رەوشی فەلسەفەی سیاسی لە یۆنانی کۆندا
د. حەمید عەنایەت
و: رەفعەت مورادی
لە بەدواداچوونی فەلسەفەی ڕۆژئاوا، یەکەمین گرفت بۆ توێژەران ئەوەیە ئاخۆ باسەکەیان لەکوێوە دەست پێبکەن؟ بەرسیڤی ئەم پرسیارە تا ڕادەیەک پەیوەندی بەوەوە هەیە ئێمە چۆن پێناسەی سیاسەت دەکەین؟ ئەگەر سیاسەت بە مانا گشتییەکەی بریتی بێت لە هونەری حوکمڕانی و بەدەست هێنانی هێزو دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی، ئەوکات دەبێ لەو بیرمەندانەوە دەست پێبکەین کە لەم پەیوەندییەدا بەرهەمیان هەیە یان بە بۆچونێکی ترو بناغەدانەری فەلسەفی سیاسین، واتە بەو جۆرەی نووسەران دەستیان داوەتێ و لە ئەفڵاتونەوە هێناویانە.
بەڵام کێشەکە لەوەدایە ناتوانرێت چوارچێوەی سیاسەت بەئاسانی دیاری بکرێت، نەخوازما کاتێک پرسە کۆمەڵایەتی و ئابووری و بەتایبەت فەلسەفییەکان لەگەڵ سیاسەتدا پەیوەندی دروست دەکەن یان دەرەنجامی سیاسی گرنگیان لێدەبێتەوە، ڕەنگە بەم هۆیەوە بێت کە مارسڵ پریلۆد مامۆستای زانکۆی پاریس، کتێبە کورت و پوختەکەی خۆی لەژێر ناوی "ئەندێشە سیاسییەکان" بەلێکۆڵینەوە لە ئەندێشەی هیرۆدۆت دەستی پێکردووە، چونکە لە ڕوانگەی مارسڵ پریلۆدەوە ئەوەی هیرۆدۆت سەبارەت بە سیستەمە سیاسییەکان لەناوەڕۆکی راپۆرتە مێژووییەکانیدا دەریبڕیوە، نموونەی ئەو شێوە تێڕوانینانەیە لەیۆنانی کۆندا لەبارەی جۆرەکانی حکومەتەوە خراونەتە روو، هەربۆیە دەبێ لەو بیرمەندە یۆنانیانەوە دەست پێبکەین کە لە مێژووی فەلسەفەدا ڕۆڵ و ناوبانگیان هەیە.
بەدرێژایی مێژوو، ئەندێشەی سیاسی هیچ کات لە ئەندێشەی فەلسەفی جیانەبووەو سەرهەڵدانی ئەندێشەی سیاسی لەلای هەر نەتەوەیەکدا، تەنیاو تەنیا بۆ دەربازبوونی زەین و بیریان بووە لەتێگەیشتنە وشک و دوگماییەکانیان سەبارەت بە چۆنیەتی بوون و سوڕانەوەی جیهان و بەسەرهاتی مێژوو، یۆنانییەکان کاتێک بیریان لە سیاسەت کردەوە کە هەستیان بە یاسای گۆڕان یان گەڕان لەناو بوونەوەردا کرد، بۆچوونی دوو شاعیری گەورەی یۆنانی لەوانە: هۆمێر (سەدەی نۆهەمی پێش زایین)و هەزیۆد (سەدەی هەشتەمی پێش زایین) بواری بۆ بە ئاگابوون لەم یاسایە فەراهەم کردبوو، لەڕوانگەی هۆمێرەوە ئەگەرچی مێژوو بەرهەمی ئیرادەی خواکانە، بەڵام یاسا گشتییەکان لەلایەن خواکانەوە دەرناکرێن، هەربۆیە هۆکاری سەختی و دابڕان لەزنجیرە رووداوەکان و ئاڵۆزی و پشێوی رۆژگار و نەبوونی واتایەکی هاوبەش و ڕەوتێکی یەکگرتوو لەمێژوودا ئەم یاسایانەن، ژیانی مرۆڤ یاری دەستی هێزی شاراوەی چارەنووسە و هیچ کەس لەچارەنووسی ژیان تێناگات، بەهەمان شێوە هزیۆدیش باوەڕی بە زاڵبوونی چارەنووس لەسەر ژیاندا هەیە بەڵام رەشبینانەتر لە هۆمێر سەیری جیهان دەکات و پێی وایە ژیانی جەستەو ڕەوانی مرۆڤ بەردەوام بەرەو لەناوچوونی زیاتر دەچێت، سەبارەت بەم تێڕوانینانەی هزیۆد هەندێ کەس پێیانوایە ئەم بیرکردنەوەی هزیۆد لەژێر کاریگەری بیرمەندە خۆرهەڵاتییەکانە؟
یەکەمین بیرمەندو فەیلەسوف لە یۆنانی کۆندا گۆڕانی وەک بنەمایەکی باڵادەست بەسەر بووندا ناسی و دانی پێدانا، هیراکلیتۆس (٤٨٠-٥٧٦پ.ز)بوو، سەردەمی گەشەکردنی ئەندێشەی ناوبراو هاوکات بوو لەگەڵ پاشایەتی داریۆشی هەخامەنشی و پێدەچێت دۆستایەتیشیان هەبووبێت، فەیلەسوفەکانی پێش هیراکلیتۆس جیهانیان وەک بینایەکی گەورە دەزانی کە لە ماددەی دیاریکراو پێکهاتووە و شێوەو چوارچێوە و سیستەمێکی نەگۆڕی هەیە، هەربۆیە بە کاسمۆس ناویان دەبرد کە بە پێی هەندێ بۆچوون لە بنەرەتدا وشەیەکی خۆرهەڵاتییە و بە واتای خێمە دێت، بەڕای ئەم فەیلەسوفانە ئەرکی فەلسەفە ئەوەیە ماددە پێکهێنەرەکانی جیهان بناسێت، بۆیە فەلسەفەکەیان بە فەلسەفەی سروشت ناوی دەرکرد، دواتر تالیس مەلتی(٦٢٥پ.ز) ئاوی بە گەوهەر و بناغەی جیهان دادەنا، ئەنکسیمیندۆر (٥٤٧-٦١٠پ.ز) پێیوابوو سەرچاوەی جیهان مادەگەلی نادیارو نەناسراون، هەروەها ئەنکسیمانۆس (٤٨٠پ.ز) هەوای بە سەرچاوەو پێکهێنەری جیهان دەزانی.
گەر ئەم فەیلەسوفانەش کە هەندێ جار لەسەر بوونی جیهان قسەیان دەکرد گۆڕانیان بە ڕووداوێک بزانیایە.
کە لەناو بینای جیهاندا سەرهەڵدەدات یان وەک ڕەوتێک تەماشایان بکردایا لەدەرەوەی نۆرم و سامانی ئاسمانی کە بناغەی جیهان تووشی مەترسی دەکات، ئەوا هیراکلیت بە تەواوەتی هەر جۆرە سەقامگیری و نەگۆڕی لە بوونەوەراندا ڕەتکردەوەو چەمگەلێکی وەک بینای جێگیرو سووڕانی گەردوون و خێمەو ...هتد. بە بێبنەماو درۆو دەلەسە دەزانی و پێیوابوو ئەگەر جیهان شتێکی هاوچەشن بێت ئەوا وەک زبڵ و خاشاکێک دەچێت کە بەهۆی حەزو یارییەوە پەرش و بڵاوبۆتەوە، بۆیە پێیوابوو جیهان نەتەنیا کۆمەڵە شتێکە بەڵکو ئاکامی هەموو ئەو رووداو و گۆڕانکاری و واقعیەتانەیە کە لەگۆڕێدان "هەموو شتێک لە گۆڕاندایە و هیچ شتێک جێگیر نییە" و ناکرێ دووجار بچیتەوە ژێر وقوڵایی ڕووبارێک.
سەرنجڕاکێش ئەوەیە هیراکلیت هەرچەندە هەوڵەکانی فەیلەسوفانی پێش خۆی لەیۆناندا سەبارەت بە ناسینی هۆکاری بوون و بناغەی جیهان سووک تەماشا دەکرد، بەڵام تێڕوانینە فەلسەفیەکانی خۆیشی لەسەر بنەمای فەلسەفەی سروشتدا بونیاد نابوو بەو جیاوازییەوە کە بۆ خۆی ئاگری بەسەرچاوەی هەموو شتێک دەزانی چونکە پێیوابوو ئاگر بەردەوام نائارام و هێمای وەرچەرخان و شەرەفی بونەوەرانە، لەبەر ئەوەش بوو دەیوت:
ئاکامی یەکەمین توانەوەی ئاگر دەریایە، بەڵام دەریا نیوەی خاک و نیوەی تری هەوای گەرمە، کەواتە هەموو توخمەکانی تر واتە: ئاوو خاک و هەوا لە توانەوەی ئاگر دێنە ئاراوە، گومانی تێدا نییە هیراکلیت بیروباوەری خۆی کە پێدەچێت لە خودی فەلسەفەدا وەرگرتبێت بەرگی سیاسیشی پێدەبەخشی و سیستەمی کۆمەڵایەتیشی بەدوور لەوەرچەرخان نەدەزانی، بۆیە خەڵکانی سەردەمی خۆی ئامۆژگاری دەکرد سەبارەت بە کاروباری سیاسی و کۆمەڵایەتی وەک منداڵ نەجوڵێنەوە و ئەوەی لە گەورەکانەوە بەمیرات بۆیان ماوەتەوە بە ڕەوا و پیرۆز نەزانن.
کارڵ پۆپەر وەک خاوەن ڕایەکی هاوچەرخ کە پەیوەندی نێون شێوازی تێڕوانینی فەلسەفی هیراکلیت و ڕەوشی سیاسی تایبەت بە سەردەمی خۆی و هەروەها دۆخی ژیانی خستۆتە ڕوو لەو بارەوە نووسیویەتی "سەردەمی هیراکلیت، سەردەمی گوزەری یۆنان بوو لە سیستەمی نەگۆڕی ئاریستۆکراسی(ئەشرافییەت) بۆ سیستەمی دیموکراسی (حکومەتی خەڵک)، لە سیستەمی ئارستۆکراسیدا هەموو کەسێک پێگەو شوێنی دیاری خۆی هەبوو کە پێی ڕازی بوو، بەتایبەت کاتێک خورافاتی ئایینی و کۆمەڵایەتی و هەروەها گەورەو بچوکی و پلەبەندی ڕێزی هەمووانی دەپاراست، هیراکلیت بۆخۆی شازادەیەک بوو لە شاری ئەفسەسی یۆنان، بەڵام بەهۆی ئەوەی حەزی لەسیاسەت نەدەکرد، لە مافی شازادەبوون بە قازانجی براکەی چاوپۆشی کرد، بەڵام کە بینی هێزە شۆڕشگێڕەکانی خوازیاری دیموکراسی، مانەوەی هێزی ئەرستۆکراتیان خستۆتە بەرمەترسی، بەمەبەستی بەرگریکردن لە خزمەکانی ڕاپەری و بۆ ماوەیەک لە فەلسەفی نەریت پەرستی و موحافیزکارانە داکۆکی دەکرد، بەڵام ئەو هەوڵانە هیچ سوودی نەبوو چونکە سەردەمی سەروەری دەسەڵاتی ئەریستۆکراسیانە باوی نەمابوو،ئەم شکستەی هیراکلیت لە بیروباوەڕە سیاسیەکانی ڕەنگی دایەوە، بەجۆرێک پاش هاوڕێ ئەریستۆکراتەکەی "هیرمۆدۆرۆس" لەسەر داوای جەماوەر بە توڕەوییەوە نووسی: گەورەکانی "ئەفسەس" دەبێ یەک بە یەک خۆیان لە پەتی سێدارە هەڵبواسن و ئیش و کارەکانی حکومەت ڕادەستی منداڵان بکەن، ئەو هۆکارەی کە هیراکلیت بەمەبەستی ریسواکردنی حکومەتی گەل هێنابوویەوە، تا ئێستاش لە سەفسەتەی بەرگریکەران لە دکتاتۆریەت دەوترێتەوە، خەڵک نەزان و ناڕەسەن و تەوەزەل و ورگن و خۆویستن،ئەمەش نیشانەیەکە لە فەلسەفەی نەریتخوازانەی هیراکلیت کە لە قۆناغی رووبەروو بونەوەی نێوان ئەرستۆکراسی و دیموکراسیدا دەردەبڕا، ئەمەش یەک لەو وتانەی هیراکلیتە کە دەڵێت: خەڵک دەبێت هەروەک چۆن لەشورای شارەکانیان بەرگری دەکەن، ئاواش داکۆکی بکەن لە یاساکان، بەڵام دوای ئەوەی ئەریستۆکراتیەکان شکستیان هێنا، هیراکلیت لە موحافیزکاری و نەریت پەرستی هەڵگەڕایەوە و هاتەسەر ئەو باوەرەی کە ژیان لە گۆڕان و ناسەقامگیەیدایە.
ئەگەر ئام پاساو هێنانەوە لەمەڕ پەیوەندی نیوان ژیانی سیاسی هیراکلیت و فەلسەفەکەیدا ڕاست بێت، ئەوا دەبێ لەبری دڵبەستن بە بەرژەوەندی شەخسی و رق هەڵگرتن، بەهۆکارێکی بزانین بۆ ڕاستگۆیی هیراکلیت لە بنەڕەتی بوونی وەرچەرخان، بەنیشانەی مەیلی دەرونی و نائاگاییانەی هیراکلیت دەزانی لەبارەی سەقامگیربوونی دۆخەوە، بەمجۆرە سەبارەت بە هیگڵ و مارکس دادوەری دەکات و دەڵێت: هەموو ئەم بیرمەندانە لە ناخی خۆیاندا ئارەزوویان خواستووە جیهان بەیەک شێوە بمێنێتەوەو پاشان کە پێچەوانەی ئەوەیان بۆ دەرکەوتووە هەوڵیان داوە خۆیان لەگەڵ ئەم تێڕوانینەدا بگونجێنن کە پێیوایە گۆڕانکاری بۆ خۆی پەیوەستە بە یاسایەکی نەگۆڕەوە، هەروەک چۆن ئەفڵاتون و پارمنید گومانی ئەوەیان لا دروست بوو ئەو جیهانەی تێیدا دەژین وەهمێک زیاتر هیچی کە نییە و لەو دیو ئەم جیهانەوە، جیهانێکی ڕاستەقینە لە ئارادایە کە لە دەرەوەی گۆڕانکارییەکانە.
دەبێ ئەوەمان لەبیر نەچێتەوە فەلسەفەی هیراکلیت سەرەڕای ئەو هەموو جەختکردنەی لەسەر گۆڕانکاری، لەسورانی جیهاندا سامانێک دەبینێ و وادەزانێ هەر سووڕان یان ڕەوتێک کە لەجیهاندا لەوانە لەخودی ئاگردا لەئارادایە، ڕادەیەکی دیاریکراوی هەیە، مەبەستی هیراکلیت لەڕادە، کۆی حیکمەت و یاسا و دادپەروەرییە."هەموو شتەکان بەپێی زەرورەتی چارەنووسیان بەرەو پێش دەڕۆن، خۆر لەبازنەی رێڕەوی خۆیدا ناچێتە دەرەوە، ئەگینا یارمەتیدەرانی دادپەروەری دەیکوژن".
لەبەر ئەوەی چارەنووس بەمجۆرەی کە باسکرا سەر بە یاساو دسپلینی دیاریکراوە نابێ لێی بترسی، هەروەها گەشبین بوون لەئاست دواڕۆژە کە وا دەکات هیراکلیت ستایشی شەڕ و ململانێ بکات، چونکە لەوە دڵنیایە دواجار دادپەروەری سەردەکەوێت، لەو دەمەدا یۆنانییەکان هێشتا لەنێوان یەکسانی سروشتی یان سزاو یەکسانی سیاسی و یاسادا هەستیان بە جیاوازی نەدەکرد.
هیراکلیت دەڵێت:
"شەڕ باوک و فەرمانڕەوای هەموو شتەکانە، شەڕەکە دەیسەلمێنێ هەندێ کەس خودایە و هەندێکیتر مرۆڤ، ئەوە شەڕە تاقمی یەکەم بە سەروەر و تاقمی دووەم بە بەندە دەناسێنێت، دەبێ بزانین شەڕ چەمکێکی گشتگیرەو یەکسانی شەڕەو هەموو شتەکانیش لەڕێگای شەڕەوە، ناچار گەشە دەکەن".
بەڵام گەر هەموو شتێک لە گۆڕانکاریدایەو دوڕۆژی ئەو گۆڕانکارییەش بە قازانجی هەق و یەکسانی و شایستەییە، ئەوکات لەبەرئەوەی خودی ئەو بنەمایانەی کە چەمکە ئەخلاقیەکان پێک دێنن لە گۆڕاندان، ئیتر چۆن دڵنیایت لەوەی ئەوڕۆ بە هەق و یەکسانی و شایستەیی دەزانرێت لەدواڕۆژدا بەو شێوەیە بمێنیتەوە؟ هیراکلیت بۆ لابردنی ئەم ناتەباییە دوو ڕێسای گرنگ و پەیوەست بەیەک لە فەلسەفەکەی خۆیدا دەخاتەڕوو کە یەکێکیان گونجانە لەگەڵ یەکگرتنی دژەکان و ئەویتر رێژەیی بوونی ئەخلاقییە، بەپێی رێسای یەکەم ئەو شتانەی لە عورفدا دژبەیەک دەزانرێن لەوانە : شادی، خەم، نەخۆشی، تەندروستی، ژیان و مەرگ و تەڕی و وشکی، لەڕاستیدا لێک جیاواز نین بەڵکو بوونی هەریەک لەوانە بەستراوەتەوە بەویترەوە، ناتوانرێت یەکێکیان بەبێ وێناکردنی ئەویتر بناسێتەوە، کاتێک قەدری شادی دەزانین کە خەم و کەسەرێکمان تووش بوبێت، هەروەها کاتێک ئارەزووی تەندروستی دەکەین نەخۆش بین، تەڕایی کاتێک ویستراوە کە لەوشکاییەک یان لەبیابانێک لەبێ ئاوییدا مابینەوە، بەمجۆرە گۆڕانکاری بەندە بەوەوە شتێک تایبەتمەندی دژبەرەکەی بەدەست بێنێت، هەڵبەتە ئەوە بەو مانایە نییە جەوهەرو ناوەرۆکی ئەو شتە بەتەواوەتی بگۆرێت،کەواتە هەموو شتێک بەهۆی ئەوەوە بەردەوام لەگۆڕاندایە، لەیەک کاتدا خەسڵەت و حاڵەتە دژەکان لەخۆیدا کۆدەکاتەوە، هیراکلیت رێسای رێژەیی بوونی ئەخلاقی لەکۆمبوونی دژەکاندا هەڵێنجاوە، ئەمەش لە وتە بەناوبانگەکەی پرۆتاگوراس فەیلەسوفی بەناوبانگی یۆنان (٤١١-٤٨١)پ.ز دا دەردەکەوێت کاتێک دەڵێت:
"مرۆڤ میوانداری هەموو شتەکانە"وەک چۆن ئاوی دەریا بۆ ماسییەکان باشە و بۆ ئادەمیزاد خراپ، چاکەو خراپەی شتەکانیتر بەهەمان شێوە ڕێژەییە، لەم ڕووەوە ئەگەر سووڕی گەردوون لە قۆناغێکی تردا دژ بێت، نابێت بیبەستینەوە بەوەوە کە جیهان بەهۆی گۆڕانکارییەکانیەوە بەرەو خراپی دەچێت، چونکە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی باسکرا لەبەسەرهاتی ناخۆشی لەهەریەک لەو قۆناغانەدا، خێرێک حەشاردراوە کە جیهان بەرەو ئاقارێکی باشتر ئاڕاستە دەکات.
بیروباوەڕی هیراکلیت لەدوولاوە لە وروژاندنی ئەندێشەی سیاسی یۆنانییەکاندا کاریگەری داناوە، یەکەم ئەوەی بە رەتکردنەوەی نەگۆڕی لەهەموو شتێکدا بەشێوەی گشتی سەرنجی یۆنانییەکانی بەو ئاقارەدا راکێشا کە گۆڕان لەو دامەزراوەو دام و دەزگا سیاسیانەی لە ئارادان پێچەوانەی نەریت و یاسای گەردوون نییە، دووەمیش ئەوەیە یاسای نەگۆڕبوونی شتەکان بوو بە ئیلهام بەخشی بیروباوەڕی نوێی ئەفلاتون و ئەرەستۆ، بەجۆرێک ئەفلاتونی خستەوە بیر دۆزینەوەی سیستەمێكی پارێزراو لە گۆڕانکارییەکان واتە مەدینەی فازیلە، هەروەها بوو بە یارمەتیدەری ئەرەستۆ بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی کۆمەڵناسی سیاسی و چۆنێتی ڕەوتی گۆڕانکارییەکان.
ئەفڵاتون
ئەفڵاتون فەیلەسوفێیکی خانەدان بوو کە لەساڵی (٤٢٧پ.ز) واتە سێ ساڵ پێش هاتنە ئارای دەسەڵاتی داریۆشی دووەمی هەخامەنشی و سێ ساڵ پاش شەڕی "پلۆپۆنو" لەیۆناندا لەدایکبوو، بەپێی گێڕانەوەی خودی ئەفڵاتون "لەمیانەی دوو گفتوگۆکانیدا" واتە " خارمیدۆس و تیمائۆسدا"دایکی خزمی "سۆلۆن" یاسادانەری بەناوبانگی ئاتن بوو و باوکیشی "ئاریستۆن" لە ئەریستۆکراتە بەرجەستەکانی یۆنان بوو کە بەرەچەڵەک دەگەڕایەوە بۆ "کدروس" دوایین کەسی بنەماڵەی پاشاکانی "ئاتیک".
ئەفڵاتون چەندە ساڵ لە تەمەنی تێنەپەڕیبوو باوکی ماڵئاوایی لێکردو ئیتر پاش ماوەیەک دایکی بە پەیڕەوی لە نەریتی "بیۆگان"ی یۆنان شووی کرد بە پیری لامپ کە سیاسەتمەدارێکی ناسراو و دۆستی نزیک و پاڵپشتی "پریکلێس"ڕێبەری دیموکراسیخوازان بوو، پەروەردەبوونی ئەفڵاتون لە خێزانێک کە ئەندامەکانی ئەو بنەماڵەیە یان بەدوای سیاسەتدا بوون یان خود لەگەڵ سیاسەتمەدارە ناسراوەکان لە پەیوەندیدا بوون وای لێکرد حەز لە سیاسەت و ڕێبەرایەتی سیاسی بکات، ئاکامەکانی شەڕی "پۆلۆپۆنز"یش کاریگەری بەرچاوی دانا لەسەر ژیانی ئەفڵاتون، ئەم شەڕە تا ئەو دەمەی ئەفڵاتون تەمەنی نەگەیشتبووە بیست و سێ ساڵان بەردەوام بوو، کۆتایی هێنا بەو شکست و سەرشۆڕییەی ئاتنییەکان، پریکلس کە یۆنانی بەشەڕ کێشابوو بەهۆی نەخۆشی تاعونەوە کە لەسەراتاکانی شەڕ ئاتنی گرتبوەوە مرد، بەمەش پاش ئەو ئازادیخوازان و دیموکراسیخوازان بەهۆی ئەم دەرفەتەوە لە نائومێدی و دەستەوەستانی خەڵک و سووکایەتی حکومەتی ئەریستۆکراتەکانەوە، دەسەڵاتێکی سیاسی زیاتریان بەدەست هێناو جڵەوی حکومەتیان گرتە دەست، بەمەش سیاسەتی ئازادیخوازان بەشێوەی سروشتی هەڵقوڵاوی خواستی خەڵک بوو. خەڵکیش لەو سەردەمەدا خوازیاری بڵاوبوونەوەی دەسەڵاتی سیاسی ئاشتیخوازانەی ئاتن بوون لەسەرتاسەری ئەو وڵاتەدا، دواجار هەر ئەم سیاسەتە دەوڵەتی ئاتنی بەئاڕاستەی لاوازی و لەناوچوون برد.
شکستەکانی ئاتن بەدرێژایی شەڕ بەتایبەت شەڕی "سیراکۆز" شالیاری سیسیل لەساڵی (٤١٢پ.ز) ئەشراف و دەسەڵاتدارانی لەدژی دیموکراسی هاندا، ئازادیخوازان بۆ بەرهەڵستکردنی ئەم پیلانە سیاسەتێکی سەختگیرانەیان لەپێش گرت و نەیارەکانی خۆیان بەڕاست یان ناڕاست شاربەدەر کرد، کاتێک دواجار ئاتن لەساڵی ٤٠٤ی پێش زایین شکستی خوارد، دەسەڵاتداران بەیارمەتی سوپای سەرکەوتووی ئیسپارت، حکومەتی ئازادیخوازانی شکست پێهێناو بەناوی "پاککردنەوەی شار لە شەڕەنگێزان" دەستیانکرد بە ئازارو کوشتنی نەیارەکانیان، کەچی ئەم ستەمکارییە ئەوەندەی نەخایاندو تەنیا پاش هەشت مانگ ئازادیخوازان دووبارە هاتنەوە سەرکار، بەڵام لەبەرئەوەی خەڵک لە درۆو دەلەسەی ئەوان ماندوو ببون، ئەمجارەیان بە میانڕەوی و ئاقڵانە حوکمڕانیان کرد، تەنیا هەڵەیەک کە تووش بوون و ئەفڵاتون هەرگیزاو هەرگیز لێی خۆش نەبوو لەسێدارەدانی سوقرات بوو بە بیانووی بەلاڕێدابردنی گەنجان.
ئەفڵاتون تەمەنی مێردمنداڵی و گەنجێتی خۆی لەشوێنێکی وادا کە تەژی بوو لە دوژمنایەتی و ململانێ و خوێنڕشتن بەسەر برد، لەسەردەمی پیریدا بیرەوەریەکانی خۆی لەسەر ئەو ستەمگەرییە پاش ٤٠٤ساڵ کە بە سەردەمی "حوکمڕانی سیی کەس"دا بەمجۆرە دەربڕیوە: "لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا وەک زۆربەی گەنجانی تر ئەموونم هەبوو کە باڵغ بووم، بڕیارمدا تێکەڵی سیاسەت ببم، بەمەش دەرفەتێکم بۆ ڕەخسا ئەو ڕێکخراوە سیاسییەی کە لە ئارادا بوو لەلایەن خەڵکەوە لۆمەو ڕەخنەی لێدەگیرا داخراو ئەنجومەنێکی نوێ، کە پێکهاتبوو لە سی کەس، دەسەڵاتی باڵای وڵاتیان گرتە دەست، بەڕێکەوت هەندێ لەو کەسانە دۆست و خزمی خۆم بوون و جارێکیان بانگهێشتیان کردم بۆ ئەوەی هاوکارییان بکەم، وەک بڵێی بەشێوەی سروستی وادەکەم، هەستی من لەم بارەوە وەک هەر گەنجێکی تر وابوو کە چاوەڕێ دەکرا، واتە بیرم لەوە دەکردەوە کە ئەم سی کەسە دەیانەوێ کۆمەڵگا بەڕێگەی ڕاستدا بەرن و دادپەروەرانە حوکمڕانی بکەن، لەم ڕووەوە بە تامەزرۆییەکی زۆرەوە چاودێری کارەکانیانم دەکرد، بەڵام پاش ماوەیەک بۆم دەرکەوت ستەمکاری ئەم دەستەو تاقمە ڕووی ڕەشی دەسەڵاتدارانی پێشووی سپی کردووە، لەوانە یەکێک لەو ستەمکارییانە ئەوە بوو هەوڵیاندا هاوڕێم سوقرات بە تاوان تۆمەتبار بکەن کەچی من بەبێ هیچ دوودڵییەک سوقرات بە باشترین پیاوی سەردەم دەزانم، ئەوان دیانویست سوقرات و چەندین کەسی تر ناچار بکەن بۆ ئەوەی یەکێک لە هاوڵاتیان دەستگیر بکەن و بەزۆر بیهێنن بۆبەردەم پەتی سێدارە، سوقرات نەچووە ژێر باری ئەم کارەوە بەباشی زانی خۆی بخاتە بەر مەترسییەوە بەڵام هاوبەشی ئەم ستەمکارییە نەبێت.
کاتێک هەموو ئەم شتانەو زۆرشتی خراپی تریشم دەبینی، بێزاربووم و لەو ستەمکارییەی ئەو سەردەمە ڕووم هەڵماڵی، پاش ماوەیەک دەسەڵات و حوکمڕانی ئەو سی کەسە نەماو حکومەت ئاڵوگۆڕی بەسەردا هات، جارێکی تر خولیای سیاسەت بوومەوە، هەرچەندە ئەمجارەیان زەوقێکی کەمترم هەبوو، دۆخەکە ئاڵۆز بوو، هەموو کەسێکیش دەیتوانی لەئاست هەموو ئەو شتانە کە ڕوویان دەدا رەخنە بگرێت، سەیر نەبوو ڕق و قینی خەڵک لەگەرمەی شۆڕشدا هەندێ جار لە ڕادە دەربچێت، سەرەڕای ئەوەش ئازادیخوازان دەسەڵاتیان گرتبۆوە دەست و دادپەروەرانە هەڵسوکەوتیان دەکرد، بەڵام بەداخەوە هەندێ لە کاربەدەستان، هاوڕێ سوقراتیان بە تۆمەتی ناڕەوا ڕاکێشی دادگا کرد، ئەو تۆمەتی دایانە پاڵی دوایین تۆمەتێک بوو کە دەیتوانی لێی بوەشێتەوە، واتە تۆمەتی بێ ئەخلاقی کە بەسەریدا سەپاندیان و لەسێدارەیاندا...
ئەفڵاتون کاتێک لەگەڵ سوقراتدا ئاشنا بوو زۆر گەنج بوو، ئەم ئاشناییەش دەسپێکی ئاڵوگۆڕی گەورە بوو لەژیانی ئەفڵاتووندا، سوقرات سەرەڕای ئەوەی کتێبێکی نووسی و لەڕێگای لایەنگران و شاگردەکانییەوە لەوانە ئەفڵاتون، کاریگەرییەکی قوڵی لەسەر بیرکردنەوەی فەیلەسوفانی دوای خۆی لە یۆناندا و پاشانیش لەڕۆژئاوادا دانا، ئەفڵاتون کۆتاییەکانی ژیانی خۆی بە باسکردن لەسەر پرسە ئەخلاقییەکان بردەسەر. (هادیف دلف) کە هاوڵاتیانی یۆنان لە هەموو کاروبارێکی شەخسی و کۆمەڵایەتی خۆیان داوای پشتگیرییان لێدەکرد، وتبووی سوقرات ڕۆشنبیرترین کەسی یۆنانە، بەڵام سوقرات بەدڵنیاییەوە پێیوابوو وانیە، بۆیە هەوڵیدا پێچەوانەی دەربڕینەکەی هادیف بسەلمێنێ، شێوازێک کە سوقرات بۆ ئەم مەبەستە هەڵیبژارد هەمان هونەری جەدەل بوو کە مەبەستەکەی شکست پێهێنانی بەرانبەرەکەی یان بەڕای ئەهلی لۆژیک"بێدەنگی و چۆکدادانی دوژمن" بەڵام سوقرات لەم شێوازە بۆ رەخنە گرتن لە بیروباوەڕی ئەخلاقی خەڵک سوودی وەردەگرت، بۆ نموونە لێیانی دەپرسی: مەبەستتان لە لەسەرخۆبوون و دادپەروەری و یەکسانی و شتی لەو بابەتە کەبەردەوام لەدەربڕینەکانتانا باسی لێدەکەن چییە؟ بەدڵنیاییەوە خەڵک بۆ وەڵامی ڕاست و لۆژیکی دائەمان، چونکە دژوارترین کار پێناسەکردنی دەستەواژە سادەو ساناکانە، کاتێک سوقرات دەیوت گەر لە هەمووان رووناکبیرترە، تەنیا بەهۆی ئەوەوەیە کە ئاگای لە نادانی خۆیەتی، لەکاتێکدا ئەوان نازانن کە نەزانن، واتە مرۆڤ دەبێ سەرەڕای ئەوەی هەڵەو نەزانکاری خەڵک لەبواری چەمکە ئەخلاقییەکاندا دەربخات، زانست لەبواری ئەخلاقدا لەو ڕووەوە گرنگە کە ئەگەر مرۆڤ ئەوەندە بزانێ حەق و ڕاستی چییە، بۆخۆی بەو ئاڕاستەیەدا دەڕوات کە کێشە ئەخلاقییەکان لە ژیانیدا چارەسەر بکرێن.
لەگەڵ ئەوەی ویستی دەروونی سوقرات لەپرسیارە ئاڵۆزە فەلسەفییەکانیدا سەلمێنەری بەهاو بایەخی ئەخلاق بوو، بەڵام لەو ڕووەوە کە میتۆدی ئەو بۆ ئەم مەبەستە دەربڕی لایەنی ناعەقڵانی و ناتەبایی بیروباوەڕی ئەخلاقی هەمووان بوو، هەربۆیە زۆرێک لە نەریت پارێزان و موحافیزکارەکان ئەم جۆرە قسەیان پێخۆش نەبوو، چونکە وردە وردە وانەکانی لەناو ڕۆشنبیراندا برەوی پەیدا کردبوو، لەو سەردەمەدا گەنجەکان بەهۆی قەیرانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئاتنەوە زیاتر لەهەر کاتێکی تر لە ئاست بنەما ئەخلاقییە باوەکاندا باوەڕیان نەمابوو، زۆرێک لەخەڵکی ئاتن سوقراتیان بە بەرپرسی نەزانی و کەمتەرخەمی گەنجە نوێخوازەکان دەزانی، پاڵنەری مەحکەمەی سوقرات هەرچییەک بووبێت گومانی تێدا نییە هەستی خەڵک بەرامبەر بە ئەو هۆکارێک بوو بۆ سەپاندنی سزا بەسەریدا. مەحکوومبونی سوقرات بووە هۆی بێزاری لەڕادەبەری ئەفڵاتون لەسیاسەت، هەربۆیە بەشێکی تر لە نامەکەی کەپێشتر خرایە ڕوو، دەبڕی ئەو بێزارییەیە:
" لەبەرئەوەی هەموو کاروبارەکانم بەچاوی خۆم بینی، هەموو کارێکی سیاسەتمەداران و یاساکان و هەڵسوکەوتی رۆژانەیانم پترو پتر موتالاکردو تا تەمەنم هەڵدەکشاو بەرەو پیری دەڕۆشتم ئەرکی حوکمڕانی دروست بەلامەوە دژوارتر دەهاتە پێش چاو، نەمدەتوانی هیچ کارێک بەبێ ئاگاداری دۆستان و پاڵپشتی کەسانی جێی متمانە بەئەنجام بگەیەنم، لەسەردەمێکدا خەڵک سیستەمی ئەخلاقی کۆنیان وەلا ناوە بەڵام قەبوڵکردنی سیستەمی ئەخلاقی نوێ بەمەحاڵ دەزانن ئەو جۆرە کەسانە با ئاسانی دەست نەدەکەوتن، لە هەمان کاتدا کاری یاساو ئەخلاقییان ببوو بە شێوەیەکی ترسێنەر بەرەو لەناوچوون دەڕۆیشت، بۆیە هەرچەندە بۆخۆم شەوقێکی زۆرم هەبوو بۆ ژیانی سیاسی، بەڵام دیمەنی ئەم هەموو پاشاگەردانییە سەری لێشێواندبووم، کەچی هەرگیز وازم لەوە نەهێنا کە دەبێ چۆن چۆنی ئەو دۆخە ڕێکبخرێتەوەو سیستەمی حوکمڕانی چاک بکرێت، لەم پێناوەدا کاری بەکردەوەم دواخست و بەدوای دەرفەتی گونجاودا دەگەڕام،دواجار بەو دەرەنجامە گەیشتم هەموو ئەو وڵاتانەی سیستەمی حوکمڕانی نەشیاویان هەیەو دامودەزگا حکومییەکانیان بەبێ کردەوەیەکی لێبڕاوانەو یاوەری بەخت چاکسازی تێدا ناکرێت، لەڕاستیدا چ بۆ تاکەکان و چ بۆ کۆمەڵگا لەڕێگای تێگەیشتنێکی ڕاستەقینەوەیە تا ئەو کاتەی فەیلەسوفە ڕاستەقینەکان دەسەڵاتی سیاسی بەدەست نەگرن یاخود سیاسەتمەداران بەهۆی پەرجۆیەکەوە نەبنە فەیلەسوفی راستەقینە، مرۆڤایەتی لە ڕەنج و ناخۆشی دەربازی نابێت.
ئەفڵاتون لەم دەربرینەدا هۆکارو پاڵنەری نووسینی گرنگترین بەرهەمی خۆی واتە"جمهورییەت"و بابەتەکانی باسکردووە، لەکۆی ئەم باسەدا بۆمان دەردەکەوێت ئەفڵاتون کەسێکی خانەدان بوو، وەک ڕێبەرێکی سیاسی پەروەردە کرابوو، توندوتیژی و ستەمکاری هەموو گروپە سیاسیەکان چ ئەوانەی شۆڕشگێڕ بوون چ ئەوانەی دژە شۆڕش بوون، ئەم پیاوەیان لە سیاسەت بێزار کردوو ناچاریان دەکرد بیر لەوە بکاتەوە کە چۆن دەکرێت کۆمەڵگایەکی ئارام و بەدوور لە چەوسانەوەو چارەڕەشی و توندوتیژی بنیاد بنرێت. بەڵام ژینگەی ئاڵۆزو ناسەقامگیری ئاتن مەجالی ئەو جۆرە بیرکردنەوەی لێسەندبوو، بۆیە نزیکەی بیست ساڵ پاش مردنی سوقرات ئاتنی بەجێهێشت، بەڵام پێش ئەوەی ئاتن بەجێبهێڵێ هەندێ کەس پێیان وایە بەرەو "کیرین"کە ناوچەیەکی تاراوگە نشینی یۆنان لە ڕؤژئاوای میسر یان بەئەگەرێکی زۆر فینیقییە سەفەری کرد، لە هەمان ساڵەکانی سەرەتادا کۆمەڵە گوتارەکانی خۆی کە یەکەمینیان بەرگریکردن بوو لە سوقرات نووسی و پاشان لە گوتارێکی تردا بەناوی "جورجیاس" بەراوردێکی لەنێوان ژیانی فەیلەسوف و سیاسەتمەدار هێنایە گۆڕێ و بەو دەرەنجامە گەیشت کە تەندروستی و بڕی بوون لە کێشەو گرفت بە وازهێنان لە سیاسەت دەستەبەر دەبێت.
لە ساڵی(٣٨٨ی پ.ز) ئەفڵاتون خۆی گەیاندە باشووری ئیتاڵیاو بە رواڵەت ئامانجیشی لەو سەفەرە ئاشنایەتی بوو لەگەڵ فەیلەسوفانی سەر بە ڕێبازی فیساغورس لەو وڵاتەدا، وەک چۆن لەکتێبی کۆماریدا دەردەکەوێت بیروڕای فیساغورسەکان لەمەڕ ژیانی پاش مردن و هەروەها بایەخ و گرنگی بیرکاری وەک بەشێک لە فەلسەفە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دانا، دواتر ئەفڵاتون ڕۆیشت بۆ سیسیل و لە دەربارەی"دیونی زیۆس" چاوی کەوت بە یەکەم شالیاری سیراکۆزو لەنزیکەوە لەواتای ستەمگەری تێگەیشت، بەمەش مانەوەی لەسیسیلدا ئەوەندەی پێنەچوو، دەگێڕنەوە دەڵین دیونی زیۆس بەهۆکارێک لێی دەڕەنجێت و لەبەرامبەر پارەدا رادەستی "بەندگیشی" دەکات، بەڵام بەهۆی دۆستێکیەوە ئازاد دەکریت (نامەی حەوتەم وەرگێرانی "لی" ل١٣) .
لەساڵی ٣٨٦ی پ.ز دەگەڕێتەوە بۆ ئاتن و ئەکادیمیای خۆی بونیاد دەنێت و تا کۆتاییەکانی ژیانی کاتی خۆی بۆ فێربوون و خوێندنەوە تەرخان دەکات، ئەم ئەکادیمیایە لە بنەڕەتدا بۆ پەروەردەکردنی حوکمڕانان دامەزرابوو، چونکە ئەفڵاتوون لە ئەزموون و تاقیکردنەوە سیاسیەکانی خۆی بەو دەرەنجامە گەیشت، بەبوونی سیاسەتمەدارانی ئەوکات وڵاتی بۆ بەڕێوە نابردرێت، بەڵام دەبێت نەوەیەکی نوێی سیاسەتمەداران پەروەردە بکرێت کە هاوکات فەیلەسوفیش بن، پێناچیت ئەفڵاتون پاش ئەو هەموو نائومێدی و شکستانەی لە سیاسەتدا تووشی بوو، ئەوەندە ساویلکە بووبێت لە هەوڵەکانی بۆ دامەزراندنی ئەکادیمیا چاوەڕێی دەرەنجامی خێرای کردبێت، بەڵام بەڕواڵەت هێشتا ئومێدەوارە لە کە بتوانێ لە حوکمڕانەکان فەیلەسوف بەرهەم بێنن، هەربۆیە لەسەردەمی ئەودا ئەو ئەکادیمیایە هەمیشە بە "مەدرەسەی حوکمڕانانی فەیلەسوف" دەناسرا، هەڵبەتە ئەم کارەی ئەفڵاتون شتێکی تازە نەبوو، چونکە چەند ساڵێک پێش ئەویش "ئیزۆکرات"وتاربێژی ئاتن (٣٣٨-٤٣٦)پ.ز بە پەیڕەوی لە نەریتی سۆفیستاییەکان، قوتابخانەیەکی هاوشێوەی لە ئاتندا دانابوو، سۆفیستەکان گروپێک لە مامۆستایان و وتاربێژەرانی گەڕۆک بوون کە لە ناوەڕاستی سەدەی پێنجەمی (پ.ز) بەهۆی ئەو پێویستییەی کۆمەڵگای ئاتن بە پەروەردەکردن لەبواری شیعرو ئەدەب هەستی پێدەکرد سەریانهەڵدا، سۆفیستەکان هونەری دیالۆگ واتە هونەری بەڵگە هێنانەوەو قەناعەت کردن بە بەرامبەرەکەیان لەڕێگای قسەکردنەوە کە لەئاست تێگەیشتن و عەقڵی ئەوان بێت لەهەر هونەرێکی تر بەباشتر دەزانی و خەڵکیان ڕادەهێنا، یۆنانییەکانیش پێیانوابوو بەزانینی ئەم هونەرە دەتوانن لەژیانی کۆمەڵایەتی بەختەوەر بن، بەتایبەت لە دیموکراسی ئاتندا کە هونەری وتاربێژی و سەلماندن، بەهێزترین ئامڕاز بوو بۆ سەرکەوتن لە خەباتی سیاسی، بەم جۆرە زۆرێک لە ڕاهێنراوانی قوتابخانەی سۆفیستاییان کە لەڕووی پراکتیکیەوە حەزیان لە زانستی سیاسی بوو، دواتر دەستیان کرد بە خوێندنەوەو لێکۆڵینەوەی لایەنی تیۆری و ئەخلاقی سیاسەت، ئیزۆکرات رەخنەی لە سۆفیستەکانی سەردەمی خۆی دەگرت کە بێجگە لە قسەی بێماناو رووکەش هیچ هونەرێکی تریان لانیە، کەچی ئیزۆکرات خۆیشی خەریکی فێربوونی هونەری ووتاربێژی بوو، چونکە پێیوابوو هونەری داڕشتن و بەڵگەهێنانەوە بۆ قەناعەت پێکردنی بەردەنگ بۆخۆی بەشێک لە پەروەردەیەو دەتوانێ لەگەڵ خوێندنەوەی بابەتە ئەدەبیەکاندا باشترین میکانیزم بێت بۆ بەختەوەری لە ژیاندا، ئەو پێیوابوو خۆی لەخۆیدا شتێکی ئەخلاقی بۆ تاکەکان بەرهەم ناهێنێت، بەڵام بە ئاگادارکردنەوەیان لە بنەماکانی حەزێکی پاک و ڕاهێنانیان لەسەر دیسپلینی فیکری بوار بۆ پەروەردە کردنی ئەخلاقیان دەڕەخسێنێت، ئیزۆکرات لەسەر ئەو بنەمایە پێیوابوو شێوازی پەروەردەکردنەکەی حوکمڕانان و پیاوانی باشتر لەشاگردەکانی ئەفڵاتون بەرهەم دەهێنیت.
بیروڕای ئەفڵاتون سەبارەت بە پەروەردەکردنی بەرز لەگەڵ شێوازی سۆفیستەکان و ئیزۆکرات بە تەواوەتی جیاواز بوو، چونکە دەیگوت هونەری قسەکردن هونەرێکی ڕووکەشەو تەنها باش قسەکردنت فێردەکات، بەڵام فێری ناکات چی بڵێت، لەکاتێکدا لەپرسی حوکمڕانیدا سەرەتا دەبێ هونەری بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا بزانیت و پاشان شێوەی قسەکردن.
شێوازی پەروەردەکردنی ئەفڵاتون بەدرێژی لە کتێبی"جمهووریەت"دا هاتووە کە لەم تەوەرەدا تیشک دەخەینە سەر چەندو چوونی ئەو شێوازە، بەڵام پیش هەموو شتێک دەبێ بڵێم ئەفڵاتون بیرکاری و لۆژیک و مەتافیزیکی بۆ فەیلەسوفە حوکمڕانەکان بە پێویست دەزانی، ئەفڵاتون بەدڕێژایی ئەو ماوەیەی لە ئاکادیمیادا وانەی دەوتەوە، هیچ کات لە هەوڵەکانیدا ئومێدی لەدەست نەدەداو کاتێک "دیۆنی زیوس" لەساڵی ٣٦٧پ.ز کۆچی دوایی کرد، دیۆنی هاوڕێی ئەفڵاتوون کە ببوو بە شالیاری سیراکوزو "دیونی زیۆس" کوڕی دووەمی دیونی زیۆسی یەکەم"ی بەشێوازێکی تایبەت بۆ پەروەردە بکات بۆئەوەی بیکات بە حوکمڕانێکی فەیلەسوف، سەرەڕای ئەوەی دەیزانی کارێکی دژواری لەبەردەمدایە ئەفڵاتون بانگهێشتەکەی قبووڵ کرد، ئەم ئەرکەی ئەفڵاتون ئاکامێکی بەدواوە نەبوو، چونکە "دیونی زیۆسی دووەم" متمانەی بە "دیۆن" نەبوو و هەروەها تەمەنیشی زیاتر لەوە بوو کە بەباشی وانەکان فێرببێت، تەنانەت حەزیشی لەوانەی بیرکاری ئەفڵاتون نەبوو، دیۆنی زیوس پاش ماوەیەک "دیۆنی" دوورخستەوەو ئەفڵاتونیش کە هێشتا ساڵێک بەسەر هاتنی تێنەپەڕیبوو سیسیلی بەجێهێشت، کەچی پاش پێنج ساڵ جارێکی تر لەسەر بانگهێشتی "دیونی زیۆس" گەڕایەوە بۆ سیسیل، هەرچەندە دیۆنی زیۆس حەزی لەبیرکاری نەدەکرد بەڵام وانەووتنەوەی( ووتابێژی "ئەفڵاتونی پێباش بوو، ئەفلاتون هەوڵیدا "دیۆن" و "دیۆنی زیۆس" ئاشت بکاتەوە بەڵام سەرکەوتوو نەبوو پاش ساڵێک مانەوە لە سیسیل گەڕایەوە بۆ ئاتن، دیۆن بۆ لەناوبردنی دیۆنی زیۆس پەنای بۆ توندوتیژی بردو لەو ڕێگایەوە دەیویست حکومەتێکی تاکڕەوانەو دیکتاتۆر بێنێتە ئاراوە، بەڵام ئەم پەلەقاژەیەی بێسوود بوو دواجار کوژرا.
مەرگی دیۆن ئەفڵاتونی بەجۆرێک غەمگین کرد کە مردنی دیۆنی بە کارەساتێک دەزانی بۆ یۆنان، میژوونووسانیش ئەم پیاوەیان وەک پیاوێکی ڕوو ڕاست و دلێر ناوبردووە، واتە لەو جۆرە پیاوانەی کاتێک سەردەم و زەمان بە دڵی ئەوان نەسووڕا، ئامادەی هەر جۆرە رووبەڕووبوونەوەیەکن و لەگەڵ جیهاندا دەکەونە ململانێ، سەرەڕای شکستی ئەفڵاتون لەسیراکۆز ناتوانێ ڕۆڵی ئەکادیمیاکەی لەڕێڕەوی گۆڕانکارییە سیاسیەکانی یۆناندا لەبەرچاو نەگرێت، چونکە لەسەردەمی یۆناندا دیسان هەندێ لەشارەکانی یۆنان و شارە یۆنانی نشینەکان بۆ دانانی یاسای بنەڕەتی داوایان لە ئەفڵاتون دەکرد یارمەتییان بدات بۆ ئەوەی سوود لە ئامۆژگارییەکانی وەرگرن، لەو نێوەندەدا "هیرمیاس" کە فەرمانڕەوای ئەترنە (ئاترنیوس)لەئاسیای بچوکدا بوو بە ڕێنمایی دوو کەس لە ئەندامانی ئەکادیمی شێوەی حوکمرانی خۆی لە دیکتاتۆریەتەوە بۆ دادپەروەری گۆڕی و شاری "ئاسۆسی" کە بەشێک بوو لە قەڵمڕەوی حکومەتەکەی، وەک پاداشتێک لە بەرامبەر کارەکانیان بەخشی پێیان، هەر لەم شارەدا بوو کە ئەرستۆ پاش مەرگی ئەفڵاتون بۆ ماوەیەک تێیدا حەسایەوەو کاتێکیش بوو بە مامۆستاو راهێنەری ئەسکەندەر لەڕاستیدا رێگای ئەفڵاتوونی گرتە پێش.
هەموو ئەم ڕووداوانە کەلەماوەی دە ساڵی کۆتایی ئەفڵاتوندا روویاندا ئومێدی بەردەوامی ئەفڵاتونی بۆ پەروەردە کردن و دۆزینەوەی حوکمڕانانی فەیلەسوف دەخستەڕوو، ئەوەی کە ئەفڵاتوون لەپێناوی ئەم ئامانجەدا پشتی بەست بەدوو فەرمانڕەوای دیکتاتۆر، واتە حاکمی "سیراکۆز" و "ئەترنە" دەرەنجامی تێڕوانینی ئەو بوو بۆ پێویستی حوکمڕانی کەسانی تایبەت یان کەسانی بەرجەستە، لەم ڕووەوە ئەفڵاتون خەڵک سالاری (دیموکراسی) بە سیستمێکی زیانبەخش دەزانی، سادەترین هۆکاری ئەفڵاتون بۆ ئەم مەسەلەیە ئەوە بوو کە ڕێنمایی و چاککردنی کەسێک ئاسانترە لە چاککردنی کۆمەڵگا یان خەڵک، بۆیە ئەگەر حکومەت لەدەستی تاکە کەسێکدا بێت ئاسانترە، چونکە بۆ ڕزگارکردنی وڵات هەر ئەوەندە بەسە کە کەسێک لەسەر فەلسەفە ڕاهێنیت و بیهێنیتە سەر ڕێگای ڕاست، سەرەڕای ئەوەش ئەفڵاتون بەردەوام حەزی لە توێژینەوەو تیۆرییەکانی زانستی سیاسەت بوو، دوایین و پڕ ناوەڕۆکترین کتێبی خۆی واتە "یاساکان"ی ڕاست پێش لەمردنی لەساڵی ٣٤٧پ.ز نووسی. ئەفڵاتون لەم کتێبەدا هەرچەندە زیاتر لە چەمکی حکومەتی کۆماری پرژاوەتە سەر راست کاروباری حکومەت و ئەگەری چاکسازی سیاسی لەبەرچاو گرتووە، بەڵام وەفادار ماوەتەوە بە بنەما فیکرییەکانی خۆی بەو جۆرەی کە لەکتێبی "جمهووریەت"دا دەریبڕیوە، باسکردنی یاساکان هەرچەندە وەک ئەوەی لە کتێبی جمهووریەتدا هاتوون هەست ناسکی و ئەو شێوازە جوانەی دەربڕینیان پێوە دیار نییە، بەڵام دەکرێ بڵێی بەڵگەیەکی ترە لەسەر ئیرادەی نەگۆڕی ئەفڵاتون بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی ئەکادیمیا.
روانگەی ئەفڵاتون لەسەر سیستەمە سیاسیەکان سیستەمی تیمارشی (تیموکراسی)
"جمهووریەت" دەرەنجامی نائومێدی ئەفڵاتون بوو، لەرزگاری سیستەمە سیاسییەکانی ئەو دەمی یۆنان و بیرکردنەوە لەباشترین جۆری حوکمڕانی، لەم ڕووەوە ڕەنگە باشترین دەسپێک بۆ باسکردن لەمەڕ جمهووریەت، گەڕان بەناو سیستەمە سیاسییە جۆراوجۆرەکاندا بێت کە ئەفڵاتون لەکتێبە گرنگەکەی خۆیدا ئاماژەی پێکردووە، ئەفڵاتون لەکتێبی هەشتەمی جمهوورییەتدا ئەم جۆرە سیستەمانەی بە "تیمارشی، ئۆلیگارشی، دیموکراسی و تورانی ناودەبات"، کەچی فارابی تیمارشی بەواتای مەدینەی کرامە (تیمارشی=تیمە لە وشەی یۆنانی بە واتای شەرم و شکۆو شەرەف) و ئۆلیگارشی بەواتای مەدینەی نزالە (الیگارشی =الیگۆی بەواتای گروپێکی کەم)و دیموکراسی بەواتای مەدینەی جەماعی (دیمۆکراسی = دموس بە واتای خەڵک) هەروەها تورانی بەواتای مەدینەی تغلەب(تورانی یان تیرانی = حکومەتی ستەمکار)مانا کردووە.
لەسەردەمی ئێمەدا ناتوانی هیچ واتایەک بۆ تیمارشی بدۆزیتەوە، چونکە بەوجۆرەی کە ئەفڵاتون دەڵیت ئەم حکومەتە بەرهەمی خەسڵەتەکانی کۆمەڵگای "ئیسپارت"ە، ئەفڵاتون بەڕێزەوە سەیری کۆمەڵگای ئیسپارتی دەکردو لەڕاستیدا حکومەتی ئایدیالی ئەو وێکچوونێکی لەگەڵ سیستەمی حوکمڕانی ئیسپارتدا هەیە، ئیسپارتەکان سەرازگەلێک لەبنەماڵە خانەدانەکان بوون کە لەناو نەتەوەیەکی ژێر دەستی وەک "هلوت"دا دەژیان.
هلوتەکان ئەو دیلە لادێیانە بوون کە لەخزمەتی خانەدانەکانی ئیسپارتدا خەریکی کشتوکاڵ بوون و هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕیشدا چەکیان هەڵدەگرت و شەڕیان دەکرد، بەمەش هەندێ جار ئازادییان بۆخۆیان دەستەبەر دەکرد، بەڵام بەگشتی هیچ جۆرە ماف و ئیمتیازێکیان نەبوو، لایەنگرانی دەوڵەت هەموو ساڵێک شەڕیان پێدەفرۆشتن و هەڵیاندەکوتایە سەریان،چونکە پێیان وابوو کوشتنی هەر "هلوتییەک" ئەرکێکی سەربازییە نەک کوشتنی کەسێک، بەمجۆرە چاوپۆشی دەکرا لە تاوانەکانیاندا، لەپاڵ ئەمەشدا پاسەوانانی نهێنی بەردەوام لە ئامادەباشیدا بوون هلوتەکان رانەپەڕن، چونکە ئەگەر ڕاپەڕیبان بێ بەزەییانە دەیانکوشتن، ئیسپارتییەکان لەبەرئەوەی ژمارەیان کەم بوو، لەنێو فەرمانبەرانی زۆروزەبەن و نارازی خۆیاندا دەژیان و بەبەردەوامی لەوە دەترسان ئەم فەرمانبەرانە لەدژیان ڕاپەڕن، هەربۆیە نەریتێکیان بۆ ژیانی ڕۆژانەی خۆیان دانابوو کە ئامانجەکەی خۆپاراستن بوو لە مەترسی دوژمنان و گرنگیدان بە بەختەوەری و بەرژەوەندی تاکەکەسی لەباتی رەچاوکردنی بەختەوەری و بەرژەوەندی گشتی، هەموو هاوڵاتیەک بەچاوی سەربازێک تەماشا دەکرا کەڕاهێنان و هاوسەرێتی و ژیانی رۆژانەی بە دیسپلینێکی تۆکمە ڕێکدەخرا بۆ ئەوەی ئەوپەڕی شایستەیی سەربازیی پێ ببەخشرێت، کە منداڵێک لەدایک دەبوو سەرۆک تیرەکان سەردانیان دەکردو ئەگەر نەخۆش و ناتەواو دەهاتە بەرچاویان بەدەشت و دەردا بەرەڵایان دەکرد بۆ ئەوەی بمرێت، منداڵ لە تەمەنی حەوت ساڵیدا لەژێر سەرپەرشتی فەرمانبەرێکی دەوڵەتدا پەروەردە دەکرا، ئەم پەروەردەکردنە بەشێوەیەک بوو کە لەگەڵ هەموو جۆرە سەختی و چەڵەمەیەک خۆبگرێت و پابەندی دیسپلینی ئاسنین بێت و دڵی بەسۆزو خۆشەویشتی نیشتمان تەژی بێت، کوڕان تا تەمەنی بیست ساڵی لە قوتابخانەیەکی گەورە کە بەشێوەیەکی سەربازی بەڕێوەدەچوو رادەهێنران و مامۆستاکانیان ئەو گەنجە تەمەن بیست بۆ سی ساڵانە بوون کەهێشتا تەمەنیان نەگەیشتبووە ئەو ئاستەی مافی شارومەندییان بدرێتێ، کوڕان پاش تەمەنی بیست ساڵی بانگهێشتی ئەرکی سەربازی دەکران و رێگایان پێدەدرا ژیانی هاوسەرێتی پێکبهێنن، هەرچەندە بەنهێنی سەردانی ماڵ و منداڵەکانیان دەکرد بەڵام ناچاربوون لە سەربازگەکاندا بژین، لەتەمەنی سی ساڵیدا بە تەواوەتی مافی شارۆمەندییان بەدەست هێنا، بەڵام سەرەڕای ئەوەی دەیانتوانی لە ماڵەوە بژین، ناچار دەکران لەچێشتخانەی گشتی سەربازگەکاندا ئاوەجەمی خواردن بخۆن، خەرجی ئەم چێشتخانەیە بەسەر هەموویان دابەشدەکراو هەموو ئیسپارتییەک لەداهاتی ئەو پارچە زەوییەی کە هلۆتییەکان تێیدا کاریان دەکرد پشکی خۆیانیان دەدا، دیسپلینی ئیسپارتی ژنانیشی دەگرتەوەو کچان لەپاڵ کوڕاندا ڕادەهێنران، بەشێوەیەکی گشتی بەپێچەوانەی ژنانی شارەکانی تری یۆنان ئازادییەکی تەواویان هەبوو، لەداوێن پاکیدا ناوبانگیان دەرکردبوو، بەڵام ئەگەر دەوڵەت ئەمری پێبکردابان لەپێناو وڵاتدا مناڵ بخەنەوە سەرەڕای نەگونجان لەگەڵ داب و نەریت و ڕێزی ژیانی هاوسەرێتی ملکەچ دەبوون.
هیچ ئیسپارتییەک مافی بەدەست هێنانی پارەو سامانی بەشێوەی کۆکردنەوەو کڕینی زێڕو زیو نەبوو، بەڵکو تەنیا دەیتوانی سکەی مسی کە لە کۆمەڵگادا رەواجی هەبوو کۆبکاتەوە، حکومەت خۆشگوزەرانی قەدەغە کردبوو، سادە ژیانی ئیسپارتییەکان لەیۆناندا بەناوبانگ بوو، تاکەکان بەهەموو بوون و نەبوونیانەوە لەژیانی نیشتمانیدا توابوونەوەو کێشەو پرسی تایبەت بەخۆیان نەبوو، لە سەربازگەدا بەپێی دیسپلینی سەربازییدا دەژیاو ئامادە بوو هەموو کاتێک لەڕێگای نیشتماندا بجەنگێت، بەمشێوەیە سەرسوڕهێن نەبوو ئیسپارتییەکان ئازاترین سەربازی یۆنان بەئەژمار بێن، بەڵام بەم حاڵەش دەستدرێژیان نەدەکردە سەر هیچ لایەنێک بەڵکو درەنگترو دژوارتر لەهەموو کەس و لایەنێک بەشەڕ دەهاتن.
پێکهاتەی حکومەتی ئیسپارتی کە تێکەڵاوییەک بوو لە پاشایەتی و ئەنجوومەنی ڕیش سپییان و هەڵبژێردراوان لە سەرتاسەری یۆناندا زۆر ستایش دەکرا، چونکە سادە ژیان لەگەڵ تەبعی یۆنانییەکاندا دەگونجا، کەچی کەمترین یۆنانییەک ئامادەبوو لەژێر سێبەری ئەو ژیانەدا بژێت، ئەوانەی حکومەتی ئیسپارتیان ستایش دەکرد رەخنەیان لێدەگرت، لەوانە ئەفڵاتوون لەکتێبی جمهووریەتدا باسی کردووە، هەروەک وتمان ئەفڵاتون حکومەتی ئیسپارتی بەنموونەی تیمارشی واتە حکومەتی شکۆخوازان و نەرم و نیان خوازان دەزانی کە بەشێوەیەکی ستەمگەرانە چینی هەژار بەکار دەگرێت، ئەفڵاتون پێی وابوو ئەم شێوازە حکومەتە دواجار بەناچار بەرەو توندڕەوی و پاشاگەردانی دەڕوات، هەروەها ئەفڵاتون ڕەخنەی دەگرت لەدوگم ئەندێشی ئیسپاتیەکان چونکە پێیوابوو ئیسپارتییەکان گرنگییەکی ئەوتۆیان بە بیرکردنەوە نەئەداو بەگشتی بەبێ عەقڵی و زەین کوێری بەناوبانگ بوون، ئەوکاتەش سەرەڕای زەرورەتی سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی، خەڵکێکی بەرچاو تەنگ بوون و حەزیان لە نەریتی خاوەندارێتی تایبەت دەکرد، لە بەرامبەردا ئەفڵاتون خاوەندارێتی تایبەتی بەسەرچاوەی تەماح و ناپاکی لە خوو ڕەوشتی مرۆڤ دەزانی .
بەکورتی ئەگەرچی ئەفڵاتون بە لەبەرچاوگرتنی دیسپلین و یاسا زانین و ئازایەتی کەسەکانییەوە ستایشی دەکرد، بەڵام بەهۆی نەزانی و بی عەقڵی و بەرچاوتەنگی و هەروەها ئەو ستەمکارییەی ئیسپارتییەکان لە بەرامبەر خەڵکی ژێر دەستەوە نیشانیان دەدا لۆمەی دەکردن، سیستەمی ئیسپارتی بێجگە لە دوورگەی "کیرت" لەشوێنەکانی تری یۆناندا وێنەی نەبوو، بەڵام سێ حکومەتەکەی تر کە ئەفڵاتون ئاماژەی پێکردوون واتە ئۆلیگارشی، دیموکراسی و تورانی لە یۆناندا زۆر باو بوون، بەگشتی دەکرێ بڵێین لە سەدەکانی چوارو پێنجی پێش زایین سیستەمی حوکمڕانی لە یۆناندا یان ئۆلیگارشی بوون یان دیموکراسی یان چەند حکومەتی لەجۆری تورانی، بەدرێژایی شەڕی پۆلۆپۆنیز، ئۆلیگارشییەکان لایەنگرییان لە ئیسپارتەکان دەکرد، سەرەڕای ئەوەش ململانێیە حیزبییەکان بەبەردەوامی لە یۆناندا بازاڕی گەرم بوو، بەشێوەیەک کە ئەو شارانەی خاوەن سیستمی سیاسی یەکگرتوو بوون لەوە دەترسان نەبادا هاوپەیمانەکانیان ژێر بەژێر لەگەڵ دوژمنەکانیان یەک بگرن، ئەم گومانانە ئاستی ململانێ و پشێوی زیاد کردبوو، لەناو هەرشارێک دا گروپێک سەر بەدیموکراسی بوون و تاقمێک خوازیاری ئۆلیگارشی، بەمەش زۆرجار لەنێوانیاندا شەڕو پێکدادان رووی دەداو بەهۆیەوە کۆمەڵگای یۆنان تووشی لێکترازان دەبوو، کەمتر رووی ئارامی و ئاشتی بەخۆیەوە دەبینی.
ئۆلیگارشی و دیموکراسی
ئەفڵاتون ئۆلیگارشی بەحکومەتێک دەزانی کە تێیدا سەروەت و سامان مایەی هێزو متمانەی سیاسییەو بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتداران هەمیشە رێژەیان کەمە، حکومەت لەژێر دەستی کەمینەیەکدا بوو، کە بەپەنجەی دەست دەژمێردران، لەسەردەمی ئەفڵاتوندا ڕۆژگاری حکومەتی ئەشرافی (ئەریستۆکرات)باوی نەمابوو، ئەگەرچی لەزۆربەی شارەکاندا هێشتا بنەماڵە کۆنەکان بوونیان هەبوو، بەڵام ئەشرافییەت و خانەدانەکان خۆی لەخۆیدا دەسەڵاتی سیاسییان نەبوو، بەڵکو بوونی سەروەت و سامان بۆ گەیشتن بە پلەی باڵای سیاسی پێویست بوو، ئەفڵاتون بەتایبەت ئەم وابەستەییەی دەسەڵاتی سیاسی وەک سامانێکی زیانبەخش سەیر دەکردو دەیگوت لە ئۆلیگاریشدا بەناچاری ستەمی دەسەڵاتداران دەرهەق بەچینی هەژار ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیادی دەکرد، لە ئاکامدا بناغەی یەکگرتوویی و دۆستایەتی تاکەکان بە بەردەوامی سست و لاواز دەبێت و لەهەر شوێنێک بەرژەوەندخوازی پاڵنەری دەسەڵاتی سیاسی بێت، دەرەنجامەکەی ستەم و شەڕخوازییە.دادوەری ئەفڵاتون سەبارەت بە دیموکراسی باشتر لە تێڕوانینی لەسەر ئۆلیگارشی نییە، بەتایبەت ئەو کاتەی هەڵسوکەوتی دیموکراتەکانی لە سەردەمی حوکمڕانییان لە ئاتندا پێخۆش نەبوو،ڕق و قینیانی دەرهەق بە سوقرات لەدڵدا مابوو، بەڵام بەچاوپۆشی لە هەستی شەخسی، ئەفڵاتون هەندێ ڕەخنەی بنەڕەتی لەسەر دیموکراسی و بنەما فەلسەفییەکەی هەیە کە جێگای تێبینیەو سەرنجڕاکێش ئەوەیە ئەو ڕەخنانەی کە ئەفڵاتون ئاڕاستەی دیموکراسییان دەکات، ڕاست پەیوەندییان بەو خاڵانەوە هەیە کە لەنەریتی گشتیدا بەخاڵی پۆزەتیڤی دیموکراسی دێتە ئەژمار، باشتر وایە پێش ئەوەی ئاماژە بە ڕەخنەکانی ئەفڵاتون بکەین، کورتەیەک لە چۆنیتی دیموکراسی یۆنان لەسەدەی پێنجەم و چوارەمی پێش زایین باس بکەین، لەو سەردەمەدا خەڵکی یۆنان لە شارگەلێک دا دەژیان کە هەرکام لەو شارانە وەک حکومتێکی سەربەخۆ وابوون، هەربۆیە یۆنانیەکان ئەو جۆرە حکومەتانەیان بە پۆلیس یان شاری خودایی یان (شار- دەوڵەت) ناو دەبرد.
هەرشارێکی خودایی بریتی بوو لە سەنتەرێک کەلە دەوروبەریدا کێڵگەی زۆرو زەوەن هەبوو، دانیشتوانی ئەو شارانە بەگشتی یان زۆربەیان پێداویستی و خواردەمەنی خۆیان لە بەرهەمەکانی ئەو کێڵگە کشتوکاڵیانە دابین دەکرد، هەڵبەتە ڕێژەی دانیشتووانی هەریەک لەو دەوڵەت و شارانە جیاواز بوو، بەڵام بەشێوەی ناونجی لە ئاستی شاری ئەمڕۆدا بوون، حەشیمەتی ئاتن لە سەردەمی لەدایکبوونی ئەفڵاتوندا لەوانە خۆی دەدا لە دووسەدوو پەنجا بۆ سێسەد هەزار کەس کە پێکدەهات لەژن و منداڵ و کۆیلە، لەم دەوڵەتشارەدا بەتەنیا کەسانی باڵغ مافی دەنگدایان هەبوو کەلەچاو حەشیمەتی ئەو شارەدا ژمارەیان کەم بوو، چونکە لەکۆی حەشیمەتی ئاتن لەو کاتەدا هەشتا بۆ سەدهەزار کەسی کۆیلە بوو، سی و پێنج بۆ چل هەزار کەسیش"متک" واتە ئەو کەسانە بوون کە بەهۆی ئەوەی لەشوێنێکی تردا لەدایک ببوون وەک هاوڵاتیانی ئاتن بەئەژمار نەدەهاتن، بەمجۆرە ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی مافی دەنگدانیان هەبوو چل و پێنج بۆ پەنجا هەزار کەسە لە حکومەتدا دەسەڵاتێکی تەواویان هەبوو چونکە هەرهەموویان ئەندامی ئەنجوومەن واتە بەرزترین پلەی حوکمڕانی نەتەوەیی بوون، هەرچەند بەشێوەی سروشتی هەندێ لە هاوڵاتیان حەزیان لە بەشداری لە کۆبونەوەکانی ئەنجوومەن نەبوو، هەروەها لەبەرئەوەی هەندێکیشیان لەدەرەوەی شاردا دەژیان ئەم کارەیان بە دژوار دەزانێ، بەڵام بەشێوەی گشتی هەر هەموویان بۆیان هەبوو لەئەنجوومەندا بەشدار بن، ئەنجوومەن بۆی نەبوو بەزۆری کۆبوونەوەیەک یەک لەدوای یەک ساز بدات، بۆیە لەمەودای نێوان ئەم کۆبوونەوانەدا، ئەنجوومەنێکی تر بە ناوی ئەنجوومەنی"بووڵە: یان پێنج سەد کەسی کاروباری وڵاتی ڕادەپەڕاند و پرسە دارایی و ئیدارییەکانی چارەسەر دەکردو رەشنووسی کۆبوونەوە نیشتیمانییەکانی ئامادە دەکرد.
ئەم ئەنجوومەنە دابەش دەکرا بەسەر لیژنەی پەنجا کەسی، هەر لیژنەیەک لەسەری بوو لە ماوەی چل ڕۆژدا کاروباری وڵات ڕاپەڕێنێت، کەچی سەرەڕای گرنگی ئەم ئەنجوومەنە پێنج سەد کەسییە، ئەندامەکانی لەڕێگای تیرو پشکەوە لەناو هاوڵاتیاندا هەڵدەبژێردران و ماوەی خزمەتیشیان ساڵێک بوو، هیچ هاوڵاتییەک زیاتر لە دووجار نەیدەتوانی ببێتە ئەندامی ئەنجوومەن ، لەم ڕوەوە ئەنجومەن هیچ کات کۆڕێکی بەردەوام نەبوو کە بتوانێ سیاسەتێکی سەربەخۆی هەبێت و مافی حەکەمییەت و بڕیاری کۆتایی لە ئەستۆی ئەنجوومەنی نیشتیمانی بوو، دواجار دەبێ ئاماژە بەدادگاکانی ئاتن بکرێت کە هەر هەموویان لەژێر دەستی خەڵکدا بوون، تا ڕادەیەکی زۆر هەموو سکاڵاکان دەخرانە بەردەم ئەو لیژنە دادوەریانەی کە لەڕێگای تیروپشکەوە یان بەهۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی هاوڵاتیانەوە هەڵدەبژێردران، هەر ئەم دادوەرانە لەو فەرمانڕەوایانەش دەکۆڵنەوە کە لەکارەکانیاندا تووشی هەڵە دەبوون.
وەک دەبینین حکومەتی ئاتن تا ئەو جێگایەی تایبەت بوو بە کەمینەیەک لە هاوڵاتیان لە ڕاستیدا بە مانای ووشە بەچەشنێک دیموکراسیانە بەڕێوە دەچوو کە نموونەی لە میژووی تۆمارکراوی گەلاندا بەرچاو ناکەوێت، بۆیە لە لێکۆڵینەوەکانی ئەفڵاتوندا سەبارەت بە دیموکراسی دەبێت ئەوەمان لەبیر نەچێت کە مەبەستی لە دیموکراسی ئەو جۆرە دیموکراسییە راستەوخۆیەیە کەلە ئاتندا بەڕێوە دەچوو، رەخنەی یەکەمی ئەفڵاتون لەسەر ئەمجۆرە دیموکراسییە، ئەوە بوو کە پێیوابوو چارەنووسی کۆمەڵگای خستۆتە بەردەم حەزو ویستی خەڵک، بە ڕای ئەفڵاتون بەشداری ڕاستەوخۆی گەل لە کاروباری سیاسیدا و لە ئاست دادوەریکردندا رەوا نییەو لە توانایاندا نییە چونکە لە بوارە گرنگە کۆمەڵایەتییەکاندا لەوانە: سیاسەتی دەرەکی و ئابووری ئەزموونی پێویستیان نییە، ئەم کەسانە هەرچەندە نیەتیان پاکە بەڵام بەزۆری لەڕووی سۆز و دەمارگیریەوە دادوەری دەکەن و بەباشی بیرناکەنەوە، رەنگە وەڵامیان بۆ ئەم کارەیان ئەوە بێت کە دەکرێ بەڕێبەرایەتی کردنی دروست کۆمەڵانی خەڵک هۆشیارو ئاوەزمەند بکەیت، بەڵام ئەفڵاتون بە ڕەتدانەوەی ئەم وەڵامە، دووەمین ڕەخنەی خۆی ئاڕاستەی دیموکراسی دەکات و دەڵێت: ڕێبەرەکان هەموویان باش نین و نابێت دڵنیا بی لەوەی هەمیشە باشترین بڕیار دەربکەن، سەرەڕای ئەوەش لەبەرئەوەی ڕێبەرەکان بۆ دەستەبەرکردنی خۆشەویستی بەردەوام یان پلەو پایەو دەسکەوتی ماددی هەمیشە پێویستیان بە پشتگیری خەڵک هەیە، بەردەوام بەرەوڕووی لەدڵەڕاوکێدان بۆ ئەوەی بتوانین بەڕێگای ئاسان ئەم پشتگیرییە دەستەبەر بکەین، بەمجۆرە هەمیشە ڕێز لە خۆشی و ناخۆشیەکانیان دەگرن و لە گێڕانەوەی ڕاستیە نەویستراوەکان خۆیان بەدوور دەگرن و هیچ کاتێکیش داکۆکی لەو سیاسەتانە ناکەن کە خەڵک پێی ناخۆش بێت، بۆیە لەبری ئاگادارکردنەوە رازیکردنی خەڵک بە ئەرکی خۆیان دەزانن.
سێهەمین ڕەخنەی ئەفڵاتون لەسەر ئازادییە کە بە جەوهەری دیموکراسیی دادەنێت، بەڕای ئەفڵاتون ئازادی لەڕێگای رەخساندنی دەرفەتی دەربڕینی بیروڕاو حەزو زەوقی جۆراو جۆرو تەعامول و کردەو کاردانەوە لەگەڵیاندا ڕەنگ و بۆی دڵخواز دەبەخشێتە دیموکراسی بەڵام لە بەرامبەردا یەکگرتوویی کۆمەڵایەتیان دەخاتە بەر مەترسی، چونکە دەبێتە هۆی دژایەتی خەڵک لە بەرامبەر هەموو جۆرە هێزو دەسەڵاتێک، بەمەش وردە وردە باوکەکان دەبنە خزمەتکاری منداڵەکانیان، لەلایەکی تریشەوە مامۆستایانیش هەوڵدەدەن قوتابییەکانیان لەخۆیان رازی بکەن لەبەر ئەوەش پێکهاتەی ژیانی کۆمەڵایەتی بەمشێوەیە لێکدەترازێت و دووبەرەکی و ململانێ زیاد دەکات، ئەمەش لە سەرەتادا لەشێوازی کێشمەکێش لەنێوان هەژاران و دەوڵەمەندەکاندا دەردەکەوێت و دواجار خەباتی چینایەتی لێ دروست دەبێت.
ڕەنگە ڕەخنەکانی ئەفڵاتون لەسەر دیموکراسی، مەبەست دیموکراسی ڕاستەوخۆ بێت و هەندێ کەس لەبارەی ئەم ڕەخنانە بە بێکەڵک بزانن، چونکە تا ڕادەیەکی زۆر هەموو دیموکراسییەکانی سەردەمی ئێمە لەجۆری ناڕاستەوخۆن، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کۆی ئەو رەخنانەی ئەفڵاتون تەنانەت سەبارەت بە دیموکراسی سەدەی بیستەم ڕاست دەردەچێت و لە ووتووێژەکانی پەیوەندیدار بە پرسە سەرەکییەکانی دیموکراسی لەوانە: خراپ سوود وەرگرتنی دەوڵەمەندەکان لە ئازادییە سیاسییەکان، بەمەبەستی چەوساندنەوەی زیاتری چەوساوەکان و نەزانی هەژاران لە کەڵک وەرگرتنی دروستی مافە یاساییەکانی خۆیان و ئەگەری لەناوچوونی دیموکراسی و سەرهەڵدانی پشێوی و هەروەها زەمینە رەخسان بۆ هاتنە ئارای حکومەتە دیکتاتۆرەکان، هێشتاش لەڕەنگدانەوەی بەشێکی زۆر لە وتەکانی ئەفڵاتوندا بەدیدەکرێت.
حکومەتی دکتاتۆری
خاڵی دوایی دروست هەمان ئەو شتەیە کە ئەفڵاتون سەبارەت بە سەرهەڵدانی جۆری سێهەمی حکومەت واتە حکومەتی دکتاتۆری دەریبڕیوە، واتە بە باوەڕی ئەفڵاتون حکومەتی ئیستبدادی ئاکامی پاشاگەردانی و ئەو ململانێیەیە کە بەهۆی لاوازبوون و لەناوبردنی سیستەمی دیموکراسییەوە دێتە ئاراوە، بێگومان زۆرێک لە فەرمانڕەوایانی دکتاتۆر چ لەڕابردوو چ ئێستاو چ لەدەسپێکدا بەشێک بوون لە ڕێبەرانی گەل، بەڵام بەبیانووی دامرکاندنەوەی پشێوی و کێشمەکێشی کۆمەڵایەتیەوە دکتاتۆریەتیان کردۆتە پیشەی خۆیان، بەڕای ئەفڵاتون یەکەمین خەسڵەتی هەر دەسەڵاتێکی ستەمکار، خەسڵەتی تاکڕەوایەتی، واتە دەسەڵات بە دەستی کەسێکەوەیەو ئەو کەسەش هەموو ئەرکەکانی وڵات بەحەزی خۆی ڕادەپەڕێنێت، تەنیا ئیرادەی خۆی دەکاتە پێوەری دروستی و نادروستی، دووەمین خەسڵەتی حکومەتی دکتاتۆر ئەوەیە: هۆکاری لەناوبردنی خۆیەتی، چونکە فەرمانڕەوای ستەمکار چاوی بینینی بەرامبەرەکەی نییە هەموو کەسێکی بەڕێزو خاوەن ڕەوشت لەناو دەبات لەئاکامدا وڵاتەکەی لە خەڵکی باش بێبەش دەکات و کاروباری وڵات دەکەوێتە دەست خەڵکی بێ ئەزموون و نەشیاو، دیارە ئەم کارەش چ دەرئەنجامێکی زیانبەخشی بەدواوەیە، سەرەڕای ئەوەش فەرمانڕەوا بۆ پەردەپۆشکردنی کەم و کورتییەکانی حکومەت لەبەچاوی خەڵکدا، بەردەوام پێویستی بە نانەوەی شەڕی دەرەکییە، ئەمەش بە نۆرەی خۆی کەندوکۆسپەکانی بەردەم فەرمانرەوا زیاد دەکات، سێهەمین خەسڵەتی حکومەتی ستەمکار، وێکچوونی سەرۆکی وڵاتە لەگەڵ یاسا شکێنان، بەوتەی ئەفلاتون فەرمانڕەوایی خەسڵەتەکانی کەسانی مەی خۆرو خۆشگوزەرانی سەرەڕۆو شێتی لەخۆ کۆکردۆتەوەو بەمجۆرە لە ئەقڵ و ئاوەز بێبەشەو هەموو کاتەکانی ژیانیشی بە سەرەڕۆیی تێدەپەڕێت ، ئەگەر لەگەڵ ئەفڵاتون سەبارەت بە ڕەخنەکانی لەمەڕ دیموکراسی بکۆڵینەوە ئەوا ئەستەمە بتوانی رەخنە لە بۆچوونەکانی لەسەر حکومەتی دکتاتۆر بگریت، چونکە ناتوانی حکومەتێکی باشترو بەردەوامتر لەم جۆرە حکومەتە وێنا بکەیت.
ئەمە بیروڕای ئەفڵاتون بوو لەسەر جۆرەکانی حکومەت لەسەردەمی خۆیدا کەواتە خراپ نییە جارێکیتر بەکورتی ئاماژەیان پێبکەین، چونکە بەبێ زانیاری لەسەر ئەو حکومەتانە ناتوانین پێشنیارەکانی ئەفڵاتون لەسەر حکومەتی ئایدیاڵ بەباشی تێبگەین،ئەفڵاتون دوو ڕەخنەی گرنگ ئاڕاستەی حکومەتی تیمارشی دەکات و دەڵێت: ئەم جۆرە حکومەتە کۆمەڵگا دەکاتە دوو بەشەوە، چینی باڵادەست و چینی ژێردەست کە تێیدا حاکمان بەزۆر ئەمر بەسەر ژێردەستەکانیان دەکەن، هەروەها خەڵکی ئەم جۆرە کۆمەڵگایە هەرچەندە دڵپاک و خۆشڕەفتار بن بەڵام بێ ئەقڵ و ناڕۆشنبیرن، لە هەموو هەوڵ و چالاکییەکی فیکری بێزارن، سەبارەت بە حکومەتی ئۆلیگارشی ئەفڵاتون پێیوایە: کەموکوڕییەکانی ئەم جۆرە حکومەتە گرنگی دانە بەسەروەت و سامان و دەست بەسەراگرتنی لەلایەن تاقمێکی کەمەوە ئەمەش ناشرینترین پاڵنەری هەوڵە کۆمەڵایەتیەکانە، ئەو فەرمانڕەوایانەی ژیانی خۆیان تەرخان دەکەن بۆ کۆکردنەوەی ماڵ و سامان، پاش ماوەیەک لەبری وڵات بەڕێوەبردن دەست دەکەن بەچەوساندنەوەی خەڵک، سەبارەت بە دیموکراسیش ئەفڵاتون پێیوایە: ئەم سیستەمە لەسەر بنەمای کۆدەنگی و یەکگرتوویی گەل پێکنەهاتووە، چونکە تاکەکان بەشێوەی پێویست ڕێزی یەکتر ناگرن،سەرەڕای ئەوەش دەوڵەت لاوازەو لەبری ئەوەی ڕێبەرایەتی گەل بکات بۆخۆی پاشکۆی ویست و حەزی ئەوانەو لە ئاکامیشدا ئەم جۆرە سیاسەتە ململانێی نێوان چینی هەژاران و چینی دەسەڵاتدارو دەوڵەمەندی لێدەکەوێتەوە، لەچوارەم سیستەمی حوکمڕانیدا کە سیستەمی دکتاتۆریە ئەفڵاتون دەڵیت: لەحکومەتی دکتاتۆری و ستەمکاردا پاڵنەری سەرەڕۆیی مرۆڤەکان کەم تا زۆر لە هەموو کۆمەڵگایەکدا دەبینرێت، بەڵام پابەندی و تێبینی ئەخلاقی دەبێتە رێگر لەبەردەم سەرهەڵدان و شۆڕشدا، کۆت و بەندەکان دەپچڕێنێ و بەسەر حاڵ و ژیانیاندا زاڵ دەبێت.
تەوەرە سەرەکییەکانی کتێبی کۆماری
یەکەمین خاڵ لە خوێندنەوەی کتێبی کۆماریدا دەتوانێ تووشی هەڵەمان بکات مانشێتەکەیەتی، چونکە خوێنەری ئەمرۆ لەوانەیە وا تێبگات کە تەوەری کتێبەکە مەبەستی شێوازێکی تایبەت لە حکومەتن واتە سیستەمی کۆماری (لەبەرامبەر پاشایەتیدا) لەکاتێکدا بەو شێوەیە نییەو واژە یۆنانییەکەی مانشێتی کتێبەکە بە واتای (پۆلیتیکا)یەو بەرامبەرە لاتینییەکەی بریتیە لە (ریسپوبلیکا) بەواتای وڵات یان کۆمەڵگا یان پێکهاتەی حکومەت، لەیۆناندا حکومەتەکان چ کۆماری بن یان پاشایەتی یان ئەشرافی بەو ناوەوە دەناسرا، بەڵام تەوەرەکانی کتێبی کۆماری سەرەڕای ڕەخنەگرتن لە حکومەتەکانی ئەو دەم کە بەکورتی ئاماژەمان پێدان، بەشێوەیەکی سەرەکی ئەم کتێبە تایبەتە بە کۆی سیاسەت و پەروەردەو فەلسەفەوەو کەمتر باسی وردەکارییەکانی کردووە، هەموو بەشەکانی دەچنەوە سەر پرسە ئەخلاقیەکان، هۆی ئەم کارەش دەگەڕێتەوە بۆ تاڕادەیەک سادەبوونی پێکهاتەی ژیانی کۆمەڵایەتی لە شارەکانی یۆنان کە خەڵکەکەی لەنێوان ئەخلاق و سیاسەتدا جیاوازیان دانەدەنا، واتە باوەڕیان بەوە نەبوو کە دەکرێ هەڵسوکەوتی شەخسی تاکەکان لە پرانسیبەکانی حکومەت جیابکرێتەوە، بەڵکو پێیان وابوو یاسای وڵات سەرچاوەی هەموو پێوەرەکانی ژیانی مرۆڤەو شایستەبوونی تاکەکەسی بەرامبەرە لەگەڵ شایستەبوونی سیاسی، ئەم باوەڕە بووە هۆی ئەوەی یۆنانیەکان بەبەراورد لەگەڵ گەلانی تر بەڕادەیەکی کەمتر خۆپەرست بن و بەپێچەوانەی داب و نەریتی ئەمڕۆ سیاسەت و ئەخلاق وەک یەک بزانن، پاش ئەخلاق پرسە پەروەردەییەکان گرنگترین تەوەری ناو کتێبی "جمهووریەت" پێکدێنن و هۆکارەکەشی ئەوەیە بەبڕوای ئەفڵاتون تا ئەو کاتەی فەیلەسوفەکان بە فەرمانڕوایی نەگەن، کێشەو گرفتی مرۆڤ چارەسەر ناکرێت، لەمڕۆوە گرنگترین کار لەسیاسەت، پەروەردەکردنی فەیلەسوفانە بۆ فەرماڕەوایی، بۆیە ئەگەر ئەم کارە بەباشی بە ئەنجام بگەیەنرێت دەتوانی هەموو کاروباری وڵات بە دڵنیاییەوە ڕادەستی ئەقڵ و لێزانییان بکەیت، هەروەها لەبەرئەوەی کتێبی کۆماری پاش دامەزراندنی ئاکادیمیا نوسراو وەک مەرامنامەی ئەو ئەکادیمیایە بەئەژمار دەهات، گرنگترین ئامانجی ئەفڵاتون لەدامەزراندنی ئەکادیمیا، پەروەردەکردنی فەیلەسوفی حوکمڕان یان بە وتەی سەعدی پەروەردەکردنی زانای بەکردە بوو، بەدڵنیاییەوە ئەفڵاتون لەو ئەکادیمیایەدا گرنگی بە کاروباری پەروەردەیی دەداو شانبەشانی سیاسەت باسی لە ئەخلاق و فەلسەفەو پەروەردە کردووە.
مۆسۆلی (نمونە)ئەفڵاتونی
وەک پێشتر باسکرا بیرمەندانی یۆنان لەسەردەمی هۆمێری شاعیردا لەگەڵ پرسی "چۆنییەتی بوون" یان تەوەری بوون ڕووبەڕوو بوونەوەو ئاماژەشمانکرد بە هەندێ لەو بیرمەندانە بەتایبەت هیراکلیت، هەروەها پێمانوابوو ئەگەری ئەوە هەیە لەنێوان تیۆری بوونی هیراکلیت و بیروباوەڕی سیاسیدا پەیوەندی هەبێ، سەبارەت بە ئەفڵاتوون دەتوانین ئەم دوو دڵییە وەلا بنێین بە دڵنیاییەوە بڵێین فەلسەفەی سیاسی ئەفڵاتون بە ئاشکرا دەرەنجامی تێڕوانینە فەلسەفیەکانێتی و لەناو ئەم بۆچوونانەشیدا تیۆری بەناوبانگی مۆسۆل(نمونە)زیاتر لە هەموو تێڕوانینەکانی لە باسەکەی ئێمەدا گرنگی هەیە،بەجۆرێک تێگەیشتن لە فەلسەفەی سیاسی ئەفڵاتون بەبێ تێگەیشتن لە واتای "مۆسۆل" مەیسەر نابێت.
بەشیکردنەوەی ژیانی ئەفڵاتون بۆمان دەردەکەوێت ئەوەی زیاتر لە هەموو شتێک هانی ئەفڵاتونی دەدا لە دژی دۆخی سیاسی ئەسینا بوەستێتەوە، ناسەقامگیری و ئاڵۆزی ئەو دۆخە هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی هیچ حکومەتێک لە مەترسی و پیلانی نەیاران بەدوور نەبێت و هیچ دابونەریتێک لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا سەقامگیر نەبێت، دەمێک دیموکراتەکان و دەمێک ئۆلیگارشەکان دەسەڵات بگرنە دەست، ئەفڵاتون وەک هیراکلیت لە ناسەقامگیری ئەو دۆخە سیاسیە گەیشە ئەو دەرەنجامەی کە ژیانی کۆمەڵایەتی بەوجۆرەی کە لەو سات و کاتەدا بەڕێوە دەچوو هیچکات وەک سیستەمێکی سەقامگیر نامێنێتەوەو بەردەوام لە گۆڕاندایە،کەچی ئەفڵاتون بەپێچەوانەی هیراکلیت پێیوانەبوو کۆمەڵگاو بەگشتی جیهان لەگەڵ گۆڕاندا وەک پێویست بەرەو باشبوون بڕوات، بە پێچەوانەوە لەوە دڵنیابوو گۆڕنکاریەکان بە گشتی نیشانەی نەخۆشی و گەندەڵی کۆمەڵگایە لەجیهاندا تەنها ئەو شتانە دەگۆڕدرێن کە لە ڕەوتی گەشەدا بێبەش بن، کۆمەڵگاکانیش بەم هۆیەوە بەردەوام تووشی گۆڕانکاری و نەسەقامگیری دەبن، بەو هۆیەشەوە شێوازی بەڕێوەبردن و حوکمڕانیان کەموکوڕی تێدایە،ئەگەر سیستەمێکی ئەوتۆ بۆ بەڕێوەبردنی ژیانی کۆمەڵایەتی بونیاد بنێین کە کەموکوڕی تێدا نەبێت، مەترسی لەناوچوون و گەندەڵبوونی لێناکرێت و لەبەردەم گۆڕانکارییەکانیشدا هەست بەمەترسی ناکەین، کەواتە لەڕوانگەی ئەفڵاتوندا چارەسەری گیروگرفتە کۆمەڵایەتیەکان، ئەوەیە بگەینە سەقاگیریەکی رەها، بۆیە تیۆری "مۆسۆل"ئامڕازێکە بۆ گەیشتن بەم ئامانجە.
بەر لە ئەفڵاتون دوو فەیلەسوفی تری یۆنان، دوو ڕای جیاوازیان لەسەر پرسی بوون دەربڕیبوو کە لەمێژووی فەلسەفەی یۆناندا گرنگیەکی زۆری پەیدا کردبوو، ئەو دوو فەیلەسوفە بریتی بوون لە "پارامید" و "پرۆتاگوراس" لە بەرامبەر ئەم پرسیارەدا کە بوون چییە؟ پارامید لە وەڵامدا دەیگوت: لەنێوان حەقیقەتی بوون و ڕواڵەتی بوون، دەبێ جیاوازی دابنێین، ڕاستی بوون لەپشت هەموو ئەو شتانەیە کە لەگەڵ تێگەیشتنە هەستیارەکانی ئێمەدا یەک دەگرێتەوەو بە تەواوەتی لەگەڵ هەموو ئەوانەدا جیاوازە، چونکە هەموو ئەو شتانەی ئێمە لەجیهاندا دەیبینین و دەیبیستین و هەستی پێدەکەین لەزۆربوون و گۆڕاندان، لەکاتێکدا بوونی ڕاستەقینە بێ هاوتاو نەگۆڕە، بوونی ڕاستەقینە تەنیا لەڕێگەی چاوی عەقڵەوە هەستی پێدەکرێت، نەک بە چاوی ڕواڵەتی، نەدەتوانی بیبینی و نە هەستی پێدەکرێت، نەلێرەیەو نە لەوێ، نە لەڕابردوودایەو نە لەئێستا، تەنیا بە ئەندێشەو عەقڵ دەتوانی لێی تێبگەیت.
پرۆتاگوراس لەگەڵ ئەم تێڕوانینەدا نەبوو، جیاوازی نێوان بوونی ڕاستەقینەو رواڵەتی بوون یان جیاوازی نێوان هەستپێکردن و بیرکردنەوەی ڕەتدەکردەوە و دەیگوت، بوون هەمان ئەو شتەیە کەلەگەڵ تێگەیشتنی هەستیاری ئێمەدا دەگونجێت، ئەوەی ڕوون و دیارە هەمان بوونە، بێجگە لەوێنەو دەرکەوتە راستییەک بوونی نییە، کەواتە لەنێوان حەقیقەتی بوون و رواڵەت یان لەنێوان بوون و دەرکەوتەدا جیاوازییەک نیە.
فەلسەفەی ئەفڵاتوون لەگەڵ تێڕوانینی پارامیددا یەکدەگرێتەوەو روانگەی ئەفڵاتون سەبارەت بە"مۆسۆل" ئەگەرچی بە بەشێک لە داهێنانەکانی ئەفڵاتون دەژمێردرێت بەڵام دەرەنجامی لۆژیکیانەی جیاوازی نێوان بوون و وێنەیە، مۆسۆل بە واتا زارەکییەکەی کۆی میسالەو بەرامبەر بەووشەی "ئایدیا"یە لەلای ئەوروپییەکاندا، هەندێ جار لە فارسیدا بە واتای بینراوە نەگۆڕەکان و هەقیقەتە هەتاییەکان وەرگێڕدراوە، مەبەستی ئەفڵاتون لە "میسال" نموونەی بەرزو ئەبەدی ئەو شتانەیە کەلە جیهانی مادیدا بوونیان هەیە، ئەم نموونەیە لەخۆگری چوار تایبەتمەندییە (گشتییەت، یەکگرتوویی، کەماڵ و نەگۆڕی).