ئاسۆکانی سیاسەتی دێمۆکراسی
لە سەردەمی حوکمڕانییەکی بەجیهانیکراودا

نووسینی: راچێل کەوفێڵد و دێبرا دێلایت
وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە: سەدا عومەر
شیانی بوونی سیاسەتێکی دێمۆکراسییانەو حوکمڕانی لە سیستمێکی نێودەوڵەتی گۆڕاودا لەڕێگەی میکانیزمە هاوچەرخەکانی جیهانگیریەوە پێکدەهێنرێت. سروشتی ئاڵۆزیی حوکمڕانی لەجیهانێکدا، کەتیایدا سیماکانی جیهانگیری روو لەزیادی دەکات، ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەو هەوڵانەی بۆ چەسپاندنی سیاسەتی دێمۆکراتی دەدرێن، بە رادەیەکی یەکسان ئاڵۆز دەبن، جیهانگیری لەڕێگای بنەبڕکردنی هێزە ستەمکارەکان و دانانی کۆنتڕۆڵ بەسەر دەوڵەتە نادێمۆکراتەکاندا لەنێوو بەنێو کۆمەڵگاکاندا، دەتوانێت دەرفەتی باشتر بۆ پێشخستنی دێمۆکراسی بڕەخسێنێت. لەهەمان کاتدا دامەزراوەکانی دەوڵەت بە ئامڕازی بنچینەیی دامەزراندن و چەسپاندنی دامەزراوە دێمۆکراتیکەکان ئەژماردەکرێن. بەم شێوەیە بەهەمان ئەو ڕادەیەی جیهانگیری، دەسەڵاتی دەوڵەتە دێمۆکراتەکان لاواز دەکات، لەهەمان کاتیشدا بەربەستە لەبەردەم سیاسەتی دێمۆکراسیدا. ئەم پارادۆکسە لەزۆربەی ئەو دیالۆگانەی کە دەربارەی دێمۆکراسی هاوچەرخ دەکرێن بوونی هەیە، ئەو کەسانەی کە پلانی ستراتیجی بۆ پاڵپشتیکردن و چەسپاندنی دێمۆکراسی لە هەموو ئاستەکانی حوکمڕانیدا دادەنێن، لەئاستی هەرێمییەوە بۆ ئاستی جیهانی، ئەو تاکو گروپانەی کە گرنگی بەپاراستنی دامەزراوە دێمۆکراتیکەکان دەدەن لەو شوێنانەی کە بوونیان هەیەو چەسپاندنی پرۆسەی دێمۆکراتیزەکردن، کە هێشتا دەستەبەر نەبووە، دەبێت لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی ئەم پارادۆکسەدا ململانێ بکەن. لەسەروەختی ئەوپەڕی کەمبوونەوەی ئەو مەودایەدا، کە(پێشبڕکێ بەرەو خوارەوە) بەرهەم دەهێنێت و دەبێتە هۆی خاوبوونەوەی ئەو پێشکەوتنە دێمۆکراتییەی کە لە هەرێمە دێمۆکراتییەکاندا بەدیهاتووە، بەکارهێنانی توانای ئازادکردنی هێزەکانی جیهانگیری ئەرکێکی ئاسان نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەرکێکە ناتوانرێت بخرێتەلاوە، جیهانگیری بەشێوەیەکی بنچینەیی سروشتی ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیی لە سیستمی جیهانیی هاوچەرخدا گۆڕیووە، (جا ئەگەر بەرەو باشتر بێت یان خراپتر). جیهانگیری گۆڕانکاری لە داینامیکە سیاسی و ئابووریەکاندا  هێناوەتە کایەوە، کە پارادیمێکی هاوتەریب لە سیستەمی حوکمڕانیی ناوچەیی و نەتەوەییدا ئەخوازێت.
میکانیزمی سیاسەت گەردوونی لە سەردەمی هاچەرخی جیهانگیریدا دەکرێت جیهانگیری بە فرەوانبوون چڕکردنەوە، خێراکردن و گەشەکردنی کاریگەریی پەیوەندییە چەند لایەن و فرەوانەکان لەسەر ئاستی جیهان پێناسە بکرێت، جیهانگیری لە فەزا ئابوور و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا روو دەدات. ئەو رووبەرە جوگرافییانە کەم دەکاتەوە کە وەک بەربەست وان لەبەردەم جوڵەی خەڵک و کاڵاو خزمەتگوزارییەکان و ئەو ئایدیایانەی کە دەیانەوێت سنوورە هەرێمییەکان تێپەڕێنن، لەم ڕووەوە جیهانگیری سروشتی کارلێکە کۆمەڵایەتی و ئابووریەکان دەگۆڕێت و کاریگەری لەسەر فۆڕمەکانی سیستمی سیاسی دادەنێت، کە لەوانەیە لە چوارچێوەی وەها داینامیکێکی جیهانگیریدا بگەشێنەوە.
وەک پرۆسەیەک، کەبەشێوەیەکی بنەڕەتی سروشتی حوکمڕانی پێکدەهێنێت، جیهانگیری پرۆسەیەکی نوێ نییە، هەروەک (ستێڤن کراسنەر)دەڵێت، دەوڵەتان هەمیشە لەژینگەیەکی نێودەوڵەتیی تۆڕئاسادا کاریان کردووە. بەڕای کراسنەر دەوڵەتان هەرگیز توانای ئەوەیان نەبووە بەتەواوی لێشاوەکانی سنووربەزاندنی خەڵک و تەکنەلۆجیاو سەرمایەو پەیوەندییەکان و هزرەکان رێکبخەن. بازرگانی نێودەوڵەتی، قەیرانەکانی دارایی جیهانی، شەپۆلی کۆچبەری نێودەوڵەتی، بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان و پرۆسە جیهانییەکانی تر زیاتر مێژوویین لەوەی دیاردەی نوێ بن. بەڵام هێشتا ڕوون نییە ئایا جیهانگیری لەڕێگای پرۆسەی خێراکردنەوە تا چ ڕادەیەک دەبێت بهۆی لاوازکردنی سەروەریی دەوڵەت. ئەوەش گرنگە ئاگامان لەو خاڵە بێت، کە جیهانگیری خۆی لە خۆیدا باش یان خراپ نییە. جیهانگیری جیهانگیرییە. دەرەنجامی ئەوەش، ئەو کەس و لایەنانەی کە ئارەزوو دەکەن سیاسەتێکی دێمۆکراتی تر لەسەرجەم ئاستەکاندا بچەسپێنن، لەئاستی ناوچەییەوە بۆ ئاستی نەتەوەیی و لەوێشەوە بۆ ئاستی جیهانی، دەبێت هێزەکانی جیهانگیری لەبەرچاوبگرن.
گۆڕانکارییە دیمۆگرافییەکان لە سەردەمی هاوچەرخی جیهانگیریدا.
سەرەڕای ئەوەی سروشت و شوێنەوارەکانی جیهانگیری ئاڵۆزن و بەیەک ئاڕاستەدا کارناکەن، ئاشکرایە جیهانگیریی هاوچەرخ بەشداری لە گۆڕانکارییە گرنگەکان لە داینامیکە سیاسیە جیهانییەکاندا کردووە. ژمارەیەک لە ئاراستە هاوکات و هاوشوێنەکان بوون بەهۆی کۆمەڵیک گۆڕانکاریی گرنگ لەو داینامیکانەدا، کە لەپشت بونیادە تەقلیدییەکانی حوکمڕانیەوەن و کاریگەرییان هەبووە لەسەر ئەزموونەکانی هاوڵاتیانی جیهان. دەرەنجامی ئەم گۆڕانانەش گەشەکردنێکی ئاوارتەو بێوێنەی دانیشتوای جیهانە. لەبەرئەوەی ژمارەی دانیشتوانی زەوی حەوت ملیاردی تێپەڕاندووە، ئەوا ئەو شوێنەوارانەی لەم گەشەی دانیشتوانە دەکەونەوە، بەڕێکوپێکی تۆمارکراون. بێ ئەوەی جێگای سەرسامی بێت، دەرامەتەکانی زەوی بەردەوام ڕوو لە کەمبوونەوە دەکەن و جیهانگیری بووە بەهۆی بڵاوبوونەوەی سامان بەشێوەیەکی فراوان لەو سەنتەرە ئابووریانەی لە سەرهەڵدان و لە هەمان کاتدا چڕکردنەوەی سامان بەشێوەیەکی گەورە. لەسەروو ئەمەشەوە جیهانێکی بەجیهانبوو و دەرکەوتنی تەکنەلۆجیای مۆدێرن، بوون بەهۆی ناوەندیبوونی بڵاوکردنەوەی بەچەدین رێگا، کە لەوانەیە سانسۆری میللی لەسەر سیستەمەکانی حوکمڕانی زیاد، یان کەم بکەنەوەو دەسەڵاتی تەقلیدیی دەوڵەت هەراسان بکەن.
لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی جیهاندا، کە لەسەر دەرفەتەکانی بەشداریکردن لەئابووریی جیهانیی نوێدا کێبرکێ دەکەن و ئامڕازی نوێی پەیوەندی بەکاردەهێنن، کە کۆمەڵگا ناوچەیی و نیشتیمانی و جیهانییەکان پێکەوە دەبەستێتەوە،بەشارستانیکردن بووە بە نۆرم لەزۆرێک لە پایتەختەکانی جیهاندا. لەمڕۆدا زیاتر لەنیوەی دانیشتوانی جیهان لەناوەندە شارستانییەکاندا دەژین، لەگەڵ جیاوازییەکی بەرچاوی دەرەنجامەکاندا. ئەگەرچی ناوەندە شارستانییەکان لەهەندێک حاڵەتدا لەوانەیە ببنە هۆی زیادبوونی دەرفەتە ئابووریەکان، بەڵام چڕبوونەوەی دانیشتوان لەناوەندە شارستانییەکاندا (لەزۆر شوێنی جیهان) بووە بەهۆی زۆربوونی نایەکسانی و بڵاوبوونەوەی هەژاری و پاشەکشێی مافی خاوەندارێتیی تایبەت، بەجۆرێک کە ئەوانەی تازە دێنە شارە گەورەکان بۆ نیشتەجێبوون، لەسەر زەوی و لەنێو خانوویەکدا دەژین، کە هی خۆیان نییە، ئەم تەرزانەی کۆچبەری کۆمەڵێک داواکاریی نائاساییان لەسەر سەرچاوە سروشتی و حکومییەکان لەگەڵ خۆیاندا هێناوە، بۆ نموونە ئەو داواکارییەی لەسەر وزە هەیە، جیبەجێ نابێت، وەک چۆن کەمبوونەوەی بەردەوامی ئاو هەڕەشە لەژیان و گوزەرانی ملیۆنان خەڵک دەکات. وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ کەمیی ئاو، کۆمپانیا فرە ڕەگەزەکان نەک تەنیا لە ئامڕازەکانی بەرهەمهێناندا دەستگیرۆیی دەکەن، بەڵکو لەو دەرامەتە سروشتیانەشدا دەستگیرۆیی دەکەن، بەڵکو لەو دەرامەتە سروشتییانەشدا دەستگیرۆیی دەکەن،کە خەڵک لە جیهاندا پشتی پێدەبەستن. پێشبینی کراوە لەماوەی پازدە ساڵی ئاییندەدا زیاتر لە دوو لە سێی دانیشتوانی جیهان رووبەڕووی کەم ئاوییەکی زۆر ببنەوە، بەڵام ڕێکخراوە نێودوەڵەتییەکان گرێبەستیان لەگەڵ زۆربەی کۆمپانیاکان لەجیهاندا بەستووە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەڵقوڵان و بەردەستبوونی ئاو لەڕێگەی تایبەتکردنەوە. بەم شێوەیە ئاویش بەهەمان شێوەی نەوت بووە بەکاڵایەک. ئاو لەڕیزی پێشەوەی ئەو سەرچاوە سروشتییە زیندووانەدایە، کە کێبڕکێی لەسەر دەکرێت. لەجیهاندا کە تایبەتکردنی سەرچاوەکان دەجوڵێنێت، سەروەت لەو ناوەندە سنووردارانەدا چڕدەبێتەوە کە دەستیان بە یەدەگەکانی نەوت و کانزاو ئاو دەگات. کەمبوونەوەی ئەم کانزایانەش بەشێوەیەکی سروشتی دەبنە هۆی زیاتربوونی نایەکسانیی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری.
هەتا گەشەی دانیشتوان بەردەوام بێت، داواکاریش لەسەر سەرچاوە حکومییکان بەرزدەبێتەوە. شارەکان ململانێ دەکەن بۆ دۆزینەوەی ڕێگایەک لەپێناو گونجاندنی دانیشتوانە نوێیەکان و ئەو خواستانەی لەسەر خزمەتگوزاریی تەندروستی و چاودێریی تەندروستی، جێبەجێکردنی یاسا، فێرکردن و خزمەتگوزارییەکانی دیکە هەن، لەکاتێکدا ناوچە گوندنشینەکان لەپێناوی پاراستنی خزمەتگوزارییە بنچینەییەکان و دەرفەتە ئابوورییەکانی ئەو دانیشتوانە ململانێ دەکەن، کە ژمارەیان بەخێرایی کەم دەکات، ئەگەر سەیری هەردوو بارودۆخەکە بکەین، دەبینین گۆڕانە دیمۆگرافییەکان فشار لەسەر حکومەتەکان دروست دەکەن و دەبنە هۆی ململانێ لەنێو دەوڵەت و لەنێوان دەوڵەتانیشدا، ئەمەش ژیانی ملیۆنان خەڵک دەخاتە مەترسییەوە. هەندێک جار ئەوەی ئەم فشارە دروست دەکات، دەوڵەت نییە بەڵکو بڕیاری رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و ئەو کۆمپانیایانەیە، کە ناکەونە ژێر چەتری شەفافیەت و بەرپرسیارییەوە لەهیچ کام لە سنوورە هەرێمییەکاندا.
پاشەکشێکردنی بەرپرسیاری و شەفافیەت لەبەڕێوەبردنی جوڵەی خەڵک و بەکارهێنانی دەرامەتە سروشتییەکان لەململانێیەکی ڕاستەوخۆدان لەگەڵ جوڵەی روو لە زیاددا بەرەو بەشداریی گشتی لەژیانی مەدەنیدا، کە توانای تەکنەلۆژی دەیبات بەڕێوە. بەهۆی بەرفراوانبوون و زیاتربوونی دەرفەتەکانی دەستگەیشتن بە تەکنەلۆجیای پەیوەندی، بیرو زانیاری زیاتر لەبەدەستدان، وەک چۆن سەرمایەو شارەزایی پاڵپشتی پەیوەندییە ئابوورییە نێودەوڵەتیەکان دەکەن و ڕێگا بە کۆمپانیا فرە ڕەگەزەکان دەدەن لە ئاستێکدا بەرفراوان بن، کە پێشتر لەمرۆڤایەتیدا مایەی وێناکردن نەبوو. پەیوەندییە ئابوورییە نێودەوڵەتی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئیعلامیەکان شتێکی نوێ نین، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەو خێرایی و داینامیکییەی دەشێت بەهۆیانەوە ئەم پەیوەندییانە گەشە بکەن، نوێ و بێ پێشینەن، دەستگەیشتن بە تەکنەلۆجیای پەیوەندی بەشێوەیەکی بەرچاو گەشەی کردووە، کە ئەمەش نەک تەنیا بووە بەهۆی بەجیهانیبوونی بازرگانی، بەڵکو بووە بەهۆی بەجیهانیبوونی مرۆیی لەهەموو لایەکی ژیانماندا بەخێراییەکی وەک هەورە بروسکەو تێچوونێکی تاڕادەیەک کەم.

پلووڕالیزم و میللییگەرایی لەسەردەمی هاوچەرخی جیهانگیریدا
ئەو گۆڕانە سیاسی و کۆمەڵایەتییەی کە دەرەنجامی یەکانگیریی جیهانی هزرو ئابوورییە، پێداگیرییەکی نوێی لەسەر چەمکەکانی پلوڕالیزم هێناوەتە کایەوە، کە بەهۆیەوە دەستەیەکی هەمەچەشن لە ئایدۆلۆجیاو بیرو باوەڕ ململانێ لەسەر ئەوە دەکەن پێشی یەک بکەون. تەکنەلۆجیای پەیوەندیکردن رێگای داوە بە کێبڕکێکردن لە بازاڕە ئابوورییەکان و دابەشکردنی دەرامەتەکان و ئایدۆلۆجیا ئایینیەکان و داب و نەریتە کلتوورییەکان و کۆمەڵێک دەرفەتی بێوێنەو گرفتی خوڵقاندووە. پەیوەندییە ڕاستەوخۆکان بە کۆمەڵگایەکی جیهانییەوە کاریگەری لەسەر بوارە رۆحیەکان، هونەر، مۆسیقا، ترادسیۆنی پزیشکی، پراکتیکە پەروەردەییەکان و پرسە یاساییەکان دادەنێن، ئاڵوگۆڕە زانیارییە بەردەوام و خێراکان وادەکات دەنگی کۆمەڵگا بچوکەکان بەرزتر ببێتەوە ببنە خاوەنی پرسی خۆیان، سەرەڕای ئەوەی دەرفەت بە گرووپە بازرگانییە بەهێزەکان و (نوخبە) ساماندارەکان دەدات، بەشداری پرۆسە مەزنەکانی وەبەرهێنان بکەن بەئاسانی و بەشێوەیەکی یەکسان. دەشێت پلووڕالیزم لەدونیایەکی بەجیهانیکراودا توانا بە دانیشتوانە بێبەشکراوەکان ببەخشێت، تا پێداویستییە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانیان دابین بکەن شانبەشانی پیادەکردنی پیروباوەڕە کولتووری و ئایینیەکان، پلووڕالیزم هەڕەشەیەکی توند لەپەیکەری دەسەڵاتی باو دەکات، جا ئەگەر دەوڵەت بێت یان فرە نەتەوە. بەتایبەتی لەحکومەتە سەرکوتکەرەکاندا بیرۆکەی دانپیانان و قبوڵکردنی دیدگا جیاوازەکان توانای کۆنتڕۆڵکردنی هاوڵاتی لاواز دەکات و توانای گۆڕانی ڕیشەیی سنوردار دەکات.
لەگەڵ ئەوەی یەکانگیریی گەردوونی توانای هاوڵاتیان لەسەرجەم جیهاندا زیاد دەکات و بەربەستە بازرگانییەکان دەڕوخێن و سەرمایە دەڕژێتە  بازاڕی تازە گەشەکردووەو چاوەڕوانییە کولتووریەکان هاوکات دەبن و ئایدۆلۆجییە دیارەکان لێک نزیکدەبنەوە، یان ململانێ دەکەن، فشارەکانی پلووڕالیزم هەستی میللیگەرایی دەجوڵێنن، کە بوونیادە هەنووکەییەکەی دەوڵەت تێدەپەڕێنن. میللیگەرایی بزوتنەوەیەکە، کە لەڕووی مێژووییەوە بەباشی دیارینەکراوە، لەنێو دڵی سەرجەم بزووتنەوە میللیگەراییەکاندا بێ متمانەییەک بەرامبەر حکومەت و پەیکەرەکانی دیکەی دەسەڵات و هەستکردنی تاک بە ناکارایی هەیە، بەواتەیەکی دیکە، بزووتنەوە میللیەکان لەسەر ئەو بیرۆکەیە بونیادنراون، کە تاکەکان ناتوانن کۆنتڕۆڵی ئەو هێزانە بکەن کە بارودۆخە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانیان دەبات بەڕێوە، ڕەنگە جێگەی خۆی بێت بڵێین میللیگەرایی دەرەنجامی هەستکردنە بە (نامۆبوون) لەبەرامبەر جیهاندا، ئەو باوەڕە بەربڵاوەی کەپێی وایە ئەو بڕیارە بنچینەییانەی کە چارەنووسی مرۆڤ دیاریدەکەن، ئەو هێزو بونیادی دەساڵاتانە دەیسەپێنن، کە نەگونجاون و وەڵامی بارودۆخی تاک نادەنەوە باوەڕی بنچینەیی ئایدۆلۆجیای میللیگەراییە، هەر وەک (تۆماس لیهان) دەڵێت (دەرەنجامە کۆمەڵایەتی و ئابووریەکانی بزووتنەوەیەکی فرە ئاڕاستە بەرەو یەکانگیریی جیهانی، پشتبەستنی کوێرانە بەسیاسەتی بازاڕی ئازادی ئابووری دەبێتە هۆی ئەوەی تاک توانای نەبێت ڕووبەرووی گۆڕانکارییەکانی سیستەمی سیاسی و ئابووری جیهانی ببێتەوە، دەرەنجامی ئەوەش کاردانەوەیەکی پۆپۆلیستی دەبێت بەسیستمێکی نێونەتەوەیی دەبێت کەوا سەیری دەکرێت بەجۆرێک رێکخرابێت، کە نکۆڵی لەوە بکات تاک بتوانێت چارەنووسی خۆی دیاری بکات).
لەهەر شوێنێکی جیهاندا ئەم هەستکردنە بە ڕق هەستانی میللی دەبینین بەدڵنیاییەوە لەو ڕاپەڕینە میللیانەی کە بە بەهاری عەرەبی دەناسرێت، مەیلێکی سروشتی هەیە بۆ بەرهەمهێنانەوەی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ئابووری، ئەم مەیلە سروشتیە بە هەمان شیوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش هەیە، وەک ئەوەی لەبزووتنەوەکانی (پارتی چا) و (وەڵ ستریت داگیربکە)دا بەرجەستە دەبێت و داوای کۆتاییهاتنی تارمایی ئایدۆلۆجیای باو دەکات.  لەگەڵ دەستپێکردنی ناڕەزایی دژ بە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی لەساڵی ١٩٩٩ لەهەموو جیهاندا بزووتنەوەیەک سەریهەڵدا دژ بەکۆنتڕۆڵکردنی سیاسەتی دارایی و سیاسەتی بازگانی لەلایەن کۆمپانیا فرەڕەگەزەکانەوە. هەتا ئەو کاتەی ئابووری جیهانی لەقەیراندا بوو، قازانجی کۆمپانیاکان بەبێ وەستان بەردەوام بوو، هاوڵاتیانیش دژی ڕێوشوێنەکانی دەستگرتنەوەو کەمکردنەوەی چاوەڕوانکراو لەبەرنامە کۆمەڵایەتییەکاندا لەسەرجەم وڵاتانی ئەوروپا لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ناڕەزاییان دەربڕی.
هەرچەندە ئەم بزووتنەوانە لە بارودۆخی تەواو جیاوازەوە سەرچاوەیان گرتووەو شوێنەواری جیاوازیان هەیە لەئاستی هەر وڵاتێکدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بنەماکانی پۆپۆلۆلیزم ئەم ڕاپەڕینە جیاوازانەی هاوڵاتیان یەکدەخات. لەهەر حاڵەتێکدا خەڵک بەهۆی ترسی ڕاستەقینەیانەوە لەوەی بتوانن پێویستییەکانی ژیانیان دابین بکەن، کاردانەوەی توندوتیژ دەنوێنن دژ بەو هێزە ستەمکارانەی کە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییانی کۆنتڕۆڵکردووە. دەشێت ئەم هێزە ستەمکارانە بەرپرسە حکومییەکان، کۆمپانیا فرەڕەگەزە سنووربەزێنەکان، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، یان ئۆرگانە ئایینییە توندڕەوەکان بن، بە لەبەرچاوگرتنی بوونی سەرچاوەیەکی دیاریکراوی رق هەستان، خەڵک لەهەموو جیهاندا بەشێوەیەکی ڕوو لەزیاد نیگەرانن لەو دەستە شاراوانەی کە ژیان و گوزەرانیان کۆنتڕۆڵ دەکات، پۆپۆلیزم کە ئاماژە بەو جوڵانەوە میللیانە دەکات، بەچەندین ڕێگای بەهێز لەگەڵ بەجیهانیبووندا کارلێک دەکات، زۆرجار هۆکارەکانی ناڕازیبوون دەرەنجامێکی راستەوخۆی یاکانگیریی جیهانییە، هۆکارەکەش ئەمانەن:
جوڵاندنی کارو سەرمایە بەشێوەیەکی ناڕوون لەلایەن ئەو بڕیار بەدەستانەوە، کە بەرپرسیار نین، گۆڕانە دیمۆگرافییەکان، کە هەڕەشە لە سەقامگیری و ئەگەری گەشەی ئابووری ناوچە گوندنشینەکان دەکەن، زیادبوونی نایەکسانییە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، رێخۆشکردن بۆ ئایدیاکانی لەسەقامگیری خستن کە هەڕەشە لە یەکانگیری و چوونیەکی کۆمەڵگا سیاسییەکان دەکەن، کە لەئێستادا هەن. توانای پەیوەندیکردن بەخێرایی و ئاسانی، کە دەبێت بەهۆی کۆبونەوەی کەسانی هاوڕاو بەردەستخستنی حیکایەتە هاوبەشەکانی چەوسانەوەو نەبوونی متمانەو قوربانیبوون، گەشە بە دەرەنجامەکانی ناڕازیبوون، وەک ناڕەزایی و مانگرتنی میللی دەدەن، بەهەمان شێوە دەرکەوتنی تەکنەلۆجیای پەیوەندی توانای پلان داڕشتن بۆ راپەڕینە میللیەکان و جێبەجێکردنی بەخێرایی و تێکچوونێکی هەرزان بە تاکەکان دەبەخشێت. شۆڕشی میللی میسر نموونەیەکی سەرەکییە لەسەر ئەمە.
لەحاڵەتە توندەکانیشدا هۆکارو دەرەنجام پێکەوە دێن بەڕێگایەکی تایبەتی زۆر بەهێز. لەدیسەمبەری ٢٠١٠دا پیاوێکی تونسی دژ بە دەوڵەت کە قووتی ژیانی کۆنتڕۆڵ کردبوو، ناڕەزایی دەربڕی و ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا. دەرەنجامی ئەوەش ناڕەزاییەکی بەرفراوان سەریهەڵدا. پاش مانگێک شۆڕشی میسر بەرپا بوو، کە پاڵنەرەکەی بێ متمانەیی خەڵک بوو بەڕژێمەکەی حوسنی موبارەک لەدەرەنجامی بڵاوبوونەوەی بێکاری و گەندەڵی و بەتایبەتمەنکردنی کەرتی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و نایەکسانی کۆمەڵایەتی و چەوساندنەوەی سیاسی. میدیای کۆمەڵایەتی توانای بەشۆڕش بەخشی و شۆڕشەکەش لەلابردنی موبارەکدا سەرکەوتنی بەدەست هێنا. ئەم ڕاپەڕینە میللیانە بوون بە پاڵنەر بۆ ڕاپەڕینی هاوشێوە لە ناوچەکەدا لە وڵاتانی لیبیا، جەزائیر، مەغریب، یەمەن، سوریاو لوبنان. بەجیهانیبوونی هزر کە دەبیتە هۆی هاوکاری نێودەوڵەتی لەنێوان خەڵکدا لەبارودۆخێکی هاوشێوەدا لەناوچە جوگرافییە جیاوازەکاندا، ڕێگا بە هاووڵاتیان دەدات دان بە بەرژەوەندی و خەمە هاوبەشەکاندا بنێن و یەکێتی ئامانج و پاڵنەری هاوبەش دروست دەکات، ئەگەرچی هەر دەوڵەتێک کۆمەڵێکی بێوێنە دەرفەت و تەحەدای لەبەردەستدایە، لەگەڵ ئەوەشدا خواستی خەڵک بۆ بەدەست هێنانەوەی کۆنتڕۆڵ .نەک تەنیا نیشانەیەکی جیاکەرەوەی بەهاری عەرەبییە، بەڵکو تایبەتمەندی جیاکەرەوەی سەرجەم بزووتنەوە میللیەکانە لە هەموو شوێنێکی جیهانی ئەمڕۆدا.
کۆی ئەم گۆڕانکاریانەو کارلێکی نێوانیان وای کردووە تێگەیشتن لە حوکمڕانی وەک چەمکێک بە مانا باوەکەی سەخت بێت. ئەو دەوڵەتەی کە لەسەر بنەمای چەمکەکانی حوکم دامەزراوە، کە بەهۆیەوە ئەو کۆمەڵگایانەی لەڕووی جوگرافییەوە دیاریکراون و دوور لە دەستێوەردانی دەوڵەتانی تر خۆیان بەڕێوە دەبەن، لێکدانەوەو تێگەیشتنی نەگونجاوو کەم و کورت دەخاتە ڕوو بۆ ئەو هێزانەی کە ژیانی خەڵک لەجیهاندا بەڕێوەدەبەن. بەشێوەیەکی تایبەت تەکنەلۆجیا تاکەکان و کۆمپانیاکان بەهێز دەکات، بەڵام سروشتی سەروەریی دەوڵەتیش دەگۆرێت. داهێنانە تەکنەلۆجیەکان لایەنە ناحکومیە کاراکانیان بەهێز کردووە بۆ خۆلادان لە دەسەڵاتی رێکخستنی دەوڵەت لەهەندێک هەل و مەرجدا، لەکاتێکدا هەر تەکنەلۆجیا دەتوانێت بەچەندین ڕێگای تر دەسەڵاتەکانی چاودێری و ڕێکخستنی تایبەت بە دەوڵەت زیاد بکات. لەم ڕووەوە تەکنەلۆجیا لەدیاردەی رووخساری یانوس  Janus-faced دەچێت، کە لەدوو توێی خۆیدا لەلایەکەوە کاریگەریی فەیسبووکی هەڵگرتووە، لەلایەکی دیکەشەوە ترسان لە تۆتالیتاریزمی هەڵگرتووە وەک ئەوەی لەساڵی ١٩٨٤دا روودەدات (مەبەستی رۆمانی ١٩٨٤ی جۆرج ئۆروێڵ)ە.
هەرچۆن بێت، پارادایمە ،نەریتییەکەی دەوڵەت-سەنتەری، کە تێگەیشتنمانی بۆ سیاسەتی جیهان کۆنتڕۆڵ کردووە، گۆڕاوە . گۆڕینی چەمکەکانی بازرگانی و ئابووری و کاریگەری کلتووری و گواستنەوەی کۆمپانیاکان (لەنێو شتەکانی تردا) تێگەیشتنێکی نوێ و فراوانتر دەربارەی چەمکی حوکمڕانی دەخوازێت.

حیکمەتی کلاسیکی سەبارەت بە جیهانگیری و دێمۆکراتیزەکردن
ئەگەر هەڵسەنگاندنمان سەبارەت بەگۆڕانی سیاسی و دینامیکییەتی حوکمڕانی بەهەند وەربگرین، ئایا ئاسۆی سیاسەتی دێمۆکراتی و حوکمڕانی لەم سەردەمی ئێستای جیهانگیریدا چییە؟ پێش وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، گرنگە بەکورتی سەرنجێکی ئەو حاڵەتە بدەین، کە لەئێستادا ڕژێمی جیهانیی پێدا تێدەپەڕێت. گەشبینییەک لە شۆڕشە دێمۆکراتییەکانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە هاتۆتە ئاراوە. ئێمە لەکۆتایی مێژوودا ناژین وەک ئەوەی (فۆکۆیاما)لە ساڵی ١٩٩٢ لەکتێبە بەناوبانگەکەی (کۆتایی مێژوو و دواهەمین مرۆڤ)دا بانگەشەی بۆ دەکات. فۆکۆیاما لۆژیکی گەردونی و ئاڕاستەی مێژووی وا پێناسە کرد، کە بەرەو دێمۆکراسی لیبڕاڵ دەڕوات و پێشبینی بزووتنەوەیەکی پێشکەوتنخوازی کرد بەرەو شۆڕشێکی لیبڕاڵی لە هەموو جیهاندا. لەلایەکەوە .دەشێت بەهاری عەرەبی ئەم تێڕوانینەی فۆکۆیاما پشتڕاست بکاتەوە، لەلایەکی ترەوە سروشتی ناتەواو و ناڕوونی شۆڕشە لیبڕاڵەکانی خۆرهەلاتی ناوەڕاست ئەوە دەردەخات، کە جوڵانەوە دێمۆکراتییە لیبڕاڵ و گەردوونیەکان نەگەشتوونەتە کەماڵی خۆیان. بۆ باشتر بێت یان خراپتر، ئێمە هێشتا لەنێوڕاستی مێژوودا دەژین.
نە داینامیکی سیاسیی جیهانگیری و نە حوکمڕانی بەشێوەیەکی سەرەتایی لەئەنجامی ململانێی شارستانییەکان دروست نەبوون وەک ئەوەی (ساموێل هانتینگتۆن) پێی وایە بەپێچەوانەی پێشبینییەکانی هانتینیگتۆن، کە لەساڵی ١٩٩٣ پێشکەشی کرد، کە پێی وایە ململانێی شارستانییەتەکان هێڵی سەرەتایی ململانێ جیهانییەکانە لە ساڵانی داهاتوودا، بەڵکو زۆربەی ململانێ توندو تیژەکان، ئەوانەی لەم چەند ساڵانەی دواییدا بینیومانن، دابەشبوونێکی جەوهەری لەناواخنی ئەو شارستانیەتە سەرەکیانەدا دەنوێنن، کەساموێل هانتینیگتۆن دەستنیشانی کردوون، هەتا لەناوخۆی هەندێک وڵاتی دیاریکراودا. هەموو ئەو شارستانێتانەی هانتینیگتۆن دەستنیشانی کردوون، بەپێی فرەگەرایی (پلۆرالیزم) دیاریکراون، نەک چوونیەکی (هۆمۆجینیتی). فەرامۆشکردنی ئەم راستییە بنچینەییەش لەلایەن هانتینیگتۆنەوە سوودی ئارگۆمینەتەکەی لاواز دەکات. لەوڵاتی میسرو ئەو وڵاتانەی شۆڕشە دێمۆکراتیکەکان ئەزموون دەکەن، هێڵی لێکدابڕینی ململانێکان گروپەکان بەپێی پلەو سروشتی ئەوان لە پاپەندبوونیان بە دێمۆکراسییەوە دابەش دەکات، نەک شوناسی ئایینی و کلتوورییان لەمیسر موسوڵمانە میانڕەوەکان، گرووپە ئیسلامیە سەلەفییەکان و چالاکوانە عەلمانیەکان پێکەوە دژی دەسەڵاتی میسر وەستانەوە. ئێستاش لەمیسردا رەهەندی سەرەکیی ململانێکان ململانێی نێوان عەلمانیەکان و موسڵمانە میانڕەوەکان و کەمینە ئایینییەکان و ئیسلامیە ئوسوڵییەکانی لەپێناو شوێنێکی گونجاودا بۆ ئایین لەیاسای بەڕێوەبردنی دێمۆکراسیدا بەکورتییەکەی فرەیی ڕەهەندێکی یەکلاکەرەوەیە لەسیاسەتدا لە کۆی ئەو کۆمەڵگایانەی کە هانتینیگتۆن لە کتێبی (ململانێی شارستانیەتەکان)دا حسابی بۆ نەکردوون .
بەپێچەوانەی بۆچوونی (تۆماس فریدمان)ەوە، ئێمە بەم زووانە لەجیهانێکی تەخت نزیک نابینەوە، جیهانگیریی ئابووری بازاڕی نوێی کردۆتەوەو پێشوەچونێکی باشی دروستکردووەو پێوەندییەکی تەکنەلۆجی وای دروست کردووە، کە ڕێگا بۆ سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی فیکر بەزۆربەی ناوچەکانی جیهاندا هاتۆتە کایەوە. هەر ئەم پێشکەوتنانە ئاسۆیەکی گەورەتری بۆ دابەشبوونی سەروەت بەشوێنە جیاجیاکاندا کردۆتەوەو بۆتە هۆی پێشکەوتنی زیاتری خزمەتگوزاری بە مرۆڤ، ئەمە جگە لەوەی کاریگەری هەبووە لەسەر جێبەجێکردنی مافەکانی مرۆڤ و مومارەسە کلتووریەکان و دەرفەتە ئابووریەکان. هەرچەندە لەوانەیە پرۆسەی تەختبوونی جیهان روو بدات، بەڵام هێشتا زۆرینەی دانیشتوانی جیهان سوودێکی ئەوتۆیان پێناگات. هەر وەک (دی جی) ئەنووسێت، کەپەیوەندی لەزمانی دایکەوە بۆ پسپۆڕی پزیشکی، لە ئایینی بەربڵاوەوە بۆ ئایدۆلۆجیای سیاسی، لە ململانێی کاتییەوە بۆ مەترسیی ژینگەیی و لەڕێگای ژیانەوە بۆ ستایلی ژیان دەست پێدەکات و هەموو ئەمانە پەیوەندییەکی پتەویان بە یەکەوە هەیە. بەهۆی ئەم جۆرە جوگرافیا گۆڕاوەی دەرفەت و کۆت و بەندەکانە، کە مرۆڤی وڵاتگەڕو مرۆڤی نیشتەجێی نێوخۆ لە دوو جیهانی تەواو جیاوازو نایەکساندا دەژین. لەکاتێکدا دەشێت سوودەکانی ئێستای جیهانگیری ناوەندی بکرێنەوە، کاریگەرییان لەسەر سیستەمەکانی حوکمڕانی دەشێت لەوە زیاتربن کە هەن .

جیهانگیری، فەرمانڕەوای، حوکمڕانی لەسەدەی بیستدا
داهاتووی کۆششی مرۆڤ، مافی مرۆڤ، کارکردنی نێوان مرۆڤەکان و خۆشگوزەرانیان پەیوەندییەکی توندوتۆڵی بە میتۆدە نوێیەکانی چەمکی حوکمڕانیەوە هەیە، دەوڵەتەکان بەردەوام دەبن لە گێڕانی ڕۆڵێکی کارا لەژیانی هاوڵاتییەکاندا، بەڵام بەهەمان شێوەش جموجۆڵە بەجیهانیبووەکانی سەرمایەو فکر، بانگەشەی بەشداریی رێکخراوە ناحکومییەکان، دەزگای فرەڕەگەزی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانێتیش لەوانەن، کە ڕۆڵی خۆیان دەگێڕن.
حکومەت پێناسەیەکی تەقلیدییانەی بۆ کراوەو بەپێی ئەم پێناسەیەش وەزیفەیەکی جوگرافییانەیە. هەرچەندە حوکمڕانی چەمکێکی فراوانە لە جێبەجێکردندا، حوکمڕانی سنووردار نییە بە حکومەت، بەڵکو پرۆسەی کۆمەڵە بڕیاردانێکە لەهەر رێکخراوێکدا، ئیتر گشتی بێت یان تایبەتی، کە دەتوانێت سنووری جوگرافی تێپەڕێنیت، دەشێت بونیادەکانی بڕیاردان بگونجێنرێت لەگەڵ پارادایمێکی نوێی پەیوەندییە جیۆپۆلەتیکییەکاندا بە هەڵسەنگاندنەوەی چۆنێتیی داڕشتنی یاساکان و جێبەجێکردنیان، چۆنێتیی مامەڵەکردنی خەڵک لەگەڵ یەکە رێکخراوەییەکاندا، کە کاریگەرییەکی گەورە لەسەر ژیانی ڕۆژانەیان دادەنێن، چۆنێتی لێپرسینەوە لە دەسەڵاتە حاکمەکان. هەرچەندە جیهانگیری زۆربەی جار رووکەشانە وەک دیاردەیەکی ئابووری یان کۆمەڵایەتی بینراوە، بەڵام لەبنچینەدا سروشتی حوکمڕانی لە ناوخۆ و دەرەوەی کۆمەڵگاکاندا شێوەگیر دەکات. چیتر هەڵسوکەوتی مرۆڤانە لەناو یەکەیەکی جوگرافی (دەوڵەت)دا قەتیس نابێت، بەڵکو لەئاستێکی جیهانیدا روودەدەن. وەکو چۆن پێویستە لایەنەکانی دیکەی کارلێکی مرۆیی لەگەڵ یەکانگیریی جیهانیدا بگونجێنرێن، بە هەمان شێوە دەبێت چەمکەکانی حوکمڕانیش بگۆڕدرێن .
حوکمڕانی لە کۆمەڵە کردارو ئامڕازێک پێکهاتووە، کە کۆمەڵگا پشتیان پێدەبەستێ بۆ بەهێزکردنی کاری دەستەجەمعی و پێشکەشکردنی چارەسەر بۆ هەوڵدان لەپێناو بەدەستهێنانی ئامانجی هاوبەش. بەمشێوەیە حوکمرانی لە کۆمەڵێک ئاستی جیاوازدا پیادەدەکرێت. رەنگە نموونەییترو وردتر بێت ئەگەر قسە لەسەر کۆمەڵگا لۆکاڵییەکان، یان کۆمەڵگا نیشتیمانییەکان بکەین، کە سیستەمێکی کۆنکرێتی لە حوکمرانی گەشە پێ دەدەن بۆ چارەسەرکردنی کێشە گشتییەکان. لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا دەتوانین قسە لەبارەی کۆمەڵگایەکی جیهانیی سەرهەڵداو emergent بکەین، کە سیستەمێکی حوکمڕانی گلۆباڵ گەشە پێدەدات بۆ دۆزینەوەی چارەسەری کێشە گەردوونیەکان. غیابی دەزگا حکومییە ڕەسمییە چالاکەکان هەمیشە بە مانای کەموکورتی حوکمڕانی و حکومەت رێک هەمان شت نین. بێگومان دەزگا حکومییەکان رۆڵێکی کارا لە حوکمڕانیدا دەگێڕن، کۆمەڵگایەک لەشێوەیەکی لۆکاڵیدا یان نەتەوەیی یان لە ئاستێکی گەردوونیدا ناتوانێت حوکمڕانی بەو شێوەیەی لەسەرەوە باسکراوە بەدەست بهێنێت، بەبێ بوونی یاسا گەلێکی رەسمی، کە پشت ئەستوورە بە میکانیزمەکانی چەسپاندنی حکومی. لەم چێوەیەدا جۆرەکانی حوکم پەیوەستە بە کارو بەشداریکردنی لایەنە جیاوازەکان و چالاکییان لە ئاستە جیاوازەکاندا، لەوانە وەک رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و وڵاتە جیاوازەکان و لایەنە ناحکومییەکانی تر. لەرووی نێودەوڵەتیشەوە کۆمەلێکی زۆر لەڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەبواری بەڕێوەبردنی گەردوونیدا بەشداری دەکەن. هەروەها نوسینگەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەرنامەکانیان، بانکە جۆراو جۆرەکانی جیهان، بەتایبەت بانکی نێودەوڵەتی و رێکخراوە هەرێمییەکانی وەک یەکێتی ئەوروپاو کۆمکاری دەوڵەتە عەرەبییەکان و رێکخراوی وڵاتەکانی ئەمریکاو یەکێتی ئەفەریقا لەم جۆرە رێکخراوە کارایانەی ناو جیهانگیرین، ئەمە سەرەڕای لایەنە چالاکە ناحکومیەکانی تر، ئەوانەی بەشدارییەکی گرنگیان لە حوکمڕانیدا هەیە لە هەموو ئاستە جیاوازەکاندا. ژمارەیەکی بەرچاو لەلایەنە ناحکومییەکان و رێکخراوە خۆبەخشەکان هاوکاری رێکخستن و دامەزراندنی سیستەمی حوکمڕانی دەکەن، هەروەها دینامیکییەتی جیهانگیری هەوڵی زیادکردن و فراوانکردنی ئەم لایەنە ناحکومییانەو بایەخی بە گرنگیی ئەم لایەنانە داوە. لەجیهانی گلۆبالیزەکراودا لایەنە ناحکومیەکان توانای ئەوەیان هەیە ڕۆڵێکی بەرچاو بگێڕن لەپڕکردنەوەی ئەو کەلینە سیاسییەدا، کە جیهانگیری دروستی کردووەو توانای دەوڵەت لاواز دەکات لەپڕکردنەوەی پێداویستییەکاندا، هەروەها موبیلیزەکردنی نۆرمە جیهانییەکان، سەرچاوەکان و سیاسەتەکان دەربارەی مەسەلە جیهانییە گرنگەکان.
پێشکەوتنی بەردەوام و بەهێزبوونی رێکخراوە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان هاوتا لەگەڵ بڵاوبوونەوەی فراوانی لایەنە چالاکە ناحکومییەکان ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە سیستەمی حوکمڕانی ڕەگی لەناو دەوڵەتە هەرێمییەکاندا داکوتاوە. کە رووبەڕووی داینامیکەانی جیهانگیری دەبنەوە. بەم پێیەش داینامیکی ئێستای جیهانگیری مانای ئەوە نییە، کە دەوڵەتە هەرێمییەکان پەیوەندییان دەپچڕێت، یان حکومەتە نیشتیمانییەکان هیچ گرنگییەکیان نییە. بەپێچەوانەوە وڵاتەکان هەمیشە بەچاکی دەمێننەوە تەنانەت دەتوانین بڵێین ئەوان گرنگترین هێزی چالاکن لەزۆربەی کایەکانی سیستەمی حوکمرانی لەهەموو ئاستەکاندا. دەوڵەت ژمارەیەکی بەرفراوان دەزگای زەبەلاح و زۆر ئاڵۆزی هەیە کە حوکم دەکات و زۆر لە سەرچاوەکانی کۆمەڵگا، چ مرۆیی و چ داراییەکان، رێکدەخات و کۆنتڕۆڵ دەکات. دەبێت کاریگەریی ئەم دەزگایانە بە هەند وەربگیرێت لە هەر لێکدانەوەیەکی تواناکاندا بۆ حوکمڕانی دێمۆکراتی لە جیهانە بەجیهانیبووەکەماندا.
دەبێت تێبینی ئەوە بکەین، کە سەرنج خستنەسەر حوکمڕانی لەبری حکومەتەکان جیاوازییەکانی نێوان دەوڵەت و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و لایەنە ناحکومییەکان (خۆبەخش و ئامانجخواز) تەمومژاوی دەکات، لەبەر ئەوەی ئەم لایەنە جۆراو جۆرانەش هاوکارن لە گەڕان بەدوای چارەسەری کێشە گشتییەکاندا. لەڕاستیدا کەرتی بەشداری گشتی (PPPs) کە پێکدێت لە هاوبەشییەک لەنێوان حکومەت و کەرتی تایبەت بۆ بەدەستهێنانی کۆمەڵێک ئامانجی هاوبەش، ئێستا لەزیادبووندایەو بووە بە میکانیزمێکی حوکم بۆ رووبەڕووبوونەوەی کێشە کۆمەڵایەتییە گەورەکان. نۆ نموونە (PPPs) ڕۆڵێکی کارا دەگیڕێت لەبواری تەندروستیی جیهانیدا. ئەم بەشدارییە ئەو واقعییە دەخاتە روو کە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، دەوڵەتەکان و لایەنە ناحکومییەکان سەرچاوەو توانا، یاخود ئیرادەی چارەسەرکردنی کێشە جیهانییەکانیان نییە بەشێوەیەکی  سەربەخۆ.
وەک چۆن (کەرتی تایبەت و گشتی) کەرەستەگەلێک دەخەنە بەردەست بۆ پەیوەندییەکی هەرەوەزییانە لەنێوان حکومەت و کۆمپانیا تایبەتە قازانج خوازەکان بۆ دەرکردنی بڕیارە سیاسییەکان، بە هەمان شێوە دەبێت چەمکە باوەکانی بەرپرسیاری و شەفافیەت و رێکخستنی کۆمەڵایەتی لە چەمکە تەقلیدییەکانی حکومەت فراوانتر بکرێن و چەمکی حوکمڕانی وەک چەمکێکی فراوانترو گشتیتر لەخۆ بگرن. لەبەرئەوە بانگکردنی قەوارە تایبەتەکان لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەند لەپێناوی بەشدارییەک لە حوکمڕانیدا دەبێت ئەو قەوارە تایبەتانە بتوانن بەرگەی کاریگەریی ئەو بڕیارانە بگرن کە پێی دەگەن، چونکە کاری ئەو کۆمپانیایانە بەگشتی شەفاف نین و هیچ پاڵنەرێکیان نیە بۆئەوەی کارێکی دێمۆکراسییانە ئەنجام بدەن. پاڵنەری ئەوان زیاتر قازانجە. دەشێت تێکەڵکردنی تایبەت و گشتی هەندێک جار ببێت بەهۆی گەندەڵی و سەرلێشێوان، کە ئەمەش بانگەشە بنچینەییەکانی حوکمی دێمۆکراسی لاواز دەکات.
شەفافیەت خۆی دەکرێت کێشە ئامێز بێت لە حوکمی دێمۆکراسیانەدا، بەتایبەتی لە حوکمی لە سەردەمئ پلوڕالیزمدا پرۆسەی بڕیار دەرکردن بە پێویست دەرەنجامی لێک تێگەیشتنێکە، کە ئەمە دەشێت لەژینگەیەکی کراوەدا زۆر زەحمەت بێت، بەڵام زۆر لەلایەنەکان کێبڕکێ لەسەر دەسەڵات دەکەن تا بتوانن خۆیان پێناسەیەک بۆ کرۆکی چەمکەکان دابنێن. لێکتێگەیشتن هەندێکجار لەگرووپێکی بچوکدا باشتر دەست دەکەوێت، کە دوورە لەچاوی جەماوەرەوە هەروەها لەنێوان ئەو کەسانەشدا، کە خاوەنی خەمێکی گشتین. هەرچۆن بێت زۆرجار ئەمە شتێکی نموونەییەو جێی دڵنیایی نییە، هاوکات شەفافیەت دەشێت لەوەدا بەسوود بێت کە گرەنتی ئەوە بکات، کە ئەم کۆمەڵە بچووکانە هێشتا بەرپرسیارن لە بەرژەوەندیی گشتیی خەڵک. بەڵام هاوپەیمانی لەبڕیاردەرکردندا ناتوانیت ئەم گرەنتییە بدات، دەزگا بازرگانییەکانیش تەنیا لە بازنەیەکدا بەرپرسیارن و دوور دەکەونەوە لەوەی بتوانن خاوەنی خەمی گشتی بن، بەخشینی هێزێکی زۆر بە کەرتی تایبەت، کە لەسیاسەتی ئەمڕۆی جیهاندا تەواو چالاککراون، نیشانەی نەبوونی شەفافیەت و بەرپرسیاریەتیەو دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی کێشەیەکی قووڵ.
حوکمڕانی دێمۆکراسییانە ئەگەر زۆر سەرکەوتووانە لە هەموو ئاستەکاندا بوونی هەبێت، دەبێت بە وردی میکانیزمەکانی بەرپرسیارێتی و رێکخستنی کاروباری بازرگانی تێکەڵ بکات. ئەو کێبڕکێیەی لەنێوان وڵاتەکاندا هەیە بۆ هێنانەکایەی هەلێکی ئابووری بۆ هاوڵاتیەکانیان، وادەکات ئابووری بەخێرایی و سەربەستییەکی تەواو کار لەپیناو بەرژەوەندی خۆیدا بکات بێ ئەوەی گرنگی بە بەرژەوەندی مرۆڤایەتی بدات، کە لەوانەیە ببێتە هۆی پیسبوونی ژینگەو نایەکسانیی ئابووری، کە هەموو ئەمانە ،دەبنە هۆی دروستبوونی ململانێیەکی توند.
گۆڕانکاری بەرەو حوکمڕانی دێمۆکراسییانە بەهاوکاریی کۆمپانیاکان هەمیشە کارێکی خۆبەخشانە نییە. هێزی بازرگانی ڕێگا بەبەشێکی دەوڵەت نادات کۆنتڕۆڵی هەموو کایەکانی حکومەت بکات تا گرنتییەکی تەواو لەو ناوچە جوگرافییەدا بەدەست بهێنێت. بەم شێوەیە بە سانایی جیهانگیریی ئابووری بەردوام دەبێت. دەتوانین زیاتر گفتوگۆ لەسەر ئەم مەسەلانە بکەین، بەلام لەجیاتی ئەوە داهاتووی دێمۆکراسی پێویستی بەکەرتی کارکردن و دەوڵەتی هەرێمی هەیە کە شانبەشانی یەکتری کاربکەن. جیهانگیری فیکری و زانیاری و هێزی تەکنەلۆجیای پەیوەندیکردن دەتوانن یارمەتی بەدیهێنانی ئامانجەکانی دێمۆکراتیزەکردنی حکومەت بدەن لەحوکمڕانییەکی نێودەوڵەتی و ئابووریانەدا. وەک چۆن هاوڵاتیان بەهۆی ترسی هاوبەشییانەوە لە لەدەستدانی کۆنتڕۆڵی ژیانی تایبەتیان پێکەوە کۆدەبنەوەو فۆڕم و شێوە دەبەخشن بە هەستێکی میللی لەسەرانسەری جیهاندا، هەرواش توانای بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای پەیوەندییان هەیە بۆ فشارخستنەسەر دەزگا جۆراو جۆرو فرە لایەنەکان وەکو نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمکاری دەوڵەتانی عەرەب و بانکی نێودەوڵەتی و یەکێتیی ئەفریقا لەپێناو هاندانی ڕۆحی هاوکاریکردن لەگەڵ دەزگا تایبەتەکاندا کە هیوایەکە بۆ حوکمڕانیەکیدێمۆکراسییانە.
هەرچەندە بەرژەوەندییەکانی کۆمپانیا جیهانگیری بەڕێوەدەبەن و کارگەرییان دەبێت لەسەر پەیوەندیی نێوان دانیشتوان و فراوانبوونی بازاڕەکان و زیادکردنی قازانج، بەڵام کۆمپانیا تاکە هەڕەشە نییە بۆسەر حوکمی دێمۆکراسی لە جیهانێکدا، کە بە پەیوەندیی گەردوونیانە پێکەوە بەستراوە، هەروەها دێمۆکراتیزەکردنی حوکمڕانی هاوبەش تاکە چارەسەر نییە بۆ ئەو دەرەنجامانەی لەجیهانگیریدا دەکەونەوە. جیهانگیری دەستکاری هەموو چوارچێوەکانی ئەزموونی مرۆڤایەتی دەکات، وەک چۆن لەوانەیە ئەو ئایدۆلۆجیا توندڕەوانەی کە لایەنگری پێش-بازرگانی دەکەن، هەڕەشە لە پرەنسیپە دێمۆکراسییەکان بکات لەهەندێک حاڵەتدا، بەهەمان شێوە ئایدۆلۆجیای ئایینی توندیش بە هەمان شێوە رێگرە لەبەردەم پرەنسیپی دێمۆکراسی لە هەندێک حاڵەتی تردا. بە هەمان شێوە لیبڕالیزمی عەلمانی هاوکار لەگەڵ فراوانبوونی سەرمایەداری دەتوانێت بەشداری بکات لە بڵاوکردنەوەو پشتگیریکردنی دێمۆکراسی لەو کۆمەڵگایانەدا، کە زۆربەی خەڵکەکەی شوناسێکی ئایینی باویان هەیە. بەوتەی بنیامین باربەر، پەیوەستبوونی تەواوەتی و گوێڕایەڵی بۆ خودا دەتوانێت ببێتە بەربەست لەبەردەم دەسەڵاتی حکومەتی دنیایدا، لەکاتێکدا خەڵکی پێشکەوتنخوازی نیمچە ئایینی دەتوانن خۆیان ببنە هۆی بەڕێوەبردنی حکومەتێکی دێمۆکراسییانە وەک کاڵڤینییەکان لە جنێڤ و ماساشوستە پیوریتانییەکانی پێش شۆڕش.
لەڕاستیدا پیوریتانیزم و کاڵڤینیزم کاریگەرییەکی دیاریان لە پرۆسەی دیموکراتیزەکردندا لە ئەمریکاو ئەوروپادا هەیە، کە دەبینین مەسیحیەت کلتوورێکی ئایینی پێشکەش دەکات لەلایەن زۆربەی دانیشتوانی ئەو وڵاتانەوە پێشوازیی لێکراوە. بەهەمان شێوە لەو وڵاتانەی کە زۆربەی ڕێژەی دانیشتوانیان موسوڵمانن، دەشێت ئایین رۆڵێکی سینتڕاڵ لەدیاریکردنی جۆری دێمۆکراسی  بگێڕێت لەم جۆرە سیاسەتەدا، گرنگە بڵێین هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی بگەڕێین بەدوای هۆکارە دژ یەکەکان لەنێوان ئیسلام و دێمۆکراسیدا زیاتر لەنێوان مەسیحیەت و ئیسلامدا. وەک رەزا ئەسڵان روونی دەکاتەوە، لە ڕاستیدا زۆربەی زۆری ئەو یەک ملیار موسوڵمانەی لەجیهاندا هەن، ئامادەن پرەنسیپە جەوهەرییەکانی دێمۆکراسی قبووڵ بکەن، زۆربەی موسوڵمانان زمانی دێمۆکراسی وەک زاراوەیەکی ئیسلامییانە دەنرخێنن وەک ناساندنی (شورا) وەک نوێنەری گشتی، (ئیجماع) وەک بەشداریی سیاسی و (بەیعەت) وەک دەنگدانێکی جیهانی، بیرۆکەکانی دێمۆکراسی وەک دەستوورو فرەیی و لێپرسینەوەی حکومەت و مافەکانی مرۆڤ بەشێوەیەکی فراوان لەجیهانی ئیسلامیدا قبووڵ کراون . ئەوەی کە قبووڵ نەکراوە، ئەو بیرۆکە خۆرئاواییەیە کە ئایین و دەوڵەت لەیەک جیادەکاتەوەو ئەوەی دەڵێت عەلمانیەت دەبێت کۆڵەکەی کۆمەڵگای دیموکراسی بێت. لەراستیدا بنچینەکانی عەلمانیەت لەڕژێمە گەندەڵ و ترسێنەرەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بەڕوونی ئەوە پیشان دەدەن کە عەلمانیەت ناتوانێت بە زەرورەت دێمۆکراسی بەدیبهێنێت. دێمۆکراتخوازە لیبڕاڵەکانیش دەبێت پێداگری لەسەر ئەوە بکەنەوە، کە ئەو دێمۆکراسیەی لە کۆمەڵگا ئایینییەکاندا گەشەی کردووە، دەبێتە پارێزەری کەمینە ئایینییەکان و کەمینەکانی تر. لەبەرئەوە ئاشکرایە ئەو کۆمەڵگایانەی، کەزۆربەی دانیشتوانیان پەیوەستن بە ئایینەوە، ئایین بەپێویست رێکخستنی حوکمڕانی دروست دەکات، ئەمە ئەگەر ئەو سیستەمە دێمۆکراسی بێت بەهەر مانایەک.

دەرەنجام
ئەم چاو پیاخشاندنە کورتە بەسەر سروشتی هەمەلایەنەی حوکمڕانی سیستەمێکی جیهانیدا، کە هێزەکانی جیهانگیری پێکهێناوە، ئەوە روون دەکاتەوە کە تەحەداو دەرفەتەکان لە بەردەم مەترسیی ئەو هەوڵانەدان، کە لەسەردەمی هاوچەرخدا بۆ پێشخستنی سیاسەتی دێمۆکراسی دەدرێن. لە لایەنی ترەوە هەوڵی سەرکەوتوو بۆ دێمۆکراتیزەکردنی دەزگاکان لەیەک ئاستی حوکمڕانیدا لەوانەیە سنوور بۆ ئاستەکانی تری حوکمڕانی دابنێت، کە لەوانەیە دێمۆکراسی نەبن. بۆ نموونە هێزێکی نادێمۆکراتیەت لە حوکمڕانیدا لەوانەیە ببێتە هۆی لەکارخستنی هێزێکی دێمۆکراسی لە ئاستێکی تردا. لەلایەکی ترەوە ئەو ڕاستییەی کە حوکمڕانی کۆمەڵێک لایەن دەگرێتەوە لە ئاستە جیاوازەکاندا، ئەوە دەخاتە ڕوو کە هێزە دێمۆکراتخوازەکان دەتوانن هاوپەیمانێتی لەگەڵ زۆرێک لەلایەنە جوگرافی و دەزگاییەکاندا ببەستن، بۆ نموونە ڕێکخراوێکی ناحکومی دەشێت رووبەڕووی ڕێگرییەکانی بەردەم دێمۆکراسی ببێتەوە لەناو دەزگاکانی دەوڵەتدا بەهەوڵدانی هاوکاریکردنی دەوڵەت لەڕێگەی پێشخستنی هێزی دەرەکی و سەرچاوەکانی تر لە دەرەوە، یان ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، یان لایەنە چالاکە ناحکومییەکان، لەگەڵ ئەوەشدا پاراستن و بەهێزکردنی دەزگا دێمۆکراتییەکان ئەوەمان لێ داوا دەکات جارێکی تر چاو بە ئامانجە بنچینەییەکانی حوکمڕانیدا بخشێنینەوە، نەک وەک وەزیفەیەکی دەوڵەتی هەرێمی، بەڵکو وەک کارێکی نموونەیی بۆ بەها بەرزەکانی مرۆڤایەتی، کە ئەمانە بەهای لۆکاڵی و هەرێمی و نیشتمانیی و گەردوونین. تێڕوانینێکی واقیعییانە بۆ دێمۆکراتیزەکردن پێویستە چەمکەکانی وەک یەکسانی و دادپەروەری و خۆشگوزەرانی بپارێزێت، نەک تەنیا مەیدانی سیاسی و کۆمەڵایەتی، بەڵکو گروپە بازرگانی و ئایینییەکانیش.
ئەم بابەتە لە ژمارە ١٦ی گۆڤاری کەوانە ساڵی ٢٠١٣ بڵاوبووەتەوە

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved