئامرازێك ده‌گێڕێت، له سێبه‌ری " من به‌كارده‌هێنم یان مه‌سره‌ف ده‌كه‌م كه‌واته من هه‌م"، ئاشكرایه ئه‌مه‌ش هه‌ڵگه‌رانه‌وه‌ی كۆگیتۆی دێكارته" من ده‌هزرێم كه‌واته من هه‌م.
ئه‌م ره‌وشه مرۆڤ له چوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی پیشه‌سازی و ته‌كنه‌لۆژیدا رووبه‌ڕووی ناته‌واوی تێكچوون و توانه‌وه‌و دوور كه‌وتنه‌وه له دۆخه ئاسایه‌كه‌ی ده‌كاته‌وه.نامۆبون ره‌هه‌ندی جۆراوجۆری هه‌یه، ده‌كرێت ئابوری كۆمه‌ڵایه‌تی سیاسی ته‌نانه‌ت هزری.. به‌لای ماركوزه‌وه مرۆڤ كاتێك نامۆ ده‌بێت، په‌ره‌سه‌ندنی زانستی و ته‌كنه‌لۆژی ئاسۆی ره‌هه‌نده مرۆییه‌كان داده‌خات، به تایبه‌ت كاتێك جیهانگیری هه‌موو جیهان له بازارێكی كراوه‌دا بچووك ده‌كاته‌وه، ئیتر هه‌موو شته‌كان نرخی خۆیان بچووك ده‌كاته‌وه، ئیتر هه‌موو شته‌كان نرخی خۆیان ده‌چێته‌سه‌ر، ته‌نانه‌ت مۆسیقا‌و شیعر و ئه‌ده‌ب و وه‌رزش و په‌یوه‌ندیه‌كان، زمانیش ڕۆله شایسته‌كه‌ی له ده‌ست ده‌دات ، ته‌نها فۆرمێكی دیاریكراو‌و جێگیر وێناده‌كات، لێره‌وه ته‌سلیم به‌زانست و ته‌كنه‌لۆژیا ده‌بێت.ئه‌مه‌ش ره‌وشی نامۆ بوونی گشتی ده‌خولقێنێت.
ئه‌م ره‌وشی تێكشان و نامۆ بوونه، جارێكی تر مرۆڤ له‌گه‌ڵ مه‌یله ئه‌فسانیه‌كانیدا رووبه‌ڕوو ده‌كاته‌وه، لانیكه‌م گه‌ر له دابینكردنی پێداویستیه ماددیه‌كانیشدا هاوكار نه‌بێت، بێگومان له بچووككردنه‌وه‌ی بۆشاییه رۆحیه‌كاندا هاوكاره، به تایبه‌ت گه‌ر بزانین هزری ئه‌فسانه‌یی زۆرجار خۆی له میكانیزمه‌كانی بیركردنه‌وه‌ی زانستی و فه‌لسه‌فیدا حه‌شار ده‌دات، ئه‌فسانه گه‌ر بزانین هزری ئه‌فسانه‌یی زۆرجار خۆی له پشت میكانزمه‌كانی بیركردنه‌وه‌ی زانستی و فه‌لسه‌فیدا حه‌شار ده‌دات، ئه‌فسانه بۆ ئه‌م مه‌به‌سته په‌نایه‌كی پته‌وی هه‌یه، تا ئه‌مڕۆش ده‌سه‌ڵاتی زانست و فه‌لسه‌فه په‌یی پێنه‌بردووه، ئه‌ویش سێبه‌ری ئایینه، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌و رێكه‌وتنه رانه‌گه‌ینراوه‌ی نێوان زانست و ئایین ده‌گه‌رێته‌وه، كه مه‌غزاكه‌ی پێكه‌وه ژیانی ئاشتیانه‌یه، به‌م پێیه سروشت بۆ تیۆری زاستی جێهێڵراوه، بۆ ئه‌وه‌ی له‌به‌ر یه‌كتری هه‌ڵوه‌شێنێ و به‌رده‌وام دۆزینه‌وه‌ی نوێی له باره‌وه بخاته‌وه، ئاینیش له‌و جێگایانه‌ی زانست ئاره‌زووی ناكات، یان تا ئه‌مڕۆش توانای نیه پرسیاره‌كانی وه‌ڵام بداته‌وه، جه‌نگی مانه‌وه‌ی خۆی ده‌كات. له سێبه‌ری ئه‌و سازانه‌ی نێوان زاست و ئاییندا، زانایه‌كی فیزیای ئه‌تۆمی هیچ گرفتێك له باوه‌رهێنان له كلێسا و به‌شداریكردن له جه‌ژنی له دایك بوونی مه‌سیحدا نابینێت.یان هیچ گرفتێك له باوه‌رهێنان به‌وه‌ی كوڕی خودا له یه‌سبوعدا خۆی ده‌نوێنێ و له منداڵدانی مریه‌می پاكیزه‌دا له دایك ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تی رزگار بكات، یان زانایه‌كی نێو جیهانی ئیسلامی هیچ گرفتێكی نیه له جێبه‌جێكردنی مه‌راسیمی حه‌ج و سورانه‌وه‌ی به ده‌وری كه‌عبه‌دا، به‌م پێیه دوای ئه‌وه‌ی ئاین پشكی خۆی له رێكه‌تنه‌كه رازی بووه، ئاماده‌ی خۆی له نێوان جیهانی ده‌روونیدا ده‌سه‌پێنێ و له‌و دیووی دیارده سروشتیه‌كان ده‌كۆلێته‌وه، له‌و شوێنه‌وه ده‌ست پێده‌كات كه زانست لێوه‌ی كۆتای دێت.
لێره‌وه پاشه‌كشه‌ی ئه‌فسانه،له‌و گۆره‌پانه به‌رفراوانه‌ی له كۆندا كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌بووه، مانای ریشه‌كێشكردنی ئه‌فسانه نیه، چونكه هێشتا ئه‌فسانه كار له‌سه‌ر سووككردن و كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌یلی ره‌های عه‌قلانیه‌ت ده‌كات، به تایبه‌ت دوای سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست، كاتێك ئه‌و تێگه‌یشتنه كۆنه‌ی له مه‌ڕ جیهان هه‌بوو، جیهان ئۆرگانی و زیندووه، به‌ڵام دیكارت و فیزیای نیوتن و ئه‌ستێره‌ناسی كۆپه‌ر نیكۆس، جیهانیان گۆڕی بۆ جیهانێكی میكانیكی ئامێر ئاسای بێ‌گیان، ئه‌مه‌ش هه‌وڵه‌كانی زانستی له رووه‌و گه‌یشتن به زانین و تێگه‌یشتن به زانین و تێگه‌یشتن له سرووشت، له پێناو پێكه‌وه ژیانی ئاشتیانه‌وه گۆری بۆ مه‌رامی ده‌ستبه‌سه‌ردا گرتن و كۆنتڕۆلكردنی سرووشت، لێره‌وه هه‌وڵه‌كانی مرۆڤ و توانا زانستیه‌كه‌ی و پیشكه‌وتنه ته‌كنه‌لۆژیه‌كانی بۆ ده‌ستكاری كردنی سیسته‌می گه‌ردوون و دواتر تێكدانی خستنه‌كار، سیماكانی ئه‌م جه‌نگه رانه‌گه‌ینراوه‌ی مرۆڤی سه‌رده‌م له‌گه‌ڵ گه‌ردووندا، ڕۆژبه‌ڕۆژ له پیس بوونی ژینگه‌و تێكچوونی كه‌ش و هه‌واو توانه‌وه‌ی ئۆزۆن..هتد ده‌رده‌كه‌ون، ئاشكرایه ژیان له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ساره‌یه‌ی ئێمه رووبه‌ڕووی چ جۆره مه‌ترسیه‌ك ده‌كاته‌وه.
مه‌یلی ئه‌فسانه به‌رده‌وام وه‌كو خه‌میره وایه، له نێو شێوازه‌كانی ده‌ربڕینی هونه‌ریدا، كه به‌خته‌وه‌ری و مانای راسته‌قینه ده‌گێڕنه‌وه بۆ ژیان، وه‌كو چۆن دوای شۆرشی زانستی سه‌ده‌ی شازده‌و شۆڕشی پیشه‌سازی سه‌ده‌ی هه‌ژده ئه‌و بۆشاییه گه‌وره میسولۆجیه له رێگه‌ی هونه‌ره‌كانی شیعر و شێوه‌كاری و شانۆ و به‌رهه‌مهێنانی چه‌ندان ده‌قی زیندوو پڕكرایه‌وه، له‌م سه‌رده‌مه‌شدا ده‌كرێت له پاڵ ئه‌م هونه‌ره‌دا سینه‌ماش رۆڵیكی مه‌زن بگیڕێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی مه‌ترسیه به‌و پێیه‌ی مه‌یلی ئه‌فسانه‌یی سروشتێكی عه‌قڵانی نیه، به‌ڵكو سروشتێكی رۆحانی و سۆزدارانه‌ی هه‌یه، پشت به هه‌ڵچوونی ده‌روونی ده‌به‌ستێت، زۆرجار ئه‌فسانه له پێناو مه‌رامی سیاسی‌دا به‌كارده‌هێنرێت، ئه‌مه‌ش مه‌ترسیدارترین مه‌یلی ئه‌فسانه‌ییه، چونكه ره‌گه‌زێكی هونه‌ری فه‌رمانڕه‌وای، خۆی له پایه كۆنكریتیه‌كاندا ده‌بینێته‌وه كه ده‌سه‌ڵاته‌كان شۆڕ ده‌كاته‌وه نێو هه‌ناوی كۆمه‌ڵگا، بێگومان ئه‌مانه‌ش له رێگه‌ی پڕۆژه‌ی سیاسیه‌وه كه ئاراسته‌كه‌ی ڕوو له ئاینده دارێژراون، خۆی له به‌ڵێنه‌كانی وه‌كو به‌رجه‌سته‌كردنی به‌خته‌وه‌ری و دادپه‌روه‌ری و ته‌نانه‌ت ئاشتی ته‌نانه‌ت به‌هه‌شت له‌سه‌ر زه‌مین، تا ده‌گاته به‌ڵێنی گه‌لی هه‌ڵبژێردراوی خودا. سیاسه‌ت به هه‌مان شێوه‌ی ئه‌فسانه له‌م پرۆسه‌یه‌دا، سودێكی بێ ئه‌ندازه له سێبه‌ری وشه‌كان و گه‌مه‌ی زمانی مه‌جازی و ئه‌فسوناوی وه‌رده‌گرێت، ئاڕنست كاسیر ده‌ڵێت، جیهانی سیاسی له ساڵی 1933 ده‌ستی به ده‌ربڕینی نیگه‌رانیه‌كان كرد له مه‌ڕ خۆ چه‌كداركردنی ئه‌ڵمانیه‌كان، له كاتێكدا خۆ چه‌كداركردنی ئه‌ڵماینه‌كان زۆر پێش ئه‌م مێژووه ده‌ستی پێكردبوو، به‌ڵام كه‌س تێبینی نه‌ده‌كرد، خۆ چه‌كداركردنی ئه‌ڵمانیه‌كان له‌وكاته‌وه ده‌ستی پێكرد كه ئه‌فسانه‌كانیان زیندوو كردووه، چونكه چه‌كه سه‌ربازیه‌كان ته‌نها یارمه‌تده‌ربوون، له ئه‌نجامی ئه‌و خۆ چه‌كداركردنه‌ی ئه‌فسانه سیاسیه‌كان خستبوویانه گه‌ڕ، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش یه‌كه‌م هه‌نگاو له گۆڕینی ئه‌ركه‌كانی زمانه‌وه ده‌ستی پێكرد، كاسیرده‌ڵێت : "ئه‌گه‌ر من ئه‌مڕۆ ده‌قێكی ئه‌ڵمانی ئه‌و سه‌رده‌مه بخوێنمه‌وه، وا هه‌ست ئه‌كه‌م هیچ له زمانی ئه‌ڵمانی نازانم چونكه چه‌ندان ووشه‌و ده‌سته‌واژه‌ی نوێ تێكه‌ڵی زمانی ئه‌ڵمانی كراون، ته‌نانه‌ت ووشه كۆنه‌كانیش مانای نویان پێبه‌خشراوه، ئه‌مه‌ش ئه‌فسانه‌ی(فروهه‌ری پاڵه‌وان، ره‌گه‌زی ئاری سه‌رده‌ست، خوێنی پاك) زانا‌و فه‌یله‌سوفه‌كانی پاڵ پێوه‌نا، واز له ئه‌رگومێنتی عه‌قڵی و تاقیكردنه‌وه‌و ئه‌زموون بهێنن، بۆ سه‌لماندنی ئه‌م راستیه په‌نا بۆ سیحری زمانی مه‌جازی و ره‌وانێژی به‌رن، بۆیه له ماوه‌یه‌كی كورتدا له ده‌روازه‌ی ناعه‌قڵانیه‌وه كاریگه‌ریان له‌سه‌ر هه‌ست و ده‌روونی مرۆڤایتیه‌وه خولقاند، توانیان ده‌ست به‌سه‌ر هه‌ست و نه‌ست و ده‌روونی باشترین گه‌لانی ئه‌وروپادا بگرن كه به‌رده‌وام مه‌یلی عه‌قڵانیان هه‌بوو.
بابەتی زیاتر