برتراند رەسڵ لە عەرەبییەوە / ئەکبەر حەسەن

1
کۆمەڵگا ناتوانێ بەبێ یاساو سیستەم بژی، وەک چۆن ناتوانێت پێشبکەوێت تەنیا لە مینەی داهێنان و دەستپێشخەریەکانی نوێکەرەوە چالاکیەکانەوە نەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا یاساو سیستەم هەمیشە دژی هەمووشتێکی تازەن، چونکە نوێکەرەوەکان تاڕادەیەک ئاژاوەچین، ئەوانەی کە ترسیان لە گەڕانەوە بۆ بەربەریزم هەیە، جەخت لەسەر گرنگیی و یاساو سیستەم دەکەن ئەوانیش کە خوازیاری پێشکەوتنی شارستانیەتن، هۆشیاریەکی زیاتریان هەیە سەبارەت بە زەرورەتی دەست پێشخەری تاکەکەسی. لە ڕاستیدا هەریەک لە دوو ڕوانگەیە بە ئەندازەی خۆیان پێویستن، حیکمەت لەوەدایە ڕێگا بە هەر یەک لەم دوو ڕوانگەیە بدەین ئازادانە کاربکەن تا ئەو جێگایەی کە سود باخشن. بەڵام ئەو کەسانەی کە شانبەشانی یاساو سیستەم دەوەستن و داب و نەریتەکان و غەریزەی پاراستنی بارودۆخی باو بشتگیریان لێدەکەن، هیچ پێویستییەکیان بە پارستن و بەرگریلێکردن نییە، ئەوە نوێکەرەوە کانن کە ڕوو بەڕووی ئاستەنگ و بەربەستەکان دەبنەوە لە پێناو ڕێگا دان بۆ بوون و چالاکییەکانیان هەرنەوەیەکیش پێی وایە ئەم ئاستەنگە بەربەستانە بەرهەمی ڕابردوودا هەڵدەکەن کەسانێکیش هەن وەها دەست و پەنجەیان لەگەڵ چەوساندنەوەدا نەرم کردووە، وەک ئەوەی هەرگیز بنەمای هەڵکردن و لێکبوردەیی نەبیسترا بێت و بوونی نەبوو بێت.                                                               
ویسەر مارک دەڵێت: لە کۆمەڵگا بەراییەکاندا دابەکان نەک تەنیا ڕێسا ئەخلاقی بوون، بەڵکو جگە لە دابەکان هیچ ڕێسایەکی ئەخلاقی دیکە نەبوو ئەو ڕایەی هیگڵ کە پێی وایە نابێت ڕێگا بە هیچ تاکێک بدرێت ویژدانێکی تایبەت یاخود خودێتێکی دیاریکراویهەبێت، بە تەواوی بۆ مرۆڤی کۆمەڵگای بەرایی راستە دەشێت وەک نموونەیەک ئاماژە بۆ ئەم قسەیەی (تێنڤیلی شانەرز) بکرێت: تاکە دابڕاوەکان هیچ بیرو بۆ چونێکی تازە یاخود ڕێگایەکی تازەی تایبەت بەخۆیان نییە، بەڵکو ئەوان شوێنی کۆمەڵ دەکەون، بۆ ئەوەی گەر خراپەی کرد لەگەڵیدا خراپە بکەن گەر چاکەشی کرد چاکە بکەن ئەوان بە ئەقڵیەتی مێگەل بیردەکەنەوە.                               
ئەو کەسانەی کە بیر ناکەنەوە، یاخود کارێک ناکەن کە جیاواز بێت لە کاری دراوسێکەیان، پیرۆزبای لە خۆیان دەکەن بەهۆی ئەو جیاوازییە نیمچە قوڵەی کە لە نێوان ئەوان و دڕندەکاندا هەیە بەڵام ئەو کەسانەی کە هەوڵی داهێنان و نوێکردنەوەی ڕاستەقینە دەدەن وا هەست دەکەن دراوسێکانیان جیاوازییەکی ئەوتۆیان لەگەڵ مێگەلەکەی تێنڤیلی شانەرزاد نییە.                                                                     
لەم ساڵانەی دوایدا ڕای گشتی تەنانەت لە فۆرمە پێشکەوتووەکەشیدا لەژێر کاریگەری سۆسیالیزمدا بووە بە دوژمنی ئازادی تاکەکەسی. ئازادی لە دیدی ریفۆرمستیەکاندا پەیوەستە بە بیرۆکەی (لێگەڕێ کار بکات)٣ و قوتابخانەی مانجستەر و قۆستنەوەی ژنان و مناڵان کە ئەوەیان بەرهەم هێنا کە بە زاراوە بە باق و بریقەکەی پێی دەوترێ (کێبڕکێی ئازاد ).
هەموو ئەم شتانە خراپە بوون پێویستیان بە دەستێوەردانی دەوڵەت هەبوو. لە ڕاستیدا بەهۆی ئەو خراپە گەورانەی کە هێشتا هەن دەستێوەردانی دەوڵەت و زیاد بوونی چاودێری گشتی (کە ناتوانم ڕادەی ئەو زیاد بوونە دیاری بکەم)، دوو شتی پێویستن بۆ ژیانی ئابووری کۆمەڵگا،
چ لەڕووی دابەشکردن و چ لە ڕووی بارودۆخی بەرهەمهێنانەوە.
لایەنێکی دیکە کە پێویستە یاساو سیستەم شوێنی ئاژاوە چێتی بگرێتەوە، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە. لەم کاتەی ئێستادا دەوڵەتێکی سەربەخۆ  ئازادییەکی تاواوی هەیە، کە تەنیا ملکەچی یاساکانی جەنگ دەبێت ئەگەر بمانەوێت ڕێگا لە هەڵگیرساندنی جەنگ بگرین، ئەوا پێویستە ئەم ئازادییە لە پەیوەندییە دەرەکییەکاندا کەم بکەنەوە.
بەڵام ئەگەر جیهانی خاوەنداریەتی مادیی تێپەڕێنین، دەبینین ئەو بەڵگەیەی کە پشتگیری چاودێری گشتی دەکات و بەپێویستی دەزانێت، نامێنێت و لەناو دەچێ، با لە ئاینەوە دەست پێبکەین چونکە ئایین لەو کاروبارانەیە کە نابێت دەوڵەت دەستی تێوەربدات. مرۆڤ، ئەگەر مەسیحی بێت یان یەهوودی یان موسوڵمان، مەسەلەیەکە پەیوەندی بە کۆمەڵگاوە نییە، مادامەکی ئەم تاکە ملکەچی یاساکانە کە پێویستە دەوڵەت ڕێگا بە ئایین نەدات دوای قوربانیدان لە مرۆڤ بکات، ئینگلیز لە هندستان ڕێگایان لە خۆکوشتنی بێوەژنان لەسەر تەرمی مێردەکەی گرت، سەرەڕای بنەمای دەستوەرنەدان لە دابونەریتە ئاینییە ناوچەییەکان. لەوانەیە ئینگلیز لەو ڕێگرتنەدا هەڵەیان کردبێت لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی ئەوروپییەکان هەمان ڕێگرییان دەکرد لە ڕاستیدا ناتوانین گومان لە پێویستی ڕێگرتن لەمکارانە بکەین، هەرچەندیش خوازیاری گشتاندنی تیۆری ئازادیی ئاینیی بین.
دەستێوەردان لەم کاروبارانە لە دەرەوە لەلایەن شارستانیەتێکی باڵاوە دەبێت بەڵام حاڵەتی زۆر باو و سەرنجڕاکێش دەستێوەردانی دەوڵەتی سەربەخۆ و شارستانییە لە کاروباری ئەو تاکانەی کە بڕوایان بە دەزگا و بیرو باوەڕی شارستانیتر هەیە دەوڵەت بەناوی داب و نەریتەکانەوە بەم دەستێوەردانە هەڵدەستێت.
ویستەر مارک دەڵێت: (هۆزەکانی نێۆێلزی باشور بەوە ڕاهاتبوون کە گۆستی یەکەم لەدایک بووی بورجی تەرازوو بخۆن وەک بەشێک لە ڕێ و ڕەسمی ئاتینی. دانیشتوانی شانشینی خای- مو لەە چین وا ڕاهاتبوون کە کوڕی گەورە سەرببڕن گۆشتەکەی بخۆن هەندێک لە هۆزەکانی کۆڵۆمبیای بەریتانی منداڵی نۆرەیان دەکرد بە قوربانی بۆ خۆر، بەڵام هندەکانی فلۆریدا دەیانکردن بە قوربانی بۆ بۆ سەرۆک)5. ئەم کتێبە چەندین لاپەڕەی تێدایە لەسەر ئەم نموونانە.
ئەم جۆرە دابو نەریتە لەناو ئێمەی میللەتە شارستانییەکاندا بونی نییە هۆزەکانی هندییە سورەکان لە فلۆریدا بەهەڵەدا چوون کە پێیان وابوو پادشاو نیشتیمان پێویستیان بە قوربانیکردنی منداڵە نۆبەرەکانی ئەوانە، بەڵام هەڵەکانی ئێمە لەم جۆرە هەڵانە نین لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی لەناو چوونی ئەم داب و نەریتە ئەفسانەییانە کارێکی سەرنجڕاکێشە، بۆ نموونە لای خای-مو کە دەسەڵاتی بیانی حکومی نەدەکرد. دەتوانین وێنای هەندێک لەو باوکانە بکەین کە خۆپەرستی سۆزی باوکایەتی پاڵی پێوەنان بۆ گومانکردن لە توڕەبوونی خۆر ئەگەر نۆبەرەکانیان نەکەن بە قوربانی. ئەم عەقڵانیەتە بە مەترسییەکی گەورە دانراوە وا دادەنرا کە بەرهەمی بەدەست هاتوو لەناو دەبات. بەدرێژایی چەندین نەوە ئەم ڕایە بەنهێنی لەلایەن کەسانێکەوە بەردەوامی پێدەدرا، کە نەیدەتوانی بە ئاشکرا بانگەشەی بۆ بکەن لە کۆتایدا هەندێ لە باوکان، بە هەڵاتن بێت یان بە خۆشاردنەوە، منداڵەکانیان لەم قوربانییە ڕزگار دەکرد ئەم جۆرە باوکانە وا سەیر دەکرێن، وەک ئەوەی ڕۆحی گشتیان لەدەست دابێت، لە ئەنجامیشدا بۆ هۆی چێژی تایبەتەوە (کە سۆزی باوکانەیە)، ڕوو بەڕووی مەترسی کۆمەڵگا دەبنەوە. بەڵام وردە وردە دەردەکەوێت کە دەوڵەت بە سەلامەتی ماوەتەوە و بەرهەمیش هیچ کەمی نەکردووە دواتر دەشێت بەهۆی چیرۆکێکی خەیاڵییەوە حکومی ئەوە بەسەر منداڵدا بدرێت کە بکرێت بە قوربانی بۆ کشتوکاڵ یان هەرکارێکی دیکە کە گرنگییەکی نیشتیمانی هەیە و سەرۆکی هۆز لە بەرامبەر بەرهەڵستیکردنەکەیان دەیسەپێنێ بەسەریاندا. بەڵام ئەرکی دەسەڵاتەکان هەرگیز ئاشکرا نییە دەسەڵاتەکان هەتا بڕوایان بە زەرورەتی ئەم قوربانیدانە هەبێت لە چەوساندنەوەی بارهەڵستی کارەکان بەردەوام دەبن، بەڵام ئەگەر ویژدانێکی ئینسانیان هەبێت ئەوا ئەگەر گۆمێنتی نەیارەکان تاوتوێ دەکەن و زیاتر توانای داننانیان دەبێت بەوەی کە دەشێت ئەم ئەرگۆمێنتانە ڕاست و دروست بن. پاشان بەوریاییەوە سەیری ناخی خۆیان دەکەن تا بزانن ئایا ڕکابەریەتی منداڵ کاریگەری دەخاتە سەر و بیروبۆچونیان یان حەزکردن لە دڵڕەقی؟ ئەوە بە بیر دەهێننەوە کە مێژووی خای -موو  دا ئەم بیرو باوەڕانە کە ئێستا بە نارەسەن پڕوپوچ دادەنرێت لە ژمارە بەدەر بوون لەگەل ئەوەش دا ئەوانەی کەلە کۆندا بەرهەڵستی ئەم قوربانیدانەیان کردووە، هەموویان ڕوو بەڕوی مەرگ دەبوونەوە لە کۆتایدا، سەرەڕای ئەوەی هەڵەکان هەڵەی باو بەربڵاون، دەرک دەکەن بەوەی کە بیرو باوەڕ تازەکان بە دەگمەن قبووڵ دەکرێن، مەگەر ئەوەی لە بیرو باوەڕەکانی پێش خۆیان نزیکتر بن لە حەقیقەتەوە. پاشان دەگەنە ئەو ئەنجامەی کە لەوانەیە بیرو باوەڕی تازە پێشکەوتوو بێت، یان لەوانەیە بڵاو نەبێتەوە ئەگەر هاتوو زیان بەخش بوو، هەموو ئەم هۆکارانە وا لە دەسەڵات دەکەن پێش ئەوەی پەنا بباتە بەر سزا، گومان بکات.

2
 لێکۆڵینەوە لە ڕابردووی کۆن و مرۆڤە باراییەکان ڕووناکی دەخەنە سەر کێشەو ئەوەمان بۆ ڕوون دەکەنەوە کە بیرووباوەرو داب و نەریتی هۆزەکان و نەتەوەکان تاڕادەیەک نا ڕەسەن و پڕووپوچ بوون زۆر سەختە خۆمان لە بیروباوەڕە نەریتیەکانی سەردەمەکەمان و نەتەوەکەمان ڕزگار بکەین، بەڵام زۆر سەخت نییە گەر کەمێک گومانیان لێبکەین، دادوەری پشکنینی کەنیسەی کاسۆلیکی کە مرۆڤیان بەدارەوە دەسوتاند، مرۆڤانە هەڵسوکەوتی دەکرد ئەگەر بیرو باوەڕێکی ڕاستی هەبووایە. بەڵام ئەگەر هەڵەیەک لە بیرو باوەڕەکەیدا هەبووایە، ئەوا زیاد لە پێویست دڵڕەقانە مامەڵەی دەکرد دەتوانین ئەم پەندە جوانە بهێنینەوە: بڕوا بە بیروباوەڕە نەریتیەکان مەکەن کە دەبنە هۆی کەوتنەوەی کارەسات، مەگەر ئەوەی ئەم بیرو ئەم بیرو باوەڕابە بەتەواوەتی ڕاست بن لە دیدی ئیگلیزێکەوە هەموو جیهان خراپە، ئەگەر ئەتوانێت بڵێت: (بەریتانیا حکومی دەریاکان دەکات)، لە دیدی  ئەڵمانیەکیشدا ئەگەر ئەتوانیت بڵێت ( ئەڵمانیا لە سەروو هەموانەوەیە) ئەوان ئامادەن لەپێناوی ئەم بڕوایەدا شارستانیەتی ئەوروپا وێران بکەن خۆئەگەر واڕێکەوت ئەم بیروباوەڕەیان هەڵەبوو ئەوکاتە دەبێت بەداخەوە بین بۆ چالاکییەکان.
یەکێک لەو ڕاستیانەی کە لەم نمونانەوە دەردەکەوێت، ئەوەیە کە نابێت هیچ ئاستەنگێک بخێتە بەردەم بیر و دەربڕینەوە یاخود دەربڕین و لێدوانی حەقیقەتێکەوە ئەم ڕێسایە بنچینەی هاوبەشی سەرجەم بیرمەندە لیبڕاڵیەکان بووە بە پارادکسێکی مەترسیدارکە خەڵک بەهۆیەوە ڕووبەڕووی ئازار و زیندان و برسێتی دەبنەوە لەبەر ئەم هۆیە ئەم ڕێسایە جێگای یاد هێنانەوەیە بنچینەکانی ئەم ڕێسایە هێندە ئاشکرا و ڕوونن ئەگەر بە گشتی فەرامۆش نەکرابان ئەوە لە دووبارە کردنەوەیان شەرمەزار دەبووم بەڵام لە ئەمڕۆ دا دووبارە کردنەوەیان شتێکی پێویستە.
مرۆڤ، کە بونەوەرێکی فانییە، ناتوانیت بگات بە حەقیقەتی ڕەهاو تەواو، بەڵام نزیک بوونەوەی پلە بە پلە لێی مەحال نییە، ئەو بابەتانەی کە پەیوەندییان بە بەرژەوەندی گشتییەوە هەیە لە هەرکات و کۆمەڵگەیەکدا بێت کۆدەنگییەک لەسەری هەیە هەموو ئەوانەش کە ڕایەکی تایبەتیان نیە لەبارەی ئەو مەسەلەیەوە نییە قبوڵی دەکەن هەر پرسیار کردنێک لەم کۆدەنگییەدا لەبەر چەند هۆکارێک دەبێتە هۆی سەر هەڵدانی دوژمنایەتی و چەوساندنەوە.
گرنگ ترین ئەم هۆکارانە غەریزەی مۆڵبەستنە کە تاڕادەیەک لە هەموو ئاژەڵەکاندا هەیە و هەندێک جار پاڵیان دەنێت بۆ کوشتنی هەر ئەندامێکی شازی ناو مێگەلەکە.
دوەمین هۆکاری گرنگ هەست کردنە بە ناسەقامگیری، کە دەرئەنجامی ناسەقامگیری، کە دەرئەنجامی گومان کردنە لە بیرو باوەڕەکانمان کە ماوەیەکی زۆرە ژیانمان بەڕێوە دەبەن، هەرکەسێک هەوڵی ئەوەی دابێت فەلسەفەی بێرکلی بۆ کەسێکی ئاسای شی بکاتەوە، بەڕوونی ئەم توڕەییە دەبینێت، کە لەم هەست کردن بە ناسەقامگیرییەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەوەی کە کەسە ئاساییەکە لە یەکەم ئاشنا بوونی بە فەلسەفەی (بیرکلی) وەری دەگرێت، گومانێکی ناڕەحەت و ماندوکەرە  لەوەدا کە هیچ شتێک بەرجەستە نییە، لەبەر ئەوە سەرکێشییە لەسەر کورسییەک دابنێشی و چاوەڕێ بکات زەوی ڕابگیرێت، ئەم گومانە ئاسودەکەر نییە بەڵکو ناڕەحەتکەرە، ئەمە ئەگەر هاتوو ئەو کەسانەمان ئاوارتە کرد، کە هەموو گفتوگۆکە بەقسەی قۆڕ و بێمانا
دازانن، بەهەمان شێوە هەرپرسیارێک یاخود گومانکردنیک لەو شتەی کە لە دێر زەمانەوە کۆڕایی و هاوڕایی دروست کردووە، هەست کردن بە سەقامگیری وێران دەکات و ترسێکی سەرسامکەر بەرهەم دەهێنێت.
هۆکاری سێیەم کەوا لە خەڵک دەکات ڕقیا لە بیرو بۆ چوونە تازەکان بێت، ئەوەیە کە بەرژەوەندییە پتە و تۆکمەکان بە بیرو باوەڕە کۆنەکانەوە بەستراون. دەشێت ململانێی دوورو درێژی کەنیسە و زانست هەر لەکاتی دەرکەوتنی (جیور دانۆ) هەتا (داروین) بگەڕێنەوە بۆ ئەم هۆکارانە. وەک چۆن دەشێت ترسان لە سۆسیالیزم لە ڕابردوویەکی دووردا بگێڕینەوە هەمان هۆکار، هەڵەیە گەر وا گریمان بکەین کە بەرژەوەندییە ژێگیر و تۆکمەکان سەرچاوەی سەرەکی توڕە بوونن لە هەر نوێکارێکی هزری، وەک چۆن ئەو کەسانەی کەلە هەموو شوێنێک بەدوای بەرژەوەندی پاڵنەرە ئابووریەکاندا دەگەڕێن، وا گرێمانیان کردووە گەر ئەمە ڕاست بوایە ئەوا پیشکەوتنی ڕۆشنبیری زۆر لەوە خێراتر دەبوو کە ئێستا هەیە، غەریزەی کۆبوونەوەو ترسان لە ناسەقامگیری و بەرژەوەندییە تۆکمەکان هەموویان پێکەوە دژی قبوڵکردنی هەر بیرۆکەیەکی تازەن، بیرکردنەوە لە بیرۆکەیەکی تازە زۆر سەخترە لەوەی چۆن وا لەم بیۆکەیە بکرێت قبوڵ بکرێت زۆربەی خەڵک ژیانیان لە بیرکردنەوەدا بەسەر دەبەن بەبێ ئەوەی شتێکی تەواو تازەو ڕەسەن بەرهەمبهێنن.
ئەگەری ئەوە نییە بەهۆی ئەم ئاستەنگانەوە هیچ کۆمەڵگایەک و لەهیچ کاتێکدا بەهۆی زۆری بیرو بۆچوونە تازەکانەوە توشی گرفت ببێت، لانی کەم ئەم ئەگەرانە، ئەگەرە لە کۆمەڵگای شارستانیدا کە تیایدا هەلو مەرجەکانی ژیان لە گۆڕانێکی خێراو بەردەوامدان، بۆ ئەوەی کۆمەڵگاش بونیاد بنرێتەوە پێویستە گۆڕانێکی هاوتەریب لە تێڕوانینی ڕۆشنبیریدا ڕووبدات دەبێت هەوڵبدرێت بۆ هاندانی دەربڕینی بیروباوەڕە تازەکان نەک چەپاندنیان. بەڵام بارودەخەکە تەواو پێچەوانەیە هەرلە منداڵییەوە هەتا پیریەتی هەموو شتێک ڕێک دەخرێت بۆ ئەوەی ئەقڵی ژنان و پیاوان دابخرێت و لەگەڵ نەریتەکاندا بگونجێن. خۆ ئەگەر بە ڕێکەوت تروسکەیەک خەیاڵ مایەوە ئەوا خاوەنی ئەو خەیاڵانە بە مەترسییەکی گەورەی هەمیشەیی دادەنرێن کە شایەنی هیچ شتێک نین جگە لە ڕیسوا کردن لە ئاشتیدا و زیندانیکردن و مردن وەک ناپاکێک لەکاتی جەنگدا لەگەڵ ئەوەشدا ئەو جۆرە پیاوانەن کە جیهان وەک ڕزگارکەر و ڕیفۆرمستی خۆی دەیناسێت و لە پاش مردنیان ڕێزێکی زۆریان لێدەگیرێت.
نابێت جیهانی فکر و بۆچوون بخرێتە ژێر سیستەمی چاودێری گشتییەوە بەڵکو پێویستە جیهانێکی ئازاد بێت بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی کە هۆشیارن دەزانن ئەوانی دیکە بڕوایان بەچی هێناوە. پاساو بۆ حکومەت دەهێننەوە سیستەمی پەروەردەکردنی منداڵان دەسەپێنن، بەڵام هیچ پاساوێک ناهێننەوە بۆئەوەی کە سیستەمی پەروەردە بەگوێرەی پلانێکی دیاریکراو ئاڕاستە بکرێت بۆ بەرهەمهێنانی هاوشێوەیی لە عەقڵەکاندا. بەغشتی هەریەکە لە پەروەردەو ژیانی عەقڵی لەو مەسەلانەن کە بۆ دەست پێشخەری تاکەکەسی پێویستن پێویستە ئەرکی دەوڵەت لەسەتاوە تاکۆتایی سوربوون بێت لەسەر جۆرێکی دیاریکراوی پەروەردە خۆئەگەر گونجاو بوو جۆرێک بێت کە سەربەخۆیی زینی بەرهەمبهێنێت. نەک ئەوەی بە شێوەیەک بیت کە لەگەڵ لایەنگری فەرمانبەرە حکومیەکاندا بگونجێ.

3
مەسەلەکانی ئەخلاقی کردەیی کێشەی زۆر ئالۆزترو قورستر دەوروژێنێت لە کێشەی ڕاو بۆ چوون، پیاوکوژەکان بە تەواوەتی بڕوایان بەوەیە کە ئەرکی ئەوان کوشتنە بەڵام حکومەت ڕێگا بەمە نادات خاوەن ویژدانەکان ڕایەکی پێچەوانەی ڕای پیاوکوژەکانیان هەیە، دیسان حکومەت ڕێگا بەمەش نادات. کوشتن یەکێکە لەو ئیمتیازەکانی دەوڵەت، کوشتن بە تاوان دادەنرێت ئەگەر هاتوو ئەوکوشتنە پێویست نەبوو بەڵام ئەگەر پێویست بوو ئەوا بە تاوان دادەنرێت دزیکردنیش دەچێتە هامن چوار چێوەوە، ئەمە ئەگەر هاتوو لە چوار چێوەیەکی فراواندا نەبێت، یاخود کەسێکی دەوڵەمەند بیکات.
پیاوکوژەکان و دزەکان لە مامەڵکردن لەگەڵ دراوسێکانیان هێز باکار دەهێنن. ئێمە بە ئاشکرا دوپاتی دەکەینەوە کە پێویستە ڕێگا نەدرێت تاکەکان هێز بەکار بهێنن تەنانەت ئەگەر پاڵنەری باکارهێنانەکە شەریفانە بێت تەنها لە هەندێ حاڵەتی ئاسایدا نەبێت، بەڵام ئەم بنەمایە نابێت بە پاساو بۆ ناچارکردنی خەڵک بەبەکار هێنانی هێز بەفەرمانی دەوڵەت، بەتایبەتی ئەگەر هاتوو ئەوان بڕوایان بەوە نەبوو کە بەکارهێنانەکە پاساوی خۆی هەیە بەم پێەش سزادانی بەرهەڵستکارە هۆشیارەکان دەست درێژی کردنە بۆسەر ئازادی تاکە کەسی لە بوارە شەرعییەکاندا. بەبێ هیچ پرسیارو گومانێک دەوڵەت مافی ئەوەی هەییە هەندێک لە لادانە سیکسییەکان سزا بدات. هیچ کەسێک گومانی نیە لەوەی مۆرمۆنەکان 6  بەوپەڕی
قەناعەتەوە فرە ژنی بەکارێکی خوازراو (desirable) دەزانن، بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکان داوی لێکردین دەستبەداری ڕەوایەتی پێدانی ئەو کردارەیانبن هەر دەوڵەتێکی دیکەش کە بروای بە ئاینی مەسیحی هەبێت ئەم قەدەغەکردنەش دەسەپێنێت من پێم وانییە ئەم قەدەعەکردنە حەکیمانە بوبێت، چونکە فرەژنی لە هەموو جیهاندا لەڕووی یاساییەوە ڕەواو ڕێگە پێدراوە و ژمارەیەکی کەمی خەڵک مومارەسەی ئەم حاڵەتە دەکەن، جگە لە سەرکردە دەسەڵات دارەکان، ئەگەر ئەم عادەتە عیب بوایە ئەوەی ئەوروپییەکان بەغشتی پەیان وایە،ئەوا دوور نەبوو مۆرمۆنەکان وازیان لێبهێنایە، جگە لە کەمینەیەک کە بارودۆخی تایبەتی خۆیان هەیە.
لەلایەکی دیکەوە ئەگەر سەلمێنرا ئەم ئەزموونە ئەزموونێکی سەرکەوتوو سود بەخشە، ئەوا جیهان مەعریفەتێکی بەدەست دەهێنا کە لە ئێستادا بەدەست هێنانی سەختە من پێم وایە لە هەموو ئەم حاڵەتانەدا پێویستە یاسا کاتێک خۆی هەڵقورتێنێ کە زیان لە کەسێک دەکەوێت، بەبێ ئەوەی ئەو کەسە ڕەزامەند بوبێت لەسەر ئەو زیانەی کە لێی کەوتووە ئاشکرایە کە ژنان و پیاوان ڕێگە نادەن دەوڵەت هاوسەرەکانیان بۆ دیاری بکەن هەرچەندە زانایانی جینناسی پشتگیری بیرۆکەکە بکەن لەم حاڵەتەدا دەردەکەوێت ڕای گشتی لەسەر حەقە، نەک لەبەر ئەوەی حەکیمانە هەڵبژێرن، بەڵکو لەبەر ئەوەی هەڵبژاردنی خۆیان باشترە لە ڕێگایەکی سەپێنراو، ئەوەی کە بۆ هاوسەرگیری ڕاستە، بۆ کارو پیشەش ڕاستە. ئەگەرچی هەندێک کەس جۆرێکی دیاریکراوی کار پەسەند ناکەن بەڵام زۆرینەی خەڵک جۆرێکی دیاریکراوی کار بەسەر جۆرەکانی دیکەدا پەسەند دەکەن و زیاتر سودمەند دەبن ئەگەر کارێک بکەن کە خۆیان هەڵی ببژێرن، نەک ئەوەی دەسەڵاتی گشتی خۆی هەڵقورتێنێ و جۆرێکی تایبەتی کار بسەپێنێ بەسەریاندا.
ڕەنگە ئەو حاڵەتانەی کە مرۆڤ سوور دەبێت لەسەر کردنی جۆرێکی دیاریکراوی کار، سەیر و ناباو بێت بەڵام سەرەڕای سەیر و ناباویەکەی گرنگی خۆی هەیە، چونکە ئەم حاڵەتانە هەندێک کەسی زۆر گرنگ دەگرێتەوە، یان بەمانایەکی دیکە ئاماژە بۆ بونی تاک گەرای دەکات نموونەی ئەو کەسانە جان دارک7 و فلۆرەنس نایتنگەیلە8، هەریەک لەوان بۆ پڕکردنەوەی ئەم جۆرە هەستە ڕووبەڕووی کۆمەڵگاکانیان بوونەوە ڕیفۆرمیستان و شۆڕشگێڕانی وەک مازینی  9 و زۆرێک لە پیاوانی گەورەی مێژوو لەم جۆرە کەسانەن لەم حاڵەتانەدا قەناعەتی تاکەکەسی جێگای ڕێزە، تەنانەت ئەگەر پاساوی ڕێزگرتنەکە زۆر ڕوون نەبێت ملکەچبوون بۆ ئەم پاڵنەرە زیانی لێناکەوێتەوە، بەڵکو لەوانەیە چاکەیەکی گەورەش بەرهەمبهێنێت سەختی پرۆسەکەش جیاکاریکردنە لەنێوان ئەم پاڵنەرانەو ئەو حەزانەی کە سیمای هاوشێوە بەرهەم دەهێنن. زۆر لەگەننجان حەزدەکەن ببن بە نووسەر بەبێ ئەوەی پاڵنەری ناوەکییان هەبێت بۆ نووسینی جۆرێکی دیاریکراوی نووسین، یاخود دەیانەوێت ببن بە وێنەکێش بەبێ ئەوەی پاڵنەرێکیان هەبێت بۆ کێشانی وێنەیەکی دیارییکراو. لەڕاستیدا بە ئەزموونێکی سادە و جیاوازییەکانی نێوان پاڵنەری ڕاستەقینە و ثاڵنەری ڕووکەش دەردەکەون. ملکەچبوون بۆ پاڵنەری ڕووکەش دەردەکەون، ملکەچبوون بۆ پاڵنەری ڕووکەش بەشێوەیەکی کاتی زیانی کەمترە لە چەپاندنی پاڵنەری ڕاستەقینە، مرۆڤی ئاسای مەیلی بەلای چەپاندنی پاڵنەری ڕاستەقینەدا هەیە، چونکە پێی وایە ئەم پاڵنەرە ئاژاوە گێرو نا ئاقڵانەیە، زۆر سەختە ئەم جۆرە پاڵنەرە لە ئایندەدا بە شێوەیەکی جوان دەربکەوێت.      
ئەوەی کە بەڕوونی لە ژیانی کەسێتییە گەورەکاندا ڕاستە، بۆ هەر تاکێک کە خاوەنی هێز یان توانای ژیانە، ڕاستە، بەڵام بە پلەیەکی کەمتر. پاڵنەرێک هەیە کە پاڵ بە مرۆڤەوە دەنێت بۆ ئەنجامدانی جۆرێک چالاکی کە لە سەردەمی گەنجیەتیدا زۆر ڕوون نیە، بەڵام بە پلەیەکی کەمتر. پاڵنەرێک هەیە کە پاڵ بە مرۆڤەوە دەنێت بۆ ئەنجامدانی جۆرێک چالاکی کە لەسەردەمی گەنجیەتیدا زۆر ڕوون نییە بەڵام پلە بە پلە لەژێر کاریگەری پەروەردەو دەرفەتە ڕەخسێنراوەکاندا گەشە دەکات. لەبەر ئەوە پێویستە جیاوازی بکەین لەنێوان پاڵنەری ڕاستەوخۆی چالاکییەکی دیاریکراو و نێوان ئارەزووکردنی ئەنجامە چاوەڕێکراوەکانی ئەم چالاکییە ڕەنگە گەنجێک ئارەزووی بردنەوەی خەڵاتی کارێک بکات، بەبێ ئەوەی هیچ پاڵنەرێکی سروشتی هەبێت بۆ ئەو کارەی کە خەڵاتەکەی ڤۆ دانراوە ئەو کەسانەی کە بەکردەیی شتێکی گەورە دەستەبەر دەکەن و لەوانەیە خوازیاری بردنەوەی خەڵاتەکان بن، هەمیشە لە سروشتیاندا کۆمەڵێک پاڵنەرێک هەن، کە وایان لێ دەکات ڕێگەیەکی دیاریکراو هەڵبژێرن بۆ بەدیهێنانی ئاواتەکانیان، ئەم پاڵنەرە هونەرییە (کە دەبێت ئەم ناوەی لێبنێن) گرنگییەکی لە ڕادەبەدەری هەیە بۆ تاک و بۆ جیهانیش ڕێز گرتنی ئەم پاڵنەرە لای خۆمان و لای خەڵکانی تریش دەبێتە هۆی باشترکردنی ژیانی ٪٩٠ ی دانیشتوانی جیهان.                                                                                    
ئەم پاڵنەرە هێندە ناسکە، کە وێرانکردن و شکاندنی زۆر ئاسانە باوکان و دایکان و مامۆستایان بە زۆری دژی ئەم پاڵنەرەن. سیستەمە ئابووریەکەشمان ئەم پاڵنەرە لای کوڕان و کچانی گەنج تێکدەشکێنێت بەتەواوی مانای تێکشکاندن. لە ئەنجامی ئەمەشدا مرۆڤەکان لەوە دەکەون تاکە کەسی جیاوازبن، یان پارێزگاری لە کەرامەتی تاکە کەسیانەی خۆیان بکەن کە مافێکی سروشتی و بێ ئەملاو لای خۆیانە. بە ڵکو لە بەرامبەردا دەبن بە ئامێرێکی پیشەسازی دەستەمۆکراو کە بۆ دەستەڵاتی بیرۆکراتی گونجاون و دەتوانرێت بەیارمەتی زانستی ئامار بە ئاسانی پۆلێن بکرێن، ئەمەیە خراپەی بنەڕەتی کە دەرئەنجامی نەبوونی ئازادییە، خراپەیەک هەتا دانیشتوان زیاد ببێت و سیستەمی ئامێری فراوان بێت، زیاتر بڵاو دەبێتەوە.                                       
ئەو شتانەی کە مرۆڤ ئارەزویان دەکات زۆر جیاوازن، لەوانەش سەرسامی خۆشەویستی، هاوسۆزی، هێزو دەسەڵات ئاسایش، ئاسانی، دەرچەکانی وزەو چالاکی. بەڵام ئەم چەمکە ئەبستراکتانە نابن بەهۆی ئەوەی کە تاکێکی دیاریکراو جیاواز بێت لەوانی دیکە هەر کاتێک کە دەڕۆم بۆ باخچەی ئاژەڵان، ڕووبەڕووی حەقیقەتێک دەبمەوە، ئەوەش ئەوەیە کە لەقلەق کۆمەڵێک تایبەتمەندی و مۆرکی هەیە کە لە توتی و نەعامەی جیادەکاتەوە.                            
قورسترین شت ئەوەیەبە وشە گوزارشت لەم سیفەتە بکەین. لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە وا هەست دەکەین کە ئەوەی ئاژەڵێک لەم ئاژەڵانە دەکەین، ئەم سیفەتە دیاریکراوە کە تاکێکی ئاژەڵەکە دروست دەکات و لە چاودێریکردنی ئاژەڵە جیاوازەکاندا دڵخۆشمان دەکات ئەگەر مرۆڤ کاریگەری ئابووری و سیاسی نەکەوێتە سەرو کۆتی نەکەن، هەمان تایبەتمەندی تاکەکەسی خۆی هەیە کە ناتوانیت بەبێ ئەو تایبەتمەندیانە شتێکی گرنگ دەستەبەر بکات، یاخود پارێزگاری لە کەرامەتە تاکەکەسیەکەی بکات، کە شتێکی سروشتییە لە هەموو مرۆڤێکدا ئەم تاکە کەسیە جیاوازەیە کە هونەرمەند، جا ئەگەر وێنەیەکیش بێت یان نووسەر، عاشقی دەبێت، ئەگەرچی ئەم سیفەتە لە هونەرمەند یا هەر مرۆڤێکی داهێنەری دیکەدا زیاترە لە کەسانی ئاسایی. ئەو کۆمەڵگایە کە ئەم سیفەتە تێکدەشکێنێ جا ئیتر بەمەبەست بێت یان ڕێکەوت بێت، پاش ماوەیەکی کەم هەموو نیشانەکانی ژیان لە دەست دەدات و دەبێت بە کۆمەڵگای یەکی نەریتی.... کۆمەڵگایەک کە ناتوانین تەمەنای پێشکەوتنی بکەین... کۆمەڵگایەک کە هیچ ئامانجی نییە لە بوونی لەبەر ئەوەش پێویستە پارێزگاریکردن لەم پاڵنەرە بەهێزکردنی ئامانجی یەکەمی سەرجەم دامەزراوە سیاسیەکان بێت.                                                                          
ئێستا بە هەندێ بنەمای گشتی گەیشتن سەبارەت بە ئازادی تاکە کەسی و چاودێری گشتی دەکرێت پاڵنەرە مرۆییەکان بۆ دوو بەش دابەش بکرێن: پاڵنەری خاوەنداریەێتی و پاڵنەری داهێنەرانە یاخود بونیاد نەرانە دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان پۆشاک یاخود بەرجەستەکەری پالنەرەکانن، کە دەکرێت بەپێی ئەو پاڵنەرانەی کە بەرجەستەی دەکەن، پۆڵین بکرێن موڵک گوزارشتێکی ڕاستەوخۆیە لە خاوەنداریەتی، لە کاتێکدا هونەرو زانست لە ڕیزی ئەو پاڵنەرانەن کە گوزارشتێکی ڕاستەوخۆ لە داهێنەرێتی دەکەن، خاوەندارێتی یان بەرگریکارانەیە، یان دوژمنکارانەیە، یان موڵک لە دزەکان دەپارێزێت، یان دەیەوێت بەدەستی بهێنێت، لە هەردوو حاڵەتەکەدا هەڵوێستی دوژمنکارانە بارامبەر ئەوانی تر پێکهێنەرێکی بنەڕەتی. لەوانەیە بەهەڵەدا بچین ئەگەر پێمان وابێت خاوەندارێتی بەرگریکارانە هەمیشە لەسەر حەق و دادوەرانەیە، لە کاتێکدا وا دابنێین کە خاوەنداریتی دوژمنکارانە هەمیشە جێگای سەرزەنشتکردنە. لەهەر شوێنێکدا نادادپەروەری زۆر لە بارودۆخی باودا هەبوو، ئەوا پێچەوانەکەی تەواو ڕاستە بەڵام لە بارودۆخی ئاسایدا کامێکیان پاساو هەڵناگرن غەریزەی خاوەندارێتی دەستوەردانی دەوڵەتی لە چالاکی تاکەکان کردووە بە شتێکت پێویست. دەشێت بە بەکارهێنانی هێز هەندێ کەرەستەو کاڵا بەدەست بهێنرێت، بەڵام هەندێ کەرەستەی دیکە هەن کە بەهێز پەیدا نابن، دەشێت بەهۆی هێزەوە ژن بە دەستبهێنرێت ( وەک ئەوەی ڕۆمانەکان ژنە  کۆیلەکان بەدەست دەهێنا، بەڵام مەحاڵە بە بەکارهێنانی هیز و هەست و سۆزیان بەدەست بهێنرێت. لەگەڵ ئەوەشدا هیچ بەڵگەیەک نییە ئاماژە بکات بۆ ئەوەی ئایا ڕۆمانەکان خوازیاری هەست و سۆزی ژنە دیلەکانیان بوون یان نا).                        
ئەوانەی کە ویستی سروشتییان بۆ بەدەست هێنان بەهێزە، بەگشتی مەیلیان بەلای ئەوەدا هەیە گرنگی بەو کاڵایانە بدەن کە هێز دابینیان دەکات. سەرجەم کاڵا مادییەکان تا ڕادەیەک دەچنە هەمان خانەوە. ئازادی، بەنسبەت ئەم کاڵا یانەوە، ئەگەر کۆت نەکرێت، بەهێز دەوڵەمەند داکات و لاواز هەژار دەکات. یاسا لە کۆمەڵگایەکی سەرمایەداریدا مرۆڤە فێڵ بازەکان دەوڵەمەند داەکات و مرۆڤە شەریفەکانیش هەژار دەکات چونکە هێزی دەوڵەت بەگوێری فەرمانێکی تەقلیدی دەخرێنە ژێر دەست مرۆڤەوە نەک بەگوێرەی بنەما گەلێکی داد پەروەرانە و عەقڵیانە. ئەم دەسەڵات پێدانەش جگە لە تەفسیرێکی مێژووویی پەتی هیچ تەفسیرێکی دیکە هەڵناگرێت.     
لە هەموو ئەو شتانەدا کە تایبەتن بە خاوەندارێتی و بەکارهێنانی هێز، ئازادی ڕەها ئاژاوەو ستەم لەخۆ دەگرێت. لە ئێستادا تاکەکان ئازاد نین لە کوشتن و دزیکردن و فریوداندا، بەڵکو ئێستا ئەم ئازادییانە تایبەتن بە دەوڵەتە مەزنەکان و بەناوی نیشتیمان پەروەرییەوە پیادە دەکرێن نابێت نە دەوڵەت و نەتاکەکان ئازادبن لە بەکارهێنانی هێزدا بە ئارەزووی خۆیان تەنیا لەو حاڵەتە کتوپڕابەدا نەبێت، یاسا ڕێگای بەکارهێنانی دەدات. هۆی ئەمە ئەوەیە کە باکارهێنانی هێز لەلایەن تاکێکەوە دژ بە تاکێکی دیکە هەمیشە هەردوو لایەنەوە خراپەی لێدەکەوێتەوە. تەنیا دەبێت لەو کاتەدا ڕێپێدراو بێت کە بە دەرئەنجامێکی چاکی کاریگەر قەرەبوو دەکرێتەوە. لە پێناو کەمکردنەوەی بڕی هێزی بەکارهێنراو، پێویستە دەسەلاتێکی گشتی کاریگەر هەبێت و ئەرکەکەی چاندنی ئەم بەکارهێنانە تایبەتەی هێز بێت خراپ بەکارهێنانی هێز لەلایەن تاکەکانەوە کەم بکاتەوە بەکارهێنانی هێز فۆرمی تایبەت وەردەگرێت ئەگەر لایەنە بەرژەوەندیدارەکان یان هاوڕێیانی لەیەنە بەرژەوەندیدارەکان یاخود لەلایەن هاوتاوانی لایەنە بەرژەوەندیدارەکانەوە بەکار هێنرا، نەل لەلایەن دەسەڵاتی بێلایەنی گشتییەوە کە بەگوێرەی یاسا بەکاری دەهێنێ و ئامانجی بەکارهێنانیشی لە پیناوی بەرژەوەنی گشتیدایە.                      
سیستمی خاوەندارێتی تایبەت کە ئێستا لە سایەیدا دەژین، هەوڵێکی ئەوتۆی نەداوە بۆ کۆتکردنی بەکارهێنانی تایبەتی هێز. بۆنموونە ئەگەر کەسێک پارچەیەک زەوی هەبێت لەوانەیە هێز بەکار بهێنێت لەگەڵ هەموو ئەو کەسانەی کە سنوری زەویەکەی دەبەزێنن بەبێ ئەوەی سنور بەزێنەکە مافی بەکارهێنانی هێزی هەبێت دژی خاوەن هێزەکە. ئاشکرایە هەندێک جار کۆتوبەند کردنی ئازادیی پەڕینەوە بەسەر زەویدا لەپێناوی کشتوکاڵدا پێویستە، بەڵام ئەگەر جێبەجێکردنی ئەم ئەرکەمان سپاردە دەست کەسی خاوەن موڵک، ئەوا پێویستە دەوڵەت قەناعەت بێنێت بەوەی کە ئەو زەویەی کەسەکە بەکاریدەهێنێت، زیاتر نەبێت لەو خزمەتە گشتییەی کە پیشکەشی کۆمەڵگای دەکات پشکی لە بەرهەمهێنانی زەوی زیاتر نەبێت لەو پاداشتە دادپەروەریانەی کەبە کرێکارانی دەدات تەنیا کەمێک نەبێت ڕەنگە تەنیا ڕێگای دەستەبەرکردنی ئەم ئامانجانە ئەوە بێت چونکە موڵک دارەکان و سەرمایەدارەکان  دەتوانن بەیارمەتی فشاری ئابووری ئەم هێزە بەکاربهێنن دژی ئەو کەسەی کە هیچی نییە یاساش ڕێگا بەم خراپ بەکار هێنانەی هیز دەدات بەلام ئەو هێزەی کە هەژار دژی دەوڵەمەند بەکاریدەهێنن بە نایاسایی و ناڕەوا دادەنرێت ئەم بارودۆخە نادادپەروەرانەیەو بەهیچ شێوەیەک بەکارهێنانی هێز کەم ناکاتەوە، کەپێویستە کەمی بکاتەوە لە جیهانی پاڵنەرە خاوەنداریەتییەکاندا کە شتەکان بەکارهێنانی هێز دەکەن بە شتێکی پێویست، پێویستمان بە دەسەڵاتێکی گشتی بێلایەن هەیە کە لە بارژەوەندی ئازادی و دادپەروەریدا بێت، ئەو دەستەڵاتەش دەوڵەتە خۆ ئەگەر بمانەوێت ئاژاوەی نێودەوڵەتی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بنەبڕ بکەین ئەوا پێویستمان بە بونیادنانی پەرلەمانێکی نێودەوڵەتی هەیە.
پێویستە ئەو پاڵنەرانەی کە لە پشت چاودێری گشتییەوەن، لە هەوڵی زیادکردن و فاراوانکردنی سنورەکانی ئازادیدابن، جارێک بە ڕێگا گرتن لە ستەمکاری تاکەکەسی و جارێکی تر بە ئازادکردنی پاڵنەرە داهێنەرانەکان بۆ ئەوەی زیانی چاودێری گشتی لە سودەکانی زیاتر نەبێت پێویستە زۆرترین ئازادی بە دەستپێشخەری تاکەکەسی بدرێت لە هەموو ئەو شتانەدا کە هێزی تێدا بەکار ناهێنرێت زۆربەی دەوڵەتان لەمەودوا زۆر بەخراپی تێکشکان و هیچ بەڵگەیەکیش نییە کە ئاماژە بێت بۆ چاکبوونەوەیان.                
پاڵنەرە خاوەندارێتییەکان، هەمیشە ڕووەو ئەو ئامانجە هەنگاو دەنێن، کە بردنەوەو سودی کەسێک نابێتە هۆی زیانکردنی ئەوانی دیکە ئە کەسەی کە دۆزینەوەیەکی زانستی ئەنجام دەدات، یان ئەوەی کە شعرێک دەنووسێت، زیادەیەک دەخاتە سەر سامانی ئەوانی دیکە بەهەمان ئەو شێوەیەی کە سامانی خۆی زیاد دەکات هەر زیادەیەک لە مەعریفە یان هونەردا سودی بۆ ئەو کەسانە هەیە کە دەکەونە ژێر کاریگەری مەعریفە یان هونەرەکەوە نەک تەنیا سودی بۆ خاوەن ڕاستەقینەکانی هەبێت ئەو کەسانەی هەست بە چێژی ژیان دەکەن مایەی بەختەوەرین بۆ ئەوانی دیکەش بەهەمان شێوە کە مایەی بەختەوەریی خۆیانن هێز ناتوانێت ئەم شتانە بەرهەم بهێنێت بەڵام دەتوانێت وێرانیان بکات مەحاڵە هیچ یاسا یان بنەمایەک دابنرێت بۆ بڵاوکردنەوەیان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە چونکە سودی هەر کەسێک یەکسانە بە سودی هەموان، لەبەر هەموو ئەم هۆیانە پێویستە لایەنی داهێنەریەتی لەهەرکاتێکدا بەتەواوەتی ئازاد بێت لە چاودێری گشتی بۆ ئەوەی بە خۆڕسکی و بەهێزی بمێنێتەوە.                                                 
ئەرکی دەوڵەت بەرامبەر ئەم لایەنەی ژیانی تاکەکان بریتییە لە کارکردن بۆ ڕەخساندنی دەرفەت و دەرچەی پێویست.                                                                       
ژیان دووڕەی هەیە: ڕوویەک کۆـەڵگا دەیبات بەڕێوە ڕووەکەی دیکە دەستپێشخەری تاکە کەسی دەیبات بەڕێوە ئەو ڕووەی کە دەستپێشخەری تاکەکەسی دەیبات بەڕێوە گرنگترین ڕووی ژیانی تاکە مەزنەکان و بلیمەتەکان و بیرمەندانە.                                                      
ئەم ڕووە دەبێت کۆت بکرێت ئەگەر دڕندە بوو، ئەگەرنا، ئەوا هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی تا ڕادەی پێویست بە هێز و چالاکی بکەین. ئامانجی پەروەردە ئەوە نیە کە وا لەتاکەکان بکات هەموویان وەک یەک بیر بکەنەوە بەڵکو ئەوە وایان لێبکات بە شێوازێک بیر بکەنەوە، کە گوزارشتێکی تەواو لە کەسیەتییەکەیان بکات پێویستە مرۆڤەکان ئەو کارە هەڵبژێرن کە سەرنجیان ڕادەکێشێ ئەگەر پارە کۆکردنەوە سەرنجیان ڕانەکێشێ ئەوا ئازادی ئەوەیان هەیە کارێکی کەم بکەن لە بەرامبەر کرێیەکی کەمداو کاتی دەستبەتاڵی بەو شوێوەیە بەسەر ببەن، کە خۆیان ئارەزووی دەکەن. هاوکات دەبێت هەموو چاودێریکردنێکی ئازادی بیرکردنەوە یان بڵاوکردنەوەی مەعریفە بپوکێتەوە لەناوبچێت.                                                            
جیهانی ئێشتا بەبوونی ڕێکخراوە سیاسی و ئابوورییە گەورەکان جیادەکرێتەوە و دەناسرێتەوە ئەم ڕێکخراوانە دەستەڵاتێکی گەورەیان هەیە، کە زۆر جار بۆ سستکردنی ڕەسەنایەتی و فیکر و چالاکی بەکاریانهێناوە، ئەوان بە پێچەوانەوە دەبوو زۆرترین ئازادی بە تاکەکان بدەن کە ئاژاوەو پێکدادانی لێناکەوێتەوە. نابێت دەست وەربدەنە ژیانی مرۆڤ، مەگەر ئەوەی دەستێوەردانەکە پەیوەست بێت بە ئامانجە سیسیەکانی چاودێری گشتییەوە، وەک خاوەندارێەتی و بەکارهێنانی هێز وەک چۆن پێویستە بڕیکی زۆری دەسەڵاتەکەی بسپێرێت بەتاکەکان و گروپە بچوکەکان. ئەگەر ئەمە دەستەبەر نەبێت، ئەوا بەرپرسانی ڕێکخراوەکان بەهۆی راهاتن و خۆگرتن بە دەسەڵات دەبن بە ستەمکار و لەهەر کاتێک دا کە بۆیان بلوێت، دەست پێشخەری تاکەکەسی وێران دەکەن ئەو کێشەیەی کە ڕووبەڕووی جیهانی مۆدێرن دەبێتەوە، گرێدانەوەی دەستپێشخەری تاکەکەسی بەزیادبوونی بەردەوامی قەبارە و مەودای ڕێکخراوەکانەوە هەتا ئەم کێشەیە چارەسەر نەکرێت، پڕبوونی تاکەکانلەژیان و هێزی چاکە لە ئاستێکی لاوازدا دەبێت و ملکەچبوون بۆ بارودۆخە بەسەردا سەپێنراوەکانیان زیاد دەکات.                          
کۆمەڵگایەک کەلەم جۆرە کەسانە پێکدێت، ناتوانێت پێشکەوێت و زیادەیەک بخاتە سەر کەلەپووری عەقڵی و ڕۆحیی جیهان. پێشکەوتن و دەوڵەمەندبوونی کەلەپووری عەقڵی و ڕۆحی پێویستیان بە ئازادی تاکەکەسی و هاندانی دەستپێشخەری و داهێنان هەیە. ئەو کەسانەی کە بەرەنگاری دەسەڵات دەبنەوە کاتێک کە هێرش دەکاتە سەر ئازادی و سەربەخۆیی تاکەکەسی                         
خزمەتێکی گەورە پێشکەش بە کۆمەڵگا دەکەن، تەنانەت کۆمەڵگا بە چاوێکی سوکەوە سەیری ئەم خزمەتە بکات. لە ڕابردوودا دان بە ڕاستیی ئەم بیرۆکەیەدا نراوە، بەنسبەت ئێستاو داهاتوشەوە ئەم بیرۆکەیە هەر ڕاستە.    
                                                              
پەراوێزەکان 
١- بگەڕێوە بۆ کتێبی (بنەما و پەرەسەندنی فکرە ئەخلاقیەکان). چاپی دووەم، بەرگی یەکەم. لا  ١١٩
٢- هەمان سەرچاوەی پێشوو.                                                               
٣- بیرۆکەی لێگەڕێ کاربکات: ئەو سیاسەتە کە پشتگیری کەمترین دەستێوەردانی حکومەت دەکات لە کارووباری تاکەکان و کۆمەڵگا ئەم سیاسەتە لە لایەن فیزیۆکراتەکان و ئادەم سمیس و جۆن ستیوارت میلەوە پشتگیریەکی زۆری لێکرا. لە کۆتای سەدەی نۆزدەدا ئەم ڕووە کاڵبوونەوە ڕۆشت کاتێک کە نەی توانی ڕووبەڕووی کێشەی بە پیشەسازی کردن بێتەوە. (و.ک).                     
٤- قوتابخانەی مانچستەر: قوتابخانەیەکی سیاسی و ئابوورییە لەلایەن ریچارد کۆدبن و برایتەوە سەرۆکایەتی دەکرا، کە لە کۆبوونەوەکانی ژووری بازرگانی مانجستەرەوە لە ساڵی ١٨٢٠ سەریهەڵداوە لە ناوەراستی ەدەی نۆزدەدا دەستی بەسەر حیزبی لیبراڵی بەریتانیادا گرت.      
شوێنکەوتوانی ئەم قوتابخانەیە بڕوایان بە سیستەمی ٠(لێگەڕێ کاربکات) هەیە وەک بازرگانی ئازاد، پێشبڕکێی ئازاد و ئازادی گرێبەست. شوێنکەوتووانی ئەم قوتابخانەیە دەیانویست بزنسمانبن نەک تەنیا تیرۆرست. (و.ک).                                                   
٥- هەمان سەرچاوەی پێشوو. لاپەرە ٤٥٩.                                                       
٦- مۆرمۆنەکان تایفەیەکی مەسیحی ئەمەریکین کە ڕێگا بە فرە ژنی دەدەن.                        
٧- جان دارک: ژنە قارەمانی نەتەوەیی فەرەنسی، چەند جارێک بەشداری کردووە لە شۆڕشە ڕزگاریخوازەکانی فەرەنسا دژ بە هەوڵە داگیرکاریەکانی بەریتانیا.                             
بیرگەندییەکان لە ساڵی ١٤٣٠ گرتیان و تەسلیمی دەستی حکومەتی بەریتانیایان کرد. پاشان بەتاوانی ئیلهامی خوایی سوتێنرا. (و.ک)                                                   
٨- فلۆرەنس نایتنگەیل: پەرستارێکی بەریتانی بەڕەگەز ئیتاڵییەو دۆزەرەوەی پیشەی پەرستارییە کە بدڵسۆزی لە مامەڵەکردن و چارەسەرکردنی کەسانی نەخۆشدا بەناوبانگ بوو (و.ک)         
٩- مازینی ١٨٠٥- ١٨٧٢: نیشتیمان پەروەر و شۆڕسگێڕی ئیتاڵی و کارەکتەری سەرەکییە لە دروستکردنی ئیتالیای نوێدا.(و.ک)                                                           

سەرچاوە:   
مثل عليا سياسة و تأليف: برتراند رسل
ترجمة: سمير عبدة , 1979 , ص 49-64.

  
               
 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved