ئەسفەندیاری تەبەری

سیستمی دیموکراتی و کۆماری
دیموکراسی بەیەکێک لە گرنگترین دەستکەوتەکانی کۆمەڵگەی مرۆیی لە بواری کۆمەڵایەتیدا دێتە ئەژمار، چونکە ئەم چەمکە تەنیا بابەتێکی تێۆری نییە بەڵکو ئاکامی ئەزموون و تاقیکردنەوەیە، تاکو ئێستاش دیموکراسی هەم لەفەلسەفەی سیاسیدا و هەم لە سیاسەتدا بە باشترین سیستمی سیاسی دێتە ئەژمار، ئەم بۆچوونە دەرئەنجامی سەدان ساڵ ئەزموونی مرۆڤایەتییە کە بەدرێژایی مێژوو، گەلێک سیستمی دیکتاتۆری و ململانێی جۆراوجۆری تاقیکردووەتەوە، هەڵبەتە ئەم تێڕوانینەیە کە دیموکراسی باشترین جۆری حکومەتە کۆدەنگی لەسەر نییە، بەڵام بەم حاڵەشەوە ئالتەرتیڤێکی تر بۆ دیموکراسی لەئارادا نییە، نەیارانی دیموکراسی رەخنەی ئەوە دەگرن کە دیموکراسی ناتوانێ لەدرێژمەودا بڕیاری نەگۆڕ بۆ کۆمەڵگە دەربکات، چونکە هەڵبژاردن، مەیدانی ململانێ و بانگەشە بە چەشنێک بۆ ئامانجەکە جۆراوجۆرەکان بەرفراوان دەکات کە هەموو رەوتێکی سیاسی بۆ گەشتن بە دەسەڵات، تەنها دەتوانێ بەرنامەی کورت مەوداکان بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە و بەرنامە درێژخایەنەکان لە پراکتیکدا دەهێڵێتەوە بۆ دواتر. کێشەیەکی تری دیموکراسی دەگەڕێتەوە بۆ ڕای گشتی و ئیرادەی سیاسی کە بەئاسانی دەچێتە ژێر کاریگەری بانگەشەی پۆپۆلیستی و فریودەرانەوە، هەر وەک ئاماژەی پێدرا دیموکراسی تەنها دیاردەیەکی تیۆری نییە بەڵکو بنجوبناوانی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی یۆنانی کەونئارا، هەرچەند یۆنانی کەونئارا لەگەڵ یۆنانی ئەمڕۆدا بەتەواوەتی جیاوازە بەڵام لەهەمانکاتدا خاڵی هاوبەشی گرنگیشیان هەیە .  

ئەزموونی دیموکراسی و کۆماری لە ئەسینا و رۆمی کەونئارا

دیموکراسی لە ئەسینای کەونئارا یەکەیەکی بچوکی چەند هەزار کەسی بوو کە جۆرە شێوازێکی ئیداریی بۆ بەرێوەبردنی کۆمەڵگە پەیڕەو دەکرد، ئەم سیستمە دوا بەدوای هەوڵە ریفۆرمخوازییەکانی کلایسنیس١ پێکهات و لەسەردەمی پریکلێس٢ گەیشتە ترۆپی گەشەکردنەوە، کۆلەکەی سەرەکیی دەسەڵاتی سیاسی لە دیموکراسی ئەسینادا بە ئەنجومەنی گەل بوو کە بە ئەکلیسیا٣ ناوی دەرکردبوو پیاوان دەیانتوانی تیایدا بەشداربن ، لەم سیستمەدا کە سیستمی دیموکراسی راستەوخۆ بوو، ئەنجومەنی گەل دەسەڵاتی ئەوەی هەبوو کە لەو بوارە درێژمەودا و ئاڵۆزەکانی ناوەندی بڕیارداندا، پلان بۆ سەرلەبەری سیستمی دارایی و ئیداری کۆمەڵگە دابنێت، بەڵام لەهەمانکاتدا ژنان و کۆیلەکان مافی ئەوەیان نەبوو بچنەناو ئەم ئەنجومەنەوە، هەر بۆیە لەگەڵ ئاساییترین مافە ئینسانییەکاندا نەدەگونجا، لەئەنجومەنی راوێژکاریی رێژەیەک لەخەڵک، ئەرکی روونکردنەوەی ئەو باس و یاسا نوێیانەیان لەئەستۆدا بوو کە دەیانخستە بەردەم ئەنجومەنی گەل، لەبەرانبەردا دادوەرەکان کە هەڵبژێردراوی گەل بوون لەڕێگەی تیروپشکەوە هەڵدەبژێردران. لەم روانگەوە دەکرێ بڵێین سیستمی دیموکراسی یۆنانی کەونئارا و دیموکراسی ئەم سەردەمە بەتەواوەتی لەیەکتر جیاوازن، لەلایەکیترەوە هەندێ لەو ڕوانگانەی کە زۆر گرنگن دیموکراسی ئەم سەردەمە دەبەستنەوە بە دیموکراسی ئەسیناوە لەوانە: هێرۆدۆت٤، تۆکیدیدۆس٥، و پرۆتاگۆراس٦
هێرۆدۆت لەیەکێک لە کتێبەکانیدا کە لەسەر مێژوو نووسیویەتی سەبارەت بە دیموکراسی لەیۆنانی کەونئارا دەڵێت: لەو کاتەدا کە یۆنانییەکان لە ئەسینای کۆندا سەرقاڵی گەشەدان بە پەیوەندییە سیاسییەکانیان بوون، خەڵکی ئێران لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی پاشایەتی و نەریتییە دیسپۆتیزمەکاندا بوون، بە پێیی راپۆرتی هێردۆت وڵاتی یۆنان لەسەدەی شەشەمی پێش زایین لەژێر دەسەڵاتی پاشایەتی کۆرشدا بوو، کەمبۆجییە کوڕی کۆرش بەوەشەوە نەوەستا هێرشی کردە سەر وڵاتی میسر بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. لەئاکامی لەو شەڕەدا کوژرا (کەچی لە ئەسینادا حکومەتی کلایستنێس٧ سیستمێکی دیموکراسی کە هەموو شارۆمەندێک بەتایبەت پیاوان تیایدا بەشدار دەبوون) گەشەیسەند، لەو سەروبەندەدا راپەڕینی خەڵکی شاری ئاوەنی یۆنان لەدژی ئێرانییەکان لەساڵی ٤٩٤-٥٠٠ پ.ز لەلایەن ئەسیناوە پشتگیری لێکرا، بەڵام سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا، لەساڵی ٤٩٠ پ.ز یۆنانییەکان لەشاری ماراسۆن بەسەر ئێرانییەکاندا سەرکەوتن، پاش تێپەڕبوونی نزیکەی چل ساڵ، گرژی نێوان دوو وڵات ڕەوایەوە و ئاشتی بەرقەرار بوو، بەمەش لەساڵی ٤٣١ پ.ز دیموکراسی یۆنانی لەلایەن فیلیپی دووەم و ئەسکەندەری مەکدونییەوە لەبار برا٨.
لەروانگەی هێرۆدۆتەوە کۆڵەکەی سەرەکی دەسەڵاتی خەڵک (دیموکراسی) بەرامبەری و یەکسانی هاووڵاتیانە لەهەمبەر یاسادا بە ئیزۆنۆمی بەناوبانگە٩ سەرەڕای ئەوەش لەمجۆرە سیستمەدا نەک یەک کەس، بەڵکو کۆمەڵە کەسێک بەرپرس و بڕیاردەرن. چەند ساڵ دوای هێرۆدۆت، تۆکیدیۆس سەبارەت بە شەڕی پلۆپۆنس لەساڵەکانی (٤١٣-٤٠٤پ ز) باس لەوە دەکات پریکلیس کە یەکێک لە سیاسەتمەدارەکانی ئەو سەردەمە دەبێت، وتارێکی بەناوبانگ لەبارەی شەڕەکەوە پێشکەش دەکات، تۆکیدیۆس لە وتەکانی (پریکلیس) بەو دەرنجامە گرنگە دەگات، کە ناوبراو پێیوابووە بنەمای هەڵبژاردنی زۆرینەو بنەمای تواناکانی تاک، پەیوەندییان بەیەکەوە نییە، لە رواڵەتیشدا وا دەردەکەوێت لەدیموکراسی ئەسینادا سیستمی دەستبەدەستکردنی دەسەڵات و ئاڵوگۆڕ لە پلەوپایە حکومییەکان، لەسەرووی تواناکاندا دانانرێت بەڵکو پێچەوانەکەی ڕاستە، بە بۆچونێکی تر پێوەری کارکردن لەسەرووی پێوەری یەکسانی بێ چەندوچوونی مرۆڤەکاندایە، بەڵام لەهەمانکاتدا تواناو لێهاتوویی تاکەکانیش گرنگی خۆی هەیە، سەرەڕای ئەمانە لە روانگەی (پریکلیس)دا سامانی مادی نابێ هۆکارێک بێت بۆ بەدەست هێنانی پلەوپایەی حکومی، بەپێی ئەم واتایە بنەمای خاوەندارێتی و بنەمای وەرگرتنی پۆستی حکومی لێکجیادەبنەوە، هەروەها وەفاداری خەڵک لەئاست یاسادا، دەبێ بە بەرداوامی ڕەچاو بکرێت و نابێ یاساکان پێشێل بکرێن، خاڵی کۆتایی لە وتەکانی پریکلیس ڕێزگرتنە لەیاسا نەنووسراوەکان کە لەسیستمی دیموکراسیدا گرنگی تایبەتی هەیە. بە لەبەرچاوگرتنی راپۆرتی پلاتۆ١٠ پرۆتاگۆراس تیۆری یەکسانی هاووڵاتیانی هێناوەتە ئاراوە، کە تا ئێستاکەش بایەخی خۆی هەیە و بە بنەمای دیموکراسی دادەنرێت، ئەگەر کەسێک پێی وابێ شارەزایی باشی هەیە لەئامێری فلوتدا بەڵام بەکردەوە وانەبێت، ئەوە لەڕوانگەی خەڵکەوە بەکەسێکی درۆزن و خۆدەرخەر دێتە ئەژمار و دەکەوێتە بەر ڕق و تووڕەیی خەڵکەوە، هەروەها ئەگەر کەسێک پێی وابێت هیچ تێگەیشتنێکی بۆ دادپەروەری سیاسی نییە، ئەوا هەمووان بە کەسێکی شێتی دادەنێن، بە بۆچوونێکی تر لەڕوانگەی فیساگۆرسەوە هەموو تاکێک لە کۆمەڵگەدا خاوەنی تێڕوانینێکی سیاسییە، ئەم تێروانینە توانای ئەوەی پێدەبەخشێت لەبارەی دەسەڵاتدارانی سیاسی وڵاتەکەیەوە ڕاوبۆچوونی خۆی دەرببرێت و ئەگەریش پێویستی کرد هەڵیانبژێرێت یان وەلایان بنێت. ئەرستۆ و پلاتۆ دژ بە دیموکراسی بوون چونکە پێیانوابوو لە سیستمێکی ئەوتۆدا، ناتوانی بڕیاری جێگیر و نەگۆڕ دەربکەیت، هەروەها سیستمی دیموکراسی دەرفەتی ئەوە دەڕەخسێنێت کە خەڵکی ئاسایی، کورت بین و نەزان بگەنە دەسەڵات، بەو هۆیەوە لە ڕوانگەی ئەوانەوە دیموکراسی دواجار دیسپۆتیزمی لێدەکەویتەوە.

پلاتۆ
رەخنەی پلاتۆ لە دیموکراسی بەهۆی تێروانینە سیاسیەکانییەوە زۆر گشتگیر و رووکەشە، بە ڕای ئەو ئازادی بێسنوور لەسیستمی دیموکراسی دەتوانێ کۆمەڵگە بەرەو ئانارشیزم بەرێت، بەم هۆیەوە پلاتۆ (فەیلەسوف) بە رێبەرو رێپیشاندەر دەزانیت و پێیوایە دیموکراسی لەیۆنانی کەونئاردا سیستمی حکومڕانی نەبوو، چونکە ئەو سیستمە لەناوخۆ و لەدەرەوەی ئەسینادا مافی حکومڕانی بۆ هاووڵاتیان ڕەچاو نەدەکرد، بەڵکو تەنها سیستمێکی دیکتاتۆری هاووڵاتیان بوو.
بەلای ئەرستۆوە سیاسەت بەشێک لە فەلسەفەی پراکتیکی و تەواوکەری ئەخلاقە و بەپێچەوانەی پلاتۆ بنەمای تێروانینی ئەرستۆ بیرۆکەیەکی باش نییە، بەڵکو راستییەکە کە لەدەرئەنجامی تاقیکردنەوەدا پێی گەیشتووە، ئەرستۆ لەبوونی تاکدا جۆرێک لە گۆڕانکاری بەردەوام دەبینێت کە لە شمەک یا مادە سەروتر و گرنگترە، مرۆڤەکان بەردەوام بەدوای بەختەوەریدان، بەڵام ڕەوشت بەرزی کە بەهۆی خەڵکەوە لە کۆمەڵگەدا گەشە دەکات بایەخێکی زیاتری هەیە، کەچی فەزیلەتی تێگەیشتن لەوانە: بیرتیژی، زانایی، عەقڵ، زانست و تەکنیک شیاوی فێربوونن، کەواتە فەزیلەت: واتە نێونجی نێوان زێدەڕۆیی و کەمڕۆیی.
ئەگەر کرداری حاکمان باش بێت حکومەتەکەشیان باش دەبێت بەپێچەوانەوە ئەگەر حاکم تەنیا بەدوای بەرژەواندی شەخسی خۆیدا بێت ئەوا حکومەتەکەشی باش نابێت، جۆرە باشەکانی حوکمڕانی بریتین لە: پاشایەتی و ئەریستۆکراتی١١ و جۆرە خراپەکانیشی بریتین لە: دیکتاتۆری و ئۆلیگارشی١٢ و دیموکراسی.
حکومەتی ئەشرافی لەسەر بنەمای فەزیلەت و گەورەییە، واتە حکومەتی ژمارەیەکی کەم لە ئەشراف کە بە پاڵپشتی توانای مادی و دیموکراسی لەسەر بنەمای ئازادی بونیاد دەنرێت، لەوەش زیاتر ئەوەیە کە ژمارەیەک بەسەر هەموو هەژار و نەدارەکاندا دەسەڵاتیان هەبێت و هەموو شارومەندێک بۆی هەبێت لەحکومەتدا بەشداری بکات، لەسیستمێکی ئەوتۆدا دەبێ بنەما جیاواز و سەربەخۆکان بەشێوازێکی یاسایی تێکەڵ و لەچواچێوەی حکومەتدا بەرجەستە بکرێن.
ئەرستۆ پێیوایە دیموکراسی وەک پێویست کارایی نییە، چونکە ئەمجۆرە سیستمە زیاتر سەرقاڵی هەڵبژاردنە تا یاسادانان، بەشێوەیەکی گشتی دەکرێ بڵێین رەخنەکانی پلاتۆ و ئەرستۆ لەسەر دیموکرسی شیاوی تێگەیشتنن، ئەگەر سەرنج بدەین بە ڕۆڵی میتۆدی وتار خوێندنەوە و میتۆدی پۆپۆلیستی لە ئەسینای کەونئارا بۆ پەسەندکردنی یاساکان، ئاشکرایە ئەمجۆرە رەخنانە هەنۆکەش لەسەر دیموکراسی دەگێڕدرێن، بەتایبەت کاتیک کە ڕۆڵی میدیاکان لەدەرکردنی بڕیارەکاندا لەبەر چاو بگرین.
کەچی لە ڕۆما بەپێجەوانەی ئەسینا، دیموکراسی لەئارادا نەبوو. بەڵکو سیستمی حوکمڕانی لەو وڵاتەدا سیستمێکی ڕەها بوو، ڕۆمانییەکان خەڵکێکی بەکردەوە و پراگماتیک بوون، تەنانەت ژیانی خۆیان لەسەر بنەمای مۆڕاڵ و نەریتی باب و باپیرانیان بینا دەکرد .
دیسیپلینی سیاسی حکومەت لەڕاستای هاوکاری نێوان ئەنجومەنی پیران و بەرپرسانی شار و پەرلەمان پەیڕەو دەکرا، بەپێیی سیستمی ئینتقالی هەموو ساڵێک بەرپرسانی شار دەگۆڕدران، کونسۆڵ باڵاترین بەرپرسی شار بوو کە هەموو ساڵێک دوو کەسی بۆ دادەنرا، سیسرۆ١٣ لایەنگری دیموکراسی نەبوو، چونکە بەشداریی خەڵکی لەحکومەتدا بە شتێکی رواڵەتی دەزانی، واتە ئەو رۆڵەی کە سیستمی کۆماری رۆما لە ئاست سیستمی دیموکراسی ئەسینا و بونیادنانی تیۆرییە سیاسیەکاندا نواندویەتی. تاڕادەیەک گرنگی زیاتری هەیە ئەگەر بێتوو تیۆرییەکانی رۆسۆ١٤، کانت١٥ و مادیسۆن١٦ لەبەر چاو بگرین.
هەروەک ئاماژەی پێکرا سەبارەت بەوەی کە دیموکراسی لەچاو سیستمە سیاسیەکانی تردا لەئاستێکی باشتر و سەرووتردایە و کۆدەنگییەکی گشتی لەسەرە، بەڵام گەر زیاتر لێی ورد ببینەوە کەموکوڕییەکانیمان بۆ دەردەکەوێت کە لە یۆنانی کەونئاراوە تا ئەمڕۆ تێڕوانینی بەتەواوەتی جیاوازی لەسەرە، ئەمەش بۆ خۆی تاکە هۆکارێکە کە لە فەلسەفەی دیموکراسی دەکۆڵێتەوە، چونکە یەکەم ئەوەی رووبەڕووبوونەوەیەکی مێژوویی لەگەڵ هەموو ئەم تیۆری و دید و بۆچوونانە هەیە، دووەم ئەوەی بەشێوەیەکی شیکارانە کەموکورتی و گرفتەکانی ئەم تیۆری و روانگە سیاسییانە هەڵدەسەنگێنیت و لەبەرانبەر یەکتریان دادەنێت، بەمەش روانگەی مێژوویی لەسەر لایەنە فۆرمییەکانی دیموکراسی کە لە یۆنانی کەونئاراوە تا بە ئەمڕۆ بایەخی خۆیان پاراستووە نزیکمان دەکاتەوە، بەڵام حکومەتی خەڵک بەواتا راستیەقینەکەی بوونی نییە لەکاتێکدا وەک فۆرمێک کە نیشاندەری ڕەوتی گەشەسەندنی سیستمێکی دیموکراتییە و ڕۆڵێکی ئاکاری و ئەخلاقی لەدیموکراسییەتدا دەبینێت، بەردەوام گرنگی خۆی هەیە، ئەمەش رەهەندی بنچینەیی دیموکراسییە کە سیستمی دیموکراسی لە یۆنانی کۆنەوە تا ئێستا بەیەکەوە دەبەستێتەوە بەڵام لەمێژووی تیۆری فەلسەفەی سیاسیدا، ئەوەی سیستمی کۆمارییە نەک دیموکراسی کە بەسوود وەرگرتن لە سیستمی کۆنی رۆم کە سیستمێکی سیاسی تێکەڵاو بوو، شیکاری پێداگیری زیاتری لەسەر کرایەوە و ئاستێکی بەربڵاوتری بەخۆیەوە بینیوە، ئەم تیۆرییە بەراوردکارییانە کە جیایی دووجۆر حکومەتی زەمینی و ئاسمانی (خودایی) نیشاندەدا، هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ گەشەکردنی تێگەیشتنی سکۆلاریستی لە حکومەت.
سەرچاوە تیۆرییەکانی دیموکراسی، کۆماری و سیکۆلاریزم:

مارتین لۆتەر
لەپاڵ هەردوو چەمکی دیموکراسی و کۆماریدا، پرسی پێگەی دین لەحکومەتدا کە نەریتێکی لە مێژینەی هەیە لە تێروانینەکانی ئەگۆستین، لۆتەر و فۆن ئەکوایندا قووڵتر و پڕناوەرۆکترە، ئەگۆستین (١٧) لەنێوان حکومەتی زەمینی و ئاسمانی (خودایی) جیاوازی دادەنێت و پێیوایە ئەم دوو جۆرە حکومەتە هاوتەریب نین بەڵکو تێکەڵەیەکن لەیەکتر و ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی بەردەوام بەستراوەتەوە بە بوونی ئەم دوو جۆرە حکومەتەوە و یەکگرتوویی خۆیان پاراستووە.
مارتین لۆتەر بەم تێروانینەوە ئەم دوو جۆرە سیستمە کە بە سیستمێکی تێکەڵاو (خودایی- زەمینی ) ناسراوە١٨ گەشەپێ بدات، بەجۆریک کە هەردووکیان شان بەشانی یەکتر بوونیان هەیە و دەست لەکاروباری یەکتر وەرنادەن، ئەم تێگەشتنە لەراستیدا هەنگاوێکە بە ئاراستەی سکۆلاریزم بەڵام بنەمای ئەم ئەندێشەیە ئەوەیە کە حکومەت ڕێیی پێنادرێت لەکاروباری ئایینیدا دەست وەربدات، ئێشاتۆلۆجی یان حکومەتی (زەمینی- خودایی) لە جەوهەری خۆیدا خاوەن بیرۆکەی دابەشکردنی دەسەڵاتە لەدامودەزگا حکومییەکاندا، واتە جودایی نێوان دوا دەسەڵاتی کاتی زەمین.
سنووردارکردنی حاکمییەت لە فەلسەفەی ئەگوستین ئەم خاڵە سەرەکییانەی لەخۆگرتووە:
-حکومەتی زەمینی دەبێ لە دەستێوەردان لەکاروباری ئاینی خۆی بەدوور بگرێت، چونکە دەسەڵاتی زەمینی بەنزیک کەوتنەوە لەدەسەڵاتی ئاینی لاواز دەبێت.
-لەلایەکیترەوە گەشەی کەلتووری کۆمەڵگە لەژیر بەرپرساێتی حکومەتی زەمینی دەرباز دەبێت و دەکوێتە ژێر دەسەڵاتی ئاینییەوە.
-حکومەت لەم واتایەدا هاوشێوەی دیموکراسی یۆنان لە پۆلیس شارەکاندا، بەرپرسیارەتی هەموو پەیوەندییەکانی ژیان لە کۆمەڵگەدا نییە، بەڵکو چوارچێوەی کارکردی حکومەت سنووردار دەبێت. دابەشکردنی دەسەڵات لەنێوان دەسەڵاتی زەمینی و رۆحی لەروانگەی (ئەگۆستین) ەوە لە پێکهاتەیەکی ڕێکخراوەییدا، بەو واتەیە کە کڵێسە تاکە سەرچاوەی دەسەڵاتی خودایی بێت١٩وێنا ناکرێت.
لەڕوانگەی تۆماس فۆن ئەکواین٢٠ ئامانجی هەموو زیندەوەرێک گەیشتن بەژیانێکی خۆش و لەبارە، ئەکواین پێیوایە مرۆڤ وەک تاکێک، لەجەوهەردا ناتەواوە چونکە بەرداوام بۆ مانەوە یان گەشەکردن پێویستی بەکەسانیترە، بەم هۆیەوە لەکۆمەڵگەدا وزە و توانایەکی زیاتری هەیە و دەتوانێت بەشێک لەکەموکورتییەکانی دابین بکات، هەروەها خۆشگوزەرانی گشتی٢١ لەسروشتی کۆمەڵایەتی مرۆڤەکانەوە سەرچاوە دەگرێت و ئەوەش دیسیپلینی حکومەتییە، ژیانی باش و ڕەوشت بەرزی پەیوەندییەکی تۆکمەیان پێکەوە هەیە، ئاواز بەرزی لە ڕێگەی ناسینی هەقیقەتەوە دەردەکەوێت کە لەخۆگری: زانست، جیهانبینی، زانیاری و هونەرە، هەروەها ڕەوشت بەرزی واتە کردەی ئەخلاقی لەوانە: دادپەروەری، بوێری، بیرتیژی و میانڕەویی.
ئەو حکومەتەی فۆن ئەکواین باوەڕی پێیەتی و بە باشترین جۆری حکومەتی دەزانێت حکومەتێکە هەوڵدەدات بۆ بەدیهێنانی کەلتوور، ماف و خۆشگوزەرانی گشتی، فۆن ئەکواین هاوشێوەی ئەگوستین پێیوایە: حکومەتی زەمینی یان دونیایی لە حکومڕانێکی کاتییە لەحکومەتی ڕۆحی و مەعنەویی جیایە، بەڵام هاوکات لەو باوەڕەدایە بە یارمەتی بنەما فەلسەفییەکانی زانستی خواناسیی دەکرێت ئەم دوو حکومەتە لێک نزیک بکەیتەوە، ڕوانگەی حکومەتی ئەخلاقی فۆن ئەکواین لە رووی سیاسییەوە ناتەبایە لەگەڵ سیستمی فیکری تۆماس هۆبز، چونکە تۆماس هۆبز پێیوایە گەشەکردن، چڕبوونەوە و کۆنتڕۆڵی دەسەڵات لەناوەندایە، بەڵام ئەو تێڕوانینەی کە لەلایەن تۆماس هۆبزوە بۆ سیستمی حکومەتی ئەم سەردەمە تازەیە خراوەتەڕوو، پەیوەندییەکە لەنێوان حکومەت و کڵێسە، چونکە هۆبز نە بەدوای سیاسی کردنی ئایینەوەیە نە بە ئایینکردنی سیاسەت٢٢.
بۆ یەکەمینجار لەتیۆرەکەی (مارسێل پادوا)دا ٢٣ مرۆڤ دەبێتە تەوەری سەرەکی و لەناوەندا جێدەگرێت واتە هەموو تاکێک دەبێ مافی هەڵبژاردنی هەبێت و حکومەت و ئایین وەک دوو چەمکی جیا لەیەک سەیر بکرێن، لەم ڕووەوە مارسێل پادوا بۆ پێشخستنی روانگەی سیکۆلاریزم لە سیستمی دیموکراسیدا گرنگی و بایەخێکی زۆر دادەنێت و بەکارلێکەری لە فەلسەفەی ئەرسۆ لەو باوەڕەدایە کۆمەڵگە لەدەرئەنجامی هەوڵی مرۆڤ بۆ مانەوەی خۆی هاتۆتە ئاراوە، چونکە وا دەبینێت مرۆڤ بەردەوام بەدوای بنج و بناوانی خۆی، واتە کۆمەڵگەدا دەگەڕێت، هەر بەو هۆیەشەوەیە بە بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی دێتە ئەژمار، ئەو پێیوایە ئایین نابێ تێکەڵی سیاسەت بکرێت بەڵکو ئەرکی ئایین ئەوەیە بۆ دابینکردنی ئاشتی و تەبایی خەڵک تێبکۆشێت، دەستنیشانکردنی جۆری حکومەت دەبێ تەنیا لەڕێگەی خەڵکەوە و لەبازنەی دەسەڵاتی هاووڵاتیانەوە بێت٢٤. بەپێیی فەلسەفەی پیکۆ٢٥ خواوەند سروشتی هەموو گیانلەبەرانی دیاریکردووە و لەنیوانیاندا تەنیا مرۆڤ دەتوانێت بەئازادانە چارەنووسی خۆی دیاری بکات. فلۆرنز لەسەدەی پانزەیەمدا سەرچاوەی بزوتنەوەیەکی هۆمانیستی بوو کە لە مرۆڤ وەک تاک تێدەگەیشت، بەمەش زۆرێک لەبیرمەندان لەوانە کەسێکی وەک پیکۆ بەنوێنەری ئەو بزوتنەوەیە دێتە ئەژمار ، پیکۆ پێیوابوو ئازادی بریتییە لە کەرامەتی مرۆڤایەتی و بوونی ئازادی پەیوەستە بە بوونی سەربەخۆیی و تاکایەتی مرۆڤەوە، واتە لەروانگەی پیکۆدا پەیوەندی نێوان ئازادی و کەرامەت نموونەیەکی دیارە و ئەگەر مرۆڤ بیەوێت لەو ئیمکانیاتەی کە لەبەردەستیەتی بۆ گەشەدان بە کەسایەتی خۆی سوود وەربگرێت، دەبێ بڕێک ئیمکانیاتی کۆمەڵایەتیش لەبەر دەستیدا بێت کە بەهۆیەوە بتوانێ ئازادی و کەرامەتی تاکەکان دابین بکات٢٦. بەلای تۆماس هۆبزەوە دابینکردنی ئاشتی لەکۆمەڵگەدا لەئازادی و دەربرینی بیروڕا گرنگترە، لە ڕوانگەی فیکرییەوە هۆبز نوێنەری دەسەڵاتی رەهایە، بەجۆرێک کە پیێوایە دەسەڵاتی حکومڕان نەدابەش دەکرێت و نە لەلایەن خەڵکەوە دەگۆڕدرێت، ئەو پێیوایە هەرچەندە حکومەت لاوازتر بێت بوار بۆ دەسەڵاتێکی ئانارشی زیاتر دەڕەخسێت، بۆیە لەو باوەڕەدایە تەنیا لەڕێگەی حکومەتەوە ئاشتی دابین دەکرێت. بەم هۆیەوە ئەمجۆرە حکومەتە خەسڵەتێکی خودایی هاوچەشنی لیڤایەتان هەیە، هۆبز شیکاری جۆری پەیوەندی و وابەستەیی نێوان تاکەکانە نەک شیکاری دەسەڵاتی حاکم یان سیاسی، شیکاری دەسەڵاتی تەوەرێکە کە لەلایەن (جۆن لۆک)ەوە خراواتە بەرباس، هەروەها تۆماس هۆبز لە گەشەدان بە ئەندێشەی دیموکراسی لەچەند روویەکەوە گرنگی تایبەت بەخۆی هەیە. بەڕای هۆبز تاک لە کۆمەڵگەدا پێش هەموو شتێک پێویستی بە حکومەتێکی بەهێزە، چونکە بەبێ حکومەتێکی ناوەندی بەهێز، تاک لەکۆمەڵگەدا لەئازادی عەینی و کردەیی بێبەش دەبێت، لەروانگەی هۆبزەوە مرۆڤەکان لەسەرەتادا نەک بەهۆی دیاردە سروشتییەکانەوە بەڵکو بەهۆی چۆنێتی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ یەکتردا پەیوەندییەکانیان دیاری دەکرێت، بەم هۆیەشەوە بەردەوام بە بەراوردکردنی خۆی لەگەڵ کەسانیتردا بیر لەوە دەکاتەوە چۆن رەزامەندی خەڵک دەستەبەر بکات، بۆیە بڕوای وایە یەکسانی مرۆڤەکان تەنیا لەڕێگەی توانای هەڕەشەکردن و ترساندنی تاکەکانەوە بەدی دێت. چونکە مەبەست لەکاردانەوەکانیان نەتەنیا هەوڵدانە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و ئاسایش بەڵکو دەرنجامی بێ متمانەییە، بە بۆچونێکی تر ململانێ لەپێناوی دەسەڵات، بێمتمانەیی ٢٧و ناوبانگدەرکردن٢٨ سێ هۆکاری سەرەکیین بۆ هێنانەئارای شەڕ و ململانێی نێوان تاکەکان. لەیەکەمین رووبەڕووبوونەوەدا دەکرێ جیاوازی دابنێین لەنێوان دوو گروپی لایەنگری دیموکراسیدا، واتە تاقمێک کە ئازادی تاکەکان بە گرنگترین بنەمای دیموکراسی دادەنێن، هەروەها ئەو کەسانەی کە یەکسانی و بەرانبەری هەموو هاووڵاتیان لەبڕیارە سیاسییەکاندا بە خاڵی سەرەکی دیموکراسی دادەنێن. بەبۆچوونێکی تر دەکرێ تیۆرییەکانی دیموکراسی بەدوو دەستەی گەورە دابەش بکەین واتە: تیۆرییە فۆرمی و کارکردییەکان. لەنێوان ئەم تیۆرییە نۆرمی و کارکردییانەشدا دەکرێ حەوت واتای جۆراوجۆر لەدیموکراسی لێک جیاکەینەوە لەوانە: چەمکی کۆماریخوازانەی دیموکراسی، لیبراڵ، دیموکراسی نوخبەی دیموکراسی، دیموکراسی لە روانگەی تیۆریی زانستییەوە، روانگەی ئیکۆنۆمی دیموکراسی، دیموکراسی لە دووتوێی دیالۆگ و تێروانینی ئیپیستمۆلۆجیانەدا،

ڕوانگەی کۆماریی، دیموکراسی
کانت

لە دیموکراسی شێوە کۆمارییدا بەشداری خەڵک و بەرژەوەندی پارتە باڵادەسەڵاتەکان ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت، لەڕوانگەی (کانت) دا دیموکراسی بەناچاری خەسڵەتی دیکتاتۆری بەخۆیەوە دەگرێت، بەم هۆیەوە ناوبراو لایەنگیری سیستمێکی کۆماری مۆدێرنە کە تیایدا دەسەڵاتی جێبەجیکردن و یاسادانان واتە دەوڵەت و پەرلەمان لەیەکتر جیا بن، لەم سیستمەدا تا چەند ژمارەی دەسەڵاتداران کەمتر بێت سیما و خەسڵەتەکانی کۆماری زیاتر دەردەکەوێت، تەنانەت ئەگەر سیستمێکی پاشایەتی ئەم دوو دەسەڵاتە لێک جیابکاتەوە و گرەنتی بکات ئەوا خەسڵەتی کۆماریخوازانە لەخۆ دەگرێت، لەم سیستمەدا دەبێ مافی جیهانی گەلان لەسەر بنەمای فیدیالیزمی جیهانی بێت، واتە زیاتر لە سیستمی دڵخوازی تۆماس هۆبز خەڵک و دەسەڵات وەک تاک سەیر دەکرێت٢٩ کانت لەبەرهەمە بە ناوبانگەکەیدا واتە (ئاشتی ئەبەدی) لەنێوان شێوازی دەسەڵاتداری و شێوازی حکومەت٣٠ جیاوازی دادەنێت چونکە پێیوایە شێوازی دەسەڵات٣١ بەرسیڤی ئەم پرسەیە کە ئاخۆ چەند کەس دەسەڵاتیان لەدەستدایە و باڵادەستن، چونکە بەپێیی ژمارەی دەسەڵاتداران دەتوانی لەنێوان سیستمی ئۆتۆکراسی٣٢، ئەریستۆکراسی و دیموکراسی جیاوازی دابینێت. لە ئۆتۆکراسیدا تەنیا یەک کەس حکومڕانی دەکات لە کاتێکدا لە سیستمی ئەریستۆکراسیدا تاقمێک و لەدیموکراسیشدا ژمارەیەکی زۆری خەڵک لە حوکمرانیدا بەشدارن.
هەروەها شێوازی حکومڕانی وەڵامدەرەوەی ئەم پرسە کە ئاخۆ حکومەت دامودەزگەکانی خۆی بە شێوەی زۆرەملێ بەڕێوە دەبات یان بەشێوازی کۆماری، لە سیستمی کۆمارییدا بە پێچەوانەی دیکتاتۆریەت، دەسەڵاتی جێبەجێکردنی و یاسادانان لێکجیان و دەسەڵات لەسەر بنەمای ئیرادەی گشتی پراکتیزە دەکرێت. کانت بەش بەحاڵی خۆی لایەنگری سیستمێکە کە ژمارەیەکی کەم لەسەر بنەمای سیستمی کۆماری حکومڕانی بکەن، لەژێر کاریگەری ئەندێشەی کانتدا، تەنانەت یەکێک لە بونیاتنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (جیمز مادیسۆن) لەبەڵگەی تایبەت بە فیدرالی دا، لەباتی بەکاربردنی دەستەواژەی دیموکراسی، وشەی کۆماری بەکاربردووە، هەربۆیە لەنێوان ساڵانی ١٧٧٦،١٧٨٣ دا پتر لە ١٣ کلۆنی ئەمریکای خوازیاری سەربەخۆیی و جیابوونەوە بوون لەبەریتانیا، نووسەرانی ئەم بەڵگەیە بریتی بوون لە ئەلکساندر هامیلتۆن، جیمز مدیسۆن و جۆن جی، پسپۆڕایەتی هامیلتۆن زیاتر لە بواری ئابووری سیاسی بوو لە کاتێکدا مادیسۆن لە بواری تیۆریی دیموکراسیدا شارەزایی هەبوو٣٣. وەک چۆن دەبینیت نەتەنیا پلاتۆ و ئەرستۆ بەڵکو زۆرێک لە زانایانی تر بەگومانەوە لەدیموکراسی دەنوڕن، نموونەیەکی تری ئەمجۆرە تیڕوانینە (تۆکڤێل)ە، لەروانگەی تۆکڤێڵ٣٤ دیموکراسی دیکتاتۆریەتی زۆرینەیە، بەم هۆیەوە تۆکڤێڵ عاشقی ئازادی، ڕەوایی و رێزدانان لەیاسایە نەک دیموکراسی، ئازادی بەر لەهەموو شتێک بۆ تۆکڤێل ئازادی سیاسییە و مەبەست لێیی بەشداریکردنی ئازادانەیە لە پرۆسەی دروستبونی کۆمەڵگە، ئەو پێیوایە دادپەروەری وەک بنەمایەکی ڕەها بەبێ لەبەر چاوگرتنی یاساکان بێبایەخە، چونکە بۆ خەڵک ئازادی گرنگە بەڵام دادپەروەری گرنگییەکی زیاتری لەخۆ گرتووە، لەلایەکیترەوە چڕ بوونەوەی پتر لەڕادەی دەسەڵات بۆی هەیە کۆمەڵگە بەرەو ناڕازیبوون و دواجار تەقینەوە و هەڵگیرساندنی شۆڕش بەرێت٣٥. لەروانگەی رۆسۆوە سیستمی کۆماری دڵخواز دوو تایبەتمەندی لەخۆ گرتووە: دەسەڵاتی جەماوەری٣٦ و ئیرادەی گشتی ٣٧: ئیرادەی گشتی لەبەرانبەر ئیرادەی رەهای خودایی لەوەوە جیاوازە کە لەنێوان باش و خراپی ئازادیدا ئیرادەی هەڵبژاردنت هەیە و لە بڕیار وەرگرتندا ناچار ناکرێیت بەڵام بەشێوەی گشتی هەوڵی کۆمەڵگە بۆ ئەوەیە کە لایەنی چاکە دەستبەر بکات. تیۆری رۆسۆ تیۆرییەکی گرێبەستییە کە تێیدا مەرجە سروشتییەکان، سەرچاوەیەکن بۆ بەستنی گرێبەست، جیاوازی نێوان تیۆریی رۆسۆ و هۆبز لەوەدایە کە بەلای رۆسۆوە حاکمییەت لەخەڵکەوەیە بۆ خەڵک، لەکاتێکدا حکومەت لە روانگەی هۆبزەوە هیچ گرێبەستێک ناکات بەڵکو حاکم کەسێکی بەهێزە کە دەسەڵاتی رەهای هەیە و کۆمەڵگە کۆت و بەند دەکات، لەکاتیکدا تایبەتمەندی مرۆڤ لەم سیستمەدا، ئازادی و بارانبەری هەموو ئەندامەکانیەتی و نابەرانبەری دەتوانێت تەنیا لەنێو دامودەزگا کۆمەڵایەتییەکاندا بوونی هەبێت، دەکرێ تیۆری کۆمەڵایەتی رۆسۆ بەمشێوەیە کورت بکەینەوە: دەسەڵاتی سیاسی وەک باقی ئەندامەکانی مرۆڤ، بەشێکی دانەبڕاو لەکۆی ئەندامەکانی مرۆڤە کە دەبێ ڕۆڵێکی ڕێنوێنیکەری هەبێت بۆ هەموو ئەندامەکانیتر، رۆسۆ باوەڕی بە هاووڵاتییەکی ڕەوشت بەرزە واتە هاووڵاتییەک کە فەزیلەتی ئەخلاقی هەبێت بەم هۆیەشەوە بە پێچەوانەی تۆماس هۆبز و جۆن لۆک خوازیاری گۆڕینی سروشتی مرۆڤە بۆ گەیشتن بە فەزیلەتی ئەخلاقی، ئەمجۆرە هاووڵاتییەش کە رۆسۆ ئاماژەی پێدەدا پێویستی بە نوێنەر یان حزب نییە و دەتوانێ بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە پرۆسەی دیموکراتیدا بەشدار بێت٣٨ بەشیوەیەکی گشتی دەکرێ بەوجۆرەش بێت کە رۆسۆ باوەڕی پێیەتی، بەڵام چەمکی هەنوکەیی دیموکراسی کە لەسەر بنەمای ئیرادەی گشتی و حکومەت بونیادنراوە دەتوانێت لەگەڵ روانگەی کۆماریخوازانەی کانت رۆسۆدا یەکبگرێتەوە و لەژێر یەک ئاڵادا کۆیان بکەیتەوە.


سەرچاوە: گۆڤاری کەلتور- ژمارە (٩) ساڵی چوارەم

 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved